A+    A-
(1,987) جار خوێندراوەتەوە

 

ژیژەک لە گۆشەنیگایەکى دیالەکتیکییەوە سەیرى پرسى باوەڕ دەکات و لە بۆنەیەکى وەک کریسمسدا دەیخاتەگەڕ. باوەڕ تەنیا شتێکى شەخسى نیە, بەڵکو بەنێو تۆڕێک پەیوەندییدا دەڕوات و لەسەر نیگاى گریمانەیى ئەوانیتر بەندە. کە دەوترێت مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە, مەبەستەکە هەر ئەمەیە, نەک ئەوەى کەسێک لەناو تۆپەڵێک خەڵکى تردا نیشتەجێ ببێت و بەس. زۆرێک لەو شتانەى کە وا دەزانین شەخسى و سوبێکتیڤن, کەچى بەر لە ئێمە لە پانتاییە ڕەمزییە کۆمەڵایەتییەکەوە هاتوونەتەوە بۆمان- لە ئەویترى گەورەوە. ئێمە باوەڕمان نیە چونکە لەڕێگەى ئەوانیترەوە باوەڕدەهێنین("Belief Through Others"). باوەڕ هەمیشە لە ناخێکى داخراوەوە نایەت, بەڵکو پێشوەخت بە دەرەوەیەکى کۆمەڵایەتییدا تێپەڕیوە و بێگەردییە ڕەهاکەى خۆى لەدەستداوە و ئەمەش خەوش نیە بەڵکو سرووشتى کۆمەڵگاى مرۆییە. ئەم نوسینە ڕەخنەى ئەوە دەکات کە کۆمەڵگاکانى ئەمڕۆ هێندەش بێ‌باوەڕ نین. دیوە سیاسییەکەشى لەوێوە دێت کە گەرچى بڕوامان بەم تایپە ژیانەى ئەمڕۆ نەبێت کەچى مادام کەمینەیەک بڕوایان پێیەتى ئیدى ئێمەش بڕوامان پێیەتى(وەرگێڕ).

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لە بەسەرهاتێکى بەناوبانگى ئەنترۆپۆلۆژی‌دا, کاتێک پرسیار لە مرۆڤە سەرەتاییەکان دەکرێت سەبارەت بەو بیروباوەڕە خورافییانەى دەدرێتە پاڵیان و گوایە ڕیشەیان دەچێتەوە سەر ماسییەک یان باڵندەیەک, بەم جۆرە وەڵامدەدەنەوە: «شتى وا بوونى نیە, ئێمە ئەوەندە گەمژە نین, بەڵام بیستوومانە هەندێک لە باوباپیرانى ئێوە بڕوایان بەم شتە هەبووە». لەڕاستییدا ئەوان باوەڕەکەى خۆیان دەگوازنەوە بۆ سەر ئەوانیتر. ئاخۆ ئێمەش هەمان کار لەگەڵ مناڵەکانى خۆماندا ناکەین؟ ئێمەش هەر بەو هۆیەوە جەژنى کریسمس یان قەدیس نیکۆلاس دەگێڕین, چونکە مناڵەکانمان بڕوایان پێیەتى و ئێمەش (نابێت) و نامانەوێت هیوابڕاویان بکەین. بەڵام مناڵەکانیش بۆ ئەوەى هیوابڕاومان نەکەن و هەڵبەت بە مەبەستى وەرگرتنى دیاری‌, تەنیا وا خۆیان دەردەخەن کە بڕوایان بەم ڕێوڕەسمە هەیە [بە دەربڕینێکى تر, لێرەدا هەردوولا بەپێى پەیوەندیى گواستنەوەى دەروونشیکارانە بڕوایان بە مەراسیمەکە هەیە و دەردەکەوێت باوەڕ شتێکى نێوبەینییە نەک پڕ و جەوهەرى. جاریش هەیە مولحیدەکان بۆیە دەبنە مولحید چونکە دەزانن کەسانێکى تر بە وەکالەت باوەڕیان هەیە].

