A+    A-
(1,727) جار خوێندراوەتەوە

چاوخشانێک بە کتێبى "مێژووى ئەدەبیاتى ڕووسى"دا

 

 

 

                                

 

ڕانان(review) چاوخشاندنە بە بەرهەمێکدا, جا کتێب بێت یان فیلم و هتد. ڕانان شێوازى زۆرە و دەکرێت لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکى تر گۆڕانى بەسەردا بێت. لەو کەلتورانەى کە کتێب زۆر جێنەکەوتووە, ڕانان وەستانى زیاترى دەوێت لەسەر بەرهەمەکە. لێرەدا لەسەر کتێبى "مێژووى ئەدەبیاتى ڕووسى" دەوەستین کە سەعید نەفیسى نوسیویەتى و حەمەکەریم عارف وەریگێڕاوە و ژمارەى لاپەڕەکانى دەگاتە ٥٥٥ لاپەڕە و چاپى یەکەمى کتێبەکە بەردەستە.

مێژووی ئەدەبی یەکێکە لە لقەکانی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی.  و ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئاشنا بوون بە تیۆر و ڕەخنە ئەدەبییەکان. سەعید نەفیسی یەکێکە لەو نوسەرانەی بایەخ و گرنگی زۆری بە ئەدەبیات دواەو بەتایبەت، ئەدەبیاتی رووسی. باوەری وابوو "رووسی زمانی دووسەد ملیۆن کەسی ھاوسێی ئێمەیە، ئەقڵ وادەخوازێ کە مرۆڤ زمان و کەلتوری ھاوڕێکانی خۆی بزانێ". ھەربۆیە جەختی کردۆتەوە لەسەر پێویستی شارەزابوونی توێژەرانی ئێران بە ئەدەبیاتی روسی.  ھەر بۆیە ھەر زوو خۆی فێری زمانی روسی کردوە.  ھەر لەبەرئەم ھۆکارەشە ئەم کتێبەی نووسیوە. ئەم کتێبە لە دووبەرگ پێکھاتووە،  لەم بەرگەدا لێکۆڵینەوەو باسی ئەدەبیاتی روس و نوسەرو ڕەخنەگرە بەناوبانگەکان و شیکردنەوەی بەرھەمەکانیان و ھەڵسەنگاندن و کاریگەریان دەکات لەو دەمەی  نووسراون.  تا قۆناغی پێش شۆڕش. بەرگی دووەمی کە مەرگ ڕێگەی نەدا نەفیسی ئەم بەرھەمە گرنگە تەواو بکات. باسی ئەدەبیاتی روسیا دەکات لە سەرەتای قۆناغی شۆرش تا نزیکی ئەم ڕۆژگارە. پێویستە ئاماژەی بەوە بکرێت، کە گەشەی ئەدەبیاتی روسی لەسەرەتای شۆڕشەوە، دەبێ بە دووبەش. بەشێکیان لە ناو سۆڤیەتدا گەشە دەکات و، بەشەکەی تریش موھاجیرانی روس لە ئەوروپاو ئەمەریکا گەشەیان پێدا. کتێبەکە وەرگێرانێکی پوختی بۆکراوە، بە  تایبەت گەر بمانەوێ ئاشنای سەرەتاکانی ئەدەبیاتی روس بین. بەرگی یەکەم  لە چواردە فەسڵ پێکاھاتووە.  لە ھەر فەسڵێکدا باسی ئەو قۆناغەو بەرھەم و گەشەکردنەکانی ئەو دەمە کراوە. تا گەشەکردنی ئەدەبیاتی روسی و گەیشتە لوتکە. ئەم گەشەیە  لە نیوەی دووەمی کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم بوو. کە چەند شاکارێکی تێدا نوسراوە. ئەوەش کاتێک  نوسەرەکانی وەک ( دۆستۆڤسکی و چیجۆف و تۆلستۆى). بەرھەمەکانیان بڵاو کردنەوەو ھاتنە دونیای ئەدەبیات.

 

 

 

فەسڵی یەکەم

ژینگەو نەژاد و زمان و مێژوو

 

  ڕووسیا، یەکێکە لە وڵاتە گەورەو فراوانەکانی جیھان و کەوتۆتە کیشوەری ئاسیا، پێشتر بە یەکیتی سۆڤیەت ناودەبرا.  رووبەرەکەی زیاتر لە بیست و دوو کیلۆمەترەو بەگوێرەی ئامارەکانی ١٩٤٠ کۆی ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە سەدو نەوەدو سێ ملیۆن کەسە. خاوەن کۆمارێکی سۆسیالیستی و لە شانزە  کۆمار و  چل و دوو ڕەگەز و نەژادی جیاواز پێکھاتووە.

زمانی ڕووسی لقێکە لە لقەکانی زمانی سڵاڤی و لەم وڵاتە بەکاردەھێنرێت، جگە لەم زمانە زمانی ئۆکرانیش بەکاردەھێنن. بەشێکی ڕووسیاش زمانێک بەکاردەھێنن،  بەناوی زمانی ڕووسیای بچووک کە زمانێکی شاعیرانەیە. مێژووی روسیا لە سەدەی نۆیەمەوە دەستی پێکردووە کاتێک "وارگ" کان کە خەڵکانێکی تاڵانچیی ئەسکەندەناڤی بوون. دەستیان بەسەر ڕووسیا گرتووەو  سلاڤیەکانیش فێری داب و نەریتی خۆیان کردوون. ھەر بۆیە سلاڤیەکان زمان و کلتورو داب و نەریتیان زۆر کاریگەری لەسەر ڕووسیا ھەبووە. ئەو کاتە ڕووسیەکان خاوەن ھیچ دینێک نەبوون. بەڵکو پەیرەویان لە ھەموو ئایینەکان کردووە. دواتر ئاینی ئیمپراتۆری بێزەنتیان،  کە ئاینی عیسەوی بوو قبوڵکرد.  پاشان  داگیرکاریی مەغول لە ساڵی ١٢٢٢ دەستی پێکرد و دوا میریان تا ١٧٨٣ پاشایەتی کردووە. دەسەڵاتیان پێشتر لاواز ببوو. بەھۆیەوە لەساڵی ١٦١٣ میرانی مۆسکۆ گەیشتنە دەسەڵات.

لە سەدەی ھەژدەھەمدا روسیا زۆربەی کات لەگەڵ عوسمانییەکان لە جەنگدا بووە. ڕووسیا لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا، لەبەرەی فەرەنساو ئینگلتەرا بووە. و دواتر شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ کە  چارەنووسی ڕووسیای گۆڕی و  یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوە مێژوویەکانی ڕووسیا و ماھیەتی روسیای گۆڕی و میللەتێکی بەھێزی درووستکرد. لە جەنگی جیھانێ دووەمدا توانی بەسەر ئەڵمانیای فاشیست سەربکەوێت.

