A+    A-
(1,739) جار خوێندراوەتەوە

سەرهەڵدانی چینە بێ‌کەڵکەکان  (useless class)

 

 

 

 

یۆڤاڵ نوح هەراری

وەرگێڕانی شاڵاو یاسین

 

 

 

 

گرنگترین پرسیار لە کایەی ئابوریی سەدەی بیست و یەکدا ڕەنگە ئەمە بێت: چی لەو هەموو خەڵکە بێکەڵک و بێسوودە بکەین، لە کاتێکدا ئێمە ئالگۆریتمگەلێکی زیرەکی بەرزی بێ-ڕۆحمان هەیە کە تا ئەندازەیەکی دەتوانن هەموو شتێک باشتر لە مرۆڤ ئەنجامبدەن؟

ڕەنگە بە تەواوی پرسیارێکی زۆر نوێ نەبێت. کە خەڵکی ترسێکی درێژیان هەبووە لەوەی، دەشێت بە میکانیکیبوون ببێتە هۆکاری بێکاربوونی بە کۆمەڵ. ئەمە هەرگیز ڕووینەدا، هەرچەندە پیشە دێرینەکان کۆنبوون و پیشەی نوێ پەرەیسەند و هاتە کایەوە. بەڵام هەندێک شت هەن کە هەمیشە مرۆڤ باشتر دەتوانێت ئەنجامی بدات بەراورد بە ئامێرەکان.هێشتا ئەمە بەشێک نیە لە یاسای سرووشت، هەروەها هیچ گەرەنتیەکیش لە ئارادا نیە کە ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە داهاتوودا. ئەو ئایدیا و بیرۆکەیەی کە دەڵێت مرۆڤ هەمیشە قودرەت و توانایەکی بێهاوتا و ناوازەی هەیە لە دەرەوەی ئەلگۆریتمە بێ-ڕۆحەکاندا، ئەمەش جگە لە بیرۆکەیەکی خەیاڵی هیچی دیکە نیە. وەڵامی زانستی ئێستاش بۆ ئەم خەونە بۆش و خەیاڵ پڵاویە، دەکرێت بۆ سێ پەرەنسیپی سادە کورتبکرێتەوە:

 

یەک: بوونەوەرە ئالگۆریتمەکان: هەر ئاژەڵێک-بە هۆمۆ سایپیەنسیشەوە-بریتین لە کۆمەڵێک ئەلگۆریتمی ئەندامی کە بە درێژایی ملیۆنان ساڵ لە گەشە و پەرەسەندندا لە لایەن هەڵبژاردنی سرووشتییەوە شێوەی پێدراوە.

دوو: هەژمارە ئەلگۆریتمەکان کاریگەر نین بە ماتریاڵەکان یان بە جۆرێکی تر ماتریاڵەکان کار ناکەنە سەر هەژمارە ئەلگۆریتمەکان کە لێیەوە ئەو ژمێرەرەى لە سەر دروست دەکرێت. گەربێتو ئەو ئەژمێرە[1] لە دار، ئاسن، یان پلاستیک دروستکرابێت، ئەوە ئەو کات هەر دوو موورو کۆی دوو موورو یەکسان دەبێت بە چوار مورو.

سێ: لەم ڕوەوە، هیچ هۆکارێک بوونی نیە بۆ ئەوەی وایدابنێین کە ئەلگۆریتمە ئۆرگانیکەکان دەتوانن هەندیک کار ئەنجام بدەن کە ئەلگۆریتمە نا-ئۆرگانیکەکان هەرگیز ناتوانن بە شێوەیەکی سەرکەوتوو دوبارەی بکەنەوە یان تێیپەڕێنن. هەتاوەکو هەژەمار و حیسابکاریەکان جێگەی متمانە بن، چ کێشەیەک دەبێت کە ئەلگۆریتمەکان لە کاربۆن یان لە سلیکۆن مانیفێست بن.

