A+    A-
(3,572) جار خوێندراوەتەوە

        بەخێربێن بۆ بیابانى ڤایرۆسى

 

 

 

 

       سلاڤۆى ژیژەک

       و. وەلید عومەر

 

 

 

 

 

تەشەنەسەندنى جیهانیى هەڵکشاوى ڤایرۆسى کۆرۆنا, میلى پەتاى زۆر ڤایرۆسى ئایدۆلۆژیى تریشى هێناوەتەوە کە لەژێر پێستى کۆمەڵگاکانمانەوە خۆیان حەشاردابوو: هەواڵى هەڵبەستراو, تیۆرى پیلانگێڕیى پارانۆیایى, تەقینەوەى ڕەگەزپەرستى(ڕاسیزم). زەروورەتى پزیشکى بۆ قەرەنتینەکردن ڕیشەى دەچێتەوە سەر فشارى ئایدۆلۆژى بۆ کێشانى سنورى ڕوون و تۆخ, و قەرەنتینەکردنى دوژمنەکانمان کە هەڕەشەیەکن بۆ سەر شوناسمان [واتە زەروورەتە پزیشکییەکە, هاوتەریبە بە زەروورەتێکى نەبینراوى ئایدۆلۆژى و دەروونی‌یش کە دەبێت سنورى خۆمان بەوانیترەوە جیاکەینەوە چونکە لە ئێمە نین و پیسن و دەبێت وەدەر بنرێن].

بەڵام ڕەنگە ڤایرۆسێکى ئایدۆلۆژیى دیکەش بڵاوبێتەوە-و زۆریش سودبەخش‌تر بێت-, کە هیوادارم بمانگرێتەوە: پەتا و ڤایرۆسى بیرکردنەوە لە کۆمەڵگایەکى بەدیل[لەجیاتیى ئەم چەشنە کۆمەڵگایەى ئەمڕۆ], کۆمەڵگایەک کە بکەوێتە ئەودیوى فۆرمى دەوڵەت-نەتەوەوە, کۆمەڵگایەک کە فۆرمى هاوپشتى و هاریکارییەکى جیهانى ببەخشێتە خۆى. زۆرجار مقۆمقۆیەکمان بەر گوێ دەکەوێت کە ڕەنگە ڤایرۆسى کۆرۆنا هەرەس بەو دەوڵەتە کۆمۆنیستییە بێنێت کە فەرمانڕەوایى چین دەکات, هەر بەو جۆرەى کە (بەپێى جەختکردنەوەکەى گۆرباچۆڤ خۆى) کارەساتى چرنۆبڵ ڕووداوێک بوو دوا میلى لە کۆمۆنیزمەکەى سۆڤیەت ڕاکێشا. بەڵام ئالێرەدا پارادۆکسێک هەیە: ڤایرۆسى کۆرۆنا ناچارماندەکات سەرلەنوێ کۆمۆنیزم لەسەر بنەماى متمانە بە خەڵک و زانست بنیات‌بنێینەوە.

