ماركس لە سەدەى بیستویەكەمدا
تێرى ئيگڵتۆن به فايلى pdf بيخوێنهوه
و. وهليد عومهر
[دهوترێت:]ماركسيزم ئاشبهتاڵى كردووه. ئەگەرى زۆرە ماركسیزم لە دونیاى كارگەكان و شۆڕشى برسییەكان، كرێكارانى كانەكانى خەڵوزى بەردین و پاككەرەوەى دووكهڵكێشهكان، دونیاى هەژارى و نەداریى بەرفراوان و خەڵكانى چینى كرێكاردا هەبووبێت. بەڵام هیچ كاريگهرى و دەستتێوەردانێكى نیە لە كۆمەڵگا پاشپیشەسازییەكانى ئەمڕۆى ڕۆژئاوادا، ئەو كۆمەڵگایانەى كە لە جاران زیاتر بوونهته كۆمهڵگاى بێچین و بزۆك. ماركسیزم دين و تهريقهتى ئەو كەسانەیە كە وەها تەنگەچیكەڵدانە، تۆقیو و خهڵهفاون كە ناتوانن ئەوە قبوڵ بكەن جیهان بۆهەمیشە بەدرووستى[1](بە هەردوو ماناى وشەكە) گۆڕاوە.
كه دهوترێت ماركسیزم ئاشبهتاڵى كردووه و كۆتاييهاتووه، ماركسییەكان لە هەموو جێیەك لهخۆشيدا شاگەشكە دەبن. دەتوانن لەجیاتیى سازدانى مانگرتن و ڕێپێوان[و خۆپیشاندان]، بگەڕێنەوە بۆ ئامێزى گەرمى خێزانە خهمبارهكانيان و لەجیاتیى بەشداریكردن لە دانیشتنە وەڕزكەرەكانى حیزبدا، شەوێك لە ماڵەوە بەخۆشى ببەنەسەر. ماركسييهكان هيچى تريان ناوێت، ههر ئهوهندهى كه ماركسى نهبن و هيچى تر. لەم ڕووەوە، ماركسیبوون هیچ لێكچوونێكى لەگەڵ بوداییبوون یاخود ملیاردێربووندا نیە. پتر لە پزیشكبوون دەچێت. پزیشكەكان كهسانێكى لار و ناكەسبەچەن كە بەردەوام ڕزق و ڕۆزيى خۆيان دهبڕن، چونكە بەهۆى چارەسەركردنى ئەو نەخۆشانەوە كە چیتر پێویستیان بە دەوا و دەرمان نابێت، خۆیان بێئيش دەكەن. ڕادیكاڵە سیاسییەكانیش ئیشەكەیان بریتییە لە گەیشتن بەو جێیەى كە چیتر پێویست بە بوونى ئەوان ناكات، چونكە ئامانجەكانیان هاتۆتەدى. دواى ئەوە ئازاد دەبن تاكو بهڕێزهوه لە گهمهكه بچنە دەرێ، پۆستەرەكانى گیڤارا بسوتێنن، چهلۆ تۆزاوییەكەیان هەڵبگرنەوە و باسى شتگەلێكى تر بكهن كه سەرنجڕاكێشتر بێت لە مۆدێلى بەرهەمهێنانى ئاسیایى. جێى شەرمەزارییە كە كەسێك بیست ساڵ زیاتر وەك ماركسى یان فیمینیست بمێنێتەوە. دەبێت ماركسیزم ڕێك پیشەیەكى كاتى بێت و هەر لەبەر ئەمە گەر هەركەسێك تەواوى شوناسەكەى بۆ تەرخان بكات ئەوا له ئەسڵى مهقسهد تێنەگەیشتووە. ئەسڵى مهقسهد لە ماركسیزمدا ئەوەیە كە ژیان لەدواى ماركسەوە تازە دەستپێدەكات!
ئەم وێنە فريودهر و دڵڕفێنه جگە لە یەك پیتك و گرفت، زیاترى تیا نیە. ماركسیزم ڕەخنەیە لە سەرمایەدارى- كاریگەرترین و وردترین و گشتگیرترین ڕەخنە لە جۆرى خۆیدا. هەروەها تاكە ڕەخنەیەكى لەو جۆرەیە كە هەندێك بەشى گەورەى گۆى زەویى گۆڕیوە. دواجار مادام بازاڕى سەرمایەدارى گەرمە ئەوا دەبێت ماركسیزم لەئارادا بێت. ماركسیزم تەنیا ئەو كاتە دەتوانێت خانەنشین ببێت كە دوژمنەكەى خۆى خانەنشینكردبێت. لە دوا نیگاشدا وادەردەكەوێت كە سەرمایەدارى وەك هەمیشە چوستوچالاكانه سەرقاڵى ئیشى خۆیەتى.
