ده‌ستبڵاوی
جۆرج زیمێڵ
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
ئێستا ده‌مه‌وێت له‌ڕێگه‌ی دوو نمونه‌ی نه‌رێنی و نێگەتیڤە‌وه له‌و مه‌سه‌له‌یه بكۆڵمه‌وه کە ئاخۆ پاره له‌ودیوی ڕۆڵه‌كه‌یه‌وه وه‌ك نێوانگرێكی په‌تی، تا چ ڕاده‌یه‌ك خه‌سڵه‌تی خولیایەکى سه‌ربه‌خۆ به‌خۆوه ده‌گرێت. ده‌ستبڵاوی و چاوچنۆكی[1]، وێڕای ناكۆكییە ڕواڵه‌تییەکەشیان، په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه. ئا لێره‌دا ده‌بێـت ئاماژه به‌و خاڵه بكرێت كه ئه‌وكاته‌ی ئابوریی سه‌ره‌تایی و به‌ده‌وی له‌گۆڕێدایه، پاراستنی ده‌ستپێوه‌گرانه‌ی به‌هاكان له‌گه‌ڵ سرووشته‌كه‌یان و گواستنه‌وه‌هه‌ڵگری[2] هێجگار سنوورداری به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كاندا ناكۆك ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌گه‌ر بێت‌و نه‌لوێت به‌رهه‌مه‌كان به ئاسانی یان به شێوه‌یه‌كی بنجبڕ وه‌ربگێڕدرێنه سه‌ر پاره‌یه‌ك كه توانستێكی بێسنووری گواستنه‌وه [و ئاڵوگۆڕ]ی هه‌بێت، ئه‌وا به‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵگرتنی چاوچنۆكانه‌ی به‌رهه‌مه‌كان به‌دیده‌كه‌ین؛ له هه‌ر شوێنێكدا به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كان ده‌موده‌ست به‌رهه‌مبهێنرێن و به‌كاربهێنرێن، زۆرجار جۆره سه‌خاوه‌ت و ده‌ستكراوه‌ییه‌ك له‌وێدا په‌ره ده‌سه‌نێت، به تایبه‌تی ده‌رهه‌ق به میوان و موحتاج و لێقه‌وماوان- ده‌ستكراوه‌ییه‌ك كه‌متر له ئابوریی پاره‌دا به‌رچاوده‌كه‌وێت، چونكه پاره ده‌كرێـت ئاسانتر هه‌ڵبگیرێت و زه‌خیره‌بكرێت. هه‌ر به‌م پێیه‌ش پیته‌ری شه‌هید[3] ستایشی ئه‌و نه‌ریته‌ی مه‌كسیكییه كۆنه‌كانی ده‌كرد كه توره‌که‌كه‌كانی كاكاویان وه‌ك پاره به‌كارده‌هێنا، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرا به ته‌رزێكی شاراوه بپارێزرێن و بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ هه‌ڵبگیرێن، به‌م پێیه‌ش ڕێگه‌ی له ده‌ركه‌وتنی دیدی چڵێسی و ده‌سقوچاوانه ده‌گرت. به‌هه‌مانشێوه، هه‌لومه‌رجه سرووشتییه‌كان ئیمكان و كه‌مه‌ندكێشیی ده‌ستبڵاویی سنووردارده‌كه‌ن. جگه له وێرانكاریی ناماقوڵ، ئه‌و شته‌ی له گرووپێكدا سنوور بۆ مه‌سره‌فكردنی زێده‌ڕۆیانه و به‌فیڕۆدانی هه‌ڵه‌شه داده‌نێت له توانستی ئه‌ندامه‌كانی گرووپه‌كه و بێگانه‌كان بۆ به‌كارهێناندا شاراوه‌ته‌وه. به‌ڵام خاڵه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه، ده‌ستبڵاویی پووله‌كی (هه‌ڵه‌خه‌رجی له پاره‌دا) به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌ستبڵاوی له شتومه‌كه كۆنكرێتییه‌كاندا مانایه‌كی سه‌رتاپا جیاواز و خه‌رمانه (ئەورا)یه‌كی به