A+    A-
(862) جار خوێندراوەتەوە

«بێگانە»كان لەكوێن؟

 

وەلید عومەر

 



بێگانە(Alien) فیلمێكی زانستی-خەیاڵیی ترسناكە و ساڵی 1979 لەلایەن "ڕایدڵی سكۆت"ەوە دەرهێنراوە. بەشی دووەم و سێیەم لە ساڵەكانی 2012 و 2017دا بەرهەمدەهێنرێت و هەم چیرۆكێكی پەیوەندیداریان پێكەوە هەیە و هەم دەتوانن سەربەخۆش بن(ساڵی 1984 بەشێكی تری لەلایەن دەرهێنەرێكی ترەوە بەرهەمدەهێنرێت). گەرچی زۆریان لەسەر نوسراوە بەڵام ڕەنگە بۆ فیكر، نوسخە كلاسیكی و یەكەمینەكە جێی سەرنجی زیاتر بێت. لە بێگانە(1979)دا: كەشتییەكی ئاسمانیی بازرگانی كە حەوت كەشتیەوانی هەڵگرتووە، لە گەشتێكی ئاسمانییدا بەرەو زەوی دەگەڕێتەوە. لەسەر ڕێگەكەیدا و لە هەسارەیەكی ترەوە پەیامێكی بۆ دێت و وا لێكدەدرێتەوە داوای یارمەتی دەكەن. بەڵام لە گەرمەی ڕۆشتنیاندا بۆ یارمەتیدان، تووشی پاشماوەكانی كەشتییەكی كۆن و كلۆنی جۆرە گیانەوەرێكی نەناسراو دەبن. سیانیان بۆ پشكنین لە كەشتییەكە دادەبەزن، ئەویش بە سەرپەرشتیی كەین. پاشماوەی گیانەوەرەكان لە هێلكەی زلی ڕەقهەڵاتوو دەچن كە پاش پشكنین، دەكەونە جووڵە و بێگانەیەكیان لێوە دێتەدەر و لە دەموچاوی (كەین) دەئاڵێت و لەگەڵیدا دێتە ناو كەشتییەكەكەی خۆیانەوە. سەرەنجام كۆمپیوتەری كەشتییە فەزاییەكە كۆدەكانی پەیامەكەی پێشوو دەپشكنێت و تێدەگات پەیامەكە زەنگی مەترسی بووە نەك داوای یارمەتی. لەم خەلەلەشدا یەكیان كەمتەرخەم بووە بەناوی (ئاش) كە دواتر دەردەكەوێت ڕۆبۆت بووە نەك مرۆڤ و لەلایەن ژنی ناو كەشتییەكەوە تێكدەشكێنرێت كە ناوی (ڕیپلی)یە. لە ململانێیەكی سەختدا، هەموویان یەكەیەكە دەكوژرێن جگە لە ڕیپلی كە سەرەنجام دەربازی دەبێت: پرسیارە فیكرییەكە ئەوەیە كە "بێگانە" دەتوانێت میتافۆر بێت بۆ چی شتێك؟

دەوترێت كۆتایی حەفتاكان، نەخۆشیی ئایدز جۆرێك بووە لە بێگانە و بیمارییەكی نەناسراو. بۆیە ئەودەم بێگانەی ناو فیلمەكە وەك میتافۆرێك سەیركراوە بۆ ئایدز كە دەكرێت كتوپڕ پەلاماری مرۆڤەكان بدات و لەناویان ببات. فیلمەكە هەوڵێكە بۆ "ئاشنابوون", بەڵام بە "بێگانەبوون" كۆتاییدێت. واتە مرۆڤ بەدوای ژیانی تر لە هەسارەكانی تردا دەگەڕێت و لەوێشەوە بەدوای خالقێكدا دەگەڕێت(كە لە فیلمی دووەمی بێگانەدا تەرحدەكرێت). لە ئاستە گشتییە ئایدۆلۆژییەكەدا، ئەم ژانرە فیلمانە بۆ دەرچوون و خۆدزینەوەن لە كێشەكانی زەوی. واتە ناكۆكی و ئەنتاگۆنیزمەكانی زەوی دەبەنە دەرەوەی زەوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بێگانەكان. چی دەبێت ئەگەر بێگانەكان پێشوەخت لەسەر زەوی بن؟ ڕەنگە بۆ بینەرێكی چەپ واباشتر بێت، بێگانەكان ماتریاڵیستی و زەمینی بكاتەوە: بێگانە لە پرسێكی باڵاوە بكاتەوە بە پرسێكی ناونشین و زەمینی. بەم پێیە، بێگانەكان هەر لەناو مرۆڤەكاندان، تەنانەت دەتوانین لەوە زیاتر بڕۆین و بڵێین بێگانەكان هەر خۆمانین. هەریەكەمان دەتوانین ببینە بێگانەیەكی ترسناك بۆ ئەویتر. ئیتر لە ئاستی دەروونییدا بێت یان كۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی و هتد.

