A+    A-
(2,195) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:

ئامادەکردنى: بۆتان بەختیار + (پاشکۆى کتێبى ئۆبێکتى باڵاى ئایدۆلۆژیا)

 

 

 

 

 

پۆپۆلیزم "populism"- عەوامگەرایى

بزووتنەوە یاخۆ پڕۆگرامێکی سیاسییە، بە زۆری لە کاتی هەبوونی گلەیی و گازندەی چینێکی کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات و هەوڵی رازیکردنی عەوام دەدات. سەرەتای بەکارهێنانی چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٩.کەس، ڕەوت یان حیزبی پۆپۆلیستیی هەمیشە لە هەوڵی گەورەکردنی ناڕەزایەتیی و گازندەکانە سەرەڕای بچوکییان، ئەویش لەبەر بەدەستهێنانی دەنگی عەوام. لە بنەڕەتدا بزووتنەوەی پۆپۆلیزم، هیچ ئایدیا یاخۆ ئایدۆلۆژیایەکی نییە و بێبەرنامەیە. واتە، تاکە ئامانجی پۆپۆلیزم قاییلکردنی خەڵکی  عەوامە.  هەر بەرنامەیەک یان سیستمێکی سیاسیی پۆپۆلیزم بوونیادیبنێت، ناتوانێت پلانی درێژخایەنی هەبێت و بیخاتە بواری جێبەجێکردن. بە کورتی، هەمیشە چینی دەسەڵاتدار و نوخبە لەلایەن پۆپۆلیستەکانەوە ناشیرین دەکرێن. تێڕوانینی جیاوازی پۆپۆلیستی لەمڕ ناساندن و شوناسدان بە خەڵك هەیە، دەکرێت ئەم جیاوازییە لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی، ئەتنیک(نەژادی) یان نەتەوە دروستبێت. پۆپۆلیستەکان هەمیشە پێیان وایە دەسەڵاتداران لە هەوڵی قۆرخکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکدان بۆ مەرام و مەبەستی قێزەونی خۆیان.

بە گشتی، بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لەلایەن کەسێکی کاریزماتیک و دیار و بەرچاوەوە ڕێبەریدەکرێن کە خۆیان وەک دەنگی گەل و حەشامات نیشاندەدەن. لە پەندۆڵی سیاسیدا پۆپۆلیزم بە لایەکدا ناکەوێت و سەر بە لایەکی دیاریکراو نییە: واتە دەکرێت چەپڕەو یاخۆ ڕاسترەو بێت، لێرەشەوە دەکرێت پۆپۆلیزم پەیوەستی کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیای تری وەک ناسیۆنالیزم، لیبرالیزم یان سۆسیالیزم بێت.

 لە دیدگا و پێریسپێکتیڤی شارەزایانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، پۆپۆلیزم دەلالەت لە تێهەڵکێشبوونی خەڵک و بڕیارە سیاسییەکان دەکات.  گەر بگەڕێینەوە بۆ ئێرنێستۆ لاکلاو، پۆپۆلیزم هێزێکی ئازادی کۆمەڵایەتییە کە لە هەناوی هێزە پەرەوێزییەکانەوە دژایەتی ستراکتۆری دەسەڵات دەکات.

شوێنگە و سەرەتای چەمکی پۆپۆلیزم:

لە سەرەتای سەدەی ١٩ دا، چەمکەکە هاوشانی هەڵکشانی دیموکراسییەت گەشەیکرد[ هەرچەندە مشتوومڕ لەسەر بنەڕەتی پۆپۆلیزم زۆرە، هێندێک دەڵێن دیاردەیەکی مۆدێرنە و هێندێک دەڵێن پێش مۆدێرنەش پۆپۆلیزم هەر هەبووە]. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، چەمکی پۆپۆلیزم لەنێو زانایانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان گەشەی بەرچاوی بەخۆوە دی، و لە کۆتاییەکانی سەدەی ڕابردوودا پۆپۆلیزم دزەی کردە نێو دیموکراسییەتی لیبراڵێ. لە سەدەی ٢١ دا، پۆپۆلیزم پەلیکێشایە نێو  گووتاری سیاسییەوە[ فەزای مەجازیی ئاسانکارییاکی باشی کردووە لەم نێوەندەدا].

پۆپۆلیزم لە ڕێگەی سێ میدیۆم(ناوەند یان نێوانگر)ـەوە خۆی نیشاندەدات

سەرۆک، حیزب و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی

سەرۆکی پۆپۆلیست: عادەتەن پۆپۆلیزم پەیوەستی سەرۆکە کاریزمایی و زاڵەکانە. ئەم سەرۆکانە لە ڕێگەی ڕیتۆریک و تەڵەی زمانەوە خەڵکی عەوام تەڵقین دەدەن، بە جۆرێک وەک بڵێی سەرۆک پشکێکی لە خۆشەویستی خۆی بۆ هەریەکێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا تەرخانکردوە و بەخشیوە. زۆرجار ئەم سەرۆکانە خۆیان وەک فریادڕەس و ڕزگارکەری خەڵک نیشاندەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەو وەهم و ساوێرەی کە وا هەستدەکەن کۆمەڵێک توانایان هەیە کە کەسی تر نییەتی، زۆر جار سەرۆکەکان وا خۆیان دەردەخەن کە خۆیان و بەرژەوەندییە کەسییەکانیان خستۆتە لاوە لە پێناوی خەڵك.

حیزبی پۆپۆلیستی: مەرج نییە هەمیشە حیزبی پۆپۆلیستی دژ بە وەرگرتنی دەسەڵات بێت و شانازی بە ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆیەوە بکات، چوونکە زۆرجار سەرۆکی پۆپۆلیست خۆی وەک نوێنەری گەل نیشاندەدات و بە بەدەستهێنانی دەسەلات دەتوانێ خواست و ویستی گەل بێنێتەجێ. لە زۆر دۆزی جیاوازدا حیزبە نا پۆپۆلیستییەکان بوونەتە پۆپۆلیست، وەک حیزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، کە حوکمی بەشی خۆرهەڵاتی ئەڵمانیای دەکرد، بەڵام دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا ئەم حیزبە تووشی پەڕینەوە هات و بووە پۆپۆلیست.

بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پۆپۆلیستی: ئەم بزووتنەوانە زۆر بە دەگمەنی بەدەردەکەون، کە دەردەکەون زیاتر تێڕوانینیان لەسەر سنووردارێتییە کۆمەڵایەتییەکانە نەک هاوشوناسبوون لەگەڵ خەڵک. زۆر بە کەمی ئەم بزووتنەوانە دەتوانن بەردەوامی بە خۆیان بدەن، بۆ نموونە، بزووتنەوەی ئۆکیوپای بە کاتێکی کەم دوای گەشي سەرەتاییەکەی پوکایەوە و نەما.