ته‌واوه‌تی نوێی هه‌یه: ده‌ستبڵاوی له شتومه‌كه به‌رهه‌سته‌كاندا مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هاكه‌ی بۆ زنجیره‌ی عه‌قڵانیی مه‌به‌سته‌كانی تاكه‌كه‌س له‌به‌ینده‌چێت، له‌كاتێكدا ده‌ستبڵاویی پووله‌كی ئه‌و مانایه‌ی هه‌یه كه به‌ها، به شێوه‌یه‌كی نابه‌جێ، ده‌گوازرێته‌وه نێو به‌هاكانی تر. تاكه چه‌شنی كه‌سی ده‌ستبڵاو له ئابوریی پووله‌كیدا بۆ فه‌لسه‌فه‌ی پاره گرنگیی هه‌بێت، ئه‌و كه‌سه نییه وا له هه‌لومه‌رجی سرووشتیدا[4] پاره‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی گه‌وجانه ته‌خشانوپه‌خشان ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سه‌یه پاره‌كه‌ی بۆ كڕینگه‌لێكی بێ‌مانا خه‌رجده‌كات كه له‌گه‌ڵ حاڵ و وه‌زعی ئه‌ودا یه‌كنایه‌نه‌وه. چێژی به‌ستراو له‌گه‌ڵ ده‌ستبڵاوییدا به ساته‌وه‌ختی خه‌رجكردنی پاره بۆ هه‌ر جۆره شت و كاڵایه‌ك گرێدراوه، و ده‌شبێت له چێژی سه‌رچاوه‌گرتوو له له‌زه‌تی ڕاگوزه‌ری شته‌كان، و له كه‌شوفشی په‌یوه‌ست پێیه‌وه و له گۆڕانی بزوێنه‌رانه‌ی نێوان به‌ده‌ستهێنان و به‌كارهێنانی شته‌كاندا جیابكرێته‌وه؛ به‌ڵكو ئه‌و چێژه بەستراوەتەوە به كاركردی په‌تیی ده‌ستبڵاوییەوە به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ناواخنه مادی[5] و بارودۆخه په‌یوه‌سته‌كانییه‌وه. له لای كه‌سی ده‌ستبڵاو، سه‌رنجڕاكێشیی ساته‌وه‌ختی ده‌ستبڵاوی هه‌م له ناسینی شیاوی [به‌های] پاره و هه‌م [به‌های] شته‌كانیش زیاتر ده‌ڕوات. ئه‌مه‌ش به تایبه‌تی جه‌خت له‌سه‌ر پێگه‌ی كه‌سی ده‌ستبڵاو له په‌یوه‌ند به زنجیره‌ی مه‌به‌سته‌كانه‌وه ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر پنتی كۆتایی ئه‌م زنجیره‌یه چێژوه‌رگرتنه له‌ڕێگه‌ی خاوه‌ندارێتیی شته‌وه، یه‌كه‌مین نێوانه‌قۆناغی[6]بنه‌ڕه‌تی بریتییه له خاوه‌ندارێتیی پاره، دووه‌مین قوناغیش خه‌رجكردنی پاره و پووله له [كڕینی] شت‌دا. له لای كه‌سی چرووك و ده‌سقوچاو، قۆناعی یه‌كه‌م له خودی خۆیدا ده‌بێته ئامانجێكی چێژبه‌خش، [به‌ڵام] له لای كه‌سی ده‌ستبڵاو قۆناغی دووه‌م ئامانجه چێژبه‌خشه‌كه‌یه. گرنگیی پاره له لای كه‌سی ده‌ستبڵاو به هه‌مان ئه‌ندازه‌ی گرنگییه‌كه‌یه‌تی له لای كه‌سی چرووك، به‌ڵام نه‌ك له شكڵی خاوه‌ندارێتیكردنی پاره‌دا به‌ڵكو له شكڵی ته‌خشانوپه‌خشانكردنیدا. درككردنی به‌ها له لای كه‌سی ده‌ستبڵاو وابه‌سته‌یه به ساته‌وه‌ختی گواستنه‌وه‌ی پاره بۆ سه‌ر شكڵه به‌هاییه‌كانی تر، ئه‌مه‌ش تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی ئاماده‌یه نرخی چێژبینین له‌م ساته‌وه‌خته به هه‌ڵه‌خه‌رجی و ته‌خشانكردنی تێكڕای به‌ها كۆنكرێت و به‌رهه‌ستتره‌كان بدات.