ئاخۆ ئەمە هەر ئەو پێویستییە نیە بە کەسێک هەمانە کە «هەربەڕاستى باوەڕى هەبێت»؟ پێویستییەک کە پاڵمان پێوە دەنێت ناتۆرەى فەندەمێنتاڵیزمى دینى بەوانیترەوە بنێین؟ [واتە پێویستمان بە کەسێکى ترە باوەڕى هەبێت تاکو بێ‌باوەڕییە وەهمییەکەى خۆمانى پێ بشارینەوە و هاوکات پێیشى بڵێین تۆ فەندەمێنتاڵیت!]. باوەڕ هەمیشە بە شێوەیەکى سەیروسەمەرە, بە مەودا(distance)وە کاردەکات. ئەم باوەڕە, بۆ ئەوەى کاربکات و کافى بێت, پێویستى بە گەرەنتییەکى تەواو یان باوەڕدارێکى ڕاستەقینەیە. دیارە باوەڕدارێکى وەها ڕاستەقینە, کەسێک نیە بەردەست بێت. بۆ ئەوەى ئەم باوەڕە کارا و کاریگەر بکەوێتەوە, لەبنەڕەتەوە پێویستى بە سوبێکتێکیش نیە کە هەر بەڕاستى باوەڕى هەبێت. بۆ ئەوەى کیفایەت و کارایى هەبێت, هێندە بەسە بوونى باوەڕەکە وەک شەخسێکى ناشەخسى(impersonal) و فیگەرێکى ئوستورەیى بنەڕەتى گریمانەبکەین.

 

 

 

ئاخۆ خودا دەزانێت کە بوونى نیە؟

وا دەردەکەوێت ئەمە دۆخى باڵادەستى باوەڕ بێت لەمڕۆدا, واتە لە سەردەمێکدا کە لافى «پۆست ئایدۆلۆژى‌بوون» لێدەدات. ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە کەلتور وەک چەمک و کاتیگۆرییەکى سەرەکیى ناو ژین‌جیهان(Lifeworld) دەردەکەوێت. ئێمە چیدى «لەڕاستییدا» باوەڕمان نیە, تەنیا دواى کۆمەڵێک ڕێوڕەسمى دینى کەوتووین, ئەویش وەک ڕێزێک بۆ شێوازى ژیانى ئەو کۆمەڵگایەى کە پێیەوە پەیوەستین. «من بڕوام پێى نیە, شتەکە تەنیا بەشێکە لە کەلتورەکەم», فۆرمى زاڵى باوەڕە پێ‌سپێردراوەکەیە [بەوانیتر]. کەلتور ناوێکە بۆ کۆکردنەوەى هەموو ئەو شتانەى کە بەکردەوە دەیانکەین بەبێ ئەوەى باوەڕمان پێیان هەبێت یان بە هەند وەریانبگرین. ئێمە دێین و باوەڕدارە فەندەمێنتاڵەکان وەک خەڵکانى "بەربەرى" و وەک هەڕەشەیەکیش بۆ سەر کەلتورەکەمان ڕەتدەکەینەوە, چونکە ئەوان دەوێرن بەشێوەیەکى جدى باوەڕەکەى خۆیان دەربڕن.

بەپێى نوکتەیەکى کۆنى سەر بە کایەى دەروونپزیشکى, پیاوێک بڕواى وایە مرۆڤ نیە بەڵکو دەنکە گەنمێکە. کابرا لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت و پزیشکەکان چییان پێ بکرێت دەیکەن تاکو قەناعەتى پێ بکەن کە گەنم نیە و مرۆڤە. کاتێک چاکدەبێتەوە و دەتوانێت بنکەکە جێبهێڵێت,  بە ترس و لەرزەوە دەگەڕێتەوە. بە حسێب مریشکێک لە بەر دەرگایە و ئەمیش دەترسێت مریشکەکە بیخوات. دکتۆر پێى دەڵێت: «تۆ مرۆڤیت مرۆڤ, دەنکە گەنم نیت». پیاوەکەش دەڵێت: «ئێ باشە دەزانم مرۆڤم, بەڵام ئایا مریشکەکەش ئەمە دەزانێت؟». دەتوانین نمونەیەکى تریش بێنینەوە کە تێیدا خودا جێى مریشکەکە دەگرێتەوە. لە کۆمەڵگایەکى ڕۆشنگەر و لە سەردەمى تیرۆر و تۆقاندنى پاش شۆڕشدا, پیاوێک هەر لەبەر ئەوەى بڕواى بە خودایە, دەخرێتە زیندانەوە. بە هۆى کۆمەڵێک تەگبیرى جیاجیا, و بەر لە هەمووشى بەهۆى ڕوونکردنەوەیەکى عەقڵانییەوە لەوە دڵنیادەکرێتەوە کە خودا بوونى نیە. هێشتا تەواو بەرنەدراوە دەگەڕێتەوە و بۆیان ڕووندەکاتەوە لە سزاى خودا دەترسێت. خۆ ئەو دەزانێت خودا بوونى نیە, بەڵام ئاخۆ خودا خۆیشى ئەمە دەزانێت؟ [واتە مریشکەکە و خوداش پێگەیەکى گریمانەکراون و بۆ نەستى ئێمە بوونیان هەیە هەتا گەر بێتو خۆیشیان لە بوونى خۆیان یان شێوازى دەرکەوتنى ئێمە تێنەگەن, ئالێرەوەیە کە مرۆڤ ئاگایى تەواو نیە و لە نەست و نائاگایى و پەیوەندییە ناڕاستەوخۆ کۆمەڵایەتییەکان پێکهاتووە و جڵەوى سوبێکت دەکەن].

