A+    A-
(2,343) جار خوێندراوەتەوە


ڕانانى وەرزی یەکەمی زنجیرەی فرۆید و یەک بەیەکی ئیپسۆدەکانی

 

 

ڕەمەزان مەسعود

 

 

زنجیرەکە باس لە ساڵی ١٨٨٦ دەکات لە وڵاتی نەمسا کە چۆن دەروونشیکار سیگمۆند فڕۆید لەڕێگەی تیۆر و بۆچوونەکانیەوە بەتایبەتی هیپنۆسس (خەواندنی موگناتیسی) دەتوانێت زنجیرە تاوانێک ئاشکرا بکات.

•ئەم شیکردنەوەیە سپۆیڵی تێدایە!
بۆیە ئەگەر زنجیرەکەت نەدیوە باشتروایە سەیری زنجیرەکە بکەی ئینجا ئەم شیکردنەوەیە بخوێنیتەوە.
•هەوڵمداوە کە زۆر بەقوڵی باسی زنجیرەکە نەکەم وساکارترین زمان بەکار بهێنم تاوەکوو هەموو کەسێک بتوانێت لێی تێبگات.

 

زیگمۆند فڕۆید کێیە؟
ناوی ڕاستەقینەی سیگیسمۆند شلۆمۆ فرۆید ـە، لەساڵی ١٨٥٦ لە ڤیەننا لەدایک بووە، فڕۆید ناوێکی لەبیرنەکراوی بواری دەروونزانییە و یەکێکە لە کاریگەرترین زاناکانی نێو ئەو زانستە، فڕۆید دامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاریە و خاوەن چەندین دۆزینەوەی سایکۆلۆژییە وەک ئاید، ئیگۆ، سوپەر ئیگۆ، نەست، ڕەمەکەکان بەتایبەتی ڕەمەکی سێکس، گرێی ئۆدیب، گرێی ڕەگەزی، شیکردنەوەی خەونەکان و هتد...
فرۆید تیۆرییەکەی و زۆرینەی بۆچوونەکانی دەگەڕاندەوە بۆ ڕەمەکی سێکس و پێی وابوو کە زۆرترین کاریگەری هەیە لەسەر ژیان و ڕەفتاری تاک، وە ئەم ئاماژەپێدانە زۆرترین گفتووگۆ و دژایەتی لەخۆی گرت. وە سیگمۆند فڕۆید کاریگەر بووە بە هەر یەکە لە ئارسەر شۆپنهاوەر، فیردریک نیتچە، فیۆدۆر دۆیستۆڤسکی، چارلس داروین، ئەفلاتوون و هتد..
هەروەها چەند قوتابییەکی ناوداری پێگەیاند لەوانە کارڵ گۆستاڤ یۆنگ، ئەلفرێد ئەدلەر، لۆو ئەندریاس سالۆمێ و هتد...
فڕۆید لە ساڵی ١٩٣٨ لەترسی نازییەکان بەناچاری ڤییەننا جێدەهێلێت و ڕوودەکاتە بەریتانیا وە بە هۆی نەخۆشییەکەیەوە کە شێرپەنجە بوو لەساڵی ١٩٣٩ لە شاری لەندەن کۆچی دوایی دەکات.
زنجیرەکە بە زمانی ئەڵمانییە لە ژانەری تاوانکاری و بەرهەمی تۆڕی نێتفلێکسە، لەساڵی ٢٠٢٠ وەرزی یەکەمی دەرچووە کە لە هەشت ئیپسۆد پێکدێت، هەروەها هەر یەکێک لە ئیپسۆدەکان ئاماژە بەو چەمکانە دەکەن کە لەلایەن فرۆیدەوە بەتوندی وروژێنراون وەک هیستریا، تراوما و هتد.. وە کۆی گشتی ئیپسۆدەکانیش چیڕۆکێک.
ئەم زنجیرەیە کاری دەرهێنانی لەلایەن (مارڤن کرێن)ـەوە بۆ کراوە، لە نواندی (ڕۆبەرت فینستەر) لە ڕۆلی سیگمۆند فرۆید، (ئێلا ڕامف) لە ڕۆڵی فلێور سالۆمێ و (جۆرج فردریک) لە ڕۆڵی ئالفرێد کیس.
ئەوەی شایەنی ئاماژە پێدانە کە زنجیرەکە چەندان کەسایەتی دیاری ڕاستەقینەی ژیانی فرۆیدی تێدایە وەک (دکتۆر جۆزێف برۆیەر) ـی مامۆستای فرۆید، هەرچەندە لەدواییدا بەهۆی جیاوازی بۆچوونیانەوە لەیەکتر دادەبڕێن، لە زنجیرەکەش ئەوە دەبینین. وە فڕۆید لە کتێبی ژیان و دەروونشیکارم دەڵێت: پەرەسەندنی تواناکانم وایانکرد کار لەسەر شیکاری دەروونی بکەم و لێرەبەدواوە هاوڕێیەتی دکتۆر برۆیەر لەدەست دەدەم، وە مارتای خێزانی فرۆیدیش لە زنجیرەکە بوونی هەیە کە لەساڵی ١٨٨٦ هاوسەرگیری دەکەن و شەش منداڵیان دەبێت. لێرەدا ڵێڵییەک دێتە ئاراوە لەبارەی کەسایەتی سالۆمێ، لۆو ئەندریاس سالۆمێ کەسایەتییەکی ڕاستەقینەیە و لەژیانی فەیلەسووف فریدریک نیچە، شاعیر ڕەینەر ماریا رایلک و دەروونزان سیگمۆند فڕۆید دەبینرێت بەڵام کارەکتەری نێو زنجیرەکە ناوی لۆو ئەندریاس سالۆمێ نییە بەڵکوو ناوی فلێور سالۆمێ ـە، وە ناوی فلێور سالۆمێ لە ژیانی ڕاستەقینە نادۆزرێتەوە بەتایبەتی لە ساڵی ١٨٨٦. ئەم ڵێڵییە لە کۆتا دێڕەکانی شیکردنەوەکەمان ڕووندەبێتەوە.
