A+    A-
(2,033) جار خوێندراوەتەوە

جیهانێکی بێ بکەر و بێ مانا

 

 

 

 

گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵناس: ئالان تۆرێن

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

بەگوێرەی  قسەی سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن و سەرۆکی حکومەتی ئیسپانیا پیدرۆ سانچێز، ئێمە لە جەنگداین، ئایا ئەمە ڕاستە؟

- لە ڕووی تەکنیکییەوە، جەنگ واتە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای (أ) کە هێرش دەکاتە سەر خاکی وڵاتی (ب). لەم حاڵەتەدا ئەم دوو ڕەگەزەمان نوقسانە، هاوزەمان جەنگ لەنێوان مرۆڤەکاندا ڕوودەدات. ئەوەی ئێستا دەرگیرین لەگەڵیدا ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤە لەگەڵ نامرۆڤدا. ڕەخنەم نییە لەسەر بەکارهێنانی وشەی جەنگ، بەڵام ڕەنگە جەنگێک بێت بەبێ جەنگاوەر. ستراتیژێک بەدیناکرێت؛ ڤایرۆس سەرۆکی حکومەتێک نییە. لەڕوانگەی مرۆڤایەتیشەوە، پێموایە ئێمە هەنووکە لە جیهانێکی بێ بکەردا دەژین.

 

مەبەستت چییە لە جیهانێکی بێ بکەر؟

- تا ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکێکی وەها سەیر و نامۆی بەخۆیەوە نەبینیوە؛ ترامپ کەمترین سیفەتی سەرۆکایەتیی تێدایە، ئەو لە دەرەوەی هەموو ڕێسا و پێوەرێکە، تەنانەت دوورە لەو ڕۆڵەش کە پێویستە سەرۆکی وڵاتێک بیگێڕێت. ئەمە سودفە و ڕێکەوت نییە، ئەمە دەرئەنجامە، ئەمریکا خۆی کێشاوەتەوە لە سەرکردایەتیکردنی جیهان. لە ئەورووپاشدا، ئەگەر بەدوای بەهێزترین دەوڵەتدا بگەڕێیت، ناتوانیت بیدۆزیتەوە.

 

 • ئەی لە خوارەوە؟

- بزووتنەوەی پۆپۆلیستی بوونی نییە، ئەوەی هەیە داڕمانی ئەو شتەیە کە لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکاندا مانای دەخوڵقاند؛ واتە بزووتنەوەی کرێکاری. ئەمڕۆکە بکەری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەنترناسیۆنالیست، نیشتیمانپەروەر، چینایەتیمان نییە. بۆیە ئەوەی ڕوودەدات، تەواو پێچەوانەی جەنگە. لەلایەک، ماشێنێکی بایۆلۆژی هەیە، لەلایەکەی دیکەش، کەس و گرووپی بێ فیکر، بێ ڕابەرایەتی، بێ ڕووگە، بێ پرۆگرام، بێ ستراتیژ و بێ زمان هەیە. ئەوەی هەیە، بێدەنگییە.

 

• لەو تەمەن و ئەزموونەی پێیدا تێپەڕیون، حاڵەتێکی هاوشێوەی ئەم دۆخەتان لەیادە؟

- ڕەنگە قەیرانی ئابووریی ساڵی ١٩٢٩ بخاتەوە یادمان، من پێش ئەو قەیرانە لەدایکبووم و دەتوانم بڵێم: هەموو شتێک ون بوو، هیچ بکەرێک لە گۆڕەپانەکە نەبوو، نە چەپ و نە لای حکومەتەکانەوە. بەڵام کتوپڕ بەڕێز هیتلەر ئەو بۆشاییەی پڕکردەوە. ئەوەی لەمڕۆدا بۆ منێکی کۆمەڵناس و مێژوونووس گرنگە، ئەوەیە ماوەیەکی زۆرە هەستم بەم بۆشاییەی ئێستا نەکردووە، کە هاوشێوەی ساڵی ١٩٢٩ یە. لە ڕاستیدا، ئێستا لە غیابی بکەر و مانا و ئایدیادا دەژین، تەنانەت بایەخپێدانیش غیابە. ئاشکرایە ڤایرۆسەکە زیاتر بە تەمەنەکان دەکاتە ئامانج. تا ئێستا هیچ چارەسەر و پێکوتێک شک نابەین. هیچ چەکێکمان لەبەردەست نییە، دەستمان خاڵییە، بەندکراو و گۆشەگیریین.. بە تەنیاین. ناتوانین پەیوەندی بە یەکەوە بکەین، سەرباری ئەمانەش ناچارین لە ماڵەوە بمێنینەوە. نەخێر، ئەمە جەنگ نییە!