زۆرینەى ڕەخنەگرانى ماركسیزم ئەمڕۆ ناكۆكییەكى ئەوتۆیان لەسەر ئەم مەسەلهیە نیە. بەڵام بانگەشەى ئەوە دەكەن كە سیستەمى سەرمایەدارى لە سەردەمى ماركس بەم لاوە هێندە گۆڕانى بەسەردا هاتووە كە چیتر ناناسرێتەوە، هەروەها بەم هۆیەشەوە ئایدیاكانى ماركس چیتر كارا و گونجاو نیە. بەر لە لێكۆڵینەوەى زیاتر، جێى خۆیەتى ئەم بانگەشەیە بیربخەینەوە كە ماركس خۆیشى بەتەواوى ئاگاى لە ماهیەتى هەمیشەگۆڕاوى ئەو سیستەمە هەبووە كە كەوتبووە ململانێوه لەگەڵیدا. ئێمە لە چەمكى شێوازه مێژووییە جیاوازەكانى سەرمایەدا قەرزارى خودى ماركسیزمین: بازرگانى، كشتوكاڵى، پیشەسازى، مۆنۆپۆڵكارى، ئیمپریالیستى و هتد. كەواتە بۆچى ئەو ڕاستییەى كە سەرمایەدارى لەو دەیانەى دواییدا شكڵ و شێوەى خۆى گۆڕیوە، دەبێت ئەو تیۆرە پەكبخات كە "گۆڕان" بە جهوههرى سەرمایەدارى دەزانێت؟ جيا لهوهى كه ماركس كەمبوونەوەى ئەندامانى چینى كرێكار و زیادبوونى سەرسامكەرى ژمارەى كارمەند يان فهرمانبهران[2]ـى پێشبینى كردبوو. تۆزێك دواتر سەرنج دەخەینە سەر ئەم بابەتە. ئەو، پێشبینیى ئەو دیاردەیەشى كردبوو كە پێى دەوترێت بەجیهانیبوون– پێشبینییەكى سەیر و سەمەرە لەلایەن ئەو پیاوەوە كە پێیانوایە چيتر بیركردنەوەكەى بەسەرچووە و "كۆن" بووە. وەك بڵێى ڕەنگە ئهوه كواڵێتى و تايبهتمهنديى "كۆن"ـى ماركس بێت كە ئهمڕۆ بیركردنەوەكهى شايسته و گرنگ پيشاندهدات. هەواداره سەرسەختهكانى ئەو سەرمایەدارییەى كە بەخێرایى دەگەڕێتەوە بۆ نایەكسانییەكانى سەردەمى ڤیكتۆریا، ماركس بە بیریارێك دادەنێن كە كۆن و بێكهڵك بووە.
لە ساڵى 1976دا لە ڕۆژئاوا زۆركەس پێیانوابوو كە هێشتا ماركسیزم هەندێك شتى هەیە بیڵێت. تاكو لە ساڵى 1946دا زۆرێكیان له قسهكهى خۆيان پاشگهز بوونهوه. ڕێك لەم مەودایەدا چ ڕوویدا؟ ئایا كێشەكە تەنیا ئەوە بوو كە ئەم كەسانە لە ژێر پێى لێشاوى پێڕهوكه و تازەپێگەیشتووەكاندا كفنودفن كرابوون؟ ئایا هەندێك توێژینەوەى زۆرگرنگ و تازەیان ئاشكرا كردبوو كە ماركسیزم هیچ نیە جگە لە تیۆرێكى ساختە؟ ئایا كتوپڕ بەر دەستنوسێكى تازەى ماركس كەوتین كە تیایدا دانى بەوەدا نابوو كۆى تیۆرى ماركسیزم نوكتەیەكى خۆش بووە؟ كێشەكە ئەوە نەبوو كە كتوپڕ لەوپەڕى نائومێدیدا تێگەیشتبین ماركس بەكرێگیراوێكى [بەرتیلخۆرى] سەرمایەدارى بووە. چونكە دەمێكە ئەم [ڕاستييه]دەزانین [كه وا نيه]. بەبێ كارگەى ڕستنوچنین[3]ـى ئیرمەن و ئەنگڵس لە سالفۆرد كە باوكى ئەنگڵس خاوەنى بوو، ماركس لە مێژە دەست و پەنجەى لەگەڵ هەژاریدا نەرم كردبوو، لە ژیاندا نەدەما تاكو ئەو هەموو كاغەزە لە ئیدانەكردنى خاوەنى كارگەكانى پیشەسازیى ڕستنوچنیندا ڕەشبكاتەوە.
