A+    A-
(442) جار خوێندراوەتەوە

گفتوگۆى نێوان مارک زوکەبێرگ و یۆڤال نوح هەرارى

و. محەمەد سەلام

 

 

 

پێشەکی

گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا، لە گفتوگۆ هەرە گەرمەکانی دونیای ئەمڕۆن. لەنێو ئەوانەی کاریان لەسەر داهاتووی تەکنەلۆژیا و خاڵە نەرێنییەکانی کردووە، یۆڤال نوح هەراری لە دیارترینی ئەو دەنگانەیە، کتێبەکانی لە سەرانسەری دونیا پڕفرۆشترینن و بەردەوام لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی جیهان وتار و چاوپێکەوتنەکانی لەسەر ئەم بابەتە بڵاودەبنەوە. مارک زۆکەبێرگیش وەک یەک لە ڕێبەرانی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆ سەیردەکرێت. خاوەنی کۆمەڵێک تۆڕی کۆمەڵایەتی، کۆمپانیای تەکنەلۆژی و تیمی لێکۆڵینەوە و داهێنانی تەکنەلۆژیایە. ڕوانگەی تا ڕادەیەکی زۆر ئەرێنییە سەبارەت بە تەکنەلۆژیا، بۆیە زۆر کاری لەسەر دەکات و ژیانی بۆ تەرخانکردووە.

گرینگیی گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە ئەوەیە، کاتێک یۆڤال ڕەخنەیەک لە تەکنەلۆژیا دەگرێت یاخود مارک بەرگرییەک لە تەکنەلۆژیا دەکات، مەسەلەکە هەر لە شوێنی خۆیەوە نابڕێتەوە، بەڵکو کەسی بەرامبەریان لەوێیە تا وەڵامی ڕەخنەکە یان بەرگرییەکە بداتەوە، و دووبارە ئەوان وەڵامیان لەسەر وەڵامەکەی بەرامبەر دەبێت. گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ڕاستی، چونکە لە گفتوگۆدا جوڵە و زیندوویەتی هەیە نەک چەقبەستوویی. گفتوگۆ بەردەوام ڕاستی و بابەتی نوێ دەهێنێتەئاراوە، زۆرجار هەڵەیەک لە ڕەخنەیەک یاخود بەرگرییەک دەدۆزێتەوە کە بکەرەکەی هەستی پێنەکردووە، بەڵام چونکە بەرامبەر لە بەرگرییکردندایە بۆیە زۆر وریایە و هەڵەکان زووتر دەبینێت.

بۆ ئێمەش تا هەم زانیاریی تەواومان لەسەر بابەتەکە هەبێت و هەم بتوانین حوکمێکی گونجاوی لەسەر بدەین، سەیرکردنی گفتوگۆی هەردوو لا باشترین شتە. چونکە گەر تەنیا ئاگاداری قسە و بەڵگەکانی یەک لایەن بین ئەوا هەم زانیارییەکانمان لەسەر ئەو بابەتە پڕ کەموکوڕی دەبێت هەمیش بڕیارەکانمان، بڕیاری درووست نابن چونکە تەنیا بە زانینی قسەکانی یەک لایەن بڕیارمانن لەسەر بابەتەکە داوە.

***********************

 

 

مارک زۆکەبێرگ  :خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم ئەم ووتووێژە لەگەڵ مێژووناسی گەورەی جیهانی بەرێز یۆڤال نوح هەراری  ئەنجامدەدەم  .کتێبەکانی ئەم دواییەی لە ڕیزی پڕفرۆشترین کتێبەکانی دونیای ئەمرۆن  یەکێک لەکتێبەکانی بەناوی (مرۆڤە هۆشمەندەکان:کورتەیە ک لە مێژووی  مرۆڤایەتی)[1] بریتیە لە گێرانەوە و شیکردنەوەی قۆناغەکانی مرۆڤایەتی هەر لە سەردەمی ڕاو  و شکارەوە  تاوەکو سەردەمی ئێستا، چۆن شارستانیەت دروست کراوە و  پەرەیپێدراوە .دوو کتێبەکەی دیکەشی  بەناوەکانی (مرۆڤەخوا :کورتەیە ک لە مێژووی داهاتوو)[2] و (٢١ وانە بۆ  سەدەی ٢١)[3] باس لە  بابەت و کێشە گرینگەکانی تەکنەلۆژیا و داهاتوو دەکەن. ئێمەش دەمانەوێت لێرەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە بکەین.

 

 بەرێز هەراری ئەوەی لەسەر جەنابتان سەرنجی راکێشاوم ئەوەیە زۆربەی مێژووناسان تەنیا باس لە ڕابردوو دەکەن و رووداوەکانی شیدەکەنەوە، بەڵام ئێوە سەرەڕای باسی ڕابردوو،  کۆمەلێک پرسیار و باستان لەسەر داهاتووش

 وروژاندوە .خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم لەم دەرفەتەدا بتوانم ئەم باسە لەگەڵ ئێوە. تاوتوێ بکەم سوپاسیشتان دەکەم ئامادەی ئەم گفتوگۆیە بوون.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- منیش خۆشحاڵم کە لێرەم. پێموایە گەر مێژووناسان و فەیلەسوفان نەتوانن تێکەڵی پرسە هەنووکەییەکانی تەکنەلۆژیا و داهاتووی

 مرۆڤایەتی بن، کاری خۆیان بەباشی نەکردووە. چونکە کاری ئێمە تەنیا ئەوە نییە ئیش لەسەر ڕووداوەکانی ناو مێژوو بکەین و تۆماریان بکەین. خەڵکانی ناو

 ئەم ڕووداوانەی مێژوو هەموویان مردوون، ئەم کارەی ئێمەیان بەلاوە گرینگ نییە. پرسیارە گرینگ و واقیعیەکەی پێویستە گەڵاڵە بکرێ ئەوەیە، چی بەسەر  ئێمەو مرۆڤەکانی داهاتوودا دێت؟  

 

 مار ک زۆکەبێرگ  :لەگەڵ باسکردنی ئەمە، گەیشتینە بابەتی گفتوگۆکەمان و

 دەتوانین لێرەوە دەست پێبکەین. دەمەوێت بەو پرسیارە دەست پێبکەم، ئایا لەگەڵ

ئەو هەموو تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدەستهاتوون، خەڵکی زیاتر لە یەک نزیکدەبنەوە و پەیوەندی درووستدەکەن، یاخود بەرەو پارچەپارچەبوون و لێکجیابوون دەچن؟ تامەزرۆیی زانینی بیرکردنەوەی تۆم لەسەر ئەم پرسە.

