A+    A-
(1,827) جار خوێندراوەتەوە

     فەلسەفە و کۆرۆنا: لە شەڕی «جەماعەت»ـەوە بۆ جەنگی«مەناعەت»

 

 

 

 

فەتحی مسکینی

و: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

دەسپێک: ڤایرۆس شوناسی نییە

ساڵی ١٨٩٢«ڤایرۆسەکان» دۆزرانەوە، بەمەش مرۆڤایەتی پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. «لۆژیکی بوونەوەری زیندوو» گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هات. نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەش چەند ڕووداوێکی پزیشکی (دۆزینەوەی مایکرۆبایۆلۆژیی، دەستکرا بە دیراسەکردنی خانە و ڤایرۆس و بەکتریا و میکرۆبەکان) و تەکنۆلۆژی (تەلەفۆن و تەلەگراف و خێرایی ڕووناکی و فڕین و سینەما و تیشکەکان) بەخۆیەوە بینی. دەشێت وەک شێوەگرتنی بەدوای یەکداهاتووی میتافیزیکی و سەرنجڕاکێش لێیان بڕوانرێت، ئەنجامەکەی جێگیرکردنی چاخێکی سەیر و بێ وێنە بوو، ئەویش چاخی «ئێستا»ـیە. هاوزەمان لەگەڵ ئەم دۆزینەوە زانستی و تەکنەلۆژییانەدا نیچە بانگەشەی «مەرگی خودا»ـی ئەخلاقیی کرد، وەک دیاردەیەکی ڕەمزیی کە گوزەری کرد بە ئاگایی ئەوروپی سەبارەت بەخۆی و داهاتووی خۆی لە جیهاندا. دیارترین سیمای ئەم چەرخە ئەو ڕووداوانەن وا هاوشێوەی دووبارە دۆزینەوەی ئەو شتەن کە لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە پێی دەگوترێت «جیهانی هەستپێکراو-مەحسوسات». زاناکان دەستیانکرد بە دووبارە کێشانەوەی نەخشەی جیهانی هەستپێکراو لە ڕێگەی سیاسەتێکی نوێی تایبەت بە بینراو و نەبینراو. بەجۆرێک «نەبینراو» چیتر «بوونەرێکی عەقڵی» یان «خەیاڵی» نییە، بەڵکو ڕووبەرێکی سرووشتییە کە تێڕوانینە تەقلیدییەکانمان سەبارەت بە شوێن و کات و جووڵە و مادە و ژیان، هەڵدەوەشێنێتەوە. ڕووبەرێکە دەبێت بیدۆزینەوە و بچینە ناو پەیوەندییەکی مەعریفی و تەکنۆلۆژی و ئەخلاقییەوە لەگەڵیدا.


