A+    A-
(761) جار خوێندراوەتەوە

              ئەمڕۆ و «جیهانەکەمان»

 

 

 

 

 

                       گفتوگۆیەک لەگەڵ وەلید عومەر

                    پرسین و سازکردنى: شەنگار سابیر   

                       فایلى pdf

 

 

 

 

پ. دەمەوێت وەک دەستپێکی یەکەمی گفتوگۆکەمان بڵێم: ئیمڕۆ جیھان بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت. ھەرچەندە[ جیھان ] بە واتا ڕووتە سیاسییەکەی بەکارناھێنم و ئاڵۆزیش تەنھا مەبەستم _ کایئۆس_فەوزا_نییە، بەڵکو مەبەستم لە ڕەھەندە دەروونشیکارییەکەیەتی. وابزانم ساتێکی گرنگە بۆ ئەوەی جارێکی تر جیھان پێناسە بکەینەوە، چاوێک بە ھەموو ئەو ڕووداوە سەیرانەدا بخشێنینەوە کە جار لە دوای جار سوبێکتێکی جیاوازی بەرھەمھێناوە.دیارە پرسی مرۆڤ و جیھان پەلکێشماندەکات بۆ پرسیاری ئاڵۆزتر و وەستان لە سەر وەختی ھەندێک ڕووداوی گرنگ. لێرەدا دەپرسم؛ بەدیاریکراوی ئیمرۆ پەیوەندیی مرۆڤ بە جیھان و ڕووداوەکانەوە چی جۆرێک لە پەیوەندییە؟

 

وەلید عومەر: دیارە بەر لەوەى بیر لە پەیوەندیى مرۆڤى ئەمڕۆ و جیهان بکەینەوە, ئەوا جیهان(یان گەردوون و ...هتد) خۆى هەمیشە جێى ئاڵۆزى بووە. بۆیە پێشوەختە جۆرێک لە ئایدۆلۆژیاى پێشوەخت(نەک تەواو بە مانا ئەمڕۆییەکەى) ئامادەکراوە بۆ مرۆڤەکان تا هەردەم بوارى ئەوەیان نەبێت بیر لەم ئاڵۆزییە بکەنەوە. ئەم ئایدۆلۆژیایانە, چ لە بەرگى ئوستورە و دیندا بووبێت, یان لە بەرگى عورف و خەیاڵاتى ناو جڤاتە جیاجیاکاندا ئەوا یەک ئەرک و کارکردى بنەڕەتیى هەبووە. ئەو ئەرکەش, پاڵفتەکرنى ئاڵۆزییەکانى نێوان مرۆڤ و جیهان بووە. جیهان و گەردوون لە زەینى مرۆڤدا, بە پلەى دوو بەشخراوە بەم بوونەوەرە. واتە بەر لەوەى وەک بوونێکى دڕ و کرچوکاڵ بەر جیهان بکەوین, جیهان بە نێوانگریى تەبعێکى ئایدۆلۆژى بۆ ئەو مرۆڤانە ئامادەکراوە کە دێنەدونیاوە و ئەوانیش بەبێ سەرێشەى زۆر جیهان قبوڵدەکەن و بەشێوەیەکى کەمتازۆر کۆمیدى و ڕۆبۆتئاسا بەجۆرێک دەجووڵێنەوە وەک‌بڵێى جیهان هەرگیز جێى پرسیار و حیرەت و حەیرانبوون نیە. ئەوە تەنیا لە هەڵوەستەى کاتى و لاى نوخبەیەکى لادەردایە, جیهان دەبێتە جێى پرسیار و ڕامان. بۆنمونە بەر لەوە و هەزارساڵێک پێش ئێستاش, عومەرى خەیام چەندین پرسیار لەسەر جیهان و چەرخى گەردوون قوتدەکاتەوە. جیهان بە بوونەوەرێکى ڕقاوى چوێنراوە کە شەق لە کاروبارى مرۆڤ هەڵدەدات و کەلەسەرەکانیان دەنێتە نێو خاکوخۆڵى خۆى. سەدساڵێکیش بەر لە ئێستا, ئەلبێر کامۆ, پووچى بە بەرەنجامى ئەو بێدەنگى و لاڵى و لێڵییە دەزانێت کە لەنێوان مرۆڤ و جیهاندا هەیە. وەک‌بڵێى لە کامۆدا, هێشتا نەغمەیەکى دێرین ئیشدەکات. بەڵام کاتێک پەیوەندیى مرۆڤ و جیهان دەپشکنینەوە, ئەوا تێدەگەین پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆ و سەرڕاست نیە. واتە دوو بەرەمان نیە کە لە لایەکیان مرۆڤ وەستابێت و لەلایەکى تر جیهان. لە ئاستە زبر و ناقۆڵاکەیدا ئەمە هەیە, بەس وەک وتمان, لەم نێوانەدا ئایدۆلۆژیاکان و چاویلکە فەنتازییەکان و دونیاى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى کاردەکات و بۆشاییەکەى نێوان ئێمە و جیهان پڕدەکاتەوە. هەتا گەر ئێمە لەڕووى فیزیکى و زانستییەوە بەشێک بین لە ماتریاڵى گەردوونى, ئەوا ئەم ماتریاڵە گۆڕانى بەسەردا هاتووە و بۆتە ماتریاڵێکى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى و هەروا ئاسان یەکسان نیە بە ماتریاڵە فیزیاییەکە. پەیوەندیى ئەم دوو ماتریاڵە, ئێستا ئیدى پەیوەندییەکى تراوماییە. واتە هەوڵدان بۆ یەکسانکردنیان, بە نێو شۆرت و زەبر و هەژانێکدا دەڕوات و پرۆسەیەکى پاسیڤ نیە. خۆ ڕاستە ئێمە هێشتاش لەبەر چڕنووکى سرووشتداین, هێشتاش مردن فاکتێکە, هێشتاش پیرى مۆرى سرووشتە لەسەر پێست و لەشى ئێمە, بەڵام هەموو ئەم ڕاستییانە دیسان لەناو جیهانێکى مرۆیى و کۆمەڵایەتییدا ماناوەردەگرن. ئێمە لە جیهانى سرووشتەوە پەڕیوینەتەوە بۆ جیهانى شارستانیەت و کەلتور. بەڵام نە بەتەواوى شارستانیین و نە بەتەواوییش بوونەوەرێکى وەحشى و سرووشتیین. بۆیە دەتوانین وەک ڕەخنەیەکى سەرەتایى لە خەیام و کامۆ, ئەوە بڵێین کە پەیوەندیى ئێمە بە جیهانەوە, بەناو پەیوەندییماندا بە مرۆڤەکانەوە تێدەپەڕێت. پووچى گەرچى ڕەهەندێکى سرووشتیى هەیە, بەڵام زۆرجار پەیوەندییە لیڵ و لاڵەکەمان بە ئەویترى مرۆڤەوە خۆى جۆرێکە لە پووچى و هەمووشمان لە ژیانماندا کەمتازۆر ئەم هەستانە دایگرتووین-ئیدى توانیبێتمان گوزارشتى لێ بکەین یان نا. گەر بەپێى دیدى کامۆ, جیهان لە زمانى ئێمە تێناگات, خۆ مرۆڤەکانیش لە تەنگژەى زماندا دەژین و زمان خۆى زبرییەکى شاراوەى سرووشتى و گەردوونیى لە هەناوى خۆیدا نیشتەجێکردووە و گەڕانەوەى چەپێنراوەکان کە فرۆید باسیدەکات, گەڕانەوەى دیوە کرچەکەى جیهانە بۆ سەر پانتاییە مرۆییەکەمان. جۆرج لۆکاچ بەو ئاراستەیەدا پێناسەى کۆمەڵگا دەکات کە داهێنراوێکى مۆدێرنە و ئەم جۆرە کۆپەیوەندییە لەپێشتردا بوونى نەبووە. گەر ئەمە وەک ئەکسیۆم و بەڵگەنەویست وەرگرین, ئەوا دەتوانین بڵێین مرۆڤ گەرچى دێتە ناو دونیایەکى ئەبستراکت و نامۆبەیەکدى و ئاڵۆزەوە, کەچى جیهان بە مانا کلاسیکەکەى لەبیردەکات و سەرشۆڕدەکاتەوە بەسەر جیهانە سێکۆلارەکەى خۆیدا و ملکەچى ژیانى ڕۆژانە و شوێنکاتێکى ناموقەدەس دەبێت. ئایدۆلۆژیاى مۆدێرن, جیهان بە جۆرى تر دەپاڵێوێت و ماناى پێدەدات. هەمیشە ڕۆمانى هێڵنج(ـى سارتەر), ڕۆمانێکى سەرنجڕاکێش بووە بە لامەوە. لەم ڕۆمانەدا ڕۆکانتێنى شاکارەکتەرى ڕۆمانەکە لە پەیوەندییەکى پێش‌ڕەمزىدایە بە جیهانەوە, واتە جیهان بۆ ئەو هێشتا نەڕەمزێنراوە, ماناى وەرنەگرتووە, خانەبەندییەکى ڕوونى بۆ نەکراوە. جیهان هەتا لە دۆخێکى پێش‌فینۆمینۆلۆژییشدایە چونکە ئاگایى کارەکتەرەکە, ناتوانێت جیهان قبوڵکات و شتەکان لەسەر ئاگایى وى دەخزێن. بۆیە دواتر لەڕێى مۆسیقا و هونەرەوە, وردەوردە ئەم پەیوەندییەى بۆ دەڕەمزێت و لە هەستى نامۆبوونى وجودى ڕزگاریدەبێت. ڕۆکانتێن کە بەر شمەکەکانى جیهان دەکەوێت, قێزیان لێ دەکاتەوە, لەسەر زەینى هەڵدەخلیسکێن, هەستدەکات شتەکان زیادەن, پڕییەکى بێهودەن, یان بەپێى ناونیشانى ڕۆمانەکە: هێڵنج-ن. هێڵنج لێرەدا پڕییەک نیە لە هەناوى ڕۆکانتێندا بێت, بەڵکو ڕۆکانتێن و شمەکەکان خۆیان سەر بە پڕى و هێڵنجەکەى بوون و جیهانن. ڕۆکانتێن خۆى دەڵێت هێڵنج لەناو مندا نیە, بەڵکو ئەوە منم لەناو هێڵنجدام. دیارە ئەمە بەردى بەرایى ئاتەیزمەکەى سارتەیشە. جیهان چیدى نە زەروورە هەبێت و نە مومکینیشە هەبێت, بەڵکو سووک‌وسادە زەروور نیە هەبێت. ویستم بڵێم ئالێرەوەیە ڕۆڵى ئایدۆلۆژیاکان دەستپێدەکات و فەنتازیایەک بۆ مرۆڤ درووستدەکەن تا جیهان وەک جێیەکى مانادار دەرکەوێت نەک ماشێنێکى فشارهێن و بێهودە. جیهان بەر لە ڕەمزاندن و ماناپێدان, جیهانێکى ساردە. ڕۆمانەکەى سارتەریش لەم ڕووەوە, فەزایەکى ساردى هەیە. ئەم ساردییە خاڵى ناکۆکیى نێوان کامۆ و سارتەر خۆیشیان بوو: سارتەر پێى‌وابوو لە ئەدەبیاتى کامۆدا تف‌ولەعنەت لە جیهانێکى بۆش دەکرێت کە دەکرا خوایەکى تیا بێت, بەڵام ناکرێ و باشتریشە هەر نەبێت. جیهان لاى سارتەر کە دەڕەمزێت و دەستپێدەکات و مرۆییدەبێتەوە, ئیتر مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى ئازاد و خاوەن بڕیار دەردەکەوێت و ئاوڕدانەوە بۆ هیچ خوایەکى زیندوو و مردوو ماناى نامێنێت. پێموایە ئازادى لاى سارتەر, کە زۆرجار بە لاڕێدا براوە, گوزارشتە لەوەى جیهان بۆشاییەکى ناکۆتایە و ئەرکى مرۆڤ ئەوەیە بارتەقاى ئەم بۆشاییە پەیوەندیى ئازادى و ناچارى ڕێکخاتەوە.    

بەر لەوەى بڕۆینە سەر پەیوەندیى ئەمڕۆمان بە جیهانەوە, ئەوا جێى بیرخستنەوەیە کە جيهان(The world) لە زەینى هەمووماندا چەمکێکى گشتەکییە, کۆیە, سەرتاپاگیرە. هەتا ئەو کاتانەشى کە مرۆڤێک لە ڕووبەرێکى جوگرافیى بچوکدا ژیاوە و پێى‌وابووە ناوچەکەى و گەردوون پێکەوە یەک کۆن, ئەوا بۆ ئەو ماناى «جیهان»ـى هەبووە. لە زاراوەى جیهانگیرىدا, مەبەستمان لە جیهان پتر هەسارەى زەوییە. هەسارەیەک تەنیا لە دیوە فیزیکى و مادییەکەیدا نا, بەڵکو بە توێژە ڕەمزى و شارستانییەکەشیەوە, بە مرۆڤ و زیندەوەرەکانییەوە, بە مێژووەکەى و هەڵبەزودابەزە سیمبوڵییەکانیەوە. یان گەر گۆشەنیگایەکى ئەستێرەناسییانەى وەک تەلیسکۆبى هەبڵ وەرگرین و سەیرى زەوى بکەین, زەوى تەنیا چینە جیۆلۆجییەکانى و گۆڕانکارییە نیشتووەکانى سەرى نیە, بەڵکو چینە مێژوویى و ڕەمزى و شارستانییەکانیشیەتى کە بەشێوەیەکى کەمتازۆر دیالەکتیکى بە هەسارەکەوە نوساوە. کە لە گۆشەى هەبڵەوە سەیرى زەوى دەکەین, ئەوا بە مانایەک لە ماناکان سەیرى جیهانى مرۆڤ دەکەین. ئاماژەکردن بە هەبڵ خۆى ئاماژەیە بەوەى گۆڕان بەسەر چەمکى جیهاندا هاتووە و لە گۆشەیەکى ترەوە سەیریش دەکرێت. بەڵام ئەم گۆشەنیگایە سەرەنجام گۆشەنیگایەکى تاڕادەیەک زانستى و ئۆبێکتیڤە و دوورە لە مانا فەلسەفییە ئاڵۆزەکانى جیهانەوە. لە ڕوانگەى فەلسەفییەوە, جیهان چەمکێکى کەمتازۆر ئەبستراکتە و لەوێوە وردەوردە کۆنکرێتى و بەرجەستەدەکرێتەوە. پەیوەندیى نێوان مرۆڤ و جیهان, پەیوەندییەکى ئەپستمۆلۆژى-ئۆنتۆلۆژی-ڕەمزیى جۆراوجۆرە و پەیوەندییەکى ڕاستەوڕاست و میکانیکییمان پێوەى نیە. هەتا زاراوەى جیهانبینى(World view) بەجۆرێک لە جۆرەکان گوزارشت لەم پەیوەندییە دەکات کە جیهان چۆن و بە چ مەبەستێک خۆى بۆ ئێمە دەردەخات. لە فەلسەفە(و هەروەها زانست)ـى خۆرئاوادا, دیدى جۆراوجۆر لەسەر جیهان هەیە. هەر لە یۆنانى کۆن و فیساگۆرسەوە, باس لە کۆسمۆس یان گەردوون کراوە وەک سیستەمێکى ڕێک. يان لاى گالیلۆ وەک دوو سیستەمى دژیەک یاخود لاى نیوتن وەک میکانیزمێکى کاتژمێرئاسا یان وەک ئەوەى لایبنیتس وەک باشترین جیهانى ڕەخساو هاتووە. هەتا لاى فەیلەسوفێکى وەک هۆسرێڵ جیهان ئاسۆیەکى ترانسێندێنتاڵە بۆ ڕەخسانى شتەکان و ئۆبێکتەکانى ناوى, واتە پنتێکى دوور و بەرزە و مانا بە شتە جۆراوجۆرەکانى نێوى دەدات. یان لاى دیکارت کە پێشەنگى فەلسەفەى مۆدێرنە, جیهان ڕووبەرێکە لەبەرامبەر زەینى مرۆڤدا و جۆرێکە لە کشانى ئۆبێکتیڤ بۆ ئەوەى بناسرێت و دەستى بەسەردا بگیرێت. لاى هایدگەریش چەمکەکە, بایەخێکى زۆرى هەیە و جیهان شوێنى دەرگیربوونى مرۆڤ(یان دازاینە) نەک ئەوەى پێدراوێکى میکانێکى و بەرخۆرانە بێت. لە فەلسەفەى دیکارتدا, «جیهان وەک میحوەر و سەنتەرى سوبێکت سەیردەکرێت». سوبێکت و منە بیرکەرەوەکە دەخرێتە لایەکەوە و جیهانیش دەخرێتە لایەکى ترەوە. هەر لێرەوەیە کە هایدگەر ڕەخنەى جیهانى دیکارتى دەکات و وێناى خۆى بۆ جیهان دەگۆڕێت. لاى هایدگەر جیهان ئۆبێکتێکى بەردەستى ئێمە نیە, بەڵکو ئێمە لەڕێگەى کردە(act) و دەرگیربوون و تێهەڵکێشبوونەوە بەر جیهان دەکەوین. جیهان بەر لە ئێمەش هەیە و ئێمە هەڵدەدرێینە نێویەوە و بوونێکى کاتەکى وەردەگرین. جیهان هاوشان بە هەردوو چەمکى ئۆنتیک و ئۆنتۆلۆژى تێى‌دەگەین و گەر یەکەمیان بوونەوەر بێت بە مانا کۆنکرێتى و بەردەستەکەى, ئەوا دووەمیان زەمینە و ئاسۆیەکە کە کورتنابێتەوە بۆ شتانى بەردەست, بەڵکو بوونە وەک گشتێک, وەک بنەڕەتێک, وەک زیادەیەک کە کورتنابێتەوە بۆ بوونەوەر و ئۆبێکتەکان و شتەکان. بەپێچەوانەى جیهانى دیکارتییەوە, جیهانى هایدگەرى بەهۆى زەین و بیرلێکردنەوەوە بەدەستنایەت بەڵکو لەڕێگەى دەست و بەکارهێنانەوە ئامادەیى پەیدادەکات. واتە جیهان بەبەتێکى پاسیڤ نیە لەبەر زەینى ئێمەدا, بەڵکو جۆرێک لە بەئاگاهاتن و ڕوونبوونەوەى چالاکانەى شتەکانە لە دەورماندا. هایدگەر خۆى چەمکێکى وەک بەردەستبوون و بەدەستەوەهاتن(Ready-to-hand) بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت جیهان دەوریداوین و ئێمەى تێداین و لە ساتەوەختى جیاجیادا دەستوەردەدەینە ناوى. جیهان بە لاى هایدگەرەوە, بابەتى پارچەکردن و کەڵەکەیەک شتى دابڕاو نین لەیەکتر, بەڵکو پێشوەخت فەزایەکى ئۆنتۆلۆژییە و لەجیاتیى ئەوەى «لە کەوڵى پاقلەیەک بچێت کە تێیداین, لە فەزایەک دەچێت کە بۆنمونە دەوترێت فڵان ڕۆشنبیر لە جیهانى ڕۆشنبیرییدایە». جیهان تەنیا فەزایەکى مادیى کشاو نیە وەک ئەوەى لاى دیکارت هەیە, بەڵکو ڕەهەندێکى کاتەکییشى هەیە و زیندووە. سوبێکتیش بەپێچەوانەى دیکارتەوە شتێک نیە جیهانى لەبەردەستدا بێت, بەڵکو سوبێکت خۆى کەلێنێکە لە جیهاندا. سەربارى ئەمانە, ئێمە کاتێک چاویلکە فەنتازی و ئایدۆلۆژییەکەمان لەچاودەکەین(یان درووستتر بڵێین لەچاومانکراوە), جیهان بەشێوەیەکى نەستەکى دەچێتەدواوە و ناتوانین هەموو چرکەیەک بیرى لێ بکەینەوە لەناویداین. ئەم ڕووبەرە هێند کرژدەبێتەوە کە دونیا ڕەمزییەکەمانو دەبێتە دونیاى سەرەتا و کۆتاییمان. ڕەنگە لێرەشەوە بووبێت کە ڤیتگنشتاین باسى ئەوەى دەکرد, سنورى زمانەکەمان هاکات جیهانەکەمانە. بەم پێیە, سەردەمانێکى زۆر جیهان بابەتى بیرکردنەوەى فەلسەفە و دینەکان بووە, بەڵام ئەمڕۆ پێچێکى دراماتێکى وەردەگرێت و لە ئاستى نوخبەوییدا دەبێتە بابەتى زانست و لە ئاستێکى گشتگیرتریشدا دەبێتە بابەتى ژۆرنالیزم و هەواڵگەرى. بۆیە بەشێکى سەرەکیى پەیوەندیى ئەمڕۆمان بە جیهانەوە, پەیوەندییەکى ژۆرنالیستییە.     

