A+    A-
(1,535) جار خوێندراوەتەوە

                  چارەنووسى "جنێو"

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

جنێو, کردارە. کردارێکى زمانى. کردارێکە خۆى لەبنەڕەتدا شاردنەوەى کردارێکى ترە(کە لەدوا ئەگەردا کوشتنە), بەڵام ئەمڕۆ و بگرە دەمێکیشە وەک کردارێکى کرچ و ڕاستەوخۆ سەیردەکرێت کە جۆرێکى ڕاستەوخۆیە لە توندوتیژى. زۆرجاریش کردارێکى هێند شاراوە نیە و مرۆڤەکان لەپشت پەردەى ڕەمزییەوە بەرامبەر یەکترى بەکاریدەهێنن, بەڵام مادام کەلتور خۆى پانتایی واخۆدەرخستن و نمایشە ناچارییەکانە, ئەوا دەبێت جنێوەکان دزەنەکاتە ناو پانتاییە ڕەمزى و کەلتورییەکە. هەموومان دەزانین جنێودان هەیە, بەڵام وا خۆمان دەردەخەین شیاوى بەکارهێنان نیە. زۆرێکمان تێزەکەى فرۆیدمان بیستووە کە دەڵێت: ئەوەى یەکەم بەردى بناغەى شارستانیەتى دانا, هەر ئەو کەسە بوو کە یەکەم جنێوى دا. لە سادەترین لێکدانەوەدا, ئەم قسەیە واتە: قسە دەکرێتە بەدیلى کوشتن. لەجیاتیى ئەوەى بەشێوەیەکى فیزیکى بتسڕمەوە و چەشنى مرۆڤەکانى پێش شارستانیەت سەرت هەڵکەنم, ئەوا کوشتنەکەت دەخەمە نێو ڕستەیەکەوە. ڕستەکە خۆى کردارێکى بڵندبووەوەى کوشتنە. جۆرێک لە گۆڕینى ئاراستەى وزە دەروونییەکەیە, و دواجار کوشتنێکى سیمبوڵییە. گەر جنێو نەبووایە, نەدەکرا شارستانیەت بەم فۆرمەى ئێستا بنیاتبنرێت و مرۆڤەکان زیادیاننەدەکرد و زمانیش ڕەنگە بەم جۆرەى ئێستا گەشەى نەکردایە(لە ئاستى پێچاوپێچى تردا, زۆر دیاردە و کایەى ترى مرۆیى هەمان پێگەى جنێویان هەیە و بۆ سازکردنى شارستانیەت جێى بایەخن). دیارە خاڵە ئاڵۆزەکە لێرەدایە کە جنێو هەروا بەشێوەیەکى میکانیکى جێگرەوەى کردارى سڕینەوە نیە, بەڵکو بەهۆى دووبارەبوونەوەى بەردەوامیەوە لەنێو شارستانیەت و کەلتورەکاندا گۆڕاوە بۆ تارمایى کوشتن, یان درووستتر بیڵێین: میتافۆرى کوشتن. هەر میتافۆرێک جێگرەوەى وشەیەکى ترە, کردارێکى ترە, کوشتنێکى تر. هەر جنێوێک, کوشتنێکى لەدەستچووە, بەڵام لەدەستچوونەکە بەر لەوەى لەدەستبچێت, لەدەستچووە. شتێکە چەشنى ئۆبێکتى بچوکى a لە دەروونشیکاریى لاکاندا. ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت جنێوەکان هەرگیز پڕاوپڕ ناتوانن قەرەبووى کوشتنەکان بکەنەوە و بونیادى دووبارەبوونەوە و هەزاربارەبوونەوەیان لە هەناوى خۆیاندا هەڵگرتووە. جنێو هێنانى پاڵنەرى مەرگە بۆ ناو کەلتور, کەلتور چیدى کوشتنە بایۆلۆژى و جەستەییەکان دەگۆڕێت بۆ نەفى و کوشتنى ڕەمزى.

