A+    A-
(382) جار خوێندراوەتەوە

                ئەلف/یا، دوالیزمی پەیڤ و مێژوو

 

 

 

 

ڕەووف مورادی

 

 

 

بە وتەی ئاندرێ ژید: ڕۆمان بێ‌یاساترین شێوازی ئەدەبییە کە لە هیچ یاسایەک پێڕەوی ناکا، هەر بۆیە کەس ناتوانێ بە تەواوەتی و درووستی لەم ژانرە چاوەڕوانی و گازندەی هەبێ. ناتوانین یاسایەک دابنێن کە فڵان چەشنە ڕۆمان، ڕۆمانە و فڵانی دیکە ڕۆمان نییە، چونکە تا ئێستە هیچ پێناسەیەکی تەواو گشتگیر و قەناعەتپێکراو بۆ ڕۆمان نەکراوە. ڕۆمان ڕوونکەرەوەی چەمکە زەینییەکانە. لۆکاچ پێی‌وایە مرۆڤی مۆدێڕن بە پێچەوانەی مرۆڤی سەردەمی هومێر، جیهان بە ماڵی خۆی نازانێت، ئەو ژانرە ئەدەبییەش کە دەربڕ و بەیانگەریی ماڵ وەکۆڵی و ئاوارەیی ئیستعلایی(ترانسێندێنتاڵ)ـە، ڕۆمانە. لێرەوە ژیانی هەرکام لە ئێمە بەرهەم و دەسکەوتی بیرەوەری یان ئوتووبایوگرافییەکی نەنووسراوە. نەتەوە و کۆمەڵگاکان بە یارمەتی و هۆی گێڕانەوەکانی مێژوویی و ئوستوورەیی شوناسی خۆیان لە تاڵانی رۆژگار ڕادەگرن و دەپارێزن.

خوێنەر نەك لە بەر ئەرکی سەرشانی بەڵکو بۆ ئەوەی چێژ ببات ڕۆمان دەخوێنێتەوە. لێرەوە دەبێ توانا و بوونی ڕۆماننووس لە دێڕ بە دیڕی ڕۆماندا هەستی پێبکرێ بەڵام نەبینرێ، چونکوو وەک گوترا ڕۆمان روونکەرەوەی چەمکە زەینییەکانە.

بە ڕاشکاوی دەڵێم ئەم دەیەیە کە تێیداین، دەیەی گرشە و گەشانەوەی ڕۆمان و چیرۆکی کوردییە. ڕۆمان لە حەکایەت و قسە و حەدیسی نەفس و خۆوێژی و ژیاننامە تێپەڕیوە و گەیشتوەتە دوندی ڕەوایەت و خەیاڵ، گەیشتوەتە تەکنیک و جۆرێ گێڕانەوەی سەربەخۆ و نوێ. ڕۆمان لە زمانی کوردیدا جێگەی خۆی کردوەتەوە و وەک ژانرێکی ئەدەبی کە تەمەنی لە دووسەد ساڵ پتر تێ دەپەڕێ تازە خەریکە لە زمانی کوردیدا هەناسە دەکێشێ و خۆ ڕادەوەشێنێ و خۆ نیشان دەدا. بۆ ئاوارەیی مرۆڤی کورد، ڕۆمان دەبێت بە ماڵ و سامانی زمانی. گەیشتوەتە گێڕانەوەی زمانی خۆی بە زمانێکی جیهانی و لە ئاست و زمانی خۆجێیی و بەرتەسک دەرچووە. ڕۆمان بووە بە زمانی مێژوو، کولتور، زام و ئێشو ڕەنج و کوێرەوەری و بن دەستی و دابەش بوون. دەستی گیرکردووە لە ناخ و قووڵایی بوونی نەتەوایەتی و بووەتە نوێنەری ئازار و دەلالەتەکانی. تاکوو ئێشی مێژوویی و تەریک کەوتنی و پەرتەوازە بوونی بە زمانێکی بەربڵاو بگێرێتەوە. ئەویش بە زمانێکی هونەرمەندانەی گێڕانەوە و بە ڕەچاوکردنی پێکهاتی بەجێی گێڕانەوە و تێکنیکە نوێیەکان. ڕۆمانی ئەم دواییەی کوردی دەیەوێ شان بدات لەشانی زمانەکانی دیکە کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە و وەک زمانی کوردی قەتیش ڕێگەیان لێ نەگیراوە. ئەمە شتێکی دڵخۆشکەرە، هیوایە و داهاتووی باشی لەپێشە بۆ زمانی کوردی.

لە چەند ساڵی ڕابردووەدا چەند ڕۆمان بەزمانی کوردی بڵاو بوونەتەوە کە هەموویان جێی سرنجن و نیشانەیەکی ئاسۆدارن بۆ زمانی کوردی، یەک لەو ڕۆمانانە ڕۆمانی " ئەلف/یا" ی ڕەزا عەلی‌پوورە. کە تازە کەوتووەتە کتێبخانەی کوردی.