لە کوردستانیش کۆمەڵێك بزووتنەوەی پۆپۆلیستی وەک گۆڕان و نەوەی نوێ دەرکەوتن و هەر زوو خۆریان ئاوا بوو، دیارە ئەم حیزبە پۆپۆلیستییانە جیا لە گەورەکردنی کێشەکان و شانازیکردن بە ئۆپۆزسیۆنبوونیانەوە چیتریان لە هەگبە نەبوو. بەو پێیەی عەقڵانییەت هێشتا ڕەگی دانەکوتییوە لێرە، عەتف و حەماسەت خەڵک باش دەجوڵێنێنن و دوای ئەيمانەیان دەخەن.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

پۆتانشێڵ(potential)

لە فەلسەفەدا، پۆتانشێڵ یان پۆتێنشیاڵ(ماتەوزە) و ئەکچواڵ(کردەکى actual)، دوو بنەمای لێک نزیکی ئەریستۆن کە بۆ شیکاریی جووڵە، هۆکارێتی، ئەخلاق و فیزیۆلۆژیا لە بواری مێتافیزیک، ئەخلاق و فیزیادا بەکاریدەهێنان. کە دەربارەی زەینی مرۆڤن. لەم سیاقەدا چەمکی پۆتانشێڵ شیمانەی وتنی شتێکە کە دەتوانرێت بەدەستبێت[ واتە شتێک کە هێشتا پڕاکتیزە نەکراوە و نەبوەتە کردار و مات و نووستوە]. ئەریستۆ هەموو شیمانە و گریمانەکانی وەک یەک تەماشا نەکردووە، و جەختی لەسەر ڕاست وەرگەڕانی ئەو گریمانانە کردووە لە کاتی پێویستدا. ئەم چەمکە لە فۆڕم و ڕوواڵەتی جیاوازدا، کاریگەری دیاری لەسەر تیۆلۆژیا[ئاینناسی]ی سەدەکانی ناوەڕاست هەبووە و لە دنیای مۆدێرندا، لە پرسە سرووشتییەکان و تێگەیشتن لە سرووشتدا کاریگەریی هەبووە. لە ڕووی تێرمینۆلۆژی[زاراوەزانی]ەوە چەمکەکە ڕۆڵی تر وەردەگرێت، بەڵام کەمێک شێواندن و گۆڕین لە نووسینەکەیدا هەیە. دیارترین وشەکان کە لە پۆتانشێڵەوە داڕێژراون وزە[Energy] و جووڵە[Dynamic]ن. ئەم وشانە بۆ یەکەمجار لەلایەن زانا و فەیلەسووفە ئەڵمانی گۆتفرێد لایبینتزەوە لە بواری فیزیادا بەکارهێنران.

 

ئێتیمۆلۆژیا[ڕیشەناسی وشە]ی پۆتانشێل.

ڕیشەی پۆتانشێڵ دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانی کۆن، کە هاوتاکەی لە زمانی یۆنانیدا دەکاتە دونامیس. سەرەتا چەمکەکە لەلایەن ئەریستۆوە وەک هاودژێکی ڕاستەقینە بەکاریهێنا. لە فەلسەفەدا، ئەریستۆ جیاوازی لە نێوان هەردوو ماناکەی دوونامیسدا دەکات. بەپێی تێگەیشتنی ئەریستۆ بۆ سرووشت، پۆتانشێڵ دوو مانا وەردەگرێت، یەکەم واتە شتێک ئەگەری ڕوودان یان ڕوونەدانی هەبێت، دووەم واتە چۆن شتێک دەکرێت بە باشترین شێوە ئەنجام بدرێت.

 

دونامیس[پۆتانشێڵ]

ئەریستۆ جیاوازی لە نێوان هەردوو ماناکەی دونامیس[پۆتانشێڵ]دا دەکات. لە بنەڕەتییترین ئاستدا، دونامیس توانای درووستکردنی گۆڕانە، هەرشتێک هەڵگری پۆتانشێڵە کاتێک بتوانێت گۆڕین لە شتێکی تردا درووستبکات. دووەم مانای دونامیس-ئەریستۆ زیاتر بەم مانایە بەکاریهێناوە-، بریتییە لە فراوانیی و کاپاسیتییەک کە وات لێکات زیاتر و بە شێوەیەکیی جیاوازتر لە دۆخێکی تەواوتر و کاملتردا بمێنیتەوە.

 

جووڵە

کاتێک ئەریستۆ باس لە جووڵە دەکات، جیاوازە لە جووڵە لە زانستی مۆدێرندا. پێناسەی ئەریستۆ بۆ جووڵە بەندە بە جیاوازیی نێوان پۆتانشێڵ و ڕاستەقینە. ئەریستۆ جووڵە وەک بە ڕاستەقینەبوونی پۆتانشێڵ[ماتەوزە] دادەنێت. بۆ نموونە، جووڵەی تۆپێک وەگەڕخستن و بەڕاستەقینەکردنی پۆتانشێڵی تۆپەکەیە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

ئایدۆلۆژیا

فۆڕمێکی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە هۆکاری ڕوونکردنەوە و گۆڕینی جیهانە. سەرەتای چەمکەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی، واتە چەمکەکە لە فەڕەنسا سەریهەڵدا. چەمکەکە لەلایەن دێستی دۆ تراسییەوە ناسێنرا کە لای ئەو بە مانای زانستی ئایدیاکان دەهات. وەک خۆی دەڵێت ئەم بیرۆکەی لە مەعریفەناسییەکای جۆن لۆکەوە وەرگرتووە، کە پێە وابووە هەموو زانستی مرۆڤایەتیی زانستی ئایدیاکانە. سەرهەڵدانی ئایدۆلۆژیا بۆ بونیادنای سیستەمێکی عەقڵانی دژی ناعەقڵانیەت بوو، هەرچەندە لە فەلسەفەی هاوچەرخدا مانا و مەدلوولی جیاوازی هەیە، هەندێک جاریش بە مانای جیهانبینی دێت.

ئایدۆلۆژیای سیاسی

لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئایدۆلۆژیای سیاسی کۆمەڵیک پرەنسیپ، ڕێباز، ئەفسانە یان ڕەمزی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە باس لە چۆنیەتی کارکردنی کۆمەڵگا دەکات. ئایدۆلۆژیای سیاسی دوو ڕەهەندییە:

  1. ئامانج: چۆن کۆمەڵگا دەبێت کاربکات.

٢.میتۆد[مەنهەج]: باشترین ڕێگا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان

کۆمەڵناسی

کۆمەڵناسەکان ئایدۆلۆژیا وەک باوەڕێکی کەلتوری پێناسەدەکەن کە ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان درووستدەکات. گرووپە باڵادەستەکان ئەم باوەڕە کلتوورییانە بەکاردێنن بۆ ڕێکخستنی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ درێژەدان با ماوەی دەسەڵاتەکەیان. ئایدۆلۆژیاکان سیستەمی ڕەمزی کۆمەڵگاکان بەکاردێنن بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی هیراشی[ واتە بەپێی پلەبەندیی و چینایەتی]. ئایدۆلۆژیای زاڵی کۆمەڵگا لەڕیگەی میدیا، خێزان، پەروەردە و ئاینەوە دەگوازرێتەوە. هەرکاتێک کۆمەڵگاکان توشی گۆڕان هاتبن لە مێژوودا، ئەوا ئایدۆلۆژیاکانیش گۆڕاون.

