A+    A-
(2,272) جار خوێندراوەتەوە

تاقيكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیی فه‌لسه‌فی

 

 

 

 

 فه‌تحی مسكینی

وه‌رگێڕانی: شاڵاو خالید

 

 

 

 

 

له‌ نێوان 1925 و 1975 دا مارتن هایدگه‌ر و هانا ئارێنت – كه‌ له‌ جه‌مسه‌ره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخن- ئاڵوگۆڕی نامه‌گه‌لێكی خۆشه‌ویستی فه‌لسه‌فیان كرد، هه‌ر له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌یدا ده‌بوو بگۆڕێت بۆ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ئه‌خلاقی ئاوارته‌ له‌سه‌ر ئه‌و پارادۆكسه‌ بێده‌نگانه‌ی هه‌سته‌ مرۆییه‌كانیان ئابڵۆقه‌داوه‌، به‌تایبه‌ت كاتێك هه‌سته‌كان ئه‌سته‌م یاخود قه‌ده‌غه‌ ده‌بن.

بێگومان بابه‌تی خۆشه‌ویستی به‌ ئه‌ندازه‌ی خودی فه‌لسه‌فه‌ دێرینه‌، به‌جۆرێك كه‌ ئه‌فلاتۆن دوو دیالۆگی فه‌لسه‌فی به‌ناوبانگی بۆ ته‌رخانكردووه‌، ئه‌وانیش «فیدرۆس»  و «خوان» ن، تیایدا ئوستوره‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ مرۆڤ له‌ بنه‌ڕه‌تی خۆی دا بازنه‌ بووه‌ به‌ڵام خوداوه‌ند زیۆس كردوویه‌تیه‌ دوو به‌شه‌وه‌ وه‌ك چۆن هێلكه‌یه‌ك به‌ تاڵێكی تیژ ده‌بڕین، له‌و كاته‌شه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ جیهان دا وێلین و به‌ دوای نیوه‌كه‌ی تر دا ده‌گه‌ڕێین. هه‌روه‌ها مێژوویه‌كی فه‌لسه‌فی درێژ له‌باره‌ی خۆشه‌ویستسه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ سوكراته‌وه‌ بۆ سیمۆن دی بوڤوار، به‌ ڕۆیشتن به‌ زۆر ناوی  هاوشێوه‌ی سپینۆزا و كیرگه‌گارد و نیچه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌م نامانه‌ی هانا و هایدگه‌ر ئه‌زموونێكی ناوازه‌ له‌خۆده‌گرێت، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ عاشقه‌كان فه‌یله‌سوفن به‌ڵكو چونكه‌ خۆشه‌ویستی هه‌میشه‌ بێ پێشینه‌یه‌، كه‌س دووباره‌ ناكاته‌وه‌. نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ چونكه‌ وه‌ك هه‌ر ئاژه‌ڵێكی تر [مرۆڤیش] ئه‌نانییه‌، به‌ڵكو چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن هێزێكه‌وه‌ ده‌سمرێت كه‌ نایبینێت و نایناسێت.

 

 

ده‌ره‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی

لهیه‌كه‌م نامه‌دا پێیده‌ڵێت: «هه‌رگێز ناتو‌انم ببمه‌ خاوه‌نت، به‌ڵام له‌ ئێستا به‌دواوه‌ تۆ سه‌ر به‌ ژیانی منی» (لا 41). هایدگه‌ر خۆشه‌ویستی له‌ ده‌ره‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی داده‌نێت به‌ڵام به‌وه‌ نایخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی  ئینتیماوه‌، ئێمه‌ ئینتیمامان بۆ ئه‌وانه‌ هه‌یه‌ كه‌ خۆشمانده‌وێن به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانین ببینه‌ خاوه‌نیان. به‌مشێوه‌یه‌ مێژووی خۆشه‌ویستی له‌و مێژووه‌ی ئاره‌زوو ڕزگارده‌كات كه‌ له‌ ده‌وری ده‌خولێته‌وه‌. ئه‌م به‌رانبه‌ردانانه‌ ناوازه‌یه‌ی نێوان خاوه‌ندارێتی  و ئینتیما كاردانه‌وه‌یه‌كی غه‌مگینانه‌ نیه‌، به‌ڵكو جۆرێكی ده‌گمه‌نه‌‌ له‌ سوپاسگوزاری كه‌ خۆشه‌ویستان  به‌ره‌و پێشبینیكردنی شوناسی نوێ بۆخۆیان هه‌ڵده‌نێت كه‌ توانای خۆیان تێده‌په‌ڕێنێت. هه‌موو خۆشه‌ویستسه‌كی گه‌وره‌ ڕاهێنانه‌ له‌سه‌ر شادیه‌ك كه‌ ته‌نها به‌ شێواندنی ده‌توانرێت شیمانه‌ی بكرێت. پێیده‌ڵێت:« ده‌مانه‌وێت له‌ناوه‌مان دا پارێزگاری له‌ یه‌كتربینیمان بكه‌ین وه‌ك دیاریه‌ك.. واته‌ پێویستناكات وه‌ك هاوڕێیه‌تیه‌كی ڕوحی وێنای خۆشه‌ویستی بكه‌ین كه‌ هه‌رگیز له‌نێوان مرۆڤه‌كان دا نه‌بووه‌»(لا 42). لێره‌دا هایدگه‌ر ده‌مانخاته‌ به‌رانبه‌ر جۆرێكی تایبه‌ت له‌ ئه‌زمووونه‌وه‌: چونكه‌ ئه‌وه‌ی تواناكانمان تێده‌په‌ڕێنێت مانای ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ مرۆیی نیه‌. كه‌واته‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستی دا وه‌ك ئه‌وه‌ی هاوڕێیه‌تیه‌كی ڕۆحی بێت كە له‌ جیهانی مرۆییی دا نه‌بێت شێواندنیه‌تی و ته‌نها له‌ ڕواڵه‌ت دا بڵنكردنه‌وه‌یه‌تی. هه‌ركه‌سێك خۆشه‌ویستی بباته‌ سه‌رووی مرۆڤه‌وه‌ ده‌یشێوێنێت چونكه‌ ماهیه‌ته‌ مرۆییه‌كه‌ی ده‌شكێنێت.