بێگانە شتێكی نەگیراو و بێ زمانە و لە هەناوی پانتایی كۆمەڵایەتییدا نوستووە. واتە پێویستناكات بێگانەكان فڕێبدەینە دەرەوەی زەوییەوە و لەوێدا بۆی بگەڕێین، بەڵكو بێگانەكان نزیكترین بوونەوەرن لێمانەوە. هەر ڕووبەرێكی مرۆیی، ئەگەری بێگانەبوونیشی تیایە. لە فیلمەكەشدا بێگانەكە لەكاتی نانخواردندا، لە سنگی (كەین)ەوە دێتەدەرێ و سینەی هەڵدەدرێت. بێگانە، عادەتەن زمانی گفتوگۆی نیە و تەمومژاوییە. كاتێكیش بێگانەكە وەك تەنێكی نامۆ دێتە ناو كەشتییەكەوە، كچەكە بەگریانەوە دەڵێت: دەبێت ڕوونكردنەوەیەك هەبێت و بزانین ئەمە چیە تووشمان بووە. بەڵام پارادۆكسەكە لەوێدایە، كە بێگانە ڕوونكردنەوە هەڵناگرێت. هەر خودی گریانەكە، وەڵامی پرسیارەكە خۆیەتی. گریانەكە گوزارشتە لەوەی شتێك هەیە و بە ئەرگۆمێنتی باو ڕووننابێتەوە. گەر لە هەڵبژاردنەكانی ئێستادا نمونەیەك بۆ بێگانە بێنینەوە، بەرهەم ساڵەحە. لە سایكۆلۆژیای یەكێتی دا، بەرهەم ساڵەح ئەو بێگانە "ئەحمەقە"یە كە لە هەناوی خۆیەوە دەرچووە و بووە بە گرفتێكی تەمومژاوی بۆی. شتەكە پەیوەندیی بەوەوە نیە كە بەرهەم ساڵەح چ دەلیل و ئەرگۆمێنتێكی هەیە بۆ مەسەلەكە، تەنانەت تاكو دەلیل بێنێتەوە زیاتر وەك بێگانە دەردەكەوێت. ئەمەش هاوشێوەی بەرهەمی ئەو كرێكارەیە كە كاڵایەكی زۆر جوانی بەرهەمهێناوە و ڕۆژێك بە لای كاڵاكەدا دەڕوات و تا كاڵاكە جوانتر بێت ئەو نامۆتر دەبیت. یان وەك لیۆناردیۆ دیكاپریۆ(جاك) لە فیلمی تایتانیكدا، كە بێگانەیە بە چینە باڵادەستەكانی ناو كەشتییەكە؛ جاك وەك كوڕە هەژارێك تا زیرەكتر و سەرنجڕاكێشتر دەردەكەوێت ئەوا بیگانەترە بۆ دەوڵەمەندانی ناو كەشتییەكە. یان نمونەیەكی ڕۆژانەیی و كۆمیدی بریتییە لەو فۆڵدەرە نهێنییانەی كە خەڵك لەناو كۆمپیوتەر و مۆبایلەكانیاندا هەڵیدەگرن و تا گرنگتربێت ترسناكترە و ئەگەری بێگانەبوونی زیاتری هەڵگرتووە. بە دەربڕینێكی تر، بێگانە پێشوەخت لە هەناوی خۆماندایە: نهێنی كە ناوەكییترین پرسی شەخسییە، دەكرێت لە ئانوساتێكدا وەك بێگانەیەك هەڵگەڕێتەوە و یەكانگیریی مرۆڤ بشێوێنێت.