A+    A-
(1,951) جار خوێندراوەتەوە

                   دەربارەی فلیمی۳۰۰

 

 

سلاڤۆی ژیژەک

و. ڕوشدى جەعفەر

 

 

 

 

 فیلمی "۳۰۰"ی زاك سنایده‌ر كه‌ به‌سه‌رهاتی ۳۰۰ سه‌ربازی سپارتایی ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ بۆ ڕاوه‌ستاندنی داگیركاری سوپای خه‌شایارشا، پادشای فارسه‌كان، له‌ تێرمۆپایلدا خۆیان ده‌كه‌نه‌ قوربانی، وه‌ك خراپترین جۆری نیشتیمانپه‌روه‌ری سه‌ربازییانه‌ كه‌وته‌ به‌ر په‌لامار و ڕه‌خنه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بێ‌مه‌ڵامه‌ت نییه‌ و هه‌ڵگری ئاماژه‌ی ڕوون و ڕاشكاوه‌ به‌ گرژییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی خۆرئاوا له‌گه‌ڵ ئێران و پاشهاته‌كانی عێراق. به‌هه‌رحاڵ، ئایا به‌ڕاستی شته‌كان هێنده‌ش ڕوون و ئاشكران؟ ده‌بێت لە به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی خراونه‌ته‌ پاڵی، به‌رگرییه‌كی ته‌واو و بێ‌چه‌ندوچوون له‌م فلیمه‌ بكرێت. دوو خاڵ هه‌ن كه‌ بخرێنه‌ڕوو، خاڵی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌ خودی چیرۆكه‌كه‌- چیرۆكی وڵاتێكی بچووك و هه‌ژار( یۆنان) كه‌ له‌ لایه‌ن سوپای وڵاتێكی زه‌به‌لاحه‌وه‌( ئێران)، كه‌ له‌و ڕۆژگاره‌دا زۆر گه‌شه‌سه‌ندووتر و خاوه‌نی ته‌كنۆلۆژیایه‌كی گه‌لێك پێشكه‌وتووتری سه‌ربازی بوو، لێى داگیرده‌كرێت.

ئایا ده‌توانین بڵێین فیل و غۆل و زەبەلاح و تیره‌ ئاگرینه‌ گه‌وره‌كانی فارسه‌كان نوسخه‌ كۆنه‌كه‌ی چه‌ك وتفاقی پێشکەوتوو [و مۆدێرنن]؟ ئایا کاتێک کۆتا گرووپی ڕزگاربووی سپارتاییەکان و لیۆنایدسی پادشایان بە تیربارانکردن دەکوژرێن، بە جۆرێک لە جۆرەکان وەها نایەتە بەرچاو کە بۆمبارانکرابێتن لەلایەن ئەو سەربازە پسپۆڕانەی لە مەودایەکی دوور و سەلامەتەوە چەکی پێشکەوتوو بەکاردێنن، هاوشێوەی سەربازەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا کە دوور لە هەر مەترسییەک لەناو کەشتییە جەنگییەکانی خۆیاندا لە کەنداوی فارسیدا دەستدەنێن بە دوگمەی موشەک‌هاویشتندا؟ سەرباری ئەمەش، ئایا قسەکانی خەشایارشا کاتێک هەوڵدەدات لیۆنایدس قایلبکات تا بە باڵادەستیی فارسەکان ڕازی بێت، ڕێکوڕاست مرۆڤ بیری قسەکانی فەندەمێنتاڵیستێکی مسوڵمان ناخەنەوە؟:

خەشایارشا هەوڵدەدات لیۆنایدس(Leonidas ) تەفرەبدات تا ملکەچ بێت لە ڕێگەی بەڵێنپێدانی بەوەی ئاشتی و ئارامی و خۆشییە جەستەییەکانی بۆ دابیندەکرێت ئەگەر دووبارە ببێتەوە بە بەشێک لە ئیمپڕاتۆریەتی جیهانیی فارسەکان. تاقە شتێک کە خەشایارشا داوای لێدەکات ژێستێکی ڕواڵەتی و فۆرماڵی چۆکدادان و دانپیانانە بە بە باڵادەستی فارسەکاندا- ئەگەر سپارتاییەکان ئەم کارە بکەن ئەوا دەسەڵاتی ڕەهایان بەسەر تێکڕای یۆناندا پێ دەدرێت. ئایا ئەمە ڕێک هاوشێوەی ئەو داوایە نییە کە سەرۆک ڕۆناڵد ڕێگان لە حکومەتی ساندینیستەکانی نیکاراگوای کرد؟ تەنها دەبوایە بە ئەمریکا بڵێن: " ها مامۆ!". ئایا بارەگاکەی خەشایارشا وەک جۆرە بەهەشتێکی فرەکەلتور و پڕ لە شێوەژیانی جیاواز نیشاننادرێت؟ هەموو کەسێک بەشداریی ئاهەنگەکانی ڕابواردن و مەینۆشی دەکات، ڕەگەزە جیاوازەکان، لێزبیەن و گەییەکان، شەل و قەموورەکان و ...؟ کەواتە، ئایا سپارتاییەکان بەو دیسپلین و ڕۆحیەتی قوربانیدانەی کە هەیانە, زیاتر لە تاڵیبانەوە نزیک نین کە لە بەرامبەر داگیرکاریی ئەمریکا کە بەرگریی لە ئەفغانستان دەکەن(یان وەک فاکتێک، هاوشێوەی هێزی هەڵبژاردە و بە تایبەت مەشقپێکراوی پاسەوانانی شۆڕشی ئێرانی[ سوپای پاسداران] نین کە لە ئەگەری هێڕش و داگیرکاریی ئەمریکا ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی؟).