ڕاستە، لە ئێستادا چەندین شت هەن کە ئەلگۆریتمە ئۆرگانیکەکان باشتر و چاکتر لە ئەلگۆریتمە نا-ئۆرگانیکەکان ئەنجامی دەدەن،  پسپۆرەکان هەمیشە ئەوەیان دوپاتکردۆتەوە و بڵاوکردۆتەوە کە هەندێک شت هەن بۆ ئەبەد لە دەرەوەی ئەلگۆریتمە نا-ئەندامیەکان دەمێننەوە. بەڵام ئەوەش ئاشکرا دەبێت یان دەردەکەوێت کە دەستەواژەی "بۆ ئەبەد" هەندێکجار زیاتر مانای دەیەیەک یان دوان دەدات. تاوەکو مودەیەکی کورتی پێش ئێستا، ناسینەوە و تێگەیشتن لە ڕوخسار نمونەیەکی باشبوو بۆ هەندێک شت کە لێیەوە بە ئاسانی وێنانی منداڵ بکرێت و کامڵ ببێت ، بەڵام ئێستا هەتا لە بەهێزترین کۆمپیوتەر هەڵدێت و دەرباز دەبێت. ئەمڕۆ پرۆگرامەکانی ناسینەوەی ڕوخسار زۆر خێراتر و کارامەتر لە توانای مرۆڤ لە توانایاندا هەیە خەڵکی بناسنەوە و دیاریبکەن. لە ٢٠٠٤دا، پرۆفیسۆر فرانک لیڤی لەدامەزراوەی تەکنەلۆژیای ماساچوتس هەروەها پرۆفیسۆر ڕیچارد مۆرنان لە زانکۆی هارڤارددا دەربارەی بازاڕی کار توێژینەوەیەکیان بڵاوکردەوە، ئەو پیشەیانەی کە دەکرێت ڕۆژێک ببن بە ئۆتۆماتیک و ئامێر تێیدا جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە خستە لیستێکەوە. لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی گەورە یەکێکە لەو نمونانەی کە دەشێت نەبێت بە ئوتوماتیک و خودکار لە ئانیندەیەکی نزیکدا. بەڵامدەکرێت دە ساڵی تر، گوگڵ و تێسلا بە تەنها وێنای ئەمە نەکەن بەڵکو لە ڕاستیدا بیهێننە دیش.

لەڕاستیدا، تاکو ڕۆژگار بەرەو پێشتر بڕوات، زۆر ئاسانتر ئالگۆریتمە کۆمپیوتەرییەکان جێگەی مرۆڤ دەگرنەوە، نەک بە تەنها لە بەرئەوەی کە ئەلگۆریتمەکان زیرەکتر دەبن، بەڵکو لە بەرئەوەش مرۆڤ ڕۆحی پیشەگەرێتی و لێهاتووی تێیدا بەرزتر دەبێت. ڕاوکەرە-کۆکەرەوەکانی دێرین، وەستایی و کارامەییەکی زۆر بەرفراوانیان هەبوو هەروەها چەندین شێوەی پسپۆری و لێهاتوییان هەبوو لە پێناو مانەوەدا، هەر لە بەرئەوەشە کە زۆر سەخت و دژوارە بتوانیت دیزاینی ڕۆبۆتێکی ڕاوکەر-کۆکەرەوە بکەیت. وەها ڕۆبۆتێک پێویستە بزانێت چۆن نوکی ڕمێک لە بەردە ئەستێیەک دروستبکات، بتوانێت قارچکی خۆراکی لە دارستانەکاندا بدۆزێتەوە، یان شوێنپێی فیلێکی زلی مامۆس هەڵگرێت و تاکو دەیدۆزێتەوە، یان هەماهەنگی لە گەڵ دەستەیەکی تری ڕاوکەر دروستبکات، یان گژوگیا دەرمانیەکان وەک باندیج بە کاربێنێت بۆ چاککردنەوەی جێ برینەکان. هەرچەندە، شۆفێری تاکسیەک یان پزیشکێکی نەخۆشیەکانی دڵ لە هەندێک پنتی بچوکەوە زۆر تایبەتمەندترە لە ڕاوکەریکی-کۆکەرەوە، کە وایلێدەکات ئاسانتر جێگەی بگرێتەوە بە هۆشی دەستکرد. هۆشی دەستکرد لە بوونی مرۆڤەوە نزیکە،  بەڵام ٩٩ لە سەدی چۆنایەتی و قودرەت و تواناکانی مرۆڤ بە ڕوونی زیادەن بۆ جێبەجێکردنی زۆربەی ئیش و کارە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆ. لە بەرئەوە هۆشی دەستکرد بۆ کردنە دەرەوەی مرۆڤەکان لە بازاڕەکانی کاردا، تەنها پێویستی بە هەندێک توانا و وزەی دیاریکراوی ئێمە هەیە لە هەندێک پیشەی تایبەت و جوزئیدا.