 

 

ساڵی ١٩٤٠، تەمەنت چواردە ساڵ بوو کاتێک جەنگێکی ڕاستەقینە، واتە جەنگی جیهانی دووەم ڕوویدا. ئایا ئەمڕۆکە ئەو سەردەمەتان بیر ناخاتەوە؟

- نەخێر. ئەوکاتە بۆ گەنجێکی فەڕەنسیی هاوتەمەنی من، هیچ شتێک وەک جەنگی فەرەنسا و ئەڵمانیا پووچ نەبوو، چەندین جار ئەم شتەم هاتە پێش. دواتر، قۆناغی داگیرکاریی ئەڵمانی کاریگەریی هەبوو لەسەر ژیانی گەنجیم. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆکە لە ئارادایە، ناشێت بەراورد بکرێت بە جەنگی جیهانیی دووەم؛ ئێستا لە بۆشاییدا دەژیین، بەرەو هیچ دەڕۆین. قسە ناکەین، نابێت بجوڵێین، زیاد لەوەش، تێناگەین لەوەی چ دەگوزەرێ.

 

چۆن گەیشتین بەم دۆخە؟

- دوو سەدەی سەرنجڕاکێش لە کۆمەڵگەی پیشەسازی ژیاین، لە جیهانێکدا، بۆ ماوەی ٥٠٠ ساڵ ڕۆژئاوا سەروەری بوو. بڕوامان وابوو – پەنجا ساڵی پێشوو، وەها بوو_ لە جیهانێکی ئەمریکیدا دەژین (ئەمریکا باڵادەستە). ئەمڕۆ، ڕەنگە لە جیهانێکی چینیدا بژین، بەڵام دڵنیا نیم. ئەمریکا وەختە نغرۆ دەبێت، چینیش لە دۆخێکی پارادۆکسانەدایە کە ناکرێت بۆ هەمیشە درێژەبکێشێت. چین دەیەوێت شمولیەتی ماویزم بەکاربهێنێت بۆ هەڵسوڕاندنی جیهانێکی سەرمایەداری. بەداخەوە، لە هیچ پێگەیەکدا نیین، بەرەو ڕووی گۆڕانێکی بەربەری دەبینەوە کە نە بە خەیاڵماندا هاتووە، نە ئامادەسازیی بۆ کراوە.

 

تەنها باسی ئێستا دەکەن، لە دۆخی کەرەنتینەدا، یان مەبەستتان ئەم سەردەمەیە بەگشتی؟

- هەردووکیان، بەڵام پێم خۆشە لە ڕوانگەی کەسێکی بەندکراوەوە قسە بکەم. خۆم وەها دێتە پێشچاو لە ناشوێن دام، چونکە مافی ئەوەم نییە بچمە سەر شەقام.

 

ئەم دۆخە وەڕسکەرە؟

- نەخێر. ژیانم بەزۆری ئیشکردن بووە لە ماڵەوە. بە چەشنێک، وا هەست ئەکەم بەو هەلومەرجەی کە ڕۆژانەی ئاسایی تێیدا ژیاوم، پارێزراو دەبم.