رەزا عەلی‌پوور ناوێکی ناوازەیە و لە پڕ نەکەوتووتە ناوگەی ناوان. لە مێژە بار و دیوی نووسینی خۆی دیاری کردووە و پەنجە و شەقڵی نووسینی دیارە. زۆربەی نووسینەکانی تا ئێستە شیعر و وتاری ئەدەبی و سینەما و ڕەخنەگری بووە. "ئەلف/یا" یەکەم ڕۆمانی ڕەزا عەلی‌پوورە. هەر بەم ڕۆمانە سەلمێنراوە کە نووسەرێکی هەڵکەوتەیە. وەک گوتوویە: "من بروام به نووسین نیه بروام به نووسینه‌وە هه‌یه،" ئەلف/یا ش، بەرهەمی نووسینەوە و چەندین جار نووسینەوەیە، لێرەوە رۆمانێک نییە بەیەک هەناسە بخوێنریتەوە و پاشان وەلا بنرێت. ڕێگە نادات نەدیو بگیرێت و ناهێڵێ یەک نەفەس و کەیفخۆشانە بە کۆتایی بگەیت، مل نادات و بەرگری دەکات، بە سانایی خۆی بە دەستەوە نادا. دەتخاتە دوو دڵی، دەتخاتە مورەکەبدانی رەش و ئاڵ و سوور، رەنگاویت دەکا، دەتکا بە نیشانە کە هەموو ئاماژەت پێبکەن. دەتخاتە نێو ترس و دڵەڕاوکێ. دەتخاتە نێو شک و گۆمان و دڕدۆنگییەوە. لێناگەڕێ ئۆقرە بگریت دەتبا و دەتهێنێتەوە لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنێکی دیکە. هەروەها توشی شیعر و خۆشەویستیت دەکا. توشی هەراس و عەشقیش.

 بە پێی هەمووی ئەو پێناسانەی کە لەسەر ڕۆمان کراوە لە هەموو بارو بوارێکەوە هەر لەسەرەتاوە تاکوو هەنووکە، لە کورتە زەمەنێک بە هۆی موتاسیونی زمانی کوردی لەبەر رووناکایەکی تەسک کە بۆی کراوەتەوە، هەروەها بە هەوڵی بڕێک نووسەری لێهاتوو و هەڵکەوتە، نووسین و کتێبخانەی کوردی سەردەمی ڕۆمانی کلاسیکی تێ پەڕاندووە و ئێستەش بووەتە خاوەنی ڕۆمانی مۆدێڕن و ئاوانگارد. لەم بوارەدا قسەی نوێی بۆ گوتن هەیە و خەریکە لە گەڵ ڕۆمانی دەروهاوسێ و دەوروبەر هەڵدەزنێ و خۆ دەنوێنێ. لەم پێناوەدا ئەلف/یا ئەو دەقەیە کە لێرەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.

ئەلف/ یا، رۆمانێکی خوازەیی و ئیستیعاری سرنج بزوێنە؛ هەم لە باری هەڵبژاردنی سووژە و هەم پێکهات و شێوازی گێڕانەوە. ئەزمونێکی نوێی نووسینە لە گێڕانەوەدا. دەبێ بوێر بی و زانستێکی مێژووی باشت هەبێ تاکوو سووژەیەکی ئاوا هەڵبژێریت و دەرەقەتی داڕشتنی تێم و مۆتیڤی وەها بێی بێی. کەم ڕۆمان نووسی کورد خۆ لە قەرەی ئەم چەشنە گێڕانەوەیە دەدا. واتە ئەمە دژوار و ڕیسکە کە لە دوو زەمەنی جیادا و بە دوو چەشنە پەخشان و دوو گێرانەوە بڕۆیتە پێشەوە و باسی دوو سەردەم بکەی. رۆمان باس لە میژووی وڵاتێک دەکا لە شارێک کە پێویستە ڕۆمانیانە لایەنی داپۆشراو و و رووخساری کۆن ونوێی وەدەر بخات. بێ ئەوەی مێژوو بنووسێت، بە ڕۆمان مێژووەکەی نیشان بدات، کە وا دەکات. ".  بە نەخشەیەک چێ کراون کە ئەو ساڵانە رووسی سازی پێ دەگوترا". دەکرێت ئەمە ئاماژەیەک بێت بە شەڕی دووەمی جیهانیی و داگیرکرانی شاری سنە بە دەستی ڕووسەکان کە شیوازێکی چێ کردنی خانوبەرە وەک مۆڕکێک لەوان بە جێ مابێ. یان کاتێ کە باسی شێوازی پەرەسەندنی شار دەکا ئیماژەکان ئەوەندە جیاواز و داهێنەرانەیە کە پێت خۆشە چەندجار بگەڕێیتەوە و بیخوێنیتەوە: "وا دەزانی ڕیزی ماڵەکانی ئەم گەڕەکە هێشتا وەک ددانی کەوتوو کەل ماون". یان کاتێ باسی سەردەمی نوێی سنە دێنێتە گۆڕێ کە دیسان داگیر کراوە، زۆر کورت بەڵام بە وردی باسی شەڕی چەن رۆژەی سنەی چیرۆکیانە نیشان داوە "وەک شارە مێروولە چەکدار ڕژابوونە گەڕەک" هەموو ئەمانە بێ ئەوەی لەسەری بڕوا نیشاندراوە بەڵام نەیهێشتووە ببێت بە رۆمانێکی مێژووی.

توێژێکی دیکەی ڕەوایتی ئەلف/ یا بەسەرهاتی نووسەر و مامۆستایەکی قوتابخانەیە کە نووسەر لەم بەشەشدا بە وردی و کارامەییەوە نەیهێشتووە ببێت بە بایوگرافی وحەدیسی نەفس. دابەشکردنەکان جۆرە مونتاژێکی سینەماییە کە بڕگە بڕگە ڕاشەکانی بە یەکەوە لکاندووە بێ ئەوەی خوێنەر لێی تێک بچێ بە دێڕ و ڕستەی کورت و درێژ، زەمەن بەرودوا پێدەکا و دەیگۆڕێت و تاک کۆ لێک دەکاتەوە و فۆرم دەگۆڕێ.