 

 

 یۆڤال نوح هەراری:- گەر سەیری مەودای دوورودرێژی مێژوو بکەیت، دەبینیت مرۆڤایەتی بەردەوام بەرەو ئەوە چووە پەیوەندیی نێوانیان زیاتر بێت و زیاتر لەگەڵ

 یەکدا بەستراوبن. هەزاران ساڵ لەمەوبەر هەسارەی زەوی وەک کاکێشانێک (گالاکسیەک) وابوو، کۆمەڵێک جیهانی جیاوازی تێدابوو بێ ئەوەی هیچ

 پەیوەندییەک لەنێوانیاندا هەبێت. قۆناغ دوای قۆناغ پەیوەندیی نێوانیان درووست بوو و بەهێزبوو. تاوەکو گەیشتینە ئەمڕۆ، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، هەموو جیهان بۆتە یەکەیەکی ئابووری و کەلتوریی هاوبەش. بەڵام پەیوەندی هەمووکات بەمانای سازان و هاوئاوازی نایێت، زۆربەی جار ئەو کەسانەی کێشەمان لەگەڵیان هەیە، ئەندامی خێزانەکانمانن یاخود دراوسێ و هاوڕێمانن. بۆیە گرینگە ئێمە ئەوە ڕوونبکەینەوە ئایا باسەکە سەبارەت بە بەیەکەوەبەستنی خەڵکە یان سازاندنی خەڵکە لەگەڵ یەکەدا؟ بەیەکەوەبەستنی خەڵکی سەر بۆ کۆمەڵێ پرس دەکێشێت. بۆ نمونە بنیاتنانی دیوارەکان. بەراستی ناتوانم وێنای ئەوە بکەم چی روودەدات؟ چونکە ئێمە ئەو هەمووە  تەکنەلۆژیایەی نوێی پەیوەندیمان، وەک ئینتەرنێت و ڤێرچوال ڕیالێتی(واقیعى مەجازى) و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پەرەپێداوە. کەچی بنیاتنانی دیوارەکان[4] دەبێتە یەکێک لە گرینگترین و سەرەکیترین بابەتی سیاسی. جا دیواری پاراستن لە ڤایرۆس و هێرشی ئەلیکترۆنیی ناو تەکنەلۆژیای نا، بەڵکو دیواری بەردین. وەک ئەوە وایە

تەکنەلۆژیای سەردەمی بەردین بووبێتە پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای ئێستا. کەواتە

 چۆن لەم جیهانەی ئێستامان تێبگەین، هەم پێکەوە بەستراوترین سەردەمە و هەمیش زۆرترین دیواری لێ دروستدەکرێت.  

 

مارک زۆکەبێرگ: بەڵێ، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەر چاو بێت تەکنەلۆژیا و

 تۆرەکانی پەیوەندی هەلێکی گەورەیان بە مرۆڤەکانی سەدەی بیست داوە تا پرسە

 گرینگ و هەنووکەییەکان بە هەموو جیهان بگەیەنن و هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی

 ئاشتی، بەختەوەری، بەرەوپێش چوونە زانستیەکان...هتد، وە ناساندنی  ئەو ئالانگاریە  گەورانەی ( وەک گۆرانی کەش و هەوا و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە گوێزراوەکان) کە رووبەرووی مرۆڤایەتی دەبنەوە بەهەموو جیهان . بۆ ئەمەش پێویستە جیهان زۆرتر بەیەکەوە بەستراوبێت و خەڵکی زیاتر لێک نزیک بن. مرۆڤیش تەنیا لە کاتێکدا دەتوانێت تێکەڵی ئەوانی دیکە بێت گەر بتوانێت پێویستییە ئابوری و کۆمەڵایەتی و ڕۆحییەکانی دەبین بکات. ئینتەرنێت بواری ئەوەت پێدەدات پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک کەسدا  ببەستیت، ئامادەن هاوبەشی بە خولیا و

 شارەزاییەکانیان بکەن و بیبەخشن. خۆشت دەزانی پێشتر ئەو شتە زۆر زەحمەت

 بوو. چونکە پێش ئینتەرنێت خەڵکی بە شێوەیەکی بەرچاو بە شوێنە جوگرافیەکەی بەسترابۆوە. خۆم لە شارۆچکەیەکدا گەورەبووم تەنیا ١٠،٠٠٠ کەسی لێدەژیا چەندان یانە و چاڵاکی جۆرا و جۆری سنورداری لێبوو  دەتتوانی بەشداریان بیت. منیش وەک هەر منداڵێکی ئاسایی خەریکی یاری تۆپی سەبەتە بووم. لەکاتێکدا من نە یاریزان بووم و نە حەزی ئەو یارییەشم هەبوو بەڵکو حەزی ڕاستەقینەی خۆم پرۆگرامکردنی کۆمپیوتەر بوو، کێشەکەش ئەوە بوو هیچ کەسێک لە شارۆچکەکەماندا نەبوو وەک من ئەو خولیایە هەبێت. هیچ کۆمەڵە و یانەیەکی لەم جۆرەشی لێ نەبوو تا بەشداربم. دواناوەندیشم تەواو کرد هیچ شتێکی لەم جۆرە نەبوو، تا ئەو کاتەی چوومە کۆلێژ و توانیم لەوێ کەسانی وەک خۆم بدۆزمەوە. لەگەڵ هاتنی ئینتەرنێت ئەم بارودۆخەش دەستی بە گۆڕان کرد. لە ئێستادا خەڵکی تەنیا بە شوێنی جوگرافیەکەیانەوە نەبەستراونەتەوە، بەڵکو دەتوانن لەسەر ئینتەرنێت لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ کەسانی خاوەن خولیای جۆراوجۆر و  سەر بە کەلتور و ناوچەی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهاندا. گەر ئێستا گەنج ببمەوە، بێگومان خەریکی یاری باسکە نابم بەڵکو لە زووەوە  لەگەڵ  کەسانی خاوەن شارەزایی و خولیای پرۆگرامکردن تێکەڵ دەبم  تۆ گوتت لەگەڵ  گەشەسەندنی  کۆمەڵگای مرۆییمان زیاتر بەرەوە پارچە پارچەبوون دەچین و لە هەستی راستەقینەی کارلێککردن و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگا بێ بەش دەبین. پێم وایە پارچە پارچەبوون لەلایەک و دۆزینەوەی جۆری کەسایەتی خۆت و حەز و خولیات لە لایەکی تر، دوو  ڕووی هەمان دراون .ئەوەی نیگەرانم دەکا ئەوەیە، ژمارەیەک کەس هەن لە کاروانی سەردەمدا  بەدوا کەوتوونە، تا ئێستا حەز و خولیای راستەقینەی خۆیانیان نەدۆزیوەتەوە، تا ئێستا ئاڕاستەی سەرەکیان لە جیهان

 پەیوەستە بەو کۆمەڵگا و شوێنە جوگرافیەی لێی دەژین. تا ئێستا نەیانتوانیەوە

 ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە وەک ئەمان هەمان حەز و خولیایان هەیە. لەگەڵ بەرەوپێش چوونی جیهان خەڵکانێکی زۆر هەن لەم نێوەندەدا رێگای خۆیان وون کردووە. هەڵبەتە ئەمەی باسی دەکەم لە  ڕووی  کۆمەڵایەتییەوەیە، دەتوانی هەمان شت لە لایەنی ئابووری بە جیهانیبوونیشەوە بدۆزیتەوە.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- سەبارەت بە پرسە  کۆمەڵایەتیەکان، کۆمەڵگای ئۆنڵاین سەرەرای جوانی و سەرنجراکێشیەکەی تا ئێستا نەیتوانیوە شوێنی کۆمەڵگای

ڕاستەقینە بگرێتەوە.