ڕەنگە بگوترێت: چ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان دۆزینەوەی «ڤایرۆس» و ڕاگەیاندنی «مەرگی خودا»ـدا، ئەگەرچی لە یەک سەردەمیشدا ڕوویانداوە؟ - ئەوەیە کە چیرۆکی «ئادەم» (تاکە درووستکراو «لەسەر شێوەی خودا») لەرزۆک بووە و شیرازە و تۆکمەیی خۆی لەدەستداوە: چونکە «مرۆڤ» ڕووبەرێکی بەکتریایی و ڤایرۆسییە و بە جەستە حەیوانییەکانی تردا تێدەپەڕێت. نەوەک «وێنە»ـیەکی ئیلاهی بێت لەسەر قوڕێکی پیرۆز. ڤایرۆس هاوشێوەی تەلەفۆن و سینەما و فڕۆکە و «مەرگی خودا»ـی تەقلیدی، ڕووداوی میتافیزیکییە کە پەیوەندییەکان لەگەڵ «هەستپێکراو»ـدا دادەڕێژێتەوە. بۆیە بۆ یەکەمجار جەسارەتی ئەوە کرا بچینە ناو پەیوەندییەکی تەکنۆلۆژییەوە لەگەڵ «نەبینراو»ـدا وەک بەشێکی دانەبڕاو لە مادەی بوون لە جیهاندا کە جەستەمان پێی کاریگەر دەبێت. هەستپێکراو لە دەرەوەی ئێمەدا بوونی نییە، چونکە «دەرەوە»ـی ئۆنتۆلۆژی بوونی نییە. هەستپێکراو ڕووبەرێکی تێپەڕە و جەستەکان دەبڕێت، وەک مادەیەک بەبێ سنووری بینراو ڕووەو ناوەوە و ڕووەو دەرەوەش، چیتر «جەستە»ـی مرۆیی «تەنها» بازنەیەکی ئەندامی نییە لە زنجیرەیەکی خانەیی بچووک. بەڵکو سنووری جەستەی بینراو یان دەرەکی تێدەپەڕێنێت و جەستەکانی «دیکە» «تووشدەکات». هاوکات «ئەویتر» لەڕووی پزیشکییەوە پووکایەوە و گۆڕا بۆ بانگەشەیەکی ئەخلاقی کە سەر بە کەلتوورێکی چارەسەرە، کەلتوورێک سەردەمی بەسەرچووە و ئێکسپایەر بووە دوای دۆزینەوەی کیشوەری نەبینراوی زیندەیی (خانەیی و بەکتریایی و ڤایرۆسی) لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا.


بەمەش ناتوانین لە ڤایرۆسی کۆرۆنا «تێبگەین» کە هەڕەشەیە بۆ سەر جیهان، ئەگەر لە دۆزینەوەی ڤایرۆس تێنەگەین وەک وەرچەرخانێک لە سیاسەتی «پەتایی» مەزنی مۆدێرندا. دەتوانین وەک بوونبە و سەیروورەیەکی پەتایی لێی تێبگەین کە لە چاخی نەخۆشییە تەقلیدییەکانەوە (کە هێشتا خەڵک خاوەنی «جەستە»ـی تایبەت و شوناسی تەندرووستی تایبەتە و دەتوانرێت لە ڕووی ئەخلاقییەوە پارێزگاری لێ بکرێت) تێپەڕیوە بۆ چاخی ڤایرۆسەکان (تیایدا «جەستە»ـی ئەندامی ڕووبەرێکی پەتایی و درمیی کراوەیە و خۆپارێزیی ئەخلاقی هیچ مانایەکی نییە).

 

 

 

نەخۆشی مانای خۆی دەگۆڕێت


چ جیاوازییەکی هەیە گەر مرۆڤێک نەخۆش بکەوێت، لەگەڵ نەخۆشکەوتنی حەیوان یان ڕووەکێکدا؟ یان ئەوەیە نەخۆشی, داهێنراوێکی ئەخلاقیی تایبەتە بە «خۆمان». «ئێمە»ـیەک کە بە ڕێکەوت سەر بە جۆری مرۆڤین؟ تا چ ئاستێک دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین کە تەنها مرۆڤ نەخۆش دەکەوێت: واتە نەخۆشی حاڵەتێکی تایبەتە بە شوناسی ئێمە، لە کاتێکدا حەیوان و ڕووەک بە مانا حەرفی و لاتینییەکەی «malade» کە وشە فەرەنسی و ئیتاڵی و ئیسپانییەکەی لێ داتاشراوە: واتە «male habitus»- «لە دۆخێکی خراپ» کە هاومانای «تووشبوون بە سەرما»ـیە؟ بۆیە پۆلێنکردنی «دۆخێک» وەک «نەخۆشی» کردەیەکی کۆمەڵایەتییە و سەپێنراوی کەلتوورێکە کە تێڕوانینێکی تایبەتی هەیە دەربارەی «تەندرووستی»، نەوەک وەسفێکی بایۆلۆژیی بێ‌لایەن بێت.