ژۆرنالیزم بەجۆرێک لە جیهانى ئێستا ئاڵاوە کە جیاکردنەوەى لە جیهان, ڕەنگە یەکسان بێت بە کۆتایى جیهان. ژۆرنالیزم گەشەیەکى شانبەشانى کۆمەڵگاى هاوچەرخە و بەجۆرێکیش خۆى وەک زمانحاڵى ئەو دونیا هاوچەرخە پیشاندەدات. هاوکات ڕەنگە ژۆرنالیزم ناوێک بێت بۆ جێگرەوەى فیکر, ئێستاتیکا, حەقیقەت, ئاکار, ئەپستمۆلۆژیا, یۆتۆپیا و تەنانەت بژێوى و هتد. جیهان «گوندێکى بچکۆلە» بێت یان نا, ئەوا ژۆرنالیزم هەر هەوڵدەدات دونیا وەک کۆگاى ڕووداوە بێشومارەکان وەربگرێت و بیپێوێت. ژۆرنالیزم بەشێوەیەکى شێتانە هەوڵدەدات بزانێت. نەزانین کە بەشێکە لە خاکەڕایى و ئاکارى دێرینى فەلسەفە, لە ژۆرنالیزمدا کۆتاییدێت. میدیاکان بێشەرمانە خۆیان وەک ڕکابەرى یەکەم و متمانەپێکراو پێشکەشدەکەن و گەورەترین گرفت و قەیرانى ژۆرنالیستەکان ئەوەیە کە «نازانن چ شتێک نازانن[1]». ئەم نەزانینەى ئەوان جیایە لەو نەزانینەى ناو جەهلى مورەکەب کە خاكیبوون و سادەییمان بیردەخاتەوە. بەڵکو شتێکى لوتبەرزانەیە و گوزارشت لە خەم و نیگەرانیى ژۆرنالیستەکان دەکات کە چۆن دەبێت شتێک(هەواڵێک) نەزانن و بەئاگانەبن! ئەم پەیوەندییەمان بە جیهانەوە, ڕۆژانە لەڕێگەى بێشومار دەزگاى مادى و مەعنەوى و تەکنۆلۆژییەوە بەرهەمدەهێنرێتەوە. لەخۆڕاش نیە بەشێوەیەکى نیمچەئاگایانە دەست بۆ مۆبای لو لاپتۆپەکانمان دەبەین و دەڵێین: "با بزانین خەبەرى دنیا چیە". جیهان بۆ ئێمە, کە نازانم لە داهاتوودا چۆناهى دەبێت, بووە بە هەسارەیەک کە دەبێت هەواڵى لێوە هەڵقوڵێت. هەواڵیش زۆرجار بۆ زانینى شتێک نیە, بەڵکو سەمپتۆمە بۆ ئەوەى پەیوەندییە تەمومژاوییەکەمان بە جیهانەوە لە شوێنێکى قووڵتردا کێشەى تێکەوتووە.

لە پرسیارەکەتاندا, باسى دەروونشیکاریى تیایە. جیهان لە دەروونشیکارىدا خۆى باسێکى ئاڵۆزە و دەکرێت کنەى زۆرى تیا بکرێت, بەڵام لەم ڕووەوە گوزارەیەکى ژاک لاکان هەیە یارمەتیماندەدات لە باسەکە دانەبڕێین. لاکان باسى ئەوە دەکات کە جیهان بۆ فرۆید(ـى پێشەنگى دەروونشیکارى), جێى شتەکان نیە, جێى وشەکانیش نیە, بەڵکو جێى ئارەزووەکانە. بە مانایەکى تر, جیهان شوێنى ئاراستەدارییە, شوێنى ئارەزووکردنى مرۆیى, شوێنى بێلایەن-نەبوون. مرۆڤ هەیە و ئارەزوودەکات, جیهان ڕووبەرى ئارەزووکردنە. ڕاستە جیهان شتى تیایە, وشە و زمانیشى تیایە وەک ئەوەى چەندان بیرمەند جەختى لەسەر دەکەنەوە, بەڵام سەرەنجام شت و وشەو دیوێکى تەڕ و هەستیاریان هەیە, دیوێکى لار و مەیلاوییان هەیە و ئەمەش تێکڕا ناوى ئارەزووە. ئارەزووش واتە مرۆڤ بەر لەوەى بەئاگابێتەوە, لە کردەدایە و ئەم کردەیەش داواى بەدیهاتن دەکات و بەدینەهاتن خۆیشى هەر بەدیهاتنە. وەک ئەوەى خەونێکى ناخۆش دەبینیت, بەڵام بێداربوونەوەکەت ئاماژەى هاتنەدیى ئارەزوویەکە. ئێمە لەناو جیهاندا شمەکێک نین بەتەنیشت شمەکەکانى ترەوە, بەڵکو ڕەهەندێکى زاتى و سوبێکتیڤمان تیایە و لەپشت هەموو چالاکییەکانمانەوە خەریکى ئارەزووکردنین. ئارەزووش لەو وێنا کوردییە پژوپۆى زیاترە کە تێى‌دەگەین. بۆیە سەربارى هەموو گۆڕانکارییە فەردى و بەکۆمەڵەکان, مرۆف لەناو زنجیرەیەکى بێشومار ئارەزووکردندا دەژى و جیهان بە هەموو هەڵبەزودابەزەکانیەوە بابەتى ئارەزووکردنى مرۆڤە. هۆکارى ئەوەشى کە ئارەزووەکانى مرۆڤ قەت داناسەکنێت, ئەوەیە کە جیهان خۆى لەبنەڕەتدا ناکۆتایە و ئێمە بوونێکى هەڵکەوتمان تیایدا هەیە و لەژێرەوە ڕیتمى ئارەزوومان بەدەستى ئەو جیهانە ناکۆتایەیە.

سەرەنجام جیهان ناوى ئەو گۆشە بچوکەشە وا وەک تاکەکەس شتەکانى تر و ئەوانیترى لێوە دەبینین. دیارە مەبەست لەوە نیە ئەم گۆشەیەمان جیاکردۆتەوە, بەڵکو بەو واتایە دێت ئەم گۆشەیە خۆیشى حزوورى جیهانە بەڵام کەمێک زاتى و سبێکتیڤ. لەم گۆشەیەوە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش دەڕوانین, لەو هاودەم و هاوڕێیانەش کە نیشتەجێى جیهانن. بەس ئەى مردووەکان دەکەونە کوێى جیهانەوە؟ مەگەر ئێمە لەم گۆشەیەوە بیر لە مردووەکانیش ناکەینەوە؟ دیارە مردووەکان لە جیهانە ڕەمزییەکەماندا وەک ناو هەن, بەس وەک قەوارەیەکى زیندوو کە ڕۆڵى ئەویترێکى پاتۆلۆژیک بگێڕێت لەئارادا نەماوە. زیندووەکان بوونێکى پاتۆلۆژیک و نەخۆشخەریان بۆ ئێمە هەیە, بەڵام کە لە جیهان دەردەچن تەنیا وەک ئەدرەسێکى ڕەمزى لە سووچێکى دونیا ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەکەدا درێژە بە خۆیان دەدەن, درێژەدانێکى پچڕپچڕ(ڕێشمبدە بڵێم: خۆشویستنى ئەوانەى دەمرن, هەمووى بەرەنجامى هاوخەمییەکى بێگەرد نیە بۆ وان, بەڵکو چێژوەرگرتنێکى شاراوەشە لەوەى ئەویتر وەک قەوارەیەکى پاتۆلۆژیک دەچنەدەرێ). ئەم خاڵە تاریکە, بەس جیهان و شارستانیەت خۆى لەسەر جنونێکى تاریک ڕسکاوە. هەر ئەم خاڵە خۆیشى دەتوانێت سەرچاوەى بیرکردنەوە بێت لە چاکە نەک خراپە. ڕاستە ئێمە وەک بکەرێکى ڕوون و کۆنکرێتى لە سەر زەویین و کەسانى لەو جۆرەش لە سەر زەوى دەژین, بەڵام لە کاتى خزان و ڕۆیشتنیاندا, تێدەگەین زۆریش ڕوون نەبوون و لەبەر ئەمەش تا فەترەیەکى زۆر باوەڕ بە ڕۆیشتنى کەسە ناسیاوەکان ناکەین. پێگەى ئەوان چیدى بەو جۆرەىپ ێشوو ڕوون نیە. ئێمە گەر دیدێکى تەواو ماتریالیستى و مولحیدانەشمان بۆ جیهان هبەێت, ئەوا جێیەکى وێناکراو بۆ مردووەکان دەکەینەوە و دەبنە بەشێک لە یادەوەرییمان. بەڵام یادەوەرى, جێیەکى سوبێکتیڤ نیە لەناو کەلەسەرماندا, بەڵکو شوێنێکى گریمانەکراوى ناو جیهانە کە بەپێى پێگە شڵەژاوەکەى هەریەکەمان جێى خۆى خۆشدەکات. بەم پێیە, جیهان شوێنێکى ئارام نیە. ڕەنگە بەتەنیشت بینایەکدا بڕۆیت و تەنێک بکەوێتە خوارەوە و بتکوژێت(ئەو ماوەیە لە گەرمیان مێردمناڵێک بەو جۆرە مرد). هەم زەوى وەک هەسارەیەک لەناو فەزایەکى تەواو ئەمیندا نیە, هەم ئێمەش لە جیهاندا تەواو ئەمین ناژین. تەختەیەک لە بەرزاییەکەوە بەر سەرت دەکەوێت و بەشێوەیەکى تەواو گەمژانە کۆتاییت دێت(سەر خۆى هێماى ئەم سوکایەتییەیە کە وەک بوونەوەرێک هەڕەشەکە بۆ سەرتە و وەکبڵێى گەمژەى بێ‌سەر یاڵا بخزێ بۆ مردن). یەک تۆز لادان لەو نەزمە ئایدۆلۆژیاى بەرچاوى گرتووین بەسە بۆ ئەوەى تێبگەین جیهان خۆى شێتی‌یەکى ناکۆتایە. برسێتى و قاتوقڕى و خۆکوشتنى مرۆڤەکان و پیسبوونى ژینگە و کێشەى پەنابەر و پەتاى بەناو کۆرۆنا و هتد, لەو کێشانەن لە جیهاندا حزووریان هەیە و بەپێى پێویست و بگرە زیاتریش باسکراون. بۆیە پرسیارێکى کەمتازۆر شێتانە بشێت لێرەدا بکرێت ئەوەیە: گەر ئێمە گۆى زەوى وەک نشینگەیەکى نێو جیهان لەدەستبدەین, و لەسەر هەسارەیەکى تر نیشتەجێ بین, ئەودەم زەوى بۆ ئێمە چى دەبێت؟ جیهان لە سیستەمە ماناییەکەى ئەوکاتدا چۆن دەبێت؟ گەرچى بەپێى چەمکەکانى وەک لەبەرگرتنەوە(سیمولەیشن) کە لە بیرى بیریارانى وەک بۆدریاردا هەن, مەریخ جۆرێکە لە لەبەرگرتنەوەى زەوى و پێناچێت ئەوکات پێویستمان بە بیرکردنەوە هەبێت لە ڕیشەیەکى کۆنتر.   

 

 

پ: لە وەڵامەکەتاندا کۆمەڵێک ئاماژەی قوڵ و ترسێنەریش ھەن لە ھەمان کاتدا، لەنێوان ئەم ھەموو دابەشبوون و پەڕینەوەیەدا، پێم خۆشە پرسیار دەبارەی ئەو مرۆڤە نوێیە بکەم کە ئێستاکێ لە جیھاندا ھەیە، ڕەنگیشە ئیتر مرۆڤێکی دەگمەن نەبێت لەناو ئەم جیھانە ئاڵۆزەدا. بۆنمونە کافکا لە ڕۆمانی _دادگایی_دا ئاماژە بۆ سوبێکتێک دەکات کە بێ ھیچ ھۆکارێک تاوانبارە، بەیانییەک لە خەوھەڵدەستێت و تاوانبارە بە شتێک کە خۆیشی نازانێت چییە، من چەمکی تاوان ئەگۆرم بۆ[ گوناح] و دیارە گوناح لەدەرەوەی ڕیشە مێژوویی و دینییەکەی مەبەستمە زیاتر، لەھەمان کاتیشدا دەمەوێت بیخەمە پاڵ مۆدێرنە. دەپرسم مرۆڤ ئیمڕۆ گەیشتووە بەو جێگەیە لە جیھاندا کە پەیوەندیی خۆی و جیھان لەسەر ئەم گوناحە بپێوێت؟