ڕاستییەكەى لە سەردەمى ناوبراودا شتێك ڕوویدابوو. لە ناوەڕاستەكانى دەیەى 1970 بە دواوە، سیستەمە باڵادەستەكەى سەر ڕۆژئاوا دووچارى كۆمەڵێك گۆڕانكاریى حهياتى و گرنگ ببووەوە[4]. سیستەمى بەرهەمهێنانى پیشەسازیى تەقلیدى، شوێنەكەى خۆى بۆ كهلتورى "پاشپیشەسازى" چۆڵكرد، ئهو كهلتورهى كە لەسەر بهرخۆرى و مەسرەفگەرایى، پەرەسەندنى پەیوەندییەكان و كۆمۆنیكاسیۆن، تەكنۆلۆژیاى زانیارى و پیشەسازیى خزمەتگوزارییەكان بەندە. دامەزراوە بچوك و بێچەق و سەنتەر و فرهديو و ناههرهمييهكان كەوتنەگەڕ. چاودێریى دەوڵەت لەسەر بازاڕەكان هەڵگیرا و بزووتنهوهى چینى كرێكار كەوتە بەر پهلامارى دڕندانەى دامەزراوە یاسایى و سیاسییەكان. پەیوەندییە چینایەتییە تەقلیدییەكان سست بوون، و لەبەرامبەر شوناسە لۆكاڵی و ڕەگەزى و ئەتنییەكاندا لە جاران زیاتر گیانیان بەبەردا هاتەوە. سیاسەت تا دێت لهلايهن بهڕێوهبهران و كارگێڕانهوه دهستى بهسهردا دهگيرێت.
تەكنۆلۆژیا نوێیەكانى زانیارى، ڕۆڵێكى سەرەكییان هەبوو لە خێراكردنەوەى بەجیهانیبوونى سیستەمى سەرمایەداریدا، چونكە بڕێك له كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكان[5] بەهۆى گەڕان بەدواى سودى ئامادە و مسۆگهردا، پرۆسەى بەرهەمهێنان و سەرمایەگوزارییان لە سەرانسەرى گۆى زەویدا پەرشوبڵاو كردۆتەوە. بەشێكى گەورەى پرۆسەى بەرهەمهێنان گوازرایەوە بۆ هەندێك لە شوێنه "گەشەنەكردوو"ـەكانى جیهان كە هێزى كار تیايدا زۆر هەرزان بوو، ئەم كێشەیە هەندێك لە كورتبینە ڕۆژئاواييهكانى گەیاندە ئەو دەرەنجامەى كە پیشەسازییە قورسهكان بەگشتى لەناوچوون. دواى ئەم جموجوڵه جیهانييه، لێشاوى گەورەى كرێكارە كۆچبەرەكان لە ئاستى نێودەوڵەتیدا كەوتەڕێ و بەهۆى داڕژانى كۆچبەرە دەسكورت و بێتواناكانهوه بەرەو ئابورییە پێشكەوتووترەكان شەپۆلێكى تازەى ڕەگەزپەرستى و فاشیزم سەریهەڵدا. لەكاتێكدا كە خەڵكانى وڵاته "پەراوێزهكان" دەكەوتنە بەردەم هەڕەشەى بێگارى(كارى بێكرێ) و بەشەخسیبوونى ئاسانكارییە كۆمەڵایەتییەكان، كەمبوونەوەى توانا و دەرفەتە خۆشگوزەرانییەكان و بێویژدانانەترین هەلومەرجى ئاڵوگۆڕ. بەڕێوەبەرانى جێبهجێكارى وڵاتان ناوەڕاستى بۆنیباخەكانیان دەدڕى، یەخەى كراسەكانیان دەكردەوە و دەرهەق بە سەلامەتیى ڕۆحیى موچەخۆرەكانیان نیگەرانییان دەردەبڕى.