لە کۆتایى فیلمى (Kill Bill 2)ـى تارانتینۆ دا, بیاتریکس, بێلى خراپەکار پەکدەخات و بەهۆى لێدانى «چنگە-بۆکس[1]»ـەوە پەلامارى دەدات کە کوشندەترین زەبر و لێدانى ناو هونەرەکانى بەرگرییە(هونەرە جەنگییەکان). ئەم جووڵەیە پێنج لێدانى لێکدراوى سەرپەنجە لەخۆدەگرێت بۆ سەر پێنج خاڵى فشارى جیاجیا بەسەر جەستەى ئامانجەکە یان کەسى نیشانەکراوەوە- پاش ئەوەى ئامانجەکە دووردەکەوێتەوە و پێنج هەنگاوێک هەڵدێنێت, دڵى لە جەستەیدا دەتەقێتەوە و دەکەوێتە سەر زەوییەکە(هێرشێکى لەم جۆرە بەشێکە لە ئوستورەناسیى هونەرە جەنگییەکان, بەڵام شتى وا لە ڕووبەڕووبوونەوە دەستەویەخەکاندا کارى نەکردەیە). با بگەڕێینەوە لاى فیلمەکە: دواى ئەوەى بیاتریکس ئەم «حەرەکە»یە ئەنجامدەدات, بیل لەسەرخۆ دەست لە ڕووبەڕووبوونەوەکە هەڵدەگرێت و پێنج هەنگاوێک دەڕوات و دەمرێت...ئەوەى ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە دەکاتە شتێکى سەرنجڕاکێش ئەو ساتەیە کە دەکەوێتە نێوان لێدانەکە و مردنەوە: تا ئەو کاتەى بۆخۆم بەئارامى دانیشتووم دەتوانم گفتوگۆیەکى هێمن و خۆشم هەبێت, بەڵام لە تەواوى ئەم کاتەدا ئاگام لەوەیە لەو ساتەدا دەستبکەم بە ڕێکردن, کەچى دڵم دەتەقێتەوە و دەکەوم! ئەمەش بیرۆکەى ئەو کەسانەیە کە پێیانوایە ڤایرۆسى کۆرۆنا چۆنچۆنى سەردەکێشێت بۆ  کەوتنى حکومەتە کۆمۆنیستییەکە لە چین, نەک ئەوەى درمى کۆرۆنا وەک لێدانێکى کۆمەڵایەتیى چنگەبۆکسێک کاربکات بۆ سەر ڕژێمە کۆمۆنیستییەکەى چین: ئەوان دەتوانن دانیشن و سەیربکەن و شێوازە باوەکانى قەرەنتینەکردن ئەنجامبدەن و هتد؛ بەڵام هەر جۆرە گۆڕانێکى ڕاستەقینە لە نەزمە کۆمەڵایەتییەکەیاندا(وەکو متمانەى ڕاستەقینە بە خەڵک) سەردەکێشێت بۆ کەوتنیان. بۆچوونە خاکى و میانڕەوەکەى من, زۆر ڕادیکاڵترە: درمى کۆرۆنا, جۆرێک هێرشى «چنگەبۆکس»ـە بۆ سەر سیستەمى سەرمایەداریى جیهانى: نیشانەیەک[2] بۆ ئەوەى کە ناتوانین بەسەر هەمان ڕێگادا بڕۆین کە پێیدا دەڕۆیشتین, و گۆڕانێکى ڕیشەیى شتێکى پێویستى و ناچارییە.

چەند ساڵێک لەمەوبەر, فرێد جیمسن, لە فیلمە یۆتۆپییەکاندا ئاماژەى بە کارەساتێکى جیهانى کردبوو(نەیزەکێک کە هەڕەشە لە ژیان دەکات لەسەر زەوى, ڤایرۆسێک کە مرۆڤایەتى لە بن دەردەهێنێت...): هەڕەشەیەکى وەها گڵۆباڵ و جیهانى, دەبێتەهۆى هاوپشتییەکى جیهانى, جیاوازییە بچوکەکانمان بایەخى خۆیان لەدەستدەدەن, هەموو دەست لە دەستى یەک دەنێین بۆ ئەوەى چارەیەک بدۆزینەوە- ئەوەتا ئەمڕۆش لێرەین, لە ژیانێکى واقیعى‌دا. خاڵە سەرەکییەکە ئەوە نیە بەشێوەیەکى سادیستى چێژ لەو ئازارە بەربڵاوە وەردەگرین هەر لەبەر ئەوەى بیانوو و ئامانجمان پێ دەبەخشێت- بەپێچەوانەوە خاڵەکە ئەوەیە دەبێت بیر لەو ڕاستییە غەمبزوێنە بکەینەوە کە پێویستمان بە کارەساتێکە تا ناچارمانبکات لەو خەسڵەتە بنەڕەتییانەى ئەو کۆمەڵگایە ڕامێنین وا تێیدا دەژین.