 

مارک زۆکەبێرگ:-  بەدڵنیایەوە ڕاست دەکەیت.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- شتانێکی زۆر هەن، تۆ دەتوانی تەنها بە جەستەت و لەگەڵ

 هاوڕێکانی ناو جیهانی راستەقینە ئەنجامیان بدەیت. ڕاستە تۆ دەتوانی لە رێگای بیرو زەینەوە بە جیهاندا گەشت بکەت بەهۆی ئینتەرنێتەوە، بەڵام ناتوانی لە ڕێگای جەستەتەوە ئەو شتە ئەنجام بدەیت. پرسیار گەلێکی زۆر هەن سەبارەت  بە زیان و سوودەکانی ئینتەرنێت، یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی ئینتەرنێت ئەوەیە  هەر  کەسێکت  لەوێدا بە دڵ نەبێت دەتوانی لە هاوڕێیەتیت لایبدەی، بەڵام گەر دراوسێیەکت بە دڵ  نەبێت لە جیهانی راستەقینەدا، ناتوانی لە دراوسێیەتی لایبدەیت. راستە هەندێک کەس دەتوانن بگوازنەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بەڵام زۆربەی خەڵکی ناتوانن ئەم شتە بکەن و دراوسێیەکەیان هەر لەوێیە .عەقلیەتی نەریتی کۆمەڵگاکانیش دەلێ، پێویستە فێربیت چۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەڵبکەیت کە خۆشیت لێیان نایێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستیت بە فێربوونی رێکارە کۆمەڵایەتیەکان هەیە لە کۆمەڵگادا گومان لەوەدا نییە ئینتەرنێت شتی سەرنج راکێشی تێدایە. بەڵام هەلی  ئەوەمان پێنادات ئەزموونی یەنجامدانی ئەو شتە گران و گرینگانە بکەین.

 

 مارک زۆکەبێرگ:-لەڕاستیدا نامەوێت بڵێم ئینتەرنێت دەتوانێ شوێنی هەموو

 شتێکی جیهانی ڕاستەقینە بگرێتەوە. باشترین تۆڕ و بەرنامە ئەوانەن هاوسەنگی

 لەنێوان مەودای بەسەربردنی کات لەسەر ئینتەرنێت و دەرەوەی ئینتەرنێت ڕادەگرن، خەڵکی بەیەک دەناسێنن، تا لە دونیای ڕاستەقینەدا بەیەکەوە کاربکەن و لە چاڵاکیدا بن. چونکە لە دونیای ڕاستیدا، توانای دۆزینەوەی خەڵک و

 کۆکردنەوەیان سنوردارە، بەتایبەت تر گەر کەسانێکی سەر بە بوارێکی دیاریکراو بن ژمارەیان کەم بێت لە جیهاندا.هەر بۆ نمونە لە چاڵاکیەکانی پاککردنەوەی

 ژینگەدا، ئەو کەسانەی خولیای ئەنجامدانی ئەو چاڵاکیەیان هەیە دەتوانن لە ڕێی

 ئینتەرنێتەوە کۆببنەوە و یە ک بناسن، کاتێک دابنێن تا هەموو لە دونیای ڕاستیدا

کۆببنەوە، کەنار دەریا یاخود ناو شار پاکبکەنەوە. یاخود کەسێک بەهۆی ئەرکی

 سەربازی یان هەر پیشەیەکی تر ناچارە زوو زوو شوێنی نیشتەجێبوونی بگۆرێت و

 بچیتە شارێک و ناوچەیەکی دیکە، ئەو ماوەی لەم شارەدایە ئینتەرنێت هەلێکی باشە

 بۆی تاوەکو گروپ و کۆمەڵە دڵخوازەکانی لەم  ناوچەیە نوێیە بدۆزێتەوە، تێکەڵ بە

 هاوبیر و هاوخولیا و هاوپیشەکانی لەم ناوچە تازەیەدا بێت .پێم وایە ئەمەش شتێکی زۆر گرینگە کە  ئینتەرنێت دابینی دەکات

 

 

 

یۆڤال نوح هەراری :ئەو پرسیارە گرینگەی  پێویستە رووبەڕووی بەڕێوەبەرانی

 تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبووک بکرێتەوە ئەوەیە، ئایا مەبەستتان لە

 بەیەکەوە بەستنی خەڵکی لەسەر ئینتەرنێت ئەوەیە  دوای ئەوەی کۆمەڵە کەسێک یەکیان لەسەر ئینتەرنێت ناسی، پاش ئەوە راستەوخۆ شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنەکان بەجی بێلن و دەست بە یاری و کۆکردنەوەی خاشاک و پیسی بکەن یاخود ئامانجتان

 ئەوەیە خەڵکی زۆرترین کات بەدیار شاشەکانەوە بهێڵنەوە؟ چونکە خاڵە گرینگ و

 بنچینەیەکە لێرەدایە، و لێرە بەدیار دەکەوی ئایا ئینتەرنێت خەڵک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یاخود کۆمەڵکا پارچە پارچەدەکات؟

 

 

مارک زۆکەبێرگ:-  منیش پێم وایە لەم خاڵەدا ئێوە ڕاستدەکەن، ئێمە بە داهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، مەبەستمان بوو پەرە بە پەیوەندی و کارلێکە کۆمەڵایەتیە

 مانادارەکان بدەین. گومانیشی تێدا نییە مانادارترین کارلێکی کۆمەڵایەتی گەر هەبێت ئەوانەن لە جیهانی راستی و دەرەوەی ئینتەرنێتدا هەن. هەر کاتێک خەریکی دروستکردنی خزمەتگوزاریە ک بیت، هەمیشە ئەو پرسیارە ڕووبەرووت دەبێتەوە

 ئایا چۆن لەنێوان جیهانی ڕاستەقینە و ئینتەرنێت هاوسەنگی ڕادەگریت، هەرچەندە  ماناداری کارلێک و پەیوەندیەکان  لەسەر کەسەکان راوەستاوە و لای  هەر کەسەو نە جۆرێکە. یەکێک لە پرسیارە گرینگەکان ئەوەیە، ئەو جیهانەی بنیاتی دەنێین تا چەند لە ڕووی  کلتوریەوە دەوڵەمەندە، ئەو جیهانگیریەی  تەکنەلۆژیا دەیهێنێتە کایەوە تا چەند دەتوانێ کلتورەکان کۆ بکاتەوە، دەتوانێ لەناویدا هەموو خەڵکی سەرەرای جیاوازی کلتوریان بەیەکەوە ببەستێتەوە .وەک ئەوەی باسیشت