هیچكام لەمانە بەو هۆیەوە ڕووینەدا كە سەرمایەدارى سەرمەستانە و بێباكانە دەیگوزەراند. بەپێچەوانەوە، دۆخى لەدەستدەرچوو و شەڕكەرانەى نوێى سەرمایەدارى، هەروەكو زۆربەى شێوازەكانى شەڕەنگێزى، لە نیگەرانییەكى قووڵەوە سەرچاوەى دەگرت. مادام ئیشەكەى سیستەمى سەرمایەدارى گەیشتە شێتى و شەیدایى، ئيدى هۆكارەكەى بریتى بوو لە جۆرە خەمۆكییەكى شاراوە. پاڵنهر[6]ى ئەم ڕێكخستنەوە سەرلەنوێیە، لە سەرووى هەموویەوە، كۆتایى كتوپڕى گهشه[7]ى ئابوریى دواى جەنگ بوو. توندبوونەوەى كێبەركێى نێودەوڵەتى بوو بە هۆى دابەزینى نرخەكانى سود، كەمبوونەوەى سەرچاوەكانى سەرمایەگوزارى، هەروەها خاوبوونەوەى ڕیتمى گەشەوه. تەنانەت سۆسیالدیموكراسییش ببووە ئیختیارێكى زیادلەڕادە ڕادیكاڵ و پڕخەرجى لە سیاسەتدا. بەم جۆرە بوو بە پانتایى ئامادەكراوى تاڵان و بڕۆى "ڕیگان" و "تاچەر" و ئەم دووانە بە ڕێككەوتنیان لەگەڵ یەكتردا شێوازەكانى بەرهەمهێنانى تەقلیدییان لەگۆڕنا، دەستوپێى بزووتنەوەى كرێكارییان بەستەوە، جڵەوى بازاڕیان بەردا، هێزەكانى سەركوتكردنى دەوڵەتیان بەهێزكرد و كەوتنە بەرگریكردن لە فەلسەفەیەكى تازەى كۆمەڵایەتى كە بە تەماعى قێزەونانە ناوبانگىدهركردووه. گواستنەوەى سەرمایەگوزارى لە بازنەى بەرهەمهێنانەوە بۆ بازنەى پیشەسازییە خزمەتگوزارییەكان، پەیوەندییەكان، و كاروبارى دارایى كاردانەوەیەك بوو بە ڕووى قەیرانى درێژخایەنى ئابوریدا، نەك دەرچوونێك لە جیهانێكى ناشیرین و ناقۆڵاى كۆنەوە بهرهو دونیايهكى جوانى نوێ.
تەنانەت گەر وەهاش بێت، دوورە كە زۆرینەى ئەو ڕادیكاڵانەى لە ساڵانى نێوان 70 و 80دا عەقڵیەتى خۆیان سەبارەت بە سیستەمى سەرمایەدارى گۆڕى، تەنیا بەو هۆیەوە بۆچوونى خۆیان گۆڕیبێت كە ژمارەى كارگەكانى ڕستن و چنین لە چاو جاراندا كەمتر ببووەوە. كێشەكە ئەوە نەبوو كە بووە هۆى ئەوەى ڕادیكاڵەكان بە خۆیان و پەتى نێوچاو و لاجانگەكانیانەوە ماركسیزم فڕێ بدەن، ڕوووەرگەڕانى ئەوان لە ماركسیزم لەو قەناعەتە فریودەرەوە سەرچاوەى دەگرت كە چیتر ناتوانرێت سیستەمى سەرمایەدارى لەناوببرێت. ئەوەى گرنگكەوتەوە، كەوتنەناو داوى وەهم نەبوو سەبارەت بە سەرمایەدارى، بەڵكو دەرچوون بوو لە وەهم دەربارەى توانا و ئەگەرى گۆڕینى. بێگومان زۆر بوون ئەو سۆسیالیستانەى پێشوو كە نائومێدییەكەى خۆیانيان بەو بانگەشەیە پاساودەدایەوە كە مادام ناتوانرێت سیستەمى سەرمایەدارى بگۆڕین ئەوا پێویست بە گۆڕینیشى ناكات. دواجار باوەڕنەبوون بە سیستەمێكى جێگرەوە بوو بۆ ئەوەى دوا قسە بكەیت. بزووتنەوەى چینى كرێكار وەها شۆكى بەركەوتبوو و زەرەر و زیانى چەشتبوو، و چەپى سیاسییش هێندە دواكەوتبوو كە هیچ ترووسكاییەكى هیوا لە داهاتوودا نەدەبینرا. ڕووخانى بلۆكى ڕۆژهەڵات لە دوایین ساڵەكانى دەیەى 80دا سەرى كێشا بۆ بێهیوایى و بێزاریى هەندێك لە چەپەكان. ئەوەى كە سەركەوتووترین ڕەوتى ڕادیكاڵى سەردەمى نوێ-واتە ناسیۆنالیزمى شۆڕشگێڕى- تاڕادهيهك و تا ئەو كاتە گەیشتبووە كۆتایى خۆى و هیچ گۆڕانكارییەكى لە ئەسڵى كێشەكەدا نەدەكرد. ئەوەى كە گەشەى دابوو بە كهلتورى پۆستمۆدێرنیزم و ئارەزووى بۆ ڕەتكردنەوەى ئەو شتەى كە پێى دەوترێت "حەكایەتە گەورەكان"[8] و ڕاگەیاندنى سەركەوتووانەى كۆتایى مێژوو، لە هەمووى زیاتر ئەو بیروباوەڕە بوو كە بە وتەى یەكێك لە پۆستمۆدێرنیستە شاگەشكەبووەكان، داهاتوو چیتر هیچ نیە جگە لە "ئێستا (+كۆى) چەند بژارده و ئیختیارێكى زیاتر".