دەشێت ئەم گریمانەیە تاقی بکەینەوە لە ڕێگەی پشکنینێکی تەئویلی بۆ چەمکی «پەتا»، لە ڕیشە یۆنانییەکەیەوە: «epidemic»- پێکهاتووە لە هەریەک لە «epi» واتە «سەروو»، لەگەڵ    «demos» واتە «گەل»، کە جیاوازە لە مانای پەتا لە زمانی عەرەبی دا. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە چەمکی «پەتا» لە ئەسڵدا ئاماژەیە بۆ نەخۆشیی مرۆڤ. بەڵام لە زمانی باودا بەکاردێت بۆ ئاماژەکردن بۆ گرووپە حەیوانییەکانیش. هەرچەند چەمێکێکی تایبەت بە خۆیشیان هەیە  «zoonosis»  )نەخۆشیی حەیوانی) یان «epizootic» واتە «پەتای حەیوانی»، وەک ئەنفلۆنزای باڵندە. لێرەدا سەنتراڵیزمێکی ئەنترۆپۆلۆژی لە پشت چەمکەکەوە خۆی پەنهانکردووە، مرۆڤ وا دەزانێت سەنتەری جیهان و ژیانە، بەمەش نەخۆشییەکەی نموونەیەکی تەندرووستی و پارادایمێکی پزیشکییە بۆ زانینی ئەوەی تا چەندێک حەیوانەکانی «دیکە» (ئایا ئەویتر لە نەخۆشیدا بوونی هەیە؟) تەندرووستن. لەگەڵ ئەمەشدا، وا دیارە سیفەتی «پەتا» نادرێتە پاڵ ڕووەکەکان، کە چەمکێکی تایبەت بە خۆیان هەیە ئەویش «epiphyte» واتە «نەخۆشیی ڕووەکەکانە»؛ ڕووەک «نەخۆش دەکەوێت» بەڵام نابێتە «ناگوازرێتەوە» بۆ ئێمە. تەنها حەیوان دەتوانێت ڕووبەرێکی «پەتایی» بێت کە مرۆڤ تووشدەکات. لە ڕووی فەلسەفییەوە، ئەم بیرهێنانەوە میتافیزیکییە، بەوەی ئەم جیاکردنەوەیەی مرۆڤ لەجیهانی حەیوانی بانگەشەیەکی ئەخلاقییە، لەهەمووى زیاتر زیانبەخشترە.

چونکە ئەو ڤایرۆسەی لە پشت ئەم نەخۆشیانەوە وەستاوە، جا ئیتر لە جەستەی حەیوانی یان «مرۆڤ»ـدا بێت، گاڵتەی بەم جیاکاری و پۆلێنکردنە ئەخلاقییانە دێت. هەموو فۆرمەکانی ژیان تووشدەکات و وەک بوارێکی زیندەیی تایبەت بەخۆی لێیان دەڕوانێت. «ڤایرۆس» لە ئەسڵە هیندۆ- ئەوروپییەکەیدا لە یۆنانی کۆندا «ióç» واتە «ژەهر»ـەوە هاتووە. پێش دۆزینەوە ڤایرۆس بە مانا تازەکەی ساڵی 1892، لەکاتی پشکنین بۆ نەخۆشییەک کە تووشی ڕووەکی تووتن دەهات.
لەناکاو مرۆڤی هاوچەرخ -لەکۆتایی سەدەی نۆزدەوە- چیتر وەک جەستەیەک نەمایەوە کە ڕووبەرێکی ئەخلاقییە و خاوەنی چاودێرییەکی کۆمەڵایەتییە بەسەرییەوە لەژێرناوی «تەندرووستی»ـدا. بەڵکو گۆڕا بۆ بازنەی زیندەیی لە «ئیمکانی نەخۆشی» ناکۆتا. سنوورەکانی جەستە بەتەواوەتی گۆڕا. چ بەرەو ناوەوە (بە ئاڕاستەی خانە) چ بەرەو دەرەوە (بە ئاڕاستەی جەستە زیندووەکانی دیکە)، هاوکات مانای «نەخۆشی» گۆڕانی بەسەردا هات. چیتر وەک هەڵەیەکی تەندرووستی نەمایەوە (کە بەرهەمی «خۆراکی» نەگونجاو بێت)- یان زەروورەتێکی بایۆلۆژیی بێت بەهۆی تەمەنەوە (وەک مردن). بەڵکو ڕووبەرێکی «ڤایرۆسیی» نەبینراوە. بۆیە شوناسی جەستەمان لەژێردەستی خۆماندا نییە، لە ڕووبەرێکی ئەخلاقیی بینراودا، کە بتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین، بەڵکو جێ پەنجەی بۆماوەییە کە بانگەشە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ تێدەپەڕێنێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو پێکهاتە خانەیەیەی وا دەیکات بە هاوتای ڕووەک و حەیوان، واتە ئەو دوو فۆرمە ژیانەی مرۆڤی کلاسیک بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵیدا خۆی لێیان جیا بکاتەوە.