به‌م پێیه، شتێكی هێجگار به‌رچاوه، وا بێباكیی ده‌رهه‌ق به به‌های پاره، كه ماهیه‌ت و كه‌مه‌ندكێشیی ده‌ستبڵاوی پێكدێنێت، وه‌ك شتێكی ئه‌زموونكراو و زانراو و نرخێنراو پێشگریمانه‌ی ئه‌م به‌هایه ده‌كات. چونكه، ئاشكرایه، ته‌خشانكردنی ئه‌و شته‌ی بێ موبالاته[7]، خۆیشی به ته‌واوه‌تی بێ موبالات ده‌كه‌وێـته‌وه. ئه‌مه‌ی خواره‌وه حاڵه‌تێكی نمونه‌یی ده‌ستبڵاویی لغاوپچڕاوه له ڕژێمی كۆندا[8]: ئه‌و كاته‌ی شازاده كۆنتی ئه‌ڵماسێكی به به‌های 4000 بۆ 5000 فرانك بۆ خانمێك نارد، و ئه‌ویش بۆی گه‌ڕانده‌وه، شازاده فەرمانیكرد ئه‌ڵماسه‌كه وردبكه‌ن تاوه‌كو بتوانێت وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی نوسین[9] له‌و نامه‌یه‌دا به‌كاریبهێنێت كه له وه‌ڵامی ئه‌و خانمه‌دا نوسیی. تاین[10] ئه‌و سه‌رنجه‌ی خواره‌وه له‌باره‌ی نه‌ریت و ڕێساكانی ئه‌و قۆناغه بۆ ئه‌م چیرۆكه سه‌ربارده‌كات: ("كه‌سێك چه‌نده كه‌متر بایه‌خ به پاره بدات، هێنده دنیادیده‌تر و قاڵبووه‌وه‌تره").[11]به‌ڵام ئه‌مه ڕێژه‌یه‌كی خۆفریودانی له‌خۆگرتووه، چونكه دیدی نه‌رێنیی بنجبڕ و ئاگایانه ده‌رهه‌ق به پاره- هه‌ر وه‌ك له پرۆسێسێكی دیاله‌كتیكیدا- له‌سه‌ر دژه‌كه‌ی به‌نده، كه به‌ته‌نیا ده‌توانێت گرنگی و سه‌رنجڕاكێشی پێبه‌خشێت. هه‌مان شت له‌باره‌ی هه‌ندێك فرۆشگا له شاره گه‌وره‌كانیشدا ڕاست ده‌كه‌وێته‌وه، كه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و فرۆشگایانه‌ی به‌هۆی هه‌رزانفرۆشییه‌وه كڕیار بۆ خۆیان ڕاده‌كێشن، ئه‌وان له‌ڕێگه‌ی زیاده‌ڕۆییه‌كی نمایشئامێز و خۆهه‌ڵكێشانه‌وه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه وا به‌رزترین نرخیان هه‌یه. به‌م جۆره ئه‌وان ده‌سته‌ودامێنی مومتازترین توێژه‌كانی[12] كۆمه‌ڵگا ده‌بن و ده‌بنه جێ سه‌رنجیان، كه هیچ پرسیار[ و بێنه‌وبه‌رده‌یه‌ك] له‌باره‌ی نرخه‌كانه‌وه ناكه‌ن. ئه‌و شته‌ی له‌باره‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه به‌رچاو و سه‌رنجڕاكێشه ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان جه‌خت نه‌ك لەسەر پنته سه‌ره‌كییه‌كه- شت و كاڵاكه خۆی- به‌ڵكو له‌سەر هاوپه‌یوه‌سته نه‌رێنییه‌كه‌ی ده‌كه‌نه‌وه، واته ئه‌وه‌ی كه نرخ گرنگ نییه؛ به‌م جۆره‌ش به شێوه‌یه‌كی ناخودئاگایانه دیسان پاره ده‌خه‌نه چه‌قی سه‌رنج و بایه‌خه‌وه، هه‌رچه‌نده به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی. له سۆنگه‌ی په‌یوه‌ندییه نزیكه‌كه‌یه‌وه له‌گه‌ڵ پاره‌دا، ده‌ستبڵاوی به‌ئاسانی هه‌ڵكشانێكی گه‌وره له ته‌وژمدا به‌خۆوه ده‌گرێت، هه‌ر كه‌سێكیش شوێنكه‌وته و ملكه‌چی بێت له تێكڕای پێوه‌ره ماقوڵه‌كان دایده‌ماڵێت، چونكه بێبه‌شه له‌و نه‌زم و ڕێسایه‌ی وا به‌رمه‌بنای پێوانه‌وه‌رگرێتی[13] شته كۆنكرێتییه‌كان داده‌نرێت.