فرۆید لە زانکۆی ڤییەننا لەساڵی ١٨٨١ بڕوانامەی دکتۆرا لە پزیشکی بەدەست دەهێنێت، لێرەبەدواوە دەستدەکات بەکاری توێکاری مێشک بەڵام وەکخۆی دەڵێت هێشتا هیچم سەبارەت بە نەخۆشییە دەروونیەکان نەدەزانی. خاڵی وەرچەرخانی فرۆید لە ساڵی ١٨٨٢ دەست پێدەکات و لەساڵی ١٨٨٥ بە وانەبێژ لەبواری سایکۆلۆژیا دادەمەزرێت. لە هاوینی ساڵی ١٨٨٦ وەک پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونیەکان لە ڤییەننا نیشتەجێدەبێت. لێرەداشایەنی ئاماژە پێدانە کە بەگشتی زنجیرەکە باس لە ساڵی ١٨٨٦ دەکات کە لەو ساڵەدا هێشتا سیگمۆند فرۆید نەبووە بە ناوێکی جیهانی و باوەرپێکراوی بواری زانستی دەمار و دەروونزانی بۆیە زۆرترین ڕێگر و ئاڵۆزی دێتە بەردەمی لە پرۆسەی دۆزینەوەی تاوانباران بەتایبەتی کە فڕۆید دەیهەوێت بە ڕێگای هیپنۆسس ئەم کارە بەئەنجام بگەیەنێت بەڵام لەکاتێکا کە هیپنۆسس لەلایەن زاناکانی ئەو سەردەمەوە بەهەموو شێوەیەک دژایەتی دەکرا و بە نمایش ناویان دەبرد، بەڵام لە کۆتایی زنجیرەکە بۆمان دەردەکەوێت کە سیگمۆند فڕۆید سەرکەوتوو دەبێت لە دۆزینەوەی تاوانباران بەڕێگای هیپنۆسس. هەرچەندە لە زنجیرەکەدا باس لەوە ناکات بەڵام ئەگەر شارەزایی ژیانی فرۆیدمان هەبێت ئەوە دەزانین کە فرۆید پاش گەشتن بە کۆمەڵێک سەرکەوتن لەبواری هیپنۆسس و بەکار هێنانی وەک چارەسەر و بەڵگەی بوونی نەست و چەندان دۆزینەوەی تر لەبەر چەند هۆکارێک واز لە هیپنۆسس دەهێنێت، وەک خۆی ئاماژەی پێداوە یەکێک لەو هۆکارانە بریتییە لەوەی کە یادەوەرییەکان دەگەرێنەوە بۆ نەستی تووشبوو وە لە زنجیرەکەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن چارەسەری هیپنۆسس بۆ ئالفرێد کیس دەکات و دەستی ڕاستی چاک دەبێتەوە بەڵام دواتر توشی هەمان حاڵەتی دەست لەرزین و گرژ بوونەکەی دەبێتەوە چونکە زانیارییەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەستی.
ئەم زنجیرە تاوانکارییە لە زنجیرەکەدا ئەنجامدرا لەلایەن سۆفیا و ڤیکتۆر کە لە خێزانی ساپاریەکان بوون، خێزانی ساپاریەکان هەنگاری بوون و دەیانویست تۆڵەی خۆیان لە خێزانی شاهانە و نەمسا بکەنەوە و ئاشتی و سەربەخۆیی بۆ هەنگاریا بگەڕێننەوە بۆ ئەم مەبەستەش فلێور سالۆمێیان بەکارهێنا بەهۆی هیپنۆسسەوە کە خێزانی ساپاریەکان بەتایبەتی سۆفیا ئەزموونێکی زۆری لە هیپنۆسس هەبوو وە لە مناڵییەوە کە فلێوری هەڵگرتبوویەوە کاری لەسەر کردبوو و ئەو کۆدانەی دەیوست لە نەستی فلێوری دانابوویەوە، بەجۆرێکی بەهێز کاری لەسەر فلێور کردبوو کە تەنها بە وتنی وشەی بخەوە فلێور دەچووە نێو حاڵەتی هیپنۆسس. بۆ ئەم تۆڵەسەندنەوەیەش خێزانی ساپاریەکان ئامانجیان ڕاکێشان و کۆنتڕۆلکردنی رودۆڵفی جێگری شای نەمسابوو بەڕێگەی هیپنۆسس لەلایەن فلێورەوە کە رودۆڵفی جێگری شا ئارەزووی لە جوانی و قەشەنگی فلۆر هەبوو هەمەش کارەکەی ئاسانتر کردبوو. وە خێزانی ساپاریەکان زۆر ئاهەنگ و کۆبوونەوەیان ئامادەدەکرد بۆ کەسایەتییە دیار و پلەبەدەستەکان ئەمەش تاوەکوو بەریەککەوتنیان لەگەڵ هەبێت و بیانخەنە حاڵەتی هیپنۆسسەوە.
چەند خاڵێک شایەنی باسکردنە لەسەر هیپنۆسس چونکە تەواوی چیرۆکی زنجیرەکەی لەسەر دەروات.
ئایا هیپنۆسس کار لەسەر نەستمان دەکات یاخود هەست؟
بێگومان لەکاتی هیپنۆسس کەسی ئەنجامدەر کار لە پانتایی نەستی کەسی هیپنۆسسکراو دەکات.
ئایا لەکاتی هیپنۆسس کەسی هیپنۆسسکراو کردەوەکانی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیەتی؟
نەخێر، کەسی هیپنۆسسکراو کردەوەکانی لەژێر دەستی کەسی هیپنۆسسکارە.
ئایا چۆن کەسی هیپنۆسسکراو ئەو کردەوانە ئەنجام دەدات؟
لەکاتی هیپنۆسس کەسی هیپنۆسسکار لەڕێگەی پەیام واتا قسەکردن بۆی دەتوانێت زانیارییەکان لەمێشکی کەسی هیپنۆسسکراودا دابنێت بۆ نموونە بەکەسی هیپنۆسسکراو دەگوترێک لەگەڵ بیستی وشەی هەشت ئەوا فڵان کەس بکوژە یاخود خۆت بکوژە ئەوا کەسی هیپنۆسکراو هەرکات گوێی لەو وشەیە ببێت ئەوا فرمانەکە جێبەجێی دەکات، ئەمە پێی دەگوترێت دانانی کۆد لە مێشکی کەسی هیپنۆسسکراو کە لە زۆر دیمەنی زنجیرەکە دەیبینین.
چەندان پرسیار و وەڵامی تر...