پێی ده‌ڵێت: «بۆچی ده‌بێت خۆشه‌ویستی له‌سه‌رووی هه‌موو توانا مرۆییه‌كانی تره‌وه‌ بێت و بارگرانیه‌كی شیرین بێت به‌لای خۆشه‌ویسته‌وه‌؟ چونكه‌ ده‌گۆڕێین بۆ ئه‌و شته‌ی خۆشمان ده‌وێت، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك خۆشمان ده‌مێنینه‌وه‌. چونكه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت سوپاسی ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌ین كه‌ خۆشمانده‌وێت به‌ڵام هیچ شتێكی شایه‌ن بۆ ئه‌و سوپاسگوزارییه‌ شكنابه‌ین».

 

 

سوپاسگوزاری و شادی

ماهیه‌تی خۆشه‌ویستی سوپاسگوزارییه‌ نه‌ك شادی. شادی ته‌نها سڵاوكردن ی خۆشه‌ویسته‌. سوپاسگوزاری ده‌كه‌وێته‌ سه‌رووی ناوچه‌ی ئاره‌زووه‌وه‌ به‌ڵام نامۆ نیه‌ به‌ جیهانی مرۆیی. هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ك ئه‌و سنوره‌ مرۆییه‌ فراوانده‌كات كه‌ پێیده‌گات. به‌ڵام به‌ هیچ جۆره‌ كۆژان و غه‌مێك ئه‌وه‌ ناكات. خۆشه‌ویستیی غه‌مگین ته‌نها له‌ ڕواڵه‌تدا هه‌یه‌. خۆشه‌ویستی هه‌میشه‌ تاكه‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت: چێژێكی دانسقه‌ له‌وه‌دا به‌دیده‌كات كه‌ توانای مرۆیی تێده‌په‌ڕێنێت. له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ماهیه‌تی خۆی دا جۆرێكی تایبه‌ته‌ له‌ سوپاسگوزاری بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشمانده‌وێت. چونكه‌ خۆشویستراو به‌ دیاریكراوی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ توانا‌مان ده‌داتێ بگۆڕێین بۆ بوونه‌وه‌رێكی تر كه‌ هیچ نامۆبوونێك له‌خۆمان له‌خۆناگرێت. بوونه‌وه‌رێكی تر خاوه‌نی نین به‌ڵام ئینتیمایه‌كی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ هه‌یه‌. به‌ڕاستی خۆشه‌ویستی ناكه‌ین ته‌نها كاتێك نه‌بێت كه‌ ده‌گۆڕێین بۆ ئه‌وه‌ی خۆشمانده‌وێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ست به‌ هێچ نامۆبوونێك له‌ خۆمان ناكه‌ین. ته‌نها سوپاسگوزاری ده‌توانێت بمانگۆڕێت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشمانده‌وێت به‌بێ ئه‌وه‌ی جێمانبهێڵێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆمان جێبهێڵین. به‌ڵكو ڕه‌نگه‌ خۆشه‌ویستی شێوازێكی پاسه‌وانێتیی دانسقه‌ بێت بۆ ئه‌و شته‌ی ده‌مانه‌وێت ببین. [هایدگه‌ر] پێی ده‌ڵێت:«ته‌نها به‌ خودی خۆمان ده‌توانین سوپاسگوزاربین» (ه.س). خۆشه‌ویستی به‌كارهێنانێكی ده‌گمه‌نی خۆمانه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی سوپاسی ئه‌و ئه‌ویتره‌ بكه‌ین كه‌ سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ سڕینه‌وه‌ی سنوره‌كانمان له‌‌گه‌ڵیدا.