 

 

مەبەستی سلاڤۆی ژیژەک لە "ئایدۆلۆژیا" چییە؟

کاتێک زۆرینەی خەڵك گوێبیستی چەمکی "ئایدۆلۆژیا" دەبن، دەستەیەک لە بیروباوەڕی سۆسیۆ-پۆلیتیکیی بە مێشکییاندا دێت کە عادەتەن بە "ism١ کۆتاییان دێت، وەک کۆمۆنیزم، لیبرالیزم و هتد. کاتێک ژیژەک ئایدۆلۆژیا بەکاردێنێت، ئەم چەمکە مانایەکی مارکسی هەیە. بە مانا مارکسییەکەی، ئایدۆلۆژیا زنجیرەیەک گوتارە کە خەڵک بۆ ئایدیا و بیروبۆچوونی هەڵە پاڵدەنێت. ئەو دەمەی خەڵک دەکەونە ناو ئەم ئایدیایانەوە، ئاگاییەکی هەڵە و شکاوە دەربارەی جیهان پەرەپێدەدەن. بە بۆچوونی مارکس، هیچ کۆمەڵگایەک بەبێ ئایدۆلۆژیا، بۆ ماوەیەکی زۆر کارناکات. بۆ نموونە لە ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئاین وەک ئایدۆلۆژیایەک بۆ پاڵپشتیکردنی ستراکتۆری کۆمەڵایەتیی بەکاردەهات. خەڵکی ئەڵقەلەگوێ بە چەشنێک تێگەیەنرابوون کە ئەوانەی لە دەسەڵاتدان لەلایەن خوداوە دانراون، جیهانییش بەو جۆرە کاردەکات کە دەسەڵاتێکی بڵندنشین و موتەعال فەرمانیکردووە. بێگومان ئەو خەڵکەی هەر لە بنەڕەتەوە کۆیلەبوون وایاندەزانی کۆیلەبوون پلەیەکە خودا دایناوە و ئەوە پشکی ئەوانە لە ژیان.

ژیژەک لەگەڵ ئەم ئایدیایە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت. لەگەڵ ئەو گەشەپێدانەی لویی ئاڵتۆسێر لە ئایدۆلۆژیادا کردی، سلاڤۆی ژیژەک سایکۆلۆژیا دێنێتە ناو ئایدۆلۆژیاوە بۆ تێگەیشتنى زیاتر لێى. لەکاتێکدا بۆ مارکس ئایدۆلۆژیا کردەیەکی ئاگاییانەیە، لای ژیژەک ئایدۆلۆژیا دەبێتە دیاردەیەکی نائاگاییانە کە هاوکارە لە شەقڵدان بە جیهان. ژیژەک هاوکاریی لە ئاڵتۆسێر وەردەگرێت کە ئایدۆلۆژیای لەگەڵ دەروونشیکاریی ژاک لاکان تێهەڵکێشکرد. بەپێی لاکان، ئێمە کارلێک لەگەڵ جیهان بەو شێوەیە ناکەین کە هەیە، بەڵکو بەوشێوەی کە لە ڕێگەی زمانەوە خۆی دەنوێنێت. بەهۆی ئەم دابڕانەوە، ئایدۆلۆژیا لە چییەتیی جیهانەوە دادەبەزێتە چۆنیەتی تێڕوانینی ئێمە بۆ جیهان. لە ئاستێک و مانایەکی تایبەتدا کە دینۆ فێلوگا بەکاریدێنێت، ئایدۆلۆژیا ڕەنگدەرەوەی جیهانی ڕاستی نییە، بەڵکو نوێنەرایەتیی پەیوەندیی خەیاڵی تاکەکان دەکات. بە مانایەکی تر، بەهۆی پشتبەستنمان بە زمان بۆ دامەزراندنی واقیعەکەمان، هەمیشە لە ئایدۆلۆژیاداین. بەم مانایە، ئایدۆلۆژیا ڕۆڵێکی نوێ وەردەگرێت. ئایدۆلۆژیا چیتر چۆنیەتیی کارکردنی جیهان لە خەڵک ناشارێتەوە، بەڵکو بە پلەى یەک هاوکاریانە لە شەقڵدان بە جیهان. ڕەنگە بەم نوکتەیەی ژیژەک باشتر تێبگەین: پیاوێک دەچیتە ڕێستۆرانتێک، لەسەر مێزێک دادەنیشێت و دەڵێت بە گارسۆنەکە، " قاوەیەکی بێ‌توێژم بۆ بێنە". دوای ٥ خولەک، گارسۆنەکە دێتەوە و دەڵێت، " ببورە بەڕێز، قاوەی لەو جۆرەمان نییە، دەکرێت بێ‌شیر بێت؟!

ئەم نوکتەیەیە لە فیلمی نینۆچکادا دەریدەخات کە هەمان ئۆبێکت-قاوە-، دەکرێت بەوشێوەی کە دەمانەوێت بەپێی بیرکردنەوەمان بیگۆڕین. لە کاتێکدا قاوەکە بەشێوە فیزیکییەکەی هەر هەمان قاوەیە، ئایدۆلۆژیا، کە کاریگەریی لەسەر تێڕوانینی نائاگاییانەی ئێمە هەیە لەمەڕ جیهان، یەکێکە لە فاکتەرەکان کە دیاریدەکات ئێمە قاوەکە بێ توێژ یان بێ شیر دەبینین.[ قاوە لێرەدا وەک میتافۆڕی هەمووشت بەکارهاتووە]. بە تێڕوانینی ژیژەک، پێشوەختە هەموومان کاریگەری ئایدۆلۆژیامان لەسەرە، تەنانەت کاتێک پێمان وایە لە ئایدۆلۆژیا دەرچووین. [ژیژەک لە ڕێنوێنی لادەری ئایدۆلۆژیادا دەڵیت، ئەو دەمەی پێمان وایە لە ئایدۆلۆژیا دەرچووین، ئەوا ئەو کاتە بەفیعلی لە ئایدۆلۆژیاداین]. ئەى پۆست- ئایدۆلۆژیا چیە؟

کەسانێکی وەک ڕیچارد ڕۆرتی و تۆنی بلێر و زۆرى تریش پێیان وایە لە سەردەمی پۆست-ئایدۆلۆژیادا دەژین. بە بڕوای ژیژەک، دەرکەوتنی ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە ئەم ئایدۆلۆژیایانە گەشتونەتە ئەوپەڕی خۆیان، بەجۆرێک توشی تووندبوونەوە هاتوون کە چیتر نەبینرێن. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە، نموونەیەکی تری ژیژەک بەکاردێنین، بڕواننە ئەو هەموو خەڵکەی کە چیتر بەدیلێک بۆ سەرمایەداری لیبرالی نابیننەوە، ئەوانەی پێیان وایە کە تەنها دەکرێت کۆمەڵیک گۆڕانیی بچووک لە سیستەمدا بکرێت. ژیژەک پێی وایە ئەم جۆرە بیرکردنەوە، خودی ئایدۆلۆژیایە. بابەتەکە ئەوە نییە کە بەدیلێک بۆ سەرمایەداری نەبێت، هەیە، بەڵام خەڵک بەجۆرێک ڕۆچونەتە ئایدۆلۆژیای سەرمایەداری کە هیچ رێگەیەک بۆ بوونیادنان و وێناکردنێکی کۆمەڵگایەکی تر نابیننەوە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

 

 

 

ژویسانس(jouissance)