وەلید عومەر: بەر لەوەى سەرنجمان لەسەر گوناحى تەمومژاویى کافکایى چڕکەینەوە, دەتوانین بڵێین چەندین بیریار و فەیلەسوفمان هەیە کە لە دەستەواژەى «جیهانێکى ئاڵۆز»ـەوە دەپەڕنەوە بۆ باسکردن لە «نەمانى جیهان» وەک گشتێکى تۆکمە و یەکانگیر. بۆنمونە, ئالان بادیۆ چەمکى جیهان لە سەردەمى پۆستمۆدێرندا بە لەدەستچوونى جیهان باسدەکات کە وردکراوەتەوە بۆ ژمارەیەکى زۆر دونیاى بچوک‌بچوک کە سەرقاڵى گەمەى زمانیى خۆیانن و بەدیار ڕێسا بچوکەکانەوە دانیشتوون و جیهانیان لە گشتێتییەک خاڵیکردووەتەوە کە مرۆڤەکان لە کۆپەیوەندییەکى واقیعى و گەردوونگیر و حەقیقەتمەنددا بژین. واتە جیهان پتر لە جیهانێکى بێ‌جیهان دەچێت. جیهان وەک ماشێنێکى داوەشاوى دەرەمانا ماوەتەوە کە ڕێکوڕاست دەرهاویشتەى سەرمایەدارییە. لێرەشەوەیە ژیژەک چەندین جار جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە سەرمایەدارى لە ئاستى جیهاندا(و وەک جیهان) خەریکى داناڵینى مانایە, واتە مانا جیهانی‌ناکاتەوە, بەڵکو خۆى لەگەڵ لۆکاڵە مانادارە جیاجیاکاندا دەگونجێنێت. سەرمایەدارى سیستەمێکى مانایى و ڕەمزى نیە تا هاوشان بە کاڵا, ماناش حەواڵەى شوێنە جیاجیاکانى جیهان بکات. بەڵکو وەک ماشێنێکى ئەبستراکت و بێمانا, پەل بۆ هەموو پنتەکانى جیهان دەکوتێت. سەرمایەداریى جیهانى, ڕەنگە کاریگەرى لەسەر ماناى پنتە لۆکاڵەکان دانێت, بەڵام خۆى مانایەکى کۆى نیە بیگەیەنێت و پەخشیکاتەوە. جیهان بەپێى بادیۆ هێشتاش پێویستى بە فەلسەفەیە و داوادەکات هەستێتەوە و هەنگاو هەڵهێنێت(چونکە لەلایەن فەلسەفە زاڵەکانى وەک شیکارى و ھێرمۆنۆتیک و پۆستمۆدێرنەوە نەخۆشخراوە). وەکچۆن لاى نیچە زەوى پتر بوونەوەرێکى زیندووە و داواکات بۆى بەوەفابین, لاى بادیۆش جیهان ئەو بوونەوەرەیە کە گوێ بۆ پەیامى فەلسەفە هەڵدەخات. دیارە ئەم هەڵێنجانانە بۆ جیهان, بڕێک لە دونیاى ئێمەوە دوورە. ئێمە دەقیق تێناگەین باسى چى دەکەن, ئیتر گەر بێتو بەشێک بین لەو جیهانە پەرتەى سەرمایەدارییش. مرۆڤێکى کورد خۆى بە بەشێک لە جیهانگیرى دەزانێت, بەڵام جیهانە ماناییەکەى ئەو حەکایەتێکى تۆزێک جیاوازى هەیە. ڕاستە هەرکەس و هەر لۆکاڵێک بەشبەحاڵى خۆى لە جیهاندایە, بەڵام شێوازى لەجیهاندابوونەکەى کاردەکاتە سەر تاک بە تاکى ئەو نەتەوەیە و ئەو لۆکاڵە. ئێمە گەر بەناو ئەم جیهانەشدا پەرش بووبینەوە, کەچى جیهانێکى مانایى-گریمانەیى هەیە و دەمانبەستێت بەیەکترەوە. لە دەروونشیکاریى ژاک لاکاندا بەمە دەوترێت ئەویترى گەورە. ئەویترى گەورەو جیهانە ڕەمزییەکەى کوردێک و کوردێکى ترە(یان هەر ڕەگەزێکى تیاژاوى نێو ئەم پانتاییە). ئەو ڕەگەزانەى کە مرۆڤەکان دەبەستێت بەیەکترەوە لە جیهانى ئەمڕۆدا, لە نیگاى یەکەمدا سەرمایەیە و سەرمایەش لە ئاستە زۆر سادەکەیدا ئاماژەیە بۆ نزیکیى غەریزەکانى مرۆڤ و خاوەندارێتى, بەڵام لەپێش سەرمایەوە, چەندین ڕەگەزى دێرینى تر کاردەکەن و گەر وەک تەوقێکى بەتاڵیش مابێتنەوە ڕۆڵیان هەیە لە دیاریکردنى جیهانى جیاجیاى مرۆڤەکاندا. بەسادەیى ویستم بڵێم, لە جیهانێکدا کە سەرمایە حوکمیدەکات, کەچى جیهانى جیاجیاى تریش هەن و لەژێرەوە یان لەپشتەوە کاردەکەن. دەتوانین کۆمەڵێک خەسڵەتى هاوبەش بۆ هەر نیشتەجێیەکى ئەم جیهانەى ئەمڕۆ دیاریکەین, کە ڕۆژانە و شەوانە لەسەر ئەم هەسارەیە لە هەموویاندا بە ڕێژەى جیاجیا هەیە. بەڵام هەر دونیایەکى کەلتورى و ڕەمزی, بنبەست و تاقانەیى خۆیشى هەیە. مرۆڤ کە چاودەکاتەوە بە ڕووى دونیادا, لە بنەڕەتدا بوونێکى تەواو گەردوونیى هەیە. شتێک هەیە هەر بە شهوود و بە وجود دەیلکێنێت بە هەر بوونەوەرێکى ترى ناو جیهانەوە. بەڵام وێڕاى ئەمەش, نیشتەجێبوون لەجیهاندا پێدراوێکى پڕ و پۆزەتیڤ نیە بچینە ناوى و لێى دەرچین و هاموشۆى ئازادانەى خۆمانى تیابکەین. بەجیهانیبوون, و دانیشتن لەناو جیهاندا, پتر لە شوناسێک دەچێت کە لە هەوڵداین پێى‌بگەین و هەمووجاریش بەوهۆیەوە دەخزێینەوە ناو دونیا پلەدووە چکۆلەکەى خۆمانەوە. لە پرسیارەکەتدا باسى کافکات کرد, ڕەنگە کافکا وەک ناو, ناوێکى جیهانى بێت بۆ هەموو مرۆڤێک. بەڵام کاتێک مرۆڤێکى کورد دەیەوێت جیهانى کافکایى تەرجومەبکات بۆ جیهانەکەى خۆى, تووشى چى دێت؟ ئاخۆ مێژووى ئێمە, کارەکتەرى گوناهبارى لەو جۆرەى تیا دەڕسکێت کە گوناهەکەى پەیوەندیى بە دینەوە نەبێت؟ ئەمە پرسیارێکە دەتوانین لە پەیوەندىدا بە جیهانەوە بیورووژێنین(ڕۆمانێکیش بە کوردى نوسراوە بەناوى پەپوولەى کافکا کە گوایە بیرۆکەى کافکایەکى کوردى دەرووژێنێت و لێرەدا بەرەنجامى نەبوونى ناسنامەى قەومییە لە ناوچە دابڕاوەکان نەک ئەوەى کافکایەک بێت تەواو خۆرئاوایى. واتە کێشەى ناوگۆڕکێ و شوناسگۆڕکێ هەیە نەک ماهیەتگۆڕکێ. ناوگۆڕکێکەش بۆ قبوڵکردنى کوردێکە لە جیهاندا نەک ئەوەى بە مانا کافکاییەکەى هەوڵ بێت بۆ دەرچوون لە ماهیەتى ئەم جیهانە. سادەتر بیڵێین, شتەکە میتافۆرە و هەوڵ بۆ بەکوردیکردنى کافکا کارێکى گەرچى ئەدەبییانەیە بەڵام کەمێک ڕێوڵکەر و کورتکەرەوەشە). لەو ڕۆمانەدا, کە چیرۆکەکەى بە سەرکەوتوو دەزانم, کافکاى لۆکاڵى لەبەردەم کافکاى گڵۆباڵدا شکستدێنێت. کارەکتەرێک لەو کەرکوکەوە دەڕواتە ناو جیهان و وەک کافکایەکى تەعریبکراو تووشى بنبەستى فەنتازیى خۆى دەبێت و سەرەنجام دەگەڕێتەوە بۆ شوێنى خۆى کە خاڵى دەسپێکى وى بووە.

ڕاستە زۆرجار جیهانى ئێستا, بە "جیهانێکى کافکایى" ناودەبرێت, بەڵام پێموایە جیهان لەبنەڕەتدا خۆى جیهانێکى کافکاییە. هەرکات مرۆڤ لە پەیمانە باوەکان و ڕێساکانى سەردەم و ستایلى باوى ژیان لادەدات, ئیتر پێ دەخاتە جیهانێکى کافکاییەوە. واتە بە پلەى یەکەم, هۆکار(cause)ـە باوەکان پاشەکشەدەکەن و جیهان کەمێک نالۆژیکى دەردەکەوێت. ئەمەش پتر موکاشەفەیەکى زاتى و نوخبەوییە و کۆمەڵگا هەمووکات پێکەوە ناتوانێت بەم جۆرە بێت. هەتا لە ئێستاشدا کە زۆر پەیمانى کۆمەڵایەتى لەقیوە و جیهان لەناوەوە تووشى ڕۆشنبوونەوەیەکى نیهیلیستى هاتووە و مرۆڤەکان هەست بە ناجێگیرى و هۆى تەمومژ دەکەن لەپشت شتەکانەوە, کەچى جیهان بۆ ئەوان هەر شتێکى جدییە و پێکەوە بەرمەبناى گەمەیەکى جدى دەیبەنەڕێوە. ڕەنگە لێرەدا بخزێینە ناو بەبوونگەراییکردنى جیهانى کافکاییەوە, بەڵام ڕەهەندێکى لەم جۆرە لە جیهانى کافکاییشدا مەحاڵ نیە و ئیمکانى تەفسیرى هەیە. هەر سەردەمێک چەندە لائیک و سێکۆلار و ماتریالیستییش بێت, خاوەنى ڕەهەندى بوونگەرایانە و ئەگزیستیانسیالیستیى خۆیەتى. وشەى "جیهان" خۆى سەربارى مەبەستە مادییەکەى, کەچى دەنگدانەوەیەکى بوونگەرایانەشى هەیە. ئەدۆرنۆ لە تێبینییەکانى خۆیدا بۆ هزرى کافکا, دژى هەر بەبوونگەراییکردنێکى کافکا دەوەستێتەوە و  تەنانەت کۆک نیە تەفسیرى زۆروبۆریش بەسەر دەقەکانیدا بدرێت. ئەدۆرنۆ, پێى‌وایە ڕستەکانى کافکا هەر ئەوەن کە هەن. لوغزێکن کلیلەکەیان ونبووە. دیارە ئەدۆرنۆ کافکا تا دوائاسۆ ماتریالیستى دەکاتەوە, بۆیە کافکا وەک «نەوتراو»ـى جیهانێکى لاڵ دەخاتەڕوو. ئەم جیهانەش, جیهانێکى بەشتبووە و مرۆڤ دەرگیرى کۆپەیوەندییەکە کە مرۆڤى تیادەبێتە زیادە و کارەکتەرەکانى کافکاش کارێکى ئەوتۆى بەسوود بۆ کۆمەڵگا ناکەن. مرۆڤ عادەتەن خۆى لەگەڵ ڕەوتى جیهاندا دەگونجێنێت, بۆیە باجەکەى هەرچییش بێت هەر قبوڵیدەکات. ئەم خۆگونجاندنە, شتێکى نەستەکى و ناخودئاگایانەیە و لەودیوى ویستى خۆیانەوە کاردەکات. بۆیە مرۆڤى ئەمڕۆ, گەر مرۆڤێکى تازە بێت یان کۆن, تا بەر جۆرێک لە خودئاگایى نەکەوێت دەرهەق بە جیهانەکەى, ئەوا هێشتاش دۆخى جیهان کەمتازۆر بە ئاسایى وەردەگرێت. ئەدۆرنۆ دەیەوێت هەرچۆنێ بێت کافکا ببەستێتەوە بەو جیهانەوە کە سەرمایەداریى دوایین درووستیکردووە. جیهانێک کە خاڵى نیە لە ڕەهەندى سوریالى و ئەمەش وایکردووە کافکا خەونەکان وەک پرسێکى حەرفى و دەقاودەق بخاتەڕوو نەک شوێنى کۆد و ئاماژە و تەفسیراتى دڵخوازانە. لێرەدا لە چەمکى سینتۆم-ى لاکانى نزیکدەبینەوە. سینتۆم, کۆدێکە کە ناکرێتەوە و هیچ ناوەڕۆکێکى دەوڵەمەند و پڕ ڕازیشى هەڵنەگرتووە. دەقى کافکاییش لە دیدى ئەدۆرنۆوە, دەقێکە یەکاویەک گوزارشت لە ڕزین و داوەشینى کەپیتالیزمى دوایین دەکات. هەڵبەت ئەمە بەو مانا کورتکەرەوەیە نایەت کە کافکا چەپە, بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە هزرى کافکا لە جیهانێکدا دەڕسکێت کە خەسڵەتەکانى ئەم جیهانە لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت و تووشى جۆرێک لە ڕەقهەڵاتنى دەکات. ئەدۆرنۆ دەیەوێت لە دیاردەى کافکادا خڵتە و سینتۆمەکانى ئەم جیهانە "بەشتبوو"ـە باشتر ببینین. نازانم بە چ ڕێگایەک دەتوانین مرۆڤى ئەمڕۆ ببەستینەوە بە جیهانى کافکاوە, بەڵام مرۆڤەکان لەبرى درککردنى زەینییانەى شتەکە, ڕەنگە ڕاستەوخۆ لەڕێى ژیان و جەستە و بوونیانەوە ئەزموونیبکەن. ئەدۆرنۆ گوناحى کافکایى, لە هەر پژوپۆیەکى سەر بە دەروونناسی و تیۆلۆژى و بوونگەرایى پاکدەکاتەوە و پێى‌وایە کافکا دەروونشیکارى لە هەر جۆرە دەروونناسییەک پاکدەکاتەوە و مرۆڤ تا بەرەو ناوەوە بڕوات ئەوا پتر لەو شت و شمەکانەى دەرەوە دەچێت کە جێیاندێڵێت. سوبێکتى کافکایى لە شمەکێک دەچێت بە سوچێکى جیهانەوە هەڵواسراوە و ڕەقهەڵاتووە. لە جیهانێکدا کە پێگەى خواوەند لەقیبێت, مرۆڤیش گۆڕان بەسەر جێکەوت و سنورەکانیدا دێت و زنجیرەى دێرینى هۆ و ئەنجامەکان دەپچڕێن. لە تێکستى داگایىدا کارەکتەرەکە بەشێوەى پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ هۆکارى دادگاییکردنەکەى خۆى دادەهێنێت و دەدۆزێتەوە چونکە پێشوەخت هیچ هۆیەکى ماقووڵ بۆ دادگاییکردنەکەى نابینێتەوە. پچڕانى زنجیرەى هۆکارێتیى نێوان شتەکان وادەکات کەسانێک هەستێکى کافکایى دایانگرێت و زۆرینەى زۆرى خەڵکیش خۆیان لەگەڵ ئەو پچڕانەدا ڕابێنن, ئەم ڕاهاتنە, خۆى ئایدۆلۆژیایە و گەر ئایدۆلۆژیا لە هەر فۆرمێکدا بوونى نەبێت ئەوا جیهانێکى خودئاگایانەى کافکایى درووستدەبێت کە لە شێتییەوە نزیکە. لە شەوانى کۆرۆنا خۆم هەستێکى کەمێک تایبەتم هەبوو. وەک‌بڵێى ڕیتمى باوى جیهان, تەواو دەژاکێت و بڕێک کەلەسەر لەسەر هەسارەیەک دێن و دەچن و سێبەرى مردنیان بەسەرەوەیە و هیچ داگایەکى لۆژیکییش نیە بۆ وایە؟ ئەدۆرنۆ لەمەڕ گوناح و دادگاییەکەى کافکاوە دەڵێت «دادگاییەکە, دادگاییکردنى خودى داگاییە». پێموایە لە ئاسێکى سەرووتر و ڕیشەیتردا, جیهانى مرۆڤ خۆى هەر کافکاییە و دۆخێکى نائاسایى بەسە بۆ ئەوەى جنونەکەى ببینین. بەم پێیە, پەیوەندیى مرۆڤ و جیهان هەم بەردەوام تازەیە و هەم هەمیشەش کۆنەیە. ئەوەى لەم نێوانەدا فەرقدەکات ساتە ئاوارتە و نائاساییەکانە کە تێماندەگەیەنێت جیهان خۆى پرسێکى هەڵکەوت و ڕێکەوتە و لە بارگۆڕاندایە. ڕاستە گۆڕانەکان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى تر باجى خۆیان هەیە, بەڵام ڕەهەندێکى نامێژوویى و دەرەکاتیش هەیە کە وادەکات جیهان هەمیشە جێى حیرەت و حەپەسان بێت و ئەو کاتەشى وا بەهۆى سیستەمە ئابورى وس یاسى و مێژووکردەکانەوە لە ڕاز دادەماڵرێت, کەچى ڕازى بێ‌ڕازى خۆى هەر بەرهەمدێنێت. لە ترازانى سەردەمەکاندا, کەسانى وەک کافکا دەخوڵقێن. بەم پێیە کافکا ناوى یەک کەس نیە, بەڵکو ناوى ترازانێکە, ترازانى هەناوى جیهان لە خۆى و لە پارچەیەکى خۆى.