ده‌ڵێت:«ئه‌و حزووره‌ی ئه‌ویتر كه‌ دێته‌ ژیانمانه‌وه‌ شتێكه‌ هیچ ڕۆحێك ناتوانێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت، چاره‌نووسی مرۆیی چاره‌نوسێكی مرۆیی ده‌به‌خشێت، خۆشه‌ویستیی ڕاسته‌قینه‌ش بێدارییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌خشینه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كه‌م ڕۆژدا هه‌بووه‌»(ه.س).

له‌نێوان خۆشه‌ویستی و ئه‌ویتردا هه‌میشه‌ به‌یه‌كداچوونێكی ته‌مومژاوی هه‌یه‌. وادیاره‌ ئه‌ویتر(الآخر) به‌شێوه‌یه‌ك هه‌میش لێمان دواده‌كه‌وێت(متأخرا)، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌دوامانه‌وبێت و له‌به‌رانبه‌رمان وه‌ستابێت. ئه‌م حزووره‌ وای لێده‌كات له‌ كۆنترۆڵكردن یاخی بێت. چۆن به‌ چاوانمان حزوورێك بگرین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌ویتر كاتێك دێته‌ ژیانمانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌مان ناوه‌ستێت، كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌شوێنه‌وه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ كاته‌وه‌: ئه‌ویتر یان ئاماده‌یه‌ یان [بوونی]نابێت‌. هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره‌ حزووره‌ غیابیش له‌خۆده‌گرێت: غیاب(ئاماده‌نه‌بوون)ی ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشمانده‌وێت به‌شێكی دانه‌بڕاوه‌ له‌ حزووری ئه‌و كه‌سه‌ له‌ ژیانماندا. لێره‌دا هایدگه‌ر ئاماژه‌ بۆ دوو شتی هاوپه‌یوه‌ست ده‌كات(متضافر): خۆشه‌ویستی به‌بێ بوونی ئه‌ویتر مانای نیه‌ به‌ڵام ته‌نها به‌ خودی خۆمان ده‌توانین سوپاسگوزار بین.

 

 

به‌خاوه‌نبوون و ئینتیما

لێره‌دا ئه‌وی تر لای هایدگه‌ر ژنێكه‌، هانا ئارێنته‌، ژنه‌ فه‌یله‌سوفێكه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر[هایدگه‌ر] وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خۆشیبوێت. ئاره‌زووی ئه‌وه‌ ناكات خاوه‌ندارێتیی بكات به‌ڵام وای لێده‌كات ئینتیمایه‌كی بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆی هه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ش هیچ سڵاوكردنێكی له‌وه‌ باشتری به‌دینه‌كردووه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌رده‌وام پێیبڵێت «شاد به‌» (لا41). شادی سڵاوكردنی خۆشه‌ویستانه‌‌. نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی شادی چێژێكی مرۆییه‌، به‌ڵكو چونكه‌ شادی توانایه‌كی ئاوارته‌ی به‌خشینه‌. [ھایدگەر] پێیدەڵێت:«کاتێک شاد دەبیت، دەبیتە ئەو ژنەی دڵخۆشی دەبەخشیت»(ه.س).  پێویستە  ھەست بە ھیچ بێھیوابوونێک نەکەین لە "دڵخۆشی" ، دڵخۆشی ژن جۆرێک لە وەفایە بۆخۆی نەک تۆمەت بێت، دڵخۆشی ئینتیمایە بۆ ئەو کەسەی خۆشماندەوێت نەک تەنھا چێژێکی وەرگیراو بێت.

دانسقەیی ئاماژەکانی ھایدگەر لەبارەی خۆشەویستییەوە ئەوەیە کە ئەزموونکردنێکی قووڵی بیرە فەلسەفیەکانێتی. نامەگەلێکن ئاراستەی خوێنەرێکی ئاوارتە کراون، ئاراستەی ژنێکی فەیلەسوف نەک مێینەیەکی فزووڵی. ھایدگەر وەک خەڵوەتێکی میتافیزیکی مامەڵە لەگەڵ نامەی خۆشەویستی دا دەکات. ئەو خۆشەویستی دەکات چونکە خۆشەویستی ئەدەبی بوونە, نەک تەنھا شیمانەیەکی فزووڵیی جیاوازی ئەخلاقی یان سۆزداریی نێوان دوو ڕەگەز بێت لە ھەر سەردەمێکدا. ئەو توانای خۆشەویستی لەسەر بەرگەگرتنی پرسیاری فەلسەفی لەناوەوە تاقیدەکاتەوە، مەبەستمان لە دوودڵیی مژۆڵ بە فەلسەفەوە نەک تەنھا  دوو خۆشەویسته‌وه‌. لەبەرئەوە پێی دەڵێت:«ناکرێت جوامێری ژیانی فیکری ئازاد ببەخشرێت تەنھا بە ژنێک نەبێت کە بەوەفایە بەرانبەر خۆی»(لا٤٢).

