فه‌لسه‌فه: شه‌ڕكردنی هه‌میشه‌یی له‌پێناو شكستهێناندا
ئاگنێس كالارد
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
جارێكیان فه‌یله‌سوفێكی ناودار دڵڕه‌قانه له‌گه‌ڵمدا جووڵایه‌وه. له‌سه‌ره‌تادا به‌های پرسیاره‌كه‌می تووڕدايە لایه‌كه‌وه، دواتر ئه‌و جیاوازییانه‌ی لێیه‌وه هه‌ڵمهێنجابوون وه‌ك شتانێكی بێ‌ئیعتیبارى پیشاندان, پاشانیش لاقرتێی به بێتواناییه ته‌كنیكی و پسپۆڕییه زه‌قوزۆپه‌كه‌م كرد، ئینجا هه‌ندێك له بانگه‌شه سه‌ره‌كییه‌كانمی وه‌ك به‌ره‌نجامگیرییه‌كی ناڕاست ئه‌ژماركرد و فڕێیدانه ئه‌ولاوه، سه‌ره‌نجامیش- له‌م ساته‌دا، تووڕه‌ییه‌كه‌ی ئاشكرابوو- وتی هیچ شتێكی به‌هادار له ئاخاوتنه‌كه‌مدا نابینێت. دیاربوو ده‌یه‌ویست لابه‌لا ئاماژه به‌وه بكات كه گرووپه‌كه‌ی وی هه‌ڵه‌یانكردووه له بانگهێشتكردنی من. دواتریش، له كاتی نانی ئێواره‌دا، هاوكاره‌كانی هه‌ر شتێكیان له ده‌ستهات كردیان تاوه‌كو داوای لێوردنم لێ بكه‌ن له به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی وی‌دا، هه‌م ستایشی ئاخاوتنه‌كه‌میان ده‌كرد و هه‌میش هی شێوازی مامه‌ڵه‌كردنم له‌گه‌ڵ به‌دڕه‌فتارییه‌كه‌ی ئه‌ودا.
ئا له‌و ساته‌وه‌خته‌دا بوێرییم نه‌بوو حه‌قیقه‌ته‌كه‌یان پێ بڵێم، حه‌قیقه‌ته‌كه‌ش ئه‌مه بوو: ئه‌گه‌رچی ئه‌وان ئاخاوتنه‌كه‌میان چووبووه دڵه‌وه، به‌ڵام "فه‌یله‌سوفه نامیهره‌بان و به‌دڕه‌فتاره‌كه" تاكه كه‌سێك بوو له قسه‌كانم تێگه‌یشتبوو؛ له‌ڕاستیدا، پیتك و ڕه‌خنه‌كانیشی بناغه‌یه‌كی تۆكمه‌یان هه‌بوو. ئه‌م خاڵه‌ش هه‌م به نیسبه‌ت ناواخنی ئاشكرای قسه‌كانم، و له‌مه‌ش گرنگتر، له په‌یوه‌ند به ڕۆحیه‌تی پڕجۆشوخرۆشی قسه‌كانم: هه‌ڵاسازی و ورووژاندن، ڕاست ده‌وكه‌وته‌وه. له‌به‌ر هۆكارێكی نه‌زانراو، ئه‌و تاكه كه‌سێك بوو له‌و ژووره‌دا بانگهێشته‌كه‌می بۆ شه‌ڕكردن[1] ژنه‌وت. ئه‌و نه‌ك ته‌نیا له ئاخاوتنه‌كه‌م به‌ڵكو له خۆیشم سه‌ریده‌ركردبوو. سه‌رنجڕاكێشترین به‌شی به‌سه‌رهاته‌كه‌ش ئه‌وه بوو، قووڵبینی و دیده‌كه‌ی نه‌گه‌یشتبووه ئاستی ئاگایی- ئه‌و له تۆنی شه‌ڕخوازانه‌ی من هه‌راسان ببوو، و به تووڕه‌ییه‌وه كاردانه‌وه‌ی نیشاندا. منیش به سه‌رڕاستی و سه‌میمیه‌تێكی هاوتاوه به‌رسڤم ده‌دایه‌وه.