گەر حیسابى جدى لەسەر ئەم ترازانە بکەین, بێگومان هەستى گوناح و چەندین هەستى جۆراوجۆرى تریش مرۆڤ دادەگرێت. مۆدێلى نزیک لە ئێستامانەوە, مۆدێلى دینى بووە. لە مۆدێلى دینییدا, جیهان ئامانجى هەیە و ماناش. بەس کاتێک ئەم مۆدێلە فشۆڵدەبێت, ئیتر تێیدا ناژین و پتر وەک یادگارییەک دەمێنێتەوە و بۆشاییەک دەکەوێتە ناوەڕاستى ژیانمان. نازانم چەندە قبوڵکراوە, بەڵام وەک خۆم هەمیشە پێنوابووە هیچ مۆدێلێک بە پڕیى مۆدێلى دینى(ئلوهى), ناتوانێت ژیان ئایدۆلۆژیزەبکات و بۆشایى مانا و ئامانج بشارێتەوە. زۆرجار کە ڕەخنەى بیرمەندە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکانیش دەخوێنینەوە, هەستدەکەین ڕەخنەکانى خۆیان بەرمەبناى مۆدێلى دینى و ئلوهى دامەزراندووە و جیهانى داوەشاوى مۆدێرن بە بەژنى جیهانێکى کۆنتر دەپێون کە خواوەند تێیدا سەنتەر بووە. دیارە نامەوێت هەروا بەسادەیى بڵێم ئەوان داکۆکییان لە دین و خودا کردووە, بەڵکو دەبێت مۆدێلێک هەبێت بەشێوەیەکى زیمنى و نوستوو ڕەخنەى ئەم جیهانە مۆدێرنەى پێ بکەیت. گەر مۆدێلەکە بشکەوێتە داهاتووە, چەشنى مۆدێلە یۆتۆپییە ئەزمووننەکراوەکان, ئەوا هێشتاش ڕیشەى دەچێتەوە سەر جیهانى پێشوو کە لەسەر بنەماى ڕابردوو کەموکورتییەکانى پڕکراوەتەوە. کاتێک مرۆڤ, لە هەرکوێ و هەر کۆمەڵگایەکدا بێت و مۆدێلەکەى پێشووى دۆڕاندبێت, ئەوا کاردانەوەى خۆى دەبێت و زۆرجار دەبێت لە ڕەفتارى بەکۆمەڵى مرۆڤەکاندا بۆ کاردانەوەکان بگەڕێین. لاى فرۆید گوناح بەرهەمى کوشتنى دزەوانکێى باوکە, بەڵام کاتێک مۆدێلێکى جیهان دەکوژین, چ گوناحێک داماندەگرێت و بە کام ڕەفتار دەریدەبڕین؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە وادەکات پەیوەندییەکانمان کافکایى بن بەبێ ئەوەى خۆمان بزانین کافکایین و کەسێکى سادەى ئەم ڕۆژگارەش ناتوانێت خودئاگاییەکەى بۆ ئەو ئاستە هەڵکشێت بزانێت کافکاییە یان نا, بزانێت گوناحبارە یان نا. وەک خۆم دیقەتدەدەم کە چۆن ڕۆژانە شتێک لە جیهان هەڵدەوەرێت, چۆن ئەزموون بە مانا بنیامینییەکەى خۆى ناگرێت, چۆن "خێرایى" گەشەى نیوەناچڵى شتەکان دەخاتەڕوو, چۆن ئومێد و نائومێدى بەپێچەوانەى جارانەوە پێکەوە و هاوکات هەناوى یەکدى بەتاڵدەکەنەوە...بەڵام سەرەنجام لەودیوى هەر ڕەخنەیەکى تایبەتەوە ئەمە خەسڵەتى جیهان خۆیەتى و شتێک نیە بەڕەهایى ناماقووڵ بێت. "مرۆڤى نوێ" وەک لە پرسیارەکەتاندا هاتووە, تەنیا مرۆڤى نوێى یەک سەردەم ناگرێتەوە و چەندین نوێ و چەندین کۆنیشمان هەر هەیە. جیهان لەم قۆناغەى خۆیدا سەرنجڕاکێشە, چونکە مۆدێلە کۆنەکان لەناوەوەڕا کەم‌کەم دەپووکێنەوە, بەڵام وێڕاى ئەوەش ئێمە لەگەڵ بنکە دێرین و ئۆنتۆلۆژییەکەى خۆماندا دەرگیرین. ئێمە مرۆڤین و تا دوورترین هەسارەکانیش بڕۆین و ڕیشەییترین بارگۆڕانى مەعنەوییش تاقیکەینەوە, هەر پانتاییە مرۆییەکەمان لەگەڵ خۆماندا بردووە. بەپێى دەروونشیکارى, بەدەعەجانبوونو بەو جۆرەى لە بەدگۆڕانى کافکادا هەیە, فەنتازیاى مرۆڤە نەک ئەوەى مرۆڤ بە زاتى خۆى ببێتە قۆلانچە و دەعەجان. واتە ئەو حەشەرەیە هێشتا ڕەهەندێکى میتافۆریى تیا زاڵە و سنورە تراوماییەکەى نێوان بەشەر-حەشەرە پارێزراوە. جیهان لەمڕۆدا, دەمانکاتە ڕۆبۆت, حەشەرە, شمەک...بەڵام هێشتا لەناو سنورە مرۆییەکاندا گیرمانخواردووە و هێندەى بەر بنبەستى خۆمان دەکەوین هێندە تازە نین.

 

پ: ئەو بیرکردنەوەیەی کە ئێمە ھێشتا "مرۆڤین" کەمێک ڕادیکاڵ و تراوماییشە. مەبەستمە بڵێم ڕەنگە ئێستا مرۆڤ تەواو پەرش بووبێتەوە لەناو ناونانە جیاوازەکاندا، ساتێک کە بیرمان دەکەوێتەوە مرۆڤین ساتێکی کەمێک شۆکھێنە. دەپرسم ئایە مانەوەی مرۆڤ لە ناو جیھاندا مانەوەیەکی توندوتیژانە نییە؟ توندوتیژی بەمانا [ژیژەکییەکە] بەکاردەبەم، ئایا تەنھا نەژادە وادەکات مرۆڤ ئەو ھەموو سەردەمە ببڕێت و ھێشتا ئامادەی تێپەراندنی دیکەش بێت، یاخود توندوتیژی دوا خەسڵەتی مرۆڤە بۆ مانەوە لەناو جیھان و سیستمە جیاوازەکاندا؟

 

وەلید عومەر: لەڕووى ئۆنتۆلۆژییەوە, مرۆڤبوون بونیادە. واتە بوون, بوونیادى ئێمەیە, بونیادى مرۆیى. سەربارى ئەو هەموو لێکچواندنە حەیوانى و شتئامێزەش کە مرۆڤ خۆى بە گیانەوەرانى تر شوبهاندووە, کەچى هێشتا لەناو بونیاد و ستراکتۆرەکەى خۆیدا ماوەتەوە. گەر پێمانوابێت ئەو لێکچواندنانە کۆن بوو, خۆ هایدگەر زۆر دوور نیە لێمانەوە کە بۆنمونە لە پرسى مەرگدا حەیوان و مرۆڤ لێکجیادەکاتەوە و دەڵێت حەیوان نامرێت چونکە مەرگ‌ئاگایى نیە. ڕەگەزەکانى ناو ئەم بونیادە و دۆخ و کۆپەیوەندییەکان و فەنتازیاکانى گۆڕانیان بەسەردا دێت, بەڵام بونیادەکە شتێک نیە وەک بڵقى سەر ئاو لەناوبچێت. توندوتیژى لەنیگاى یەکەمدا, نەرێنى دەرکەوێت بەڵام ئاماژەیەکى ئەرێنییشە بۆ کۆمەڵێک شت. یەک لەوانە, مانەوەى مرۆڤە. لە دەروونشیکارىیەوە فێردەبین کە دڵەڕاوکێ زۆریش نەرێنى نیە. ئەم سەردەمە کە خۆى بە سەردەمێکى دژە-دڵەڕاوکێ دادەنێت, دژ بە کرۆکى مرۆڤبوون دەوەستێتەوە. دڵەڕاوکێ, لە خەسڵەتە زاتییەکانى مرۆڤە. ئەمڕۆ هەزاران دەرمان و بەرنامە دانراوە بۆ ئەوەى لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانى دوورکەوینەوە, بەڵام دڵەڕاوکێ ئاماژەیە بۆ ئەوەى هێشتاش پابەندین بە مرۆڤبوونمانەوە. دڵەڕاوکێ خۆى جۆرێکە لە توندوتیژى بۆ سەر مرۆڤ, بۆیە توندوتیژى هەمیشە کاتیگۆرییەکى بەد و نەرێنى نیە. دڵەڕاوکێ و توندوتیژى, ئاماژەی ئەوەیە ژیان هێشتاش مایەى تیا ژیانە. ڕێژەیەک لە دڵەڕاوکێ زەروورە, لانیکەم وەک نرخ و مانا و سزا. کاتێک هەست بە توندوتیژى دەکەین , واتاى ئەوەیە سنورە ڕەق و زبرەکانمان ماوە. سەیرکە چ کارەساتێکە گەر بڕوا بەوە بێنین ژیان یەکپارچە خەون و خەیاڵە و سنورى زبرى تیا نامێنێت. ئەوکات شێتییەکى سەرتاپاگیر هەموومان دادەگرێت و پرسیارکردن لەمەڕ سوبێکت و حەقیقەت و واقیع هیچ مانایەکى نامێنێت. هەستدەکەم پەیوەندیى مرۆڤ و جیهان, هەروا پاسیڤانە کۆتایینایەت. توندوتیژى, خۆشبەختانە, چ لەڕووى زیان و مەترسییەکانى سەر ئیگۆوە بیت, چ لە ئاکامى زەبروزەنگى سەرمایەوە بێت, چ وەک شۆکە کەسییەکان بێت, هەر دەمێنێت. دەتوانین بێشومار پێناسە بۆ توندوتیژى بکەین: هەر ئەوەى من و تۆ لەڕێگەى تۆڕى ئەنتەرنێتەوە گفتوگۆ دەکەین خۆى جۆرێکە لە توندوتیژى بۆ سەر وتووێژە کلاسیکەکان. فەزاى مەجازى خۆى توندوتیژییەکە بۆ سەر تەونە واقیعى و کۆمەڵایەتییەکانى پێشوو. پێناسەى ئێستاى جیهان وەک شوێنى یەدەککردنى وزە, خۆى توندوتیژییە بۆ سەر مانا دەوڵەمەندەکەى جیهان خۆى. سەرمایەداریى نامادى, توندوتیژییە بۆ سەر سەرمایەداریى مادیى تەقلیدى. دانانى ستیکەر لەبرى زمانى دەلالەت و تەعبیر, خۆى بە مانایەک لە ماناکان توندوتیژییە. گۆڕانى تەکنیکى داستاننوسى, جۆرێکە لە توندوتیژى بۆ سەر تەکنیکى گێڕانەوەى کۆن. هێند هەیە مادام توندوتیژى دەمێنێت, تراوماش هەیە. تراوماش گوزارشتە لەوەى کە چەمکەکانى "کۆتایى" خۆیان کۆتایى نین و گوزارشتن لەوەى پەیوەندیى مرۆڤ و جیهان بەشێوەیەک لە شێوەکان هەر بەردەوامە. نە کۆتایى مێژوو, نە کۆتایى جوگرافیا, نە کۆتایى عەقڵ, نە کۆتایى فەلسەفە و هتد هیچیان کۆتاییەکى نەرم و بێ توندوتیژى نین. توندوتیژى لێرەدا بەرامبەر بە هەندێ لە درووشمى پۆستمۆدێرنەکان, وشەیەکى جێى هیوایە. ئەوەى پێویستە لەسەرمان ئەوەیە کە پەیوەندییمان بە توندوتیژى و تراوماوە ڕێکخەین. ئەمڕۆ دەوترێت عەشق مەجازى بۆتەوە و تراوماى تیا نەماوە و کۆپەیوەندیى وێنەیى تیا زاڵە, بەڵام هێشتاش ئەو ڕەهەندە تراومایى و توندوتیژە لە عەشقدا ماوە کە مرۆڤ ئازارى تیا دەچێژێت و هێشتاش دابڕان ناوى جۆرێکە لە توندوتیژیى نوستووى ناو پەیوەندى. عەشق کە چەمکێکى کۆنە و بەحیساب ئێستا شلبۆتەوە, کەچى هێشتاش تراوماى خۆى هەیە. ڕەنگە میکانیزمەکانى گۆڕابن, بەڵام تراوماکەى جێگۆڕکێ دەکات نەک ئەوەى لەناوچووبێت. هەر هێرشى سرووشت بۆ ناو ژیانمان, ماناى ئەوەیە پەیوەندییمان بە جیهانەوە بە نێوانگریى سرووشتدا ئیشدەکات و سرووشتیش هەڵگرى زەبروزەنگى خۆیەتى. جەستەش بەم مانایە, بەردەوام لەژێر هەڕەشە و توندوتیژییدایە و لە جێیەکدا دەخزێتە دەرەوەى گوتار و زمان و کۆپەیوەندییى ڕەمزییەکان. مردنیش هێشتا شۆکێکى گەورەیە بەدواى ئینسانەوە.

 

 

پ: ئێودوارد مۆنش لە تابلۆی [ھاوار]دا، فیگۆرێکمان بۆ دەکێشێت کە لەسەر پردێک وەستاوە و دوای ئەوەی ھەموو باگراوەندەکەی میتافۆر بووە و ئاسمان سوور ھەڵگەڕاوە، ھاوار دەکات. ئەم ھاوارە ھاوارێکی تراوماییە بەرابەر کۆی وێنەکە، ئیمرۆ تراوماکان داخزیون بۆ شوێنی دیکە. دەپرسم بۆ ئیمڕۆکە مرۆڤ شۆکنابێت؟ یان باشتر بڵێم ئایا ئەو پەیوەندییە دێرینەی مرۆڤ و جیھان کە بوونێکی تراومایی ھەبوو، بەکوێ گەیشتووە؟

وەلید عومەر: ئەمڕۆ گەر مرۆڤ بەرامبەر بە شتانێکى گەورەش شۆک نەبێت, ئەوا بەشێوەیەکى سەیر و دیالەکتیکى بە شتى زۆر بچوک و بوودەڵە شۆکدەبێت. ئەوەى لە جیهاندا شۆکمانناکات, بە هەواڵێکى بچوکى ناو ژیانى شەخسییمان شۆکدەبین. قسەیەک کە لەسەر ئێمە دەکرێت. هەواڵێکى چاوەڕوواننەکراو کە دەگاتە لامان, دیارییەکى بچوک کە کتوپڕ دێت, و زۆر ساتى بچوکى تریش. واتە لە شۆکى گەورەوە بەرەو شۆکى بچوک هاتووین کە دوا سامانە دەستمان پێوەى بێت. لەگەڵ مینیماڵیزەبوونى جیهاندا, شۆک و تراوماکانیش مینیماڵیزەدەبن. تراوماى گەورە دەمێنێت, ژانى دەستەجەمعى و کێشەى سیاسى و ئابورى و جیهانى هەر دەمێنێت بەڵام دواجار ئەو پەنجە فەنتازییە شەخسییەکەیە کە ئەم تراومایانەى پێ دەپێورێت. سەیرکە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا فەنتازیاى تەواو شەخسى لەدایکدەبێت. مەبەستم لە فەنتازیاى شەخسى, ئەو وێنە شەخسییەیە هەرکەس بە زەینییدا دێت. کۆنتر ئەمە بە زەینى کەسدا نەدەهات. بە تۆنێکى تەواو نەرێنى واناڵێم تاکو ئیمکانى گفتوگۆ هەمووى دانەخرێت. کۆنتر, هەرکەس بەشێک بوو لە جەستەیەکى گەورەترى ئیلاهى و کۆمەڵایەتى. بەڵام ئەمڕۆ ژیان مینیماڵیزە بووە, ئەمە بۆ کەلتورەکانى وەک ئێمەش ڕاستدەردەچێت. ئەمە واتاى ئەوە نیە تاک لەدایکبووە, بەڵکو بەو مانایە دێت هەرکەس شتێک بە زەینیدا گوزەردەکات و دەکەوێتە وەسوەسەى ئەوەى کە من چى بم؟ چۆن بم؟ لە ئەنجامى ئەم مینیماڵیزەبوونەوە, گەر هیچیشمان پێ نەکرێت, تاوێک بەدیار فەنتازیا شەخسییەکەمانەوە دادەمێنین. هۆى شاراوەى پشت ئەمەش, ئەوەیە کە جیهان وەک شوێنى ئیمکانە زۆرەکان دەبینین. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ئیمکانانە چەندیان ئەکچواڵ و کردەکیین؟ چەندیان واقیعیین و بەشدارى لە شادکردنماندا دەکەن؟ ئەوەتا زۆرجار کەسەکان دەستیان بە هەندێ لە ئیمکانەکان دەگات بەس دیسان شاد نین. دیسان لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکەدا هەست بە هەژارییەکى دەروونى دەکەن. هەژارى لاى ژاک لاکان جیایە لە هەژارى لاى مارکس. لاى یەکەمیان تۆ کە نەکەوتیتە بەر ڕەحمەتى نیگاى ئەویترى گەورە(واتە جەوهەرە کۆمەڵایەتییەکە), ئیدى هەست بە پەراوێزبوون دەکەیت, هەست بە وشکهەڵاتنى چێژە کۆمەڵایەتییەکانت دەکەیت. زمان ڕۆڵێکى گرنگ لەمەدا دەگێڕێت, زمان شیرازە کۆمەڵایەتییەکەمان لەژێرەوە ڕێکدەخات. بەڵام سەیرکە لەگەڵ مینیماڵیزەبوونى جیهاندا, زمان چیى لێدێت؟ ئاخۆ زمان لەخۆیدا تووشى خنکان نەهاتووە؟ یان تووشى ئەو چەنەبازییە نەهاتووە کە هایدگەر پێى دەوت "گوتەى لەکارکەوتوو"؟. ئێمە هەریەکە وەکیلێکى بچوکى ناو پانتایى کۆمەڵایەتیین, بەڵام ئەمڕۆ ئێمە کام وەزیفەى زمان دەدەینەوە بە ڕووى دەرەوەدا؟ ئاشکرایە زمان لێرەدا باسێکى زمانەوانى نیە, بەڵکو باسى شیرازەى بوونمانە. ئێمە هەین, بەڵام بوونمان لکاوە بە دیوێکى ناو زمانەوە. من ئەمڕۆ ماندووبوونى زمان دەبینم. سەیرکە چیى پێ دەگێڕدرێتەوە. چۆن شەکەت دەکرێت. خۆ لە پێشانیشدا زمان هەیمشە وەک ماشێنێکى زل بەکارهاتووە و بێشومار ئینسان بەکاریانهێناوە, بەڵام ئەمڕۆ باسەکە بەکارهێنانى ڕووت نیە. بەڵکو لەئاسۆخستنیەتى. کاتێک تا دواسنور زمان ئەشکەنجەدەدەین بۆ ئەوەى پێبکەنێت, بۆ ئەوەى هەموو ڕەهەندەکانى نوکتە بگەیەنێت, چى لە زمان دەمێنێتەوە؟ ئاخۆ زمان خۆى نابێتە کۆمیدیایەکى بێتام؟ لێت نشەارمەوە زۆرجار پێم سەیرە کە ئەدەب و هونەر و فیکر و چى و چى, شتى نەوتراویان پێ مابێت. ئەمیش نەک لەبەر ئەوەى کە شتى ئیبداعى و نوێ دەوترێت, بەڵکو لەبەر ئەوەى ئەو فەزایەى کە پێویستە زمان سەرى تیا دەربێنێت و بدوێت, ونە. کاتێک هەموان بەیەکەوە زۆرترین شت دەگێڕنەوە, چارەنووسى گێڕانەوە و زمان چیى لێدێت؟ ئەمان پرسیارن و ڕەنگە بشکەونە داهاتووەوە.