تاکو پێش شۆرشی ئۆکتۆبەر زۆربەی گەلانی روسیا، ڕێنوسیان نەبوو. لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا ڕێنووس و ئەلفبای تازەیان بۆ چل زمان دانا، و ئەمەش بووە ھۆی گەشەو ھاتنەکایەی ئەدەبیات بە شێوەیەکی فراوان.

 

 

 

فەسڵی دووەم

ھەوەڵین بەرھەمە ئەدەبییەکان

سەرچاوەی ئەدەبیاتی روسی وەک زۆرێک لە وڵاتانی تریش، سەرەتا شیعر و پەخشان گرنگی پێنەدراوە، بەڵکو  لە کۆتایی سەدەی دەیەمی زاینی کاتیک روسەکان چوونە سەر دینی عیسەوی ، کەوتنە وەرگێڕانی کتێبە ئاینییەکان بۆ زمانی خۆیان، کە سلاڤی یان پولیوسلاڤی بوو. ھەر بۆیە دواتریش ئەم زمانە بوو بەزمانی ئەدەبیات. کۆنترین بەرھەمە  ئەدەبییەکان ھۆنراوەن و پەیوەندی بە شارستانی ئەو وڵاتەو کاتە ھەیە کە تیای نوسراوە. لە مێژووی ئەدەبیات بەم ھۆنراوانە دەوترێت(بیلێن) بە واتای چیرۆکی ڕاست و درووست دەگەیەنێت. لە ڕووسیا پێیانوتووە (ستارینی) بە مانای چیرۆکی کۆن دێت.ـ کۆی ئەم(بیلێن)ـانە ساخاروف لە سەدەی نۆزدەھەم دا بڵاویکردوونەتەوە.  ھەوەڵین شاعیرەکانیان شاعیری گەڕۆک  بوون و زۆربەیان لە ڕۆمی بچووک و وڵاتانی باشور ھاتبوون.

بابەت و ناوەڕۆکی ئەم(بیلین)ـانە. لە بارەی ژیانی قەرەمانە میللییە نەتەوەییەکان و چوونە شەڕو ئاھەنگی قارەمانانە. یەکەمین کۆ بیلین لە ساڵی ١٨٠٤ چاپ بووە. ھۆنراوەکانیش زۆرجار لە بارەی گەورە پیاوانی ڕووس یا دەربارەی ڕووداوێک لە وڵاتدا یاخود وەسفی دیمەنی وڵاتانی تر بوون. بە گشتی ئەدەبیاتی ئەم قۆناغە لە شێوەی بیلین و ھۆنراوە و سرودی ئاینی و پەخشانە چیرۆک و گۆرانی و  شانۆی عامیانە بووە.

 

 

فەسڵی سێیەم

ئەدەبیاتی پێش قۆناغی پتروسی  مەزن

 

پتروسی مەزن بەناوبانگ ترین  تزاری روسیایە( ١٦٨٢-١٧٢٥). بەھۆی ئەو چاکسازییانەی کردی مێژووی گەشەو پێشکەوتنی گۆڕی و وەچارخانێکی گەورەی کرد. قۆناغەکانی پێشتر بە  قۆناغی پێش پتروسی مەزن ناسراون.  لە قۆناغەکانی پێشترو بەھۆی داگیرکاری مەغۆل و داخستنی دەرگاکانی وڵات بەسەر وڵاتانی دەورو بەر. ھیچ گەشەکردنێکی دیارو بەرچاو نەبینرا.  لە قۆناغی پێش داگیرکاری مەغۆل، و بێ ئاگایی لە وڵاتانی دیکە. ئەدەبیاتی زمانی سلاڤی لە کتێبی ئایینی و ئەخلاقیدا  بەھێزبوو.ھەروەھا  ھەندێ کتێبی مێژووی بێزەنتینەیان وەرگێرابوو. بەھۆی دووریی ناوچەکان لە وەرگێڕانەکاندا  گۆڕانکاریی  ئاشکرایان بەسەردا ھاتبوو کە ئەمانەیان لە کڵێسا و دێر و پەرستگاکاندا ئامادەکردبوو.

کۆنترین دەستنووس بە زمانی روسی. وەرگێرانی ئینجیلێکە کە کەشیشێک بەناوی گریگۆر لە ساڵی ١٠٥٦ بۆ ئوسترومیری ناوێکی نوسیوەو. بە ( ئینجیلی ئوسترومیر) بەناوبانگە. پاشان کۆمەڵە ھەڵبژاردەیەک لە بەرھەمەکانی ئەولیای ئایینی نەسرانی و ژیاننامەی شەھیدان و مێژووی ئیمپراتۆری رۆم. دواتر واعیزەکان  چەند کتێبێکیان دەربارەی وەعز و ئامۆژگاری و خواناسی نووسیوە.

لە دەوروبەری ساڵی ١١١٥  لە دێرێکی کیف، کتێبێکی مێژووی بە ناوی ( ھەواڵێن ڕۆژگاری رابردوو) نووسراوە و بە ( مێژووی نەستور) ناسراوە. ئەم کتێبە بایەخێکی بەرچاوی ھەیەو باسی بونیادی شاری کیف دەکات.  نیوەی مێژووەو نیوەی ئەفسانەیە و بەزمانێکی ڕوون نوسراوە. زانیاری دەربارەی قۆناغەکەو دانەرەکەی نوسراوە، کە ناوی ڤلادیمیر موناک بووە. گرنگترین بەرھەمی ئەدەبی ئەم سەردەمە ( سەربھوردی  شازادە ئیگۆر)ە.

پاشان بەھۆی داگیرکاری مەغۆل و دەسەڵاتی تەواوی بەسەر روسیادا و، لەبەرئەوەی مەغۆلەکان خەڵکی شارستانی نەبوون.  بۆیە زمان و ئاین وکلتورێکی دیاری کراویان نەبووە، بۆیە زیانیان بە زمان و کەلوپورەکان نەدەگەیاند. بەڵام ئەم داگیرکارییە بووە ھۆی  ھەرەسی روسیا و گەندەڵی. بۆیە ھیچ پێشکەوتنێک لەم قۆناغەدا نەبینراوە و بەسەردەمی پاشەکشەو گەڕانەوە دەژمێرێت.

پاش داگیرکاریی مەغۆل  و لاوازبوونی مەغول،  میرانی مۆسکۆ حکومەتێکی بەھێزیان دامەزراند و مۆسکۆیان کرد بە پایتەخت و ئایینی نەسرانی بە ئاینی ڕەسمی ناسرا. ھەموو خەڵکی روسیا بۆ یەکەمجار لە دەوری ئاین و کەلەپورێک کۆبونەوەو و  جار جاریش چاو لە شارستانی ڕۆژائاوا دەکرا.  وبەم شێوە ئەدەبیاتی روسی  دەستی بە پەیدا بوون کرد. لە ساڵی ١٥٥١دا  ئیڤانی چوارەم ئەنجومەنێک لە کەشیشان پێک دێنێت. و بڕیارێکی سەد ماددەیی لە بارەی  پرسی ئاینی و کلتوری وشارستانی دەرکرد و گرنگی بە خوێندن دا. لە ساڵی ١٥٥٣ یەکەمین چاپخانە لە مۆسکۆ دادەمەزرا ، ماوەیەک تایبەت بوو بە بڵاوکراوەکانی کڵێسا.