 

شیکردنەوەی ئیپسۆدەکان و ناونیشانەکانیان.

ئیپسۆدی یەکەم؛ هیستریا
لەدیدی فڕۆید هیستریا بریتییە لەو نەخۆشییە دەماریانەی کە هۆکارەکەی دەروونیە واتا دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکی کارەسات کە لە ڕابردوودا بەسەرمان هاتووە و چاپاندوومانە لە نەستماندا، دەستپێکی فڕۆید لە سایکۆپاثۆلۆژی لەگەڵ هیستریا بوو وە یەکەم ئیپسۆدی زنجیرەکەش هیستریایە وە هەروەها ئەو کارەکتەرەی کە زۆرترین باسی لەسەرە لە زنجیرەکە واتا فلێورسالۆمێ هیستریای هەبوو، وە فڕۆید دەیویست لە ڕێگای هیپنۆسس بگات بە نەستی کەسەکە و بیگەڕێنێتەوە بۆ کاتی ڕوودانی کارەساتەکە و هەڵگرتنی ئەو چەپاندنە لەپێناو چارەسەربوونی هیستریاکەی.
لە دەستپێک دەبینین کە فڕۆید خۆی ئامادە دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبەردەم دکتۆرەکان بۆ سەلماندی هیپنۆسس وەک چارەسەر بۆ هیستریا بەڵام فڕۆید ڕێگایەکی هەڵە دەگرێتەبەر بەبەکار هێنانی لینۆری خزمەتکارەکەی بە شێوازێکی نواندن و بەبێ ئەوەی کەسێکبێت کە هیستریای هەبێت. برۆیەری لێی دەپرسێت کە چ هیپنۆسسێک بەکار دەهێنی؟ فڕۆید دەڵێت: بەندۆڵەکە. بەڵام برۆیەر دەڵێت کە بەرکەوتن بەکار بهێنیت باشترە. لە کۆببونەوەکە فرۆید باسی گەشتەکەی ساڵی ١٨٨٦ بۆ پاریس و کارکردنی لەگەڵ شارکۆت دەکات لەسەر چارەسەری هیپنۆسس بۆ هیستریا، هاوکات شارکۆت دۆزەرەوەی ئەو چارەسەرەیە. لێرەدا فڕۆید باسی نەست دەکات و هۆکاری هیستریای بۆ دەگەڕێنێتەوە بەڵام ئامادەبووان باوەڕی پێناکەن. نموونەیەکی جوان دەهێنێتەوە دەڵێت:
بیهێننە بەرچاوتان من خانووێکم، ناوەوەم تاریکە، هەستم بەتەنها دەدرەوشێتەوە، وەک مۆمێک لەنێو بادا دەشەکێتەوە، هەندێکجار لێرە هەندێک جار لەوێ، هەموو شتەکانیتر سێبەرێنراوە، هەموو شتەکانیتر لە حاڵەتی نەستدان، بەڵام لەوێن، ژوورەکانیتر، دەرچەکە، ڕاڕەوەکە، قادرمەکان و دەرگاکان لە هەرکاتێکدابێت وە هەر شتێک لەناو تۆدا دەژیت بەناوتدا دەگەڕێت، لەوێیە، سوودی دەبێت و دەژیت لەنێو خانوێکدا کە منم. ڕەمەک، ئیرۆس، تابوو، بیرۆکە قەدەغەکراوەکان، ئارەزووە قەدەغەکراوەکان، ئەو یادەوەریانەی نامانەوێت لە ڕۆشناییدا بیانبینین لە ڕۆشنایی دوورمان خستۆتەوە لە تاریکیدا بەدەورماندا سەمادەکەن، پەنجەمان لێدەدەن و ئازارمان دەدەن، ڕاوماندەنێن و بەگوێماندا دەچرپێنن، دەمانترسێنن، وامان لێدەکەن نەخۆش بکەوین، دەمانخەنە دۆخی هیستریاوە.
ئینجا فڕۆید لینۆر دەخەوێنێت تاوەکوو وانیشانبدات کە چاکی دەکاتەوە و دەنگی بۆ دەگەڕینێتەوە بەڵام وەک ئەوە نابێت کە مەشقیان لەسەرکردبوو و لینۆر هەندێک وێنا دەبینێت و ناتوانێت هاوار بکات.
دواتر فڕۆید لەگەڵ لینۆری خزمەتکاری باسی شکستەکەیان دەکەن، لینۆر دەڵێت کچێکم هەبوو، ئەوە چۆن کاریکرد؟ چۆن ڕێی تێدەچێت؟
لێرەدا فڕۆید بۆی دەردەکەوێت کە ئەوان لەماڵەوە زیاتر لە ٧٠ جار بەبێ هیپنۆسس مەشقیان کردووە و ئەمەش وای کردووە کە ئەم چیرۆکە بەتەواوی بچێتە یادگەی ماوە درێژی و بەقوڵی بچیتە نەستییەوە جا کە فڕۆید لە کۆبوونەوەکە هیپنۆسسی بۆ کرد ئەو یادەوەرییە هەڵانەی لە نەستییەوە بۆ گەڕایەوە و وای هەست کرد کە بەڕاستی کچێکی هەبووە. لێرەدا ئاماژەی پێبدەم کە نەست جیاوازی واقع و نا واقع ناکات.
ڕاستە فرۆید شکستی هێنا لە کۆبوونەوەکەی بەڵام لێرەدا بابەتێکی گەورەی بۆ دەرکەوت کە برۆیەری مامۆستای ڕاستی کرد کە وتی بەرکەوتن بەکار بهێنە. چونکە بەم شێوەیە لەگەڵ دەستلێدان کاردانەوەی هەستەوەری بەرکەوتن کاردەکات.
دەستلێدان لە بینین زیاتر تەرکیز ڕائەکێشیت و لەیەک خاڵ کۆی ئەکاتەوە. ئەمەش هیپنۆسس ئاسانتر دەکات. لەزنجیرەکەش ئەوەمان بینی کە لەکاتی مەشقکردن فڕۆید پەندۆڵەکەی بەکاردەهێنا بەڵام لە کۆبوونەوەکە بەڕێکەوت دەستیشی خستبووە سەر ڕانی لینۆر.
لە کۆتاییەکانی ئەم ئیپسۆدە کە فڕۆید بە هەڵە دەچێتە ژوورەکەی فلێور، فلێور لێی دەپرسێت کە دیاگنۆزی تۆ چییە؟ واتا بە چ ڕیگایەک لە نیشانەکان نەخۆشیەکان ئەدۆزیتەوە؟ ئینجا فڕۆید بۆ یەکەم جار هیپنۆسس بۆ فلێور دەکات لەڕێگەی پەندۆڵەکەی بەڵام فلێور پێکەنینی دێت و دەڵێت ئەم کاری کاتژمێرە گێلانەیە، ئەسڵەن تۆ دەتوانی هیپنۆسس بکەی؟
بۆیە فڕۆید شێوازی بەرکەوتن بەکار دەهێنێت و دەست دەخاتە سەر ڕانی و دەست دەکات بە پتەپتکردن و پەیامناردن بۆی ئینجا فلێور دەکەوێتە هیپنۆسسەوە. لەکاتی هیپنۆسسیدا فلێور دەڵێت کە کلارا دەچێتە کەناری ڤییەنا شوێنی دەکەوێت و لەوێ کلارا دەبینێت کە لەسەرمێزێک بەستراوەتەوە وە کەسێکیش کە ئازاری کلارا دەدات بەڵام فلێور لێرەدا ناتوانێت ڕوخساری ئەو کەسە ببینێت و بیناسێتەوە. لێرەدا فلێور توشی فێی هیستریا دەبێت و فڕۆید لە هیپنۆسس هەڵیدەستێنێتەوە و سۆفیا دێتە ژوورەوە فڕۆید دەردەکات.
جا لە کۆتا دیمەنەکانی ئیپسۆدەکە فڕۆید لە ڕێگای چوونەوەی سەردانی جۆگەی ڤییەننا دەکات بۆئەوەی لە قسەی فلێور دڵنیابێتەوە بەڵام ناچێتە ژوورەوە.

