A+    A-
(1,246) جار خوێندراوەتەوە

ئاوارتەى ڤایرۆساوی

(کورتەوەڵامێک بۆ ئاگامبێن)

 

 

ژان لۆک نانسی

و: سوورێن ئیبراهیم

 

 

هاوڕێ کۆنەکەم، جۆرجیۆ ئاگامبێن، دەڵێت: کرۆنا جیاوازییەکی وای لەگەڵ سووکەهەڵامەتدا نییە. لەوەش گەڕێن کە ئێمە بۆ سووکەهەڵامەتییش دەرمانی تاقیکراوەمان هەیە. گەرەکە گشت ساڵێ ئەم دەرمانە لەگەڵ بیچمگۆڕکێی ڤایرۆسەکەدا بگونجێنرێ. هەروەتر ئێستاش کە ئێستایە هەڵامەتیی ئاسایی خەڵکێکی زۆر دەکوژێ. بێگومان پەتای کرۆنا، کە هێشتانەکێش دەرمانی نییە، فرە کوشندەترە. جیاوازییەکەى (بەگوێرەى زانیارییەکانی وەک ئەوانەى ئاگامبێن) ١ بە ٣٠؛ ئەمەش جیاوازییەکی کەم نییە.

جۆرجیۆ دەڵێت دەوڵەت سوود لە هەموو دۆخێک وەردەگرێ تا دۆخی ئاوارتەى هەمیشەیی پێ ڕابگەیەنێ. بێئاگا لەوەى هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی تەکنیکی: (گواستنەوە، هاوردە و هەناردەی چەشناوچشن، خستنەڕوو یان بڵاوکردنەوى کەرەستە و شتی هاوشێوەش)ـیش لێل گەشەی دانیشتوان هەڵدەکشێ. جۆرجیۆ ڕەچاوی ئەوە ناکات کاتێ خێرایی پەیوەندییەکان بۆ دۆخێکی بێ پێشینە هەڵدەکشێ، ئاوارتە دەبێتە یاسا. ئاشکرایە لە وڵاتانی دەوڵەمەند گەشە و دابەشبوونی دانیشتوان هاوتا لەگەڵ زیادبوونی تەمەنی مرۆڤ و هەڵکشانی ڕێژەی پیران و بە شێوەیەکی گشتییش خەڵک، جێی مەترسییە.

مسۆگەر ئەمڕۆ تێکڕای ژیاری مرۆڤایەتی لە گومان و دوودڵییدایە، بێگومان ئێمە لوتمان بووە بە لووتی جۆرێکی ئاوارتەى ڤایرۆساوی، بایۆلۆژیی و ئینفۆرماتیک و فەرهەنگییەوە- ئەو سەرتاپاگیرە و هەموومانی ساکاندووە، دەوڵەتانیش هەواڵدەرێکی خەمباری ئەم پەتایەن و یەکلاکردنەوەشی لێل ئەوان پێش ئەوەى تێڕامانێکی ڕامیاری بێ، مانۆڕێکە بۆ چەواشەی کۆهەست.

 

بیرم نەچێ جۆرجیۆ هاوڕێیەکی کۆنمە. بەداخەوەم کە بیرەوەرییەکی تایبەتییمان دەگێڕمەوە، لێ هەرچۆن بێ نامەوێ بۆ دۆزینەوەى چارەسەر و تەگبیرێکی گشتی تەرێز بگرم. ئاوا نزیکەى سی ساڵ پێش ئێستا، پزیشکەکانم پێیان ڕاگەیاندم دەبێت نەشتەرگەریی چاندنی دڵ بکەم. جۆرجیۆ یەکێک بوو لەوانەی پێی وتم گوێ بۆ قسەیان شل نەکەم. گەر بە قسەی ئەوم کردبا، لەوانەبوو بمرم. مرۆڤیش هەڵە دەکات، دەی، جۆرجیۆ یەکێکە لەو کەسانەى ژیری و لێوەشاوەیی لێ دەڕژێ و بە ئێستاشەوە دەتوانین - دوور لە تانووت و پەلار- بە ئاوارتەی ناودێر بکەین.

 

 

 

 

سەرچاوە: رادیو زمانە