لەم سەردەمەدا کتێبێک بە ناوی دۆمۆسترۆی بڵاوبووەوە کە  دەیدەنە پاڵ سیلوستەر. ئەم کتێبە پێکھاتووە لە کۆمەڵێک زانیار تەواو دەربارەی خانەوادەکان. ھەموو دەستورو ڕێساو ڕێوڕەسم و عیباداتی دینی و ڕەفتاری سەرۆک خێزنەکان و جل و بەرگ و خەرجیەکانیان. ھەروھا کتێبی (چتیئی مینئی) ماکری  ڕێکی خستتووەو  بریتییە لە ژیاننامەی پەیامبەران و یاوەران و ئەولیاکانی كڵێسەی روسیا و یۆنان.  ھەوەڵین پرشنگی ئەدەبیاتی نوێ لە روسیا لە سەدەی حەڤدەیەمەوە دەستی پێکرد، بە  گرنگی دان بە خوێندن و فێربوون. یەکەم ئاکامی ئەوە بوو ( سیمیون پولوتسکی) لە مۆسکۆدا مامۆستای مناڵەکانی تزار بووە. و چەند کتێبێک و بەیتی ئاینی و ئەخلاقی دانا.  لە لایەکی تریشەوە کاریگەری ئەدەبیاتی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەرکەوت.  یەکەمین شانۆنامە کە مابێتەوە ھی ئەم قۆناغەیە، لە چیرۆکی ئەستێرەی تەوراتەوە وەرگیراوە. کەشییشی پروتستان( ژ.گ. گریگۆری). نوسیوویەتی و دوو شانۆنامەی تریشی نووسیوە. و نوسخەی یەکێکیان ماوە.

 

 

فەسڵی چوارەم

سەدەی ھەژدەیەم و ڕۆژگاری پتروسی مەزن

 

سەردەمی پتروسی مەزن بە ریفۆرمەکانی دەناسرێتەوە. لەبارەیەوە گوتویانە "پەنجەرەیەکی بە ڕووی ئەوروپا کردۆتەوە". سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵاتداری گۆڕیوەو گرنگی بە زانست داوە، و  ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی بڕیووە.چاپخانەی دامەزراندووەو  جگە لە بەرھەمی ئاینی بەرھەمی ھونەریشیان تیادا  بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی ١٧٢٥ ئەکادیمیای زانستی پێکھێناو کتێبخانەی گشتی دامەزراند. چەند نوسەرێک دەرکەوتن. ھەروەھا چینی ئەشراف دژایەتی ئەم ڕیفۆرمخوازییەیان دەکرد. لەبەرئەوەی بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتیان دەزانی.  شانۆ لەم سەردەمەدا پێشکەوت و لە ساڵی ١٧٠٢ دەستەیەک ئەکتەری ئەڵمانی ھاتبوونە مۆسکۆو ناچاریان کردن، بە زمانی روسی شانۆکان پێشکەش بکەن.  سەرەتا شانۆکان وەرگێڕدراو بوون و پاشان بەھۆی ئەو زەمینەی پتروسی مەزن سازاندبووی و دەیویست شانۆکان سەبارەت بە وڵات و دەلالەت لە ژیانی خەڵکی روسیا بکات. ھەر بۆیە شانۆنامەکان بە  لاسیکردنەوەی شانۆنامەکانی ئەوروپا دەنووسران. سەردەمی یلیزابت بە قۆناغی مۆدێرنەی روسیا دادەنرێت.  لێکچوونی زۆرە لەگەل مۆدێرنەی ئەوروپا. لەوانە زمانی کڵێسا گۆڕاو  زمانی میللی و عامیانە پەیڕەو دەکرا.  زمانی روسی وشەی نوێ ھاتە ناوو لە رووی فەرھەنگییەوە دۆڵەمەند بوو. ناتالیا دولگروگایا لەم قۆناغەدا بەرھەماکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە. کە یەکەمین ژنە لە ئەدەبیاتی روسیدا بەرھەمی جوانی دوای خۆی جێھێشتوە.  لە بەرھەمەکانیدا  شەرح و شرۆڤەی ڕوداوە دڵتەزێنەکانی ژیانی خۆیەتی و بە شێوەیەکی سەرنج ڕاکێش دایڕشتوونەوەو، لەگەل ئەوەشدا سکاڵا لەو بارودۆخە قورسانە دەرنابڕێت و بەردەوام دەبێت.

 

 

 

فەسڵی پێنجەم

ڕۆژگاری کاترینای دووەم

 

لەم سەردەمەدا ڕووسیا لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی کلاسیکی فەڕەنسا بوو، پەیڕەویان لەم شێوازە دەکرد. پاشان کاریگەریی وڵاتانی تری ڕۆژئاواو و گەشەکردنی ئەدەبیات. یکاترینای دووەم بەشدارییەکی گرنگی لە ھزر پێشکەوتندا ھەبووەو گرنگی پێداوە.