ئەوەی فەلسەفە لەگەڵ خۆشەویستی تێێدا ھاوبەشە ئەدەبی بوونە. ھایدگەر ئەم ئەدەبە وەک ڕاھێنانی تەنیایی باس دەکات. ئەو کەسەی دەفەلسەفێنێت وەک ئەو کەسەی خۆشەویستی دەکات ڕاھێنان لەسەر جۆرێکی دڵڕەقانە و ئاوارتە لە تەنیایی دەکات، مەبەستمان لە بەکارھێنانی خودە لە حزووری ئەوێکى تردا کە نایبینێت. تەنھا ژیانی ڕەشەخەڵک (عامی) بەردەوام ئەویترێکی بینراو دەخوازێت. ئەویترێکی سادە کە ھەرکات ئارەزوومان كرد دەتوانین بیگرین. بەڵام فەلسەفە وەک خۆشەویستی دۆخێکە لە دەرەوەی بینراو و سادە و عامییەوە، کەواتە ھەمیشە بوێرییەک دەخوازێت.

لە قسەکردنیدا بۆ [ھانا] دەربارەی ئەو "لاوان" ەی لە ھاوینی ١٩٢٥ وانەی پێیان وتوەتەوە پێیدەڵێت:«ئامادەیان دەکەم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن بوێریی کردنی شتێکیان هه‌بێت)لا ٤٨. بەڵام خێرا ئەمەش سەرباردەکات و دەڵێت:(بەڵام پێویستە کاری ڕاستەقینە ھەمیشە لە خەڵوەت⁄گۆشەگیری پرسیارکردن دا ئەنجامبدرێت»(ھ.س). ئەوەی دەفەلسەفێنێت وەک ئەوە وایە کە خۆشەویستی دەکات، ئامادە دەبێت بۆ بوێرییەک کە نایزانێت. لەبەرئەوەش بەردەوام پێویستی بە قومێکی پێویست لە تەنیایی ھەیە تا بەرگەی بگرێت. خۆشەویستی وەک فەلسەفە ئەزموونی تەنیاییە یان [بوونی] نابێت. تەنیایی دەستبەتاڵییەکی تەمەڵانە نیە کە ڕۆحە شکستخواردووەکان یان ترساوەکان تێیدا نیشتەجێبن، بەڵکو فەزایەکی ناوەکیی زۆر فراوانە بۆ دەروونە ئازادەکان، ئەوانەی لەناو گشتی و سادە و ئاشکرا دا ڕووبەرێکی پێویست بۆ جووڵەکردنی بەدیناکات. پێیدەڵێت: «سەختە بە سادەیی ئیش لە فەلسەفە دا بکرێت، ھەرچەندە شتەکان سادە بن بە پەنھانی⁄نادیاری دەمێننەوە. ناتوانم قەناعەت بە جەماوەر بکەم کە فەلسەفە وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە»(ھ.س).

 

پێویستی بۆ شیعر

خۆشەویستی لە ھەمان مه‌ودا دەوەستێت کە فەلسەفە لەبەرانبەر "جەماوەر" دا وەستاوە: ئەوانە دوو ئەزموونن لە سەرووی توانای مرۆییەوە بەڵام لە سرووشتی مرۆڤەوە ھەڵدەقوڵێن، لەبەرئەوە پێویستیان بە جۆرێکی تایبەت لە تەنیایی ھەیە، بەشێوەیەک ئەویتر بە ئەندازەی حزوورەکەی پەنھان و ئاڵۆز دەبێت. پێی دەڵێت:«زۆر لەگەڵ ھۆڵدەرلین دا دەژیم، تۆش لە ھەموو شوێنێک لەگەڵ من دا»(لا51). ھایدگەر قەناعەتێکی وەڕسکەری ھەبوو بەوەی کە فەیلەسوف پێویستی بە شاعیرەکانە تاوەکو ڕۆژێک بچێتە پانتایی موقەدەسەوە، کە تێیدا تێگەیشتراو (مفھوم) بەکارنایەت، و ھەموو شتێک ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناوترێت، بەڵام دەماندوێنێت. ھیچ شتێک وەک شیعر پێگەیەکی گونجاو نیە بۆ ئەوەی ژنێک بێتە ژیانمانەوە. بەڵام تەنھا خۆشەویستیی ژنێک دەگۆڕێت بۆ قەسیدەیەک، قەسیدە ناشوێنێکی ناوازەیە، خۆشەویست و ھەروەھا فەیلەسوفیش بەشوێن ئەو ناشوێنەدا دەگەڕێت تاوەکو بە دەروونە قووڵەکەی بگات.