 ئەمڕۆ گەرچى پێشوازییەکى مرۆیى لە شۆک نیە, بەڵام هەست بە داوەتێکى شاراوە دەکەین بۆ ڕوودانى کارەسات. زۆرجار لە مرۆڤى ئەمڕۆ ورددەبمەوە کە چەندە گوێقوڵاغە بۆ ڕوودانى کارەساتێک. داواى شتێک دەکات لەو ڕۆتینە بێ شۆکەى ژیان دەریبێنێت. تێکشکانى کات و شوێن بۆ ناو خۆى, جۆرێک لە وەڕسى درووستدەکات کە وادەکات مرۆڤەکان هەستێکى شاراوەیان بۆ قەومانى شتى گەورە هەبێت. وەک بڵێى تا چاوبڕکات, شت دەبینین و دەبیستین. نەمانى پنتى نادیار بەو مانایانەى پێشوو, وادەکات بۆ نادیارـى بچکۆلەى ناو ژیانە ڕۆژانەییەکەمان بگەڕێین و هاوشان بەوەش چاوەڕێ بین شتەکان بتەپێن بەسەر یەکتردا. ئەم ڕۆشنبوونەوەیەى هەناوى جیهان کە هەموومان بەجۆرێک ئاگامان لێیەتى, وایکردووە بۆ دوو جۆر تاریکى بگەڕێین: تاریکییەکى گەورە لە شێوەى کارەساتدا و تاریکیى وردوردى ناو ژیانە ڕۆژانەییەکەمان کە زۆرجار تا ئاستى ئەوە بچوکدەبێتەوە کێ مەسجێکى بۆ سندووقەکەمان ناردووە.    

 

پ: دەمەوێت بزانم ئەوە ھەلومەرجە مێژووییەکەیە زمان دەگەێنێتە ئێستا؟ یان پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆجیی ناو زمان خۆیەتی کە لەگەڵ ڕووداوە جیاوازەکاندا توانای خۆی لە تێگەیشتن دەگۆڕێت؟

وەلید عومەر: ئەو ئایەتەى سیفرى پەیدابوون, خۆى خەیاڵمان ڕاحەتدەکات کە سەرەتا وشە هەبوو. دەتوانین دەقاودەق بە مانا سادەکەى وەریگرین و پێمانوانێت زمان نەمرە. وشە هەبووە و هەیە و دەشبێت. پێموایە لە دۆخێکى وەک خەوندایە کە زمان تووشى تێکچوونێکى بونیادى دەبێت. ئاخۆ دەتوانین وێناى دونیایەک بکەین کە ساتەکانى لە هى ناو خەون بچێت؟ خەون هەیمشە بەشێوەى پاشەوپاش و ڕیترۆئەکتیڤ ماناوەردەگرێت و زمانى پێ دەدرێتەوە. خەون, پۆتانشێڵێتەى ڕووتى زمانە. زمانى پێش زمانە. ئێمە کە لەناو جیهانداین, و ئەو دۆخە پێش زمانییەمان تێپەڕاندووە, دەتوانین هەروا ئاسان بکەوینەوە ناوی؟ پێموایە مەسەلەکە جۆرێکى ترە: زمان دەبێت بەردەوام فۆرم درووستکات بۆ گواستنەوەى ناوەڕۆکى زۆروزەبەند. زمان دەبێت بەردەوام لە هەڵاوساندا بێت لەم جیهانەدا. زمان خۆى هەیە, ئێمە دایم بە سنورەکانیدا دەخشێین, دەستى پێوە دەگرین, تووشى تەنگەنەفەسى و سنگ ئاوەڵایى دەبین لەگەڵیدا, بەڵام هەروا ئاسان ناکەوینەدەرەوەیەوە. فرۆید ساتى خەونبینین و ساتى دەروونپەشێوى یان سایکۆسیس بەیەک دادەنێت. لە هەردووکیاندا, ئیگۆ دەخزێتە ناو جەوێکى تایبەتەوە کە سنورى زمان و واقیع وندەبێت. ئەوەى چەپێنراوە بەناو یەکدا دێت و دەچێت و زمان تووشى سوریالیزمێکى ناوەکى دێت. دیارە ئێمە لەم جیهانەدا, ساتى سەیر و تێکەڵوپێکەڵ ئەزمووندەکەین بەڵام هەمووکات ناگاتە ئاستى خەونبینین. خەونبینینى ڕۆژانە و شەوانە جیایە. ئێمە هێشتا زمانمان بەدەستەوەیە, بۆیە مسۆگەرە ئاسان ناخزێینە ناو دەروونپەشێوییەکى ناکۆتا و دەستەجەمعییەوە. هەتا کێشەى کۆمپیوتەرەمرۆڤەکان ئەوەیە کە زمانەکەیان زۆر دەقیقە. زمانى خەون, دەقیق نیە, ناڕێکە, تەئویلبارە, پشێوییە. قسەکەى ماوتسى تۆنگ لە سیاقێکەوە ڕادەکێشینە ناو ئەم سیاقەوە: وەزعەکە باشە, تا لەژێر ئەم ئاسمانەدا پشێوى هەبێت. زمانپەشێوى کە پتر لەمڕۆدا دیاردەیەکىکۆمەڵایەتییە نەک شەخسى, خۆى ئاماژەیە بۆ ماتەوزەیەک کە داواى ڕوونبوونەوە و زمانپاراوى دەکات. هەتا لەو ڕۆمانانەى کە کارەکتەرێک یان زیاتر تووشى زمانپەشێوى هاتوون, ئێمەى خوێنەر دەخەنە دۆخێکى هاوشوناسبوونەوە تا بەرەو جێیەکى پاراوى دیکەى ناو زمان هەڵێین و ڕزگاربین. بەپێى پرسیارەکەتان, دیوێکى زمان هەمیشە لە دەرەوەى هەلومەرجى مێژوویى دەمێنێتەوە. بەڵام دیوێکیشى بەردەوام دەرگیر و دەستەویەخەیە لەگەڵ ناو مێژوودا. زمان هەم پێشمەرجى ئۆنتۆلۆژییە, هەم لەناو مێژووشدا پانتایى ئۆنتۆلۆژییمان دەپێوێت. بۆنمونە, زمانى سەردەمێک, هیوا و یۆتۆپیا و چاوەڕوانى و بگرە تاڕادەیەک کارەساتەکانى ئەو سەردەمەشمان بۆ دیاریدەکات. نامەوێت بڵێم زمان بوونەوەرێکى دەرەکى و نامۆیە, بەڵکو شتێکە لەگەڵماندا دەژى و گەشەدەکات و ڕەهەندێکیشى تیایە لە ئێمە تێدەپەڕێت و بە سرکى دەمێنێتەوە. کاتێک زمان لە بازاڕ نزیکدەبێتەوە و میتافۆرەکان بەهۆى پرسگەلى وەک ئاڵوگۆڕ و ڕەواج و مارکێتینگ و باڵانس و تەواوبوون و سەعاتپێوى و ڕۆبۆت و قازانج و قەیران و ۆزرتر و کەمتر و چەندێتى و هتدەوە زاوزێدەکەن, ئیتر کۆمەڵێک ئیمکانى ترى مێژوویى لەناو زماندا پەکیدەکەوێت. کاتێکیش بیر لە داهێنانى دەقێک دەکرێتەوە تا زمان ببوژێنێتەوە, سەیردەکەیت میتافۆرە باڵادەستەکان ئەم دەقەش لوشدەدەن و ڕهەندە سرکەکەى زمان بە شێوەیەکى بێهودە بەرەو جێى تر هەڵدێت. ڕەنگە ئەو تمووحەمان زۆر نەمابێت کە هایدگەرئاسا بە کەمتر لە پەیوەندیى  زمان و بوون ڕازى نەبین, بەڵام ئەوەتا پەیوەندیى زمان و بوونەوەرە مێژووییەکەش تەمومژى تێکەوتووە. ئەم سازشە لە بوون-ەوە بۆ بوونەوەر, سازشێکى فەلسەفییە. بۆیە پرسیارێ:ى خێرا ئەوەیە کە مادام زمان لە بێدەنگی و بۆشایییش پێکهاتووە, ئەوا ئەمڕۆ چەند دەتوانین بێدەنگ بین؟ بێدەنگى وەک کردەى خەساندنى گفتوگۆ نا, بەڵکو وەک کردنەوەى بوار بۆ ڕەخسانى گفتوگۆ سەرلەنوێ. وشەى چات و چاتینگ لە مانایەکى زۆر ئاساییدا, بووەتە ئاسۆى گفتوگۆ. هەم وەک پانتایى و هەم وەک کات و ئامانج و هتدیش. گەر سەردەمانێک لە ناوەڕاستى سەدەى بیستداو بیر لەوە کرابێتەوە گفتوگۆ بکەینە جۆرێک لە عەقڵانیەت و عەقڵى پەیوەندیخوازى(بۆنمونە لەلایەن داکۆکیکارانى وەک هابەرماسەوە), ئەوا ئەمڕۆ زۆر ڕوون نیە پەیوەندیى زمان و گفتوگۆ بەتەواوى چۆنە. چات, دواسنورى لۆژیکیى ئەو گفتوگۆیەیە کە پێشتر وێنادەکرا- دیارە مەبەستم ڕووە تەکنیکییەکەیەتى, واتە کاتى قسە و بەرکەوتن و ژمارە و کرانەوەى فەنتازى و هتد. بەڵام ئاخۆ ئەمە مەحاڵێتییە ناوەکییەکەى گفتوگۆ دەرناخات؟ ئەویترى ناو گفتوگۆکانى ئەمڕۆ, ئەوێکى ترى تەمومژاوییە و بەشێوەیەکى هیستریایانە نازانین چیمان لەیەک دەوێت. ئەمەش جۆرێک لە هیستریاى بۆ زمان خۆى وەک دیاردەیەکى مرۆیى درووستکردووە. زمان خۆیشى وەک دیاردەیەکى ناومێژوویى بەر تراوماى جیاجیا دەکەوێت. پێکداکێشانى کۆن و نوێ, ڕەمز و وێنە, من و ئەویتر, خاوى و خێرایى و هتد وادەکات زمان ئەزموونێکى تاقانەى خۆى لەمڕۆدا بژى.

 

پ: دەمەوێت کەمێک گفتوگۆکەمان بە لاڕێدا ببەم و بەرەو جێگەی تر بخزێین، ھەر چەمکی[بەلاڕێدابردن] وەردەگرم. ئەو ساتەی کە سەیری فیلمێکی[زانستی_خەیاڵی]دەکەین ئەو ھەستەمان بۆ درووستدەبێت کە گریمانەی شتی سەیر و سەمەرە بکەین. دونیایەک کە قاچێکى بە قووڵی لەناو پانتاییەکی خەیاڵی دا ھەیە، بۆ نمونە سوپەرھیرۆکان لە فیلمەکانی مارڤێڵ دا ئەرکی ڕزگارکردنی جیھانیان لە ئەستۆیە، سوپەرھیرۆکانی ئیمڕۆ بیرناکەنەوە، تەنھا جیھان ڕزگاردەکەن بێ بیرکردنەوە، ئایە ئەمە بە لاڕێدابردنی ئەو ئەو مرۆڤە نیچەییە نییە کە لەجیاتیی بانگەشە بۆ باڵامرۆڤ، وەک قارەمانێکی تەکنیکی دێت و لە شتێک دەمانپارێزێت؟ بە جۆرێکی تر دەپرسم ئیمکانێک ماوەتەوە بۆ بانگەشەی باڵا مرۆڤ؟

وەلید عومەر: لەڕاستییدا «پانتایى خەیاڵى» ڕەهەندێکى بونیادییە لە بوونى ئێمە, هەر هەبووە و هەر دەشبێت. دەتوانین لەوە زیاتریش بڕۆیینە پێشەوە و بڵێین مرۆڤ بوونەوەرێکى خەیاڵییە, بەڵام خەیاڵیبوونەکەى بە نێوانگریى پانتایى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى ئەزمووندەکات. دەرکەوتنى سوپەرهیرۆکان, گۆڕانى ئەرکى خەیاڵە نەک ئەوەى هەموو شت بووبێتە خەیاڵى. هەڵبەت لەویا جێى نیگەرانییە کە ئەرکى خەیاڵ بەرەو ئاستى نەرێنى بگۆڕدرێت, بەڵام هێند هەیە ئێمە قەت بوونەوەرى تەواو واقیعى نین. ئێمە دایم نیوەى سوبێکتیڤیتەمان لە خەیاڵ و فەنتازیا و خەونبینینى جۆراوجۆردا چەقیوە. ڕەنگە بتوانم ڕیسک بکەم و بڵێم: مرۆڤى باڵاى نیچەیى, خۆى مرۆڤێکى خەیاڵییە, واتە پانتایى خەیاڵکرد تێیدا بەهێزە. هەر لەبەر ئەمەشە بەتەواوى لە ناوەڕۆکى ئەم مرۆڤە تێناگەین و جۆرێک لە تەمومژ بە دەورى پێناسەکەیدا ئاڵاوە. هەر بیریار و شرۆڤەکارێک, پێناسەى خۆى بۆ دادەتاشێت. یەک دەڵێت مرۆڤى باڵا وێنە فەنتازییەکەى شەخسى نیچە خۆیەتى کە لە ژیانە واقیعییەکەدا وەک ئەزموون دەرنەکەوتووە. یەکێکى تر دەڵێت, مرۆڤێکە و کۆمەڵێک فەزیلەتى قورسى لێ بارکراوە و جۆرێک زوهدى شاراوەشى تیایە بەراورد بە ژیانى عام. یەکى دى دەڵێت, مەبەست لە مرۆڤ نیە وەک مرۆڤ, بەڵکو چەشنێک و ستایلێک و مۆدێلێکى جیاوازى ژیانە کە لە بەها نیهیلیستى و مەسیحى و فەلسەفیە باوەکان پاکبووبێتەوە و خرابێتە ئەودیوى چاکە و خراپەوە لە مانا گشتەکى و موتەعالەکەیدا. یەکێکى دى دەڵێت, تایپێک لە سوبێکتە کە بتوانێت قەرەبووى مەرگى خوا(نەک بە مانا ئیلحادییەکەى بەڵکو بە مانا ڕەمزییەکەى) بکاتەوە. ئەم تەمومژە خەیاڵییە لە دەستەواژەى مرۆڤى باڵادا خۆى گرنگە. باڵا ئاماژەیە بۆ پێگەیەکى x, بۆ هێشتنەوەى مەجهول و نەناسراوێک. سیفەتى نەناسراو, خۆى سیفەتێکى فەنتازییە. جێهێشتنى بەتاڵییەکە کە ئاسان پڕناکرێتەوە. ئەم بەتاڵییە, دەلالەتە لەوەى کە ڕزگارى شتێکە جیایە لەو ڕزگارییە دەمودەستە سینەماییەى کە قەرارە گۆى زەوى لە نەخۆشى و کارەساتى ئەتۆم ڕزگاربکرێت. فەیلەسوفان عادەتەن بیر لە ڕزگارکردنى چەمکى سوبێکتیڤیتە(subjectivity) دەکەنەوە. یان با بڵێین, ڕزگارى دەبەستنەوە بە ئەفراندنەوەى چەمکى سوبێکت و سوبێکتیڤیتەوە. گەر لە چاوى میراتگرەکانى نیچەوە سەیرى سوبێکت بکەین, نیچە مەیلى بە لاى تێپەڕاندنى سوبێکتیڤیتەیەکدا هەیە کە لە چوارچێوەى تاکەمرۆڤێکدا کورتکرێتەوە. سوبێکتیڤیتە, مرۆڤێک نیە, بەڵکو چوارچیوە مرۆییەکانە. مرۆڤە بە هەموو هێڵە نەبینراو و ئیمکانە دووردەست و کۆپەیوەندییە ئەزموونى و نائەزموونییەکانیەوە. بۆیە سوبێکتى نیچەیى, پێچەوانەى سوپەرهیرۆیەکى هۆڵیودییە کە هەموو شت ڕزگاردەکات خۆى نەبێت, خودى سوبێکتیڤیتە نەبێت. وەک‌بڵێى هەموو هەوڵەکانى بۆ ڕاکردنە لە پێناسە ئاڵۆزەکانى سوبێکتیڤیتە. بە مانایەک لە ماناکان, باڵامرۆڤى نیچەیى, نایەوێت لەخۆڕا خۆى بەسەر ئەوانیتردا بکاتە پاڵەوان. دەیەوێت جۆرە باڵاییەکى نوێ لە کۆى ژیانى پێکەوەییدا دابهێنێتەوە. نیچە, لانیکەم بەپێى یەکێک لە لایەنگرە سەرسەختەکانى کە ژیل دۆڵۆزە, سەر بە فیکرى ئیمانێنس(خۆنشینى)یە نەک موتەعالبوون و ترانسێندێنتاڵێتى و باڵابوونى باو. لێرەوە سوپەرهیرۆ, شتێکى نوێ نیە, بەڵکو فیگەرێکى کۆنى ناو فیکرى ترانسێدێنتاڵى عەقڵى باوە. بەو پێیەى ئاستى هزریى ئێمەى کورد هەژار و پەرتەوازەیە, ئەوا زۆر لە دیوە ئاڵۆزەکانى چەمکى سوبێکتیڤیتە حاڵى نابین. مرۆڤ هێشتاش لاى ئێمە هەر مرۆڤە و تەواو, هەر ئەو بەشەرە میکانیکى و تاکدانەیى و سنوردارەیە کە هەیە. دانانى وشەى سوبێکتیش لە جێى وشەى مرۆڤ, شتێکى ئەوتۆ لە پرسەکە ناگۆڕێت. سوبێکتیڤیتە, لەناو گەشەى بیرى خۆرئاواییدا بەتەواوى قابیلى درککردنە و کاتێک وشەگەلى وەک مرۆڤى باڵاشى دێتەسەر, ئیتر هەرچەندە خۆمان لە سوپەرهیرۆ لادەین, هەر شتێکى لەو جۆرەمان لا درووستدەکات. بەکورتییەکەى, پێموایە گەر مرۆڤى باڵاش لەبارچووبێت, ئەوا هێشتا ئاسۆ فەنتازییەکانى ماون و مەجهولێکى تیایە تووشى وەسوەسەمان دەکات. ڕەنگە لەخۆڕا نەبێت کەسانى وەک ئەلێنکا زوپانچیچى دەروونشیکارى سلۆڤینى, دەگەڕێتەوە سەر نیچە و لاکانیزەى دەکات(بە لاکانیى دەکاتەوە) و باس لە فەلسەفەى دوو(philosophy of two) دەکات: ئاخۆ لەپشت هەموو ئەو شتانەوە کە لە ڕووداندان هێشتا کەرتبوونێکى بنچینەیى هەیە و دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان بنکى مرۆڤایەتى بکاتە دوو لەتى جوداوە؟ مەجهوولێکى بونیادى هەیە کە ڕەنگە هیچیش نەبێت, قەت بەشێوەى ئەزموونى پێى نەگەین, بەڵام هەستدەکەین بە شێوەى فەنتازى هەیە.