 

ڤایرۆس ئەو دیوارە کەلتوورییانە دەڕووخێنێت کە مرۆڤی کلاسیک بنیاتینابوون بۆ جیاکردنەوەی «خۆی» لە سەرپاکی بوونەوەرە «زیندووەکان» لەسەر بنەمایەکی ئەخلاقیی. بۆ یەکەمجار و لە سەردەمی ڤایرۆسەکاندا، جەستەی مرۆڤ گۆڕا بۆ بەفیڕۆدانێکی ئەندامیی لەبەردەم هەموو هێرشە زیندەییەکاندا، کە بە مانایەک لە «دەرەوە» دێن، بەبێ ئەوەی «دەرەوە» (outside) بەردەوام دەرەکیی (exterior) بێت.

 

 

فەلسەفە و کۆرۆنا

ئەم ترسە «پۆستمۆدێرنە»، واتە ترس لە ڕووبەرێکی پەتایی نەبینراوی پەنهان لە جەستەی ئەوانیتردا، کە گۆڕاوە بۆ بازنەی زیندەیی، و ڕەگەزی پەتایی و درمی دەردەدات بەبێ بەربەستی ئەخلاقی جگە لە «هەستی مەودا». ئەگەر ئەم «خود»ـە ترساوانە کە کراون بە «درێژکراوەی جەستەیی» و تاکێتی (فردية)خۆی وەک نەفرەتێکی بایۆلۆژیی کوێرانە هەڵگرتووە، بخەینە بەر ئاسۆی «ڤایرۆسی کۆرۆنا»، کە هەڕەشە لە کۆی مرۆڤایەتی دەکات، وەک پەتایەکی جیهانیی کوشندە، وەک دڕەندەیەکی هەڵاتوو لە تاقیگە ژێر زەمینیەکان. کە سنووری نەخۆشییەکی تاک وڵاتی (endemic) تێپەڕاندووە و هەڕەشەی گۆڕان بۆ نەخۆشیەکی گڵۆباڵ (panademic) دەکات، هاوشێوەی ئەو نەخۆشیانەی ملیۆنان کەسی لە باوانمان لەناوبرد وەک تاعوونی ڕەش و ئەنفلۆنزای ئیسپانی.

لە ڕووی فەلسەفییەوە، دەتوانین بە چەند ڕێگەیەک ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە بایۆ-تەکنۆلۆژی و بایۆ-سیاسییە ببینەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەیخاتە پێش مرۆڤایەتی:

یەکەم- ڤایرۆس بخەینە ناو مێژووی تایبەتیی خۆیەوە: مێژووی ئەو پەتایانەی چاخی نوێ بەریکەوتووە، جا ئیتر ئەورووپی بێت یان لە کۆڵۆنیەکانەوە بۆی گوازرابێتەوە لە ڕێگەی بازرگانیی «جەستە» ڕەشە کۆیلەکانەوە، لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەدا، هاوشێوەی تاعوون و تای زەرد و کۆلێرا. لێرەدا دەتوانرێت پەنا ببرێتە بەر میتۆدی فۆکۆ لە نووسینەوەی مێژووی پەتای تاعووندا وەک شوێنکار و وەرشەیەکی «بایۆ-سیاسی: بایۆپۆلەتیک»، بۆ دیراسەکردنی پەیدابوونی پەیوەندیی نێوان مەعریفە و دەسەڵات کە ڕووی شاراوەی ڕووداوی «مۆدێرنە»ـی ئەوروپی بوو. ئایدیای پەیوەندیی مێژوویی نێوان مۆدێرنە و پەتاکان، ئایدیایەکی ڕووکەش نییە، بەڵکو بەشێکی ڕاستەقینەیە لە شوناسە ئەخلاقییەکەی: چونکە «پێوەر»ـە یاساییەکانی ناوی هەمیشە لەڕێگەی لێشاوێک «گوتار»ـەوە پاکانەی بۆ خۆی دەکرد، کە خۆی وەک «مەعریفە»ـیەک پیشان دەدا کە پشت ئەستوور بوو بە گەڕان بەدوای حەقیقەت لەناو «زانست»ـدا.


شاری «وهان»ـی چینی، تەمەنی زیاترە لە 3500 ساڵ، ئێستا بە کارەساتی کۆرۆنادا تێپەڕ دەبێت، کاتێک لە شەقام و کۆڵانەکانی ورد دەبیتەوە، دەبینیت شوێن پێی مرۆڤی بەسەرەوە نەماوە، تەنها و چۆڵە وەک دۆزەخی میتافیزیکی، هەست بەوە دەکەیت «فۆکۆ لە وهان»ـە، لەوێدا ئەرکی بایۆ-سیاسیی دەوڵەت گۆڕاوە بۆ «چاودێری و ئیحتیواکردن». ئەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا ڕوودەدات هاوشێوەی ئەو شتەیە فۆکۆ لە کتێبی «چاودێری و سزا»ـدا (1977) دەستنیشانی کردووە، سەبارەت بە مامەڵەی دەوڵەت لەگەڵ پەتای تاعووندا وەک نموونەیەکی دیار بۆ لۆژیکی قەرەنتینە: چۆڵکردنی شەقام و گۆڕەپانەکان، قەدەغەکردنی هاتوچۆ. لێرەدا تەندرووستی دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی ئەمنی کە هیچ پەیوەندییەکی نامێنێت بە ئەخلاق و ئایینەوە، فۆکۆ سەبارەت بەو ڕێکارانەی کە لە شارێکی تاعووناوییدا دەگیرێتە بەر دەڵێت:


«سەرەتا لە قاڵبدانێکی توندوتۆڵ، داخستن لەناو شار و ناوچە پەراوێزییەکانیدا، قەدەغەکردنی هاتنە دەرەوە لە ژێر هەڕەشەی لە سێدارەداندا، لەناوبردنی ئاژەڵە وێڵەکان، دابەشکردنی شار بەسەر کەرتی دابڕاو و دانانی یەکەیەکی ئیداریی سەربەخۆ بۆ هەر کەرتێک، هەر شەقامێک لەژێر دەستی یەکەیەکی ئیدارییدا دەبێت، ئەرکی چاودێریکردنی ئەو شوێنەیە، ئەگەر جێی بهێڵێت سزاکەی مردنە. ڕۆژێکی دیاریکراویش داوا لە هەمووان دەکرێت دەرگاکانیان دابخەن، هاتنە دەرەوە قەدەغە دەکرێت لەژێر هەڕەشەی لە سێدارەداندا.


ئەوەی فۆکۆ دەیکات، تەنها وەسفکردنی داهاتووی بایۆ-سیاسیی کۆمەڵی پۆستمۆدێرنە کاتێک کارەساتێک ڕوودەدات، کاتێک خەڵک لە شەڕی «جەماعەت»ـەوە تێدەپەڕن بۆ جەنگی «مەناعەت».