ده‌قاوده‌ق هه‌مان ده‌ستبڵاوی, خه‌سڵه‌تی دیاری چڵێسیی چاوچنۆكانه‌یه بۆ پاره: كه‌سی چاوچنۆك له‌بری چێژدۆزی له دیارده و قه‌واره واقیعییه‌كاندا، به دوای پرسی نابه‌رهه‌ستدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌م چڵێسییه‌ش تا ناكۆتا درێژده‌بێته‌وه و هیچ هۆكارێكی ده‌ره‌كی یان ناوه‌كی بۆ سنوورداركردنی له‌ئارادا نییه. له هه‌ر جێیه‌كدا سنوور و به‌ربه‌سته ده‌ره‌كییه پۆزه‌تیڤه‌كان غایب بن، چڵێسی به ته‌رزێكی سه‌رتاپا بێ شێوه[14] و به گوژمێكی هه‌ڵكشاوه‌وه خۆی به‌تاڵده‌كاته‌وه. ئه‌مه هۆكاری مكوڕی و بێ‌ئۆقره‌یی و داخ‌له‌دڵیی تایبه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌یه وا كه‌وتوونه‌ته بێنه‌وبه‌رده له‌سه‌ر میرات. به‌و پێیه‌ی بانگه‌شه‌ی تاكه‌كه‌س نه به‌هۆی كاره‌وه ده‌ستنیشانده‌كرێت و نه به‌هۆی پێوه‌رێكی كۆنكرێتیی بناغه‌دار و ماقوڵه‌وه، هیچ لایه‌نێك خوازیار نییه پێشینه‌ییانه[15] ددان به بانگه‌شه‌ی لایه‌نه‌كه‌ی تردا بنێت. له‌م ڕووه‌وه، هیچ قه‌ده‌غه و ڕێگرییه‌ك له‌گۆڕێدا نییه بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی دوو لایه‌نه‌كه سنوورداربكات و هه‌ر ڕۆناوكردنێكیش تیایدا به نادادی و سته‌مێكی ته‌واو بێ‌بناغه ده‌خرێـته‌ڕوو و هه‌ستیپێده‌كرێت. نه‌بوونی په‌یوه‌ندیی ناوه‌كی نێوان ئاره‌زوو و هه‌ر جۆره پێوه‌رێك بۆ ئۆبێكته‌كه‌ی، كه له‌م حاڵه‌ته‌دا له بونیادی شه‌خسیی په‌یوه‌ندییه‌كانی میراتگرییه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت، تا ئه‌و جێیه‌ی به چڵیسییه‌وه په‌یوه‌سته، له بونیادی ئۆبێكت [ی ئاره‌زوو]ه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێت.
ئه‌و شۆڕشه‌ی له برونشیك[16] له ساڵی 1499دا له دژی سیسته‌می سكه‌سازیی نوێ هه‌ڵگیرسا، نه‌بوونی ئه‌و پره‌نسیپانه به‌رجه‌سته‌ده‌كات و ده‌رده‌خات كه له‌گه‌ڵ چڵێسییدا هه‌ڵده‌كشێن و ڕێگه له داشكاندن و ده‌ستكاریكردنی بانگه‌شه‌كان ده‌گرن. ده‌سه‌ڵاتداران [ی به‌رپرس له سكه‌سازیی نوێ] پێیان وابوو، له داهاتوودا، پاره‌ی بێ‌نرخ[17] ده‌بێت جێی خۆی بۆ سكه باش و ویستراوه‌كان چۆڵبكات. به‌ڵام هێشتاش هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی سكه‌ی باشیان له به‌رامبه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان و وه‌ك هه‌قده‌ستی خۆیان داواده‌كرد، ده‌ستیاندایه شۆڕشكردن چونكه ئه‌وانیتر به قبوڵكردنی حسێب و كرێكه‌یان به سكه بێنرخه‌كان قایل نه‌بوون! پێکەوەژیانی دووپاتبووه‌وه‌ی سكه باشه‌كان و سكه بێنرخه‌كان گه‌وره‌ترین ئیمكانی بۆ [ئاره‌زوو و جۆش‌وخرۆش]ی زیاده‌ڕۆ و شێتانه‌ی [تاكه‌كان] بۆ پاره و پوول فه‌راهه‌مكرد- به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م [ئاره‌زووه]دا، وادێته به‌رچاو جۆشوخرۆشه به‌گوژمه‌كانی تر