 کرد لە ساتێکی بێ هاوتای مێژووییدا دەژین، لە هیچ سەردەمێکی  دیکە کەس نەبووە بە جلی ئاسایی خۆیەوە بچێتە شوێن و وڵاتێکی دیکە و کەس  بە جل و

 بەرگیا نەزانێ خەڵکی ئەم شوێنە نییە، لە کاتێکدا ٢٠٠ یان ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر وا نەبوو، خەڵک وەک یەک لە هەموو جیهاندا جلیان لەبەر نەدەکرد، رێبوارێک لە

 وڵاتێکی تاراوگەدا بە ئاسانی بە جل و بەرگەکەیدا دەناسرایەوە. لەم سۆنگەیەوە

 دەتوانین کلتور و نەریتێکی هاوبە ش لە سەرانسەری دونیادا بدۆزینەوە کە لە ناو خەڵکیدا دروست بووە. پرسیارە جەوهەریەکەش لێرەدا ئەوەیە، لەسەر ئەوکلتور و نەریت و بەها هاوبەش و یەکگرتووە چی بونیات بنێین؟

 پێم وایە دروست بوونی ئەم کلتورە هاوبەشە هەلی زۆر دەخاتە بەردەستی خەڵکی،  

 بەوەی  بتوانن چاڵاکیە دڵخوازەکانیان و ئەو کەسانەی وەک ئەمان هەمان حەز و

 خولیایان هەیە لە چەندەها کولتور و کۆمەڵگای جیاواز لە سەرانسەری جیهان

 بدۆزنەوە. گەر سەیری نمونەکەی من بکەی وەک لە پێشتر باسم کرد  یانە و

 کۆمەڵەکانی باسکە تەنیا لە شارۆچکەکەی ئێمە نەبوون، بەڵکو لە زۆربەی شارۆچکەکاندا هەبوون، وەک چۆن باسکە وەک هەڵبژاردە پێویستە لە هەموو

 شوێنەکان هەبێت تاوەکو ئارەزوومەندانی هەڵی بژێرن بەهەمان شێوە پێویستە

 بوارەکانی دیکەی وەک هونەر،مێژوو،پرۆگرامینگی کۆمپیوتەر..هتد وەک هەڵبژاردەی بەردەست لە هەموو  شوێنێکدا هەبن، گەرچی لە شوێنێکی دیاریکراو

 دەکرێ خەڵکانێکی زۆر کەم  ئارەزووموندی ئەو شتە بن، بەڵام لەسەر ئاستە جیهانیەکەی خەڵکانێکی زۆر لە دە وری ئەو شتە کۆ دەبنەوە و  کۆمەلەیە ک پێکدێنن. لەوانەیە لە شارۆچکەیەکی ١٠،٠٠٠ کەسیدا تەنیا یە ک کەس ئارەزوومەندنی یە ک لە بوارەکان بێت. ئەم کەسە تەنیا لەرێی ئینتەرنێتەوە دەتوانێ لە شوێنی خۆیەوە پەیوەندی بە کۆمەڵەوە ئارەزوومەندانی ئەو بوارە بکات. پێویست ناکات هەموومان .خەریکی باسکە یاخود کەنیسە بین، لەم رووەوە دەکرێ ئینتەرنێت بە هۆکارێکی پارچە پارچەبوونی کۆمەڵگا دابنرێت بەوەی هەموومان بە هەمان شتە و خەریک نابین و هەر یەکە و بە شتێکەوە خەریک دەبین، ئەمەش دەرخەری دەوڵەمەندیەتی ئەو کۆمەڵگا و کلتورە. نوێیەیە کە ئینتەرنێت گەیاندویەتیە هەموو شوێنێک

 

 یۆڤال نوح هەراری: هیچ کەس ناتوانێت نکۆڵی لە سود و دەوڵەمەندیی کەلتور و کۆمەڵگایە ک بکات کە زۆرترین هەڵبژاردە دەخاتە ژێر دەستی ئەندامەکانی. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە، چۆن  دەتوانی یەکبونێکی کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی وڵاتێک یاخود تەنانەت لەسەرئاستی جیهان درووستبکەیت بۆ  بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە؟ بۆ نمونە

 پاراستنی ژینگە و زەوی، کە تەنها بە وڵاتێک و چەند لایەنێک ناکرێت ، بەڵکو پێویستی بە هاریکاری هەموو وڵاتان هەیە، پێویستە هەموو مرۆڤایەتی بە هەرەوەزی بەیەکەوە رووبەرووی  ببنەوە. هەندێک قەیرانیشمان هەن تەکنەلۆژیا لێی بەرپرسە وەک خراپ بەكارهێنانی زیرەکی دەستکرد. پێویستمان بە میکانیزمێکە کە هاریکارییەکی جیهانی بهێنێتە کایەوە تاوەکو بتوانین لە رێگەیەوە ڕوبەڕووی ئەو قەیرانانە ببینەوە. بۆ نمونە چۆن بتوانین رێگری لە پڕچەککردنی سوپاکانی جیهان بە تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد بکەین؟ وا بکەین وڵاتانی جیهان دەستیان بە چەکە ئۆتۆماتیکی و خودکارەکان و ڕۆبۆتە کوژەرەکان نەگات، ئینتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان نەکەنە چەک و مەیدانی جەنگ. تاوەکو هاریکارییەکی جیهانیشمان نەبێت ناتوانین رووبەڕووی ئەم مەترسیانە ببینەوە. چونکە هەموو وڵاتێک دەڵێت: ئێمە نامانەوێت ڕۆبۆتە کوژەرەکان درووستبکەین، ئەمە بیرۆکەیەکی خراپە. بەڵام ناشتوانین

 ڕێگە بە دوژمن و بەرامبەرەکانیشمان بدەین پێش ئێمە دەستیان پێی بگات، بۆیە پێویستە ئێمە یەکەمجار پێی بگەین، بەم شێوەیە پێشبرکێیەکە لە دەستخستنی بەردەوام دەبێت. بەهەمان شێوە گەر سەیری ئەو قەیرانانە بکەین کە  زیرەکی دەستکرد و