ئه‌م به‌سه‌رهاته ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر ڕوویدا، به‌ڵام ئه‌م پێنج خوله‌كه بێنه‌وبه‌رده هه‌ڵچووه له یادگه‌مدا هه‌ڵژه‌نراوه. واده‌هاته به‌رچاو زه‌مه‌ن خاوتر به‌سه‌رده‌چێت؛ باقیی كه‌سانی نێو ژووره‌كه له دیدمدا سڕابوونه‌وه؛ هه‌ر ڕسته‌یه‌كیش له‌نێوانماندا ئاڵوگۆڕده‌كرا، قورساییه‌كی به ئه‌ندازه‌ی جیهانی هه‌بوو. ئاخۆ چ شتێك ده‌توانێت باشتر بێت له جه‌نگێكی فه‌لسه‌فیی باش به شێوازه كۆن و به‌سه‌رچووه‌كه؟
تێده‌گه‌م ده‌بێت له زۆربه‌ی كات و شوێنه‌كاندا هه‌وڵبده‌ین تاوه‌كو ڕه‌خنه‌یه‌كی بنیاتنه‌ر نه‌ك ڕووخێنه‌ر بخه‌ینه‌ڕوو؛ به باشی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا بجوڵێینه‌وه؛ ببینه كه‌سانی خۆشمه‌شره‌ب و به‌خشنده و تێگه‌یشتوو؛ كۆمه‌كی خه‌ڵكی بكه‌ین تاوه‌كو به‌سه‌ر هه‌ڵه و گرفته‌كانیاندا زاڵ‌بن نه‌وه‌كو لاوازییه‌كه‌یان بۆ هێرشكردنه سه‌ریان بقۆزینه‌وه. له‌بری وتنی "نه‌خێر، به‌ڵام..."، هه‌وڵده‌ین بڵێین " به‌ڵێ، و...". زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ك بخه‌ینه سه‌ر لێومان. هه‌موومان ئا له‌مه‌دا پێكه‌وه‌ین. بێ شه‌ڕكردن و به‌یه‌كداهه‌ڵپژان. وه‌رن با كارێكی بنیاتنه‌ر ئه‌نجامبده‌ین. قبوڵمه تێكڕای ئه‌م ڕێسایانه له "ژیانی ئاسایی"دا له‌گه‌ڕدان. من به‌رده‌وام ده‌م به پێكه‌نینم. به‌ڵام خوازیارم فه‌لسه‌فه بلیتێكی هه‌ڵاتن بێت له ئه‌خلاقی باخچه‌ی ساوایان.
زۆربه‌ی فه‌یله‌سوفان باوه‌ڕیان وانییه فه‌لسه‌فه پێویستی به جه‌نگ و ده‌سته‌ویه‌خه‌بوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌بێت. له دیدی ئه‌وانه‌وه، ده‌بێت به ئاراسته پێچه‌وانه و كه‌متر "جه‌نگاوه‌رانه"كه‌دا هه‌نگاو هه‌ڵبگرین: خێرخوازی، پشتگیری، مرۆڤدۆستی و چاكه‌خوازی، میهره‌بانی و هاوسۆزیی زیاتر بنوێنین. هه‌ندێجار ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌سانه‌دا مشت‌ومڕ ده‌كه‌م، ئه‌م دیده‌ی خواره‌وه ده‌خه‌نه‌ڕوو: شه‌ڕخوازی, فه‌لسه‌فه‌یه‌كی به‌د به‌رهه‌مدێنێت. ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌وڵبده‌یت سه‌ری لایه‌نی وتوێژكاری به‌رامبه‌ر بخه‌یته چاڵه‌وه، خۆیشت به هه‌ڵه له ئه‌رگۆمێنته‌كانی وی تێده‌گه‌یت، و كۆمه‌ڵێك دژه‌ئه‌رگۆمێنتی هه‌ڵه‌شه و لاواز دێنیته ناوه‌وه. به‌ڵام لێكدانه‌وه له ڕووی خێرخوازانه‌وه[2] سه‌رده‌كێشێت به‌ره‌و ده‌رگیربوون و ئیلتیزامی قووڵ. پێموایه ڕاستییه‌ك له‌م وته‌یه‌دا هه‌یه: ده‌توانین به ڕه‌خنه‌یه‌كی هاوشان له‌گه‌ڵ ئیحتیا‌ت و به‌خشنده‌ییدا خۆمان له‌و سه‌ركه‌وتنه هه‌رزان و كه‌م به‌هایه بپارێزین كه به برینێكی ڕووكه‌شه‌وه به‌ده‌ستده‌هێنرێت. ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی "ئه‌سپێكی ته‌ڕواده"ی مرۆڤدۆستی، میهره‌بانی و هاوسۆزی له‌پێناو ئه‌وپه‌ڕی توندوتیژی، وێرانكاری و سه‌ركه‌وتنێكی ماناداره‌وه ده‌دوێیت، ده‌توانم كۆك و هاوڕابم له‌گه‌ڵیدا.