هه‌میشه ڕه‌گوڕیشه‌یه‌كی سایكۆلۆژییان هه‌یه. ئێمه ده‌زانین ته‌نانه‌ت له چیندا شۆڕشه‌كان بۆیه ڕوویاندا چونكه حكومه‌ت هه‌قده‌سته‌كانی به سكه [و پاره]ی بێ‌نرخ ده‌دا به‌ڵام داوای له خه‌ڵكی ده‌كرد باجه‌كانیان به سكه‌ی باش بده‌ن. وای بۆ ده‌چم، هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا وه‌ك گریمانه‌یه‌ك، نه‌بوونی میانڕه‌وی كه به‌شێكی خودی قازانجی پاره‌ی په‌تییه هاوكات ڕه‌گوڕیشه‌ی شاراوه‌ی دیارده‌یه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه وا له بازاڕی ئاڵوگۆڕی پشكه‌كاندا به‌دیده‌كرێت، واته ئه‌وه‌ی كه سه‌وداگه‌ره ورده‌فرۆشه‌كانی ده‌غڵ‌ودان، بێگانه‌كان، ته‌قریبه‌ن به‌بێ ئاوارته به ئومێدی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كانی بازاڕ مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. وام دێته به‌رچاو هانده‌ری سایكۆلۆژییانه‌ی ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته بریتییه له‌و فاكته، له ڕووی لۆژیكییه‌وه درووست به‌ڵام به‌كرده‌یی ناپه‌یوه‌سته‌دا، كه ئه‌و سوودانه‌ی له پرۆسه‌ی پێش‌فرۆش(bear operation)ه‌وه ده‌كه‌ونه‌وه سنووردارن له‌كاتێكدا له پرۆسه‌ی پێش‌كڕین (bull operation)دا وانین.[18] سه‌وداگه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌غڵ‌ودان كه به‌فیعلی ده‌بێت شت و كاڵاكان بگوازنه‌وه شانسه‌كانی هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ی بازاڕ حسێبده‌كه‌ن، به‌ڵام سه‌وداگه‌ریی پاره‌ی په‌تی، وه‌ك‌ئه‌وه‌ی له مامه‌ڵه پێشوه‌خت ڕێككه‌وتووه‌كاندا[19] به‌دیده‌كرێت، ئاره‌زوومه‌ند و ده‌ربایستی سه‌وداگه‌رییه له یه‌ك ئاراسته‌دا، كه ئه‌مه‌ش بەشێوەیەکى نوستوو بێ‌سنووره. ئه‌م مه‌یله كه فۆرمی ناوه‌كیی بزاوتی قازانجی دارایی پێكده‌هێنێت، له‌م نمونه‌یه‌ی خواره‌وه‌دا گه‌لێك باشتریش نیشانده‌درێت. له قۆناغی نێوان ساڵانی 1830 بۆ 1880دا، كشتوكاڵی ئه‌ڵمانیا قازانجێكی ساڵانه‌ی هه‌میشه هه‌ڵكشاوی به‌رهه‌مده‌هێنا، ئه‌مه‌ش سه‌ریكێشا بۆ ئه‌و ئایدیایه‌ی كه ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی ناكۆتایه؛ به‌م پێیه، ئه‌رز و موڵكه‌كان به نرخێك ده‌كڕدران هاوتانه‌بوو له‌گه‌ڵ به‌ها هه‌نووكه‌یی و فیعلییه‌كه‌یان به‌ڵكو هاوتابوو له‌گه‌ڵ قازانجه چاوه‌ڕێكراوه‌كه‌یان له داهاتوودا- ئه‌مه‌ش هۆكاری بارودۆخی ئه‌سه‌فبار و غه‌مهێنی ئێستای كشتوكاڵه[20]. ئه‌وه شكڵی پاره‌ی قازانج (سو‌و)ه كه تێگه‌ی به‌ها ده‌شێوێنێت. له هه‌ر جێیه‌كدا قازانج ته‌نیا به گوێره‌ی "به‌های به‌كارهێنان" ده‌ربكه‌وێـت و ته‌نیا بڕه كۆنكرێتی و دیاریكراوه بێ‌میدیۆمه‌كه‌ی ڕه‌چاوبكرێت، ئه‌وا ئایدیای گه‌شه‌كردنه‌كه‌ی به سنووره حسێبكراو و ماقوڵه‌كان[21] ده‌به‌سترێته‌وه، له‌كاتێكدا ئیمكان و پێشبینیی به‌های پاره