 

 

دەبێت باوەڕت بە باوەڕ[1] هەبێت  

بەم مانایە, ئەم جۆرە کۆمەڵگایەى ئەمڕۆمان بەراورد بە پێشوو کۆمەڵگایەکى کەمتر ئاتەیست و بێ‌خوایە.  هەموومان ئامادەین گومان و ڕەشبینییەکى تەواوەتى, مەودایەکى سەگباوەڕانە و چەوساندنەوەى «ناوەهمییانە[2]»ـى ئەوانیتر و ڕەفتارى جڵەوبڕانەى سێکسی  و هتد بە مافى خۆمان بزانین, واتە ئەو حاڵەتانەى کە بەهۆى بێدەنگیى ئاگایانەى ئێمەوە درێژە بە خۆیان دەدەن, چونکە ئەویترى گەورە(واتە بیروباوەڕى گشتى) نەدیو و نادیدەیان دەگرێت.

نێڵز بۆر(Niels Bohr), کە وەڵامێکى ڕاست و حازربەدەستى ڕستەکەى ئەنیشتاینى دایەوە کە وتبووى «خودا زار هەڵنادات»(بە خودا مەڵێن چى بکا و چى نەکات), نمونەیەکى پڕپێست دەخاتەڕوو دەربارەى ئەوەى کە نکۆڵیى فیتیشیستیى باوەڕ[3] لە ئایدۆلۆژیادا چۆن کاردەکات. ئەو دەمەى یەکێک لە میوانەکانى نێڵز بۆر, ناڵى ئەسپێک بەسەر دەرگاى ماڵەکەیەوە دەبینێت بە حەپەسانەوە دەڵێت من وەکو کەسانى خورافى بڕوام بەوە نیە ئەم ناڵە بەخت‌وشانسى پێوە بێت. بۆریش دێتە وەڵام و دەڵێت «خۆ منیش باوەڕم پێى نیە, بەڵام بیستوومە گەر باوەڕیشت پێى نەبێت, بەخت‌وشانسى هەر پێوەیە».

ئەمڕۆش هەموومان بەم جۆرە دەجووڵێینەوە. ژمارەیەکى کەم بە ڕاستى بڕواى بە دیموکراسییە و باقییەکەى بەشداریى ئەم گەمەیە دەکات. ژمارەیەک هەن بڕوایان بە دادپەروەرییە, بەڵام ئێمەش پشت بە سیستەمى داد و عەدالەتى خۆمان دەبەستین. ئەم ناکۆکى و دژگۆییە دەریدەخات کە بە چ شێوازێک و چۆنچۆنییش هەڵسوکەوت وەک شتێکى ڕەنگدەرەوە(reflexive) کاردەکات. [بۆنمونە باوەڕ هەڵسوکەوتێکى جەوهەرى نیە, بەڵکو باوەڕهێنانە بە باوەڕ و لێرەوە دەبنە ڕەنگدانەوە و تیشکدانەوەى یەکتر. مادام کەمینەیەک باوەڕى بە شتێکە, ئیدى باقییەکەشمان باوەڕى ڕاستەوڕاستمان پێى نەبێت ئاساییە و ئەوان لەجیاتیى ئێمە باوەڕ دێنن و ئێمەش لەسەر باوەڕهێنانەکەى ئەوان باوەڕێکى ناخودئاگایانە و شاراوە بنیاتدەنێین]. کێشەکە تەنیا باوەڕێکى سادە نیە, بەڵکو ئەوەیە دەبێت باوەڕ بە خودى باوەڕ بێنین. بۆیە کیرکەگارد لەسەرحەق بوو کاتێک پێى‌وابوو ئێمە لەڕاستییدا باوەڕدار نیین(دەرهەق بە مەسیحیەت), بەڵکو تەنیا باوەڕمان وایە باوەڕمان هێناوە. نێڵز بۆریش دەمانخاتەوە بەرامبەر ناکۆکیى لۆژیکیى ناو ئەم هەڵسوکەوتە.

 

 

 

 


[1] belief

[2] illusionless

[3] fetishistic denial