 ئاشکرایە لەڕووى ڕیشەناسییشەوە جنێودان(swearing) لە هەمان کاتدا بە واتاى "سوێندخواردن" دێت و ڕەهەندێکى پیرۆزى هەیە. ئەمەش بەر لە هەر شت, سەرتاپاى ڕووبەرى زمان دەگرێتەوە کە هەر وشەیەک دەشێت هەڵگرى پێچەوانەکەى خۆى بێت چونکە شاهەستە چەپێنراوەکانى مرۆڤ بریتییە لە کینەڤین(کینە + ئەڤین) لە یەک کاتدا. وزە دەروونییەکەى مرۆڤ و کۆى شارستانیەتیش لە هەر ساتێکدا دەتوانن بەئاسانى وەرگەڕێنە سەر کینە یاخود ئەڤین. وزەى دەروونى دەبێت لەو دوو هەستەدا بخرێتەگەڕ, ئیدى ئەوە ئیشى کەلتورەکانە چۆنى دابەشدەکەن. داهێنانى ئەو هەمووە سانسۆر و عورفە مرۆییە وایکردووە تەنیا لە هەندێک شوێنى زەقدا جیاکارییەکە دەرکەون, گەرنا سنورێکى ئەوتۆ لەنێوانیاندا نیە. ئەوەى نەتوانین بیکەینە بەشێک لە خۆمان و لە قودسیەتەکەیدا بتوێینەوە, ئەوا نەفیى‌دەکەین و لەڕێگەى جنێوێکەوە دەریدەکەینە دەرەوە. گەرچى جنێو دیاردەیەکى گەردوونییە, بەڵام دابەشکردنى ئابوریى دەروونیى کەلتورى کوردى, دابەشکردنێکى ناتەندرووستە. تۆڕە بەناو کۆمەڵایەتییەکان, کە ئێستا نوێنەرى پانتایی کۆمەڵایەتیین, شایەتى ئەوەن. سیاسەتیش لە فۆرمە حیزبییە خێڵەکییەکەیدا, ئەم جنێوسازییە بەرهەمدێنێتەوە و گوژمى کوشتنەکان بەسەر زماندا دابەشدەکاتەوە- ئیدى لە کوشتنى سیاسییەوە تا کوشتنى کەلتورى و هتد. جنێو دیاردەیەکى جەوهەرى نیە کە هەمیشە بۆ یەک مەبەست بێت و یەک ناوەڕۆکى دەرەمێژوویى نەگۆڕى هەبێت, بەڵکو بڕەکەى کەم‌وزیاد دەبێت و ئەرکەکانیشى لە گۆڕاندان. ئەوەى ناگۆڕێت بنک و بونیادە مێژووییەکەیەتى کە دەبێت کەلتورێک تواناى خۆتێپەڕاندنى هەبێت و جنێو بخاتەوە شوێنە پەراوێزییەکەى خۆى. ئێستا کە دەوترێت خەڵک نائومێد و ماندووە, جنێو شتێک لە ڕەوایەتیى هەیە, بەڵام ئەوەى ناگۆڕێت ئەو زیادەجنێوەیە کە سبەى و دووسبەى هەر بەردەوامدەبێت و بەسەر دۆخى تردا خاڵیدەکرێتەوە. ئەوەى