 

ئیپسۆدی دووەم؛ تراوما
ناونیشانی ئیپسۆدی دووەم تراومایە کە بریتییە لە زەبرێکی دەروونی کە دوای ڕووداوێکی کاریگەر بەسەر دەروونی تاک دێت. وە ناوی ئەم ئیپسۆدە دەگەڕیتەوە بۆ ئەو کارەساتەی بەسەر کلارا دێت و وای لێدەکات کە توشی تراوما ببێت پاش ڕفاندنەکەی.
لە یەکێک لە دیمەنەکانی دەستپێک هاوڕێکەی فرۆید دێتە لای و پێی دەڵێت کە کلارا ون بووە، ئینجا فڕۆید بیری دەکەوێتەوە کە فلێور لە کاتی هیپنۆسس وتی کە کچە بچووکەکە لەنێو توونێلەکانی کەناری ڤییەننایە بۆیە نامەیەک بۆ کیسی ئەفسەر دەنێرێت و پێی دەڵێت کە کلارا لەتوونێلەکاندایە. ئینجا پۆلیسەکان دەچن بۆ شوێنەکە و فڕۆیدیش بۆئەوەی دڵنیا ببێتەوە چاودێرییان دەکات تاوەکوو کلارا دەدۆزنەوە و لەوێدا فڕۆید ژیانی کلارا ڕزگار دەکات بە دەرهێنانی پەنجەی قاچی کە بڕدرابوو وە کرابوویە قوڕگییەوە.
لە دیمەنێکتر باوکی جۆرجی بکوژی ستێڤی هۆرڤاس واتا ئافرەتە گەنجەکەی لە ئیپسۆدی یەکەم بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە لە جۆرج دەپرسێت تۆ ئەو ئافرەتەت کوشتووە؟ جۆرج دەڵێت نازانم بیرمنایەت، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە جۆرج لەژێر هیپنۆسس بووە بۆیە کاتی ئەنجامدانی کوشتنی ئافرەتەکەی بەبیر نایەتەوە. کاتێک فڕۆید گوومان لە ساپاریەکان دەکات و بە فلێور دەڵێت ئەوە پلان بوو کە تۆ بە منت وت کلارا لەوێیە بەڵام فلێوریش هەمان شت بە فڕۆید دەڵێت کە بیری نایەتەوە چی وتووە سەبارەت بە کلارا لە کاتی هیپنۆسسەکەی.
فڕۆید هیپنۆسس بۆ کلارا دەکات و دەیخاتە هیپنۆسسەوە بەڵام لەدواوەی ئەوان فلێور دانشتووە و ئەویش دەکەوێتە هیپنۆسسەوە بەهۆی قسەکانی فڕۆیدەوە کە بۆ کلارای دەکات. ئینجا فڕۆید بە هیپنۆسس و ناردنی پەیام بۆی فلێور دەگەڕێنێتەوە بۆ نێو تونێلەکە و هەمان دیمەنی پێشووتر بەڵام ئەم جارەیان فلێور دەتوانێت ڕوخساری تاوانبارەکە ببینێت کە ڤۆن شۆنفیڵدە واتا برای کلارا، کە فلێور لە هیپنۆسسەکە دێتە دەرەوە و ڤۆن دەبینێت دەڵێت ئەوەتا ئەوەبوو کارەکەی کرد و کچەکەی ڕفاند بەڵام ئەوانیتر جگە لە فڕۆید گرنگی بەو قسەیەنادەن، بەتایبەتی ڤۆن شۆنفیڵد چونکە خۆی نازانێت کە ئەو کارەی کردووە لەبەرئەوەی کە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە لە ژێر کاریگەری هیپنۆسسبووە و هیچی بیر ناکەوێتەوە. پاشان فێور دەگەڕیتەوە ماڵەوە و سۆفیا دەیخاتە هیپنۆسسەوە و پرسیاری لێدەکات کە چیتان کرد؟ فلێوریش وەڵامی دەداتەوە کە لەگەڵ فرۆید کلارایان خستۆتەوە هیپنۆسسەوە و وە زانییان کێ ئەو کارەشی کردووە کە لیۆپۆلد ڤۆن شۆنفیڵد بوو. لێرەدا سۆفیا بۆی دەردەکەوێت کە فڕۆید و فلێور نزیکبوونەتەوە و ئیتر فڕۆید مەترسییە لەسەر ئامانجەکانیان.

 

ئیپسۆدی سێیەم؛ سۆمنامبول
ناونیشانی ئەم ئیپسۆدەیان سۆمنابولە واتا ڕۆشتن لەکاتی هیپنۆسسدا، ناوی ئیپسۆدەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەم ئیپسۆدە چەند کەسێک دەکەوێتە ژێر کاریگەری هیپنۆسس و ڕۆشتنەوە لەلایەن سۆفیاوە. لەنێو شیکردنەوەکە زیاتر ڕووندەبێتەوە.
لە سەرەتاکانی ئەم ئیپسۆدە دەیبینین کە سۆفیا دەچێتە ماڵی ڤۆن شۆنفیڵد بۆ سەرەخۆشی لە ڕووداوی کلارا، لە ڕۆشتنیدا دەستی بەدەستی ڤۆن شۆنفیڵد دا دەهێنێت و دەیخاتە ژێر هیپنۆسسەوە و بەپام ناردن پێی دەڵێت کە تۆ پیسیت و شایەنی ژیان نیت، خۆت بکوژە، لە دیمەنێکی ئیپسۆدی دواتر دەیبینین کە خۆی دەکوژێت وە ئەم کردار و ڕۆشتە پێی دەوترێت سۆمنامبول.
لە دیمەنی ئاهەنگی مۆمیاکە کە فرانتیسک موخەی گۆرانیبێژ دێت و خوێنەکە بخواتەوە ئینجا فلێور ڕوخساری ئەبینێت و ئایناسێتەوە کە لە یەکێک لە خەونەکانی بینیویەتی کە ئەو کەسە واتا موخە دوو کەس دەکوژێت، دەچێتە لای فڕۆید و پێی دەڵێت کە بمخەوێنە و بمگێڕەوە ئەو شوێنەی کە موخە تاوانەکە دەکات، ئینجا فڕۆید دەیگێڕێتەوە ئەوێ و دڵنیا دەبن لە تاوانەکە، پاشان لەگەڵ کیس و پۆسچاچەری پۆلیس دەچن بۆ ماڵی موخە و دەبینن کە وەستاوە بەڵام ئاسایی دەرناکەوێت ئینجا کیس بە فڕۆید دەڵێت ئەمە چییەتی فڕۆیدیش دەڵێت سۆمنابولە، هەڵبەت پێستر تێبینی ڤۆن شۆنفێلدیشی کردبوو کە بەم باردوودۆخە دەرکەوتبوو بەڵام درکی پێی نەکرد بە دڵنیای تا لەگەل جۆسێف بڕۆیەری مامۆستای قسەی نەکرد، لەکۆتایدا دوای چەند هەوڵێک لە ماڵەکەی خۆیدا موخە دەستگیر دەکەن. پاشان فلێور و فڕۆید دەگەڕێنەوە ماڵەوە. فڕۆید لێی دەپرسێت پێشئەوەی موخە ببینی چیت دەکرد؟ فلێور دەڵێت هیچ وە ڕۆژێکی ئاسایی بوو. فڕۆید دەڵێت ڕۆژێکی ئاسایی بوو پاش ئەوەی لەگەڵ کلارا کردمان؟ فڕۆید مەبەستی ئەو خەواندنەبوو کە بۆ هەردووکیانی کرد لە کۆتاییەکانی ئیپسۆدی دووەم. ئینجا فلێور دەڵێت کە تا ئێستا هەر بەخەبەر بووە و شتی بینیوە، ئینجا فڕۆید دەڵێت کە تۆ پێویستە لەژێر هیپنۆسسێکی قوڵدابووبیت تا ئەوکاتەی کە مۆخە دەبینی لە ئاهەنگەکە و بەهۆی گرتنی فێ لەخەوەکە هەڵدەستی، دواتر فڕۆید دەڵێت دەمەوێت بزانم کە هۆکاری ئەو خەوە قووڵە چیبوو. ئینجا فلێور بیری دەکەوێتەوە کە پاش گەڕانەوەی لەلای فڕۆید ئەوا سۆفیا خستییە خەوێکی قووڵەوە بەمەش بۆی دەردەکەوێت کە خێزانی ساپاریەکان ئەو بەکاردەهێنن، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم بابەتە بە فڕۆید بڵێت دەگەڕێتەوە ماڵی ساپاریەکان.
ڕووداوێک ڕوودەدات کە ئاسایی دەبینرێت بەڵام ئاسایی نییە و گەنگەشەکردنێکی ئاڵۆزی پێویستە ئەویش نوسینی ناوی فلێورە بەهەڵە لەشوێنی ناوی مارتای خێزانی، فڕۆید لێرەدا دەکەوێتە نێوان دوو لایەنەوە یەکەمیان ناوی فلێورە کە کە لەلایەن نەستەوە ئاڕاستەکراوە دووەمیان ناوی مارتایە کە لەلایەن هەستەوە ئاڕاستەکراوە.
لە کۆتا دیمەنی ئەم ئیپسۆدەش سۆفیا ئەبینین کە دێت بۆ لای فڕۆید و هەڵەی دەخەڵەتێنێت و هیپنۆسسی بۆدەکات ئینجا بەڕێگەی پەیام پێی دەڵێت: خۆت بکوژە، بەپەلە. فڕۆید لەخەو هەڵدەستێت و دەڵێت پێویستە پەلە بکەم، دەچێتە لای پەنجەرەکە تا خۆی فڕێ بدات. لێرەشدا ئیپسۆدەکە تەواو دەبێت.