ئەلف/یا رەخنەیەکی تاڵە لەمێژووی ڕابردوو و ئێستە بەڵام بە زمانی گێڕانەوە نەک ڕەخنەگرانە. ڕۆمان بە باشی نەبزی خوێنەری گرتووە ودەزانێ لەکام جێگە و شوێن بەسەرهات و فەزا تێک بشکێنێت، ئەویش بە نەسرێکی، بە جێ، پاراو و داهێنراو. دیارە نووسەر نەک هەر لە سەر گشتییەتی دەقەکە و پاژ و ڕشتەکان لەسەر هەر وشەیەک و پێوەندیی پاژەکان پێکەوە بە وردی بیری کردۆتەوە و زانیویەتی کام بەش و پاژ و کام وشە لە کوێ و چۆن دابنێت و چ ڕستەیەک و بە چ شێوازێکی گێڕانەویی بهۆنێتەوە. بە دەگمەن دەبینرێ وشە لە جێگای خۆیدا و بە شێوەی دروست دانەنرابێت و بە دروستی نەگێڕدرابێتەوە. بە تایبەت لەو بەشانەیدا کە لە زمانی ئامیدییەوە نووسراوە. لە هەندێ بەشدا شیعر و پەخشان، خوازە و مەجاز، شان لە شانی یەک دەدەن و ئەندێشە و هەست دەبزوێنن.

رۆمان لە سەرەتای هەر بەشێکدا بە دەقێکی کۆنی حەکایەت ئاساوە دەس پێ دەکات. دیارە نووسەر مەبەستی تایبەتی هەبووە و بە هۆی باس و خواس و چۆنیەتی ئەو بەشە و کۆی دەقەکەوە هەڵی بژاردوون. نووسەر وەک ئەندازیارێک سەرەتا ستراکتۆر و سازەی ڕۆمانەکەی داڕشتووە، دوایی وەک میعمار و یان دیکوراتۆرێک بە مێتر و سانتی مێتر ناوەوەی ڕازاندووەتەوە. ئەم ڕازاندنەوەشە، کاتێ کە دێتە سەر و ماڵی والی، دیوانخانێ و شوێن و نیشتنگەی میرمونشی دەگاتە تەشقی خۆی. سەرەتای بەشی یەکەم ئاوا دەست پێدەکا: "زۆربەی خاقانەکانی چین پێیان وایە هەموو شتێک بۆ نووسین نابێت و ناشێت" بۆ؟ نووسەر بەم ڕەستەیە هەم دەمانخاتە بەردەم پرسیارێک هەم هانمان دەدا تا بۆ وەرامی پرسیارەکە درێژە بدەین و بگەڕێین. وردبینیمان ختوکە دەدا و بە باسی خاقان بەرەبەر بۆمان دەسەلمێ کە بیر لە مەترسیی و کوشندەیی سانسۆر و یادەوەری بکەینەوە، وەک چۆن کەسێتیی ئامێدی و یووسف هەر کام بە جۆرێک لەم ڕۆمانەشدا توشی هەمان کێشەی سانسۆڕ و فەرامۆشی و یادەوەری دەبن و هاتوون. یان بە دیویکی دیکەدا دەیەوێت بڵێ ئەوەی بۆ نووسین نابێت وناشێت من دەمەوێ بینووسم. خاقانی چین "دوازدە پیاو و دوازدە ژنی خۆش زاکیرەی لە منداڵییەوە بۆ خزمەت گوزاریی کوڕەکەی دانابوو فەرمانی دابوو چرکە بە چرکەی ژیانی لەبۆ ئەزبەر بکەن" جا چارەنووسی ئەو بیست و چوار کەسە چ دەبێ؟ بیست و سێ کەسیان لەبەر وەبیر هێنانەوەی ژیانی سەرەتایی تا ئەو ڕۆژە کوڕە دەسەڵاتی بە دەست گرتووە دەگێڕنەوە. کوڕ کە ئێستە خۆی خاقانە وەڕەز دەبێ، ملی هەموویان دەبڕێ. جگە لە یەکێکیان کە خۆی لە فەرامۆشی دابوو. زیرەکیی نووسەر ئەوکات بۆ خوێنەری ورد دەردەکەوێت کە هەر ئەم دەقە کۆنەی لە سەرەتا و دەسپێکی ئەلف/یادا هێناو و بە کۆی ڕۆمانەکەوە گرێی داوەتەوە.

 

                    

 

ئەم ئایدیایە، بەرە بەرە لە ڕۆماندا دەسەلمێ کە گێڕانەوەی راستەقینە لەسەر مێژووی راستەقینە و دەقی ڕاستەقینە، چ بۆ ئەوکات و چ دووسەد ساڵ دواتریش کارێکی مەترسی دارە و بۆ مانەوە زۆر جار دەبێ خۆ لە فەرامۆش کاری و لادان و نەدیتن بدەی. هەر ئەم چەند دێڕە کە وەک حەکایەتێکی کۆن لە سەرتاوە هێناویەتی، هاندەرە تاکوو ڕازو ڕەمزی کوڕی خاقان و گێڕەوەرەکانی بە شێوەی جودا و بەرەبەرە لە دوو توێی ئەم ڕۆمانەشدا دەرکەوێ. کارکردێکی دیکەی ئەوەیە دەمانخاتە گێژاوی گێڕانەوە تاکوو دەس هەڵگری خوێندنەوە نەبین. هەر لەم دەقەدا گەرای کارەکتەری ئامێدی دادەنرێت و و بەرەبەرە سەرهەڵدەدا. بۆ ئەوەی ئامێدی وەک کارکتری سەرەکی رابردوو ببێتە کارکتری زێندوی ئێستاکە، پێویستە ڕێکارێک دابنرێ. بۆ ئەم رێکارە نووسەر و مامۆستایەک دەبێ بە گێڕەوەر کاراکتەری سەرەکی ئێستاکەی رۆمان و وەک نووسخەخوێنێک دەکەوێتە گێژاوی نووسینەوە و ڕێخکخستنی بەسەرهاتی خەتخۆشێکی ئاوارە و ماڵ بە کۆڵ. "کەرەمی میران و لوتفی وەزیران نەبایە تا ئەمێستە حەفت کفنانم ڕزاندبوو. " ئەم دوو کارکترە لە دوو ڕوواڵەت، زەمەن دەشکێنن و لە زۆر جێگە دەبن بە یەک. دوو زەمەنی دڵتۆقێنەری پڕ لە سام و پڕ لە مەترسی. دو زەمەن کە هەموو هەڵبژاردن و هەموو بڕگەیەکی شک و هەراس و دوو دڵییە.  کاراکتری ئێستا و هەنووکەش کە نووسەرو مامۆستاشە لەبەر بێکاری و زیندان و کێشە زێهنییەکانی خۆی پێویستی بە کارە تاکوو رۆژگار بەسەر ببا، جیا لەوەش ماڵ و سامانی لە بۆ ئەوەی کاری تجارەت بکا لە دەس داوەو ژیانی خێزانیشی هەڵواسراو و ئاوێزان ماوەتەوە. لە دارای دۆنیا ماڵێک و دووکانێکی هەیە کە میراتی باوکێتی. خوشک و ژن داوای حەقی خۆیان دەکەن. دەڵێن ئەم کەلاوەت بۆ چییە. بیفرۆشە. پارەو حەقی ئێمەش بدە. لێرە ماڵ وڵاتە. وڵات خاکە. نابێ خاک بفرۆشرێ.