 

پ: کەوتمەوە یادی ڕستەیەکی سلاڤۆی ژیژەک کە دەڵێت: {ئەگەر بمانەوێت گۆرانکارییەک لە واقعدا بکەین، دەبێت سەرەتا لە خەیاڵدا بیکەین}. بەبڕوای تۆ خەیاڵ تا ئەو جێگە باڵادەستەیە کە شوێنی واقیع بگرێتەوە؟یان بە واتایەکی تر ئاخۆ تا ئێستا ھیچ واقیعیەتێکی واقیعی ھەبووە و ئێستا واقعێکی خەیاڵی ئامادەبێت؟

وەلید عومەر: پەیوەندیى واقیع و خەیاڵ, یەکێکە لەو باسە زۆر گرنگە تیۆرییانەى کە دەبێت لەپاڵ هەندێک کێشەى ترى وەک سوبێکت و ئۆبێکت, ناوەوە و دەرەوە, بەش و گشت و هتددا بچینەوە سەرى. دیارە جارێک وەک باسێکى گشتیی تیۆرى پێویستە و جارێکیش وەک داخڵبوونى چەمکەکە بە زەینیەت و دونیاى ڕۆشنبیریى ئێمە. ئەوەى ڕاستەوخۆ پەیوەندیى بە پرسیارەکەوە هەبێت, زۆر بیریاریش بە شیوەى جیاجیا تیۆریزەیانکردووە کە «واقیعى پوخت» بوونى نەبووە و نیە. «واقیعى پوخت» واقیعێکە کە مرۆڤى تیا نەبێت, ئینسانى لێ داشکێنرابێت, دەرەوەى ڕووت بێت. هەر «واقیعى پوخت» کە مرۆڤى چووە سەر, ئیدى پوخت نیە. ئاوێتەیە بە ڕەهەندى فەنتازى و وەهمى و چەوت و خەیاڵدار. زۆرجار مرۆڤەکان پێیانوایە یەک «واقیعى پوخت» و هاوبەش لەنێوان هەموویاندا هەیە, بەڵام لەڕاستییدا هەرکەسە بەپێى فەنتازیایەکى تایبەت بەشدارى ئەم واقیعەیە. پەیوەندیى ئێمە بە واقیعەوە, بەپێى ڕێژەیەک فەنتازیاى شەخسى ڕێکخراوە. ئێمە باگراوەند و کەڵکەڵە و خواستى تایبەتیى خۆمانمان هەیە و ئەم خواستانەش پەیوەندیى ئێمە بە واقیعەوە دیاریدەکەن. واقیع یەکەیەکى ڕێک و ژمارەیى نیە تا وەکو یەک بە هەموان درابێت و هەموانیش ڕاستەوڕاست تەماسى لەگەڵدا درووستبکەن. هەتا ئەو واقیعە مەجازییەشى کە تەکنیک دروستیدەکات, پاشکۆ و سیفەتى "مەجازى"ـى پێوەیە و شتێک لە لێڵى و خێچى و چەمانەوەى تیایە. واقیع فاکتێکى ڕووت نیە لەبەردەستدا بێت, بەڵکو پێدراوێکى ڕەمزێکى خەیاڵییە و پەیوەندییەکانمان پێیەوە گۆڕانى بەسەردا دێت. سەیر نەبێت کە ناوى نەخۆشییە بنەڕەتییەکان لە دەروونشیکارىدا وەکو عوساب(نیورۆسیس) و دەروونپەشێوى(سایکۆسیس) و هتد, بەر لە هەموو شت ناوى پەیوەندیى ئێمەن بە واقیعەوە. واتە هەر نەخۆشییەک کە جۆرێکە لە بونیادى دەروونییش, پەیوەندیى ئێمە بە واقیعەوە پێناسەدەکەنەوە. نەک هەر لە بارى نەخۆشییدا, بەڵکو لە بارى بەناو تەندرووستییشدا پەیوەندیى ئێمە بە واقیعەوە سەردەکات, کورتدێنێت, دەشڵەژێت, هەڵدەئاوسێت و هتد. فرۆید کاتێک پێى وایە هەموومان ڕێژەیەک لە عوسابمان تیایە و بڕى چەپاندنەکانمان کەموزیاد دەکەن, ئیدى ناڕاستەوخۆ باس لە پەیوەندیى ئێمە دەکات بە واقیعى شارستانیەتەوە. واقیع هەمیشە پێدراوێکى شارستانییە و شارستانیەتیش بەردەوام دەسکاریى کاتیگۆریى واقیع دەکات و گۆڕانى بەسەردا دێنێت و ئەم گۆڕانانەش کاریگەریى لەسەر سوبێکتیڤیتە و کارەکتەرى ئێمە دادەنێت. «واقیعى پوخت» شتێکە قەت پێى ناگەین, چونکە جەوهەرى واقیعە. «واقیعى پوخت» بەپێى زاراوە لاکانییەکان, پێى‌دەوترێت ڕیاڵ, ڕیاڵیش بەپێچەوانەى ڕواڵەتى وشەکەوە بە ماناى واقیع نایەت بەڵکو بە ماناى ئەو مەحاڵەى ناو واقیع دێت کە هەروا ئاسان پێى ناگەین. ئەو دەمانەشى بەریدەکەوین, شۆک و تراومامان بۆ درووستدەکات و لە زۆرباردا بیرەوەریى ترسناک دەخاتە ناو ژیانمانەوە. ئێمە هەردەم ڕیاڵ لەڕێگەى فەنتازیاکانمانەوە دەشارینەوە تا بەر دیوە ترسناکەکەى نەکەوین. مرۆڤ بوونەوەرێکى هێجگار فەنتازییە. فەنتازیاش بەو مانایەى کە بەردەوام چاویکە دادەهێنێت بۆ بەرگەگرتنى ناوکە شۆکهێنەرەکەى واقیع کە ناوى ڕیاڵە. ڕیاڵ ناوى جۆرێک توندوتیژیى نوستووە لە واقیعدا کە بە فەنتازیاى جۆراوجۆر خۆمانى لێ لادەدەین.  من لە بۆنەى تردا کەمێک درێژتر ئیشم لەسەر ئەم بابەتە کردووە بۆیە نامەوێت لێرەدا زۆر درێژەى بدەمێ.

 

پ: دەپرسم ئایا ئەمە ھەمان ھۆکار نییە کە ئیمڕۆکە[زانستی خەیاڵی] نرخی گەورەی لەسەر دادەنرێت؟ ئەم فەنتازیایە تەنھا لەو جێگەیەدا نەماوەتەوە کە پەیوەندیی ئێمە بە چواردەوری خۆمانەوە ڕێکبخاتەوە، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە سوبێکت دەیەوێت لەڕێگەی ھەمان فەنتازیاوە مامەڵە لەگەڵ ھاوکێشە گەردوونییەکاندا بکات؟ بەنمونە فیلمی [ئاڤاتار] تەعبیر لەم ساتە ناکات کە فەنتازیای زانستی دەیەوێت ژینگەیەک درووستکات کە تەواو دابڕاو بێت لەو ژینگە کۆنەی مرۆڤی لەسەر ژیاوە؟

وەلید عومەر: لەڕووى ئۆنتۆلۆژییەوە هیچکام لە فیلمەکان, گۆڕانى بنەڕەتى بەسەر مرۆڤدا ناهێنن. دیارە جۆشوخرۆش درووستدەکەن, وەسوەسەى شاراوەمان تیا دەبزوێنن, بەڵام سەرلەبەرى ژیان لە چاوتروکانێکدا نابێتە خەون و خەیاڵ. پاش پەرەسەندنى ژانرى فیلمە زانستى‌خەیاڵییەکان, پەیوەندیى واقیع و فەنتازیا گۆڕانى بەسەردا دێت بەڵام گۆڕانەکە کەمێک سەیر و دیالەکتیکییە: تا فەزا فەنتازییەکەى دەرەوەى زەوى فروانبێتەە, ئەوا ڕووبەرە واقیعییەکەى سەر زەوى تووشى جۆرێک لە بچوکهاتنەوە و کرژبوونەوە دێت. لە سەردەمانى میتافیزیکدا, بە مانایەکى تایبەت, توانستى خەیاڵکردن ئاڵۆزتر بوو. ڕووبەرێکى بەرفراوان لە تەمومژ و خەیاڵات دەکەوتە دەرەوەى زەوى و خەیاڵدانى مرۆڤەکانەوە. بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنى ژانرە میتافیزیکییەکاندا, بێ ئەوەى شتێکى زۆر گەورە لە دەرەوەى زەوى ڕووبدات, کەچى پانتایى واقیعى سەر زەوى هەژارتر دەبێت. تا دەچینەوە بەرەو ڕابردوو, دەرەوەى زەوى شوێنى فەنتازیا بوو. شوێنى نادیارەکان و سەرزەمینى خەیاڵاتە قەدەغەکراوەکان بوو. دەمانزانى "شتێک و شتانێك" لەوێدان, لەو دەرەوەیەوە, بەڵام زۆر کارمان پێیانەوە نەبوو. ئەو ڕووبەرە نادیارە, جۆرێک دەوڵەمەندیى دەبەخشییە سەر ژیانە ڕۆژانەییەکەمان لەسەر زەوى. بەڵام ئەمڕۆ ئەو پانتاییە خەیاڵى و تەمومژاوییە وردەوردە دەگۆڕدرێتە سەر شوێنێکى وێناکراو. شوێنێک کە ئەوپەڕى نادیارییەکەشى هەر دیارە. مەسەلەى بێگانە فەزاییەکان, لەئێستادا تاڕادەیەک ئەوسەرى ئەم فەنتازیایانەن کە پێشوەختە ڕوویانداوە. دیارە نامەوێت بڵێم ڕووبەرى فەنتازى, ڕووبەرێکى تەواو فەزایى و شوێنەکییە و بە کیلۆمەتر دەپێورێت. بەڵام ئەمڕۆ پتر بەو ئاراستەیەدا دەبرێین کە بە چەندێتى و ئەندازە بپێورێت. بە ساڵى ڕووناکى و مەوداى فیزیایى بپێورێت. واتە فەنتازیا بەچەندایەتى دەکرێت. خۆ جارانیش گەر کەسێکى سادە بیویستایە مەوداى خەیاڵ بپێوێت, هەر ئاماژەى بە دووریى فیزیکى دەکرد و دەیوت خەیاڵى فڵان کەس تا فڵان شوێن بڕدەکات. بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا ئیمکانێکى ترى هەبوو کە نەیدەزانى گوزارشتى لێ بکات. ئیمکانى ئەوەى کە توخمێک هەیە پانتاییە ناکۆتا فەنتنازییەکانى بۆ ڕادەگرێت. تا بێشومار مەوداش هەر بڕوات, ئەوا پنتێک هەیە و خەیاڵ و فەنتازیاى چەندایەتى دەرەقەتى نایەت. دیارە ئەو پنتە, پنتێکى سوبێکتیڤ و زاتى بوو. تاریکییەک بوو لە هەناوى سوبێکت خۆیدا کە زۆرترین ڕووبەرى خەیاڵیى دەرەوەى بۆ مسۆگەر دەکرد. لەپاڵ چەندایەتییدا, چۆنایەتییەکیشى هەبوو. ئەم چۆنایەتییە ئەمڕۆ لەبەردەم جۆرێک هەڵوەشانەوە و ڕووتبوونەوەدایە. گەر ئەمڕۆ دەتوانین لەڕێى سینەماوە سەرزەمینێکى وەک ئەوەى ناو ئاڤاتار ببینین, ئەوا تا دەگەڕێینەوە بۆ ناو ڕابردوو, ئیمکانى چەند زەمینێکى وەهامان هەبوو. واتە دەمانزانى سەرزەمینێکى لەو جۆرە هەیە(بەناوى یۆتۆپیاوە بێت یان بەهەشت و هتد), بەڵام هەر بە خیەاڵکردن چەندین وێنەمان لەسەر دەگرتەوە. ئەمڕۆ گۆڕینى فەنتازیا بۆ وێنەى میکانیکی و تەنانەت دینامیکیى سینەماش, ئیمکانى فەنتازیاکردن دادەبەزێنێت. دەبێت یەک سەرزەمینى وەهامان هەبێت و ملکەچى چاوى کامێرا بێت. لە فەلسەفەدا فەنتازیاکردن هەروا سادە نابەسترێت بە شوێنەوە, بەڵکو ڕەهەندێکە هەرچەندە بکشێت بۆ ناو شوێنە واقیعى و مەجازییەکانیش, کەچى بە مرۆڤەوە لکاوە. دیارە لە کاتى خۆیدا دەقیق بەم جۆرە درکنەکراوە, بەڵکو بەشێوەى ڕیترۆئەکتیڤ و پاشەوپاش لەمە تێدەگەین. هەتا ئایدیاى بەهەشت لە دینێکى وەک ئیسلامدا, کە ئەمڕۆ خەریکە وەک خورافەیەکى پەتیى لێ دێت, ئیمکانى دەبەخشییە شوێنکەوتووەکانى کە وێناى چەندین بەهەشت بکەن. باسەکە لێرەدا ئیمان نیە, بەڵکو قودرەتى وێناکردنە. تەکنیک, بەو هەموو وردەکارییەوە, پێشى وێناکردن دەداتەوە. دەبێت ئەوە ببینیت و خەیاڵ بەوەوە بکەیت کە نمایشدەکرێت. ساویلکەیى دیدى زانستى لەوێدایە کە دەیەوێت هەموو توخمەکانى وێناکردن و فەنتازیاکردن بپشکنێت و بگاتە جێیەکى "خەیاڵى", بەڵام سرووشتى مرۆڤ بەجۆرێک هەڵکەوتووە کە ئەم پشکنینە خۆى بەجۆرێک تواناى خەیاڵکردن دادەبەزێنێت و دووریش نیە ئەو پەردە فەنتازییە بدرێت کە لەودیویەوە هیچ شتێک بوونى نیە جگە لە مۆتەکە.