 

ئیپسۆدی چوارەم؛ تەوتەم و تابوو
تەوتەم و تابوو دوو چەمکی جیاوازن کە فڕۆید بەکاری هێناون. تەوتەم مەبەستی پیرۆزکردن و پەرستنی شتێکە وەک باوک، ڕووەکێک یاخود تاڵتۆس. وە تابوو مەبەست لێی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەیە وەک سێکسکردن لەگەڵ دایک یاخود کوشتنی باوک و هتد...
لەسەرەتادا دەیبینین کە فڕۆید لەنێوان ململانێی خۆفڕێدان و نەدان دایە ئەمەش تا دەگات بە خواردنەوەی بڕێکی ئێکجار زۆری کۆکاین و ئەمەش وای لێدەکات کە بخەوێت و لەژێر کاریگەری هیپنۆسسەکە دەربچێت و ڕزگاریببێت لە خۆکوشتن. ئیزۆمی پاسەوانی ساپاریەکان ئەم هەواڵەیان بۆ دەبات و پێیان ڕادەگەیەنێت کە فڕۆید زیندووە. ئینجا سۆفیا دەڵێت: فلێور راستی کرد، فڕۆید ئاسایی نییە، دەتوانێ خۆی کۆنتڕۆڵ بکات.
لێرەدا گفتووگۆیەک لەنێوان سۆفیا و ڤیکتۆر ڕوودەدات کە چەند شتێک ڕوون دەکاتەوە و سۆفیا دەڵێت کە من بەهرەم نییە تەنها ڕێگاکانم بەکار دەهێنم بەڵکوو ئەوە فلێورە کە بەهرەی هەیە.
لێرەدا ڤیکتۆر دەڵێت ئەگەر ئاشکرا بوین؟ ئەگەر تاڵتۆس ئاشکرابوو؟
(لەم شیکردنەوەیەمدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکم نەداوە دەربارەی سەرەتاکانی کەسایەتی فلێور سالۆمێ چونکە تێکەڵەیەکە لە جادوو و بەڵام بە سادەیی و بەکورتی لەسەر تاڵتۆس دەدوێم کە پێوستییە. تاڵتۆس هەر فلێورە بەڵام ئەم کەسایەتییە لەنەستییەوە سەرهەڵدەدات ئەویش لە گرێی سێکسواڵییەوە کە فڕۆید پێی وایە ئافرەت هەست بەکەمی دەکات و لەنەستیدا ویستی بوون بە پیاوی هەیە وە لە زنجیرەکەدا سۆفیا هەموو تاوانکارییەکانی لەڕێگەی تاڵتۆسەوە دەکات و ئەوە تاڵتۆسە کە زاڵە بەسەر ئەوانەی کە لەژێر کاریگەری هیپنۆسسدان و سۆمنابول دەکەن. واتا فلێور و تاڵتۆس یەک مرۆڤن.
شیکردنەوەی زیاتری بۆ ناکەم تا بابەتەکە زۆر درێژ نەبێتەوە و سادەییەکەی لەدەست نەدات. ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت لە داهاتوو بەتایبەت قسەمان لەسەری دەبێت)
پێویستە بیرمان بێت کە لە ئیپسۆدی دووەم مناڵێک کە سەگەکەی کلارای لەلابوو تاوانبارەکەی بینیبوو کە وتی برینێک لە ڕوخساری هەیە، تا ئێستاش کیس لەو باوەڕەدابوو کە جۆرج ڤۆن لایشنبێرگ ئەو کارەی کردووە بەڵام کە وێنەی جۆرجیان بە مناڵەکە نیشاندا وتی ئەمە نییە، هەر چەندە کیس باوەڕی بە قسەکانی فڕۆید و فلێور نەبوو بەڵام دواتر وێنەی لیۆپۆلد ڤۆن شۆنفێلدیشی نیشانی منداڵەکەدا لە نەخۆشخانەکە ئینجا منداڵەکە وتی بەڵێ ئەمە بوو. کیس و پۆسچاچەر لەگەڵ فرۆید ڕۆشتن بۆ ماڵی ڤۆن شۆنفێلد بەڵام بینییان کە خۆی کوشتووە و سەیری تابلۆیەک دەکات کە لە ژێریدا هێمای تاڵتۆسی کێشاوە و ئەمەش دەرخەری ئەوەبوو کە لەژێر فەرمانی تاڵتۆسدابووە.
بینیمان کە فلێور هەموو شتێکی بۆ ئاشکرابوو و وتییە ساپاریەکان کە ئەمە دواین کارە بۆیان بکات و ئیتر دەروات. دواین کاری بریتی بوو لە چوون بۆلای شازادە ڕودۆڵف تا باسی داهاتووی بۆ بکات، بەڵام پێش ئەوەی بڕوات دووبارە سۆفیا ئەوی خستە هیپنۆسسەوە و بە پەیام پێی وت کە چی ڕوودەدات با بدات وە تۆ دەبیت بە تاڵتۆس، بەهۆی ئەم پەیامە ودانانی کۆد دەیبینین لەوێدا لەکاتی ژووان لەگەل ڕودۆڵفدا کەسایەتی تاڵتۆسی نێر ئازاددەبێت و دەردەکەوێت لە جەستەی فلێوری مێدا.
لەو کاتەی موخە دەستگیرکراوە فڕۆید دەڵێت کە نەمتوانی بیخەمە هیپنۆسسەوە چونکە وابزانم خۆی لە هیپنۆسسدایە. ئەمە حاڵەتی سۆمنابولە کە کەسەکە لە هیپنۆسسدایە و دەڕوات.
کیسس دەڵێت ئەمە چۆن دەکرێت ئەو هەموو ماوەیە لە هیپنۆسسدابێت؟ فڕۆیدیش دەڵێت بەشێوەیەکی ئاسایی ڕێی تێناچێت بەڵام چیرۆک هەیە لەم شێوازە وە خوڕافیاتن. کیسس دەڵێت بەپێی ئەم چیڕۆکانەبێت چۆن کۆتایی بەم باروودۆخە دەهێنین؟ فڕۆید وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت بە وشەی جادووی. پاشان فڕۆید دەڵێت لەوانەیە هەندێک راستی شاراواوە هەبن بۆیە ئەو هێمایەی ڤۆن شۆنفێلد بەجێی هێشتبوو لەسەر وەرەقەیەک دەیکشێت و نیشانی موخەی دەدات ئینجا موخە هاواردەکات و دەست بە ئاوازوتنەکە دەکات. لێرەدا فڕۆید دڵنیا دەبێتەوە کە پەیوەندییەک هەیە لەنێوان جیۆرج و ڤۆن شۆنفێڵد و موخەدا وە ئاوازەکە و هێما ئەهریمەنیەکەش. ئاشکرایە کە هەرسێکیان لەلایەن تاڵتۆسەوە بە فرمانی سۆفیا ئەمانەیان بەسەر هاتبوو.
لە کۆتایی ئیپسۆدەکەشدا پاش ئەوەی فلێور دەبێت بەتاڵتۆس و دەچێتە لای فڕۆید لەماڵەکەی فڕۆیددا دەبینین تاڵتۆس زۆر بەتوندی سێکس لەگەڵ فڕۆیددا دەکات. ئەوە لەبیر مەکەن کە تاڵتۆسە سێکس لەگەڵ فڕۆید دەکات نەک فلێور وە کاتێک کەسایەتی فلێوریش دەگەڕیتەوە ناتوانێت ئەوە بزانێت کە کەسایەتییە نەستییەکەی خۆی سێکسی لەگەل فڕۆید کردووە.