"لە کوێ بمرم؟ ئەگەر بیفرۆشم لە کوێ بمرم؟" ناڵێ لە کوێ بژیم؟ "مردن بۆ من بە شوێنەوە گرێ دراوە. . خۆزگە بمزانیایە لە سەد چەندی وەک منە. " ئەم پرسیارانە وەک لایەنی هەستیناسانەش گرنگن. خاک و وڵات فرۆشی دزێویی زۆرە. دەبێ لە سەر خاک بمری. "ئەگەر بڵێن فڵانی مرد، دەسبەجێ دەمەوێ بپرسم لە کوێ؟ نەک چۆن مرد، نەک کەی مرد". ناڵێ لە کوێ بسرەوم. دەڵێ لەکوێ بمرم. لێرەدا ڕوانگەی دەروون ناسی سەر هەڵدەدا: مروڤ لە نا عیلاجی دا دەست دەخاتە هەر کونایەک بێ ئەوەی بێر بکاتەوە کە گاهەز کونای مار بێ" لەبەر ئەوە خاک و زێدی لە دەست نەدا. ئەو بە حافزی گوتبوو: (یووسف نووسەرو مامۆستای دەرکراوی قوتابخانەیە، توانای ئەو کارەی هەیە. دڵنیام هەر ئەوە نەبووە. گوتوویەتی زۆریش پێویستی پێیەتی. وابوو). بە "وابوو"یەک لە دێرێکدا دوو جۆر گێڕانەوە دەبینین. ئەم چەشنە جێگۆڕکێی گێڕەوە و گۆشەنیگا و پێکهاتی جودای گێڕانەوە و گۆڕانی گێڕەوەری یەکەم کەسی و سێهەم و دانای گشتزان و.  لە زۆر شوێن و بەش بەبەشی ئەلف/ یا دا دەبینین. بە یووسف کە مامۆستا و نووسەرە پێشنیار دەدرێت کە کۆمەڵێک دەستنووسی پرش و بڵاو کە هەرکام لەشوێنێک کۆ کراونەتەوە ڕاست بکاتەوە. بیکات بە کتێبێک بۆ ناوەندێک کە تا کۆتایی ڕۆمانەکە تێناگەین. "پێشتر نەک هەر کاری لەو چەشنەم نەکردبوو، بە چاوی سوکیش سەیرم دەکرد. پێم وابوو کاری پڕ و پیرانە". ئاماژەیە بەوە نووسەر و خوێنەری ئیمڕۆیی کە بە خۆبایی و بە چاوی سووکەوە لە دەق و کێشە مێژوویەکان دەڕوانن کە دواتر سەبارەت بە یووسف دەردەکەێ دەقە کۆنەکان لە سەر ژیانی کاریگەرن و ڕوونکەرەوی مێژوو و دەقی ئەدەبین. "بە خۆی دەگوت مێژووناس، کەچی زیاتر ڕەوشتی دەڵاڵی هەبوو" ئەم وردەکاری و وردبینی و ئیماژ و خوازە و ئیستیعارانە تەنراوەتە هەموو شوێنی ڕۆمانەکەوە. خودی ئەمەش دەتوانێ وەک ئیستعارە بێ بۆ مێژووی پەرتەوازەی کورد، کە هەرکەسێک بە مەیل و بۆچوونی خۆی بێ ئەوەی شارەزایی و زانستێکی ورد و مێژووی ببێ شتێکی نووسیوەو مێژووی کورد لێڵ بووە.

نووسەری ئەلف/یا دوو هێڵی سەرەکیی گێڕانەوە لە پێش دەگرێ وە دوو شێوازی نووسین دادەهێنێ. ئامێدی دەبێتە ئەو کەسە کە تا سەردەمێک خۆی لە فەرامۆشی داوە و ئێستە دوور لە ئەغیار دەیەوێ ئەوەی ناشێ بنووسرێت بینووسێت. دواتر دەبینرێت خودی یووسفیش دەکەوێتە هەمان حاڵەت و دۆخەوە.