 سەرەکیترین چەکی یۆنانیەکان دژ بە باڵادەستی و هەیمەنەی سەربازی لەشکاننەهاتووی ئێرانیەکان دیسپلین و ڕۆحیەتی قوربانیدان و فیداکارییە- ئەگەر ئیقتیباسێک لە ئالان بادیۆ وەربگرین: " ئێمە پێویستمان بە دیسپلینێکی جەماوەرییە. تەنانەت دەشڵێم... کە ` ئەو کەسانەی خاوەنی هیچ نین، تەنیا دیسپلینەکەیان هەیە´. هەژاران، ئەوانەی هیچ کەرەستەیەکی دارایی و سەربازییان نییە، ئەوانەی دەسەڵاتیان نییە، تاقە شتێک کە هەیانبێت دیسپلینەکەیان و توانای بەیەکەوە کارکردنیانە. ئەم دیسپلینە فۆرمێکی پێشوەختەی ڕێکخستنە". لەم سەردەمەدا کە ڕەوایەتی[ و مافی] چێژگەرایی[1] برینتییە لە ئایدیۆلۆژیای زاڵ و حاکم، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە چەپ دیسپلین و ڕۆحیەتی فیداکاری (دووبارە) بهێنێتەوە مەیدان: ئەم بەهایانە هیچ شتێکی بە جەوهەر" فاشیستییان" تیادا نییە. بەڵام هێشتاش ئەم ناسنامە فەندەمێنتاڵیستەی سپارتاییەکان لێڵتر و ناڕوونترە. لێدوانە پرۆگراماتیکەکەی کۆتایی فلیمەکە وەها ئەجێندای یۆنانییەکان دەخەنەڕوو:" دژ بە حوکمی عیرفانی و باتنی[2] و ستەمکاری، لە پێناو داهاتوویەکی گەشدا". لەمەش زیاتر وەک حوکمی ئازادی و عەقڵ تەرحدەکرێت- ئەمەش وەک ڕۆشنگەرییەکی سەرەتایی دێتەبەرچاو، تەنانەت بە پێچێکی کۆمۆنیستانەشەوە! ئەمەش بیری خۆتان بخەنەوە کە لە سەرەتای فلیمەکەدا، لیۆنایدس بە شێوەیەکی بێ چەندوچوون و بنجبڕانە پەیامی "غەیبگۆ" گەندەڵەکان ڕەتدەکاتەوە، کە بەگوێرەی ئەوان خوداکان لەشکرکێشیی سەربازی بۆ ڕاوەستاندنی فارسەکان قەدەغە و حەرام دەکەن- وەک دواتر دەزانین "غەیبگۆکان" کە بە ڕووکەش پەیامی خودایی بە حاڵلێهاتن و نەشوەوە وەردەگرن، بەفیعلی لەلایەن فارسەکانەوە بەکرێگیراون، هاوشێوەی ئەو "غەیبگۆ"یەی تیبت کە لە ساڵی ۱۹٥۹دا پەیامی[ خودایی] جێهێشتنی تیبتی بە دالای لاما گەیاند- کە وەک ئەمڕۆ دەزانین- کەچی لە مووچەخۆرانی سی ئای ئەی بووە!