 

ئیپسۆدی پێنجەم؛ تریب
ناونیشانی ئەم ئیپسۆدەیان تریبە کە تریب بە زمانی ئەڵمانییە و بە کوردی واتا ڕەمەک، عەرەبیەکەی غەریزەیە و ئینگلیزیەکەشی دەبێت بە ئینکتیکت. ڕەمەک بریتییە لەو پاڵنەرە نەستییە ناوەکیانەی ئاڕاستەمان دەکەن و ڕۆڵیان هەیە لە کردارەکانماندا، فڕۆید گرنگییەکی زۆری بە ڕەمەکەکانمان داوە بەتایبەتی ڕەمەکی سێکس و پێی وایە کە زۆرترین کردار و تێکچوونیە دەروونیەکانمان بۆ ئەو ڕەمەکە دەگەڕێتەوە.
لەسەرەتاکانی ئەم ئیپسۆدە فلێور دەبینین کە لەخەو هەڵدەستێت و فڕۆید پێی دەڵێت کە تاڵتۆس کێیە کە لەخەوتدا ناویت ئەهێنا؟ بەڵام فلێور نازانێت، وە فڕۆید ئەڵێت کە لەکوێبوویت و چیت بیرە؟ فلێور تا ئەو شوێنەی بیرە کە شازادە ڕودۆڵف دەستدرێژی دەکاتە سەری، لەوێوە فلێور دەبێت بەتاڵتۆس بۆیە بیری ناکەوێتەوە. ئینجا پاش ئەوەی سێکسدەکەن فڕۆید پەشیمان دەبێتەوە و پێی دەڵێت کە دوو ڕۆح لەتۆدا بوونی هەیە، دەتخەمە هیپنۆسسەوە و لێت دەردەکەم، بەم شێوەیە فلێور دەخاتە هیپنۆسسەوە و فلێور دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کە سۆفیا دەیخاتە هیپنۆسسەوە پێی دەڵێت دەبیت بە تاڵتۆس جا ئەو ڕووداوانەش ئەبینێت کەلەلای ڕودۆڵف ڕوویاندا پاشان ئەڵێت من خۆم نیم و فڕۆید لە هیپنۆسس هەڵیدەستێنێت ئینجا فلێور نەماوە و بووە بە تاڵتۆس.
لە دیمەنێکی تردا کە فڕۆید لە کتێبی داستان و ئەفسانەکاندا بەدوای ناوی تاڵتۆسدا دەگەڕێت دەیدۆزێتەوە نوسراوە خودا تاڵتۆس دەبەخشێت بە مرۆڤایەتی هەموو سی وەرزی زستان جارێک وە تاڵتۆس قسە لەگەڵ مردووەکان دەکات و ژیانی زیندوانیش دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئینجا فڕۆید پەیکەرێک دائەنێت بیر لە کەسایەتییەکەی دووەمی فلێور ئەکاتەوە و پەیکەرێکیتر دا ئەنێت بیر لە فلێور ئەکاتەوە پاشان ئەو پرسیارەی بیر ئەکەوێتەوە کە لە فلێوری کردبوو کە تاڵتۆس کێیە؟ ئینجا ڕووی دوو پەیکەرەکە ئەگۆڕێت و پشتیان ئەکاتە یەکتر و نزیکتردایان ئەنێت ئەمەش واتا لێرەدا بۆی دەردەکەوێت کە تاڵتۆس کەسایەتییەکەی تری فلێورە و هەردووکیان یەکێکن بەڵام یەکتر نابینن و پێچەوانەن.