هه‌ندێك له فه‌یله‌سوفه‌كان ده‌موده‌ست شه‌ڕكردن ڕه‌تناكه‌نه‌وه، به‌ڵكو ده‌رگای ڕه‌تكردنه‌وه و كێشمه‌كێشم له‌پێناو هه‌ماهه‌نگی و ڕێككه‌وتنی دوایین و مانادارتر به ئاوه‌ڵایی ده‌هێڵنه‌وه. چۆنچۆنی ده‌توانین ئه‌وه یه‌كلابكه‌ینه‌وه ئاخۆ له‌پێناو خراپه‌كاربووندا ده‌بێت چاكه‌كار بین یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟ ده‌توانین ئه‌م دوو شێوازه به ڕه‌چاوكردنی ئامانجی چالاكییه فه‌لسه‌فییه‌كه‌مان به‌راوردبكه‌ین: به‌ده‌ستهێنانی وه‌ڵامگه‌لێكی تۆكمه بۆ پرسیاره فه‌لسه‌فییه‌كان. پێموایه، به ده‌ربڕینێك، ده‌كرێت بوترێت براوه‌ی ئه‌م شه‌ڕكردنه، شه‌ڕكردن خۆیه‌تی. به‌ڵام نامه‌وێت لێره‌دا به‌رگری له بانگه‌شه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه بكه‌م. گه‌ره‌كمه ئه‌رگۆمێنتێكی جیاوازترتان بۆ ته‌رحبكه‌م، ئه‌رگۆمێنتێك وا جیاوازبوونی چالاكیی فه‌لسه‌فی وه‌ك فۆرمێكی كارلێكی مرۆیی نیشانده‌دا. له‌ڕاستییدا، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌رگۆمێنته‌كه‌م له ئاستێكی گشتیتردا ده‌رببڕم، لێگه‌ڕێن بۆ ساته‌وه‌ختێك ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش بخه‌مه ئه‌ولاوه، و ته‌نیا له‌وه ڕابمێنم شه‌ڕكردن چییه و ئێمه‌ش بۆچی مشته‌كۆڵه به سه‌روسەكوتی یه‌كتردا ده‌كێشین؟
ئایا توندوتیژی به‌گشتی ڕێگایه‌كی باشه بۆ بڕاندنه‌وه‌ی كێشه‌كان؟ ددانبه‌وه‌داده‌نێم كۆمه‌ڵێك نیشانه وه‌ڵامی نه‌رێمان ده‌ده‌نه‌وه. كارڵ ڤۆن كلاوسڤیتز (1831-1780)، ژه‌نه‌ڕاڵی پروسیایی، ئاوا جه‌نگی وه‌سفكردووه: هه‌ر سیاسه‌ت خۆیەتى كه به ئامرازی تر درێژه‌ی پێده‌درێت، به‌ڵام ئه‌مه كه‌مێك هاوه‌شێوه‌ی وتنی ئه‌وه‌یه: به سكه‌خشێ ڕۆیشتن هه‌ر ڕاكردنه وا به ئامرازی تر به‌رده‌وامی پێده‌درێت. به‌ڵێ: ئامرازێكی خراپتر. حاڵه‌تێكی ساده‌كراو و گشتی له‌به‌رچاوده‌گرین: گه‌ر من و تۆ هه‌ردووكمان به دوای هه‌مان بڕی به‌هاوه ده‌گه‌ڕێین، هیچ دوور نییه به‌رببینه گیانی یه‌كتر- به شێوه‌یه‌كی ئایدیاڵی هه‌م من تێكڕای ئه‌م بڕه‌م ده‌وێت و هه‌م تۆیش هه‌روا. به‌ڵام ئه‌مه كارێكی ناڕاسته: واباشتره دانوستان بكه‌ین. شه‌ڕكردنیش نرخی خۆی هه‌یه، كه له بڕه گشتییه‌كه‌وه ده‌رده‌هێنرێت. به‌م جۆره بیری لێ بكه‌ره‌وه: وای دابنێ بڕه گشتییه‌كه سه‌د دۆلاره، نرخی شه‌ڕكردنیش ده دۆلاره. ئایا شانسی له %100ی بردنی په‌نجا دۆلار به باشتر دانانێیت له شانسی %50ی بردنی نه‌وه‌د دۆلار؟ شتێکى به‌ڵگه‌نه‌ویسته، ئه‌گه‌ر پێشوه‌خته دیاربێت ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌ی لایه‌نێك له لایه‌نه‌كه‌ی تر زیاتره، ئه‌و كه‌سه دابه‌شكردنی په‌نجا به په‌نجا په‌سه‌ند ناكات. به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت كه‌ڵك له زانیارییه حازربه‌ده‌سته‌كان وه‌ربگرین، له نێویشیاندا ئه‌گه‌ری ڕێژه‌ی سه‌دی، ئه‌مه‌ش بۆ درێژه‌دان به دانوستانه‌كه تاوه‌كو هه‌ردووكمان بتوانین به ڕێكه‌وتنێكی ماقووڵ بگه‌ین. هیچ هۆكارێك بۆ له‌ده‌ستدانی ده دۆلاره‌كه له‌ئارادا نییه.
شه‌ڕكردن شێوازێكی نائایدیاڵه بۆ به‌شینه‌وه و بڕینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هادار و سه‌ربه‌خۆ- ئه‌وكاته په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر جه‌نگ و شه‌ڕكردن وا دانوستانه‌كان گه‌یشتوونه‌ته بنبه‌ست. ئه‌مه ڕه‌خنه و دیدێكی ڕه‌وایه له‌باره‌ی جه‌نگه‌وه، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته له‌خۆناگرێت كه تیایدا سه‌رچاوه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كه به‌هایه‌كی سه‌ربه‌خۆی نییه و كتومت بۆیه ده‌خوازرێت چونكه ده‌رفه‌تێك بۆ شه‌ڕكردن ده‌ڕه‌خسێنێت. جاروبار من ئه‌و شته‌م كه تۆ ده‌ته‌وێت، چونكه تۆ ده‌ته‌وێت[!]، له‌ڕاستییدا چونكه ئه‌م كاره ئه‌و مانایه ده‌گه‌یه‌نێت، من ده‌توانم له‌پێناویدا له‌گه‌ڵ تۆدا بجه‌نگم. بۆیه‌ش خوازیاری شه‌ڕكردنم له‌گه‌ڵ تۆدا تاوه‌كو بزانم كاممان به‌هێزترین. له بارودۆخێكی وادا، دابه‌شكردنی په‌نجا به په‌نجا ڕه‌تده‌كه‌مه‌وه، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕم وایه ده‌توانم پشكێكی زیاتر به‌ده‌ستبهێنم، به‌ڵكو ده‌قاوده‌ق له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌گه‌یشتووم به باوه‌ڕێكی وا و ئامانجه ڕاسته‌قینه‌كه‌م ئه‌وه‌یه بزانم ئاخۆ ده‌توانم یان نا.
