A+    A-
(1,794) جار خوێندراوەتەوە

فەرھەنگى نێگەتیڤ:

 

یۆتۆپیا و دیستۆپیا(Utopia and Dystopia)

10

 

وەرگێڕانى: بۆتان بەختیار

 

 

هەردوو چەمکی یۆتۆپیا و دیستۆپیا گوزارشتن لە دوو کۆمەڵگای خەیاڵی کە یان حوکمێکی پێرفێکت و باشی هەیە، کە یاسا سەروەرە و خۆشی بۆ هەموان فەراهەمدەکات(یۆتۆپیا) یان کۆمەڵگایەکەی سەرکوتکراو کە لەلایەن دەوڵەتێکی چەپێنەر و سەرکوتکەرەوە حوکم دەکرێن(دیستۆپیا). [یۆتۆپیا ئاماژەیە بۆ سیستەمێکى نمونەیى و کۆمەڵگایەکى ئایدیاڵ کە بەهاکانى ناوى تێکڕا ئەرێنیین, بەڵام دیستۆپیا ئەو سیستەمەیە کە بەهاکانى ناوى نەرێنین و جۆرێکە لە وێرانەشار. لە ئاستى میتافۆردا یەکەمیان بیرخەرەوەى بەهەشتە و لە دووەمیشیاندا بیرخەرەوەى دۆزەخ- هەڵبەت هەردووکیان پتر وەک میتافۆر].

 بنەڕەتی ئەم چەمکانە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٨٠ـى پێش زاینى، کاتێک فەیلەسوفی یۆنانی ئەفلاتون دیالۆگە کاریگەرەکەی خۆی(کۆمار)ی بڵاوکردەوە. لە کۆمار-دا، سەرەتا ئەفڵاتوون بابەت و کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگایەکیی یۆتۆپی و دیدگای خۆی بۆ دەوڵەتشاری یۆنانیی کامڵ کە ژیانێکی ساقامگیر بۆ هەموو هاوڵاتییان دابین دەکات، باسدەکات. یۆتۆپیای دونیای مۆدێرن لە سەرەتاکانی سەدەی ١٦ لەدایکبوو، ئەویش لە ئیشەکانی فەیلەسوفی بەناوبانگى ئینگڵیز، تۆماس مۆر-دا. شیکاری و باسەکانی مۆر لەسەر کۆمەڵگای یۆتۆپی، شەپۆلێکی گەورەی لە بیرکردنەوەی یۆتۆپی درووستکرد کە کاریگەریی لەسەر ژیان و کاری چەندین فەیلەسوف و ڕۆماننووسی دوای خۆی هەبوو و یارمەتیی خولقاندنی چەند بزووتنەوەیەکی سیاسی دا( بە تایبەت سۆسیالیزم). ئەو یۆتۆپیایانەی کە لەلایەن ئەو نووسەرانەوە پێشبینی کرابوون، بەگشتی بۆ چەند کاتیگۆرییەکی جیاواز دابەشدەبن، یۆتۆپیای ئیکۆلۆژی، ئابوری، سیاسی، ئایینی، فێمینیستی و یۆتۆپیای زانستی و تەکنەلۆژی. سەدەی ١٩ گەورەترین شەپۆلی یۆتۆپیی درووستکرد کە پێشتر جیهان شتی بەو جۆرەی بەخۆوە نەدیبوو. زۆر ڕۆماننووس و فەیلەسوف دواتر تیشکی کارەکانیان خستە سەر ئەم بابەتانە و ئەنجامی ئیشەکەیان کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان دانا. دیارترین ڕۆمانی یۆتۆپی ئەو کاتە بە دڵنیاییەوە ڕۆمانی looking backward ی ئێدوارد بێلامی-یە. هەموو نموونە و فیکرە یۆتۆپییەکان تیۆریزە نەکران. هەندێک کەس هەوڵیاندا ئەو خەونانەی فەیلەسوفان هەیانبووە بگۆڕنە سەر واقیع و بیکەنە ڕاستی، لەمەوە چاخی کۆمەڵگای یۆتۆپی دەستی پێکرد. لە سەدەی ١٩ لە ئەمریکا، زیاد لە دەرزەنێک کۆمەڵگای یۆتۆپی درووستکران، و کەمێکیان توانیویانە تا ئەمڕۆ بەردەوام بن.