یەکەمین مۆدێلى تەمومژاویى هاریکارییەکى جیهانیى لەم جۆرە, ڕێکخراوى تەندرووستیى جیهانی(WHO)یە کە وەک هەمیشە منگەمنگى بیرۆکراسییانە ناکات, بەڵکو کۆمەڵێک هۆشداریى دەقاودەق بڵاودەکاتەوە بەبێ درووستکردنى ترس و تۆقین. دەبێت دەسەڵاتێکى ڕاپەڕاندنى زیاتر بخرێتە بەردەم ئەم ڕێکخراوە. بێرنى ساندەرز [ـى پاڵیوراوى پێشووى دیموکراتەکانى ئەمریکا], لەبەر بەرگریکردنى لە چاودێرییە تەندرووستییە جیهانییەکان لە ئەمریکا لەلایەن گومانگەراکانەوە کەوتە بەر گاڵتەپێکردن- ئاخۆ وانەى سەرتاپاگیرى ڤایرۆسى کۆرۆنا ئەوە نیە کە ئێمە پێویستمان بە هەنگاونانى زیاترە؟ ئەوەى کە دەبێت جۆرێک لە تۆڕى تەندرووستیى جیهانى درووستکەین؟ ڕۆژێک پاش ئەوەى ئیرەج حەریرچى, جێگرى وەزیرى تەندرووستیى ئێران کە لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانى‌دا دەرکەوت تاکو تەشەنەسەندنى کۆرۆنا وەک شتێکى بێ‌بایەخ ڕاگەیەنێت و بڵێت قەرەنتینەى گشتى هەر پێویست ناکات, لە بەیاننامەیەکى کورتدا ڕایگەیاند خۆیشى تووشى کۆرۆنا بووە و خۆى خزاندووەتە نێو قەرەنتینە و گۆشەگیرییەوە(لە دەرکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەشیدا هەندێک نیشانەى تا و لاوازیى پێوە دیار بوو). حەریرچى ئەوەشى زیادکرد: «ڤایرۆسەکە ڤایرۆسێکى دیموکراسییانەیە, و جیاوازى ناخاتە نێوان هەژار و دەوڵەمەند یان دەوڵەتمەدار و هاوڵاتیى ئاساییەوە». ئەو لەم خاڵەدا بەقووڵى لەسەر حەق بوو. هەموومان لە هەمان دۆخداین(بەسەر یەک پاپۆڕەوەین).

بەتەنیاش لەبەردەم هەڕەشەیەکى ڤایرۆسییدا نین- کۆمەڵێک کارەساتى تریش لە ئاسۆوە دیارن یان خەریکن ڕوودەدەن: وشكەساڵى, شەپۆلى گەرما, زريانى زەبەلاح و هتد. لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا, ترس و تۆقین وەڵام نیە, بەڵکو هەوڵ و تەقەللا بۆ درووستکردنى جۆرێک هەماهەنگیى کاراى جیهانى شتێکى پێویستە.

یەکەمین وەهم کە دەبێت لێى دەرباز بین ئەوە بوو کە لەلایەن ترەمپەوە لە سەردانەکەیدا لە هندستان خرایەڕوو: پەتاکە وا زوو پاشەکشەدەکات, هێندە هەیە دەبێت چاوەڕێى تێپەڕینى عومرە کورتەکەى بین و ژیان بگەڕێتەوە دۆخى ئاسایى خۆى. چین پێشوەخت ئامادەى ساتەوەختێکى لەم جۆرەیە: میدیاکانیان ئەوەیان ڕاگەیاندووە هەرکات پەتاکە کۆتاییهات, ئەوا خەڵک شەمە و یەکشەمەش کاردەکەن بۆ ئەوەى دواکەوتنەکان قەرەبووببنەوە. بەپێچەوانەى ئەم هەمووە هیوا سادە و ساکارەوە, یەکەم خاڵ بریتییە لە قبوڵکردنى ئەو خاڵەى کە هەڕەشەکە لێرەیە و هەر لێرەش دەمێنێتەوە: تەنانەت گەر ئەم شەپۆلەش دامرکێتەوە, ئەوا ڕەنگە دووبارە لە فۆرمێکى نوێ و ترسناکتریشدا دەرکەوێتەوە.