بەم جۆرە ئەوەى كە لە سەرووى هەموویەوە بوو بە هۆى "بێئیعتیبار سەیركردن"ـى ماركسیزم، هەستێكى خزى بێتوانایى و خهسيويى سیاسى بوو. سەردەمێك كە وادەردەكەوێت گۆڕان خراوەتە دەرەوەوە، ئيدى بەزەحمەت دەتوانیت بڕواى خۆت بۆ گۆڕان بپارێزیت؛ تەنانەت ئەو كاتەشى كە زیاد لە هەر كاتێكى تر پاراستنى ئەم بڕوایە پێویست بێت. لە هەر شتێك تێپەڕین، گەر دهرههق بەو شتەى كە حەتمى و ناچارى دەردەكەوێت بەرهەڵستىنەنوێنیت، ئەوا هەرگیز تێناگەیت كە شتى حەتمى و ناچارى چەندە حەتمى و ناچارى بووە. گەر ماركسییە بێجەرگ و جورئەتەكان دوو دەیەیەكى تر بهرگهيان بگرتایە و دەستیان لە ڕوانگەكانى ڕابردوویان هەڵنەگرتایە، ئەوا دەیانبینى سیستەمى سەرمایەدارى كه وەها زیتەڵ و قایم دەردەكەوت، ئەوەتا لە ساڵى 2008دا تەنیا تواناى ئەوەى هەیە كارتە بانكییەكانى شەقامە سەرەكییەكان بهێڵێتەوە. هەروەها ڕووتێكردنى ڕاشكاوانەى سەرتاپاى ئەمریكاى لاتین و ئەمریكاى باشوریان دەبینى بەرەو چەپى سیاسى. ئێستا كۆتایى مێژوو، كۆتایىهاتووە. هەرچىبێت دەبێت ماركسییەكان خوویان بە شكستەوە گرتبێت. ئەوان هەندێك كارەساتى لەمە گەورەتریان چەشتبوو. خاوەن دەسەڵاتەكان لە سیستەمى فەرمانڕەواییدا، شانسێكى زیاتریان هەیە بۆ سەركەوتن لە پانتایى سیاسەتدا؛ لانیكەم لەبەر ئەوەى كە لە ئێوە زیاتر تانكيان(دەبابە) هەیە. بەڵام خەونى بەجۆشوخرۆش و ئومێدى حهماسيى ماركسییەكانى كۆتایى دەیەى 1960، بووە هۆى ئەوەى كە ئەم شكستە لە هەر كاتێكى تر زیاتر و تاڵتر بچێژن.
بۆیە ئەوەى ماركسیزمى وەك شتێكى بێ پاساو[ناماقووڵ] دەردەخست، ئەوە نەبوو كە سەمایەدارى ماهیەتى خۆى گۆڕیوە. كێشەكە ڕێك پێچەوانەى ئەمە بوو. ڕاستییەكەى، مادام سیستەمى سەرمایەدارى لەئارادا بوو، ئەوا هەمان تاس و هەمان حەمام بوو؛ بگرە خراپتریش. لەوەش سەیرتر، ئەو فاكتەرەى ماركسى دواخستبوو، بایەخى دەبەخشییە بانگەشە و ئیدیعاكانى. ماركسیزم خرایە پەراوێزەكانەوە چونكە سیستەمە كۆمەڵایەتییەكهى بەرامبەرى نەك هەر میانڕەوتر و نیانتر نەبووبوو بەڵكو زیاد لە جاران بێجڵهوتر بووبوو. هەروەها ئەم كێشەیەش لە ڕەخنەكردنى ماركسییەكاندا بۆ سەر ئەو سیستەمەى كە هەیە، لە جاران زیاتر ڕاستيى تیایە. لە ئاستە جیهانییەكەشدا، سەرمایە لە جاران زیاتر جێگرەوەتر و دەستدرێژتر بووبوو و بەفیعلییش قهبارهى چینى كرێكار گەورەتر بووبوو. دەكرا وردە وردە وێناى داهاتوویەك بكەیت كە تیایدا پارەدارەكان لە شارۆچكە پارێزراوەكاندا بژین و لە بەرامبەر ملیۆنان گەوڕنشین لە كوولانە بۆگەنهكانياندا لە گەمارۆى بورجەكانى چاودێرى و تەلە دڕكاوییەكاندا ژیان بەسەردەبەن. لەم بارودۆخانەدا، وتنى ئەوەى كە ماركسیزم كۆتایىهاتووە، وەك ئەوە وایە بڵێین مادام "پياوانى ئاگركوژێنەوە" لە جاران زیاتر شارەزاتر و باڵادەستتر بوون ئەوا دەبێت دەرگاى ئاگركوژێنەوەكان داخهين.
