A+    A-
(1,611) جار خوێندراوەتەوە

 

پێشەکیى "نێگەتیڤ":

لە میانەى باسوخواسى پەتاى کۆرۆنادا, فەیلەسوف و دەروونشیکارى سلۆڤینى, سلاڤۆى ژیژەک چەند نوسینێکى بڵاوکردووەتەوە. لە نوسینەکاندا تێکڕا پێداگرى لەسەر جۆرێکى هاوپشتیى نوێ دەکات کە دەچێتەوە ژێر خانەى کۆمۆنیزم. واتە کۆمۆنیزم پێشمەرج نیە بۆ هاوپشتییەکە, بەڵکو هاوپشتییەکە خۆى جۆرێکە لە کۆمۆنیزم و هاوخەمى. دەتوانین بڵێین کۆمۆنیزم بۆ ئێستاى ژیژەک جۆرێکە لە شوێنگەى نێگەتیڤ نەک پۆزەتیڤ. واتە شوێنگەیەکە هەمیشە پڕدەکرێتەوە نەک ئەوەى پڕکرابێتەوە. بەپیى دۆخەکان پێناسەى کۆمۆنیزم و شوێنگەکەى تازەدەکرێتەوە و مەدلولى نوێى پێ دەبەخشرێت. بە دەربڕینێکى تر, کۆمۆنیزم ئەوە نیە کە دەبێت ببێت, بەڵکو ئەوەیە کە دەشێت ببێت. لە جۆرێک ئیجبارەوە بەرەو جۆرێک ئیمکان دەڕۆین. کۆمۆنیزم ناوى سیستەمێک نیە هەر دەبێت بەو جۆرە بێت کە مارکس و فڵان و فیسار باسیان کردبێت, بەڵکو دەکرێت بەپێى ڕەوشە جیاوازەکان فۆرمى تر بگرێتە خۆى. بەم مانایە, کۆمۆنیزم لەم نوسینانەى ژیژەکدا کۆمۆنیزمێکى نێگەتیڤە و هەمیشە بۆشاییەک دەمێنێتەوە تا بەپێى سیاق و سەردەمەکان وێناى بدەینێ و خەسڵەتى لێ بار بکەین. کۆمۆنیزمى پۆزەتیڤ ئەو کۆمۆنیزمەیە کە پێشوەخت وێناکەى پڕکراوەتەوە و پێگەیەکى پڕ و ئاخنراوى هەیە و بوارى تازەکردنەوەى تیا نیە. دیدى نێگەتیڤ بۆ دیاردەکانى ژیان, دیدێکە کە جێیەکى خاڵى دەهێڵێتەوە و پێناسەیەکى پڕ و پێشوەخت و ئەبەدى بەسەر دیاردەکاندا ناسەپێنێت. لە دۆخى کۆرۆنادا, کۆمۆنیزم هەر ئەوە نیە کە شێوازى بەرهەمهێنانى ئابورى گۆڕانى ئیلاهییانەى بەسەردا بێت! بەڵکو بیرخستنەوەى هاوپشتییەکى جیهانییە لەنێوان مرۆڤەکاندا کە مەترسییەک هەیە و ئەم مەترسییە ناچارماندەکات پەنا بۆ شوناسى یەکەممان ببەینەوە کە مرۆڤبوونمانە. شوناسەکانى تر بە پلەى دووەم دێن و ئەوەى شوناسە گەردوونییە گشتەکییەکە دەسەپێنێت مرۆڤبوونمانە, مرۆڤ وەک چەشن و توخمى یەکەم. ڕەنگە بەم مانایە, چەمکە تەقلیدییەکانى وەک کرێکار و چەوساوە و هتد, ببنەوە بە شوناسى دووەم نەک یەکەم. لەم ساتانەدا مرۆڤ وەک شوناسى یەکەم لەژێر مەترسیدا دەبێت نەک چین و توێژى تر. ئەمە بەو مانایە نایەت کە چەوسانەوەکان هەڵگیرابن, بەڵکو بەو مانایەیە کۆى ئەو بونیادە وەرگیرێت کە هەم چەوسانەوەى لەسەر ڕاگیراوە و هەم چەمکى ژیان خۆیشى دەکەوێتە مەترسییەوە. لێرەدا کۆمۆن و پرسى هاوبەش خودى ژیانە نەک داراییەکى مادى. کۆمۆنیزم واتە گردبوونەوە لە دەورى ئەو کۆمۆن و پرسە هاوبەشەى کە ناوى ژیانە و لەلایەن ڤایرۆسێکەوە کەوتووەتە بەر مەترسى. کۆمۆنیزم بۆ ژیژەک, بانگهێشتە بۆ جۆرێک لە پێکەوەبوون لە دەسەڵاتە باڵاکانەوە بۆ خوارەوە. ژیژەک چاوەڕێى بکەرێکى دیاریکراو نیە بۆ درووستکردنى ئەم هاوپشتییە, بەڵکو سەرنج دەخاتە سەر ئەو دۆخە بابەتى و دەرەکى و ئۆبێکتیڤەى وا ڕوویداوە و بکەرەکان و سوبێکتەکان ناچاردەکات لە دەورى یەکتر کۆببنەوە. لێرەدا لە جۆرێک ماتریاڵیزمى ئۆبێکتیڤەوە دەگەڕێینەوە سەر جۆرێکى تر لە ماتریاڵیزمى سوبێکتیڤ, واتە لە دۆخى دەرەکییەوە دێینەوە بۆ دۆخى ناوەکى, لە کارەساتەوە کە ئیمکانێکى دەرەکییە دێینەوە سەر مرۆڤ کە ئیمکانێکى ناوەکییە.  سنورى ئەم دووانەش بەنێویەکدا چوون, کارەساتەکە لە هەناوى سوبێکتیڤیتەى مرۆییدا نیشتەجێیە و ئەو داراییە هەڵکەوت و هاوبەشە دەخاتە مەترسییەوە کە ناوى ژیانە. کۆمۆنیزم بەم مانایە, ژیانى ئێستا ڕزگاردەکات و ئەو ژیانە لەدەستچووەش هەر ڕەزگاردەکات کە پێش ڤایرۆسەکە بەناوى سەرمایەدارییەوە بەسەرماندا سەپێنرابوو. سەرەنجام بۆ کۆمەڵگایەکى پەراوێزیى وەک ئێمە, کە ڕۆڵێکى ئەوتۆمان لە زانست و وەرچەرخانە هەنوکەییەکاندا نیە, دۆخەکە جیا لەوانەى سەرەوە, دەلالەتى تریش هەڵدەگرێت وەک دونیاییبوونەوەى شتەکان و پشتبەستن بە دۆخى ماتریاڵى لەسەر زەوى و ڕەواندنەوەى کۆمەڵێک نەریت و خورافات کە ڕێ لە بیرکردنەوەى عەقڵانى و مەدەنى دەگرن. سانسۆر و خۆپاراستن خۆیشى سرووتێکى مەدەنییانەیە و هەندێک هەڵقە و نێوانگرى کەلتورى ڕوونتردەکاتەوە.     