وەک گوترا یووسف وەک کەسێتییەکی پرابلماتیک؛ چ زەینی چ عەینی تووشی کێشە هاتووە و مامۆستایەکی قوتابخانەیە کە دەرکراوە. بۆ ماویەکی کورتیش دەس بەسەر کراوە. کە کۆمەڵێک ترۆمای بۆ زیندوو دەبێتەوە، نووسەر بە هەر هۆیەک ورد نابێتەوە تا بزانین لەبەر چی و بە هۆی چیی دەسبەسەرکراوە. بڕێک ئاماژە دەکا: "دیسان هەر وازت نەهێنا وفڕک وهۆڕت کرد، تاسەردانی نازانم چ شوێنێکت کردبوو و وەهات بەسەر خۆتدا هێنا کە هێنات. ئاخر مەعەلیم چی داوە لەبەزم و هەرای سیاسی" دەڵێ کە گیرانی هۆی سیاسی بووە. بەڵام شێواز وا دەگۆڕێ ئەو پرسیاڕە نەبێتە ڕەخنەیەکی سەرەکی، چون ئەوەمان پێدەدا تاکوو قەناعەت بکەین لەسەر هەرچی بووبێ بەئەرێنی چاو لە مامۆستا بکەین و ئێستە چاوەڕێ ئەوەیە حوکمی بۆ دەرکرێ و بزانێت چی بەسەر دێ. لە زیندان لە گەڵ کەسانی دانسقەی زۆر ئاشنا بووە، یەک لەوانە کوڕێکە کە ئامۆزای حافزی بییناییە و لە ناوەندێک وەک دەڵاڵ یان کارگێڕ کار دەکا، پێشنیاری کارێک بە مامۆستای دەرکراو دەدا کە ئێستە زۆر پێویستی بە پارەو دراوە. ئەویش ساغ و راست کردنەوەی‌ هێندێک دەست نووسی پرش‌و بڵاوە کە خودی ئەم کارە دەبێتە هەوێنی سەرەکیی ڕۆمانی ئەلف/یا. لە دوو گێڕانەوەی تەریب و مەوازی کە نووسەر هەردووکیان وەک هێڵی قەتار بێ ئەوەی یەک ببڕنەوە دەباتە پێشەوە. نووسینی دوو شێواز و هێنانی دوو فەزا و دوو سەبکی جیاواز و دوو ڕەوایتی کۆن و نوێ. سەنەویت و دووالیزمێکی زیرەکانە لەم ڕۆمانە دەر دەکەوێ.  هەمووشتێک دووانەیە. هەر لە ناوی کتێبەکە بگرە تاکوو کارکترەکان و تاکوو پێتەکان و ئەشق و ئەوین، ئەلف/یا. یووسف و ئامۆزا، یووسف و حافز، یوسف و لەیلا، یوسف و ئایسان. ئامێدی و داوود، ئامێدی و بسمێ. . وەکوو تەقسیماتی میتووزی، دوو لەدوو، کارێکی سانا نییە. نووسەر بە وردبینی و وریاییەکی زۆرەوە بەری هوروژمی نووسین دەگرێ و ناهێڵێ شهوودات بەسەر قەڵمیدا زاڵ بێت و ڕۆمانەکە لەو ڕەوتە کە پێویست و بە جێیە بکەوێ. بۆیە بە وەسواسێکی زۆرەوە بەری بە زێدەبێژیی گرتووە، ئەویش بە ڕستەگەلێکی کورت و پڕ واتا کە ناوەڕۆکی هەر دێڕێک لەو ڕستانە بۆ نووسەری ئاماتۆر بە چەندین لاپەڕە نانووسرێ. ئاوا نووسینێک ماندووبونێکی زۆری دەوێ. جگە لەوە پێویستی بە پسپۆڕێتیش هەیە. مەبەستم وەسف و پیاهەڵدان بە ڕۆمانەکەدا نییە، بەڵکو دەمەوێ بێژم، نووسین ئەوە نییە هەرچی لە مێشکدا زرینگە و درەنگەی دێ دەبێ وەک دەقی موقەدەس چاوی لێ بکرێ. نووسینی داهێنەرانە فێربوون و موتاڵای زۆری دەوێ و هەروا تیکنیک و زیرەکی و تازەگەری خۆی پێویستە. لەم بوارەدا لە ڕۆمانی ئەلف/ یا زۆر شت لە بەرچاو گیراوە. بۆ نموونە وەک ئاماژەم دا دوو دڵی و ترێز کردن، کە هەوێنی ترسە. ترس ‌لە سەر هەموو مرۆڤێک زاڵە، بەڵام نیشان دانی ئەو ترس، شک و گومانە کە خوێنەر هەستی پێ بکا زۆر گرنگە، ئەم ترس و دوو دڵییە لە سەرانسەری ئەم ڕۆمانەدا بەدی دەکرێ.

"- بڵێ کاری من نییە" نەمگوت. گوتم مەرجم هەیە. نەمگوت. من خۆم مردووم، دەبێ ئەمە زیندووم بکاتەوە. نەمگوت. لە باری دەروونییەوە نەگوتن نیشانەی ئاتاجی و ترسە، دەرخەری دۆخ و پرابلێماتیکبوونی کەسێتیشە. نامەوێ لەباری دەروونناسیەوە لێبکۆڵێمەوەو ئاماژە بە فرۆید و لاکان و یونگ بکەم، ئەم ترس و گومانە شێوەی لە ترس و گومانی نەتەوەی کورد دەچێ. جیاوازتر لە هەرچی ترس و گومانەکانی دیکەیە.

"حافز گوتی: ئامۆزاکەم تۆی بە ئێمە ناساندووە.

لەبەندێک و سلوێکدا بووین"

سرنج بدەن، کە چۆن بە تاقە دێڕێک بە خوێنەر دەڵێ لەگەڵ ئامۆزاکەی هاوبەند بوونە.