لە سەردەمى خۆشماندا، وەكچۆن ماركسیش پێشبینى كردبوو، نایەكسانیى سامان هێجگار هەڵكشاوە. تەنیا داهاتى یەك ملیاردێرى مەكسیكى لەمڕۆدا، یەكسانە بە كۆى داهاتى 17 ملیۆن هاونیشتمانیى هەژارى خۆى. سەرمایەدارى لە هەموو مێژوو زیاتر، سەروەت و سامانى زیاترى داهێناوە بەڵام باجى ئەم گهشهسهندنه -بەتایبەت دەرهەق بە هەژارى و لەناوبردنى ملیۆنان ئینسان- هێجگار گەورە بووە. بەپێى ڕاپۆرتى بانكى جیهانى 2 ملیار و 740 ملیۆن مرۆڤ لە ساڵى 2001دا بە داهاتى كەمتر لە 2 دۆلار لە ڕۆژێكدا ژیاون. داهاتوویەكى شیمانەیى(ئیحتیمالى) لەبەردەممانە كە ئەو دەوڵەتانەى خاوەنى چەكى ئەتۆمین ڕەنگە بە هۆى كەمبوونەوەى سەرچاوە سرووشتییەكانەوە بەرببنە گیانى یەكترى، كەمبوونەوەیەك كە بە شێوەیەكى سەرەكى دەرەنجامى سەرمایەدارى بووە. بۆ یەكەم جار لە مێژوودا شێوازى زاڵى ژیانمان دەسەڵاتێكى[ئەوتۆ]ـى پەیدا كردووە كە نەك هەر دەتوانێت ببێتە هۆى ڕەگەزپەرستى و دواكەوتوویی بەربڵاوى كولتورى، جەنگى گەورە یان خستنەگەڕى ئۆردووگا زۆرەملێیەكان؛ بەڵكو پێدەچێت توخمى مرۆڤ لەسەر زەوى ببڕێنێتەوە. سەرمایەدارى گەر لە بەرژەوەندیى خۆیدا بێت ئەوا ئامادەیە بونیادە كۆمەڵایەتییەكان تەفروتونا بكات، دەكرێت ئەمەش بە ماناى لەناوچوونى مرۆڤەكان بێت لە ئاستێكدا كە لە سەرووى وێنا و چاوەڕوانییەوە بێت. ئەوەى كە سەردەمانێك وەك خەیاڵاتێكى ئاخرزەمانى دەردەكەوت، ئەمڕۆ هیچ نیە جگە لە واقیعبینییەكى ئاگایانە. ئەو درووشمە كۆنهى چەپەكان كە دەڵێت "یان سۆسیالیزم یان بەربەرییەت" كە سەردەمانێك لە هونەرێكى ڕەوانبێژى زیاتر سهيرنهدهكرا، ئەمڕۆ بەشێوەیەكى تراژیدیتر لە جاران ڕاستى و میسداقیەتى پەیداكردووە. لەم بارودۆخە تۆقێنەرەدا، بە وتەى فریدریك جیمسن "دەبێت بەناچارى ماركسیزم ببێتهوه به حەقیقەت".
نایەكسانییە بەرچاوەكانى سامان و دەسەڵات، جەنگە ئیمپریالیستییەكان، چەوساندنەوەى هەڵكشاو و سەركوتكردنە ڕوو لە زیادەكان: گەر ئەمانە بە تایبەتمەندیى زەقەكانى دونیاى ئەمڕۆ بزانین ئەوا دەبێت بڵێین ئەمانە هەر ئەو بابەتانەن كە ماركسیزم نزیكەى دوو سەدەیە كارى لەسەر كردوون و لێى ڕاماون. كەواتە شتێكى سرووشتییە گهر ماركسیزم هێشتا هەندێ دەرسى هەبێت فێرى دونیاى ئەمڕۆى بكات. ماركس خۆى بەشێوەیەكى دیاریكراو لە بینینى ئەو پرۆسە هێجگار توندوتیژە حەپەسا كە تیایدا چینى كرێكارى شارنشین لە نیشتمانە دووەمەكەیدا، واتە ئینگلتەرا، لە هەناوى ئەو لادێنشینانەوە كە لە ڕیشەوە هەڵكێشرابوون دەركەوت- پرۆسەیەك كە ئێستاش لە بەرازیل، چین، ڕوسیا و هندستاندا دەگوزەرێت. بە وتەى تریسترام هانت، كتێبى هەسارەى تەنەكهنشينهكان[9]ـى داڤیس، كە ڕاپۆرتێكى دۆكیومێنتارییە سەبارەت بە "زنجیرەچیاى بۆگەن و گواوى" كە وەك كوولانە و گەوڕەكانى "لاگۆس" یان "داكاى"ـى ئەمڕۆ دەیناسین، دەتوانین وەك نوسخەیەكى تازە و ئەپدەیتكراوى دۆخى چینى كرێكارى ئینگلتەرا بیبینین.