           

پ: لەھەمان پرسیاردا دەمێنمەوە،لە فیلمی[ئیلیسیوم_بەھەشت] دۆخێکی سەیر ھەیە، زەوی وێرانبووە و بۆتە شوێنی خەڵکە ڕەشوڕووتەکە، لە دەرەوەی زەوییش کەشتییەکی گەورە ھەیە و خەڵکە سەرمایەدارەکە لەوێ دەژین، فیلمەکە دەربارەی شۆڕشێکە دژ بە چینایەتی و کۆمەڵێک شتی دیکەش لەخۆدەگرێت. ئەگەر لەیادیش بێت قسەیەکی باو ھەبوو کە ڕۆژێک سەرمایەدارەکان لەسەر مانگ دەژین، ئێستاکە زیاتر ئەم فەنتازیا زانستییە دراوە بە سەرمایەدارەکان، ئەوان دەتوانن لەسەر مانگ و ھەسارەکانی تریش موڵک بکڕن، ھەر لەم ڕەھەندەشەوە زەوی تائەندازەیەک توانا خورافییەکانی لەدەستدەدات و تەنھا خەڵکە ھەژارەکە تیادا نیشتەجێ دەبن. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ھەستناکەیت زانستی خەیاڵی ژانرێک و دیدێکی سەرمایەدارانەی لەخۆیدا شاردۆتەوە؟

وەلید عومەر: بێگومان ژانرەکان ئاوێتەى ئایدۆلۆژیان, ژانرێک شکنابەم لە جێیەکدا پەیوەستنەبێتەوە بە ئایدۆلۆژیاوە. هەر ڕۆمان وەرگرە, کە لە سەرەتاکانى ڕسکانى چینى بۆرژوازییەوە لە خۆرئاوا, ڕۆڵێکى ئایدۆلۆژى وەردەگرێت. هەموو قسەکەى جۆرج لۆکاچمان بیستووە کە لە هیگڵییەوە وەردەگرێت دەڵێت ڕۆمان حەماسە و لاوژەى بۆرژوازییە. ڕۆمان وەک ماهیەتى سەرەتایى خۆى, نەک هەر نوێنەرەوەى ئەو جیهانە بوو کە ئاگایى بۆر ژواییانەى تیا دەردەکەوێت, بەڵکو خۆى مادیبوونەوەى ئەو ئاگاییە بوو. ڕۆمان, بەر لەوەى پەیوەندیى بە ئێستاتیکا و تیۆرى ئەدەبییەوە هەبێت, ماتریاڵبوونەوەى جیهانێک بوو کە زەینى پەرت و تاکى پەرت و کرانەوەى لە مێژوودا دەرخست. بە مانایەکى تر گەرچى ژانر خۆى لەخۆیدا فۆرمێکە, بەڵام هەر زوو پڕدەبێت لە ناوەڕۆکێکى ئایدۆلۆژى. بەڵام لەڕاستییدا کارکردى ژانرەکان لێرەدا ناوەستن. ژانرەکان لە مێژوودا ئەرک و فرمانى تر وەردەگرن. ژانرى زانستى خەیاڵى, ئەمڕۆ بەجۆرێک تێکەڵ بە ژویسانسى خەڵک بووە(بەتایبەت خەڵکى ئاسایى و هەژار), کە بەزۆرییش وازى لێ ناهێنن. هیچ هۆشیارییەکى بەناو چینایەتى ناتوانێت ئەوان لەم ژویسانسە سەپێنراوە دوورخاتەوە. چۆن ڕۆمان بوو بە کەرەستەى تەعبیرى چینە هەژارەکان, ژانرى زانستى خەیاڵییش

کەمتازۆر لەلایەن هەندێ دەرهێنەرى تایبەتەوە ئەو ڕۆڵەى پێدەدرێت. پێشتر باسى فیلمى ئاڤاتارمان کرد: ئاڤاتار گەرچى زۆر فەنتازییان سەیردەکرێت, بەڵام ژیژەک تەرجومەیدەکاتە سەر زەوى. پێش ساڵەهایەک حکومەتى هندستان هەڵدەکوتێتە سەر ناوچەیەکى پەراوێزیى ئەو وڵاتە و دەیەوێت وزە خۆجێیەکەى وات تاڵانبکات. بەڵام خەڵکى ناوچەکە لێیان ڕاستدەبێتەوە و پێکدادان ڕوودەدات. ئەمڕۆ کێشەى دابەشکردنى سامان لەقووڵاییدا وەک کێشەیەک هەر ماوەتەوە, بەڵام جیهان و دەرکەوتەکانى لە دۆخێکى ئاڵۆزتردان. دۆخێک کە قسەکەى فریدریک جیمسنمان بیردەخاتەوە کە خەڵک بەهۆى سینەماوە بڕواى بە کۆتاییهێنان بە جیهان هێناوە, نەک ئەوەى بڕوا بە گۆڕینى بێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە کێشەى لۆکاڵ لاى ئێمە جۆرێکى ترە: ئێمە دنیایەک بنبەستى سیاسى و کەلتورییمان هەیە کە زۆرجار ئەم مەسەلانە دەگۆڕیت بۆ مەسەلەى زۆر لاوەکى و ئەبستراکت. ئەم ماوەیە کاردانەوەیەکى زۆر بەڕووى ئەو کچە کوردەدا نوێنرا کە زەواجى لەگەڵ ڕەشپێستێکى نیپاڵییدا کردووە. مادام, باسەکە فەنتازیایە, دەبوو ئەم نمونە بیرى خۆم بخەمەوە: دیوى ئەمدیوى فەنتازیا دوورەکان و زانستى خەیاڵى بۆ ئێمەى ناو واقیعى کوردستان, فەنتازیایەکى ڕەگەزپەرستانەى لەم جۆرەیە. واتە بەر لەوەى ڕووداوێک لە هەسارە دوورەکاندا ڕووبدات, ئەوا شتێک لە نێو نیگاى سوبێکتدا لێرە و لەم نزیکانە گیریخواردووە. فەنتازیاى شوێنە دوورەکان, هەمیشە فەنتازیایەکە لە نێو نیگاى نزیکى سوبێکتدا. بەم پێیە, ئێمەى کورد بەرامبەر بەوەى ڕەشپێستێک چێژەکەمان دەدزرێت, هەستیاردەبین. بەڵام ئەم چێژە خۆى چێژێکى گریمانەییە نەک ئیمپریکى. واتە چێژێکى وێنەییە کە وەک کەلتور هەرکەسێک خۆى بە خاوەنى دەزانێت. گەرنا لەئاستى ئیمپریکدا, ژنێکى کورد دەبێت بە دەستلێنەدراوى بمێنێتەوە و چێژەکە هەروا ئاسان بەر کەسێک نەکەوێت. لەپاڵ باسى سەرمایەدا, هێشتاش فەنتاز ڕەگەزپەرستییەکان کاردەکات. ئەمە شتێکى بونیادییە و لە سیستەمێکى هێجگار دادپەروەرییشدا لاناچێت. هێند هەیە بەڕێژەیەک ڕێکخرێت و مرۆڤ وەک ئەوێکى ترى ئەوپەڕ(ultimate) بکرێتە شوناسى کۆتایى. ڕەشپێستێکى ناو فیلمێ:ى زانستى خەیاڵى کە لە ئایندەیەکى دووردا ڕۆڵدەگێڕێت, بەقەد ئەم ڕەشپێستەى ناو فەنتازیاى کەلتورییمان دوور نیە. ئەم «زاوا ڕەشپێستە», فیگەرێکى دوورى ئەودیوى کەلتورەکەمانە کە دەبێت پێ لە بەڕەى خۆى زیاتر ڕانەکێشێت. بۆیە هێشتا مرۆڤ لەناو پۆڵێنى دیکەشدا گیریخواردووە و دونیا هەروا ڕێک بەسەر هەژار و دەوڵەمەنددا دابەشنابێت. زۆرێک لەوانەى سوکایەتى بە زەواجێکى لەم جۆرە دەکەن, خۆیان لە بێبەشترین تاکەکانى کۆمەڵگان لەڕووى سێکسەوە. هێشتا بۆ مرۆڤ وا ئاسانترە کاردانەوە بنوێنێت تا کار. ئەمەش دەلالەتە لەوەى کە فەنتازیایەکى دێرین بۆ مرۆڤە بەشخوراوەکان ڕۆنراوە و ئاسان نایانەوێت بە مانا دەروونشیکارییەکەى ئەو پەردە فەنتازییە بدڕن و بەر تراوماى گۆڕانکارى بکەون.  

 

پ: وەک دەزانین فەنتازیا لە ھەموو جێگە و ساتێکدا ئامادەیە، ھەموو چرکەیەک کە ڕووداوێک ڕوودەدات، دەستێکی نادیاری فەنتازیا دێت و تیایدا گەمەی خۆی دەکات.لە ژیژەکەوە ئەوە دەزانین کە سێکس تەنھا لە نێوان دوو کەس دا ڕوونادات، بەڵکو فەنتازیا وەک سوبێکتی سێھەم ئامادەیە، دەکرێت بڵێین لە بنەڕەتدا سێکس ھیچ کات روونادات بێ ئامادە بوونی فەنتازیا، ھەم فەنتازیای پێشوەخت و ھەم فەنتازیای ساتی سێکس کردن، دوو پرسیار کە لە یەک سیاقدا لێرەدا درووستدەبێت، ئایە پەیوەندیی سێکس و فەنتازییا ھیچ کات دەبێتە پەیوەندییەکی بۆش؟ دووەم زیاد خەیاڵ کردن، فەنتازیای زۆر لەناو سێکسدا، تاقیکردنەوەی ھەموو شێوازەکانی سێکس، ژویسانس نییە؟

وەلید عومەر: بەپێى دەروونشیکارى, فەنتازیا مەحاڵێتییە بنەڕەتییەکەى سێکس دەشارێتەوە. کاتێک لاکان دەڵێت پەیوەندیى سێکسى بوونى نیە, مەبەستى ئەوەیە پەیوەندییەکە سەرڕاست و جووتگیر و هاودەلالەت نیە. هەم لە دوو سەرچاوەى چێژى جیاوازەوە ڕوودەدات و هەم بەر چاڵى نێوان دوو سەرچاوەکەش دەکەوێت. فەنتازیا هەر بیانوویەک دەگرێتەوە کە ئەم پەیوەندییە بڕەخسێنێت. بەس لەمڕۆدا ڕۆڵى فەنتازیا کورتخایەنترە. ئێمە بەردەوام بەر تێکچوونى فەنتازیا دەکەوین. بۆنمونە ڕۆژانە بێشومار وێنەى جەستە دەبینین, ئەمەش وادەکات لە کۆدا فەنتازیا بلەقێت. بە مانایەکى تر, فەنتازیا کە پرۆسەى ئارەزووکردنمان ڕێکدەخات, تووشى گرژى هاتووە. هەموو تێکڕا تووشى جۆرێک لە بەد-ئارەزوویى هاتووە. جەستە ئەمڕۆ لە کۆدا مەحأڵ لەسەر مەحاڵ بەرهەمدێنێت. کەس بە یەک فۆرمى جەستەوە ناگیرسێتەوە. پێشتریش بەجۆرێک وابووە, بەڵام فەنتازیا هێورتر ئیشى خۆى دەکرد. درەنگتر لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەیەکى تر بازماندەدا و وێناسازییمان دەکرد. بێگومان کاتێک زوو زوو فەنتازیامان دەکەوێت, ئەوا زووش تووشى ژویسانس دەبین, واتە تووشى تراوما ناوەکییەکەى چێژ خۆى. دیارە فەنتازیا ڕۆڵى سازکردن و ڕێکخستنى سێکسوالیتە دەبینێت نەک چارەى یەکجارى. سێکسوالیتە, خۆى ناوى جۆرێک لە پشێوییە, پشێویى کۆمەڵێک پاڵنەر کە ڕێکدەخرێن. زوپانچیچ بەوردى تێزەکەى فرۆید دێنێت کە دەڵێت سێکس لادانە لە نۆرمێک کە بوونى نیە. لادان لە نۆرمێک کە بوونى نیە, سێکس وەک چالاکییەکى سازدراوى لادەر دەخاتەڕوو. چێژى ژن و پیاو, دوو چێژى ئەنتاگۆنیستین و هەرگیز ناگەنە یەکانگیریى تەواو. چۆن ئەنتاگۆنیزمى چینایەتى هەیە, ئەنتاگۆنیزمى جێندەرییش هەیە. چۆن زێدەبەها لەلایەن سەرمایەدارییەوە بەرهەمدێت, زێدەچێژ لەنێوان ئەم دوو ڕەگەزەوە بەرهەمدێت و ناگەنە کۆگیریى تەواوەتى. شتەکە بەنیسبەت ژن و پیاوى کوردەوە زۆر ئاڵۆزترە. لاکان کاتێک باسەکە بەو جۆرە تیۆریزەدەکات, ئەوا لە ئەورووپادا جۆرێک هیومانیزم هەبووە. مرۆف بە مانا فەلسەفییەکەى هەبووە. هاوڵاتیبوون و مافى جێندەرى هەبووە. کاتێک دۆخەکە بەو جۆرەیەى ئەوێیە, ئەوا دەتوانین بە دڵنیاییەکى زۆرترەوە حوکمى تیۆرى لەسەر پرسەکان بدەین. بەڵام لێرە, سێکسوالیتە زۆر ئاڵۆزە. لێرە جەستە هێشتا زۆر گوناه و نهێنیى شاراوەى هەڵگرتووە. بەر لەوەى بەشێوەیەکى ستانداردى تیۆرى بڵێین, پەیوەندیى سێکسى لە ماهیەتدا مەحاڵە و بوونى نیە, ئەوا دەبێت گوزارەى مێژووییتر بخەینەڕوو. گوزارەگەلێک کە لە مرۆڤى نێو کەلتورى خۆمانەوە دەستپێبکات. لێرە پەیوەندیى سێکسى لەسەر ئاستى کەلتورى ناڕەخسێت نەک لەسەر ئاستى ئۆنتۆلۆژى(بەو شێوەیەى باسمانکرد). دیارە مەبەستم پەیوەندیى لەو جۆرە بوونى نیە, هەیە و زۆریش. لەم کەلتورانەدا سێکسى ژێر پەردە هەیە و هیچ کۆمەڵگایەک نیە خۆى لەمە ببوێرێت. پتر مەبەستم پەیوەندییەکەیە وەک ئازادییەکى تەندرووست, وەک دانپیانانێکى ڕوونى بەردەم ئەویترى گەورە. سێکسى ژێر پەردە نابێتە سێکسێکى سەر بە ئازادى, تا ئەو کاتەى دانپیانانى کۆمەڵایەتى وەردەگرێت. ئەم دانپیانانەش, دەبێت کۆڕاییەکى نەستەکیى لەسەر بێت, خۆنواندن نەبێت, شتێک بێت ڕێسا پێشینەکان بتەقێنێتەوە و گوناهە دێرینەکان لاببات و ژویسانسێکى نوێ بەرهەمبێنێت.

کاتێک کەلتورى ئێمە و پۆڕنۆ بەر یەکتر دەکەون, ئێمە بەرزنابینەوە بۆ ئاستى کەلتورێکى ئازاد بەڵکو تێکەڵەیەکى نوێ بەرهەمدێت کە دیقەتدانى وردە دەوێت. جەستە پتر دەبێتە جەستەیەکى شۆکزەدە, نازانیت دەبێت چیى بوێت. دەبێتە جەستەیەک کە مێژوویەکى لەپشتەوەیە و هاوکات جەستەیەکیش کە دەکەوێتە ژێر فشارى ئەم دونیا تازەیەوە. هۆیەکەش ئەوەیە کە تۆمارە دێرینەکان نەشکێنراون و سنورەکانى ئەویترى گەورە(و پانتایى کۆمەڵایەتى) تازەنەکراونەتەوە. چەمکى ئەویترى گەورە یەکێکە لە چەمکە سەیر و ئاڵۆزەکانى مێژووى دەروونناسى. لێرەدا دەبێت نمونەیەکى ڕوون بێنمەوە: کاتێک تاکەکەسێکى ناو ئەم جۆرە کەلتورانەى وەک ئێمەش پێى‌وایە جەستەى ئازادە, و زۆرترین ئەزموونى سێکسى دەکات, ئەوا هەڵەیەکى گەورەیە. گەر هەموو کەسەکان بشتوانن پەیوەندییەکى زۆریان هەبێت و سێکس ئەنجامبدەن, هێشتا ناوى ئازادى نیە. هێشتا پەیوەندییەکان زۆر لەوە نەخۆشانەتر و پاتۆلۆژیکترە کە بیرى لێ دەکەینەوە. هێشتا ئەویترى گەورە و نیگا کۆمەڵایەتییەکە, ئەم ئازادییەى لاى خۆى تۆمارنەکردووە و نایناسێتەوە. بۆیەشە لەڕووى دەروونییەوە, بێشومار سێکسى ژێرپەردە, بەقەد کەمرتین سێکسى ناو کەلتورێکى تەندرووستتر سودى نیە. یەکێک لە ئەرکەکانى فەنتازيا ڕێکخستنى پەیوەندییمانە بە ئەویترى گەورەوە, ئەویترى گەورە چیى لێم دەوێت؟ لێرەوە فەنتازیا بۆ مرۆڤى ئێمە ڕۆڵێکى ڕەمزیى ناجێگیترى هەیە بەراورد بە تاکێکى خۆرئاوایى.  

 

پ: دەمەوێت بە ھێواشی بەرەو کۆتایی گفتوگۆکەمان بڕۆین، لێرەوە تا ئەندازەیەک پرسیارەکان تایبەت و شەخسى دەکەمەوە. وەک ئینسانێک ئەم چەند ساڵەى ناو پانتایی ڕەمزیى کوردی چۆن دەبینى، چی شتێک زۆر لات جێی سەرنج بووە؟

وەلید عومەر: زۆرجار دوو هەستى هێجگار دژیەک لەناومدا کاردەکات, لەلایەک وەک مرۆڤێکى تەواو مێژوویى کە هەموو هاوکێشەکان لە زەینمدا دەبەستمەوە بە مێژووەوە, بە هەڵبەزودابەزە واقیعییەکانەوە, بە حەکایەتەکانى وەک کۆمەڵگا و نەتەوە و کەلتور و سیاسەت و ئەمرى واقیعەوە. لەلایەکى تریشەوە, هەستدەکەم ڕیشەم لە هیچ شتێکدا نیە, پێدراوێکى تەواو ئەبستراکتم و لەناو کۆمەڵێک حیرەتى زاتییدا دەژیم. ئەم دوو هەستە هەرگیز کۆتایینایەن. ئێمە وەک مرۆڤ لە یەک ساتدا هەم تەواو گەردوونیین و هەم تەواو لۆکاڵى و گەمارۆدراو. کە ڕۆژدەکەینەوە ڕیشەمان لەو جوگرافیا بچوکەى شارێکدایە, هەمان ڕۆژ ئەگەرى هەیە هەڵکشێین بۆ ئاستى کەسێک کە هاوکات نیشتەجێى ناو جیهان و گێتییە. ئەو پنتە سنوردارەى تێیداین, هاوکات سەنتەرى هەموو جیهانە. پاش ئەنتەرنێت, ئەم ساتانە تیژتر ئیشدەکەن. لەلایەک واقیع زۆر قورس لەسەر شانمان کاردەکات و دیوە سوبێکتیڤ و زاتییەکە لەدەستدەدەین, لەلاکەى تریشەوە هەستدەکەین تا دوا ئاستى نەفى دەچینە دواوە و جیهان لە خۆمان بەتاڵدەکەینەوە و چەشنى پووشێک لە کۆپەیوەندییەکان بەتاڵدەبینەوە. پارادۆکسەکە لێرەدایە کە لەوپەڕەى بەتاڵبوونەوەدا ئێمە دەبینە سوبێکت, هەستدەکەین هەین, هەست بە تاقانەیى خۆمان دەکەین(پێموایە هەستێکى لەم جۆرەش بوو کە دیکارت ئەزموونیکرد, خۆى لە هەموو ئەو خەسڵەتانە بەتاڵکردەوە کە لێى بارکرابوون و لەوێوە گەیشت بەو یەقینەى کە ئەو هەیە).