هەر لەبەر ئەمە, دەتوانین چاوەڕوان بین پەتاکان کاریگەرى دەخەنە سەر سەرەتاییترین پەیوەندییەکانمان بە مرۆڤەکانى ترەوە و بە شتەکانى چواردەور و جەستەکانى خۆیشمانەوە: [بۆنمونە دەوترێت:] خۆتان لە لەمسکردنى ئەو شتانە بپارێزن کە ڕەنگە(بەشێوەیەکى نادیار و نەبینراو) «پیس» بن, دەست لە دەسکى شتەکان مەدەن, لەسەر تەوالێتە گشتییەکان یان کورسیی شوێنە گشتییەکان دامەنیشن, خۆتان لە باوەش و تەوقە بپارێزن...تەنانەت ئاگاتان لە شێوازى کۆنترۆڵکردنى جەستەتان و جموجووڵە خۆڕسکەکانیشتان بێت: دەست بۆ لوتتان مەبەن و چاوتان هەڵمەگڵۆفن. بەکورتییەکەى, یاریى بە خۆتانەوە مەکەن. بۆیە ئەوە تەنیا دەوڵەت و ڕێکخراوەکانى تر نین کە کۆنترۆڵماندەکەن, بەڵکو دەبێت فێرى ئەوە بین خۆمان کۆنترۆڵ بکەین و ڕێکخراو و بەدیسپلین بین. ڕەنگە تەنیا واقیعى مەجازى بە شوێنێکى سەلامەت دابنرێت, هەروەها جموجووڵى ئازادانەى ناو فەزاى کراوە تەنیا لە دوورگە تایبەتەکانى کەسانى سوپەردەوڵەمەنددا پارێزراو بن.

بەڵام, تەنانەت لێرەدا, لە ئاستى واقیعى مەجازى و ئەنتەرنێتدا, دەبێت ئەوە بیرى خۆمان بێنینەوە لە دەیەکانى ڕابردوودا زاراوەى «ڤایرۆس» و «ڤایرۆسى» بەزۆرى بۆ ئاماژەکردن بە ڤایرۆسە دیجیتاڵییەکان بەکاردەهات کە فەزا ئەنتەرنێتییەکەى ئێمەیان پیستر دەکرد, و ئێمەش لانیکەم تا ئەو دەمەى لە هێزە وێرانکەرەکەی ئازادنەبووینایە ئەوا هەر لێى بەئاگا نەدەهاتینەوە(بۆنمونە, لەناوبردنى داتاکانمان, یان هارد درایڤەکانمان). ئەوەى ئێستا دەیبینین گەڕانەوەى زاراوەکەیە بە ماناى دەقاودەقى وشەکە: تەنینەوەى ڤایرۆسى و سەرتاپاگیر, لە هەردوو لاوە دەستیان تێکەڵکردووە: واقیعى و مەجازى.

دیاردەیەکى سەمەرەى تر, کە دەتوانین تێى ڕامێنین, گەڕانەوەى سەرکەوتووانەى ئەنیمیزمى[3] کەپیتالیستییە, وەرگرتنى دیاردە کۆمەڵایەتییەکانى وەک بازاڕ و سەرمایەى دارایى وەک کۆمەڵێک بوونەوەرى زیندوو. گەر کەسێک موتابەعەى میدیا زەبەلاحەکانمان بکات, ئەوەى تێى دەگات ئەوەیە کە ئەو شتەى پێویستە خەمى لێ بخۆین ئەو هەزاران کەسە نیە کە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە(و ئەو هەزاران کەسەش نیە لە داهاتوودا گیان لەدەستدەدەن), بەڵکو ئەو ڕاستییەیە کە «بازاڕەکان خەریکە تووشى عوساب و شڵەژان دەبن». ڤایرۆسى کۆرۆنا خەریکە کارکردى بازاڕى جیهانى تێکوپێک دەدات, بەپێى ئەوەشى دەیبیستین ڕەنگە گەشەى بۆ سەدا دوو یان سەدا سێ دابەزێت...ئاخۆ هەموو ئەمانە نیشانەیەکى ڕوون نین بۆ پێویستییەکى دەمودەست بە ڕێکخستنەوەى سەرلەنوێى ئابوریى جیهانى, ئەویش بەجۆرێک کە ناکەوێتە بەر ڕەحمەتى میکانیزمەکانى بازاڕ؟ دیارە ئێمە لێرەدا بەو شێوە کۆنەى جاران باسى کۆمۆنیزم ناکەین, تەنیا باسى پێویستبوون دەکەین بە جۆرێک لە ڕێکخراوى جیهانى کە ئابورى کۆنترۆڵبکات و ڕێکیخات, و بەپێى پێویستیش دەسەڵاتى دەوڵەت-نەتەوەکان سنورداربکات. وڵاتان لە هەلومەرجى جەنگدا دەتوانن کارى لەم جۆرە ئەنجامبدەن, هەمووشمان بەشێوەیەکى کارا و کاریگەر خەریکین لە ڕەوشێکى جەنگیى پزیشکى نزیکدەبینەوە.