بە بۆچوونى هانت، وەكچۆن كە "چین" دەبێتە كارگەى جیهان، ئەوا "ناوچە تایبەتە ئابورییەكانى گوانگدۆنگ و شەنگەهاى، بە شێوەیەكى تۆقێنەر بیرخەرەوەى مانچستەر و گلاسكۆن لە دەیەى 1840دا"[10].
بەڵام گەر ئەوە نەك ماركسیزم، بەڵكو خودى سەرمایەدارى بێت كە بەسەرچووە، دەبێت چى بڵێین؟ ماركس هەر لە ئینگلتەراى سەردەمى ڤیكتۆریادا دەیبینى كە سەرمایەدارى شهكهت و ماندوو بووە. سەرمایەدارى كە لە ڕۆژە زێڕینەكانى خۆیدا، یارمەتیى گەشە و پەرەسەندنى كۆمەڵایەتیى دەدا، ئێستا بۆتە ڕێگرێك لە بەردەمیدا. بە بۆچوونى ماركس كۆمەڵگاى سەرمایەدارى، هەرچەندە بە مۆدێرنبوونى خۆیهوه دەنازى، كەچى خۆى نوقمى لێشاوى خەیاڵات و فیتیشیزم و ئوستورهبازى و بتپەرستى بووبوو. خودى ڕۆشنگەرییەكەى خۆى-باوەڕبوونى لوتبەرزانەى بە سەروەرێتیى عەقڵانیى خۆى – جۆرێك بوو لە خورافەپەرستى. ڕاستە كە سەرمایەدارى دەیتوانى پێشڕەوییەكى بەرچاوى هەبێت، بەڵام بە مانایەكى تر دەبوو لەو خاڵەدا كە پێى گەیشتبوو خێرا ڕایبكردایە. جارێكیان ماركس وتى، دوا سنورى سەرمایەدارى بریتییە لە سەرمایە، واتە بەرهەمهێنانەوەى بەردەوامى ئەو سەرسنورەى كە سەرمایەدارى ناتوانێت لێى تێبپەڕێت. بەم جۆرە جێى سهرسوڕمانه كە لەم بزۆكترين و داینامیكیترین سیستەمەى كۆى مێژووى مرۆڤدا، ڕەگەزێكى هێجگار میكانیكى و وەستاو و دووبارەبووەوە هەیە. ئەو ڕاستییەى كە لۆژیكى ژێرخانانەى سەرمایەدارى تا ڕادەیەكى زۆر بە نەگۆڕى ماوەتەوە یەكێكە لەو هۆكارانەى كە دەریدەخات ڕەخنەكردنە ماركسییانەكەى تا ڕادەیەكى زۆر هەر بەها و بايهخى ماوە. تەنیا لەو حاڵەتەدا كە سیستەمى سەرمایەدارى بەڕاستى دەیتوانى سنورەكانى خۆى تێپەڕێێنت و شتێكى تەواو تازە و وێنانهكراو بخولقێنێت، ئەوا ئەوكات ڕەخنە ماركسییانەكەى بەها و ئیعتیبارى نەدەما. بەڵام سەرمایەدارى ناتوانێت داهاتوویەك دابهێنێت كە بارودۆخى ئێستاى خۆى بەپێى هەندێك سرووت و ڕێوڕەسمى تایبەت بەرهەم نەهێنێتەوە. هەروەها سەد هەڵبەتەش بە چەندین بژارده و ئیختیارى زیاترەوە...