وشەیەكی فەڕەنسییە و لای لاكان بە مانای زیادە-چێژ دێت. واتە دواسنوری نێوان چێژ و تێپەڕین لە چێژە. هەركات سنوری چێژمان بەزاند، ئەوا چێژ دەبێتە ژان. واتە ژویسانس ئەو ڕووبەرە ترسناك و بەئازارەی ئەودیوی چێژە ئاساییەكەیە. لاكان ئەم چەمكەی لە پرەنسیپی چێژی فرۆیدەوە سازكردووە كە بەپێچەوانەی ڕواڵەتی وشەكەوە ئاماژە نیە بۆ چێژ بەڵكو ئاماژەیە بۆ سنورداركردنی چێژ. چونكە كەلتور و شارستانیەت بەرمەبنای سنورداركردنی چێژ درووستبوونە و لێرەوە یاسا و ڕێساكان هاتوونەتەكایەوە.  دیارە چێژ لە دەروونشیكارییدا، هەر چێژە دەروونییەكە نیە بەڵكو دەكرێت دەزگا و ئایدۆلۆژیاكانیش هەڵگری چێژ بن. واتە چێژ تەعبیرە لە سنورێكی هێرمۆنۆتیكی و تەنانەت سیاسی و كۆمەڵایەتییش كە بوونی شتەكان ڕادەگرێت. لە كتێبەكەدا، لە چەند شوێنێك هەر وشەی "چێژ" لەبری ژویسانس دانراوەتەوە و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەر ئاماژەیە بە ژویسانس. لە ئینگڵییزەكەی ژیژەكدا هەردوو وشەی enjoyment و jouissance هاتووە. پێداگریی ژیژەكیش زیاتر لەسەر ژویسانسە نەك چێژێكی ئاسایی باو و بەردەست: چونكە چێژ و زیادەچێژ(ژویسانس) بەجۆرێك بەیەكەوەبەستراون، ئەگەر زیادەچێژ داشكێنین ئەوا خودی چێژیش لەدەستدەدەین. 

 

تراوما(trauma)

بە مانای شۆك و زەربە و هەژانی دەروونی دێت كە مرۆڤ پاش ڕووداوێك یان كارەساتێك تووشی دەبێت. واتە هێرشێكە لە دەرەوەی سوبێكتەوە بۆ سەر سوبێكت. تراوما وەك برینێك بە ژیانی سوبێكتەوە دەمێنێتەوە، بەڵام قابیلی ساڕێژبوون و ڕەمزاندنیشە. تراوما هەركە ڕەمزێنرا و مانای وەرگرت، ئیتر بەجۆرێك لە جۆرەكان ساڕێژدەبێت. لای لاكان تراوما لەم مانا سایكۆلۆژییە دەردەچێت و دەبێتە زاراوەیەكی فیكری و ژیژەكیش ڕەهەندی تری بۆ زیاددەكات. تراوما خۆی لەخۆیدا مانای نیە(وەك ڕیاڵ) و دواتر بەهۆی فەنتازیاوە بەرگەی دەگرین. گەر ژیانی مرۆڤ ڕەمزی بێت، ئەوا تراوما ڕیاڵی ناو ئەم ژیانەی سوبێكتە. تراوما ئەو ئەگەرە بێمانایەیە كە مانای ژیانی سوبێكت ڕادەگرێت.

 

خاڵی داكوتان(nodal point)

دەكرێت خاڵی دوورینەوە و تەقەڵڕێژییشی پێ بوترێت. چەمكەكە ڕیشەیەكی زمانەوانی/فەلسەفی/دەروونشیكاریی هەیە و ئەركەكەی بریتییە لە جیاكردنەوەی سنوری مانایی ئایدۆلۆژیاكان. یاخود، دالەكان لەناو زماندا سەرلێشێواو و بێمانان و ئەوە خاڵی داكوتانە لەم سەرلێشێواوییە ڕزگاریاندەكات. تۆنی مایەرز لە كتێبەكەیدا خۆیدا دەربارەی فەلسەفەی ژیژەك دەنوسێت:  «خاڵی داكوتان/ یان بە مانا دەقاودەقەكەی دەبێتە "دوگمەی سەر قەنەفە"». ژیژەك دەڵێت، هەر بەو جۆرەی كە دوگمەیەكی سەر قەنەفە، ئیسفەنج و پەمووەكانی ناو دۆشەكەكە لە خاڵێكدا توند دەبەستێت و ناهێڵێت پەرش و بڵاو ببنەوە، یان لە سوچێكدا كۆ ببنەوە، خاڵی داكوتانیش "دال"ێكە ناهێڵێت مانا لەناو لێفەی ئایدۆلۆژیادا بەملاوبەولادا بخزێت. بە دەربڕینێكی تر، خاڵی داكوتان بازنەیەكی ئایدۆلۆژی یەكپارچە و یەكگرتوو دەكات و شوناسێكی پێ دەبەخشێت. بۆ نموونە، «ئازادی» خۆی بۆ خۆی وشەیەكی كراوە و نەرمە و دەكرێت ماناكەی بەپێی سیاق و ناوكۆیی بەكارهێنانەكەی بگۆڕێت. تەفسیری ڕاستڕەوانە بۆ ئەم وشەیە، ڕەنگە بۆ وەسفكردنی ئازادیی تێڕامان بەكاربهێنێت سەبارەت بە بازاڕ، لە كاتێكدا ڕەنگە تەفسیری چەپگەرایانە، وشەكە وەكو ئازادبوون لە كۆتوبەندی نایەكسانییەكانی بازاڕ بەكاربهێنێت. لەبەر هەمان هۆ، وشەی «ئازادی» لە هەموو جیهانە مومكینەكاندا یەك مانای نییە، ئەوەی كە ماناكەی بەپتەوی دەهێڵێتەوە، بریتییە لە خاڵی داكوتانی «چەپەكان» یان «ڕاستڕەوەكان». ئەوەی لە كێشمەكێشی ئایدۆلۆژیاكاندا جێی قسەیە، ڕێك بریتییە لەم خاڵی داكوتانە-دالێكی(وەك، كۆمۆنیزم، فاشیزم، سەرمایەداری و هاوشێوەكانی) مافی ئەوەیان هەیە سوود لە تەقەڵڕێژیی بازنە ئایدۆلۆژییەكانیان ببینن (وەك ئازادی، دیموكراسی، مافەكانی مرۆڤ).

 

 

 

فالوس(phallus)

لە ئاستە سادە دەروونشیكارییەكەدا، فالوس بە مانای زەكەر(ئەندامی نێرینە) دێت، بەڵام لە ئاستە ئاڵۆزەكەیدا ئەم ڕەهەندە بایۆلۆژییە لەدەستدات و مانای تر وەردەگرێت. لای فرۆید فالوس هێشتا زەكەرە و مناڵی كوڕ شتێكی هەیە كە مناڵی كچ نیەتی. واتە فالوس لێرەدا ئاماژەیە بۆ بۆ هەبوون و سامانێكی فیسۆلۆژی. كاتێك مناڵی كچ فالوسی نیە تووشی ئیرەیی دێت و هەستدەكات مناڵە كوڕەكە شتێكی هەیە كە ئەو نیەتی. هەر لای فرۆید مناڵ لە مناڵییدا بە قۆناغی فالوسییدا تێدەپەڕێت و لەجیاتیی زەكەر، چێژ لە ناوچە ورووژێنەرەكانی خۆی دەبینێت(بۆنمونە مژینی پەنجەی).