 

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

یان کۆمۆنیزمی جیهانی یان یاسای دارستان

 

 

سلاڤۆی ژیژەک

لە ئینگلیزییەوە: ڤیەننا سەلام

 

 

لەکاتێکدا، تۆقین لە بارەی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە بڵاودەبێتەوە، دەبێت ئەوپەڕى بڕیارى خۆمان بدەین- دەبێت لەنێوان لۆژیکە بێڕەحمە[داروینییەکە]دا کە بریتییە لە مانەوەى گونجاوترینەکان, و شێوازێکى نوێکراوەى کۆمۆنیزمدا یەکیان هەڵبژێرین کە هەماهەنگى و هاوپشتیى جیهانیى لەگەڵدا بێت.

میدیاکانمان بەبێ وەستان ئەم دەستەواژەیە دووبارەدەکەنەوە"پێویست بە تۆقین ناکات!" و دواتریش هەموو ئەو ڕاپۆرتانەمان پێ دەگات کە تەنها تۆقین بەگەڕدەخەن. دۆخەکە لە دۆخێکی هاوشێوەی سەردەمی گەنجیم دەچیت لە وڵاتێکی کۆمۆنیستی: کاتێک وتەبێژانی حکومەت دڵنیاییان بە هاولاتییان دا کە هیچ هۆکارێک بۆ تۆقین لەئارادا نیە، کەچى ئێمە ئەم هەمووە دڵنیایی بەخشینەمان وەکو ئاماژەیەکی ڕوون وەرگرت بەوەی ئەوان خۆیشیان تۆقیون.