پەیوەندیى بە کایەى ڕۆشنبیرییەوە هەیە ئەوەیە کە دەتوانین بڵێین: لە هەر کۆمەڵگایەکدا هەژاریى تیۆرى هەبوو ئەوا هەژاریی زمانیش بوونى دەبێت- لەوێشەوە هەژاریى جنێودان. زمانى زبر شتێک نیە بەتەواوى بکرێتەدەرەوەى شارستانیەت, بەڵام دەکرێت گوژم و تراوماکانى دابەشکرێت و لاوازبکرێت و لە بەشەخسیکردن داماڵرێت. جنێو خۆى شتێک نیە بە کەم وەرگیرێت, چونکە جار هەیە گوزارشت لە بنبەستێکى مێژوویى دەستەجەمعى دەکات, تەعبیر لە پەنگخواردنەوەیەکى کەلتورى و زەینى دەکات کە لە سەرچاوەوە حەلنەکراوە. ئەم زەبروزەنگە زمانییە و ئەم فیچقەکردنەى جنێو, شتێک نیە لە ساتێکى دیاریکراودا کورتکرێتەوە و ببەسترێت بە یەک هۆکار و یەک قۆناغەوە. شارستانیەت چەندین قۆناغ و فۆرمى کۆمەڵایەتى و سیاسیى بەڕێکردووە, بەڵام بەکارهێنانى زمان و مامەڵەى شارستانى بە زمانەوە شتێکە نەگۆڕ دەردەکەوێت. ئەمڕۆ لەناو ئەو قۆناغەى شارستانیەتداین کە پتر لە بەربەریەتەوە نزیکە و سەرمایە و ئەبستراکتبوونەوەى پەیوەندییە مرۆییەکانى لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە, بەڵام هێشتاش پەیوەندیى زمان و شارستانیەت شتێکى کۆنکرێتى و بەرجەستەیە و زمان ئەو میراتە دێرینەى شارستانیەتە کە دەکەوێتە پێش و پاشى سەرمایەشەوە. شتێکى ساویلکانەیە گەر پێمانوابێت لەگەڵ کەمبوونەوەى گرفتە ئابورییەکانى مرۆڤدا, زبریى ناو زمان کەمدەبێتەوە و چەندین ئەزموونى بچوک و گەورەش دەریدەخەن کە مرۆڤ هیچ فۆرمێکى جێگیر لە ژیان شکنابات کە زمان بەتەواوى هێوربێتەوە و لە سڕینەوە پاککرێتەوە. زمان و دیاردە تیژەکانى ناوى, بارێکى ناچاریین بەسەر مرۆڤەوە و بە تۆزێک ئاگاداربوون لە هزرى سەدەى بیستیش تێدەگەین زمان لەوە ئاڵۆزترە کورتکرێتەوە بۆ ئامرازى پەیوەندى و ئاڵوگۆڕ. زمان, تۆڕێکى وجودییە کە بەسەر ئابورییە دەروونییە فەردى و دەستەجەمعییەکانماندا هەڵخراوە.  