 

ئەوروپا لە کوێی هاوکێشەکەدایە؟

- ئەم ماوەیە هیچ پەیامێکی ئەوروپییت بەرگوێ کەوتووە؟ من هیچم نەبیستووە. من تا سەر ئێسقان ئەوروپیم. دەبێت دان بەوەدا بنێین دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا شتێکی وەها ئاسان نییە. هەمان شتیش گونجاوە بۆ دەرکەوتنی نالیبراڵەکانی (بەرهەڵستکارانی لیبراڵیزم) وەکو ماتیۆ سالڤینی لە ئیتاڵیا. ئێمە نازانین چۆن و بۆچی ئەم پاندێمێکە لەم کاتەدا دەرکەوت. هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین دەبێت لە ڕووی ئابوورییەوە چ بکرێت، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، تەنها دەخوازرێت لە ماڵەوە بمێنینەوە. ئێمە لە ناو بێ ماناییداین، وا دەزانم زۆر کەس بەهۆی ئەم غیابی مانایەوە شێتدەبن.

 

پێت وایە ناسیۆنالیزم یان پۆپۆلیزم سەرهەڵبدەنەوە؟

- خۆی لە بنەڕەتدا بوونی هەیە. ئەمڕۆ، ئەوروپا لەبەردەم دوو بڕیاری سەرەکیدایە. یەکەم، ڕزگاری لەڕێگەی ژنانەوە، واتە داڕمانی ئەقڵ وەک سەنتەری کەسایەتی، پێداچوونەوە بە هەستەکانمان سەبارەت بە ئەقڵ و پەیوەندی، بە مانای سەرپێخستنی کۆمەڵگەی چاودێری و خزمەت. دووەم، پێشوازی لە پەنابەران، ئەمە پرسێکی گەورە و گرنگە. ئەمڕۆ، وڵاتە ئەوروپییەکان بەگوێرەی هەڵوێستیان لەمەڕ پەنابەران، پێناسە دەکرێن و دەناسرێنەوە.

 

ئایا ڤایرۆس هەموو شتێک ناگۆڕێت؟ لێکەوتە ئابوورییەکان، نەریتی کۆمەڵایەتیی نوێ و دوورکەتنەوەی نێوان تاکەکان و شتگەلی دیکە؟

- پێم وا نییە. کارەساتی دیکە بەڕێوەن. ترسی ئەوەم هەیە کارەساتی ئیکۆلۆژیی مەزن لە دە ساڵی داهاتوودا ڕووبدەن، بە تایبەت پاش دە ساڵ لە سەرگەردانیی پێشوو. دەمەوێت بڵێم پەتاکان هەموو شتێک نیین. وا دەزانم ئێمە چووینەتە ناو فۆرمێکی نوێی کۆمەڵگەوە، بەگوێرەی دەربڕینی ئابووریزانەکان، دەشێت بە کۆمەڵگەی خزمەتگوزاری ناوی بنێین، بەڵام کۆمەڵگەیەکی خزمەتگوزارییە لەنێوان مرۆڤەکاندا. ئەم قەیرانە پێگەی ئەو توێژە بەرزدەکاتەوە کە چاودێری و خزمەت  پێشکەش دەکەن؛ ئەم توێژە چیتر ناتوانن بە مووچەیەکی کەم بەردەوام بن. هاوکات، لە سایەی ئەم قەیرانانەدا، دەشێت شۆکی ئابووری کۆمەڵە کاردانەوەیەک بهێنێتە کایەوە، کە دەچنە خانەی فاشیزمەوە. بەڵام پێم خۆش نییە زۆر باس لە ئایندە بکەم، پێم باشە زیاتر لە ئێستاکە ورد ببمەوە.

 

ئایا ڤایرۆس حوکمی ئێمە دەکات؟

- ڤایرۆس نا، بەڵکوو ئەوەی کە ناتوانین بەگژی ڤایرۆسەکەدا بچینەوە حوکممان دەکات. بەڵام لە کۆتاییدا پێکوت دەدۆزرێتەوە و سەردەکەوین.

 

 

 

 

 

سەرچاوە:

https://mupresse.com/?p=4378