 سیستەمی خودکار  بەسەر بازاری کار و ئابوریدا دەیهێنن،  دەبینین  لە داهاتوودا

 هەلی کار بەیەکسانی بەسەر پارچەکانی جیهان و خەڵکی دابەش نابن. سەرمایەکی

 گەورە لە چەند بەشێکی جیهاندا کۆدەبێتەوە و بەشەکانی دیکەی جیهان لێی بێبەش

 دەبن .ئەو وڵاتانەشی لێی بێ بەش دەبن توشی  قەیران و ئیفلاسێکی تەواوی دارایی

 دەبن. یە ک دونیا هەلی کاری نوێ بۆ ئەندازیارێکی سۆفتوێر و پرۆگرامسازی

 ئینتەرنێت لە کالیفۆڕنیا بەردەست دەبێت، بەڵام هیچ کارێک بۆ کرێکارێکی یەمەنی

 یاخود شوفێرێکی تراکتۆر لە هیندۆراس یان مەکسیکۆ نامێنێت. باشە ئەوان چی

 بکەن؟ پێویستە هەوڵی جددی بدەین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم کارەساتانە، تۆڕی

  گەورەی پاراستنی جیهانی دروستبکەین، تاوەکو مرۆڤەکان لە تاسانی قەیرانی

 زیرەکی دەستکرد  بپارێزین. گەرنا توشی دروستبوونی بارێکی نا یەکسانی ئابووری وا دەبینەوە لە مێژوودا رووینەداوە. تەنانەت خراپتر لەوەی لە  شۆڕشی

 پیشەسازیش ڕوویدا، کاتێک هەندێک وڵات دەستیان بە پیشەسازی کرد و زۆربەی

 وڵاتانیش بەم پێشەسازییە نەگەیشتبوون . ئەو کەمینەیەی لە  ڕێگای پیشەسازییەوە دەوڵەمەندبوو و هێزی پەیداکرد، هەوڵی داگیرکردن و ژێردەستەکردنی هەموو ئەوانەی دیکەی دا. دووبارە ئەو پرسیارە دەکەمەوە، چۆن دەتوانین هاریکاریەکی جیهانی  دروستبکەین تاوەکو لە رێگەیەوە بتوانین لەوە دڵنیا بین هەموو ئەو سوودانەی لەڕێگەی زیرەکی دەستکرد و سیستەمە خودکارەکانەوە بەدەست دێن تەنیا بۆکالیفۆرنیا و چینی رۆژهەڵات  ناچن و تەواوی جیهانیش لە دواوە جێ نامێنن؟

 

مارک زۆکەبێرگ:-  سەبارەت بە کێشەی زیرەکی دەستکرد  و کاریگەری لەسەر

داهاتووی ئابووری و جیۆپۆلۆتیکی جیهان، پرسێکی گرینگە و ناکرێ نکۆلی

 لێبکرێ، بەڵام با جارێ لەوە بگەڕێین و وەڵامی ئەو پرسیارەت بدەینەوە، چۆن

 دەتوانین هاریکارییەکی جیهانی بهێنینە کایەوە تاوەکو بتوانین سوود لەو هەلە

 گەورانە ببینین کە دێنە پێشەوە و ڕێگری لە قەیران و کارەساتە جیهانیەکان بگرین و بە ووردی بیان ناسێنین؟ ئەو هەوڵەش نابێت تەنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا خۆی ببینێتەوە، بەڵکو دەبێت لە هەوڵەکانی دیکەی وەک بڵاوکردنەوەی خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئازادی و مافەکانی  مرۆڤ بە تەواوی جیهانیشدا خۆی ببینێتەوە، ئەمەش بە بەیەکەوەبەستنی جیهان و پەیوەندیان بەدەست دێت. ئەم بیست ساڵەی ڕابردوو کاری زۆرمان لەسەر ئینتەرنێت کردووە، کارمان لەسەر

 بازرگانی جیهانی و لێشاوی زانیاری جیهانی کردووە، خەڵکیمان هەموو بەیەکەوە

 بەستۆتەوە، پێم وایە سەرەڕای کارکردن  لەسەر ئەم بە جیهانی کردنە، نابێت

 چاڵاکی و شتە ناوچەییەکانمان لەبیر بچێت، چونکە لەوانەیە خەڵکی وا هەست

 بکەن ئەو شتانە ئەوان ناگرێتەوە یاخود ناتوانن لە ماڵەوە ئەنجامیان بدەن یان

 گرینگی بۆ ئەمان نییە لە ناوچەکەی خۆی، لەو کاتەشدا لە ڕووی سیاسیەوە پاڵپشتی

و پشتیوانی هاریکارە جیهانییەکان ناکەن . هەر وەک لە  پێشتریش باسمان کرد

 هەندێک لە خەڵکی توانیویانە ئەو کۆمەڵانە بدۆزنەوە کە لە هەمان بواری ئەو

 کاردەکەن، بەڵام  هەندێکی دیکە هەن تا ئێستا نەیانتوانیوە  کۆمەڵە و گروپی بواری خۆیان بدۆزنەوە.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت هەندێک لەو کۆمەڵانە، کۆمەڵەی .خراپ و قێزەونن

 

 مارک زۆکەبێرگ :پێم وایە ئەوانەی پەیوەندی بە گروپە توندڕەوەکان دەکەن،

 ئەوانەن  کۆمەڵگاکانیان تەندروست نیین و لە ڕووی ئابووریشەوە داروخاون،

 زۆربەی خەڵکی ئەو کاتەی پێیان وایە ژیانیان باش و بێ کێشەیە، بەدوای گروپە

 توندرەوەکان ناکەون. پێویستیشە ئێمە وەک پەرەپێدەرانی خزمەتگوزاری  ئینتەرنێت هێشتا مەودای خەڵکی بۆ پەیوەندی کردن بە توندڕەوەکان تەسکتر و بچوکتر بکەینەوە، بەڵام پێم وایە باشترین ڕێگا بۆ ئەنجامدانی ئەمە بنیاتنانی خۆشگوزەرانیە. لەسەر ئاستی کۆمەلگاکان.

 

 

 یۆڤال نوح هەراری:- دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاو بێت لە مێژوودا خەڵکانێک

 هەبوونە، پێیان وابووە خۆشترین ژیانیان هەیە و قێزەونترین کاریشیان ئەنجامداوە

 و بەسەر کەس و گەلانی  دیکەیان هێناوە. پێویستە هەستکردن بە خۆشی ژیان لەگەڵ چاکەکاری و دڵنەرمی  تێکەڵ نەکەین. چەندەها نمونەمان لە بارەیەوە هەیە، هەر لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیەوە تاوەکو کۆیلایەتی لەسەردەمی نوێ و داگیرکاری

 زلهێزەکان .ئەو کەسانە ژیانێکی زۆر باش و خۆشیان هەبووە لە رووی خێزانی و

 کۆمەڵایەتیەوە،کەسانی خراپ نەبوونە .بۆ نمونە زۆربەی ئەوانەی  دەنگیان بە نازیەکان دا، کەسانی خراپ نەبوون.ئەو کەسانەبە باشە  بیریان لە خۆیان دەکردەوە  و هەندێکیان زۆر دڵخۆشانە دەژیان، ئەوە ئێمەین پێیان دەڵێین خراپەکار و توندڕەو بەڵام ئەوان بەو شێوەیە بیر لە خۆیان ناکەنەوە و خۆیان پێ چاکەکار و باشە.