تا ناكۆتا گه‌شه‌ده‌كات. ئه‌مه بناغه‌ی سه‌ره‌كیی چڵێسی و ده‌ستبڵاوییه، چونكه ئه‌مانه هه‌ردووكیان به‌گشتی پێوانه‌ی به‌هاكان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه كه به ته‌نیا ده‌توانێت سنوور و تخوبێك بۆ زنجیره‌ی مه‌به‌سته‌كان دابنێت، واته له‌ڕێگه‌ی چێژی كۆتاییەوە له شته‌كان. نابێت تاكه‌كه‌سی ده‌ستبڵاوی حه‌قیقی له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئه‌پیكۆری (چێژپه‌رست) یان به ته‌نێ هه‌ڵه‌شه و سووكه‌سه‌ردا تێكه‌ڵاوبكرێت، ئه‌گه‌رچی ده‌كرێت تێهه‌ڵكێشێكی تێكڕای ئه‌م ڕه‌گه‌زانه له تاكه‌كه‌سێكی نوێنه‌ره‌وه‌ی ده‌ستبڵاوی‌دا به‌دیبكرێت. كه‌سی ده‌ستبڵاو هه‌ر كه شت به‌ده‌ستده‌هێنێت له به‌رامبه‌ریدا بێ‌موبالات ده‌كه‌وێته‌وه؛ چێژه‌كه‌ی مه‌حكومه به‌وه‌ی هه‌رگیز ئۆقره‌گرتن و سه‌قامگیری نه‌دۆزێته‌وه؛ ساته‌وه‌ختی خاوه‌ندارێتیی شتێك له‌گه‌ڵ نه‌فیكردنی چێژه‌كه‌یدا هه‌ڵده‌كه‌وێت. له‌م ڕووه‌وه، ژیان هه‌مان ئه‌و شكڵه ئه‌هریمه‌نییه‌ی هه‌یه كه لای كه‌سی چڵێس ده‌یبینین: هه‌ر ئامانجێكی به‌ده‌ستهاتوو تاسه و تینوێتییه‌ك بۆ ئامانجی زیاتر ده‌ورووژێنێت، ئامانجگه‌لێك كه هه‌رگیز تێرناكرێن. چونكه تێكڕای ئه‌م مه‌یله به دوای تێربووندا ده‌گه‌ڕێت، [وه‌ك بڵێی] به كاتیگۆرییه‌كه‌وه په‌یوه‌سته كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نكۆڵی له هه‌موو مه‌به‌ستێك ده‌كات و خۆی به ئامرازه‌كان و ساته‌وه‌ختی پێش كۆتایی [زنجیره‌ی مه‌به‌سته‌كان] سنووردارده‌كات. كه‌سی چرووك و ده‌سقوچاو له‌م دووانه ئه‌بستراكتره. ئاگاییه‌كه‌ی له مه‌به‌ست له مه‌ودایه‌كی ته‌نانه‌ت زیاتر له مه‌به‌ستی كۆتایی ده‌وه‌ستێت، له‌كاتێكدا كه‌سی ده‌ستبڵاو له ئۆبێكت و شته‌كان نزیكترده‌بێته‌وه چونكه جووڵه‌كه‌ی ڕووه‌و ئامانجێكی عه‌قڵانی له قۆناغی دواتردا ده‌وه‌ستێت تاوه‌كو بتوانێت ده‌ستی به‌سه‌ردابگرێت، وه‌ك‌بڵێی ئه‌م قۆناغه ئامانجه كۆتاییه‌كه‌یه. به‌م پێیه، چڵێسی و ده‌ستبڵاوی، زۆربه‌یجار له هه‌مان كه‌سدا به‌دیده‌كرێن- چ ئه‌وه‌ی ئه‌م كه‌سه له هه‌ندێك زه‌مینه ده‌ستبڵاو و له هه‌ندێك بواری تردا چڵێس بێـت و چ تووشی میزاجگۆڕكێش ببێت. ئه‌م فاكته دوو هۆكاری هه‌یه: له لایه‌كه‌وه، یه‌كێتیی فۆرماڵی به‌ره‌نجامه بینراوه‌كان كه ناكۆكییه‌كی ته‌واوه‌تییان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه؛ و له لایه‌كی تره‌وه، نه‌بوونی مه‌به‌ستێكی كۆنكرێتیی ڕێكخه‌ر، كه به گه‌ڕانه‌وه بۆ بێ‌مانایی هاوتای هه‌ردوو مه‌یله‌كه، كارلێكێكی نادڵنیا له نێوانیاندا ده‌ورووژێنێت. چوونه‌وه‌یه‌ك و فراوانبوون [یان بگره‌وبه‌رده]ی ئه‌م خوو و میزاجانه له چڵێسی و ده‌ستبڵاوی‌دا ده‌رده‌كه‌ون وه‌ك‌بڵێی، هه‌ر جارێك، هانده‌ره‌كه هه‌مان هانده‌ره و ته‌نیا بڕست و هاوهێزییه‌كه‌ی[22] جیاوازه.