 

 

سێبەر و تاسەکردن

لەبەرئەوە یەکەمجار نامەی بۆ [ھانا] نارد لەبارەی "سێبەر"ەوە بۆی نوسی، ئەوە ناونیشانی نامەکەیە(لا٥٣). بەڵام بابەتی سێبەر "تاسەکردن"ـە. ئەوەی لە سێبەردا بەوەستێت پێشتر بڕیار لەسەر خۆی دەدات کە ماھیەتی خۆی لە "تاسەکردن"ـەوە دابتاشێت. [ھانا] پێی دەڵێت: «مەبەستم تاسەکردن نیە بۆ شتێکی دیاریکراو کە دەبێت بەدیبھێنیت، بەڵکو تاسەکردنێک ھاوشێوەی ئەوەی ژیانێک درووستدەکات، دەشێت بنچینەیەک بێت بۆی» (ھ.س). ژن پێویستی بە تاسەکردنێکی بێ ناوەڕۆک ھەیە تاوەکو بتوانێت بەرگەی وەستان لە سێبەردا بگرێت. سێبەر ڕێگایەکی گونجاوە کە «ڕوانین لە خودی خۆی و چوونەوە ناو خۆی دادەپۆشێت» (لا)٥٤. وەک ئەوەی ئارێنت لە ھایدگەردا ئەو خۆرەی بەدیکردبێت ئەو سێبەرەی پێدەبەخشێت کە بەدوایدا دەگەڕا تاوەکو بەبێ ترس بەناویدا بڕوات. [ھانا] پێی دەڵێت:« خۆر لەو شارەدا بوو کە تێیدا گەورە بوو  و پەیوەست بووم پێوەی، خۆشی نائامادە و زیندانی خودی خۆی بوو... بەڵام ھەموو ئەوەی بەسەریھات کەوتە سەرزەمینی ڕوحی و لەوێ دا بە گۆشەگیری و داخراوی مایەوە»(ھ.س).

ئەوە بەس نیە کە ژنێکت خۆشه‌ویستی بكات تاوەکو لە سێبەر دەربچیت. ھەستەکانی وەک تاسەکردنێک بۆ ئەوەی لێی دەترسێت یان بۆ ئەوەی جگە لە ئازار ھیچی تری پێنابەخشێت درووستدەبێت. [ھانا] دەڵێت:« پێویستە سوپاسی دڵڕەقترین ئازار بکەم-لەمەش زیاتر- چونکە ئەم ئازارە ئەوەیە کە شایسته‌ و بەسودە»(لا55) . ئازارێک نیە لە شتێکی دیاریکراو، بەڵکو ئازارێکە لە جۆرێکی تایبەت لە "غه‌ریبی"یـەوە دێت: پێدەچێت خۆشەویستی ھەمیشە وەک تاسەکردن بۆ نیشتیمانێک وابێت کە بوونی نیە. [خۆشەویستی] ده‌كه‌وێته‌ سەر دوو ڕێیانی دوو ھەست کە لای ئارێنت دۆخی سێبەر درووستدەکەن: لەلایەکەوە « نادرێتە پاڵ ھیچ و ھەرگیز ئینتیمای نابێت» (ھ.س)، لەلایەکی تریشەوە «ترسێکی دڕندانە ھەڵیدەنێت بۆ خۆشاردنەوە و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات و ئارەزووی ئەوەشی نیە»(ھ.س). خۆشەویستی سەرکەوتن نیە بەسەر کەس دا، ھەروەھا شکستیش نیە لەبەرانبەر ھیچ کەسێکدا. [خۆشەویستی] جارێک وا دەردەکەوێت بەوەی کە گوزارشت بێت لە «ترس لە بوون بە گشتی»، جارێکی تریش بریتییە لە شیمانەیەکی گریمانەکراو تا « لەژێر ئاسمانێکی تردا خۆی بناسێت»(لا٥٧).

