A+    A-
(1,471) جار خوێندراوەتەوە

لە پزیشکیى فەزیلەتمەندانەوە بۆ پزیشکیى بازرگانى

 

 

 

وریا ئەحمەد

 

 

 

 

مایکڵ ئەنجیلۆ، وێنەکێش و پەیکارتاشی ناوداری ڕۆژگاری ڕێنیسانس، دەربارەی پەیکارتاش و پەیکەرتاشین دێژێت: پەیکەرتاشیی ڕاستین ئەو کەسەیە لەھەر تاشە بەردێکی سرووشتیدا، پەیکەرێکی گریمانەیی ببینێت. لە زنجیرە فیلمی کۆمیدیی (لەپەراوێز)دا کە میھرانی مودیری کاری دەرھێنانی بۆ کردووە و بابەتی فیلمەکە بۆ وێرانەیی کەرتی تەندرووستی و زاڵبوونی ڕەھەندی بازرگانی و تایبەتمەندیی مافیاگەری بەسەر کایەی تەندرووستیدا تەرخانکراوە، یەکێک لەکارەکتەرەکانی دراماکە، ئەم وتەیەی مایکل ئەنجیلۆ بەم جۆرە دەردەبڕێت: پزیشکی ڕاستین ئەو پزیشکەیە بتوانێت لەھەر مرۆڤێکی لەشساغدا نەخۆشێکی گریمانەیی گەر بەزۆریش بووە ببینێت! بە واتا بزنسییە-مۆدێرنە-قازانجگەراییەکەی، چیتر زانستی پزیشکی بەتەنھا سەروکاری لەگەڵ مرۆڤی نەخۆشدا نیە، بەڵکو بۆ پزیشکیی مۆدێرن کۆی مرۆڤایەتی دەشێت نەخۆش و ناتەواو و ناتەندروست بن؟! ئەم تەنزە، حەکایەتی دونیای پزیشکی و کەرتی تەندرووستییە لە جیھانە مەسرەفگەراکەی ئەمڕۆدا. بەڕاست دەبێت دۆخی تەندرووستی و زانستی پزیشکی لەکۆمەڵگا مەسرەفگەرا-غەمگینەکانی دونیای پۆستمۆدێرندا چۆن بێت و لەم زەمینە ھەستیارەدا چی بگوزەرێت؟! ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم و زمانە ڕیکلامییەکەی و ھەردوو بنەمای بازاڕی ئازاد و بازرگانیی سەربەست، فەزایەکی قازانجخوازی و پڕ لەھەڵپەی وەھایان خوڵقاندووە، کە نەوەک ھەر کۆی کایەکانی تری ژیان و لەنێویشیاندا کایەی پزیشکی پێیان بۆ ناو بزنسی ملیار دۆلاری خزاوە، بگرە لەنێو ئەم فەزا جەنجاڵەی بازاڕی لیبراڵیزم دا ھەنوکە لەبری کاڵای پەتی، ئەزمونی ژیان و کواڵێتیی ژیان دەفرۆشرێتەوە. کەرتی تەندرووستی و کایەی زانستی پزیشکی بەدەست و قاچەوە پێیان خزاوەتە نێو ئەم بوارەوە و بە پاڵپشتی زانستی بایۆتەکنیک و کلینیک و نۆڕینگە جوانکارییەکان، کۆی مرۆڤایەتی و سەروبیچم و لەشولاری ھەموو مرۆڤەکان وەک نەخۆشێک مامەڵەدەکەن! بەواتایەکی ڕوونتر، ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم لەڕێگەی زمانە ڕیکلامگەرا و کاڵا تەقدیسکەرەکەیەوە تاکەکان بانگدەکات. ئەم بانگکردنە دەشێت بانگکردنێکی ئایدۆلۆژیانە بێت و ھەر تاکێک کاتێک بە واق وڕماوییەوە لەبەردەم درووشمی ڕیکلامی سەر شاشە و تابلۆ سمارتەکان بەدەم ئەم بانگھێشتەوە دەچێت، خۆبەخۆ بەمانا مارکۆزەییەکەی دەبێت بە سوبێکتێکی کڕیاری تاکڕەھەند! کەرتی تەندرووستی و زانستی پزیشکی کە تا بینەقاقا لەنێو ئەم بازاڕە مەسرەفگەرایەی دونیای ئەمڕۆدا نغرۆ بوون، بەھەمان لۆژیک ھەڵدەسوڕێن. ڕستە ڕیکلامییەکانی وەک "چیتر پێویست ناکات نیگەرانی بچوکیی چووکتان ببن" و "ددانێکی جوان، بزەیەکی جوانتر" و دەیان نمونەی ھاوشێوە، جۆرە