 لای لاكان فالوس ماهیەتێكی وێنەیی و فەنتازییانەی هەیە. ڕۆڵ و كاركردی فالوس لە ئەندامێكی جنسییەوە فراواندەبێتەوە بۆ ئاستی ڕەمزی و خەیاڵی. واتە فالوس ئاماژەیە بۆ كۆمەڵێك شتی تریش كە دێتە سەر ژیانی سوبێكت. بۆنمونە پاشایەك كە تاجەكەی لەدەستدەدات، تووشی خەسانی ڕەمزی دێت و فالوسە سیاسییەكە لەدەستدەدات. ئەمە بۆ ژنێكیش هەر ڕاستە، چونكە لای لاكان فالوس هەر تایبەت نیە بە پیاو بەڵكو فالوس چ لە ژن و چ لە پیاویشدا هەر گوزارشتە لە نوقسانییەكی ڕیشەیی كە بەپێی پانتایی ڕەمزی لكێنراوەتە سوبێكتەوە. فالوس خۆی دەركەوتەی نوقسانی و نەبوونەیە.  فالوسی خەیاڵی لەوێوە دەستپێدەكات كە مناڵ كۆی بوونی خۆی دەكاتە ئۆبێكتێك بۆ ئارەزووی دایكی. فالوسی ڕەمزییش، ئەو كاتەیە كە باوك دێتە ناو هاوكێشەكەوە و مناڵ تووشی خەسان دەكات و لەوێوە دێتە ناو پانتایی ڕەمزییەوە و پانتایی خەیاڵی جێدەهێڵێت كە پێشتر تیایدا بوو. لێرەوە فالوس دەبێتە دالی نوقسانی و لە فیكری لاكاندا ڕۆڵێكی بەرفراوان دەگێڕێت. لێرەوە مناڵ بەتەواوی فالوس ونناكات، بەڵكو «نوقسانیی فالوس» بەدەستدێنێت، نوقسانییەكی ڕیشەیی لەگەڵ خۆیدا دەباتە ناو پانتایی ڕەمزییەوە و لە هەموو بوارەكاندا هەڵگری ئەم نوقسانییەیە. ئەم نوقسانییە وەك نوقسانی دەمێنێتەوە و ناڕەمزێت، بەڵام سوبێكتیڤیتەی مرۆڤیشی پێوە بەندە.

 

بانگكردن(interpellation)

بۆ ئه‌م زاراوه‌يه‌ ده‌توانين بانگهێشت و داوه‌ت و لێپێچينه‌وه‌ش به‌كاربێنين. بانگكردن پرۆسه‌يه‌كه‌ سوبێكت له‌لايه‌ن ئايدۆلۆژياوه‌ بانگده‌كرێت و به‌هۆى ئه‌م بانگكردنه‌وه‌ ده‌بێته‌ سوبێكت و پرۆسه‌ى به‌سوبێكتبوون به‌ڕێده‌كات. چه‌مكه‌كه‌ له‌ فيكرى ئاڵتۆسێرى فه‌يله‌سوفى چه‌پى فه‌ڕه‌نسييدا زۆرتر به‌كارده‌هێنرێت و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ سوبێكته‌كان پێشوه‌خت له‌لايه‌ن ئايدۆلۆژياكانه‌وه‌ بانگكراون و ناتوانين خۆمان له‌م بانگهێشته‌ بپارێزين. واته‌ واقيع و پانتايى كۆمه‌ڵايه‌تى، له‌سه‌ر بانگكردنى ئايدۆلۆژى وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وام مرۆڤه‌كان وه‌ك سوبێكت به‌رهه‌مدێنێته‌وه. بانگكردن له‌ بانگكردنێكى ساده‌ى پۆليسه‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌ ده‌گرێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بانگدان و بانگكردنى مزگه‌وت و كڵێسا و بانگهێشتى ڕيكلام و وێنه‌كان و شاشه‌كان كه‌ تێكڕا بانگكردنى ئايدۆلۆژيين. ئاڵتۆسێر كه‌ زۆرجار به‌ بونيادگه‌ر(ستراكچه‌راليست) ناوده‌برێت، به‌شێكى لێره‌وه‌يه‌ كه‌ سوبێكت به‌رهه‌مى ناو بونيادێكى ئايدۆلۆژييه‌ و ئه‌مه‌ش به‌نێوانگريى بانگكردن درووستده‌بێت. ژيژه‌ك هه‌م ئه‌م چه‌مكه‌ به‌كاردێنێته‌وه‌ و هه‌م له‌ڕێگه‌ى ژاك لاكانيشه‌وه‌ هه‌موارى ده‌كات و ڕه‌هه‌ندى ترى پێ ده‌به‌خشێت(بۆنمونه‌، له‌جێيه‌كدا بانگكردن شكستدێنێت و له‌ بانگهێشته‌كه‌ى ئه‌ويتر تێناگه‌ين). ‌

 

 

هاوشوناسبوون, هاوشوناسى(identification)

تاڕاده‌يه‌ك زاراوه‌كه‌ له‌ فيكرى نوێدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆفرۆيد و دواتريش لاى لاكان كارى گرنگى پێده‌كرێت. واته‌ سوبێكتێك له‌گه‌ڵ سوبێكتێكى تر و وێنه‌يه‌كى تر و ديارده‌يه‌كى له‌ خۆى گه‌وره‌تردا ببێته‌ يه‌كێك. وه‌ك‌بڵێى, شتێك له‌ ناسنامه‌ و شوناسى ئه‌ويتر ده‌بات بۆ خۆى و به‌پێى ڕێساكانى ئه‌و ده‌جووڵێته‌وه‌. مرۆڤ هه‌ر له‌ مناڵييه‌وه يه‌كه‌مين قۆناغى هاوشوناسبوون و يه‌كبوون له‌گه‌ڵ دايكيدا ئه‌زموونده‌كات و پاشان كه‌ گه‌وره‌ده‌بێت له‌ كۆمه‌ڵگادا پرۆسه‌ى هاوشوناسبوونى ديكه‌ ئه‌زموونده‌كات. هه‌ندێجار له‌ ده‌قه‌ كوردييه‌كاندا، هاوتاى (به‌-ئه‌و-بوون) بۆ هاوشوناسبوون دانراوه‌ و ئه‌و وێنه‌يه‌مان بيرده‌خاته‌وه‌ كه‌ كه‌سێك له‌گه‌ڵ "ئه‌و"‌دا ده‌بێته‌يه‌كێك و تيايدا ده‌توێته‌وه. پرسى هاوشوناسى له‌ ئايدۆلۆژيادا ڕۆڵێكى سه‌ره‌كيى هه‌يه‌ و پێده‌چێت يه‌كه‌مين په‌يوه‌نديى مرۆڤ به‌ واقيعه‌وه‌، به‌ نێوانگريى پرۆسه‌يه‌كى ئايدۆلۆژيى وه‌ك هاوشوناسى بێت. ڕه‌هه‌ندێكى ترى هاوشوناسى,، ناسينه‌وه‌ى خۆته‌ له‌ڕێگه‌ى ئه‌ويتره‌وه‌. ئه‌م ناسينه‌وه‌يه‌ش بارگاوييه‌ به‌ وه‌رگرتنى شكۆ و نرخ له‌وانيتره‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ى ئه‌م پرۆسه‌يه‌وه سوبێكت كه‌لێن و لاوازييه‌كانى خۆى ده‌شارێته‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ تاكه‌كه‌سى ڕووت بوونى نيه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى مرۆڤ په‌يوه‌نديى نێوكه‌سى و نێوسوبێكتيين. هاوشوناسبوون هه‌م جۆرێكه‌ له‌ ميكانيزمى به‌رگرى و ته‌حه‌مولى ده‌روونى، هه‌م ڕه‌هه‌ندێكى تراوماييشى هه‌يه‌ كه‌ ژيژه‌ك له‌ كتێبه‌كه‌دا باسيده‌كات. به‌كورتى و له‌ مانا گشتييه‌كه‌يدا، هاوشوناسبوون پرۆسه‌ى خۆهاوشێوه‌كردن و يه‌كێتى و يه‌كبوونى سوبێكته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى خۆيدا.   ‌