 

 

کات کوشتن بە تۆقینەوە شتێکی تەواو جدییە(و نابێت بەسەرماندا زاڵ بێت)

 

تۆقین لۆژیکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەوەی کە لە بەریتانیا بە هۆی تۆقین لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە تەنانەت لوولە کلێنسی دەستشۆر لە فرۆشگەکاندا نەماون، ڕووداوێکی سەیرم لەبارەی کلێنسی دەستشۆر بیردەخاتەوە کە هی کاتی گەنجیمە لە یۆگۆسلاڤیای سۆسیالیستدا. لەناکاوێکدا دەنگۆیەک بڵاوبووەەوە کە گوایە کلێنسی دەستشۆری پێویست لە فرۆشگەکاندا نییە. بەرپرسان دەستبەجێ لێدوانی دڵنیابەخشیان دا کە کلێنسی دەستشۆری پێویست بۆ بەکارهێنانی ئاسایی هەیە. ئەوەی دەستەڵاتداران دەیانگوت ڕاست بوو و ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو ئەوە بوو کە تەنانەت خەڵکیش باوەڕیان پێ کردن.

هەرچۆنێک بێت، ڕێژەیەک لە بەکارهێنەران بەم جۆرە بیرکردنەوەیان ڕێکخست: دەزانم کە کلێنسی دەستشۆری پێویست هەیە و دەنگۆکە ناڕاستە بەڵام ئەی ئەگەر هەندێک کەس دەنگۆکەیان بە ڕاست وەرگرت و لە تۆقیندا دەستیانکرد بە کڕینی کلێنسی دەستشۆری زیادە، ئەمەش ببێتەهۆی نەمانی کلێنسی دەستشۆر؟ بۆیە باشترە بچم هەندێک بکڕم و پاشەکەوتی بکەم. تەنانەت پێویست بەوە ناکات باوەڕ بەوە بکەیت هەندێک کەسی تر دەنگۆکە بە ڕاست وەردەگرن- هەر ئەوەندەی وای دابنێت کە هەندێک کەس باوەڕ بەوە دەکەن کە ئەوانیتر دەنگۆکە بە ڕاست وەردەگرن- کاریگەرییەکەی هەمان شتە و دەبێتە هۆی نەمانی ڕاستەقینەی کلێنسی دەستشۆر لە فرۆشگەکاندا. ئایا ئەوەی لە بەریتانیا(ئەمڕۆش لە کالیفۆرنیا) دەگوزەرێت، شتێکی هاوشێوە نییە؟

هاوشانێکی سەیری ئەم جۆرە لە تۆقینی لەڕادەبەدەری بەردەوام، نەبوونی ترسە کە دەکرێت بە تەواوی پاساوی بۆ بهێنرێتەوە. لەم چەند ساڵانەی دواییدا، پاش هەریەک لە پەتاکانى سارس و ئیبۆلا دووبارە و دووبارە ئەوەمان پێ دەگوترایەوە کە پەتایەکى زۆر بەهێزتر دێتەئاراوە و کاتەکەی نازانرێت، پرسیارەکە ئەوە نەبوو چ پاشهاتیکى دەبێت، بەڵکو ئەوە بوو کەی ڕوودەدات.

ئەگەرچی عەقڵانیانە باوەڕمان بە ڕاستیی ئەم پێشبینییە ترسناکانە کرد بەڵام بە جددی وەرمان نەگرتن و دوودڵ بووین لەوەی دەستبەکار بین و بچینە نێو ئامادەکارییەکی جدییەوە- تاکە شوێن کە تێیدا مامەڵەمان لەگەڵیاندا کرد فیلمە ئاخرزەمانییەکانى وەکو "contagion" بوو.