 

 

ئیپسۆدی شەشەم؛ ڕیگرێشن
ڕیگرێشن یەکێکە لە میکانیزمەکانی بەرگری و گەڕانەوەی رەفتاری مرۆڤە بۆ قۆناغەکانی پێشتری ژیان بۆ نموونە منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵان کە پێی دەڵێن دەبێت بچیتە قوتابخانە ئەویش وەک بەرگرییەک بۆ نەچوون دەست دەکات بە میزبەخۆداکردن کە ئەمەش ڕەفتاری منداڵی بچووکترە لە ٦ ساڵی. زۆر جار ڕیگرێشن لە وەرگێڕانە کوردییەکەی بە گەڕانەوە بینیوومە.
ئیپسۆدەکە لەدەستپێک بە خەونی ئەفسەر کیس دەسپێدەکات کە چەند جارێک لە زنجیرەکە دەیبینین کە کیس هەمیشە لە ململانێدایە لەگەڵ خۆیدا ئەمەش بەهۆی خۆتاوانبارکردنی بەتایبەتی بۆ خۆکوشتنی کوڕەکەی کە نەیتوانی ڕزگاری بکات.
لە دیمەنێکیتر فڕۆید کە شەوەکەی بەدیار پیانۆکەوە کردووە بە ڕۆژ لەڕێگەی تێبینیکردنی بۆ هەندێک لە میکانیکەکانی پیانۆکە کە هەمان ئاوازی موخەی پێدەژەنرێت چونکە خاوێنن بۆی دەردەکەوێت کە کارۆل سپیلمانی پیانۆژەن هەمان ئاوازی موخەی ژەنیوە و وتوویەتییەوە، واتا ئەویش بەشێکە لەم زنجیرە تاوانکارییە و توشی هیپنۆسس و سۆمنابول بووە.
دەبینین کە پرۆفیسۆر مینخێت فلێور نیشانی فڕۆید دەدات کە لەژێر چارەسەری هەڵمییە، فڕۆید هەوڵدەدات پرۆفیسۆر تێبگەیەنێت کە فلێور ئەم کێشانەی نییە تا بەم شێوازە چارەبکرێت وە دەڵێت ئەمە سزادانە و توشی تای بەرزی دەکات نەک چارەسەربێت، مینخێت کێشە دەروونیەکانی بۆ فیسیۆلۆژی ئەگەڕاندەوە بەڵام فڕۆید دەڵێت کە، فلێور، جۆرج، لیۆپۆلد، کلارا و موخە هیچ کێشەیەکی فیسیۆلۆژییان نییە! ئەمانە پلانە و لەلایەن ساپاریەکانەوە ئەنجام دەدرێن بەڵام مینخێت تێناگات و بە فڕۆید دەڵێت تۆ دەرکرایت!
لێرەدا ساپاریەکان دەردەکەون کە بۆلای فلێور هاتوون، فڕۆید ڕێگریان لێدەکات و تەواوی ئەوانەی دەیزانێت بۆ مینخێتی باس دەکات بە سپیلمانەوەش، بەڵام باوەڕی پێناکەن و پاسەوانەکان دەریدەکەن. هەردوو ساپاریەکە دەچنە لای فلێور و سۆفیا ڕاستەوخۆ بیری دەکەوێتەوە کە لەو ساتەوەی یەکەم بینینیان بووە و فلێور بە منداڵی ئەوی پاراستووە وەک کچی خۆی داناوە، ئینجا دەڵێت لەو ڕۆژەوەی تۆم دۆزییەوە بەهرەکەت بوو بەشتێکی گرنگ بۆ من، وە ئەنجامماندا(مەبەستی گەشتنە بە ئامانجەکەیان)، بمبەخشە.
دەبینین لە کۆتایی ئەم ئیپسۆدەش دوای دەرکرانی فڕۆید لە نەخۆشخانە ئەوا شەوەکەی بەدزییەوە دێت و فلێور سالۆمێ لە نەخۆشخانە دەڕفێنێت.

 

ئیپسۆدی حەوتەم؛ کەثارسیس
کەثارسس واتا پاککردنەوە، مەبەست لێی پاککردنەوەی نەستە لە ئارەزووە چەپێنراوەکان، بە چەند ڕێگایەک دەکرێت لەوانە بینینی ڕووداوێک، فیلم، شانۆ، هیپنۆسس، فری ئەسۆسییەیشن و هتد... لە کۆتاییدا دەیبینین چۆن فرۆید کەسایەتی فلێوری پێدەگەڕینێتەوە.
لە دەستپێکەکاندا فلێور پیانۆ ژەنە سووتاوەکە دەبینێت دێتە لای پێی دەڵێت هەموویانم سوتاند لەپێناو هیچ شتێک، ئیمپڕاتۆر لەوێ نەبوو، هەڵەی منە، لەپێناو تۆ خانمەکەم. لێرەدا فڕۆید بۆ لینۆری خزمەتکاری باس دەکات کە فلێور نەخۆشە و هەستی دابەشبووە، هەستی لاوەکی تاڵتۆسە و هەستی سەرەکی فلێورە و پێویستە ببن بە یەک. لینۆریش دەڵێت ئەمە چۆن دەکرێت فڕۆید دەڵێت بە کەثارسسس.
پاش ئەوەی کیس تاوانبار دەکرێت لەگەڵ پۆسچاچەر و هەڵدێن دێنە ماڵەکەی فڕۆید، لەناکاو فلێور دەنگێگ دەردەکات کە فڕۆید و کیس و پۆسچاچەر هەرسێکیان ئەخاتە حاڵەتی هیپنۆسسەوە، لێرەدا پێویستە شیکردنەوە بۆ خەونەکەی فڕۆید بکەین کە باوکی دەکوژێت و سێکس لەگەڵ دایکیدا دەکات، فڕۆید چەمکێکی داهێنا بەناوی گرێی ئۆدیب کە لە ئەفسانەی ئۆدیبەوە وەرگیراوە، فڕۆید پێی وایە کە کوڕ ڕقی لە باوکی دەبێتەوە چونکە لە دایکی دووری دەخاتەوە. وە پێچەوانەکەشی بوونی هەیە گرێی ئەلیکترا واتا ئارەزووی کچ بۆ باوک و ڕق لە دایک.
خەونەکەی کیسیش ڕوونە بەردەوام لە ململانێدایە لەگەڵ خوودی خۆیدا و پێشتر قسەمان لەسەری کردووە. پاشان هەر لەهیپنۆسسدا فڕۆید دەچێتە لای فلێور و قسەی لەگەڵ دەکات، لەم چارەکەی کۆتایی ئەم ئیپسۆدە بابەتە ئاڵۆزەکان ڕوون دەبنەوە لەم گفتووگۆیەی نێوان فلێور و فڕۆید بە ڕێگای فری ئەسۆسیەیشن نەک هیپنۆسس لە واقیشدا کە فڕۆید واز لە هیپنۆسس ئەهێنێت فریی ئەسۆسیەیشن بەکار ئەهێنێت، فری ئەسۆسیەیشن بریتییە لەڕیگایەک کە خاوەن کێشە پاڵدەداتەوە و لەبارێکی ئاسایی قسە بۆ دەروونزانەکە دەکات. فلێور باسی بۆ دەکات لە منداڵییەوە کە چۆن بەتاڵتۆس وای لە یەکێک لە سەربازەکان کردووە کە ئەوانیتر بکوژێت، فڕۆید دەپرسێت کە ئایا ئەو منداڵە و فلێور و تاڵتۆس یەک کەسن؟ فليور دەڵێت بەڵێ یەک کەسین و دەتوانین مرۆڤەکان بەکار بهێنین و پەیوەندی لەگەڵ ڕۆحەکانیشدا ببەستین.
فڕۆید دەڵیت خۆت بڕیار دەدەی کە دەبیت بەکێ؟ فلێور دەڵێت نەخێیر ساپاریەکان بڕیار دەدەن. فڕۆید دەڵێت نەخێر تۆ خۆت بڕیار دەدەیت و تۆ زۆر بەهێزیت فلێور ئیتر پێویستت بە تاڵتۆس نییە، تۆ دەتەوێت بڕۆیتە دەرەوە لە تاریکایی کەواتە بڕۆ. ئینجا فڕۆید لە هیپنۆسس هەڵدەستێت، بەڵام پێشئەوەی فلێور هەڵبستێت دەبینێت کە ساپاریەکان خەریکی پلانی خوێنڕشتنن لە کۆشک لەپێناوکوشتنی شادا. فلێور هەڵدەستێتەوە و بووە بە کەسایەتی فلێور ئینجا بە فڕۆید دەڵێت کە کارەساتێک ڕوودەدات. لێرەدا ئیپسۆدەکە بە کۆتادێت.