لەکاتێکدا کە ئالگۆریتمەکان مرۆڤ لە بازاڕی کاردا فڕێدەدەنە دەرەوە، ڕەنگە دەسەڵات و دەوڵەت لە دەستی چەند دەستەبژێرکی کەمدا چڕبێتەوە و ئەو دەستەبژێرەش ببن بە خاوەنی هەموو ئالگۆریتمە بەهێزەکان، ئینجا نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێوینە درووستبکەن. بەدەر لەوەش، دەشێت ئەلگۆریتمەکان خۆیان ببن بە خاوەنی ئەو دەسەڵات و قودرەتە. یاسای مرۆڤی پێشوەختە دان بە قەوارەی سوبێکتە هاوبەشەکاندا دەنێت، هەر وەک دامەزراوە و نەتەوەکان یان "کەسە یاسایی و ڕێگەپێدراوەکان" هەرچەندە تۆیۆتا یان ئەرجەنتین کە نە عەقڵ و نە جەستەیان هەیە، بەڵام سوبێکتێکن بۆ یاسای نێونەتەوەیی، دەتوانن ببن بە خاوەنی خاک و پارە، هەروەها دەتوانن داوا قەیت بکەن یان داوایان لە سەر تۆمار بکرێت. ڕەنگە بە زوویی ستاتوس و دۆخێکی چونیەک ببەخشین بە ئەلگۆپریتمەکان. ئالگۆریتمێک دەتوانێت بێت بە خاوەنی گواستنەوە و ڕاگوێزانی شانشینێک یان ببێت بە خاوەنی سندوقی سەرمایە گوزاری بەبی گوێڕایەڵبوون بۆ خواست و ویستی ئاغای مرۆڤ. پێش ڕەتکردنەوەی ئایدیاکە، بیرتبێت کە بەشێکی زۆری هەسارەکەمان بە شێوەیەکی یاسایی لە لایەن قەوارە نا-مرۆییە نێوسوبێکتیەکان¹ خاوەندارێتی لێدەکرێت، بە تایبەتیش نەتەوە و دامەزراوەکان. لە ڕاستیدا، ٥٠٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستە بەشێکی زۆری سۆمەر لە لایەن خودایەکی وێناکراوەوە خاوەندارێتی لێدەکرا بۆ نمونە ئینکی و ئینانە. ئەگەر بێت و خوداکان خاوەنی خاک و زەوی بن و کار بە مرۆڤەکان بکەن، ئەی ئەلگۆریتم بۆ نا. ڕەنگە ئەلگۆریتیمیش هەمان شت بکەن؟

بۆیە پرسیار ئەوەیە، ئایا خەڵکی چی بکات باشە؟ هونەر زۆرجار دوایین پەناگەی پیرۆز یان مرۆڤی بێهاوتامان بۆ دەستەبەر دەکات. لە جیهانێکدا کە کۆمپیوتەرەکان جێگەی دکتۆر، شۆفێر، مامۆستا و تەنانەت خاوەن زەویەکانمان بۆ دەگرێتەوە، ئایا دەکرێت ئەو کات هەموو کەس ببن بە هونەرمەند؟ هێشتا سەختە ئەوە ببینین کە بۆچی داهێنانی هونەری دەکرێت سەلامەت و پارێزراو بێت لە ئەلگۆریتمەکان. بە گوێرەی زانستەکانی ژیان، هونەر بەرهەمی ڕۆحێکی دڵڕفێن یان ڕۆحێکی میتافیزیک نیە، بەڵکو بەرهەمی ئەلگۆریتمە ئۆرگانیکەکانن کە نمەتگەلێکی ماتماتیکی بە شێوەیەکی فەرمی دەناسێنن. ئەگەر چی هیچ هۆکارێک نییە بەوەی بۆچی ئەلگۆریتمە نا ئۆرگانیکەکان نەبن بە ماستەر و ئاغاکەی.