ئەوەی ئەم دژیەکییە پێمان دەڵێت ئەوەیە کە ئەم تۆقینە ڕێگەیەکی گونجاو نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە. کاتێک لە دەرەنجامی تۆقیندا کاردانەوەمان دەبێت، هەڕەشەکە بە جدی وەرناگرین. بە پێچەوانەوە بچوک و ئاسایی دەکەینەوە. تەنها بیر لەوە بکەوە کڕینی کلێنسی دەستشۆری زیادە چەندە بێ مانایە: وەکو ئەوەی لە ناوەڕاستی پەتایەکى کوشندەدا هەبوونی کلێنسی دەستشۆری پێویست گرنگییەکی ئەوتۆى هەبێت. کەوایە کاردانەوەی گونجاو بۆ پەتاى ڤایرۆسی کۆڕۆنا چی دەبێت؟ دەبێت چی فێر بین و چی بکەین بۆ ئەوەی بە جدی ڕووبەڕووی ببینەوە؟

 

 

 

مەبەستی من لە کۆمۆنیزم چیە؟

 

کاتێک وتم ڕەنگە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا گیانێکى نوێ بە بەر کۆمۆنیزمدا بکاتەوە، لێدوانەکەم هەروەکو ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، کەوتە بەر گاڵتە و توانج. سەرەڕای ئەوەی وا دەردەکەوێت ئەو ڕێگا بەهێزەی وڵاتی چین بۆ قەیرانەکە سەرکەوتوو بوو-هەر نەبێت زۆر لەوە باشتر لەوەی لە ئێستادا لە ئیتاڵیا دەگەزەرێت، کاری خۆی کرد، لۆژیکە کۆنە دەسەڵاتخوازییەکەى کۆمۆنیزمیش سنوورداریی خۆی دەرخست. یەکێک لەوانە ئەوە بوو کە ترس لە گوێزانەوەی هەواڵی خراپ بۆ دەستەڵاتداران( هەروەها بۆ خەڵکیش) دەرئەنجامە ڕاستەقینەکانی زۆر قورستر کرد –وا پێ دەچێت هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بووبێت کە ئەوانەی سەرەتا زانیارییان لە بارەی ڤایرۆسێکی نوێوە بڵاوکردەوە، وەک ئەوە دەگوترێت دەستگیرکران و دەگوترێت کە لە ئێستاشدا شتێکی هاوشێوە ڕوودەدات.

بەپێى ڕاپۆرتى میدیای بلومبێرگ: پەستانەکان بۆ گەڕانەوەی چین بۆ سەر کار پاش ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە کارگەکان داخران، هێنانەپێشەوەی فریودەرێکی کۆنە:" بەڵگەی فریودەر تا ئەوە پیشانی بەرپرسانی باڵا بدات کە دەیانەوێت بیبینن".

  ئەم دیاردەیە لە هەرێمی ژیجیانگدا وەک تەوەرەیەکی بازرگانی لە کەناری ڕۆژهەڵات و لە شێوەی بەکارهێنانی کارەبادا خۆی دەردەخات. بە پێی وتەی ئاشنایانی ئەو بابەتە، لانیکەم سێ شاری ئەوێ ئامانجێکی بەکارهێنانی وزەیان دا بە کارگەکان کە بیپێکن و بەمەش بەڵگە بۆ دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان خرایەڕوو." بەپێی قسەی خەڵکەکە ئەمە هانی هەندێ بازرگانیی دا کە سەرەڕای چۆڵیی کارگەکانیان، ئامێرەکانیان کار بکات."

 هەروەها دەتوانین بیخەمڵێنین کە دواتر کاتێک دەستەڵاتداران بەم فێڵە دەزانن، چیی بەدوادا دێت:  بەرپرسە ناوچەییەکان بە تێکدەری تۆمەتبار دەکرێن و بە توندی سزا دەدرێن، ئەمەش سوڕە نەگریسەکەی بێ‌متمانەیی بەرهەمدەهێنێتەوە...لێرەدا جولیان ئەسانژێکی چینیی پێویست دەبێت تا ئەم لایەنە شاراوەیەی شێوازی هەڵکردنی چین لەگەڵ پەتاکەدا بۆ ڕای گشتی دەربخات. بۆیە گەر ئەمە ئەو کۆمۆنیزمە نەبێت کە لە بیری مندایە، مەبەستی من لە کۆمۆنیزم چییە؟

بۆ تێگەیشتن لەمە، هێندە بەسە کە ڕوونکردنەوەی گشتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بخوێننەوە- ئەمە نوێترینیانە:

هەفتەی پێشوو سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، دکتۆر تێدرۆس ئەدۆنۆم گێبرێیسیس گوتی کە هەرچەندە بەرپرسانی تەندروستیی گشتی لە سەرانسەری جیهاندا توانای ئەوەیان هەیە کە سەرکەوتووانە بەرەنگاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ببنەوە، ڕێکخراوەکەمان نیگەرانە سەبارەت بەوەی لە هەندێک وڵاتدا ئاستی پابەندبوونی سیاسی لەگەڵ ئاستی هەڕەشەکەدا یەک ناگرێتەوە.