هەر ئەم دوو دێڕە بە فەزاسازیی، زەینی خوێنەر دەخاتە ڕێ کە ئەو شتانەی وا پێویستی بوو نووسەر لەسەری بینووسێ خودی خوێنەر فەزاکە بۆ خۆی بخۆڵقێنێ، بۆ خۆی زیندوی بکاتەوە. یانی یووسف، مامۆستایەکی لە ئیش دەرکراوە کە لەگەڵ ئامۆزای حافز یەکیان ناسیوە. ئەویش چیرۆکی مامۆستای بۆ حافز باس کردووە، حافزیش‌ یووسفی دۆزیوەتەوە، پێشنیاری کاری پێداوە. "پاییزی 1387 بوو، لە زیندان بەردرابووم کە ئەم پێشنیارەم پێ درا". هەموو لە یەک دێڕدا وتراوە. چۆن ئاشنا بوون. چۆن قسەیان گەیشتوەتە ئەوەی کە یووسف مامۆستایە و نووسەرە. چی لە نێوان ئەم دوکەسەدا وتراوە بە چەند دێڕ وەها نووسراوە کە خوێنەر خوی هەمووی ساز دەکاتەوە ئەمە نیشانەی وریایی نووسەرە. هەروا کایەکردن لە شێوەی ڕەوایەت بەشێکی بە قووەتی ئەم رۆمانەیە. لە کەڵک وەرگرتن لە گۆشەنیگا و گێڕوەوەری جیاواز وەک یەکەم کەس تا سێهەم و تەنانەت بێ ڕەوایەتی. ئەم شێوە گێڕانەوانە و کۆمەڵێک تەکنیکی دیکە جودا لە لایەنی فۆرمیکیان دەبێتە هۆی ئەوەی خوێنەر دەست لە خوێندن بەرنەدا.

نووسەر ئاگاداری ئەوەیە بەرەولای بیرەوەری و حەدیسی نەفس نەکێشێ، بڕگە بڕگە تاڵی و ترشی و گیرو کێشەی یووسف دەهۆنێتەوە. بە دێڕی کورت. هەر دێڕێک دەمان خاتە شوێنێک وەک هەلۆرکە دەمان لەقێنێ، چێژمان دەبخشێ. وردە وردە تەرخانمان دەکا بمانخاتە نێو چیرۆکێکی دیکە کە هەمان دەسنووسەکانە. هونەری نووسەر لێرە بەدوادا دەردەکەوێ.

بە جورئەتەوە دەڵێم ناتوانین بڵێین ئەلف/یا رۆمانێکی کوردییە، بەڵکوو دەکرێ بگوترێ رۆمانێکی سەرکەوتووە کە بە زمانی کوردی نووسراوە. جیاوازی زۆرە لە نێوان رۆمانی کوردی و رۆمانی باش بە کوردی. رۆمانی باش بە کوردی بە هەموو زمانێک دەخوێنرێتەوە و رۆمانی کوردی بە کوردی تەنیا شەپۆلێکە و لە بیر دەچێتەوە.

هێز و توانستێکی دیکەی رۆمانەکە ئەوکاتە وەدەر دەکەوێ کە دەستنووسەکان دەس پێ دەکا. نووسەر لێرەوە خەیاڵ وەک مۆم زاڵ دەبێت بە هەر بارێکدا پێویست بێت دەیشێلێ و نەقشی جوانی لێ دەهۆنێتەوە. نەسرێکی جیاواز دادەتاشێ کە ڕێک لە دەستنووسە کۆنەکان دەچێ. هەر بەم رێکارە رۆمان دەبێتە دوو بەشی لێک جیا نەک لە ناوەڕۆکدا بەڵکوو لە نەسر و شێوازی زاراوە و پاشان بە دواهاتی ئەمەش دوو دەنگی و چەند دەنگی و چەند گوتاری بوونی دەقەکە دەبێت. بە زمانێکی دیکە؛ لێرەوە شانۆگەرییەک دەست پێدەکرێت. یووسف دەڕواتە پشتی پەردەو ئامێدی لە شێوازێکی دیکەدا دێتە سەر شانۆ. بەسەر هاتی ئامێدی هەر بە شێوازی سەردەمی خۆی دێتە گێڕانەوە و دیتن. لەم بەشەدا نووسەر دەپەرژێتە سەر خەت و خەتاتی و کیتابەت و ڕۆمانیانە هەڵیاندەنێ. بەوردی و زراڤی لە سەر خەت و خۆشنووسی دەدوێ. زانینی ئەو شتانە هەروا بە دەست نەهاتوو. بێ گومان نووسەر کات و زەمانێکی زۆری تەرخان داوە تا وردبینانە لە سەر خەت و جوان نووسی و مورەکەب و جەوهر بنووسێ. لە زمانی یەکەم تاکی دووەم ئامێدێ هەموو شتێک وەک زەنگیانە دەهۆنێتەوە. دەبێژێ کە ئەشق بە جوان نووسی و خەتاتی چی لێ کردووە و چۆن گەیشتوەتە پلەی باڵای جوان نووسی. ئەمەش ئاماژەیە کە نووسەریش هەروا بە خۆڕای ناتوانێ ناوی خۆی نووسەر دانێ. دەبێ ڕەنجی نووسین بکێشێ." تا دەهات ئەوەی زەینی دەبردم نەک کتێبەکە و ماناکەی، خەت و چەشنی نووسینەکەی بوو. وادەبوو پەڕەیەکم دەخوێندەوە بێ زەێنم لەسەر ناواخنی مەعنای بووبێت. " شێوازی خەت زۆرتر بەرەو لای خۆی کێشاوە." پەڕەی سپی نەمابوو نەینووسم".. ئەوینی خەت وای لێ کردبووو ئەگەر هیچی لەبەر دەستا نەبوایە وەک جندۆکان لێ دراو بە پەنجە لە حەوادا ئەلفی دەنووسی و بێ درێژی دەکێشا. . لێرە کایە کردن بە پیتەکانی نووسین ئەوندە جوانە دەڵێی شیعر دەخوێنیتەوە، تەنانەت باری فنووتیکی پێتەکانێش لە بەرچاو گیراوە. وەک شانووگەرێ پیتە دەنگ دارو بێ دەنگەکان پیشان دەدا.  دەبێتە سەمای پیت.  چێژ بەخش و پڕ ئاهەنگ. جا دێتە سەر ئەوەی تاگەیشتووە بەو مەرتەبە کە چەندە سەمەنۆکی کێشاوە. " قامیش و زەلی گەلێک چۆم و گۆمم لە کۆڵ ناوەو بەلاپێ و لاڕێدا، لەگەڵ کاروانیی دەستوچاوپاک و ڕێگرو جەردە بەرەوشاران وەڕێ کەوتوومە. زۆرم کۆرەوەری دیتوە تا ڕاهاتووم چۆن ئەلف هەتا یا بە خنجەخەت بنووسم". . جودا لا کارامەیی لە گێڕانەوەدا، ئەوەنەدە بە چێژ و تام بەسەرهاتی خەتخۆش دەڕازێتەوە کە خوێنەر نایەوێ قەت بە کۆتایی بەسەرهاتەکە بگات. ئەم بەشە بە تەواوی لە بەشەکەی دیکە داتدەبڕێ.  هەر بەتەواوی بەسەر هاتی یووسفت لە بیر نامێنێ. . شێوە نەسری داهێنراوی دووسەد ساڵ لەوە پێش هەڵت دەگرێ و دەتخاتە زەمەنێکی دیکە کە زۆر لێت دوورە." ئەزبەنی خەیاڵ مەفەرموون بێ ڕەنجە، لە جلەوگرتنی ئەسپێکی پەت‌پەسێن چەتوون ترە" دا‌هینان و هۆنینەوەیەکی شاعیرانەیە. جا ورد ببنەوە چۆن ئیجاز و تەشبیهات دەڕژێتە زاری خوێنەر" کەوی کردنی "لام" و کاف" لە کەوی کردنی تەیری سڵۆک هاسانترە". بە زمانێکی کلاسیکی؛ نووسەر هەوساری ئەسپی خەیاڵ بەدەستەوە دەرگرێ و ناهێڵێ بە لاڕیدا بغارێنێ.  دیەوێ لە دەشتو سەوزەڵانی زمان بە نەرمەغار پێنووسی ڕەپێش بخا. بەری ئەسپی قەڵەم بەر ناداو ناهێڵێ خوێنی پێنووسەکەی بە سەهوو برژێ.