وەڵامەکەی ھایدگەر ئەمەیە:«تۆ دەزانی کە ڕۆیشتن لە سێبەر دا ناکرێت تەنھا ئەوکاتە نەبێت کە خۆر ھەیە، ئەوەش بنچینەی ڕۆحتە، بەلای منەوە لە سەنتەری بوونت دام و وەک ھێزێکی کاریگەر تاوەکو ئەبەد لێم نزیکی»(لا ٥٨). وادەردەکەوێت قسەکەی ھایدگەر جێندەریانە بێت، بەشێوەیەک ھەمیشە پیاو پێیوایە کە "بنچینەی ژن" و "سەنتەر" ی بوونیەتی. بەڵام ئاماژەکەی ھایدگەر لە ناوچەیەکی ترەوەیە: ئەوەی مژۆڵی کردووە ئەوەیە کە خۆشەویستی ببێتە بەشێک لە ماھیەتی بیرکردنەوەی. ئەوەی کە فەیلەسوف وەڕسدەکات ئەوەیە کە خۆشەویستیی زیاد لە پێویست لە ناوچەی حەقیقەت نزیکبێتەوە، ئەوەش واتە ئەوکاتەی کە سێبەر زیاد لە پێویست لە خۆرەکەی نزیکدەبێتەوە ھەڕەشە لە ماھیەتەکەی دەکات.

 

خۆشەویستی و چاوەڕوانی

لەبەرئەوە ھایدگەر ڕێگری لەم نزیکبوونەوە ترسناکە دەکات لەنێوان خۆشەویستی و حەقیقەت دا بە گۆڕینی بۆ جۆرێکی ئاسودە لە "چاوەڕوانی". خۆشەویستی ئەزموونی چاوەڕوانیی خودی خۆمانە. کاتێک خۆشەویستی دەکەین ھیچ ناکەین ئەوە نەبێت لە ناشوێن دا چاوەڕوانی خۆمان دەکەین. [ھایدگەر] پێی دەڵێت:« توانای چاوەڕوانیکردن بە لای خۆشەویستەوە جوانترین شتە چونکە خۆشویستراو تێیدا ئامادە دەبێت»(لا ٥٩). خۆشەویستی جۆرێکە لە چاوەڕوانیکردنی ئەوەی  لە زەمەنێکی دوورەوە بەسەرمان دا ھاتووە. تەنھا چاوەڕوانیی نائامادە دەکاتە ئامادە واتا بوونەوەرێک لە شێوەیەکی تایبەت لە بوون دا. ھەرکەس خۆشەویستی بکات چاوەڕوانی "بوون" دەکات. [ھایدگەر] پێی دەڵێت:« ئایا دەتوانیت بیر لە شتێکی گەورەتر لە چاوەڕوانی ئەم بوونە ئەزەلییە بکەیتەوە؟»(لا60 ).

خۆشەویستی بە زیاتر لە مانای بوونمان ناگەیەنێت، بەڵام ئێمە ھەمیشە نایپەرژێنین ئەوە بین کە خۆمانین. ئەوەی خۆشەویستی دەیەوێت «تەنھا پێکەوە بوونە»(لا٦١). بەم شێوەیە دەتوانین پێناسەی خۆشەویستی بکەین بەوەی تەکنیکێکی چاوەڕوانییە، بەیەکگەیشتن بۆ بوونەوەران سەربار دەکات. ئەوەندە بەس نیە کە بوونەوەران ھەبن تاوەکو پێکەوەبن. تەنھا خۆشەویستی ڕێگە بە مرۆڤ دەدات بوونەوه‌ران والێبکات "پێکەوە" بن: خۆشەویسییی "جیھان" بۆ ھەبووەکان سەربار دەکات. [ھایدگەر] پێیدەڵێت:« وازھێنان لەوەی ڕوودەدات ڕووبدا بەلای ئێمەوە شادیی ڕاستەقینەیە و سەرچاوەی ھەموو ڕۆژێکە لە ژیان دا»( لا ٦٢). جیھان بریتییە لە وازھێنان لەوەی ڕوودەدا ڕووبدا. مرۆڤ پێویستیی بەوەیە ڕێگە بە بوونەوەران بدات پێکەوەبن. ھیچ دۆخێک نیە بۆ یارمەتیدانی درووستبوونی جیھان جگە لە خۆشەویشتی. ھەرکەسێک خۆشەویستی بکات بەیەکگەیشتنێک درووستدەکات گەورەتر لە خۆی. بە یەکگەیشتنێک کە ھەموو ڕۆژێک دەکات بە بەیەکگەیشتن لەگەڵ جیھان دا. بەڵام ھیچ کەسێک ناتوانێت خاوەن ڕۆژەەی خۆی بێت. [ھایدگەر] پێیدەڵێت:« ڕۆژەکەم زۆر لەمن گەورەترە» (لا ٦٢).