بانگکردنێکی شێوە ئایدۆلۆژییانەیە و ئەم بانگکردنە بەتەنھا مرۆڤە ساغ و ناساغەکان وەک نەخۆش مامەڵە ناکات، بگرە دەخوازێت سوبێکتێکی نەخۆش لە دەروونی ھەر تاکێکدا بچێنێت و فۆرمێک لە ئەزموونی ژیانیان پێ بفرۆشێتەوە. "سمتی کیم کارداشیان" و "ھۆڵیود سمایڵی" تەنھا دوو کاڵای جوانکاری نین کە زانستی پزیشکی جوانکاری بە تاکەکانی بفرۆشن، بەڵکو جۆرە ئەزموونێکی ساختە و تەزویری ژیانکردنیشن کە دەشێت کوڕ و کیژە لاوەکان بیکڕن! بەکورتی کاتێک بەوردی سەرنجی ئەم درووشمەی زانستی پزیشکیی بایۆتەکنیک لەنێو کتێبی ھۆمۆدیۆسی نوح ھەراری دەدەین کە دەڵێت "مەرگ، ھەڵەیەکی تەکنیکییە!" و لەو ھەموو درووشمە ڕیکلامییانەی تری کایەی تەندرووستی ڕادەمێنین، ھەستدەکەین ئێمەی مرۆڤ خاوەنی جەستەیەکی ناڕێک و دەم و ددانێکی ناساغ و لوتێکی قێزەون و سەرێکی کەچەڵ و چووک و سمتێکی ناشرین و بچوکین و پێویستە بەلەز بین و چارەی بەدبیچمیی خۆمان بکڕین! لەوەھا نێوەندێکدا، کە ئامانجی کۆتایی بریتی بێت لە ھەڵسوڕاندنی ملیاران دۆلار و قازانجی قەبە و ساغکردنەوەی دەرمان و کاڵای پزیشکی کۆمپانیاکانی دەرمانسازی، چیتر ئێمە پزیشکی پڕ لەحیکمەت و ژیری وەک بوعەلی سینا یان بوقرات یاخۆ زەکەریای ڕازی یان ئیبن مەیمون نابینین. بەڵکو توێژێک لە پزیشک دەبینین کە ھێندەی وەک فرۆشیارێک دەجوڵێنەوە و ھێندەی بیریان لای ساغکردنەوەی کاڵا پزیشکییەکانە، ھێندە نەخۆش وەک مرۆڤێک کە پێویستە حورمەتی ڕابگیرێت نابینن. وەک یۆڤاڵ نوح ھەراری و ماکس تیمارگ لەھەردوو کتێبی (ھۆمۆدیۆس) و (ژیانی سفر و پۆینت سێ) باسی دەکەن، ماھیەتی بازاڕگەراییانە و قازانخوازییانەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری دەرمانسازی و سرووشتی بازاڕی ئازاد و بزنسی ملیار دۆلاری دەرمان و میکانیزمەکانی خودی لیبراڵیزم، واقعییەتێکی لەم شێوەیەیان بەبار ھێناوە کە بشێت تێیدا ھەر جۆرە پەتا یان ئەنفلۆنزا یاخۆ نەخۆشییەک بۆ ھەل و دەرفەتێکی بازرگانیی پڕ لە قازانج بگۆڕدرێت. وەک ئەم دووانە ئاماژەی پێدەکەن، ئەوی دەم ڤایرۆسی ئیبۆلا لەساڵی ٢٠١٤دا لەکیشوەری ئەفریقا تەشەنەی سەند، جووڵەیەکی ملیاردۆلاری کەوتە بازاڕەکانی بۆرسە لە نیویۆرک و چەند کۆمپانیایەکی تایبەتی بواری دەرمانسازی نرخی پشکەکانیان فڕی. یۆڤاڵ نوح ھەراری، نمونەی ئۆلگۆریتمی ڤیتاڵ لەبازاڕی بۆرسەی ھۆنگ کۆنگ دەھێنێتەوە. ئۆلگۆریتمی ڤیتاڵ بیست و چوار کاژمێر و بێ وچان چاودێری جووڵەی کۆمپانیاکانی دەرمانسازی و بزنسی دەرمان و ڕووداوە تەندرووستییەکان دەکات. ئەم چاودێرییەش لەڕێگەی گۆگڵ و سایتە ھەواڵییەکانەوە مەیسەر دەبێت. ئۆلگۆریتمی ڤیتاڵ ھەر بە گریمانەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک یان درمێک یاخۆ نەخۆشیەکی پێست یان ھەر جۆرە گرفتێکی تەندرووستیی دیکە بزانێت، دەمودەست پەرچەکردار دەنوێنێت و پەیوەندیی