A+    A-
(1,377) جار خوێندراوەتەوە

قاوەى بێ شیر و کۆرۆنا؟[1]

 

 

 

 

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى فشارى زەینى و دەروونیى ئەم ڕۆژانەى کۆرۆنا, یەکەم ڕێساى من ئەمەیە: کاتەکە کاتى گەڕان نیە بەدواى ڕەسەنایەتیى مەعنەوى [و ئارامیى ڕۆحى]دا. بێ ئەوەى شەرمبکەم- واى دانێ مەبەستم لە هەر هەموو ئەو سرووت و خووڕەفتارە بچوکانەیە وا ژیانى ڕۆژانەتان سەقامگیردەکەن.

ڕێم بدەن با بە دانپیانانێکى شەخسى دەست پێ بکەم: کەیفم بەو بیرۆکەیە دێت لە شوقەدا بمێنیتەوە و تەواوى کاتەکە خەریکى خوێندنەوە و کار[ـى فیکرى] بیت.

هەتا ئەو دەمەشى کە سەفەردەکەم, پێم باشترە لە ژوورى هۆتێلێکى خۆشدا بمێنمەوە و شوێنە سەرنجڕاکێشە بەناوبانگەکان لەبیرکەم. وتارێکى باش کە لەسەر تابلۆیەکى بەناوبانگ نوسراوە, زۆر بە باشتر دەزانم لەوەى بچیتە مۆزەخانەیەکى قەرەباڵغ و تابلۆکە خۆى بیبینیت. بەڵام سەرنجمداوە ئەمە دۆخەکە خراپتر دەکات نەک ئاسانتر چونکە ئێستا ناچارکراوم لە ژوورەوە قەتیس بم. بۆ؟

لێگەڕێن با نوکتە ناودارەکەى نیەنۆچکاى ئیرنیست لوبیچ دووبارەکەمەوە:

  • ئا بێزەحمەت قاوەیەکى بێ کرێم!
  • ببورە بەڕێز, کرێم و شتمان نیە, تەنیا شیر هەیە. قاوەیەکى بێ شیرت بۆ بێنم؟

 

لەسەر ئەرزى واقیع قاوەکە هەر وەک قاوە دەمێنێتەوە, بەڵام ئەوەى دەتوانین بیکەین ئەوەیە قاوەى بێ‌کرێم بگۆڕین بۆ قاوەى بێ‌شیر. یان تەنانەت لەوەش سادەتر, نەفى(negation)یەکى ناواخنکراوى بۆ زیادبکەین و قاوەیەکى سادە بگۆڕین بۆ قاوەیەکى بێ‌شیر [کە ڕاستەوخۆ شتێک نایەتەجێى شتە لابراوەکەى پێشوو, بەڵکو لە یەک کاتدا دوو نەفى ڕوودەدات و نەک هەر قاوەى بێ‌کرێم نیە بەڵکو قاوەیى ئاسایى و سادەش قبوڵناکەین و قاوەیەکى نەفیکراو و بێ‌شیر پەسەنددەکەین و ئەم گۆشەگیرییەمان تەنیا گەڕانەوە نیە لە ئاوەدانییەوە, گەڕانەوە نیە لە قاوەیەکى بێ‌کرێمەوە بۆ قاوەیەکى ئاسایى, بەڵکو دەبێت گەڕانەوە بێت بۆ قاوەیەکى بێ‌شیر, یان گەڕانەوە بێت بۆ گۆشەگیرییەک کە نەفییەکى لەخۆیدا هەڵگرتبێت و ئەم نەفییەش بچێتە سەر ئەو دۆخە واقیعییەى پێش گۆشەگیرى کە جێمانهێشتبوو: گۆڕینى واقیع؟].  

ئاخۆ ئەمە ئەو شتە نیە کە لە تەنیاییدا بۆ من ڕوویدا؟ بەر لە قەیرانەکە, گۆشەگیرییەکە گۆشەگیرییەکى «بێ‌شیر» بوو, دەمتوانى بڕۆمە دەرەوە, بەڵام خۆیشم هەڵمنەبژاردبوو. ئێستا قاوەیەکى سادەى کەرەنتینەمان هەیە کە هیچ نەفییەکى سادەى لەخۆیدا ناواخن‌نەکردووەتەوە.  