دووەم- ڕەخنەگرتن لە میتۆدی «ڕۆژئاواییەکان» لە تاوانباکردنی چین (جیهانی ناڕۆژئاوایی) لە زۆنگاوی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، وەک هەڵەیەکی هەیکەلی لە سیاسەتی ژیانکردن لەناو کۆمەڵگەی ئاسایی «نائازاد»ـدا. لێرەدا دەشێت سوود لە وتارەکانی سلاڤۆی ژیژەک وەربگرین سەبارەت بە کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێکی «ئایدۆلۆژی»: هەڕەشەی پەتایی تۆمەتێکی ڕاسیستانە نییە بشێت بیلکێنین بە دووژمنەکانمانەوە، ئەو دووژمنانەی بە شوناس یان جوگرافیا جیاوازن لە ئێمە. بەڵکو وەک ژیژەک دەڵێت: «هەموومان بەسەر یەک پاپۆڕەوەین»، هیچ بوارێک نییە بۆ ئەوەی بەشێک لە مرۆڤایەتی بانگەشەی ئەوە بکات بەخشراوە لە پەتاکە، ئەو پەتایەی جیاوازی لە نێوان شوناس و ژیاری و ئایینەکاندا ناکات. دواتریش هیستریای ڕۆژئاوا لە پەتای کۆرۆنا وەک داهێنانێکی بۆماوەیی «چینی» بەلای ژیژەکەوە خاڵی نییە لە «ڕاسیزم»ـێک کە لە میدیادا جێگەی بۆ خۆی کردۆتەوە. بڵاوکردنەوەی ترس دەشێت بگۆڕێت بۆ چەکێکی پەتایی پۆستمۆدێرن دژی کۆمەڵ، ئەو کۆمەڵەی بووە بە ڕووبەرێکی پەتایی بەبێ ئەوەی خاوەنی مەناعەیەکی ڕاستەقینە بێت. بەمەش دەوڵەتی ئەمنی هەموو دەسەڵاتە بایۆ-سیاسییەکانی بۆ دەگەڕێتەوە، کە هەندێکیانی بەهۆی بەها دیموکراسییەکانەوە لێ سەندرابوو.

سێیەم- دەبێت گفتوگۆ لەسەر گەردوونیبوونی ئەو پێوەرانە بکەین، کە بەهۆیانەوە سیاسەتێکی ژیانکردن سەرپێ دەخرێت کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەیسەپێنێت. ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی نووسینەکانی هابرماس سەبارەت بە «داهاتووی سرووشتی مرۆیی». مەبەستمان لە چوارچێوەی پرسە «بایۆ-تەکنۆلۆژییەکان»ـدا کە «هاوچەرخەکان» (مەبەست لەو لایەنانەیە دەتوانن بەشێک بن لە گفتوگۆیەک سەبارەت بە داهاتووی ژیان لەسەر زەوی، نەوەک ئەو کۆمەڵگە و گەلانەی هێشتا لە جەنگی شوناسی توندوتیژدان لەگەڵ یادگەیەکی وێرانی وەک حاڵی خۆمان) ناچار بە ڕێگەیەکی گونجاو (نەک ئامرازی، بەڵکو کۆمۆنیکاسیۆن) دەکات بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆژەی «یۆژینیک» یان «باشکردنی جۆری مرۆڤ». بەگوێرەی هابرماس، لە سەردەمی تەکنیکدا، چیتر ناکرێت جەستەی مرۆڤ لەڕێگەی چاودێری ئەخلاقییەوە بپارێزرێت. بەڵام باشکردنی جۆری مرۆڤ کێشەیەکی ئەخلاقیی و یاسایی ئاڵۆز دەهێنێتە گۆڕێ.