ئابوری و پشک‌کڕین لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمانسازییدا ڕێکدەخات و جووڵەیەکی بازرگانی دەقەومێنێت! ئەمە ئەو دونیایەیە کە ئێمە تێیدا دەژین. بۆیە سلاڤۆی ژیژەک زانستی پزیشکیی بایۆتەکنیک وەک قەیرانێک دێنێتە ھەژمار و نوح ھەراریش ئەم زانستە وەک زانستێکی دەستدرێژیکار بۆسەر ماھیەتی مرۆڤ لەقەڵەمدەدات! ھەنوکە بایۆتەکنیک گوڵی سەر سەبەتەی زانستی پزیشکیی مۆدێڕن و کەرتی تەندرووستییە لەجیھاندا. حزووری ئەم زانستە لەناو شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا، نەوەک ھەر مرۆڤ وەک بابەتێکی تاقیگەیی دەخزێنێتە کونجێکەوە، بەڵکو وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو وایە. لەبنەڕەتدا وە نەبێت ئەم دۆخەی کە ھەنوکە زانستی پزیشکی و کەرتی تەندرووستی تێیدان، نائاگاییانە بەبار ھاتبێت. ئەم دۆخە بەرئەنجامی پەرەسەندنێکی ئاگامەندانەی شارستانیەتی مۆدێرنە. دەستکەوتە بێوێنەکانی مۆدێرنە لەکایەی پزیشکیدا، ئەو دەرفەتەی بەدەوڵەت-نەتەوە مۆدێرنەکان بەخشی لەمیانەی پلان و بەرنامەی ستراتیژیدا و بۆ خوڵقاندنی تاکێکی تەندرووست و بەھێز تا بتوانێت لەپێناو نەتەوەی باڵادەستدا بجەنگێت و لەکایەی ئابوری نەتەوەییدا کاربکات و باج و زەریبە بەدەوڵەت بدات، خزمەتگوزاریی تەندرووستیان بۆ ھەموان ڕەخساند. کوتانی گشتی دژ بە پەتاکان و گرنگیدان بە پاکوخاوێنی و چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان، زەمینەی ئەوەیان بەبارھێنا تاوەکو مرۆڤایەتی بەئاگاییەوە ستراتیژیەتی زانستی پزیشکی لە چارەسەری نەخۆشەوە بۆ چاودێریکردن و گرنگیدان بە تەندرووستیی ھەموان وەرچەرخێنێت. لەم نێوەندەدا زانستی پزیشکیی مۆدێرن لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و لە سەرەتای سەدەی بیستدا جەنگێکی ماراسۆنیی دژبە پەتا و درم و نەخۆشیە گواستراوەکان دەستپێکرد و لەکۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم زانستە بەتەواوەتی پەتا و درمەکانی تێکشکاند. ئەم سەرکەوتنە بنچینەییە لەپاڵ دەرکەوتنی زانستی پزیشکیی بایۆتەکنیک و زانستی ئەندازیاریی جێنەتیکی و پەرەسەندنەکانی تەکنۆلۆژیا، دەرفەتی ئەوەیان بەبارھێنا کە بزنسمانە ھەڵپەکارەکان و کۆمپانیاکانی بواری دەرمانسازی و کلینیکیە جوانکارییەکان بەھێز و گڕوتینەوە پێیان بخزێتە ناو بازاڕی ئازادی لیبراڵیزمەوە و درووشمی "بەم زووانە مەرگ تێکدەشکێنین" و "جوانی و گەنجێتیی ھەمیشەیی بەردەست دەخەین"، بەرزبکەنەوە! کۆی ئەم ڕاستییانە بەتەنیشت ئەوەی کە یۆڤاڵ نوح ھەراری لەکتێبی ھۆمۆدیۆسەکەیدا دەیدرکێنێت و دێژێت "لەئێستادا زۆرترین مرۆڤ بەھۆی قەڵەوییەوە دەمرن..... لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤەکان بەھۆی زۆرخۆری لەبەرھەمەکانی ماکدۆناڵدەوە گیان لەدەستدەدەن...... لەئێستادا زۆرترین ژمارەی مرۆڤ گرفتی