سەرمایەدارى، كۆمەڵێك پێشكەوتنى مادیى گەورەى هێناوەتە دى. بەڵام گەرچى ئەم شێوازە ڕێكخستنە سەبارەت بە كاروبارى مرۆیى(واتە سەرمایەدارى) دەرفەتێكى زۆرى هەبووە تاكو بیسەلێمێنێت گوایا دەتوانێت پێداویستیى هەموو مرۆڤەكان بێنێتەدى، وا پێناچێت كە بەو ئاراستەیەدا هیچ هەنگاوێكى هەڵنابێت. چەندە ئامادەین ئارام بگرین كە سەرمایەدارى بەڵێنەكانى خۆى بێنێتە دى. بۆچى هەروا دڵمان بەو خهياڵاته[11] خۆش بكەین كە ئەو سەروەت و سامانە خورافییەى لەم شێوازى بەرهەمهێنانەوە دەستدەكەوێت، سەرهنجام لە كاتى خۆیدا دەگاتە دەستى هەموان؟ ئایا جیهان ئامادەیە لەگەڵ بانگەشەى هاوشێوەى چەپە ڕادیكاڵەكاندا بە هەمان ئاستى سەبر و میهرەبانى مامەڵە بكات؟ ئەو ڕاستڕەوانەى كە پشتڕاستى دەكەنەوە گوایا لە سیستەمى سەرمایەداریدا هەمیشە ستەم و ناعەدالەتى حەشر دەكات، بەڵام لە ناواخندا دەڵێن چ چارەسەرێك هەیە كە سیستەمە ئەڵتەرناتیڤەكانى تر چەندقات خراپترن، سەرەڕاى نەغمە وشك و بێ هەستەكەیان لانیكەم لەو كەسانە ڕاستگۆترن كە وەكو واعیزەكان بەڵێن دەدەن گوایا سەرەنجام هەموو شتێك باش دەبێت. گەر لە دونیادا بەو جۆرەى كە هەم ڕەشمان هەیە و هەم سپییش، هەندێك كەس دەوڵەمەندن و هەندێكیش هەژار، ئەوا هیچ دوور نیە كە ئیمتیازاتى مرۆڤە پارەدارەكان بەپێى كات بگاتە مرۆڤە بێپارەكانیش. بەڵام گەر بڵێین هەندێك كەس هەر لە نەگبەتیدا موفلیس و نەدارن لەكاتێكدا ئەوانیتر لەسەر پارە دەخەون، وەك ئەوە وایە بڵێین لە دونیادا پۆلیسى تاوان هەیە و تاوانباریش. بەڵێ ڕاستە، بەڵام ئەم قسەیە ڕاستييهكى گرنگ دەشارێتەوە: پۆلیسەكانى تاوان لە دونیادا هەن چونكە كۆمهڵێك تاوانباريش لە دونیادا هەن.
[1] . good ، له تێكسته ئينگڵيزييهكهدا هاتووه و ههردوو ماناى "درووست" و "سود، يان شمهك و كاڵا"ش دهگهيهنێت-و
[2] . worker white-collar، يان كرێكارى يهخهسپى، بهم جۆره كرێكاره نوێيه دهوترێت كه له نوسينگه و ئۆفيس و فهرمانگهكاندا كاردهكهن. ئهم زاراوهيه له سهرهتاكانى سهدهى بيستدا له ئهمريكا هاتهكايهوه، ئهويش وهك پێچهوانهيهك بۆ پۆڵێنه كلاسيكييهكهى كرێكارى يهخهشين(Blue-coller worker)، واته ئهو كرێكارانهى كه كرێكارى كارى دهستى و بازوو بوون وهك كهناس و بێڵكار و درهوكهر و باخهوان و وهستا و جۆرهكانى كرێكار و هتد. كرێكارى يهخهسپى، بهگشتى خاوهنى بڕوانامه و خولى فێركارى و پهروهدهييه و جۆرێك له هۆشيارى و ديسپلينى تهكينيكى لهپشت ئيشهكانيانهوهيه و جۆرێكه له كرێكارى نوێ. ڕهنگه بتوانين بۆ كرێكارى يهخهسپى له زمانى كورديدا كارمهند يان فهرمانبهر بهكاربهێنين-و
[3]. textile
[4]پهراوێزى كتێبهكه
[5پ] . transnational corporation
[6]. drove
[7]. boom
[8] . ليوتار كه فهيلهسوفێكى پۆستمۆدێرنه، پێى وايه سهردهمى حهكايهته گهورهكانى وهك دين و ماكسيزم و ئايدۆلۆژياكان و گهردوونگهرايى و هتد بهسهرچووه و ئهمانه تۆتاليتاريزم بهرههمدێنن-و
[9]. Planet of slums
[10]پهراوێزى كتێبهكه
[11]. fabulous
سهرچاوهكان:
* بهشى يهكهم، كتێبى(پرسش هايى از ماركس)، ترى ايگلتون، ترجمه رحمان بوذرى و صالح نجفى، وبسايت هفتهنامه.
* why marx was right- in: www.bookse.org