 

"ئەمە ڕاهێنانی سەربازی نییە. ئێستا کاتی سەرنجنەدان نییە. ئێستا کاتی بیانووهێناوە نییە. ئێستا کاتی جووڵانندنى هەموو هێزەکانە.  بۆ چەندین دەیە دەچێت کە وڵاتان بەرنامەیان بۆ سیناریۆی هاوشێوە داناوە. ئێستا کاتی ئەوەیە بەپێی ئەو بەرنامانە بڕۆن. دەتوانرێت پاشەکشە بەم پەتایە بکرێت بەڵام تەنها لە ڕێگای کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراو و گشتگیر و بەگەڕخستنی تەواوی دەزگاکانی حکومەتەوە."

 

دەکرێت ئەوەشی بۆ زیاد بکرێت کە ئەم ڕێگا پێکەوەیى و گشتگیرە دەبێت زۆر بە باشی سنووری دامودەزگاکانی هەریەک لە حکومەتەکان تێبپەڕێنێت: دەبێت جوڵەی ناوچەیی خەڵکی دەرەوەی سنووری دەستەڵاتی وڵاتان و یەکخستن و هەماهەنگی  بەهێز و کاریگەری نێودەوڵەتییش بگرێتەوە.

گەر هەزاران کەس بەهۆی کێشەی هەناسەدانەوە بکەونە نەخۆشخانە، ژمارەیەکی زۆری ئامێری هەناسەدان پێویست دەبێت و بۆ بەدەستهێنانیشیان، وڵاتەکە دەبێت دەستبەجێ دەستێوەردان بکات بەهەمان شێوەی دەستێوەردانی لە دۆخی جەنگدا کاتێک هەزاران چەک پێویستن و دەشبێت پشت بە هەماهەنگیی وڵاتانی دیکە ببەستێت. هەروەکو ‌هێرشێکی سەربازی، زانیاری دەبێت هاوبەشی پێ بکرێت و پلانەکان تەواو یەکبخرێن-مەبەستی من لەو کۆمۆنیزمەی لە ئەمڕۆدا پێویستە، ئەمەیە، یانیش وەکو وێڵ هاتن دەڵێت: "لە ئێستادا فۆرمێک لە بازاڕی ئازادی جیهانی ناڕێکخراو بە خواستییەوە بۆ قەیران و درمێک بێ هیچ گومانێک لە گیانەڵادایە. بەڵام خەریکە فۆرمێکی دی کە دان بە پشت پێ بەستنی هاوبەش و ئەولەویەتی کاری بەکۆمەڵدا دەنێت لەسەر بنەمای بەڵگە، خەریکە لەدایکدەبێت.

 

پێویستی بۆ هەماهەنگی و یەکخستنی جیهانی

ئەوەی کە تا ئێستا دیاردەی زاڵە هەڵوێستى «هەر کەسەو بۆ خۆی- یان هەر وڵاتەو بۆخۆى». وێڵ هاتن لە ڕۆژنامەی گاردیاندا نووسیویەتی: ڕێگریی نیشتیمانی هەیە لەبەردەم هەناردەکردنی بەرهەمی سەرەکی وەکو پێویستیی پزیشکی بۆ ئەو وڵاتانەی کە لە نێو کەموکوڕیی ناوخۆیی و شێوازی سەرەتایی بۆ لەخۆگرتنی،  دواکەوتوون لە تێگەیشتنی خۆیان بۆ قەیرانەکە.

پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنها ئاماژە نییە بە سنوردارێتیی بازاڕی ئازادى جیهانی, بەڵکو ئاماژەشە بە سنوری کوشندەتری پۆپۆلیزمی نەتەوەیی کە جەخت لەسەر شکۆی تەواوی دەوڵەت دەکاتەوە: درووشمی "ئەمریکا یەکەم!" یان هەر یەکێکی دی بەسەرچووە چونکە ئەمریکا تەنها لە ڕێگەی هەماهەنگی و یەکخستنی جیهانییەوە دەتوانێت ڕزگاری ببێت.