بەم شێوەیە ھیچ مانایەک بۆ خۆشەویستی نامێنێتەوە ئەگەر ھەر زیندانی مرۆیی بێت، ناشگۆڕێت بۆ "پەڕە" یەک لە جۆرێکی "نازەمینی" ،  بەڵام تەنھا مرۆڤ خۆشەویستی دەکات. ئەوەی خۆشەویستی دەکات بوونەوەران دەبەخشێت: بەڵام ناتوانێت ئەوە بکات تەنھا بەو ئەندازەیەی جوانی و شکۆ لە دڵێکدا تێکەڵدەکات. [ھایدگەر] پێی دەڵێت: «لە ڕوانینە گەورەکانی چاوتەوە دەزانم... لە ڕووە نازەمینیەکەتەوە دەزانم کە بەخشندەییەکی گەورە لە ڕۆحتدا ھەیە و بەوریاییەوە بەدیاریەوە شەونخونی دەکەیت»( لا ٦٣).  تەنھا ئەوەی موقەدەسە دەتوانێت بەخشدەبێت. کەواتە خۆشەویستیی ناموقەدەس ھیچ مانایەکی نیە، واتە ئەوەی کە جوانی و شکۆی تێدا تێکەڵ نەبێت. [ھایدگەر] پێی دەڵێت:« شکۆمه‌ندی بەسەر ژیاندا جێبەجێدەبێت و قەبارەی خۆی پێدەبەخشێت»(ھ.س).

چەندین جار ھایدگەر خۆشەویستی ئارێنت بۆی بەوە وەسفدەکات کە "دیارییە" (لا ٦٠، ٦٦)، تەنانەت "کۆتا دیاری"ە ( لا ٦٣). ئەم جەختکردنەوەیە لەسەر مانای دیاری واتای ئەوەیە کە خۆشەویستی ھەرگیز مەرجدار و ناچاری نیە، خودی ڕێکەوتە. ئەمەش مانای ئەوە نیە کە شتێکی ڕواڵەتییە لە ژیانی ئەو کەسەدا کە خۆشەویستی دەکات. بەڵام سەر بە زەروورەتێکی باڵاترە لە پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزەکە. ئەوەی خۆشەویستی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ ماھیەتەکەی خۆی، لەوەش دا قەرزاری کەس نیە. [ھایدگەر] پێی دەڵێت:« مرۆڤ خۆشەویست بێت بریتییە لەوەی بەقوڵایی بوونی خۆی دا ڕۆبچێت، من خۆشمدەوێی واتا دەمەوێت ماھیەتی خۆت بیت⁄ئەوە بیت کە خۆتی»( لا ٦٤). خۆشەویستی ماھیەتی خۆشویستراو ئازاد دەکات و داگیریناکات. ئەو ئینتیمای ھەیە و خاوەندارێتی ناکات، وازھێنانە لە بوون  ڕێڕەوی خۆی وەربگرێت، لەسەر ھیچ شتێک پەڵپ ناگرێت، ھەندێک خەڵک پێویستیان بە خاوەندارێتییە بەڵام ئەوە ڕێگای خۆشەویستی خراپ دەکات.

 

فەیلەسوفێکی ڕاڕا(قەلەق)

مارتن ھایدگەری فەیلەسوفی ئەڵمانی (٢٦ ی سێپبتەمبەری ١٨٨٩ - ٢٦ ئایاری ١٩٧٦) لە باشوری ئەڵمانیا لەدایکبووە، لە زانکۆی فرایبۆرگ لەژێر سەرپەرشتی دامەزرێنەری فینۆمینۆلۆجیا ئیدمۆند ھۆسرڵ دا خوێندویەتی، پاشان لە ساڵی ١٩٢٨ بووە بە مامۆستا لە ھەمان زانکۆ دا. گرنگیدانە فەلسەفیەکانی بە ئاراستەی کێشەکانی بوون و تەکنیک و ئازادی و حەقیقەت و جگە لەم بابەتانەدا بردووە. لە دیارترین دانراوەکانی: بوون و کات(١٩٢٧)، ڕێگا داخراوەکان(١٩٥٩)، ئەوە چیە پێیدەوترێت بیرکردنەوە(١٩٥٤)، چەمکە بنچینەییەکان لە میتافیزیک دا(١٩٦١)، بانگی حەقیقەت، لەبارەی ئازادی مرۆیێەوە(١٩٨٢)، نێچە(١٩٨٣). ھایدگەر بە کاریگەریە گەورەکەی بەسەر قوتابخانە فەلسەفیەکانی سەدەی بیستەوە جیادەکرێتەوە، لە گرنگترینیان بونگەرایی، ھێرمۆنتیکی، فەلسەفەی ھەڵوەشاندنەوە و لێکترازانسازی و پۆست مۆدێرنەیە. لە گرنگترین دەستکەوتەکانیشی ئەوەیە دوور لە پرسیارە میتافیزیکی و تیۆلۆژیەکان دووبارە ئاراستەی فەلسەفەی ڕۆژئاوای کردەوە، تا لەبری ئەوانە پرسیاری تیۆری بوون(ئۆنتۆلۆژیا) بخاتە بەرباس، کە پرسیارێکە بەشێوەیەکی بنچینەیی جەخت لە مانای بوون (دازاین) دەکاتەوە. زۆرێک لە فەیلەسوفەکان و بیرمەندەکان و مێژوونووسەکان بەدژایەتیکردنی سامیزم تۆمەتباری دەکەن یان لای کەم سەرزەنشتی دەکەن لەسەر ئینتیما بوونی بۆ پارتی نازیزمی ئەڵمانی لە ماوەیەکی دیاریکراو دا.