 

 

نێوكەسی، نێوسوبێكتی(intersubjective)

بە مانای پەیوەندیی بەیناوبەینی سوبێكتەكان و مرۆڤەكان و زەینەكان دێت. سوبێكت لە تۆڕێكی دوولایەنە و چەندلایەنەی پەیوەندییدا دەژی. سوبێكت لە پەیوەندییدا دەبێتە سوبێكت. سوبێكت لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا، لەگەڵ مرۆڤەكانی تردا هاوبەشە و ڕیشەی تەفسیر و ڕوانین و كاردانەوەكانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانیتر و سوبێكتەكانی تر. مرۆڤ لە پێش لەدایكبوونیەوە، كە دێتە ناو ژیانی ڕەمزیی مرۆڤەكانەوە، بە پێشمەرجێكی نێوكەسی و نێوسوبێكتییەوە دێت. واتە ئەمیش كەسێكە كە هەڵدەدرێت بۆ ناو كەسەكانی تر و لەوێوە كەسایەتی و سوبێكتیڤیتەی خۆی درووستدەكات و بەردەوام لە كار و كاردانەوەی ئەوانیتردا دەژی. تۆ لەناو تۆڕێك «تۆ، ئەو...»ـی تردا دەبیتەوە بە خۆت. چەمكەكە لای كۆمەڵێك فەیلەسوف ڕەهەندی ئاڵۆزی وەرگرتووە، بەڵام لە كتێبەكەدا بە مانا گشتییەكەی بەكارهاتووە بۆیە بەكورتییەكەی: ئاگایی سوبێكت لەگەڵ كۆمەڵێك ئاگایی تردا دەژی و پێوەرە لە یەكترییەوە وەردەگرن و دەستكاریی ژینگە و ژینجیهانی یەكتری دەكەن.

 

مەحاڵ(the impossible)

بۆ ئەوەی بەئاسانی وێنای ئەم چەمكە بكەین، وا باشترە وەك هاوتا و هاومانای چەمكی ڕیاڵ(تەنانەت باڵاش) وەریبگرین. مەحاڵ و ڕیاڵ، بریتیین لە نامومكین، شتی ئەستەم، كۆمەڵێك ئەگەر كە دەكەونە دەرەوەی كۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئێمەوە. بەڵام ئەم نامومكیناتە، هەر مومكینات بووە بەڵام هەڵكشاوە بۆ ئاستی مەحاڵ. واتە مەحاڵ پرسێكی ناونشینە، تیایدا دەژین، بەڵام لە چركەیەكدا بۆ ئاستی نامومكین بەرزدەبێتەوە و دەچێتە پێگەیەكی عاسی و ناڕەمزییەوە. بە دەربڕینی ژیژەك خۆی، مەحاڵ ئەو شتەیە كە دەتوانێت ڕووبدات، و پاش خۆی كۆمەڵێك شوێنەوار جێبهێڵێت. مەحاڵ لەو ڕووەوە مەحاڵە كە ئێستا بەردەست نیە ئەگینا وەك پرسێكی مرۆیی و مێژوو قابیلی ملكەچبوون و ڕوودانە. مەحاڵ بۆیە بووەتە مەحاڵ، چونكە لەئێستادا و هاوشانی شتەكانی تر خۆی دەرناخات. بەرامبەری ئەم وشەیە لە ئاستی زمانی باودا دەكاتە: possible مومكین/ڕەخساو/ڕێتێچوو/شیاو. لە كـێبەكەدا سودی زیاترمان لە «مومكین» بینیوە كە وێنەیەكی خێرا درووستدەكات و هاوڕیشەی وشەی «ئیمكان»یشە كە وەك وشەیەكی كوردیی لێهاتووە.

 

فیتیشیزم(Fetishicsm)