دەستورێکی پێکھێنابوو  بنەماکانی لە کتێبی ( گیانی یاساکان) ی مۆنتیسکۆی وەرگرتبوو، بەڵام لە جیاتی دەسەڵاتێکی میانڕەو، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرانەی رۆشنبیرانەی  پەیڕەودەکرد. لە ئەدەبیاتدا چەند کۆمیدیاو ئۆپێرای کۆمیدی و چیرۆکی ئەخلاقی و وتاری ڕۆژنامەوانی لە دوا جێماوە. چاپەمەنی لەم قۆناغەدا گەشەی کرد. و لە سەدەی ھەژدەیەم ھەندێ فێرگەی گرنگی دامەزراند، وەک زانستگەی پوترسبۆرگ و فێرگەی ( مناڵانی خوڵامانی).  جگە لە فێرگەی زانستی چەند گۆڤارێک بڵاو بوونەوە و کایەی ئەدەبیاتیان فراوان کرد.  بۆ نمونە سۆمارۆکوف لە ساڵی ١٧٥٩گۆڤاری ( ھەنگی فرەکار)  دەرکرد.  بەمەستی بڵاوکردنەوەی ھزری زانستی و بڵاوکردنەوەی بەرھەمی ئەدەبی روسی و بەرھەمی وەرگێردراوی وڵاتانی تر. لە ژێر کاریگەری ئەم گۆڤارانەدا گۆڤارەکانی ھەنگ و نیگارکێش دواتر دامەزران.   شانۆ لەم قۆناغەدا گیانێکی ڕەخنەیی ھەبوو. وەک ئەو تراجیدیایانەی  یاکۆڤ بوریسوڤیچ کنیاژنین نووسینی بە چاولێکەری ڤۆلتیر. ھەروەھا شانۆنامەی (سەردەستە) لە ساڵی  ١٧٦٦نوسراوەو باسی ئەخلاقیاتی ئەو سەردەمەو و کەم و کوڕی خورافەکانی سەردەمانی پێشتر دەکات. باشترین ئۆپێرای کۆمیدی ئەم قۆناغە ئابلیسیمۆف بە ناونیشانی( ئاشەوانی سیحر بازو خاپینۆك و درۆزن) نووسیویەتی. شاعیرانی ئەم سەردەمەش  کۆمەڵێک بەرھەمی بە پێزیان بڵاوکردۆتەوە. وەک بەیتی (روسیاد)  میخائیل ماتیڤیوڤیچ خراسکۆف  نووسیویەتی. تیایدا شرۆفەی داگیرکردنی شاری  غازانی بە دەستی ئیڤانی چوارەم کردووە.   بەیتێکی بەناوی ( ڤلادیمیر) نووسیوە، تیایدا شرۆڤەی ڕۆمانتیکانەی بڵاوبوونەوەی ئاینی نەسرانی لە روسیا و؛ وەسفی باوەڕی بتپەرستی پێشین دەکات.  ھەروەھا ئیڤان ئیڤانۆڤیچ خمنیتزر بەر لە کریلف، یەکەمین چیرۆکی شیعری دەربارەی ژیان و بە زمانی گیانلبەران بە روسی نووسیوە.

بزاڤی زانستی ئەم سەردەمە زیاتر ڕەخنەو گفتوگۆ بووە. دوو دەستە ھاتوونە کایە ھەنێکیان پشتگیری ڕیفۆرمەکانیان کردوە  وەک مێژوونووس گولیکۆف. ھەنێکیش دژی ئەم نوێخوازییە بوون و بەرگریان لە ڕابردوو پێشینی میللەتی روس کردووە.  وەک کنیاز میخائیل میخائیلوڤیچ و چەند کتێبێکی  لە بارەیەوە نووسیوە.

 

 

 

 

 

فەسڵی شەشەم

قۆناغی ڕۆمانتیک

 

 لە کۆتایی سەدەی ھەژدەیەم و بە کاریگەری ئەوروپا. ئەم ڕێبازە لە ئەدەبیاتی روسیدا دەرکەوت.  نیشانەی ئەمەش ئەو دیرۆک و ھزرو بیری ئەدەبیاتی سەردەمەکە بوو. ھەروەھا بایەخدان  بە شیعری عامیانەو فۆلکلۆر، و بە گوێرەی کات و سەردەمەکە دایان ڕشتەوە،   لەگەل نوسینی چەند ئەفسانەو سترانی ھەمەڕەنگ و نەقڵی رووسی. نیشانەیەکی تری  دیارو بەرچاو بریتی بوو لە زاڵ بوونی ھەست بەسەر ئاوەزو سۆز بەسەر لۆژیک.  کارامزین پێشەنگی ئەم ڕاپەڕین و ڕێبازە نوێیە بوو. چەند کتێبک و ھۆنراوەی نووسیوە. ھەنێک بە داھێنەری زمانی روسی تازەی دادەنێن، چونکە لە کتێبەکانیدا چەندین وشەی نوێی داڕشتووە.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەھەمدا لە ڕووسیادا شاعیر زۆر بووە، بەھۆی قەدەغەکردنی باسی سیاسی، بۆیە بە  ئەدەبیات ئەم بۆشایەیان  پڕ کردەوەو لەگەڵیدا  چەندین گۆڤار دەرچوون. وەک (پەیاماوەری ئەوروپا- قەڵغانی نیشتمان- ئەستێرەی قوتبیگوڵانی باکور- گۆڤاری سەردەم). سەرەتا ئەم گۆڤارانە بەرھەمی وەرگێردراویان چاپ دەکرد. پاشان  بەرھەمی خۆیان و دواتریش ڕەخنەی ئەدەبی بۆ زیاد کرا. بۆ نمونە لە  گۆڤارگ دووربین  چەندین وتارو نووسینیان  دەربارەی  ڕێساو بنەماکانی ڕێبازی ڕۆمانتیک بڵاو کردەوە. شاعیرانی ئەم قۆناغە پێیان دەوترێت شاعیرانی بەر لە پوشکین. چونکە پوشکین کاتێک ھاتە ناو کایەی شیعر نوسین تاکو ئەم سەردەمە پایەی خۆی لە ناو شیعری رووسیا و جیھاندا پاراستووە. بۆیە مێژووی شیعری رووسی بەش کردوە. بۆ شاعیرانی پێش خۆی و دوای خۆی. بەھۆی ئەو شاکارانەی تۆماری کردووە.

ژۆکوفسکی ڕابەرو پێشەنگی ئەم ڕێبازە بووەو  ناوبانگی لە بەیتێکەوە پەیدا کرد کە بەھۆی سەرکەوتنی ڕووسیاوە نووسیبووی.  جگە لە نووسینی شیعرەکانی، شیعری وڵاتانی تریشی وەرگێراوە بە شێوەیەک زۆربەی کات سەرواو قافیەی پاراستوون.  کاریگەری لەسەر شاعیرانی دوای خۆی ھەبووە. بە تایبەت کە گروپێکیان پێکھێناوە و پێیان وتوون ( کارامزینییەکان) .

لە دوای ژۆکوفسکی چەند شاعیرێک دەرکەوتن و کۆمەڵێک بەرھەمی جوانیان بڵاو کەدەوە وەک( باتیوشکۆف- دیمتریف- ئۆزیروف).

 

 

فەسڵی حەوتەم

پوشکین

 

لە ساڵی ١٧٩٩ لە مۆسکۆ لە دایک بووە.  شاعیرێکی گەورەو کاریگەری ڕووسیایە و لەگەل ئەوەشدا زمانی فەڕەنسی زانیوەو بە ھەمان شێوە بەو دوو زمانە چەندین شیعری نووسیوە،  ئەمە وای کردووە پێگەیەکی تایبەتی لە ئەدەبیاتدا ھەبێت. زۆربەی شیعرەکانی پوشکین ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆی بووە. دەرامەتێکی مامناوەندی ھەبووەو زۆرکات ھەمووی لە خۆشگوزەرانی و خواردنەوە بەسەری بردووە. بەڵام ئەمە وای نەکردووە لە پایە ئەدەبییەکەی کەم ببێتەوە. لە تەمەنی پانزە ساڵیدا سەبارەت بە خۆی دەڵێت:

 لە شەرارەتدا شەیتانی تەواو

لە سیمادا مەیمونی راستی

لە ڕادەبەدەر بزێو، تا بڵێی چرپن

بە گیانی خۆم ئەمەیە پوشکین

ھەر لە قوتابخانەدا شیعری دەنووسی و لە  گۆڤارەکاندا بڵاوی دەکردنەوە. یەکەمین  شاکاری خۆی( روسلان و لیودمیلا) لە مارسی ١٨٢٠ تەواوکرد. بڵاوبوونەوەی بەوەچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی ئەدەبیاتی روسیدا دەژمێردرێت. بە زمانێکی سادەو روون نووسیویەتی و ڕێکخستن و ھونەرکارییەکانی لەم بەیتەدا کردویەتی . دوور لە موبالەغە.  بەرھەمەکەی سەرنج ڕاکێشتر کردووە.