ئەم ساڵانەى دوایى, تاکە ڕۆشنبوونەوەیەکى زەینى کە ماهیەتێکى چۆنایەتیى هەبووبێ و بەلامەوە سەرنجڕاکێش بووبێت ئەوە بوو کە کتوپڕ هەستمکرد مرۆڤەکان جگە لە ڕووى دەرەوە هیچى تر نین. ڕەنگە کۆمەڵێک ئایدیا بەشاراوەیى کاریگەرییان لەسەر دانابم و پێى نەزانم, بەڵام تا ئێستاش ئەو هەستەم هەیە کە توخمى مرۆڤ توخمێکە بەپێى دەمامکناسى دەخوێنرێتەوە. مرۆفەکان هەر ئەو دەموچاوەن کە هەن. بڕێک ئۆرگانە لەسەر سەفحەیەک کە ئارایشتێکى تایبەتى وەرگرتووە و هەمووى ئاوڕ لەویتر دەداتەوە. بۆنمونە لەناو پاسدا, چەند ڕیزێک دەموچاو دانیشتوون و لەپشت دەموچاوەکانەوە جگە لە مادەى دەبەنگ هیچى تر بوونى نیە. دیارە نامەوێت بەو شێوەیە سادەیە مرۆف لە گۆشتێکى وەستاودا کورتکەمەوە, بەڵکو مەبەستمە بڵێم ئەو وێنایانەى پێشووم هەموو لا هەڵوەشایەوە کە مرۆڤى دەبردەوە سەر کۆگاى تاریک و قووڵایى دیکە. شەوە سەرەتاییەکانى کۆرۆنا هەستم بەوە دەکرد کە هەسارەیەک هەیە و بڕێک کەلەسەر بەسەر ئەم هەسارەیەوە بەناو یەکدا دێن و دەچن و هەریەکەیان دەموچاوێکیان هەڵگرتووە کە لە ڕووبەرێکى کورتدا کۆتاییدێت. ساتێکى سەیرە کە نکۆڵیى فیتیشیستى لەناوتدا نامێنیت و سەیردەکەیت بێشومار دەموچاو بەلاتدا تێدەپەڕن و هەریەکەش بۆشاییەکى لەخۆیدا هەڵگرتووە و سەرەنجام هیچى نەشاردۆتەوە. ڕەنگە ئەوەى مەبەستمە نەگات, بەس هێند هەیە گۆشەیەک لەناومدا ئیشدەکات کە دەچێتە دەرەوەى نیگا باوەکەى مرۆڤ و هەستدەکەم کە لە گۆشەیەکى ئاوا نامۆوە سەیردەکەیت تێدەگەیت مرۆڤەکان زۆر لەوە بێ‌ڕازترن کە خۆیان پێیانوایە. بەس بۆ ئەوەى بژین دەبێت ڕازێک لەسەر ئەم دەموچاوانە بنیشێت کە لە جەوهەردا ڕاز نیە و کۆمەڵێک وێنایە بە خەیاڵى هەمووکەسدا دێت.

 

پرسیار: بە سادەیی دەمەوێت باوەری تۆ دەربارەی ھاوڕێیەتی بزانم.       

وەلید عومەر: پێموایە بەر لە ڕاى شەخسى, هەمیشە ڕایەکى پێش‌شەخسى هەیە و هەموان کۆکن کە کام شت خزمەت بە غەریزەى مانەوەى ئەوان دەکات, دەبێت ستایشى ئەو شتە بکەن. هاوڕێیەتییش کە بەهایەکى گرنگە, بەدەر نیە لەم حیساباتە. بۆنمونە کاتێک هەموان باسى وەفا و قوربانیدان دەکەن وەک مەرجى هاوڕێیەتى, ئەوا مەبەستیان ئەوەیە ئاسایشێکى غەریزییان بۆ دەستەبەردەبێت. گەر چەمکەکە ئاڵۆزتربکەینەوە, ئەوا هەرکەس بەدواى جێگیرکردنى فەنتازیاى خۆیدا دەگەڕێت. کاتێک یەکێک بە یەکێکى تر دەڵێت: تۆ باش لێم تێدەگەیت, مەبەستەکە مەعریفى و عەقڵى و چوزانم ئەپستمۆلۆژى نیە. بەڵکو جێگیربوون و جێگرتنى فەنتازیاى خۆیەتى دەرهەق بەو کەسەى تر. فەنتازیاش دنیایەک کەڵکەڵەى سوبێکتیڤ و شەخسى و مەوداى بە واقیعەوە تیا نوستووە. ڕەنگە لەڕووى ئۆبێکتیڤ و دەرەکییەوە دوو تاوانبار ببنە هاوڕێ, بەڵام لەڕووى سوبێکتیڤتەوە پەیوەندیى ئەو دوو کەسە لەسەر وەفا و قوربانیدان هاوڕێ بن. ناوەڕۆکى وەفاکەشیان پتر تاوانکارانە بێت نەک مرۆیى. بۆیە هاوڕێیەتى پێشوەخت چەمکێکى فۆرماڵە و ناوەڕۆکێکى پڕى نیە. هەرکەس بەپێى پێگە و بەرژەوەندى و فەنتازیاى خۆى پڕیدەکاتەوە. بۆی هاوڕێیەتى جۆرێک لە ئاسۆى کۆمەڵایەتییە بۆ تۆ کە بەبێ ئەوەى دانیشیت بیرى لێ بکەیتەوە, وادەجووڵێیتەوە وەک‌بڵێى کەمێک لەولاى خۆتەوە ئاسایشێکى کۆمەڵایەتییت هەیە. بیرمدێت جارێکیان ڕاسل لەبارەى بەختەوەرییەوە دەڵێت, سێ مەرجمان هەیە: تەندرووستى, پەیوەندیى تەندرووست و سێییەمم بیرنەماوە. تەندرووستیى باش پەیوەندیى خۆتە بە خۆتەوە, پەیوەندیى کۆمەڵایەتییش پەیوەندیى تۆیە بە ئەوانیترەوە(بە هاوڕێکانەوە). بە مانایەکى دیالەکتیکى, هاوڕێ دەبێتە درێژکراوەى جەستەى تۆ, تەندرووستییە جەستەییەکەت. لە مارکسیزمدا کە وشەى هاوڕێ بەکاردێت, کۆمەڵگا وەک جەستەیەک وێنادەکرێت کە هەموان ببنە پنتى ئاساییش بۆ یەکتر. بەڵام لە ئیسلامدا هەموان براى یەکن و هاوڕێیەتى لەو ئاستە فراوانەدا بە شتێکى مومکین دانانرێت. بەس ئەمڕۆ بەر لەوەى هاوڕێیەتى درووست ببێت, بەهاوڕێبوون هەیە, صەیروورەى هاوڕێیەتى. هەموان ئەو پۆتانشێڵەیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە ببنە هاوڕێى کاتیى ئەویتر. بەس هێشتاش سنور و تراوما و هەڵهاتن لە یەکترى هەیە. بۆیە ئیمکانەکە بەشى خۆى درۆیینەیە.

وەک ڕاى خۆم پێموایە کۆمەڵگا هەمووى ناتوانێت ببێتە هاوڕێ. ئەوەى کە هەموان ڕۆحى هاوکارییان تیا بێت دەرهەق بە یەکدى شتێکە هاوڕێیەتى نیە. هاوڕێیەتى, دیوى پاتۆلۆژیکیشى هەیە. هەموو ئەوێکى تر, نابێتە هاوڕێ, چونکە کۆمەڵگا شوێنى سنورەکان و تراوماکانە و عەدالەتى کگۆمەڵایەتى لەڕووى دەروونییەوە هەمیشە پچڕانى تیایە. لە پەراوێزدا دەبێت بشڵێم, کە هاوڕێیەتیى پیاو و پیاو لێرەدا مەبەستە. هاوڕێیەتیى ژن, هەستیارتر و گۆڕاوترە. ئەمە پەیوەندیى بە کەلتورێکى دیاریکراویشەوە نیە. نازانم لە کام فیلمدایە دەڵێت: سەیرکەن ئەو هەمووە ژنە بوونى نیە. واتە پێگەکەیان خز و ناسەقامگیرە, هەڵگرى بارستەیەک لە ژویسانسى کۆمەڵایەتیین کە زوو زوو یارییەکان تێکدەچێت. عاقیبەت هاوڕێیەتى گەر دەرفەتێک بۆ ڕسکانى ئەو ئیمکانە ڕەسەنە مابێت, ئەوا دەبێت ئەو ئیمکانە خۆى خۆى دەرخات. شتێک نیە پێشوەخت باسکرێت. هاوڕێیەتى ئەزمووندەکرێت, باسناکرێت. تەنیا لە ساتە قەیراناوییەکاندا قابیلى باس و ڕۆشنکردنەوەیە. بەس ئیتر کرۆکى هاوڕێیەتى خۆى بەدەر لەم باسانە, کرۆکێکى پێش‌ئەزموونى و ناڕۆشنە. جۆرێک لە ئیمانى پێشوەختەشى پێویستە تاکو لە پرۆسەکەدا ماتماتیکى نەبێتەوە. لینینە دەڵێت گەر ماشووقەکەم لە کات و ساتى گونجاودا نەهات, ئیدى ماشووقەى من نیە. لەڕاستییدا ئەمە چیرۆکێکى حەرفى نیە و خۆى تەعبیرە لەو باوەڕە پێشوەختە بە هاوڕێیەتى.

 

پرسیار: تەنهایى چیە؟

تەنهایى لە زەینى باودا, تەنهابوونەوەیەکى فیزیکییە و ئەوپەڕەکەشى تەنیابوونەوەیەکى مەعنەوییە. بەس لە ئەزموونى خۆمەوە وا تێدەگەم تەنهایى زۆر لەمانە ئاڵۆزترە. تەنیایی بۆ من پرسێکى زەینییە. کاتێک کۆى دیاردەیەک و تێگەیشتنێک و مەنزوومەیەک لە زەینتدا هەرەسدێنێت, ئیدى هەر شتەو لەنێو جۆرێک تەنهاییدا سەرگەرداندەبێت تا ئەوەى مەنزوومەیەکى تازەتر بۆ خۆیان درووستدەکەنەوە و تۆش لەگەڵیاندا ڕادێیت. تەنیایى, هەر ئەوە نیە کە لەنێو دونیایەکى باو و دووبارەدا تەریکدەبیت و لە گۆشەیەکدا هەڵدەکورمێیت. ئەوە هێشتا نیشتەجێبوونە, هێشتا نوسانە بە نەزمێکى کۆمەڵایەتیى دیاریکراو و جڤاتێکى ڕەمزییەوە. تەنیایى لە تێگەیشتنى مندا ئەو کاتەیە کە کەمێک پێشتر ئاماژەم پێدا, جێیەکە مرۆڤەکان بۆ تۆ ڕیزێک بوونەوەرى تەواو هەڵکەوت و بووکەڵەئاسا و دووبارەن. دیارە تۆش بۆ ئەوان وایت, بەس ئەوان زۆرێکیان نەگەیشتوون بەو خودئاگاییە. تەنیایى ونکردنى ئەو سەقامگیرییە زەینییەیە کە ئارایش و ڕیزبەندییە کۆنەکە بۆ هەتاهەتایە کۆتاییدێت.                             

 

پ:دەپرسم بە کورتی تێگەیشتنت بۆ ئەو ساتانە چییە کە ھەست بە نائومێدییەکی قوڵ دەکەیت؟

وەلید عومەر: خێرایى زۆر کاریگەریى لەسەر نائومێدى داناوە. ئێمە چیتر وەک جاران پۆڵێنێکى ڕوونمان نیە بۆ کەسێک کە ئومێدەوارە و کەسێکیش کە نائومێدە. ئێمە لە شەو و ڕۆژێکدا, هەردوو هەستەکە تاقیدەکەینەوە. تەنانەت لە یەک کاتدا دەشێت هەردوو هەستەکەمان تیا بێت, ئەمەش وادەکات مرۆڤى ئەمڕۆ نادڵنیا بێت و لە زۆر شتدا بڕیارى بۆ نادرێت. وەکو خۆیشم پاش ئەو ساتانە هەست بە ژیانەوەیەکى قووڵ دەکەم. ئەو ساتانە وەک شۆکێک ڕۆتینى ڕۆژانەم تیا پاکدەکەنەوە. ئێمە لە فرۆیدەوە تێدەگەین لەدایکبوون تراومایە, واتە ئەم بوونەوەرە چاودەکاتەوە بەسەر ئیمکانێکى ڕووتدا کە زەروور نیە و دەبێت وەک زەروورەتیش قبوڵیکات و ژمارەیەکى زۆر میکانیمزى بەرگریى بۆ دابهێنێت تا بەرگەى بگرێت. بۆیە نائومێدى لەبنەڕەتدا سات نیە, بونیادە. لێرەوە زۆرێک لە داهێنراوەکان مرۆڤ چەنەبازیین بەڕووى ئەم تراومایەدا و ئەم ڕووداوە بنەڕەتییە وندەکەن. گەر مرۆڤ لە سەرەتاکانى تەمەنەوە ئەمە قبوڵکات, ئاسانتر نائومێدییش قبوڵدەکات. من خۆم لە چەمکى پاڵنەرى فرۆیدییەوە تێگەیشتم کە ژیان پتر جەبرە و لەڕێگەى میکانیزمى دووبارەبوونەوەوە وەهمى ئازادییمان تیا درووستدەکات. ئازادى هەیە, بەس هەمیشە وەڵامە بە جەبرێک. گەر لەم بنەڕەتە گەڕێین ئەوا ترس و نائومێدیى نوێى من لە خێراییە. ئەو خێراییەى لە هەناوى کۆمەڵگاکانەوە هەڵیکردووە, بوارى ئەوە ناهێڵێتەوە بڵێین ئومێد و نائومێدیى مرۆڤ وەک دوو چەمکى ڕەق دەمێننەوە. مانەوەیان باشترە لە شلبوونەوەیان. خێرایى وایکردووە کە وەک جاران باسى ئەوە نەکرێت "ژیان دووبارەیە", بەڵکو فرەپاتبوونەوەى کردووە بە شتێکى ئاسایى.  

 

پ: گوێ لە کام جۆرى گۆرانی دەگریت؟ گۆرانیی تایبەتی تۆ چییە؟

وەلید عومەر: گۆرانیبێژێکى زۆر دیاریکراو نیە گوێى لێ بگرم. میزاج و ئەو ئیمکانە زۆرانەى ئەنتەرنێت لەگەڵ خۆى هێناونى, وایکردووە بە یەک دەنگەوە نەگیرسێیتەوە. بەس دەربڕینى "تاکە گۆرانیبێژ" بۆ خەڵک ماناى خۆى هەیە, هەموو تاکە گۆرانیبێژێک بەشدارییە لە ڕەهەندێکى زۆر شەخسییدا کە پێدەچێت کەسەکە خۆیشى بەتەواوى لاى ڕوون نەبێت. بۆ من هێشتاش دەنگى "زەکەریا" مانایەکى لەو جۆرەى هەیە. زەکەریا, گرێخواردنى هەرزەکاریى ئێمە بوو لەگەڵ جۆرێک ژویسانسى کۆمەڵایەتى کە تا ئێستاش لە دەرەوەى ئەو گرێخواردنەوە ئەو دەنگە هیچ مانایەکى ترى بۆ من نیە.

 

پرسيار: دواکتێب کە دەستت داوەتێ بیخوێنیتەوە؟

وەلید عومەر: زۆرجار زیاد لە کتێبێکم کردووەتەوە. ئێستا خەریکم “ئەزموونگەرایى و سوبێکتیڤیتە”ـى ژیل دۆڵۆز تەواودەکەم. دۆڵۆز لە ٢٨ ساڵى ئەم کتێبەى نوسیوە کە لە هەندێ ئیشى دواترى جدیتر و زەروورترە و داخڵى ناو ئەو پاژە هزرییە نەبووە کە بە "دۆڵۆزى خراپ" ناسراوە.

 

 

 

 


[1]. قسەیەکى بۆب ودوارد(Bob Woodward) لە  فیگەرە دیارەکانى واشنتن پۆست و یەکێک لە ئاشکراکەرانى فەزیحەى واتەرگەیت بوو. ئەو نوسەرى کتێبێکە لە ساڵى ٢٠١٨دا بەناوى ترس: ترەمپ لە کۆشکى سپى(Fear: Trump in the White House).