مانا و گرنگیی دووانه‌یی پاره بۆ ویستی ئێمه به‌ره‌نجامی تێهه‌ڵكێشی دوو ئه‌ركه كه پاره ڕایانده‌په‌ڕێنێت. چه‌نده پێویستیی به خۆراك و پۆشاك پێداگرتر و زیاتر و گشتی‌تر بێت، سرووشتیش ئاره‌زوویان بۆ سنووردارتر ده‌كات؛ ده‌كرێت بڕێكی كافی له ئارادابێت، به تایبه‌ت له‌و شتانه‌ی زه‌رووری‌ن، كه به‌م پێیه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له هه‌مووان خوازراوترن. به پێچه‌وانه‌ی پێویستییه سرووشتییه‌كانمانەوە، خواست بۆ كاڵا پڕ بریق‌وباق و خۆشگوزه‌رانییه‌كان بێ‌سنووره. خستنه‌ڕووی كاڵاكانی خۆشگوزه‌رانی هه‌رگیز له خواستی سەر خۆیان تێناپه‌ڕێت. بۆنمونه، كانزا گرانبه‌هاكان تا ئه‌و جێیه‌ی مه‌تریاڵه‌كان (ماده سه‌ره‌تاییه‌كان)ی خشڵ و گه‌وهه‌ره‌كان بن، به‌كارهێنانێکی بێ‌شوماریان هه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌ره‌نجامی زیادی [و ناپێویستیی] بنه‌ڕه‌تی ئه‌وانه. چه‌نده به‌هاكان له پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیانی ئێمه‌وە نزیكتر بن، چه‌نده زیاتر هه‌لومه‌رجی مانه‌وه‌ی په‌تیی ئێمه بن، خواستی ڕاسته‌وخۆ به‌هێز و گوڕتر به‌ڵام هاوكات له ڕووی چه‌ندێتییه‌وه سنووردارتر ده‌بێت و ئه‌و ئه‌گه‌ره زیاتر ده‌بێت كه له قۆناغه سه‌ره‌تاییه‌كاندا به خاڵی تێربوون بگه‌ین. له لایه‌كی تره‌وه، چه‌نده به‌هاكان له پێویستییه به‌راییه‌كانه‌وه دوورتر بن، خواستیان به گوێره‌ی پێویستییه‌كی سرووشتی كه‌متره و بڕه به‌رده‌سته‌كه‌یان ڕێژه‌ییانه به نه‌گۆڕاوی ده‌مێنێته‌وه.