 

لە سەدەی نۆزدەدا شۆڕشی پیشەسازی پرۆلیتاریایەکی زۆروزەبەندی درووستکرد، سۆسیالیزمیش تەشەنەی سەند لە بەرئەوەی هیچ ڕێباز و بیروباوەڕێکی تر نەبوو وەڵامی پێداویستی و ئومێد و ترسەکانی چینی کرێکار بداتەوە. هەروەها لیبراڵیزم لە کۆتاییدا توانی سۆسیالیزم ببەزێنێت تەنها بە هەڵگرتنەوە و گرتنە ئەستۆی باشترین بەش و پرۆگرامی سۆسیالیستی. لە سەدەی بیستویەکدا لەوانەیە ئێمە گەواهیی درووستبوون و هاتنەئارای گەورەترین چینی بێ-کار بین. بە گشتی خەڵکی بێبەشدەکرێت لە هەر بەهایەکی ئابوری،سیاسی و هونەریی، هەروەها ناتوانێت بەشداری بکات لە بوژاندنەوە، دەسەڵات، شکۆ و گەشەپێدانی کۆمەڵگا. ئەم "چینە بێ‌کەڵک"ـە بە تەنها بێ‌ئیش و بێکار ناکرێت بەڵکو هەروەها ئیشی پێنادرێت و یان ئیشی پێ ناکرێت.

 

لە سیپتەمبەری ٢٠١٣دا، دوو توێژەری زانکۆی ئۆکسفۆرد، کارل بەندیکت و مایکڵ ئەی ئۆسبۆرن، کتێبێکیان بە ناوی "داهاتووی بێکاری" بڵاوکردەوە تێیدا ڕاپرسییان لە سەر ئەگەرێتی چەندین پیشەی جیاواز کردبوو کە دەکرێت لە لایەن ئالگۆریتمە کۆمپیوتەرییەکان لە بیست ساڵی داهاتوود زەوتبکرێن و دەستیان بە سەردا بگیرێت. هەروەها مەزەندەی ئەوەیان کرد کە ٤٧% کارە جۆربەجۆرەکانی ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدا بکەونە ژێر ڕیسک و مەترسیەوە. بۆ نمونە، ئەگەری ٩٩% هەیە کە تاکو ساڵی ٢٠٣٣ ئەو کەسانەی کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە کڕین و فرۆشتن ئەنجام ئەدەن لە گەڵ بیمەکەر واتا کارگێڕی کۆمپانیای بیمە بە هۆی ئەلگۆریتمەوە کارەکانیان لە دەست بدەن. ٩٨% ئەگەری ئەوەش هەیە هەمان شت بۆ ناوبژیوانانی وەرزش ڕوبدات. کاشێرەکانیش بە هەمان شێوە٩٧%. شێفەکان ٩٦%. کارگوزارەکانیش ٩٤%. یاریدەدەری پارێزەران ٩٤%. ڕێبەری گەشتیاران ٩١%. نانەواکان ٨٩%. شۆفێری پاسەکان ٨٩%. کرێکارانی خانوبەر و بیناکان ٨٨%. یاریدەدەرانی ڤێتەرنەری ٨٦%. پاسەوانی ئەمنی ٨٤%. دەریاوانەکان ٨٣%. ساقی واتە مەیخانەچی ٧٧%. ئەرشیڤکاران ٧٦%. دارتاش ٧٢%. پاسەوانی مەلە ٦٧%. بە دڵنیاییشەوە هەندێک لە کارەکان ڕزگاریان دەبێت. ئەگەری ئەوەی کە ئەلگۆریتمە کۆمپیوتەریەکان، شوێنەوارناسەکان(ئارکیۆلۆژیستەکان)  بێ‌ئیش بکەن و لە کارەکانیان لابدات و شوێنیان بگرێتەوە  لە ٢٠٣٣ تەنها بریتیە لە ٠.٧، لە بەرئەوەی ئیشەکە تا ئاستێکی زۆر پێویستی بە چەندین جۆری ئاڵۆزی ڕوونکردنەوە و شێوازی ناسینەوە هەیە هەروەها قازانجێکی زۆریش بەرهەمناهێنێت، ڕێشی تێناچێت حوکمەت یان هەر دامەزراوەیەک  تاکو بیست ساڵی داهاتووش بۆ وەبەرهێنانی پێویست کایەی ئارکیۆلۆژی ئۆتۆماتیزە بکەن.