کێشی زیادە و چەوری و پەستانی خوێنیان ھەیە...." ئەو دەرئەنجامە گاڵتەجاڕ و بازاڕگەرییەی لێدەکەوێتەوە کە ھەنوکە دەیبینین. دەرئەنجامێک کە کلینیک و پزیشکەکان وەک قەشە و خاخام و پیاوی ئاینی ژێست وەردەگرن و بەبەردەوامی پێمان دێژن چی بخۆین و چی نەخۆین، کەی بنوین و کەی لەخەو ھەستین، چۆن بژین و چ دەرمانێک بەکاربێنین. ئەم قەشە مۆدێرنانەی ئەمڕۆ ئەزموونی ژیانکردنمان وەک کاڵایەک پێ دەفرۆشنەوە و ملیۆنان کەسیان ئاخنیوەتە ناو سیستەمێکی خۆراکی و ڕێژیمکردنێکی سەخت و تاقەت پڕوکێنەوە. لەم نێوەندەدا، بۆ نمونە، بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان خواردنی ئەو خورد و خۆراکانەی کە سێکس بەھێزدەکەن، خواردنی ڤیاگرا و حەبە وروژێنەرەکان، یان مەسرەفکردنی دەرمانە جوانکارییەکان بەتەنھا ناچنە قاڵبی ئەکتی کڕین و فرۆشتنی کاڵاوە. بەڵکو ھەم جۆرە ئەزمونێکی ساختە و تەزویری ژیانی چێژگەرایین و دەفرۆشرێن، ھەم ئاسودەیی و دڵنیاییەکی وەھمیانە بە کڕیارەکان دەبەخشن. لە ڕۆژھەڵاتی ناوین و وڵاتانی جیھانی سێ، دۆخەکە تراژیدیتر و کارەساتبارترە. کەرتی تەندرووستی و پزیشکی نەوەک ھەر خەسڵەتێکی بێ ئابڕووانەی بازرگانی بەسەردا زاڵبووە، بگرە چەندین گرووپ و باند و تۆڕی مافیایی مەترسیدار و نابەرپرس و نائەخلاقی بەبارھێناوە و لەنێو ئەم تۆڕانەدا ئەوەی دەڕەتێنرێت کەسی نەخۆشە و لەئەنجامی ئەم ڕەتاندنەوە، ملیۆنان دۆلار ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت. گەر دەوڵەت-نەتەوە مۆدێرنەکانی سەدەی نۆزدە ھیچ نەبا لەپێناو ئەخلاقی نەتەوەیی لەخەمی تەندرووستیی گشتییدا بووبن، ئەوا باندە قازانخوازەکانی ناو ھەناوی دەوڵەتە داڕزاوەکانی جیھانی سێ کەرتی تەندرووستی وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ بزنسس بەکاردێنن. ئەگەر کەسێک بەسوتفە و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر پێی خستبێتە خاکی وڵاتێکی وەک ئێران بەنمونە، دەزانێت چی دەگوزەرێت. ھەر لەشۆفێری ئەو تاکسییەی کە دەتبات بەرەو تاران تاوەکو بە ھوتێل و پەرستار و پزیشکەکان دەگات، وەک باندێکی ڕووتانەوە و قازانجخواز ڕەفتاردەکەن. ئەوە باسی سەرگەورە ملیادێرەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دەرمانسازی ناکەین کە لەپشتەوەی ئەم وردە تۆڕانەدا لەکاردان. لە کوردستانی لەمەڕ خۆمان، کلینیک و بینای نەخۆشخانەی تایبەت و نەخۆشخانەی پێنج‌ئەستێرەیی و عیادەی پزیشکی تایبەت و کلینیکی جوانکاری ڕۆژانە وەک قارچک ھەڵدەتۆقێن و لێرەو لەوێ چیرۆکی سەیروسەمەرە لەمەڕ پەیوەندیی قازانجخوازیانەی نێوان پزیشک و کۆمپانیاکانی دەرمانسازی و دەرمانفرۆشاندا دەبیستین! ئەوە باس لەو مافیاگەریەی پشتەوەی بزنسی دەرمان ناکەین. لەکۆتاییدا، مەگەر لە وەھا دونیاییەکی لێوانلێو لەھەڵپە و قازانجخوازی، دەشێت ئەخلاق و فەزیلەت چ کارە بن؟