پوشکین ھەردەم لە شیعرەکانیدا گوزارشتی ھەست و سۆزی ھاوڵاتیانی خۆی کردووە، بۆیە ھەنێک بە شاعیری نەتەوەیی روسیای دەژمێرن. سەبارەت بەمە ئوژن ملشیور دڤۆگە ڕەخنەگری فەڕەنسی داکۆکی لێدەکات و بە شاعیرێکی گەورەی دادەنێت و لەبارەیەوە گوتویەتی " پێویستە ئەم شاعیرە لە نەتەوەکەی خۆی وەربگیرێ و بدرێ بە دنیای مرۆڤایەتی". ناڕەزایی پوشکین لە بارودۆخی ئەو سەردەمەو خەمخۆری بۆ خەڵکی. لە بەرھەماکانیدا ڕەنگی  داوەتەوەو لەناو خەڵک گرنگ بوون و  دەوترانەوە. دواتر پوشکین دوور دەخرێتەوەو دەچێتە تاراوگە. لە تاوراوگە چەند شاکارێکی نووسین کە  لە ژێر کاریگەری خەڵک و ژیینگەو سرووشتی ناوچەکانی باشور بووە.

یڤگینی ئونگین   یەکێکی ترە لە بەرھەمەکانی  پوشکین، لە حەو ھەزار نیوە بەیت پێک ھاتووە.  یڤگینی ئونگین  بۆ ڕاواندنەوەی دڵتەنگی و گۆشەگیری لە شارێکەوە بۆ گوندێک ھاتووە.  تووشی ئەڤینی کچێک دەبێت. ئەم بەرھەمەی بەیتێکی داستانییەو نمایش و دەرخەری تەبیعەتی ئەو کاتەی ڕووسیایە. بیلنسکی ڕەخنەگری روسی لە بارەی ئەم بەرھەموە گوتویەتی " ئەنسلکوپیدیایەکی ژیانی روسیایە". ھەروەھا ڕەخنەگری روسی پیاسارۆف  لە بارەی ئەم بەرھەمە دەڵێت " ژیان لە گۆشەنیگای ئونگینەوە بریتییە لە گەڕان و پیاسەی ناو شەقامەکان  وشیو خواردن لێرەو لەوێ و چوونە پێشەنگاو شانۆو تەماشاخانان یان کۆڕو سەماو سوڕی چەقەنان،  بیرکردنەوەش بریتییە لە وردە ئیرادگرتن لە سەماکاران و سەرزەنشتی مانگ کە بۆچی خڕە، ھەستی بەغیلی بردن بەم ئیمتیازە کۆمەڵە شەپۆلێکە کە لە بەر پێی ژنێکی جواندا سەرفرو دێنێ".

 

 

                                                    

 

 

 

فەسڵی ھەشتەم

شوێنکەوتوانی پوشکین

بەھۆی پایە ئەدەبی و گرنگییەکەی پوشکینەوە کە تەواوی ڕووسیای گرتبۆوە. چەند شاعیرێک ھەبوون گرنگیان لە پوشکین کەمتر نییەو چەند شاکارێکیان تۆمار کردووە.  بەڵام ناوبانگی پوشکین ڕێی  نەداوە ئەم شاعیرانە دەربکەون. زۆرێکیش لەو شاعیرانە شوێنکەوتوانی پوشکین بوون. وەک ( دلویگ – باراتینسکی- خومیاکوف- ڤینیڤیتینوڤ- داڤیدوفی). گریبویدوف  شاعیرێکی تر لە ھاوسەردەمانی پوشکین.  کۆمیدیای( زەوق و بەھرەی زیادە بەدبەختیە) ی نووسیوەو شاکاری ئەوە. کاتێک نوسخەی ئەم کۆمیدیایە بڵاوبووەوە  ڕەواجی پەیدا کردو بە ڕوداوێکی گرنی ئەدەبیاتی روسیا لە قەڵەم دەدرێت. لە کەرنەڤاڵ و ئاھەنگەکان و ھەندێ جاریش خوێندکاری زانکۆ نمایشیان دەکرد. ئەم بەرھەمە بۆ ماوەیەک توانی ناوبانگی بەرھەمەکانی پوشکین دابپۆشێت.

خاتوو کارولینا کارلوڤنا پاڤلۆڤا لە ١٨٠٧ لە دایک بووە. و لە ساڵی ١٨٣٨ دەستی بە شیعر نووسین کردووە و تاوەکو زنائید ھلیپیوس دەرنەکەوتبوو، بە باشترین ژنە شاعیری زمانی رووسی دانرابوو.

 

 

فەسڵی نۆیەم

بیری توندڕەوانە

 

تزار نیکۆلای یەکەم پاش بزوتنەوەی دیکابریستەکان لە ١٨٢٥. دەسەڵاتی گەیشتە لوتکەی بەکارھێنانی  توندوتیژی و زەبروزەنگ. چەندین دائیرەی سانسۆری دامەزراندبوو بۆ ڕێگری لە ھزری تازە.  باسکردنی بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی قەدەغەکرد.  تەنھا بواری ڕێگەپێدراو مێژووی فەرمی و ڕەخنەی ئەدەبی بوو. لەگەڵ ئەو سانسۆرەی ھەبوو ڕێگر نەبوو چەندین نوسەر و ڕەخنەگری بە توانا دەربکەون. و مۆسکۆ مەڵبەندی نەیارانی دەسەڵات بوو وەک ئەلکساندەر بستوژیڤ بە ناوی خوازراوی مارلینسکی ڕۆمانی بڵاو دەکردەوە .  چا ئادایف نوسەرێکی تری ئەم قۆناغە بوو، لە گۆڤاری ( کامیرا) گوتارێکی فەلسەفی بڵاوکردەوە و ھەرایەکی گەورەی نایەوە. ئەم نوسەرە سەبارەت بە ڕابووردووی روسیا ڕەشبینەو گوتویەتی " ئێمە لە جیھاندا تەنیا بووین ، ھیچ شتێکمان بە جیھان نەبەخشیوەو ھیچ شتێکیشمان لێوەرنەگرتووە، ئێمە ھیچ بیرێکمان نەخستۆتە سەر گەنجینەی ھزری جیھان، ئێمە بە ھیچ کلۆجێ بەشداریمان لە خەمڵاندنی ئاوەزی جیھانیدا نەبووەو ھەر چییەک ئەم ئاوەزە بە ئێمەی داوە عەیبدارمان کردووە... پرەنیسپێک لە خوێنی ئێمەدایە کە دژی مەدەنییەت و شارستانییەتە..ئێمە وەکو مناڵانی بیژو حەرامزادە ھاتوینەتە دونیاوە.. ئێمە ڕێدەکەین، دەڕۆین بەڵام ناگەینە مەنزڵ.. ئێمە دەچینە پێش بەڵام بە ڕێگەی خوارو خێچ و بێ ئامانج دا...". بەڵام سەبارەت بە داھاتووی روسیا گەشبین بووەو گوتویەتی " ڕۆژێ دێ روسیا چارەسەری ھەموو ئەو پرسە ھزری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییانەی کە لە ئەوروپادا خستوویانەتە روو دەدۆزێتەوە".