لەبنچینەدا بە مانای شت باوەڕی و شت پەرستی دێت. لای هۆزە كۆنەكان و لە ئوستورە كۆنەكان، هەندێك شتی وەك درەخت و بەرد و هتد پەرستراوە و پێیانوابووە هێزێكی جادوویی و میتافیزیكی لەو شتانەدا هەیە. لە ماركسیزمدا، ئەوە كاڵاكانن وەك شت ڕەهەندێكی جادوویی وەردەگرن بەڵام شت وەك یەكەیەك نا، بەڵكو وەك كۆپەیوەندییەك. واتە كاڵا یەك شت نیە، بەڵكو نوێنەرەوەی تایپێك لە پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەكاندا. لە كۆمەڵگای سەرمایەدارییدا، كاڵاكان چیتر پەیوەندییان بە بەهای بەكارهێنان و مەسرەفكردن و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانەوە نامێنێت و پتر وەك بوونەوەرێكی پڕ لە جادووی سەربەخۆ دەردەكەون كە وەك بڵێی مرۆڤ درووستینەكردوون. گەر مۆدێرنە ئەفسوونە دینییەكانی لە مرۆڤ سەندبێتەوە، ئەوا سەرمایەداری لەڕێگەی كاڵاكانەوە، ڕوویەكی ئەفسووناوی و جادووئاسای بەخشیوەتە پەیوەندییەكانی مرۆڤ. لەم كتێبەدا ژیژەك وەرچەرخانی فیتیشیزم و ڕازی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە دەرەبەگایەتییەوە بۆ سەرمایەداری ڕووندەكاتەوە و لەوێشەوە ڕەهەندێكی سەرنجراكێشی لاكانی بەم پەیوەندییە دەبەخشێت. بۆدریاریش پێی وابوو كە فیتیش پەیوەندیی بە مەسرەفگەرایی سەرمایەدارییەوە هەیە نەك بەرهەمهێنان، واتە مرۆڤەكان ڕاستەوخۆ عەشق و عیبادەتێكی سەیریان بۆ كاڵاكان و مەسرەفكردنیان هەیە. لە دەروونشیكاریی فرۆیدییدا فیتیش ئەو ئۆبێكتەیەكە كە زیاد لەڕادە پێوەی پەیوەستدەبیت و پەیوەندیی تۆ و واقیع ڕادەگرێت. ڕەنگە ئەم ئۆبێكتە، گیاندار بێت یان بێ گیان، بۆیە هێزێكت دەداتێ كە لەسەرووی خۆیەوەیەتی و لە نیگای یەكەمدا گاڵتەجاڕانەش دەردەكەوێت. واتە ئۆبێكتەكە وەك شتێكی لاوەكی و بەشەكی دەردەكەوێت، بەڵام كاریگەرییەكی سەرەكی و گشتەكیی هەیە و بوونی سوبێكتی پێوە بەندە. لەلایەكی ترەوە فرۆید مانایەكی سێكسیی بەخشییە فیتیش(لەئاستە فراوانەكەیدا)، و پێی وابوو كە فیتیش ئەو ئۆبێكتەیە كە خۆی ماهیەتێكی سێكسیی نیە بەڵام ماهیەتێكی سێكسی وەردەگرێت لەلایەن وەرگرەكانیەوە. ڕەنگە هەڵە نەبین بڵێین فیتیشە فرۆیدی و ماركسییەكە لە شتگەلی وەك مۆبایل و ئۆتۆمبێلدا یەكدەگرن و ئەمڕۆ گرنگییەكی نائاسایی بەو شتە شەخسییانە دەدرێت و پاكدەكرێتەوە و بەرز و تاڕادەیەك پیرۆزیش ڕادەگیرێن(لە دونیای پۆڕنۆشدا پەرستنی پێی ژن وەك ئۆبێكتێكی پارچەكی، بەشێكە لە فیتیشیزم). لەم كتێبەدا ژیژەكیش كە باسی نكۆڵیی فیتیشیستی دەكات، ئەوا باس لە ڕەهەندە ئایدۆلۆژییەكەی فیتیشیزم دەكات كە بۆ ئەوەی واقیعەكەی هەڵنەوەشێتەوە، نكۆڵیی لێدەكات. هاوكێشەی نكۆڵیی فیتیشیستی بەم جۆرەیە: «خۆ دەزانم شتەكە بەو جۆرەش نیە، بەڵام...». واتە پەیوەندیی سوبێكت بە واقیعەوە، پەیوەندییەكی فیتیشیستییە(لانیكەم لە كۆمەڵگای سەرمایەداریی مۆدێرندا). دەتوانین بڵێین كۆی ژیانی مرۆڤ خۆی بەهۆی جۆرێك لە نكۆڵیی فیتیشیستییەوە بەردەوامدەبێت كە ناڕاستەوخۆ مرۆڤ بە خۆی دەڵێت: خۆ دەزانم من سوبێكتێكی فانی و كۆتادارم و هەر دەمرم، بەڵام بەجۆرێك دەجووڵێمەوە وەك بڵێی قەت نامرم.

 

تۆتۆلۆژى(Tautology)

سه‌رچاوه‌ى زاراوه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لۆژيكى نوێ و يه‌كه‌مجار ڤينگشنتاين له‌ ساڵى 1921 وه‌ك خۆى به‌كاريهێناوه. جگه‌ له‌تۆتۆلۆژى، هاوتاكانى وه‌ك هه‌مانبێژى و هه‌مانگۆيى-شمان بۆ داناوه‌ كه‌ گوزارشته‌ له‌ «وتنه‌وه‌ى هه‌مان شت»، «وتنه‌وه‌ى دووباره‌ى هه‌مان شت». له‌ڕووى فۆرمه‌وه‌ وه‌ك: كتێب، كتێبه‌. يان، له‌ڕووى ناوه‌ڕۆك و ناواخنه‌وه‌ وه‌ك: خۆراك بۆ خواردنه‌. واته‌ وتنه‌وه‌ى وتنه‌وه‌يه‌ و ڕوونكردنه‌وه‌ى ڕوونكراوه‌يه‌. به‌ڵام له‌ كتێبه‌كه‌دا و له‌ به‌كارهێنانى فه‌لسه‌فى و ده‌روونشيكاريى نوێدا، زاراوه‌كه‌ جديتر وه‌رده‌گيرێت و هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندى تازه‌ى ديارده‌كانيش شرۆڤه‌ده‌كرێن كه‌ بنه‌مايه‌كى تۆتۆلۆژييان هه‌يه‌ و تۆتۆلۆژى وه‌ك پره‌نسيپێكى زه‌روورى ئيشده‌كات. نمونه‌گه‌لى وه‌ك «ياسا، ياسايه‌» هاتووه‌ كه‌ له‌و سياقه‌دا به‌ ماناى وتنه‌وه‌يه‌كى بێمانا نايه‌ت به‌ڵكو جه‌ختكردنه‌وه‌يه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ياسا پشت به‌هيچ مه‌رجه‌ع و ئۆتۆريته‌يه‌كى ده‌ره‌وه‌ى خۆى نابه‌ستێت و خۆى بۆخۆى ده‌بێته‌ مه‌رجه‌عى خۆى و شه‌رعيه‌تى خۆى له‌ خيه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. وه‌ك‌بڵێى، تۆتۆلۆژى لێره‌دا وتنه‌وه‌ى شتێكى بێمانا نيه‌ به‌ڵكو ده‌رخستنى بونيادێكى زه‌روورييه‌. به‌ مانايه‌كى تر، له‌ كتێبه‌كه‌دا تۆتۆلۆژى وه‌ك پنتێكى خودبه‌خود و خودمه‌رجه‌ع و ته‌نانه‌ت ناونشين كارده‌كات و خۆى ده‌بێته‌ زه‌رووره‌تى خۆى. بۆ وێنه‌،  كه‌ ده‌ڵێين «جووله‌كه,، جووله‌كه‌يه‌» واته‌ جووله‌كه‌ ڕێك و ڕه‌وان له‌ نيگاى ڕه‌گه‌زپه‌رستييه‌وه‌ ئاماژه‌ نيه‌ بۆ  كۆمه‌ێك سيفه‌تى نه‌ته‌وه‌يه‌ك به‌ناوى جووله‌كه‌وه‌ به‌ڵكو ئاماژه‌يه‌ بۆ ڕه‌گه‌زێكى نه‌ناسراوى ته‌مومژاوى كه‌ ده‌كرا نه‌ته‌وه‌يه‌كى تريش بخه‌ينه‌جێى. دەكرێت نمونەیەكی خۆماڵییش بێنینەوە كە تۆتۆلۆژی لە دیندا ڕۆڵی خۆی هەیە: كە دەوترێت فڵانەكەس ڕۆژی تەواو بوو(مرد)، ئیتر ئەرگۆمێنتەكە ئەوەیە كە ڕۆژی تەواوبوو. بۆچی ڕۆژی تەواو بوو؟ چونكە ڕۆژی تەواو بوو. قودرەتێكی «ئیلاهی» ڕۆڵی ئەرگۆمێنتێكی تەمومژاوی دەگێڕێت كە بەنیسبەت دەرەوەی ئیسلامەوە، بونیادێكی تیۆلۆژییانەی هەیە.