 ئەی چی دەربارەی پووچی و بێمانایی ئاشکرای ئایدیاکانی کەڕامەت، ئازادی و عەقڵ کە لەڕێگەی دیسپلینێکی پەڕگیریی سەربازییەوە- تەنانەت بە دوورخستنەوەی مناڵانی لاواز [و نوقسان و شێواو]ەوە- بەدەستهێنراوە، بڵێین؟ بەڵام ئەم پووچی و بێماناییە خۆی بەشێکە لە ئازادی- وەک لە فلیمەشدا هاتووە ئازادی بە خۆڕایی نییە[ "داری ئازادی بە خوێن ئاونەدرێت قەت بەرناگرێ"]. ئازادی شتێکی پێدراو نییە، بەڵکو لە ڕێگەی خەباتێکی سەختەوە بەدەستدەهێنرێتەوە[ ئازادی نابەخشرێت بەڵکو بەدەستدەهێنرێت]، کە ئەو کەسەی دەرگیری دەبێت پێویستە ئامادەیی ڕیسککردنی بە هەموو شتێکەوە تیادابێت. دیسپلینی سەربازی بێڕەحمانەی سپارتاییەکان، هەروا سادە و ئاسان، دژە دەرەکییەکەی[3] "لیبڕاڵ دیموکراسی" ئەسیناییەکان نییە، بەڵکو مەرجە جەوهەری و ناوەکیەکەیەتی. واتە بناغەکانی بۆ دادەمەزرێنێنت: سوبێکتی ئازادی عەقڵ تەنیا لە ڕێگەی خۆدیسپلینکردنێکی بێ ڕەحمانەوە بەدیدێت. ئازادی حەقیقی، ئازادی بژاردە و هەڵبژاردن نییە لە مەودایەکی دوور و سەلامەتەوە، وەک هەڵبژاردن لە نێوان کێکی شلک و کێکی چوکڵاتەدا. ئازادیی حەقیقی لە زەروورەتەوە پێچراوە، بژاردە تەنیا ئەوکاتە بژاردەیەکی حەقیقییە کە تەواوی بوونی کەسەکە بخاتە بەر ڕیسک و مەترسی.

 کەسێک ئەمە هەڵدەبژێرێت چونکە ئەسڵەن ناتوانێت پێچەوانەی ئەمە بکات. کاتێک کەسێک وڵاتەکەی دەکەوێتە بەر داگیرکاریی وڵاتێکی بیانی، سەرکردەیەکی بەرەی بەرگریش بانگیاندەکات کە بەشداری بکەن لە شەڕی دژ بە داگیرکەران، ئەو هۆکارەی کە بۆ ئەمە دەهێنرێتەوە، ئەوە نییە " تۆ ئازادیت هەڵبژێریت" بەڵکو ئەوەیە" ئایا لەوە تێناگەیت ئەمە تاقە شتێکە بتوانیت بیکەیت ئەگەر دەتەوێت کەڕامەتت بەدەستبێنیتەوە"؟. هیچ سەیر نییە کە بیرمەندە یەکسانیخوازە ڕادیکاڵەکانی سەرەتای مۆدێرنە، لە ڕۆسۆوە تا یەعقوبیەکان، سەرسام و شەیدای سپارتا بوون و کۆماری فەڕەنسایان وەک سپارتایەکی نوێ دەبینی: ناوکێکی ڕزگاریخوازانە لە ڕۆحی دیسپلینی سەربازی سپارتاییەکاندا هەیە کە تەنانەت کاتێک تێکڕای سیفەت و خاسیەتە مێژوویەکانی؛ حوکمڕانی چینایەتی، چەوساندنەوەی بێڕەحمانە و تیرۆر و تۆقاندنی کۆیلەکانیانی لێدەربکەین، ئەوا دەمێنێتەوە. لەوانەیە لە هەموویشی گرنگتر، ڕەهەندە تەکنیکى و فۆرماڵەکەی فلیمەکە بێت: تێکڕای فلیمەکە لە عەمبارێک لە مۆنتریاڵ وێنەگیراوە، تەواوی باکگراوندەکە و زۆربەی ئەکتەر و کەلوپەلەکانیش بە شێوەیەکی دیجیتاڵی درووستکراون. خاسیەتی دەستکردی باگراوندەکە وەها دێتە بەرچاو خودی ئەکتەرە " ڕاستەقینەکان"یشی گرتبێتەوە، کە زۆربەی کات وەک کۆمەڵێک کارەکتەری کۆمیک کە ژیانیان بە بەردا کرابێت، دەردەکەون( فلیمەکە لەسەر ڕۆمانە گرافیکیەکەی[هێڵکارییەکەی] فرانک میللەر، بە ناونیشانی۳۰۰، بەرهەمهێنراوە). سەرباری ئەمەش سروشتە دەستکرد و "دیجیتاڵەکەی" باگراوندەکە فەزایەکی تەنگ و ترسناک درووستدەکات، وەک‌بڵێی چیرۆکەکە لە واقیعی "ڕاستەقینە"دا بە ئاسۆ کراوە ناکۆتاکانی ڕوونادات، بەڵکو لە " جیهانێکی داخراو" دا، لە جۆرە جیهانێکی دڵنشینی ناو فەزایەکی داخراودا، ڕوودەدات.