گابرێل توبیناباى هاوڕێم, کە دەروونشیکارێکى لاکانییە و لە ڕۆدیۆ جانیرۆ کاردەکات, لە ئیمەیڵێکدا ئەم پارادۆکسەى بۆ ڕوونکردمەوە: «ئەوانەى پێشوەخت هەر لە ماڵدا کاریانکردووە, کەسانێکن لە هەمووى زیاتر تووشى دڵەڕاوکێ  هاتوون و لەبەردەم هەڕەشەى خراپترین فەنتازیاکانى بێ‌توانایى سێکسی‌دان, مادام  تەنانەت  گۆڕانیش لە  خوو و نەریتەکانیاندا تاقانەیی ئەم باردۆخە لە  ژیانی  ڕۆژانەیاندا دیاریناکات [بە مانایەکى تر, دوو جۆر گۆشەگیرى دەچنە سەر یەک و خەسین و بێ‌توانایى بەرهەمدێنن و گرەوەکە لەسەر ئەوەیە ئێمەش وامان لێدێت یان نا؟]».

خاڵەکەى ئەو ئاڵۆزە, بەڵام ڕوونیشە: ئەگەر گۆڕانێکى گەورە لە واقیعى ڕۆژانەماندا ڕوونەدات, ئەوا ئەوکات هەڕەشەکە وەک فەنتازیایەکى خێوئاسا لەو جێیەدا ڕوودەدات کە نابینرێت و هەر لەبەرئەمەش هێزێکى زۆروزەبەند وەردەگرێت. ئەوە بیرى خۆتان بێننەوە کە لە ئەڵمانیاى نازى دا, دژەجوولەکەبوون(دژە سامى) لەو شوێنانەدا زۆر بەهێز بوو کە جوولەکەیەکى کەمى تیا بوو: نەبینران و نادیاربوون, کردبوونیە تارماییەکى تۆقێنەر.

ئەو ساتەى کە فاکتەر و بریکارێکى خێوئاسا دەبێتە بەشێک لە واقیعەکەمان(بۆنمونە گەر گیرۆدەبوونمان بێت بە ڤایرۆسێکیش), ئەوا هێزەکەى لۆکاڵى و شوێنمەند دەبێتەوە, وەردەگەڕێت بۆ شتێک کە دەتوانین ڕووبەڕووى بینەوە (هەتا گەر شەڕەکەش بدۆڕێنین). تا ئەو ساتەى ئەم جێگۆڕکێیە بۆ واقیع ڕوونەدات, ئەوا «یان تووشى پارانۆیایەکى دڵەڕاوکێ‌دار دەبین(جیهانیبوونێکى ڕووت), یاخود نواندنى ڕەمزاندنى ناکافى بەهۆى ڕەفتارى جڵەونەکراوەوە کە دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێک ڕیسکى ناپێویست(لۆکاڵیبوونێکى ڕووت)».

ئەم ڕەمزاندنە بەسنەبوو و ناکافىیانە(ineffective symbolizations) پێشوەخت کۆمەڵێک فۆرمى گرتەخۆى و دەرکەوتن: دیارترینیان ئەوە بوو کە دۆناڵد ترەمپ داواى ئەوەى کرد مەترسییەکان پشتگوێبخرێن و ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە سەر کار. ئەم کارانە [لەڕووى وەحشیبوون و خورافیبوون و جڵەونەکرانەوە] هیچى لەو هاوار و چەپڵەڕێزانە کەمتر نیە کاتێک کەسێک بەدیار تەلەفزیۆنەوە دادەنیشێت و پێى وایە بەشێوەیەکى جادوویى دەتوانێت کاریگەرى بخاتە سەر ئەنجامى یارییەکە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە ئێمە داماو و بێ‌چارەین: ئێمە دەتوانین لەم بنبەستە دەرچین بەر لەوەى زانست کەرەستە تەکنیکییەکانى خۆى بخاتەڕوو بۆ جڵەوکردنى ڤایرۆسەکە.