 

بونیادگەری، پۆست بونیادگەری(post-structuralism & Structuralism)

بونیادگەری كە بە ناوەكەیدا دیارە، لە «بونیاد»ـەكان دەكۆڵێتەوە و بونیادەكان دەدۆزێتەوە. بونیادگەری، وەك میتۆدۆلۆژی و تاڕادەیەكیش قوتابخانەیەك، گرنگی بە كایەكانی وەك كۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆژیا(مرۆڤناسی) و زمانناسی و فەلسەفە و هتد دەدات و لە سەرەتای سەدەی بیستەوە لە زمانناسیی سۆسێرەوە بنەماكانی خۆی داڕشت و دواتر لای كەسانی وەك لیڤی شتراوس و ڕۆمەن یاكۆبسن و ڕۆلان بارت و ئاڵتۆسێر و هتدد پەرەی پێدرا.  بونیاد(ستراكتۆر/ structure) ئەو یاسا گشتی و شاراوانەیە كە لەپشت دیاردە كۆمەڵایەتی و كەلتوری و دەقییەكانەوەیە و خۆی دووبارەدەكاتەوە و زەمەن كارێكی ئەوتۆیان تێناكات. واتە كۆمەڵێك پەیوەندیی پێكەوەبەستراوی ناو كۆمەڵگاكانە كە بەپێی لۆژیكێكی شاراوە خۆیان بەرهەمدێننەوە. مرۆڤ هەركە سەیری چواردەوری خۆی دەكات، كۆمەڵێك شتی ناڕێك و بەشی تێكچڕژاو دەبینێت، بەڵام لەپشت ئەم شتانەوە بونیادێكی گەورە هەیە كە مانایان دەداتێ و ڕێكیاندەخات و سنورێكی بۆ داناون(بۆنمونە لە گەڕەكێكدا سەرباری دیاردە هەمەڕەنگ و شێواوەكان، كەچی كۆمەڵێك ڕێسای گشتی و نادیار هەن كە نەزم بە ژیانی گەڕەكەكە دەبەخشنەوە و سنورێكی نەبینراویان بۆ كێشراوە). بونیاد شتێكە لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ/سوبێكتەوەیە و لە بونیادگەری و پۆست بونیادگەرییشدا ڕۆڵی بكەر/مرۆڤ/سوبێكت لاوازدەبێت. چونكە لە بونیادگەرییدا ئەوە بونیادە كۆمەڵایەتی و زمانەوانی و ئابوری و دەزگاییەكانن سوبێكت درووستدەكەن و لە پۆست بونیادگەرییشدا پرۆسەی بەردەوامی گۆڕان و جیاوازی و سەروو-سوبێكتیڤ دەسەڵاتی بەسەر مرۆڤدا هەیە و مرۆڤ بەشێكی بچوكە لەم پرۆسەیە. لەو توێژینەوانەدا كە لەسەر چەمكی بونیاد كراون، بۆچوونی زۆر لەسەر بونیاد هەیە كە: هەندێكیان بونیاد بەو ڕێسا ئەبستراكتە گشتییانەی ناو زەینی فەیلەسوف/ئەنترۆپۆلۆگ/لێكۆڵەر دادەنێن و كە پشتەوەی دیاردەكانی پێ دەخوێنێتەوە و خاڵە هاوبەشەكانیان دەدۆزێتەوە؛ هەندێكی تریشیان بونیاد بە كۆمەڵێك ڕێسای دووبارە دەزانن كە لە ڕووداوەكاندا دووبارەدەبێتەوە و ئیشی بیریار ئەوەیە بیاندۆزێتەوە. بونیاد خۆی گشتێكە، و لە كۆمەڵێك بەش پێكهاتووە و سرووشتێكی داخراوی هەیە(بۆنمونە لە كۆمەڵگایەكی خێڵەكییدا، بونیادە خێڵەكییەكان خۆیان دووبارەدەكەنەوە، گەرچی لەڕواڵەتدا شتی جوداش ڕوودەدات و بەبێ دەستێوەردانی ئاگامەندانەی سوبێكتەكان خۆی ڕێكدەخاتەوە و خۆی بەرهەمدێنێتەوە). تەنانەت شتراوس پێی وایە بونیادی زەینی مرۆڤ لە هەڵسوكەوتە كۆمەڵایەتییەكاندا خۆی درووستدەكات. لای ئاڵتۆسێریش، كە بیریارێكی ماركسییە، هەرسێ بونیادی ئایدۆلۆژی و ئابوری و سیاسی لە كۆمەڵگەدا بەردەوام خۆیان بەرهەمدێننەوە و جیا لە پەیوەندییەكانیان بەیەكترەوە، كۆمەڵێك پەیوەندیی ناوەكی لەخۆیاندا درووستدەكەنەوە. لە وێنە گشتییەكەشدا، ڕەنگە ماركس ویستبێتی، بونیادە گەورە ئابورییەكەی سەرمایەداری تێكشكێنێت و شۆڕشگێڕبوونەكەشی لێرەوە سەرچاوەی گرتبێت. سەبارەت بە پۆست‌بونيادگه‌رییش، جۆرێك لە كاردانەوەیە بەڕووی بونیادگەرییدا كە بونیادەكان وەك چوارچێوەیەكی جەبری دەبینن و سوبێكت توانایەكی ئەوتۆی نیە بۆ دەرچوون لێیان. هەڵوەشانەوەگەری(و پرۆسەی دیكەنستراكشن) وەك كەرەستەیەكی دیاری دەستی پۆستبونیادگەرەكان، هەوڵێك بوو بۆ ڕەخنەكردنی بونیادەكان. ئەمان پتر جەخت لەسەر كۆمەڵێك كاتیگۆری دەكەنەوە كە ڕیشەكانیان دەچێتەوە سەر «جیاوازی و فرەیی و هتد». لەبەر ئەمەشە زۆرجار لەگەڵ ناوی پۆستمۆدێرندا یەكساندەكرێن. پۆست‌بونيادگه‌رى ، دژ بە گشتگەرایی و ماهیەتگەرایی دەوەستێتەوە و جەخت لەسەر بەش و جوزئیات و پەرتەوازەیی و هەمەڕەنگی دەكاتەوە. گەر لای بونیادگەرەكان، مانا دیلی ناو دەق و دیاردەیەك بێت ئەوا لای پۆستەكان دەق و خوێنەر دەبنە بەرهەمهێنەری مانا(نەك مانای كۆتایی). ژاك دێرێدا وەك پۆست بونیادگەرێكی ناسراو، باس لەدواخستنی هەمیشەیی مانا دەكات و مانا شتێك نیە لە بونیادێكدا قەتیسكرابێت و بیدۆزینەوە و پاشان لێی گەڕێین. لەم كتێبەدا، سەرنجەكە پتر لەسەر چەمكی پۆست بونیادگەرییە، كە ژیژەك ڕەخنەی دەكات و بەجۆرێك لە جۆرەكان لاكان دەخاتە دەرەوەی بونیادگەری و پۆست بونیادگەرییشەوە. گەر لای بونیادگەرەكان زمان، بونیادێكی داخراو بێت، ئەوا لای لاكان زمان خاڵێكی شكستی تیایە و بونیادی زمان تێكدەشكێنێت و ئەو خاڵەش ناوی ڕیاڵە. لای پۆستەكانیش، گەر زمان بەهۆی فرەیی و پەرشوبڵاوییەكی تەئویلییەوە خۆی بەرهەمبێنێتەوە، ئەوا لای لاكان زمان لە مەحاڵەكەی ناو خۆیەوە هەڵدەقوڵێت كە ئەم مەحاڵە ناوی ڕیاڵە. لە نیمچەفەسڵی پێنجەمی كتێبەكەدا بەناوی «میتازم