بە دریژایی ٢٠٠٠ ساڵ زۆر فەیلەسوف وێنای ئەو کۆمەڵگایانەیان کردووە کە سیستەمێکی باش و پێرفێکت بەڕێوەیان دەبات و ژیانێکی خۆش و درێژ بۆ خەڵک دابیندەکەن. ئەم وێناکردنانە کاریگەرییان لەسەر درووستبوونی زۆر بزووتنەوە درووستکرد کە کاریگەرییان لەسەر مێژووی هاوچەرخ هەیە.

نوسەرانی ناوەڕاستی سەدەی ٢٠ یەکەم کەس بوون بۆ پێشبینیکردنی کۆمەڵگایەکی وێرانەشار و سەرکوتکراو. ئەم تێڕوانینە تاریک و ڕەشانە بوونە هۆی لێکۆڵینەوەی گەورە لە چەمکەکانی وەک تاکگەرایی، ئازادی، جیاکاریی چینایەتی، چەپاندن، ئاین و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو. ئەدەبیاتی ئەمڕۆ زۆر دید و تێڕوانینیان بۆ ئێمە لەسەر کۆمەڵگای یۆتۆپی درووستکرد، بەڵام بنەڕەتی ئەم خەیاڵە یۆتۆپیانە دەگەڕێتەوە بۆ کارە باشەکەی تۆماس مۆر لە سالی ١٥١٦. لەمەوە تێدەگەین ئەم کارانە چەند کاریگەرییان لەسەر ئەدەبیات و فیلمی مۆدێرن هەیە.

لە ژینگەی مۆدێرندا، ئەو کارە خەیاڵییانەی تیشکیان خستوەتە سەر داهاتوویەکی دیستۆپی، زۆرن و بەربڵاون. ئەم دید و تێروانینانە بۆ داهاتوو بوونەهۆی بەرهەمهینانی بەناوبانگترین ڕۆمانەکان. فیلمەکان، کارە کۆمیدییەکان و موزیکەکان.

کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ بیرکردنەوەی دیستۆپیی لەگەڵ خۆی هێنا. زۆر فەیلەسوف و نوسەر وێنای ئەو تاریکییەی داهاتوویان کرد کە دەوڵەتمەدارە تۆتالیتارەکان حوکمی خەڵکی دەکەن. کارەکانیان لە زۆر بابەتی کۆمەڵگای دیستۆپیدا خۆیان دەبیننەوە. سیستەمی کۆنترۆڵی سەرکوتکەری کۆمەڵایەتی، دەسەڵاتی زۆرەملێ، کاریگەریی تەکنۆلۆژیا لەسەر مێشکی مرۆڤ، تاکگەرایی، ئازادیی ژیان و دەربڕین، سنوردارێتیی و چاودێری، چەپاندنی سێکسی، جیاکاری چینەکان، ژیانی دەستکرد و کارلێکی مرۆڤ لەگەڵ سرووشتدا.

سەرەتاییترین و کاریگەرترین کارە یۆتۆپییە خەیاڵییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئێچ جی وێڵس، ئاڵدۆس هەکسلی و جۆرج ئۆروێڵ. نوسینی ئەم نوسەرانە ڕێگەیان بۆ زۆر نوسەری تر کردەوە. لەپاڵ ئەدەبیاتدا، بابەتە دیستۆپییەکان لە چەند ڕووبەر و میدیۆمێکی تردا خۆیان دەدۆزنەوە، وەک کتێبی بابەتی کۆمیک، موزیک، یارییە ڤیدیۆییەکان، دراماکان و فیلمەکان.

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

http://www.utopiaanddystopia.com/