له‌م حاڵه‌تانه‌دا، پاداشتی جه‌نگه‌كه ئه‌وه‌یه، بوێریی خۆمان ده‌ناسین و ده‌زانین بایی چه‌ندین. ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ پۆتێنشیاڵه ناوه‌كییه‌كه‌ماندا هه‌ڵبكه‌ین، پۆتێنشیاڵیه‌تێك ئه‌گه‌ر له دژوارترین بارودۆخ و له به‌رامبه‌ر باشترین ڕكابه‌ری ڕێتێچوودا تاقینه‌كرێته‌وه، بۆ هه‌میشه به نه‌ناسراوی ده‌مێنێته‌وه. جه‌نگ و شه‌ڕكردن، ڕێگه‌چاره‌یه‌كی سه‌رتاپا كارا و عه‌قڵانییه بۆ ئه‌م كێشه‌یه. تاكه ڕێگای واقیعی بۆ ئه‌وه‌ی بزانم ئاخۆ ده‌توانم تا چ ڕاده‌یه‌ك به سه‌ختی بجه‌نگم ئه‌وه‌یه به‌وپه‌ڕی توانامه‌وه بجه‌نگم. به وته‌ی ئه‌رستۆ، فیعلییه‌ت (ئه‌كچواڵیته) له ڕووی كۆنسێپچواڵی و چەمکایەتییەوە ده‌كه‌وێته پێش پۆتێنشیاڵیه‌ته‌وه.
عه‌قڵانیبوون یان ناعه‌قڵانیبوونی شه‌ڕكردن، له‌سه‌ر پێگه‌ی زانینی ده‌قیق و له گومانبه‌ده‌ری ئێمه له‌باره‌ی هێزی ڕێژه‌ییه‌وه به‌نده كه ته‌نیا شه‌ڕكردنی واقیعی ده‌توانێت بیخاته به‌رده‌ستمان: ئاخۆ بۆچی خوازیاری شه‌ڕكردنین، ته‌نیا له‌به‌ر دیوه كه‌ره‌سته‌ییه‌كه‌یه [واته، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕكردن كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجێكی تر] یان له‌به‌ر خاتری شه‌ڕكردن خۆیه‌تی؟ شه‌ڕكردن، ئه‌گه‌ر به درووستی ئه‌نجامبدرێت، جۆره لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه[3] و ئه‌مه‌ش ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ فه‌لسه‌فه.
ئایا ده‌تانه‌وێت بزانن به‌ره‌نجامی مله‌جه‌ڕێكه‌ی نێوان من و فه‌یله‌سوفه به‌دڕه‌فتاره‌كه چی بوو؟ ببورن نائومێدتان ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌و بردیه‌وه. من دۆڕام. دووباره دۆڕام. من عاده‌ته‌ن شكستدێنم. له ڕووی خاكه‌ڕاییه‌وه ئه‌م قسه‌یه ناكه‌م؛ ئه‌مه فاكتێكی بابه‌تییه من هه‌میشه كه‌سه دۆڕاوه‌كه‌م. هه‌ر له‌كاتی قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندییه‌وه خه‌ریكی دیبه‌یت و گفتوگۆكردنم، له‌وێدا من یه‌كه‌م كه‌س بووم ده‌بوومه كاپتنی تیمێك كه خوله دۆڕاوه‌كانی له براوه‌كانی زیاتر بوون، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا تیمه‌كه‌م یه‌كێك بوو له به‌هێزترین تیمه‌كانی ناوچه‌كه: كاپتنه‌كانی به‌ر له من (و به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه له دوای منیش) له پێشبڕكێ ویلایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیشدا براوه ده‌بوون. پێشبڕكێگه‌لێك كه ڕیكۆردی شكسته‌كانم بووه هۆی ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت هه‌لومه‌رجی شایسته‌یی و هاوشانیش له‌گه‌ڵ ئه‌واندا به‌ده‌ستنه‌هێنم.