کەواتە ئەی چی لەبارەی ئەوانەمان کە دەرەقەتی کردنی ئەم کارە نایەن؟ ئێمە دەتوانین چی بکەین تا لە ژێر فشاری زەینی ژیانکردن لە سەردەمی پەتادا بمێنینەوە و دەرباز بین؟ یەکەم ڕێسای من ئەوەیە: ئێستا کاتی گەڕان نیە بە دوای جۆرە ڕەسەنایەتییەکی ڕۆحانی، و بەرکەوتن لەگەڵ چاڵ و کەلێنی بوونمان. بە بێ ئەوەی شەرمبکەم- وای دانێ مەبەستم لە هەر هەموو ئەو سرووت و ڕیتواڵ و فۆرمولا و خوو وخدانەیە  کە ژیانتان سەقامگیر دەکەن. هەر شتێک کەڵکێکی هەبێت بۆ خۆپاراستن لە تێکچوونی زەینی ئەوا شتێکى ڕێگەپێدراوە. زۆر بە گوێرەی مەودا درێژەکان بیر مەکەرەوە- بیر لە ئەمڕۆ بکەوە، ئاخۆ تا کاتی خەوتن خۆت بە چیەوە سەرقاڵدەکەیت. ئەگەر ئەمە کەڵکی هەبوو، هەمان گەمەی نێو فیلمی" ژیان جوانە" بکە: وایدابنێ مانەوەتان  لە ماڵ تەنیا گەمەیەکە و تۆ و خێزانەکەشت ئازادانە بەشداریتان تیادا کردووە، گەمەکەش هاوشانە  لەگەڵ پاداشتێکی گەورەدا  ئەگەر بێتو سەرکەوتوو بن.    

ئەگەریش سەروکارمان لەگەڵ فیلمەکاندایە( ئەگەر کاتی بەتاڵت بەدەستەوە بێت  بۆ تەماشاکردنیان) بە خۆشحاڵییەوە خۆت ڕادەستی خۆشییە گوناهبارەکان بکە: دیستۆپیا کارەساتبارەکان، سریاڵە تەلەفزیۆنییە کۆمیدییەکانی ژیانی ڕۆژانە کە پێکەنینی لەقوتوونراویان تیایە وەکو will and grace، پۆدکاستەکانی  یوتیوب لەبارەی جەنگە گەورەکانی ڕابردوو. بژاردە دڵخوازەکانی من سریاڵە تاوانکارییە سکاندەناڤییەکانن- بە تایبەت ئایسلەندییەکان- وەکو trapped و valhalla murders.

ئەرکە سەرەکییەکە بریتییە لە ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەت بە شێوازێکی سەقامگیر و مانادار. هاوڕێیەکی ترم، ئەندریاس ڕۆسنفێلدەر، ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی ڕۆژنامەی "Die Welt"ە لە ئیمێلێکدا بەم جۆرە ئەو تێڕوانینە تازەیەی دەرهەق  بە ژیانی  ڕۆژانە لە دەرکەوتن دایە، بۆ وەسفکردم: " بەڕاستی  دەتوانم هەست بە  شتێکی پاڵەوانانە دەرهەق بەم ئیتیکە تازەیە بکەم، لە ژۆرناڵیزمیشدا، هەموو کەسێک شەو و ڕۆژ لە ئۆفیسی  ماڵەوەیدا  خەریکی کارکردنە، گرێدانی ڤیدیۆ کۆنفرانسەکان، چاودێریکردنی مناڵەکان یان هاوکات وانە پێوتنەوەیان، بەڵام کەس لە خۆی ناپرسێت بۆچی خەریکی ئەم کارەیە، چونکە مەسەلەکە چیتر ئەوە نیە" پارە بەدەستدێنم و پشووەکەم لە گەشتوگەڕاندا بەسەردەبەم"، چونکە کەس نازانێت ئایا دووبارە هەلی  گەشتکردنیان دەبێت و هیچ پارەیەکش  لە ئارادا دەبێت یان نا! ئەمە ئایدیای جیهانێکه کە شوقەیەک  و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەکو خۆراک و ... خۆشەویستیی ئەوانیتر و ئەرکێکیشت هەیە، ئەرکێک کە بەڕاستی گرنگە، ئێستا لە هەر کاتێکی تر گرنگترە.

 ئەو ئایدیایەی گوایە پێوستمان بە "زیاتر"(more)ـە لە ئێستادا ناڕاست و ناواقیعی دێتە بەرچاو. [چونکە "زیاتر" درووشمێکە پتر ڕووى لە داهاتووە و ئێمە بەئێستادا ڕۆچووین]. ناتوانم وێنای وەسفێکی باشتر بۆ ئەوشتە بکەم کە دەبێت بێشەرمانە ناویبنێین ژیانێکی نامۆنەکراوی شکۆمەندانە- هیواداریشم شتێک لەم تێڕوانینە، دوای ئەوەی هیواخوازانە پەتاکە  تێدەپەڕێت، بمێنێتەوە.

 

 

  

 

سلاڤۆى ژیژەک

و. نێگەتیڤ


[1] بەشێکى زۆرى لێدوانەکەی سایتى rt