سەربارى ئەمەش, نابێت لەوە بترسین کە ئاماژە بۆ ڕووى پۆزەتیڤ و سودبەخشى پەتاکان بکەین. یەکێک لە سیمبوڵەکانى ئەم پاتایە ئەو گەشتیار و موسافیرانەن کە بەسەر کەشتییە گەشتیارییەکانەوە گیریانخواردووە(و قەرەنتینە کراون): بۆ ڕزگاربوونى هەمیشەیى لە قێزەونیى ئەم کەشتییانە ناچارمدەکات قسەیەکى ئاوەها بکەم. (دەبێت وریا بین گەشت بۆ دوورگە دووردەستەکان یان باقیى شوێنە تایبەتەکانى تر نەبێتە ئیمتیازێک بۆ ژمارەیەکى دیاریکراوى خەڵکى دەوڵەمەند, وەکچۆن چەند دەیەیەک پێشتر فڕۆکە و ئاسمانیش بەو جۆرە بوون). بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێل, بەچڕى کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە. دەى باشە, ئەمە ڕەنگە ناچارمان بکات بیر لە بەدیل بکەینەوە بۆ تفاقە شەخسییەکانمان. دەکرێت ئەم لیستە تاهەتایە درێژ بکرێتەوە.

ڤیکتۆر ئۆربان, لە یەکێک لە وتاردانەکانى ئەو دواییەى خۆیدا وتى: «شتێک بە ناوى لیبراڵەوە بوونى نیە. لیبراڵ هیچ نیە جگە لە کۆمۆنیستێک کە دیپلۆمى هەیە». ئەى ئەگەر پێچەوانەى ئەم قسەیە درووست بێت چى دەبێ؟ واتە لیبراڵەکان بەو کەسانە بزانین کە گرنگى بە ئازادییمان دەدەن و کۆمۆنیستەکانیش بەوانە بزانین کە پێیانوایە دەتوانین ئەم ئازادییانە تەنیا بەهۆى کۆمەڵێک گۆڕانى ڕیشەییەوە دەپارێزین, چونکە کەپیتالیزمى جیهانى خەریکە لە قەیران نزیکدەبێتەوە! بۆیە دەبێت بڵێین ئەوانەى ئەمڕۆ خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن کۆمەڵێک لیبراڵن کە دیپلۆمیان هەیە: ئەو لیبراڵانەى کە بەشێوەیەکى جدى و شێلگیرانە لەوە دەکۆڵنەوە بۆچى بەها لیبراڵەکانمان لەژێر هەڕەشەدان و لەوە بەئاگاهاتوونەتەوە کە تەنیا گۆڕانێکى ڕیشەیى و ڕادیکاڵ دەتوانێت ڕزگارمانبکات.             

 

      

        

   

 


[1]. Five Point Palm Exploding Heart Technique

[2]. Signal

[3] . ئەنيميزم(animism) یان ڕۆحگەرایى: لەبنەڕەتدا بیروباوەڕێکى کۆنە و پێیانوابووە مادەکانى ناو سرووشت هەریەکە ڕۆح و گیانى تیایە و زیندوون- و