ڕەخنەی ئەدەبی لەم قۆناغەدا گەشەی کردوو. چەند ڕەخنەگرێک دەرکەوت گرنگترینیان بیلنسکی بوو. یەکەمین کەس بوو خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەدەبیات کردو لەو ڕوانگەیەوە  شرۆڤەی  ھەر بەرھەمێکی کردو  بە بەرھەمەکانی پێش خۆیەوە گرێیدا. باوەڕی وابووە نوسەرو ھونەرمەند دەبێت پێش ھەموو شتێک، خزمەتی میللەتی خۆی بکات لە پێناو ڕزگاری.  لەسەر ئەم پێوەرە شتی لەسەر بەرھەماکانی نوسەران نووسیوە. بیلنسکی خاوەنی بیرو ھزرو شیکردنەوە بوو. لە نامەیەکدا نووسیویەتی " من بۆ شەڕە قەڵەمان ھاتوومە دنیایە، بۆ ئەمە ھاتوومە دنیا کە ھەر شتێک بە نێوی ڕاستەقینەی خۆیەوە ناو بەرم.  من پیاوی مشت و مڕی ئەم دنیام...ھونەر ئەگەر ڕاستەقینەو بەھێز بێ ھەرگیز بە ڕەخنە زەرەری پێ ناگات".

لە سەردەمی نیکۆلای یەکەمدا گرنگیان بە مێژوو داوەو لیژنەیان بۆ نووسینەوەی مێژووی روسیا دامەزراند.  ئەە زەمینەی سازاندیان بووە ھۆی دەرکەوتنی چەندین مێژوونووس. بە ناوبانگترینیان ( س.م. سولوڤیف و ن. ئای. کوستومارف) بوون. ڕایان وابوو " مێژوو کۆڵەکەیەکە کە بە گوێرەی میتۆدو ڕێساو یاسای دیاریکراو لێی بکۆڵرێتەوەو پەرەی پێ بدرێت. و پێویستە لە لێکۆڵینەوەی مێژوویدا بەر لە ھەر شتێک بایەخ بە زانین و ئەپستمەی جۆری ژیان بدرێت، واتە بایەخ بە دامەزراوو ڕێکخراوو بونیادە ڕامیاری و مافەوانی و ئابووری  وداب و نەریت و کەلەپور بدرێت". ھەروەھا کتێبی ( مێژووی روسیا) کە ( سولاڤیفست) لە بیست و نۆ بەرگدا نووسیویەتی، یەکێکە لە گرنگترین کتێبەکان و بە زمانێکی ڕون و ڕەوان دایڕشتووە.

 

 

 

فەسڵی دەیەم

گەورە  شاعیرانی پاش پوشکین

 

 

ئەوەی پوشکین لە شیعری ڕووسیدا دەستی پێکرد، شاعیرانی سەدەی نۆزدەیەمی خستە ژێرکاریگەری خۆیەوەو وای کرد گەشە بەو پرەنیسب و ڕێبازە بدەن کە دایمەزراند بوون.

لەم فەسڵەدا باسی چەند شاعیرێک کراوەو بەرھەم و کاریگەریان خراوەتە ڕوو.  لەوانە لیرمانتۆف لە ساڵی ١٨١٤ لە دایک بووەو بیستوحەوت ساڵ ژیاوە. بەڵام خاوەنی چەند  شاکارو بەرھەمی  بەھێزە. ئەم شاعیرە بە تەواوکەری پوشکین دادەنرێت. ھزری خەمناک و تاڵ، لە سەرانسەری بەرھەمەکانیدا دەبینرێن کە بەرئەنجامی سەختی و ناخۆشی ژیانی ئەو ڕۆژگارە بووە.  غەزەلەکانی ڕەنگدانەوەی نائومێدی و بێزارین لە ژیان. بەڵام  ئەم شاعیرە بۆ ئەم نەھامەتیانە گلەیی و گازەندە لە خودا ناکات. بەڵکو  لە خەڵک تورەیە کە ھەموو شتێکی گەورە پشتگوێ دەخەن. ئەم  ھەستانەش بەتایبەت لە کوشتنی پوشکینەوە زیادی کرد. ھەر بۆیە پەنای بۆ گوشەگیری و سروشت برد. بەتایبەت سروشت و دیمەنی قەفقاز.  لایەنێکی تری بەرھەمەکانی ھەستی نەژادی و ناسیۆنالیستییە. کە لە چامەی ( شاشا) دا دەردەکەوێت.تیایدا   کینەو نەفرت و بێزاری بەرامبەر ئەڵمانییەکان دەربڕیوە.

(تازە ڕەبەن) یەکێکە لە شاکارەکانی، ھۆزانێکە لە وەسفی لاوێکدا بە مەبەستی ڕاھێنان و تەعلیمدان بۆ دێرێکی کەشیشانیان بردووە.  شەرح و شرۆڤەیەکی دوورودرێژی دەردوئازاری شازادەیەکی قەفقازە کە ڕووسیەکان لە دێرێکدا یەخسیریان کردەوەو پەروەردەی دەکەن.  ھەروەھا شاکاری ( ئەھریمەن) بە ڕوحێکی سەرکێشەوە، ڕزگاری خۆی لە عەشق و خۆشەویستی کچێکی گورجیدا دەبێنێتەوە.  دواتر کچەکە کە دەیگاتێ گیان لەدەستدەدات. لێرەدا بە شارەزایانە وەسفی ئەو دەرد و ئازارانەی ڕۆحێکی پەرێشان دەکات، بێھودە ھەوڵدەدات خۆی لێ ڕزگار بکات.