لە مشتومڕە حیزبى و سیاسییەکانى نیو سەدەى ڕابردووى کورددا شێوازى پەلامار و جنێوەکان زۆر بەرایى و ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆمن. ئەوەى لەو نێوانەدا ونە, حزوورى قورسى شارستانیەتە(ئەویش بەتایبەت بەو مانا ئاڵۆزەى کە تۆتالیتاریزمێکى ڕێکخراویشى نەبووە لە چەشنى ئەوانەى خۆرئاوا کە ئەزموونکردن و هاوکات بنبەستى ڕەهاى شارستانیەتیش بوون). تیۆر خۆى بەشێکى شارستانیەتە. تیۆر وەک پێگەى ئۆنتۆلۆژى شتێکى پیرۆز نیە, بەڵکو لانیکەم پاڵاوتنى بەدەویەتە. دواخستن و پارچەکردن و شاردنەوەیەتى. زمان بۆ ئەوەى شارستانى بکرێتەوە, سەرەتا بەشێوەیەکى ئامرازى کارى پێ دەکرێت. لەڕاستیدا لەپاش ڕاپەڕینەوە, و بەتایبەت لە ٢٠ ساڵى ڕابردوودا وردەوردە کارى گرنگ بە زمانى  کوردى کراوە, هەم لەڕووى پەروەردەوفێرکردنەوە و هەمیش لەڕووى چاپى کتێب و میدیا و کایەکانى ترەوە. بەڵام ئەوەى حەلنەبووە, پێگەى "جنێو"ـە لەنێوان مرۆڤى کورد و کایەکانى ژیانیدا. لەنێوان خۆى و ئەویتردا, لەنێوان خۆى و مێژووەکەىدا. سیاسەت کە زوو دەبێتە جێى لاساییکردنەوەى خەڵک, لە فۆرمە حیزبییە کوردییەکەیدا, مامەڵەیەکى بە زمانەوە کردووە کە کەلتورەکە خۆیشى هەروا مامەڵەى پێوە کردووە. ئەویش بارگاویکردنى زمان بە ڕەهەندى شەرەفپەرستى و تۆمەتتاشى و بەهاکانى پیاوێتى. لەم ڕووەوە حیزب و ئۆپۆزسیۆن کێبڕکێیانکردووە لەوەى کامیان باشتر دەتوانن دیکتە و دەمەلاسکێى کەلتورەکە بکەنەوە. کەلتورى کوردى, نیگایەکى بەسەر خۆیەوە درووستکردووە کە فشارى گەورە لەسەر مرۆڤەکانى ناوى دادەنێت و لە هەر وێستگەیەکى لاوازىدا هێجگار شەرمەزار ببن و تووشى کاردانەوەى شێتانە بن. هەر کەلتورێک نیگاى هێند فشارهێنى لەسەر مرۆڤەکانى دانا, ئەوا مرۆڤەکانیشى دایم لە پەرچەکردارى شێتانە و تونددا دەبن, چونکە ژیانکردن لەناو کەلتوردا خۆى قەرزێکە. تا دەستکاریى ئەم نیگایە نەکرێت, ئەوا پەرچەکردارەکان هەمیشە توند و شێتانەن و کارەکتەرەکان لە تەریقبوونەوەیەکى گەورەدان. لە بەرکەوتنە حیزبییەکاندا, ئەم پەرچەکردارە بۆ ئەویترى نەیار نیە, بەڵکو تەریقبوونەوەیەکى قووڵە لەبەردەم نیگاى کەلتورەکە و مێژووەکەدا. بۆیە چارەنووسى جنێو, بەدەر لە هەموو کێشەکانى تر, بەستراوەتەوە بەم نیگا کەلتورییەوە. فشارى ئەم نیگایە ستەمێکە مرۆڤەکان دەرهەق بە خۆیان دەیکەن. زمان دەکەنە قوربانى, بەڵام بەر لەوە ئەوە ئێمەین بووینەتە قوربانیى زمان. «ئێرنیستۆ لاکلاو وتبووى ستالینیزم دیاردەیەکى زمانەوانى بوو, بەڵام لەڕاستییدا ئەوە زمانە کە دیاردەیەکى ستالینییە[1]». زمان خۆى توند و کوشندەیە, چونکە هەر وشەیەک جیا لە نیگار و ڕێنوسەکەى, بارگاوییە بە دیوێکى دەروونى. هەر وشەیەک, بارستەیەکە لە جێکەوتى سایکۆلۆژی.

ئەوەى جێى خۆشبەختییە ئەوەیە کە لۆژیکێک لەسەرووى تاکەتاکەى مرۆڤەکانەوە کاردەکات و مێژوو لە چنگى شەخسییانەى وان دەردێنێت و تۆماریدەکات. ئەم لۆژیکە سەروو-فەردییە, دیسان کەس نیە جگە لە نیگاى مرۆڤەکان خۆیان بەسەر خۆیانەوە. بۆیە بەشێک لە مێژوو بەدەستى خۆمانەوەیە و بەشێکیشى هەمیشە لە دەرەوەى ویستى ئێمەوە دەگوزەرێت و دەبێتە بەشێک لە مێژووى گشتى: لەو بەشەى کە بەدەستى ئێمەوەیە, دەتوانین پێکەوە زمان لە دیوە بەربەرییەکەى سوکترکەینەوە. لێرەشەوە, "چێژى کوشتن" دەدۆڕێنین, بەڵام زەمینەى کۆمەڵگایەکى مەدەنى دەڕەخسێت و بەشێک لە دیاردەى جنێو لە فۆرمى داهێنەرانەى تردا دەگەڕێتەوە.  

  

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] . وەرگیراو لە دەقێکى سلاڤۆى ژیژەکەوە