لێرەدا دەکرێت بپرسین: ئایا دەشێت نیازێکی بایۆ-تەکنۆلۆژی بۆ باشکردنی جۆری مرۆڤ لە پشت بڵابوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە هەبێت، وەک سیاسەتێکی بایۆ- سیاسی کە جینەتیکی و بۆماوەیی دەستکاریی سرووشتی مرۆڤ دەکات، جا ئیتر بە ئەنقەست بێت ( لە تاقیگەکانەوە) یان بێ مەبەست (بەهۆی سیاسەتی خراپ لە تەندرووستی و خۆراک و ژینگە)؟.. تا چەندێک دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە هەڵهاتنی ڤایرۆسەکان لە تاقیگەکاندا (ئەگەرێکە، تا ئێستا بە درۆ دەخرێتەوە) و لە داهاتوودا بۆ هەڕەشەیەک لەسەر ڕووبەری «مەناعەتی» جەستە شتێکی شیاوە، بەجۆرێک چیتر هیچ سنوورێکی شوناسیی «جەماعەت» ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەمیدا؟

 


فەلسەفە و تەندرووستی

جارێکیان نیچە ئاماژەی بەوە کرد کە «هەر دەروونناسێک ئاشنا نەبێت بە پرسێکی سەرنجڕاکێشی وەک پرسی پەیوەندیی نێوان تەندرووستی و فەلسەفە، لە حاڵەتێکدا خودی خۆی نەخۆش کەوت، ئەوا هەموو فزووڵیەتە زانستییەکەی بۆ ناو نەخۆشییەکە پەلکێش دەکات». تەندرووستی بەردەوام لە لێواری جەنگێکدایە لەگەڵ نەخۆشییەکدا کە نایبینین یان گۆڕاوە بۆ پێوەرێکی نەبینراو بۆ ئەو شتانەی دەمانەوێت بیری لێ بکەینەوە. پرسی «پەیوەندی»ـى نێوان تەندرووستی و فەلسەفە، خۆی لە خۆیدا پرسی پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و تەندرووستی نییە: تەندرووستی «بابەت»ـێکی بێلایەن نییە بۆ توێژینەوەی فەلسەفی، بەڵکو شوێنکار و وەرشەیەکی پشت پەردەیە بۆ دەرکەوتنی فەیلەسوفەکان و هەڵبژاردنی کەرەستەکانیان، نیچە گریمانەی ئەوە دەکات کە هەر ئەوەندەی مرۆڤ تەنها «کەسێک» بێت، ئەوا تەنها خاوەنی «فەلسەفەی کەسییە» (die philosophie seiner person) : واتە سەرپاکی فەلسەفە بریتییە لە مێژووی «جەستەی نەخۆش» (der kranke leib) کە «ڕۆح» ئاڕاستە دەکات بەرەو ئەم یان ئەو ئاڕاستە. نەخۆشی، ڕۆح لە باڵایی و خۆبەزلزانی دادەماڵێت و دەیکات بە بوونێکی چاوەڕوان. بە بۆچوونی نیچە، ئەوەی تا ئێستا فەیلەسوفەکان بەرگرییان لێ کردووە، تەنها بەڵێنی ئەخلاقی بووە بە جەستە نەخۆشەکانیان، وەک «بێدەنگی» و «میهرەبانی» و «ئارامگرتن» و «دەرمان» و «پشوودان» بەهەر شێوەیەک بێت. ئەمەش وەردەگێڕدرێت بۆ «ئاشتی» و «ئاسوودەیی نێگەتیڤ» و «ئامانجی کۆتایی» و هەموو داخوازییەکی ئیستاتیکی و ئایینی، کە شتگەلێک بە ئامانج دەگرێت «دوورە» (Abselts) لێمان یان «لەو دیوی» (jenseits) بوونمانەوەیە یان لە «دەرەوەی»(Ausserhalb)  یان «لە سەروو» (Oberhalb) جیهانەکەمانەوەیە. لە هەموو حاڵەتەکاندا نەخۆشی هاوشێوەی ئەو شتەیە کە «ئیلهامبەخشی» فەلسەفەیە بەبێ ئەوەی درکی پێ بکرێت، لە پشت هەموو «ئایدیا»ـیەکەوە فاکتەرێکی «فیسۆلۆژی» بێدەنگ خۆی مەڵاس داوە. بەم چەشنە، تا ئێستا «فەلسەفە تەنها بریتی بووە لە ڕاڤەکردنی جەستە و هەڵە تێگەشتن لە جەستە».