کولستۆف شاعیرێکی تری ئەم قۆناغە. لە ساڵی ١٨٣٥ یەکەمین کۆھۆزانی خۆی بڵاو کردەوە و ڕووداوێکی گرنگ بوو. یەکەم کەس بوو کۆھۆزانێکی بڵاوکردەوە لە شیعری ئەدەبی و شیعری فۆلکلۆری پێک ھاتبوو.  ھەروەھا بە داھێنەرو بەناوبانگترین نوێنەری شیعری گوندی دادەنرێت. کە وەرزێکی نوێی لە شیعری روسیدا کردەوە. وەسفی دڵتەزێن و بەزەیی لەمەڕ ھەژاری و خەبات لە ڕێی ژیان و بێ ڕەحمی چارەنووس دەکات. ھیچ چارەسەرێکیشی جگە لە تەسلیمبوون بەدەستەوە نەداوە.

 

 

 

 

 

فەسڵی یانزەیەم

گەورە نوسەران

 

سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم وەرچەرخان و قۆناغێکی گرنگ بوو، چەندین نوسەری گەورە لەم قۆناغە دەستیان بە بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکانیان کرد. سەرەتای پرشنگ و گەشەی نوێی ئەدەبیاتی ڕووسی بوو. وەک (گۆگۆڵ- تورگنیف- گونجاروف -ئوستروفسکی). ھەر یەکێک لەم نوسەرانە بە شاکارەکانیان مژدە پێدەری قۆناغێکی گەشەکردووی تر بوون. لەم فەسڵەدا باسی ھەر یەکەیان کراوە.  گۆگۆڵ یەکێکە لە نوسەرە بەناوبانگەکان و درێژەپێدەری کارەکانی پوشکینە. یەکەمین کۆ چیرۆکی لە ساڵی ١٨٣١ بەناوی(شەونشینییەکانی مەزاری دیکانکا) لە گۆڤاری (یاداشتەکانی نیشتمان) بڵاوکردەوەو ناوبانگی  پەیدا کرد. دوا بە دوای ئەوە چەند چیرۆکێکی تری بڵاو کردەوە. شێوازی  ئەم چیرۆکانە پێشتر پوشکین  بەکاری ھێنابوو. بەڵام چیرۆکەکانی ئەم نوسەرە زیاتر شەقڵی خۆماڵیان پێوە دیار بووەو، وەسفێکی سەرنجڕاکێشی سروشتی کردبوو. ھەروەھا یەکەمین کەسە وێنەیەکی زیندوو شاعیرانەی خەڵکی سادەو ژیانی گوندە دوورە دەستەکانی ڕووسیای ھێنایە ئەدەبیاتەوە. ئەم کۆ چیرۆکەی بەناوی خوازراوی( پانکوکندو دارسخ) بڵاو کردۆتەوە. تا پوشکین لە بارەی گرنگی و ئاستی ئەم کۆ چیرۆکە دواوە.  لە ساڵی دواتردا بەشی دووەمی ئەم کتێبەی بڵاو کردەوە. لەم بەشەیاندا وردترو رونتر بارودۆخی ژیانی خەڵکی ڕوونکردۆتەوە.

گۆگۆڵ لە ساڵی ١٨٣٦ شانۆنامەی( موفەتیشی) بڵاوکردەوە، شانۆنامەیەکی کۆمیدی  بەناوبانگە. لە ئەدەبیاتی روسیا. لەم شانۆنەمەدا حەقیقەتی سەردەمی خۆی بە باشترین شێوە دەرخستووەو لە بەرتیلخۆری و گەندەڵی کاربەدەستان  تەنانەت دادوەرەکانی دەوڵەتیش. ھەروەھا بێزاربوون لە دەست ستەمەکانی تزارەکانی ڕووسیا بەرامبەر خەڵک. ھەمیشە ناوی پوشکین و لێرمانتوف و گۆگۆڵ پێکەوە دەھێنتێت لە باسی ئەدەبیاتی ڕووسیدا بەھۆی ئەو وەرچەرخانەی کە لە مێژووی ئەدەبیاتدا کردوویانە.

 

 

فەسڵی دوانزەیەم

نوسەرانی پلە دووەمی سەدەی نۆزدەیەم

 

لەم سەردەمەدا ڕۆمانی مێژوویی سەرەتا قۆناغەکانی خۆی دەست پێکرد،  بەتەواوی لە ژێر کاریگەری  ڕێبازو میتۆدی نووسەری ئینگلیز ( والتەر سکوت) دا بوو.(زاگوسکین- لاژچنیکۆف- کوکالینک- زاتوف) نوسەرانی سەرەتای دەستپکردنی ڕۆمانی مێژوویی بوون. و ھێشتا کاریگەر نەبوون بە واڵتەوسکۆت و کارامازین. ( سۆلۆڤیف- کوستوماروف) دوو مێژوونووسی گەورەی ئەم سەردەمەن، گەشەیان بە لێکۆڵینەوەی میژوویی داوە.  وەسفی داب و نەریت وبیروباوەری ڕابردوو کردووە. دواتریش چەند گۆڤارێک دامەزران تایبەت بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەو دیکۆمێنتی مێژوویی . لەوانە( ئەرشیفی روسیا- شوێنەوارە کۆنەکانی روسیا- پایاماوەری مێژوو- شوێنەواری کۆن). ئەمە وای کرد ڕۆمان نووسان سوودی لێببینن، و نووسینی ڕۆمانی مێژوویی گەشە بکات. ڕۆمانی (جەنگ و ئاشتی) لێڤ تۆلستۆی لە ساڵی ١٨٦٧لە گۆڤاری پەیاماوەری ڕووسیا  بڵاویکردۆتەوە، یەکێکە لەو ڕۆمانە مێژوویانەی ئەم قۆناغە.

ھەر لەم قۆناغەدا نووسینی ڕۆمانی کۆمەڵاییەتی دەستیپێکرد و گەشەی کرد. (میلنیکۆف) یەکەمین بەرھەمی ئەدەبی لە ساڵی ١٨٣٩  لە گۆڤاری( نوچەێن نیشتمان) دا بڵاوکردەوە.  و یەکێکە لە نوسەرەکانی ڕۆمانی کۆمەڵاییەتی.  لە ساڵی ١٨٧٥ و ١٨٨٠  دوو ڕۆمانی مێژوویی (لە لێرەوارن- لە کۆماران) بڵاوکردەوە .  وردەکارییەکی جوانی تیاکردوون، و  دۆکۆمێنتی  مێژویی گرنگن.