بە دڵنیایەوە، لە ساڵی ٣٠٣٣دا لەوانەیە زۆرێک لە کار و پیشەی جۆربەجۆری نوێ دەرکەوێت و پەیدا بنن، بۆ نمونە، دیزاینەرەکانی جیهانی مەجازی. بەڵام وەها پیشەیەک لەوانەیە پێویستی بە بەهرەدارێتی و گونجاوبوون بکات بەراورد بە پیشەکانی بازاڕی ئێستا، هەروەها ئەوەش ڕوون نیە کە ئاخۆ دەکرێت کاشێر و بریکارەکانی بیمەکردن کە تەمەنیان ٤٠ ساڵە، دەتوانن سەرلەنوێ خۆیان وەک دیزاینەری جیهانی مەجازی و ڤێرچواڵ دابهێننەوە یان بەرهەمبێننەوە. (وێنای دونیایەکی مەجازی بکە کە لە لایەن بریکارێکی بیمەکەر درووستکرابێت!). تەنانەت ئەگەر بتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن، هەنگاوی پێشکەوتن بە جۆرێک دەبێت کە تاکو دەیەیەکی دیکەش زەحمەت دەبێت بتوانن خۆیان سەر لە نوێ دابهێننەوە. لە دوای هەموو ئەمانە، ڕەنگە ئەلگۆریتمەکان بتوانن لە دیزاینکردنی جیهانی مەجازیدا بە سەر مرۆڤدا سەرکەون. کێشەی بنەڕەتی بریتیە نیە لە دروستکردنی ئیشی نوێ. بەڵکو بریتیە لە دروستکردنی ئیشێکی نوێ کە مرۆڤ بتوانێت باشتر لە ئەلگۆریتمەکان پێی هەستێت و ئەنجامی بدات.

ئێمە نازانین لە ماوەی ساڵانی ٢٠٣٠ بۆ ٢٠٤٠ ئیش و کارەکانی بازاڕ چۆن دەبن، ئەمڕۆ هیچ ئایدیایەکمان لە بەردەستدا نیە بزانین چۆن منداڵەکانمان فێر بکەین. بە زۆری ئەوەی ئەوان حاڵی حازر لە خوێندنگەکان فێری دەبن لەوانەیە پەیوەندی نەبێت بەو سەردەمەی کە تێیدا تەمەنیان دەگات بە چل ساڵی. بە پێی دەستوری کۆمەڵایەتی کۆن، ژیان دابەش دەبێت بۆ دوو پارچەی سەرەکی: خول و ماوەی فێربوون، لە گەڵ ماوەی ئیشکردندا. بە زوویی ئەم مۆدێلە نەریتیە بە تەواوی کۆن دەبێت، هەروەها تاکە ڕێگە بۆ مرۆڤ بۆ ئەوەی لە یاریەکە بمێنێتەوە پێویستە بە تەواوی ژیانی خۆی بەردەوام هەوڵی فێربوون بدات و خۆی پەروەردە بکات، دیسان خۆی بە شێوەیەکی لە سەریەکیش دابهێنێتەوە. بەشێکی زۆری مرۆڤەکان گەر زۆرینەیان نەبێت ناتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.