کاتێک ڕاڤە دەکەین، مانای وا نییە تێدەگەین، بەڵکو وەڵامی بانگەوازێکی نەبینراو دەدەینەوە. بانگەوازەکانی جەستەی نەخۆش وەڵامی دیاریکراو دەسەپێنێت، کە ناتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین وەڵامی گونجاون: هەموو ڕاڤەیەک وەڵامدانەوەی ئاراستەکردنێکی لاڵە کە «ڕۆح» بەرەو لایەک ڕادەکێشێت، بەڵام بەردەوام بێ ناوەڕۆکە. نەخۆشی هیچ نییە جگە لە حاڵەتێک کە جەستە دەخاتە ناو ناوچەی ڕاڤە و تەفسیرەوە. یان پێویستیی ڕاڤە و تەفسیرێک دەخوڵقێنێت. بەڵام تەفسیر هەمان ئەو شتەیە کە جەستەی نەخۆش ئاماژەی بۆ دەکات، بەبێ ئەوەی زمانێکی گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی گوزارشتی لێ بکات. چونکە بەردەوام لەسەر هەڵەتێگەیشتنێکی «بنەڕەتی» لە جەستە بونیادنراوە. ئەوەی جەستەی نەخۆش بەدوایدا دەگەڕێت پەیوەندییەکی نوێ یان جیاوازە بە شوێنەوە. بۆیە بەردەوام دەخوازێت ڕووگەی ڕۆح بەرەو شوێنێک ئاڕاستە بکەین کە «دوور» یان «دەرەوە» یان «لەودیوی» شوێنەوەیە. جەستە پارچەیەکە لەشوێن کە شوێنی پێ تەسک دەبێت. فەلسەفەش هیچ نییە جگە لە هەوڵێک بەردەوام و نەپساوە بۆ داهێناوەوەی پەیوەندی لەگەڵ شوێندا. ئەمە بۆ ئەوە ناکات پەیوەندییەکی ئۆبێکتیڤ بە شوێنەوە بونیاد بنێت، بەڵکو وەڵامە بۆ بانگەوازێکی نەبینراو لەلایەن جەستەی نەخۆشەوە، کە هەموو جارێک لەژێر باری پەیوەندی ئازاربەخش بە شوێنەوە دەری دەبڕێت.


وا دیارە جەستە هیچ نییە جگە لە کۆمەڵێک شوێنی ناکۆتا، کە بێ مەبەستێکی ڕوون لە جێگەیەکدا یەکیان گرتووە، بەمەش «تاک»ـێکیان بەدیهێناوە. بۆیە ترسناکی و سەمەرەیی نەخۆشی، لەوێدایە کە نەخۆشی هەوڵێکی بێدەنگ و کپە بۆ وێرانکردنی شوێن، بۆ ڕاگرتنی ئایدیای «تاک» لە ناوەوە. بەمەش تاک ناگەڕێتەوە بۆ ناو قەفەسی جەماعەتی شوناسی، بەڵکو دەڕواتە ناو زەریای مەناعەتی زیندەییەوە کە وەک ڕووەکێکی لاڵ پێیدا گوزەر دەکات لە زنجیرەیەکی بۆماوەیی نەبینراودا.

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

https://www.mominoun.com/articles/%D8%A7%D9%84%D9%81%D9%84%D8%B3%D9%81%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%A7-%D9%85%D9%86-%D9%85%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D9%83-%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%85%D8%A7%D8%B9%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%AD%D8%B1%D9%88%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%B9%D8%A9-7028