دەشێت لەم میانەیدا بپرسین ماھیەتی پزیشکی بەمانا مۆدێرنەکەی چی دەگەیەنێت؟ ناکرێت نکۆڵی لەوە بکەین پزیشکیی مۆدێرن ئومێد و ھیوای گەورەی بەدوای خۆیدا ھێنا و ھەنووکە چارەسەرەکان خێراتر و ڕێوشوێنە پزیشکییەکان گونجاوترن. بەڵام دەبێت سەرنجی ئەو لایەنش بدرێت پزیشکیی مۆدێرن چ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ مرۆڤ وەک نەخۆشدا ھەیە؟ نابێت چاوپۆشی لەوە بکەین کە تەکنۆلۆژیای نوێ و بزنسی نوێ بەشێکن لە ماھیەتی پزیشکیی نوێ. لەدونیای ھەنووکەدا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ شەماخ یان کاھینەکانی پەرستگای سۆمەریدا نیە، بۆ شەماخ و کاھینەکان کە جاروبار ژێستی پزیشکیی کلاسیکیان دەنواند، مرۆڤ کائینێکی ڕازئالود و ئەفسوناوی بوو. ھاوکات لەدونیای ھەنووکەدا سەروکارمان لەگەڵ پزیشکە فەزیڵەتمەند-فەیلەسوفەکانی وەک بوقرات و بوعەلی سینا و زەکەریای ڕازیدا نیە کە ھەردەم کاری «تەبابەت-طبابت»یان تێەکەڵەیەک بووە لە حیکمەت‌نواندن و چارەسەرکردن و ئاکتی ڕەفتارگەراییانە. لەمڕۆدا ئێمە سەروکارمان لەگەڵ دەزگایەکی مۆدێرندایە کە وەک بەشێکی بیرۆکراتیەتی بێ‌ڕۆح لەجەستەی دەوڵەت و لەمیانەی وەزارەتی تەندرووستیدا فۆرمەلەبووە و سوبێکتێکی مۆدێرنی بەناوی توێژی پزیشکان لەخۆیدا جێکردۆتەوە و پڕچەکە بە تەکنۆلۆژیای نوێ. دونیای پاش مۆدێرنە و پەرەسەندنە بەرقئاساکانی تەکنۆ و بەتایبەت سەرھەڵدانی زانستی پزیشکیی بایۆتەکنیک و ئەندازیاریی جێنەتیکی و سەرھەڵدانی نانۆتەکنۆ، ماھیەتی ڕاستینی پزیشکی و کایەی تەندرووستیی گۆڕی. دەبێت بەجدییەتێکی لێبڕاوانەوە سەرلەنوێ لەمەڕ چییەتیی زاتی زانستی پزیشکی و کایەی تەندرووستی پرسیارەکان و باس و خواسەکان دابڕێژینەوە. مارتین ھایدگەر لەمەڕ پرسی تەکنەلۆژیای نوێ، وەھا تێدەفکرێت کە تەکنەلۆژیای نوێ دیاردە و دەرکەوتەیەکی دەستدرێژیکار و مەترسیئامێزە بۆ سەر سرووشت. لەدیدی ئەودا ئەوی دەم ئەم دیاردە نوێیە پەردە لەسەر ماھیەتی لادەدرێت و پێدەخاتە ناو جیھانی بوونەوە، کۆی سرووشت و لەنێویشیدا مرۆڤ دەبن بە کۆگایەکی گریمانەیی وزە و تەکنەلۆژیای نوێی دەبێت پێدزە بکاتە ناویانەوە و بەکاریان بھێنێت. دەشێت بە مانا ھەرارییەکەی، پزیشکیی نوێ ھەمان ماھیەتی تەکنەلۆژیای نوێی لەخۆدا پەنھان کردبێت. دەگونجێت پزیشکیی نوێ و کەرتی تەندرووستیی مۆدێرن وەکچۆن لەدوێنی سەدەی نۆزدە و بیستدا وەک بەشێک لەدەزگای دەوڵەتە مۆدێرنە ناسیۆنالیستەکان ڕۆڵی گێڕا لە درووستکردنی سوبێکتێکی ساغلەم و بەھێزی نەتەوەیی، لەمڕۆدا وەک دیاردەیەکی نوێی شارستانیەتی ڕۆڵبگێڕێت لە بنیاتنانی مرۆڤێکی تەواو