 لەڕووی جوانیناسییەوە ئەم فلیمە چەندان پلە لە پێش زنجیرەفلیمی جەنگی ئەستێرەکان و پادشای ئەنگوستیلەکانەوەیە؛ ئەگەرچی لەم زنجیرانەشدا زۆربەی شتەکانی باگراوندەکە و ئەکتەرەکانیش بە شێوەیەکی دیجیتاڵی درووستکراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەست و ئینتیباعە لای بینەران درووستدەبێت کە ئەکتەر و شتە دیجیتاڵ و" ڕاستەقینە"کانیش (فیلەکان، Rukh ، Yoda، کۆشکەکان و...) خراونەتە ناو جیهانێکی کراوە و "ڕاستەقینە"وە؛ بەڵام، بە پێچەوانەوە، لە فلیمی ۳۰۰دا تەواوی کارەکتەرە سەرەکیەکان ئەکتەری "ڕاستەقینە"ن و خراونەتە ناو باگراوندێکی دەستکردەوە. ئاوێتەیەک کە جیهانێکی" داخراو"ی زۆر عەجیبتر دروستدەکات، تێکەڵەیەکی "سایبۆرگی"[ واتە نیوە مرۆڤ و نیوە ماشێن]ی کەسە ڕاستەقینەکان کە خراونەتە ناو جیهانێکی دەستکردەوە. ئەوە تەنیا لەگەڵ فلیمی ۳۰۰ دایە کە ئاوێتەی شت و ئەکتەرە "ڕاستەقینە"کان لەگەڵ لۆکەیشنێکی دیجیتاڵیی نزیکدەبێتەوە لەوەی کە فەزایەکی جوانیناسانەی بەڕاستی نوێ و سەربەخۆ درووستبکات.

 نەریتی تێکەڵکردنی هونەرە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتردا، ئاماژەکردن و گەڕانەوەی هونەرێک بۆ هونەرێکی تر، نەریتێکی دوور و درێژە، بە تایبەت بە نیسبەت سینەماوە، [ بۆ نموونە] با بڵێین چەندە لە پۆرترێتەکانی ئێدوارد هۆپەر، کە وێنەی ژنێک لە پشت پەنجەرەیەکی ئاوەڵادا کە دەڕوانێتە دەرەوە، نیشاندەدەن، بە ڕوون و ڕاشکاوی بە هۆی ئەزموونی سینەماوە نێوانگری کراون [و لە ژێر کاریگەریی دیدگا سینەماییەکەدا بەرهەمهاتوون]. (ئەم وێنانە گرتەیەک بە بێ گرتە بەرامبەرەکەی[4] نیشاندەدەن)[ واتە تەنها وێنەی ژنەکە نیشاندەدەن، بە بێ ئەو دیمەنەی ژنەکە دەیبینێت. ژنەکە بابەتی وێنەکەیە نەوەکو پێرسپێکتڤەکەی].

 ئەو شتەی ۳۰۰ دەکاتە فلیمێکی دیار و بەرجەستە ئەوەیە کە تیایدا هونەرێکی لە ڕووی تەکنۆلۆژییەوە پێشکەوتووی وەک ( سینەمای دیجیتاڵی) دەگەڕێتەوە بۆ هونەرێکی کەمتر پێشکەوتووی وەک کۆمیک. ( ئەگەرچی ئەم گەڕانەوەیە یەکەمجار نییە لە سینەمادا، بەڵام لەڕووی هونەرییەوە زۆر سەرنجڕاکێشترە، بابڵێین لە فلیمی دیک تراسی[5] بەرهەمی وارێن بیتی[6]). ئەو دەرەنجامەی بەرهەمدێت بریتییە لە " واقیعێکی ڕاستەقینە" کە پاکێتی و سافی و سادەییەکەی خۆی لەدەستدەدات، وەک بەشێک لە جیهانێکی داخراو و دەستکرد دەردەکەوێت، کە ئەمەش شکڵپێدان و بەرجەستەکردنێکی کامڵ و پێرفێکتی بنبەستە کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەکانی ئێمەیە.

 بەم پێیە، ئەو ڕەخنەگرانەی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە "تێکەڵکردن"ی ئەم دوو هونەرە لە فلیمی ۳۰۰دا تێکەڵکردنێکی شکستخواردووە ڕێک لەبەر ئەوەی لەسەر حەقن، هەڵە و ناڕاستن: بێگومان "تێهەڵکێشکردن" شکستدەهێنێت، بێگومان ئەو جیهانەی ئێمە دەیبینین لەسەر ئەنتاگۆنیزم و نایەکانگیریەکی قووڵ و بنەڕەتیەوە بەندە، بەڵام ڕێک ئەم ئەنتاگۆنیزمەیە کە ئاماژە بە حەقیقەت دەکات.

 

 

 

 

 


[1]. hedonist permissivity

[2]. Mystique

[3] External opposit.

[4]. counter-shot

[5]Dick Tracy.

[6] Warren Beatty