ئه‌ی كه‌واته چۆن وه‌ك كاپتن هه‌ڵبژێردرام؟ من له‌گه‌ڵ ئه‌و وتوێژكارانه‌دا ڕكابه‌ریم ده‌كرد كه توانای بردنه‌وه‌یان هه‌بوو، شتێك كه من لێی بێبه‌ش بووم. به‌ڵام من له شكستهێناندا لێهاتوو بووم. ئه‌مه‌ش لێهاتووییه‌كی دره‌وشاوه‌یه (به جیاوازییه‌كی زۆره‌وه). له میانه‌ی ئه‌م چاره‌که سه‌ده‌یه‌دا، هه‌ر لێهاتووتر و لێهاتووتر بووم. شكستهێنان باشه. تۆ قه‌ت نازانیت ئایدیایه‌ك چه‌نده به‌هێزه، تا چ ڕاده‌یه‌ك له به‌رامبه‌ر پشكنین و لێ وردبوونه‌وه‌دا خۆی ڕاده‌گرێت، تا ئه‌وكاته‌ی داده‌ڕووخێت. به هه‌ڵه لێم تێمه‌گه‌ن، ئه‌م كاره ئازاری خۆیشی هه‌یه. هه‌موو جارێك. هێزی بزوێنه‌ر له پشت ئایدیاكه‌وه زه‌ینی خۆتانه- ماهیه‌تی درككردنتان. كاتێك شكستدێنن، تێده‌گه‌ن توانای بیركردنه‌وه و فیكریتان تا كوێ ده‌تانبات، واته، به كۆتاگه‌یشتن و له‌بنهاتنی ئه‌زموون ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌یه كتوپڕ هه‌ستێك داتانده‌گرێت؛ هه‌ستی ئه‌وه‌ی نازانیت له‌باره‌ی چ شتێكه‌وه ده‌دوێیت. هیچێتیی به‌تاڵی زه‌ینی خۆتان.
له ساتی مردن‌دا، ئێوه ئه‌م هیچێتی (nothingness)یه ئه‌زمونناكه‌ن- پێتانوایه هێدی هێدی ڕووه‌و سه‌رزه‌مینی به‌ڵێنپێدراو ده‌ڕۆن، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بیزانن، ده‌مرن. تراژیدیای توندوتیژیی جه‌سته‌یی ئه‌وه‌یه ئه‌وكاته‌ی ئه‌وان [ڕكابه‌ره‌كانتان] ده‌كوژن، خۆیان پێشوه‌خته مردوون. ئه‌گه‌ر له دوێلێكدا به چه‌قۆ یان ده‌مانچه شكست به ڕكابه‌ره‌كه‌ت بهێنیت، نا‌توانیت ئه‌و مه‌رگه‌ی به‌سه‌ر ئه‌ودا ده‌یهێنیت، دركیبكات. وشه‌كان به‌هێزترن، چونكه كه‌سی دۆڕاو به‌ته‌واوی بوونی خۆیه‌وه تامی شكسته‌كه‌ی ده‌چێژێت، له ده‌ستپێكه‌وه تا كۆتایی.
سوكرات فه‌لسه‌فه‌ی هه‌رزانفرۆش كرد، ئه‌وكاته‌ی وه‌ك ئاماده‌سازییه‌ك بۆ مردن وه‌سفی كرد. فه‌لسه‌فه، ئه‌گه‌ر به درووستی ئه‌نجامدرێت، مردنه. جۆره‌كه‌ی تری مردن، سیمولاكرا (زڕه‌وێنه)ی مردنه، ته‌نیا نیوه‌گیانبوونه[4]. ئه‌گه‌ر خوازیاری بزانیت عه‌ده‌مبوون و نه‌بوون چۆنچۆنییه، ده‌سته‌وئه‌ژنۆ دامه‌نیشه و چاوه‌ڕێی شتێك مه‌كه كه حه‌تمییه. له‌جیاتی ئه‌مه، شكستبهێنه. دیوه ئه‌رێنییه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتن، خۆشی و شكۆ و شانازییه، به‌ڵام نرخی سه‌ركه‌وتنی هه‌میشه‌یی ئه‌وه‌یه هه‌رگیز نازانیت چ به‌هره‌یه‌كی ترت هه‌بووه. تاكه ڕێگایه‌ك بۆ په‌ی بردن به سنوور [ی خۆتان] ئه‌وه‌یه لێی بپه‌ڕنه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به هه‌موو گوڕ و تینی خۆتانه‌وه نه‌جه‌نگن، ناتوانن شكستبهێنن [!]. هه‌ر بۆیه من ده‌ڵێم ده‌بێت زیاتر و زیاتر بجه‌نگین.
سه‌رچاوه
https://thepointmag.com/examined-life/is-philosophy-fight-club-agnes-callard/