 

مارک زۆکەبێرگ :گەرسەیری جەنگی دووەمی جیهانی بکەی دەبینی هۆکارەکەی تێکچوون و لێکترازانی ئابوری و کۆمەڵایەتی جیهان بوو لە دوای شۆرشی  پیشەسازییەوە.

 

یۆڤال نوح هەراری:-  با سەیرێکی داگیرکاری  ئەوروپی بکەین لە سەدەی نۆزدەدا خەڵکی پێیان وابوو بەریتانیەکان باشترین و خۆشترین ژیانیان هەیە لە تەواوی .جیهاندا .بە هیچ قەیرانێکی دارایی یاخود لێکترازانی کۆمەڵایەتییەوە  نەیان دەناڵاند

   پێیان وابوو بەداگیرکردنی هیندستان،ئەفریقیا،ئوسترالیاو گۆرینی کۆمەڵگاکانیان

 جیهان بەرەو باشە و بەرەوپێش دەبەن .تەنیا دەمەوێت بڵێم ئەوە تەنیا کەسانی خاوەن

 ژیانێکی کولەمەرگی نیین  دەست  بە توندڕەوی دەکەن، بەڵکو دەکرێ  ئەو کەسانە

 بن  خاوەن ژیانێکی خۆش و پڕکامەرانین .

 

مارک زۆکەبێرگ:- پێم وایە ئەو نمونەیەی کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەند ئەوانی دیکە داگیر دەکات لە ئێستادا جیاوازە، ئەمە ریشەی لە ناخی ئەو کۆمەڵگایانەدا نەبووە

 دەتوانی دیبەیتێکی درێژ لەسەر ئەمە بکەی، ئایا ئاڕاستەی کۆمەڵگا بەرەو کرداری

 ئەرێنیە یاخود نەرێنی  .

بەڵام پێم وایە لە ئەمرۆدا ئێمە کێشەیەکی دیاریکراومان

 هەیە، ئەویش ئەوەیە خەڵکی زیاتر لە بارودۆخە سەختەکاندا بەدوای چارەسەریە تووندەکان دەگەرێن، چونکە لەو  کاتەدا هەست بە لێکترازانی ئابوری و

 کۆمەڵایەتی دەکەن لە کۆمەڵگای مرۆیی. زۆر ڕێگە هەن هانی دروستبوونی ئەم

 هەستە دەدەن. ئەو کەسانەی پەرپێدەری سەکۆکانی ئینتەرنێتن،  بەرپرسیاریەتیەکی  گرینگیان هەیە، بەوەی ئەوانیش نەبنە هۆکاری هاندانی خەڵکی بۆ دروستبوونی ئەو هەستی لێکترازانە. پێم وایە چارەسەری گونجاو بۆ ئەمە ئەوەیە زەمینەیەکی وا بۆ تاکەکان برەخسێنین هەست بکەن بەشێکن لە کۆمەڵگا و ئامانجێکیان لەناو

 کۆمەڵگادا هەیە، کۆمەڵێکی زۆر هەلیان لەژێردەستدایە ئەنجامی بدەن، بەپێی

 کۆمەڵناسی و ئەو ئامارانەی لەژێر دەستدان، گەر تاکەکان زەمینەیەکی وایان بۆ

 رەخسا ئەوا بەدوای ئەم گروپانەدا ناچن. لێرەدا چیرۆکی سەرەکی جیهانگیری و بەجیهانبوون دەست پێدەکات، کە سوودی زۆری تێدایە، بەوەی خەڵکێکی زۆر ڕادەکێشێتە ناو ئابووری جیهانیەوە. خەڵکی لە هیندستان، باشوری ئاسیا، تەواوی ئەفریقاوە دەهێنێتە ناو ئابوری و بازرگانی جیهانیەوە، پێشتر ئەم جۆرە هەلە لەژێر دەستی ووڵاتەهەژارنشینەکاندا نەبوو. لەسەر  ئاستی جیهاندا نایەکسانی ئابووری نێوان دانیشتوان بەرەو کەم بوون دەبات، چونکە سەدان ملیۆن خەڵک لە هەژاریەوە هێناوەتە دەرێ و بەردەوامیش دەهێنێتە دەرێ، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنیە بۆ جیهانگیری. بەڵام کێشە گەورەکەی  سەرمایەداری لە ئێستادا بۆ دانیشتوانی وڵاتە پێشکەوتوو و پەرەسەندووەکانە. خەڵکانێکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو وڵاتانە، لە ئێستادا ناچاران کێبڕکێ لەگەڵ  لێشاوی ئەو کەسانەدا بکەن کە  لە وڵاتە هەژارەکانەوە هاتوونەتە ناو ئابوری جیهانەوە، هەلی کارەکان بەرەو شوێنانی دیکە چوون. بۆیە ژمارەیەک زۆر، لە خەڵکی کارەکانیان لە دەستداوە. ئەوانەشی کارەکانیان لەدەست نەداوە، لە ئێستادا لە  کێبڕکێیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی دان تاوەکو لە کارەکانیان بمێننەوە،  ئەم کێبرکێیە نێودەوڵەتیە رێگری لەوەش کردووە مووچەکانیان گەشەبکا و زیاتر بێت. بەپێی چەند لێکۆلینەوەیەک زەرەرمەندی  پلە یەک لە جیهانگیری دانیشتوانی

 وڵاتە گەشەسەندووەکانن کە ٪١٠ دانیشتوانی جیهانن، ئەمەش بەمانای ئەوە نایێت جیهانگیری یەک پارچە نەرێنی و زەرەرە بۆ جیهان. پێم وایە بەشێوەیەکی گشتی، شتێکی ئەرێنی و سوودبەخشە چونکە خەڵکێکی زۆر دەهێنێتە ناو ئابووری جیهان و رێژەیەکی زۆری هەلی کار پێشکەش دەکات. ئەوانەشی لەم  جیهانگیریە زەرەرمەندبوونە لە تەواوی ئەوروپا و ئەمەریکا هەوڵی دروستکردنی فشاری سیاسی دەدەن بۆ پەکخستنی ئەم جیهانگیریە.