 

 

ئیپسۆدی هەشتەم؛ ڤێردرانگونگ
چونکە زنجیرەکە ئەڵمانییە ئەم چەمکانەش هەندێکیان بە ئەڵمانی نووسراون، ڤێردرانگونگ واتا چەپاندن، عەرەبیەکەی کەپتکردن و ئینگلیزیەکەشی ڕیپرێشنە. بۆ ڕوونکردنەوە ئەو ئارەزووانەی کە جێبەجێنابن ئەوا توشی چەپاندن ئەبن و دەچنە قوڵایی نەستەوە.
لامان ڕوونە کە خێزانی ساپاریەکان لەلایەن ڕودۆڵفی شازادەوە بانگهێشتی ئاهەنگی ڕۆژی دادپەروەری کرابوون لە کۆشکی شا. لە دەستپێکی ئیپسۆدەکە ئامادەبوونیان لەو ئاهەنگە دەبینین. لە دیمەنەکانی دواتر فلێوریش دەکەوێتە بەرچاوان کە فڕۆید و کیس و پۆسچاچەر ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە کارەسات لە ئاهەنگەکە ڕوودەدات. لە کاتی ئاهەنگەکەدا ساپاریەکان دەست دەکەن بە کوشتارەکەیان. بە فەرماندان بەو کەسانەی لە ژێر کاریگەری تاڵتۆس و ئامادەی ئاهەنگەکەن، ئینجا کوشتارەکە دەست پێدەکات بەڵام زوو پۆلیسەکان و فڕۆید و فلێور دەگەنە ئاهەنگەکە و فلێور دەڵێت تاڵتۆس فرمان دەکات کە بخەون ئەوانەی لەژێر کاریگەری تاڵتۆسدان دەوەستن لە کوشتارەکە و دواتر پۆلیسەکان هەموویان دەکوژن بە سۆفیا و ڤیکتۆریشەوە. تەنها شازادە ڕودۆڵد دەمێنێتەوە کە لەژێر کاریگەری تاڵتۆسدابێت چونکە لەوێ نەبوو و بەشوێن باوکییەوە بوو تا بیکوژێت. ڕودۆڵف دەگاتە باوکی تا بیکوژێت بەڵام شا پێی دەڵێت کە تاڵتۆس فەرمان دەکات بخەویت ئیتر شازادە دەوەستێت و دەکەوێتە سەر ئەرز، هەڵبەت پێشتر فڕۆید ئەم نهێنییەی بە شا وت. پاشان فڕۆید بەدوای فلێور دا دەگەڕێت بەڵام لەناکاو مارتای دەستگیرانی دەبینێت و باوەشێکی توندی پێدادەکات و فرمێسکەکانی ئەڕژێت. ئەو باوەشە یەکێک لە جوانترین دیمەنەکانی زنجیرەکەیە، تەنانەت بۆمن جوانترین بوو، دەروونێکی شەکەت و جەستەیەکی هیلاک تەنها باوەشێکی لەم شێوەیە چارەی دەکات بەبێ وشە و قسەکردن. (لێرەدا وشەکان هیچن، تەنها فرمێسکەکان دەدوێن).
کۆشکی شاهانە دەنێرن بەدوای فڕۆیددا و لەوێ چارەسەری شازادە دەکات، پاشان پێی دەڵێن کە پارەی ساڵێکی خانوەکەت دراوە و بڕیاری دەرکرانت لە نەخۆشخانە هەڵوەشاوەتەوە و داوای لێدەکەن کە هەموو شتێکی ئەم زنجیرە تاوانکارییە بشارێتەوە و ئەو کتێبەش لەناو ببات کە نوسیویەتی لەسەر ئەم ڕووداوە.
لێرەدا فڕۆید و مارتا بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، فڕۆید بەوسیتی خۆی دووبارە واز لە نەخۆشخانە دەهێنێت. وە ئەو کتێبەش دەسووتێنێت کە بە ناونیشانی هێزی هیپنۆسسەوە نووسیبووی.
لە کۆتاییەکانی ئەم ئیپسۆدەشدا کە بابەتەکان و چیرۆکەکە کۆتایی هاتووە دەبینین فلێور پێش ئەوەی ڤییەننا جێبهێڵێت دێتە لای فڕۆید چەند قسەیەک بەیەکەوە دەکەن، فلێور سوپاسی دەکات و دەڵێت بەهۆی تۆوە ئیتر خۆم دەناسم و دەزانم کێم. وە دەڵێت کتێب لەسەر من مەنووسە، کتێب بەهۆی من بنووسە.
لە کۆتایدا ئیپسۆدەکەشدا هەموو کێشە و ئاڵۆزیەکان چارەسەر بوون و فڕۆید دەست دەکات بە ژیانێکی ئاسایی لەگەڵ مارتادا و ئیتر لە ماڵەوە نەخۆش دەبینێت و چارەسەریان دەکات.

لە دواین دێڕەکانی شیکردنەوەکە پێویستە ئەوەتان بۆ بدرکێنم کە زنجیرەکە لە ڕووداوێکی ڕاستەقینە وەرنەگیراوە و فڕۆید لە ساڵی ١٨٨٦ بەشداری هیچ دۆزینەوەکی تاوانکاری لەم شێوەیەی نەکردووە.