لێرەدا من کەسێکى یۆتۆپیایی نیم، داوای هاوبەستییەکی نمونەیی ناکەم لەنێوان خەڵکیدا-بە پێچەوانەوە ئەم قەیرانەی ئێستا زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە چۆن هاوپشتى و هەماهەنگیی جیهانی لە بەرژەوەندیی ڕزگاربوونی هەمووماندایە و ئەوەش تاکە شتی عەقڵانییە کە بکرێت.

تەنها ڤایرۆسی کۆڕۆناش نییە: چین خۆی پێش چەند مانگێک بەدەست پەتایەکی گەورەی ئەنفلۆنزای بەرازەوە دەیناڵاند و ئێستاش لە ژێر هەڕەشەی ئەگەری هێرشی کولەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا هەروەکو ئۆوین جۆنز گووتی، قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا دەکوژێت بەڵام لە بارەی ئەمەوە هیچ ترس و تۆقینێک نییە.   

لە دیدێکی ڤیتالیستیى سەگباوەڕانەوە، بەرەو ئەوە دەبرێین کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەکو پەتایەکی سودبەخش چاولێبکەین کە وا دەکات مرۆڤایەتی لە پیر و لاواز و نەخۆشەکان ڕزگاری ببێت هەروەکو دەرهێنانی مرۆر و گیاکەڵە بێفەڕەکانى, ئەمەش هاوکاردەبێت لەوەى دونیا ساغ و تەندرووست بمێنێتەوە. ئەو چەمکە فراوانەی کۆمۆنیزم کە لایەنگریی لێ دەکەم, تاکە ڕێگەی بەردەممانە تا واز لە وەها دیدێکی زیندەیی و ڤیتالیستیى سەرەتایی بهێنرێت.       

نیشانەکانی کەمکردنەوەی هاوبەستی لە دیبەیتەکاندا تێبینی دەکرێت، هەروەک ئەوەی لەم لێدوانەی خوارەوەدا سەبارەت بە ڕۆڵی "سێ پیاوە ژیرەکە" هاتووە لە ئەگەری ئەوەدا کە پەتاکە ئاراستەیەکی کارەساتبارتر وەربگرێت لە بەریتانیادا: پزیشکانی باڵا هۆشداریی ئەوەیان دا کە ڕەنگە لەمیانەی هێرشی توندی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیادا، نەخۆشەکانی سەر بە خزمەتگوزاریی تەندرووستیی نیشتیمانی لە چاودێری پاراستنی ژیانیان بێبەش بن گەر یەکەکانی چاودێریی ورد نەتوانن لەگەڵ بارودۆخەکەدا بڕۆن. لەژێر ناوی پرۆتۆکۆڵی ئەوەی پێی دەگوترێت" سێ پیاوە ژیرەکە" سێ ڕاوێژکاری باڵا لە هەر نەخۆشخانەیەکدا ناچاردەکرێن بڕیار لەسەر بەشکردنی ئامێری هەواگۆڕین و قەرەوێڵەکان بدەن لە دۆخی پڕبوونی نەخۆشخانەکان لە نەخۆشدا.

ئەم سێ پیاوە ژیرە پشت بە چ پێوەرێک دەبەستن؟ قوربانیدان بە لاوازترین و بەتەمەنترینی نەخۆشەکان؟ ئەی ئایا ئەم دۆخە دەرگا بۆ گەندەڵییەکی گەورە ناکاتەوە؟ ئایا وەها ڕێکارگەلێک ئاماژە نییە بە شەرعیەتدان بە بێبەزەییترین لۆژیکی مانەوەی گونجاوترینەکان(کە لە داروینیزمە باوەکەدا هەیە و مانەوە بۆ بەهێزە گونجاوەکانە)؟ بۆیە دیسانەوە دەیڵێمەوە، دوا ڕێگەچارەمان ئەم جۆرەیانیش هەر جۆرێکە لە داهێنانەوەی کۆمۆنیزم.

 

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

https://www.rt.com/op-ed/482780-coronavirus-communism-jungle-law-choice/