 

 

فەسڵی سیانزەیەم

نووسەرانی سیاسی کۆمەڵاییەتی

 

ئەدەبیاتی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم،  ھزری شۆڕشگێری و ڕیفۆرمخوازییان لەبەرانبەر توندڕەوی و توندوتیژییەکانی تزارەکانی روسیا پەرە پێدا. بەھۆی ئەو گەشە ھزریەی قۆناغی پێشووتر لە دوای   ساڵی ١٨٤٠ ،  بەرەی چەپرەو و ڕاستڕەو لە روسیادا ھاتنەئاراو جیابوونەوە. لە ناوەڕاستی سەدەدا ستانکیڤیچ و بیلینسکی بە نوێنەری چینی ڕاستڕەو. گرتسن و ئۆگاریف بە نوێنەری چەپڕەوی ناسران. چەپڕەوەکان توندڕەوتر بوون لە ڕاستڕەوەکان. ڕاستڕەوەکان پەیڕەوی ئەدەبیاتی پەتی و بەرھەمی ئەدەبی ڕەھایان دەکرد. و چەپڕەوەکان بەدوای ھزری شۆڕشگێرییەوە بوون زۆربەی کارەکانیان بە نھێنی ئەنجام دەدا.

گرتسن یەکێکە لە جدیترین و سەرسەخترین نووسەرو  نوێنەری ھزری مرۆیی و ئازادی خوازی لە ئەدەبیاتی روسیا تایبەت و جیھان بەگشتی. ئەوەی وای کردووە گرتسن بەم شێوەیە بێت، یاخی بوونی دیکابریستییەکان بوو. لە بارەی ئەو سەردەمەی تیای ژیاوە گوتوویەتی " لەو زەمانەدا ھەموو شتێک لە حاڵی کپی و  بێدەنگیدا بوو وتەنیا دەنگی (کاربەدەستانی نا رەسەنی دەوڵەت) دەبیستراو لە جیاتی زانستێن بە سوود بنەماکانی کۆیلەیەتی و ئەسارەتیان فێری خەڵکی دەکرد). ھەر بۆیە گرتسن لایەنگیری ھزری زانستی و ئازادیخوازی بووەو  ھەوڵیداوە خەڵکی وڵاتەکەی فێر بکات. لەگەڵ ئەوەشدا بە چوار زمان بابەتی نووسیوە، ئەمە پایەکەی بەبایەختر کردووە. ( خەتای کێییە) یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی گرتسن ، بیوگرافی پیاوێکی بێکارە. تورگنیف ناوی لەم جۆرە کەسانە ناوە( مرۆڤی زیادە) کە وێنەیان زۆرە لە ئەدەبیاتدا.  لەم ڕۆمانەدا ئاماژە بەوە دەکات ئەو کۆمەڵگەی تیای دەژی لەسەر بناغەیەکی نادروست ڕۆنراوەو  پێویستە  سەر لە نوێ بونیاد بنرێتەوە. و تیایدا وێنەی نەھامەتییە کۆمەڵاییەتیەکان و ژیانی خانەدان و ئەشرافزادەکان بە لێزانانە نیشان دەدات. کۆ بەرھەمەکانی لە دە بەرگدا  پاش مردنی بڵاوکرایەوە، جگە لە چەندین نامەو وتار. ھەروەھا کتێبێکی لە بواری مێژوویدا کتێبێکی لەبارەی بیرەوەرییەکانی یکاترینای دووەم و پرنسس داشکۆف بڵاوکردۆتەوە. لینین دەربارەی گرتسن گوتوویەتی "گرتسن لە فەراھەم کردنی ئەنگێزەکانی شۆڕشەکانی ڕووسیادا پایەکی بەرزی ھەیە".

( باکونین- سالتیکۆف شچدرین- پیسمسکی- پلیخانۆف)  ھەروەھا ئەم نووسەرانە  لەم قۆناغەدا بەرھەمەکانیان بڵاوکردۆتەوە.  کە نووسەری سیاسی و کۆمەڵایەتین و چەندین بەرھەمیان پێشکەش کردووەو بوونەتە وەچارخانی ئەدەبیات و ھۆکار بۆ بەرەو پێشچوونی خەڵک و ھوشیاری. لێرەدا بە ھەمان شێوە باشی ئەم نوسەرانەو کاریگەری و کارە نوێگەرییەکانیانی کردووە.

 

 

فەسڵی چواردەیەم

لوتکەی ئەدەبیاتی ڕووسی لە سەدەی نۆزدەیەمدا

 

لە ئەدەبیاتی ھەموو وڵاتێکدا قۆناغێک ھەیە، کە بەرھەم و گەشەی ئەدەبیات بگاتە لوتکەو پلەی باڵای خۆی. لە روسیادا لە سەرەتای نیوەی دووەمی سەدەی نوزدەیەمدا دەستی پێکردووە، کاتێک چەند نووسەرێک ی وەک دۆستۆڤسکی و ئانتۆن چیخۆف  و لیڤ تۆلستۆی

بەرھەمەکانی خۆیان بڵاوکردەوە.و کاریگەری لە ڕووسیا و پاشان لە جیھان تا ئەم سەردەمە کردووە.

نووسەرانی ئەم سەردەمە جیاواز لەوانی پێش خۆیان چەند کارێکیان کرد کە بەرھەمەکانیان ببنە جێی بایەخ.  گرنگیان بەو حەقیقەتە دا، کە تیای دەژیان و پشتگوێیان نەخست و ھاوخەم و سۆزی  بوون.  خەڵکیان بەو جۆرە باسکردووە  کە ھەن. نەک بەو جۆرەی دەبێت ببن. پاڵەوانی بەرھەمەکانی ئەم  نوسەرانە، کەسانی قارەمان و پێشەوا نین. بەڵکو کەسانی بێ کێشەو لاوازی کۆمەڵگەن.  و دیل و ملکەچی ئەو حەقیقەتەن کە بەسەریاندا سەپێنراوە. ئەم ڕێبازە لە ڕۆمانی (مێژووی خانەوادە) ی تاسکۆف سەرەتا دەردەکەوێت و پاشان لە ( برایانی کرامازۆف)ـی دۆستۆڤسکی و (حیکایەتەکانی سباستوپول) ی لیڤ تۆلستۆی و (باغی ئاڵوباڵو- سێ خوشک) ی چیخۆفدا بە تەواوی دەردەکەون. ئەم سێ نووسەرە ھاوبیری یەکتر بوون و ئامانجیان ھوشیارکردنەوەی خەڵک بووە.  دۆستۆڤسکی لە ڕێگەی  بنەمایەکی ئەخلاقی ئاوێتە بە باوەڕی عیرفانی سۆفیگەری تایبەت بەخۆی کردۆتە ھۆی ڕزگاری.

گۆرکی لە بارەی دۆستۆڤسکی گوتوویەتی " دۆستۆڤسکی خۆی بەجاڕچی ھێزە تاریکەکانی دوژمنی ئادەمیزادان دەزانێ، ئادەمیزادێک کە لە ھەموو حاڵێکدا عەوداڵی ئازادی شەخسی تەواوەو دەخوازێ کە مافی سوودمەندی ئەو لە ھەموو شتێک و مافی لەزەت وەرگرتنی لەھەر شتێک مایەی ڕێز بێ بێئەوەی پابەندو پەیڕەوی ھیچ ڕێساو یاسایەک بێ".

تۆلستۆی بۆ حەقیقەتی ژیان