 

بارودۆخی تەکنەلۆژیای ئایندە لەوانەیە پەسەندی خۆراکپێدان و پشتگیری خەڵکی بکات تەنانەت بەبێ هەر کۆشش و هەوڵێک کە لە لایەن خۆیانەوە بدرێت. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چ شتێک ئاسوودە و نیشتەجێیان دەکات؟ تەنها یەک وەڵام، دەشێت دەرمان و یارییە کۆمپیوتەریەکان بێت. لەوانەیە خەڵکە نا-پێویست و بێکەڵکەکە کاتێکی ئێجگار زۆر بۆ یاریە سێ ڕەهەندەکانی جیهانی واقعی مەجازی تەرخان بکەن و بەکارببەن، وە ئەو جیهانەش کاتێکی بەچێژ و کاریگەر و ئاسودەی ناکۆتایان بۆ دەستەبەربکات بەراورد بە واقعە وشکەکەی دەرەوە. لە گەڵ ئەوەشدا جۆرە پێشکەوتنێکی وەها دەکرێت لێدانێکی توند ئاراستەی باوەڕی لیبراڵ بکات لە ژیانی پیرۆزی مرۆڤ و ئەزموونە مرۆییەکان. ئەو کات دەکرێت بڵێن دەشێت چ شتێک پیرۆز بێت دەربارەی خەڵکە هەژارە بێکەڵک و بێ سودەکە کە ڕۆژەکانی خۆی بە خواردنی ئەزموونە ساختە و دەستکردەکانەوە تێدەپەڕێنێت؟

هەندێک لە پسپۆر و بیرمەندان، وەک نیک بۆسترۆم هۆشداری ئەوەیان داوە کە مرۆڤایەتی دوور نیە پلە و پایەی خۆی لە دەستبدات و دووچاری لێک هەڵوەشاندنەوە بێت، لە بەرئەوەی دەکرێت هۆشی دەستکرد ڕۆژێک هۆش و زیرەکی مرۆڤ تێپەڕێنێت و سەرکەوێت بە سەریدا، هەروەها دەکرێت بوونی مرۆڤ لە ناوبدات و بنەبڕیبکات. لەوانەیە هۆشی دەستکرد ئەم کارە ئەنجام بدات یانەکو لە بەر ترسی ئەوەی کە مرۆڤایەتی لە دژی هەستێت و هەوڵبدات پلاکەکەی ڕاکێشێت و لە کارەبا دەریبێنێت و توانەکەی لێبسێنێتەوە ئەنجامی نەدات، یان بە دواداچوون بۆ هەندێک لە ئامانجەکانی خۆی کە ناتوانرێت سەریلێدەربکرێت و لێی تێبگەیت بکات. بۆ ئەمەش تا ئەندازەیەکی زۆر سەخت و دژوارە بۆ مرۆڤ کە بتوانێت کۆنترۆڵی بزوێنەری سیستەمێک بکات کە لە خودی خۆی زیرەکتر و بە تواناترە.

هەتا پرۆگرامکردنی پێشکەوتوانەی سیستەمێکی هۆشی دەکرد لە گەڵ ئامانجە باشە ڕواڵەتیەکانیدا دەکرێت کاریگەریەکی پێچەوانەی ترسێنەری هەبێت. یەکێک لە سیناریۆ وێناکراوە باوەکان بریتی بوو لە دامەزراوەیەک کە هەستا بە دیزاینکردنی یەکەمین هۆشی دەستکردی بەرز، هەروەها دامەزراوەکەش هەستا تێست و تاقیکردنەوەیەکی بە هۆشی دەستکردەکە بەخشی، کە ئەو تاقیکردنەوەش بریتی بوو لە تێستی ژماردنی ڕێژەی نەگۆڕ. پێش ئەوەی هیچکەسێک درکی ئەوە بکات کە چی ڕووئەدات، هۆشی دەستکردەکە دەستیگرت بە سەر هەسارەکە، ڕەگەزی مرۆڤی سڕییەوە، کەمپینی داگیرکردنی کۆتایی گالاکەسییەکی دەست پێکرد، هەروەها تەواوی گەردوونی زانراوی گۆڕی بۆ سۆپەر کۆمپیوتەرێکی گەورە، بۆ چەندین بلیۆن و سەرو بلیۆن ساڵ بە شێوەیەکی ورد دەستیکرد بە ژماردنی هەتاهەتایی ڕێژەی نەگۆڕ. دوای هەموو ئەمانە، دەکرێت بڵێین ئەوە ئەرکێکی پیرۆزە و درووستکەرەکەی پێی بەخشیوە.

 

 


[1] Abacus

 

 

سەرچاوە: 

https://ideas.ted.com/the-rise-of-the-useless-class/