 بۆیە بۆ ئەوەی سیستەمێکی جیهانی دروست بکەین نابێت تەنیا لەسەر ئاستە

 جیهانیەکە کاری لەسەر بکەین، پێویستە لەسەر ئاستی نەتەوەکان و تاکەکانیش کاری لەسەر بکەین، تاوەکو ئەوانیش هەست بکەن بەشێکن لەم سیستەمە و سوودی بۆ ئەوانیش هەیە، لە دژی نەوەستن.  ئەو شتەی گرینگە بەلامەوە و لە ڕێگای فەیسبووکەوە هەوڵم داوە کاری لەسەر بکەم ئەوەیە تەنیا هەوڵی بەیەکەوە بەستنی خەڵکی نەدەین، بەڵکو یارمەتیشیان بدەین  کۆمەڵە و  گروپ بۆخۆیان دروست  بکەن، تا لەڕووی بیر و چاڵاکی و خولیاوە لەیەک نزیکببنەوە. پێم وایە  ئەو شتەی پێویستە بیکەین ئەوەیە پالپشتی زیاترپەیوەندی جیهانیەکان بکەین، پەیوەندیە ناوچەیی و لۆکالیەکانیش فەرامۆش نەکەین.

 

  یۆڤال نوح هەراری :چۆن دەتوانین لەوە دڵنیا ببینەوە  هاوسەنگی لە هەلی  کاری ناوچەیی لەنێوان ئەمەریکا و وڵاتانی وەک مەکسیک، هیندستان، ئەفریقای باشور ڕادەگیرێت. یەکێک لەو ناهاوسەنگیانەی هەستی پێدەکرێ ئەوەیە کاتێک کەسێک لە ئەمەریکا توڕە دەبێت، هەمووان لای بەلادا دەکەنەوە و گرینگی پێدەدەن، بەڵام گەر کەسێک لە  مەکسیک یاخود زامبیا تورە بێت، گرینگیەکی زۆر کەمتری پێدەدرێت، چونکە لە رووی هێزەوە  زۆر لاوازترن، ئەو ئازارەی کەسێک لە هۆندۆراس یاخود فلیپین هەیەتی ئازارێکی راستەقینەیە و لەوانەیە زیاتریش بێت لە ئازاری ئەمەریکیەک، بەڵام ئەو دەنگدانەوەی بۆ ئازاری ئەمەریکیەکە دروست دەبێت لە جیهاندا زۆر زیاترە لەوەی بۆ فلیپینیە ک دروست دەبێت. ئەمەش هەمووی دەگەرێتەوە بۆ ناهاوسەنگی هێز لە جیهاندا. دەزانم فەیسبووک ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر دەبێتەوە بەوەی لە رێگەیەوە، خەڵکی هاندەدرێن تاوەکو بچنە ناو گروپە توندڕەوەکان. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بەڵام پێم وایە کێشە سەرەکیەکە نییە، شتێکە دەکرێ چارەسەر  بکرێ، گەر ووزەی پێویست بۆی بخرێتە کارەوە. ئەوەی نیگەرانم دەکا تەنیا سەبارەت بە فەیسبوو ک نییە، بەڵکو سەبارەت بە ئاڕاستەی ئابووری ئینتەرنێتە کە تەکنەلۆژیای نوێ ئاڕاستەی دەکات، ئەم ئابووریە ناهاوسەنگی لەنێوان پارچەکانی جیهان زۆر زیاد دەکات، هۆکاری ئەم ناهاوسەنگییە بیروڕا توندڕەوەکان نیین.

 زیانێکی دیکەی ئەم جوڵانەوە نوێیە کەمکردنەوەی ڕۆلی  مرۆیی و نەهێشتنی

 بیروڕا فەلسەفیە بنچینەییەکانی دیموکراسین لە بازاری ئازاد و تاکگەراییدا. ئەم

 دووانە زۆر جێی گرینگی پێدانی منن. کە تەکنەلۆژیای نوێ و زیرەکیی دەستکرد لە

 ونبوونیان بەرپرسن، ئەم تەکنەلۆژیایەش بەردەوام لە پەرەسەندندایە، تەنانەت گەر چارەسەریش بۆ کێشەی گرووپە توندڕەوەکانیش بدۆزینەوە، ئەو کێشانەی باسمکردن بەردەوام زیاد دەبن و زەقدەبنەوە.

 

 

مارک زۆکەبێرگ:- بەدڵنیاییەوە گومان لەوەدا نییە توندڕەوی بۆخۆی یەک لە نیشانەکانی کێشە سەرەکیەکەیە و پێویستە کار لەسەر کێشە سەرەکیەکە  بکەین.

 پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین هەموو کەس  لە کۆمەڵگادا هەست بەوە  بکات

 خاوەنی ئامانجێکە شایەنی ئەوەیە لە پێناویدا کاربکات، هەموو کەس هەست بەوە  بکات ڕۆلی لە کۆمەڵگادا هەیە و لەناو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیدایە، چونکە لە کۆتاییدا مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە .

دەتەوێ بچینە سەر باسی زیرەکی  دەستکرد و لێکەوت و کێشەکانی؟ یاخود دەتەوێ هەر لەسەر ئەم  بابەتە بمێنینەوە؟

 

 یۆڤال نوح هەراری:- نا ئەم بابەتە پەیوەندییەکی نزیکی بە زیرەکیی دەستکردەوە

 هەیە. زیرەکی  دەستکرد کە  یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی خەیاڵی زانستیە، هەرچەندە من هەوادارێکی  گەورەی خەیاڵی زانستیمە، بەڵام پێم وایە چەند شتێکی خراپیشی ئەنجامداوە، خەیاڵی زانستی زیاتر تیشک دەخاتە سەر سیناریۆ خراپەکان و مەترسیەکانی زیرەکی دەستکرد ، وای لە خەڵکی گەیاندووە زیرەکی دەستکرد بۆیە خراپ و ترسناکە چونکە دوایی رۆبۆتەکان دێن و دەمانکوژن .بەهیچ شێوەیەک مەسەلەکە وا نییە، ئێمە هەرگیز ڕووبەڕووی یاخی بوونی رۆبۆتەکان نابینەوە، ئەمن زیاتر لەوە دەترسم رۆبۆتەکان هەمووکات گوێڕایەڵ بن و لە قسەمان