ترس و سانسۆر و نەدرکاندنی بیرو و ئەندیشە، بێ زەمان و لازەمانە. ئێستە و ڕابردوو ناناسێ. هەر ئەو ترس و بیر نەدەرکاندنەیە کە کۆن و نوێ دەخاتە بارودۆخێکەوە. تێگەیشتنی مێژوویی پێک دێنێ.

وەک تەجرەبەی خوێندنەوەی خۆم، جار جار لە بیرم دەچوو سەر قاڵی خوێندنەوەی ڕۆمانێکم کە بەکوردی نووسراوە. وام هەست دەکرد خەریکم رۆمانێکی ناباکۆف دەخوێنمەوە. لە فەزای زمان دەردەچووم. کاتێ وە خۆم دهاتمەوە بزە دەیگرتم و شاگەشە دەبوومەوە کە ئەم رۆمانە بە کوردی نووسراوە. هەر لە بەر ئەو ترس و دڵنگەرانی و چاوەدێڕیە. "ئەزبەنی من زۆرم بیستووە و کەمم لێکۆڵیوەتەوە. هەرچیتان فەرمووە مخابن هەر وەهایە، ئەوەی بینووسم دەینووسم. هەندێ قسەش وەک ئەمانە باسی سەرە، خویشم ناوێرم بە خۆمیان بڵێمەوە". لە سۆنگەی ترس لە حەزف و گێڕانەوەی ڕاستی، لە زەمەنی داوود ئامێدیی خۆشنووس و یووسفی ئێدیتۆر و وەرگێڕ لەباری دەروونی و سیاسی جیاوازیەکی ئەوتۆ نابینرێ. هەر هەموومان لە لایەن حاکم و والییەوە، میر مونشیەک بە سەر سەرمانەوەیە و دەڵێن دەبێ دیکتە بنووسرێت بۆ باڵا دەستێک. ئەمە یەک لە فەزاکانی زالی دیکتاتووریەتە.  دیکتاتووریەتی ئێستەو ڕابردوو. " گوتی لووت وەر مەدە لە شتی خەتەر". کۆمەڵێک لەم وردەکاریانە و ئەم ئاماژە ئیستیعارییە جیاوازانە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ئەم رۆمانە. لەمانەش بەدەر ئەم ڕۆمانە لەونێک سوورەتگەری و وێنەداڕشتنیشە بە خەتو وێنەکێشی. جۆرێک ڕەوایەت لە شیوازی خەتاتی. جۆرێک فەزاسازی بە خەت و وێنەکێشی.  زیندوو بوونەوەی سەردەمێک لە مێژوو کە لە بیر چووەتەوە. ئاماژەیەکی مێژوویی لە دوو ئەمارتی کوردی، بابان و ئەردەڵان.  هەروا رەخنەیەکی تاریخی لە شیوەی حکوومەت داری ژێر دەست نە سەر بەخۆ.  بەڵام نووسەر کەمتر خۆ لە قەرەی باسە مێژوویەک دەدا، چوون نایەوێت لایەنی مێژوویی لە سەر لایەنی ڕەوایەت و رۆمان زاڵ ببێ.  توێ توێ وەک دەسنووسی کۆن هەموو شت بە جێی خوی لە رۆمانی ئەلف/یا لا دەدرێ وەک توێکڵی پیاز، جار جار چاو دەتوونێنی و برێک جارێش لێو دەبزوێنێ و هەست دەگەشێنی و زۆر جارێش ئێش و ئازار دەکاتە مەرکەبێکی ڕەش و پێتا دەپژێنێ.  لەوکاتە کە دەستنووسەکان کە بە سەر هاتی ئامێدی خەتخۆشە ئامێدی و یووسف پێکەوە وە دەر دەکەون.  لەیەک کات دا بسمێ و ئایسان سەر دەردێنن. بەڵام پاش ئەوەی نووسەر بە دەیقەتێکی زۆر فەزایەکی کومیک تراژیک لە حوجرەی فەقیان کە مێژوویەکی دووروو درێژی هەیە بۆمان زیندوو دەکاتە باسی مەلایەک کە سێنگی پڕیەتی لە ئایاتی قورئانی بە نێوی مەلا گۆپ سوور دەکات بە شانوویەکی بێ هاوتاو دەمانخاتە نێو ئەو شانووە کە ئەوەندە دیارو زیندووە زەمەن وەن دەبێ هەمووشتێک دەگات بە بێ زەمانی. تەنزێکی ئیجگار تاڵ تەنیوەتە دێڕ بە دێڕی ئەم رۆمانەوە. لە چەپ نووسینی ئامێدێ کە نایەوێ کەس بزانێ دەتوانێ بە دەستی چەپیش بنووسێ وە تەنیا ئەوەی نەبێ خۆی لە مێشکیدا تێ دەپەڕێ کە ئەمەش دیسان ئیستەعارەیەکە