ئەزموونەكه‌ی مارتن هایدگه‌ر له‌ ڕاڕایی(قەلەق) دابوو، كه‌ نابوونی بوونی به‌ڵكو نەبوون بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ ئاشكراكرد، ئەو ڕاڕاییەی ھایدگەر پەیوەندیی بە ئایدیای نەبوونەوە ھەیە. سەرچاوەی ڕاڕایی لای ھایدگەر ھەستکردن بە تاوان نیە دوای ئەنجامدانی ھەڵەیەک وەک ئەوەی لای کیرگەگارد ھەیە، بەڵکو سەرچاوەکەی ترسە لە نەبوون، بەوەش سەرچاوەکەی بریتیە لە بوون.

 

تیۆریستێکی سیاسی

ھانا ئارێنت(١٤ ی ئۆکتۆبەری ١٩٠٦ - ٤ی دیسەمبەری ١٩٧٥) تیۆریستێکی سیاسی و لێکۆڵەرێکی یەھودی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی بوو، سەرەڕای ئەوەی زۆر وەک فەیلەسوفێک باسکراوە، بەڵام ئەو ھەمیشە ئەم ناونیشانە ڕەتدەکاتەوە، لەسەر بنەمای یەوەی کە فەلسەفە بەرخورد لەگەڵ ( مرۆڤ لە شێوەی تاک دا) دەکات، لەبری ئەوە وەک تیۆریستێکی سیاسیی باسی خۆی دەکات، چونکە کارەکەی جەخت لەسەر بوونی (مرۆڤ، نەک مرۆڤی تاک، کە لەسەر زەویەک دەژێن و نیشتەجێی جیھانن) دەکاتەوە.

ھانا لە خێزانێکی سیکۆلار لە جولەکەکانی ئەڵمانیا لە شاری لیدن(ئێستا بەشێکە لە ھانۆڤەر) لەدایکبووە. لە کۆنسبێرگ و بەرلین گەورەبووە، خودی وێستگەکانی ژیاننامەکەی بەرجەستەکەری گرنگترین ڕوداوەکان و تایبەتمەندیەکانی ئەم سەدە خوێناوییەیە. لە زانکۆی ماربۆرگ لەگەڵ مارتن ھایدگەر دا فەلسەفەی خوێندووە، لەگەڵیشی دا چووە پەیوەندیەکی درێژی ڕۆمانسیەوە.

لە ھاوینی ١٩٣٣ دا ھەواڵگری نازیزم ھانا ئارێنتیان دەستگیرکرد، دواتر ئازادکرا. پاشان بە گوزارشتی خۆی  " ئەم ژنە یەھودیە ئەڵمانیە دەرکراوە لەلایەن نازیەکانەوە"  لە ھەڵھاتن لە چنگی نازیزم  بۆ پاریس و دواتریش بۆ نوێورک سەرکەوتووبوو. وەک ڕۆژنامەنوس و ڕێنوسکار و مامۆستای زانکۆ کاریکرد  و کاری سیاسیی ڕاستەقینەی دەستیپێکرد.

پاشان ئارێنت ھەموو توانا و بەھرەکانی خۆی بۆ ئەو ڕێکخراوە جولەکانە تەرخانکرد کە لە نیۆرک دا کاریاندەکرد، كه‌ ڕزگارکردنی ئەو جولەکانەی کە دەکرا ڕزگاربکرێن لە جولەکەکانی ئەوروپایان خستبووە ئەستۆی خۆیان، کاریشیان لەسەر دروستکردنی نیشتیمانێک بۆ جولەکەکان لەسەر خاکی مێژوویی فەلەستین دەکرد. بەڵام دواتر[ھانا] لەم ڕێکخراوانە جیابووەوە.

 

 

 

 

 

 

په‌راوێز:

هه‌موو كۆته‌یشنه‌كان له‌م سه‌رچاوه‌یه‌وه‌ وه‌رگێراوه‌:

- Hannah Arendt / Martin Heidegger, Briefe 1925-1975 (Vittorio klostermann GmbH, Frankfurt am Main, 2004.

تمّت ترجمة هذه الرسائل إلى العربية: حنّة أرندت – مارتن هيدغر، رسائل. حنّة أرندت ومارتن هيدغر 1925 ـ 1975. تعريب وتقديم حميد لشهب (بيروت: دار جداول، 2014