پێوەری پێویستییەکانمان لەنێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دەجوڵێت: یان ئەوەتا ئەم پێویستییانە بەگوژم و دەمودەستن بەڵام لەم حاڵەتەدا بە دڵنیاییەوە سرووشت سنوورداریاندەکات، یاخود پێویستییە بە کەمالیات و کاڵا لۆکسەکان ، لەم حاڵەتەشدا نەبوونی زەروورەت جێگەی خۆی بۆ ئیمکانە بێسنوورەکان بۆ فراوانبوون و تەنینەوەیان چۆڵدەکات. لەکاتێکدا لە زۆربەی کاڵا کەلتورییەکاندا تێکەڵەیەک لەم دوو جەمسەرە پێچەوانەیە بەدیدەکرێت، بە جۆرێک نزیکبوونەوە لە جەمسەرێک هاوتایە لەگەڵ مەوداوەرگرتنێکی هەڵکشاو لە جەمسەرەکەی تر، پارە خاڵە ئەوپەڕینەکانی هەردوو جەمسەرەکە تێکەڵدەکات. بەو پێیەی پارە هۆی تێرکردنی زەرووریترین و نازەرووریترین پێویستییەکانی ژیانیشە، زەروورەت و ناچاری یان ئارەزووی بەگوژم لەگەڵ بێ سنوورییە فراوانەکەیدا دەبەستێتەوە. پارە لەنێو خۆیدا بونیادی پێویستیی بە کاڵا لۆکسەکانی هەڵگرتووە، لەو ڕووەوە کە هەر سنووربەندییەک لەسەر ئارەزوو بۆیدا ڕەتدەکاتەوە- کە تەنیا بەهۆی پەیوەندی بڕە دیاریکراوەکان لەگەڵ توانستی ئێمەدا بۆ مەسرەفکردن ئیمکانی دەڕەخسێت. هێشتاش پارە، به پێچەوانەی کانزا گرانبەها بەکارهاتووەکان بۆ خشڵ و گەواهیرات، پێویست ناکات ئارەزووی بێ‌سنوور بۆ پارە بەهۆی مەوداوەرگرتنێکی هەڵکشاوەوە لە پێویستییە ڕاستەوخۆکانەوە هاوسەنگبکات، چونکە پارە بووەتە هاوپەیوەستی بنەڕەتیترین پێویستییەکانی ژیانیش. ئەم خەسڵەتە دووانەییە بەرچاوەی پارە لە پەیوەند بە ئارەزوو بۆ پارەدا بە شێوەیەکی جیا و دابڕاو لە چاوچنۆکی و دەستبڵاوىدا دەردەکەوێت، چونکە لە هەردوو حاڵەتەکەدا پارە لە ئارەزووی پەتی بۆ پارەدا تواوەتەوە، هەردووکیان دیوی نێگەتیڤی ئەو شتە دەردەخەن کە ئێمە هەروەها وەک دیوی پۆزەتیڤی پارە بینیمان، واتە ئەوەی کە پارە تیرەی ئەو بازنەیە فراواندەکات کە تیایدا پاڵنەرە دەروونییە ئەنتاگۆنیستەکانی ئێمە گەشەدەکەن. ئەو شتەی لە چاوچنۆکیدا لە ئیفلیجییەکی مادی [واتە لە شێوەی وەستان و داسەکنان] نیشاندەدرێت، لە دەستبڵاویدا لە فۆرمی نەرموشلی و فراوانبووندا دەردەکەوێت.
پەراوێزەکان:
[1] Avarice, پوله‌كیبوون، ته‌ماحكار
[2] Transferability
[3] Peter the martyr (1457- 1526)
[4] In natura
[5] Substantial
[6] Intermediate stage
[7] Indifferent
[8]: مه‌به‌ست له ڕژێمی پادشایه‌تی پێش شۆڕشی فه‌ره‌نسییه. Ancien regime
[9] Sand writing
[10] Taine
[11] on est d` autant plus un homme du monde que l`on est moins un homme d`argent
[12] مومتازترین توێژ یان هه‌ڵقه‌كان، دیاره، مه‌به‌ست له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه. :Finest circle
[13]Measure of receptivity
[14] Formlessly
[15] A priori
[16] Brunswick
[17] Base money
[18]پرۆسه‌ی پێش-فرۆش واته كه‌سێك پشك یان كه‌لوپه‌له‌كانی ده‌فرۆشێت چونكه پێشبینی ده‌كات نرخه‌كان داببه‌زن؛ پرۆسه‌ی پێش-كڕینیش واته كه‌سێك پشك ده‌كڕێت چونكه چاوه‌ڕێده‌كات نرخه‌كان به‌رز ببنه‌وه .
[19]Speculation in futures: كه ده‌كرێت به "سه‌وداگه‌ریی پشكه‌كانی داهاتوو"یش وه‌ربگێڕدرێت، مه‌به‌ست له‌و شتومه‌ك و كاڵا‌و و هتد كه له‌كاتێكی دیاریكراو له داهاتوودا ئاڵوگۆڕده‌كرێن، به‌ڵام كڕیار و فرۆشیاره‌كه پێشوه‌خته له‌سه‌ر نرخه‌كه‌یان ڕێككه‌وتوون .
[20] ئه‌م نوسینه‌ی به‌رده‌ست، كورته به‌شێكه له كتێبی "فه‌لسه‌فه‌ی پاره" كه چاپی یه‌كه‌می له ساڵی 1900دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
[21] Sober limits
[22] Valency
سەرچاوەکان
- The Philosophy of Money, Georg Simmel, translated by Tom Botomore and David Frisby, p: 248- 252
- http://www.thesis11.com/Article.aspx?Id=233