بۆ ئیمڕۆ و ڕابردووی دەسڵاتی زێدەخواز و نێشانی دانی چەپ خوزان و ئازادی خواز کە هەمیشە لە مەتریسدان." خەتی ڕاستم لە چەپی خاو ترن" چەپ شۆڕش گێرە." نەموێرا بە چەپە بنووسم، دەڵێن مونشی چەپلەر بدودمە شەیتانە قەڵەمی بۆ دەگرێت. مەلایەکەی سەر شانە چەپە، خراپە دەنووسێ. " بێ ئەوەی باسێکی دوور درێژ بکەوێتە روو دوونیا ئیرتجاع و دژە ئازادی هەر لەم چەند دێڕە بەرجەستە دەبێ. کاتێ ئامێدی دێتە دیواخانی ئەردەڵان بۆ تاقی کاری و تاقی دەبێتەوە، زۆر لە روانگەی مێژوویەوە بەڵام نە بەزمانی مێژوو بە زمانی ڕەوایەت دەم و دەزگای دیواخان و چۆنیتی ئەو ئەمارەتە دەکەوێتە روو." ئەو دەمە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵ لەوەبەر. سەردانی دیواخانی والیت کردبوو لە سنە. شەش میرزایان هەبوو. هەر میرزا پاکار و نیوێکیان لە بەردەست بوو، . " لێرەدا لە سەر هەموو ئەوانەی لە دیواخانن دەدوێ. یەک لەوانە خەڵکی خودی سنەیە.. بەو زاراوە جوانە بەسەرهاتی خۆی باس دەکا کە ئەم شتانە لە کۆمەڵی کوردەواری زۆر باوە." خواوەن تەعالا وە قسمەت گ موسڵمانێکی کا توواف خانەی خوا. ئەوساڵە گەییمە خەومەت پێغەمەر گیان. ." شوێنێک نیە لەم رۆمانە لە خۆڕا و بێ کارکرد هاتبێت.  لە هەموو جێگەیکدا مەبەستێکی شاراوە یان دیار، تێیدا دانراوە. دووناودوونێکی مێژووییە. پێکهاتی ترسێکی ئەزەلی و کۆیلە بوونێکی میژوویی. چیرۆکی پێمل و گوێڕایەڵبوونیک کە دەبێ دەم و زەین و مێشکت قوفڵ بکەی. " لار بجووڵێتەوە ڕاستت ناکەمەوە، دەت بڕمەوە، باڵت هەڵ بێ باڵت دەورێنم. . وەکی کەر مل داخە و مڕەت لێ نەیە. چیت پێ گوترا هەر ئەوە بنووسەوە، ژنەفتت؟ وەک بەراز هەر بەردەمی خۆت ببینی، ژنەفتت؟ .

نامەوێ درێژە بدەم و لەسەر هەموو بابەتێکی ئەم رۆمانە بدوێم. بەڵام چەند خالی دیکەش هەیە پێم خۆشە بە کورتی بینووسم. یەکەم ژنێکی مینۆکی (اثیری) لە رۆمانی کوردیدا خەڵق بووە بسمێ یە. بۆ یەکەم جار بینیومە ژنێکی ئاسمانی لە چیرۆک و رۆمانی کوردیدا بەم جۆرە بخولقێت. بسمێ ئەو ژنە ئاسمانی مینۆکییە کە لە رۆمانی ئەلف/یا خوڵقێندراوە. یەکێ تر باسی جووەکانی کوردستانە لە رۆمان و ڕەوایەت بە زمانی کوردی و کەس بەو جۆرە نەپەرژاوەتە سەری. تەنانەت ئەو ترسی ئوستوورەی موساییە. کە خۆمان وەک مەسلیش دەڵێن. یارۆ وەک موسایی ترسە زاورە. چەند تێبینی و ڕەخنەشم لە سەر دەقەکە هەیە؛ بە ڕای من نەدەبوایە نووسەر دەری خستبا کە داوود و ئامێدی هەر یەک کەسن. دەبوو خودی خوێنەری رۆمان دەرکی کردبا. تەنانەت باسی ئەوەش کە گاهەز داوود وئامێدێ دووکەس بوون بەڵام بایۆسێکشواڵن.  ئەوەی ناوی حافزی بینایی هەڵ بژاردن بۆ کارکترێک کەمێک کلیشەییە و هەروا یوسفێش کە دەمانخاتە بیری یوسف پێغەمبەر کە دەکەوێتە سیاچاڵ و زیندان.  تەنانەت ناوی داوودیش لە بەر ئەوەی هەڵبژێراوە کە ئاشقی بسمێ دەبێت و لە دوا کاتدا پەنا دەبات بۆ کەنیسەی جووەکان.

" ئەم دەورانە چی لەمن تەڵەب دەکات کە ناتوانم بێدەمەوە". ...