جیاواز و بگرە سەیروسەمەرە. لێرەدا مەترسییەکە بەتەنھا ئەوە نیە کە زانستی پزیشکیی نوێ و کایەی تەندرووستی بەدوای خۆیاندا توێژێکی نابەرپرس لەپزیشکان و سەدان کۆمپانیای قازانجخوازی بواری دەرمانسازی و دەیان باند و گرووپی مافیائاسایان بەبارھێناوە. ئەم فاکتە تەنھا دیوێکی ڕووداوەکەیە و دیوە مەترسیدارەکەی ڕووداوەکە لەوەدایە کە یۆڤاڵ نوح ھەراری دێژێت: "لیبراڵیزم لەناو تاقیگەکانەوە لێی دەدرێت"! ڕوونتر بدوێین، گەر ئەم وتەی تری نوح ھەراری کە دێژێت لەسەدەی بیست و یەک لەبری کاڵا، ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ دەفرۆشرێن، بە بنەماوەربگرین ئەوا دەتوانین ھەمان ئەو ماھیەتەی کە مارتن ھایدگەر بۆ تەکنەلۆژیای نوێی لەبەرچاو گرت، بۆ زانستی پزیشکیی نوێ و کەرتی تەندرووستی لەبەرچاوی بگرین. لەم دۆخەدا مرۆڤ بۆ زانستی پزیشکیی نوێ دەبێتە یەکەیەکی داتا و زانیاری و تەنھا وەک وجودێک کە لە ملیۆنان خانەی دەماری پێکھاتووە مامەڵەدەکرێت. ئەمەش واتە زانستی پزیشکیی نوێ و میکانیزمە مۆدێرن و تەکنۆکانی پزیشکیی نەوەک ھەر دەبنە دەستدرێژیکار بۆسەر ماھیەتی مرۆڤ و نەوەک ھەر مرۆڤ دەکەن بەگژ بیچم و لوت و گوێ و جەستەی خۆیدا و ناچاری دەکەن بەردەوام خۆی و جەستەی وەک دەعبایەک مامەڵە بکات و ھەردەم سەرقاڵی نەشتەری جوانکاری بێت، بگرە لەمانە تراژیدیتر ئەوەیە ئەم زانستە بەھاوکاری بایۆتەکنیک و نانۆتەکنەلۆژی و تەکنەلۆژیای تیشکەوێنە تاسەر ئێسقان و تاوەکو ناوەوەی خانەکانی مرۆڤ ڕۆدەچێت و دەردەی بۆدریار دەیگوت ھیچ سێبەر یان نھێنییەکی ئاسمانی بۆ مرۆڤ ناھێڵێتەوە. لێرەدا دەبێت فۆکۆییانە بپرسین کاتێک جەستەی من وەک بابەتێک دەکەوێتە بەر دەسەڵاتی ڕەھای ئەویتری پزیشکەوە چی ڕوودەدات؟ یان ئەگەر ئەو تێزە فۆکۆییە پەسەندبکەین کە گوایە ئایدۆلۆژیا تەنھا ڕوانگەی دەوڵەت یان دەزگایەکی دیاریکراو نیە، بەڵکو ئادۆلۆژیا لەھەموو پنتێکدا کاردەکات و دەشێت لە کۆنتاکتی نێوان دوو مرۆڤدا دەربکەوێت، ئەوا دەبێت بپرسین ژێستی ئایدۆلۆژیانەی پزیشکیی نوێ کە وەھای دەردەخات مرۆڤایەتی بەرەو تەندرووستییەکی باشتر و بەرەو گەنجێتی و نەمری دەبات، چی بەسەر سوبێکتدا دەھێنێت؟ ئەم دیاردەیە بەمانا ھایدگەرییەکەی، یان ئەم پزیشکیی نوێیە و ئەو لێکەوتانەی کە لەبازاڕدا بەباریھێناون، ھیواکانی مرۆڤیان زەمینی کردۆتەوە و ھەنووکە مرۆڤ نەوەک ھیچ جۆرە سێبەرێکی ئاسمانیی نیە، بەڵکو یەکەیەکی ئۆرگانی و دەمارەخانەیە و خۆی و دەروون و ناخودئاگای لەبەردەم کلینیکە ڕاوێژکارییەکان و تاقیگەکان و نەخۆشخانە پێنج‌ئەستێرەییەکان و ئامێرە نوێکانیاندا، ڕووتی ڕووتە.