 دەرنەچن وەک لەوەی کە لە دژی مرۆڤەکان یاخی ببن. پێم وایە دوو کێشە سەرەکیەکەی زیرەکی  دەستکرد بریتین، یەکەمیان زیادبوونی نایەکسانی لەنێوان پارچە جیاوازەکانی جیهان، چونکە هەندێک وڵاتمان دەبێت کە سەرکردایەتی و ڕێبەری ئابووری زیرەکی دەستکرد دەکەن لە جیهاندا بەمەش گەورەترین سامان و هێزی دونیایان دەکەوتە ژێر دەست. وەک ئەوەی  لە شۆرشی پیشەسازیدا روویدا، کە ئەو بۆشاییەی گەورەی لەنێوان هەندێک هێزی پیشەسازی و تەواوی جیهاندا دروست بوو، ١٥٠ ساڵی خایەند تاوەکو ئەم بۆشاییە پڕبۆوە، لەو چەند دەیەی رابردوودا بۆشاییەکە داخرا، چەندین ووڵات خەریکی هەستانەوەن، لە ئێستادا لەوانەیە ئەم بۆشاییە دووبارە بە شێوەیەکی خراپتر و گەورەتر بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە دروستببێتەوە، چونکە زیرەکی دەستکرد  تەنیا دەکەوێتە ژێردەستی ژمارەیەکی کەم لە ووڵاتانی جیهانەوە. ئەمە یەکەم کێشەی زیرەکی دەستکردە کە  نایەکسانی دەیهێنێتە کایەوە. دووەم کێشەی زیرەکی دەستکرد بریتییە لە بوونی مرۆیی یاخود باشتر بلێین مانای ژیانی مرۆڤ.چی  ڕوودەدات گەر زیرەکی  دەستکرد وا بەرەو  پێشبچێت، بتوانێت زانیاری پێویست لەسەر مرۆڤەکان کۆبکاتەوە تاوەکو لەرێگەیانەوە هاکی مرۆڤەکان بکات.سیستەمێکی وا بێتە کایەوە لە خۆم زیاتر خۆم بناسێت، بتوانێت لە شوێنی من بڕیار بدات، پێشبینی هەڵبژاردنەکانم بکات و دەستکاریان بکات، دەسەڵات بەتەواوی لە دەست مرۆڤایەتیەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆمپیوتەر و ئەلگۆریثم .تەنیا پشت بە زیرەکی  دەستکرد نەبەستین تاوەکو پێشنیاری سەیرکردنی فیلمی گونجاومان بۆ بکا، بەڵکو پێشنیاری ئەوەشمان بۆ بکات  پەیوەندی بە چ کۆمەڵەیەکەوە بکەین و کێ بکەین هاورێمان و هاوسەرگیری لەگەڵ کێ بکەین. ئا لەو کاتەدا چی بەسەر ژیان و بوونی مرۆییدا دێت؟ ئەم دووانە، گەورەترین کێشەکانی. زیرەکیی دەستکردن، کە یەکەمیان نایەکسانیە و ئەوەی دیکەیان بوونی مرۆییە.

 

مارک زۆکەبێرگ:- پێم وایە هەردووکیان پەیوەندیان بە بەهاکانەوە هەیە، بە بەهاکانی ئەو کەسەی کە دروستی دەکا، و ئەو  بەهایانەشی کە ئەو سیستەمەی لەسەر دادەمەزرێ. دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت زیرەکی  دەستکرد بەتەواوی بەستراوەتەوە بە کەرتی تەکنەلۆژیای گشتیەوە.هەر تەکنەلۆژیایەک دروست دەکرێ بە زیرەکی  دەستکردیشەوە تەنها بەرهەمی یە ک شوێن و کۆمپانیا نیین، لە چەندەها پارچە پێکهاتووە کە بەرهەمی  چەندان شوێن و ئابووری جیاوازن، ئەمەش سەبارەت بە پرسیارەکەت بوو دەربارەی چۆنیەتی دابەشبوونی ئابووری زیرەکی  دەستکرد. سەبارەت بە پرسی زانیاری و چۆن زانیاریەکانمان بەکاردەهێنرێت، یاسا

 و چوارچێوە جیهانیەکان چۆنن سەبارەت بە زانیاری؟ هاوڕام سەبارەت بەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لەو ووڵاتانەی توانای وەبەرهێنانیان هەیە  لە تەکنەلۆژیای

 داهاتوودا، کە زیرەکی دەستکرد  و تۆری زانیاری و نەوەکانی داهاتووی ئینتەرنێت دەگرێتەوە، سوود لە کۆمپانیاکانی ووڵاتەکەیان دەبینن، بۆ نمونە لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوودێکی زۆر لەو هەموو بارەگایە سەرەکیانەی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیا دەبینێت کە لەو ووڵاتەدا جێگیرن، هەر لەبەر

 ئەمەش زۆربەی ئەو بەهایانەی سیاسەتی تەکنەلۆژی و ئینتەرنێتی ئەو کۆمپانیایانەی لەسەر دامەزراوە بەپێی بەها ئەمەریکیەکان دانراون. ئێمە وەک فەیسبووک بەهەموو شێوەیەک پێداگری لەوە دەکەینەوە خزمەتگوزاریەکانمان  بۆهەموو خەڵک  بن، بۆ هەموو  کەس گونجاو بن، بەڵام شتانێکی وەک پێدانی هەلی قسەکردن و دەربڕینی بیروڕا بە هەموو کەس، بەتەواوی لە بەها و کلتوری ئازادی رادەربڕین و قسەکردنی ئەمەریکیەوە سەرچاوەی گرتووە.  بۆیە هەم لەرووی ئابووریەوە و هەمیش لەرووی کلتوریەوە  سوودی گەورەی بۆ ئەم ووڵاتانە هەیە کە پەرە بە کۆمپانیاکانی نەوەی داهاتووی تەکنەلۆژیا دەدەن و باڵادەستن تیایدا.هەربۆیە چەندان ووڵاتی جیاواز دەبینین لە هەوڵی ئەنجامدانی ئەم شتەدان.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- بەڵام، ئایا ووڵاتانی وەک هیندۆراس، ئۆکرانیا یاخود یەمەن

 دەتوانن بەشداری کێبڕکێی بەدەستهێنانی زیرەکی دەستکرد بکەن؟ یاخود ئەوان لە

 مێژە لە دەرەوەی  ئەم پێشبرکێیە دان و هەرگیز زیرەکی  دەستکرد لە یەمەن یاخود هیندۆراس بەدەست  نایێت، ئایا چی بەسەر ئەم ووڵاتانە دێت لە ٢٠ یان ٥٠ ساڵی

داهاتوودا؟

مارک زۆکەبێرگ:-  ئەمە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر چ بنەما و بەهایەک تەکنەلۆژیاکە پەرەپێدەدرێ، دەبێ ئەو بنەما و چوارچێوانە بەجۆرێک کراوە بن

 هەلی بەشداریکردنی ئەو ووڵاتانەش مسۆگەر  بکەن، ئەو ووڵاتانەش دەبێت جوڵە

 بکەن و سوود لەو ژمارە زەبەلاحەی دانیشتوانیان ببینن لە زانکۆکاندا یاخود لە کایەکانی پیشەسازی و وەبەرهێناندا.

یەک لەو بەها و بنەمایانەی تیمی لێکۆلینەوەی فەیسبووک یاخود هەر  تیم و گروپی

 لێکۆڵینەوەی تەکنەلۆژی دیکە کاری پێدەکەن بریتیە لە کراوەیی، واتا کاتێک ئەو تیمە لێکۆڵەرە تەکنەلۆژیەی کار لەسەر دۆزینەوەی تەکنەلۆژیایەکی نوێ دەکەن

 دەبێ ئەم بەداوگەڕان  و لێکۆلینەوانە کراوە بن بۆ هەر لایەنێک  بیەوێت پەرەیان

 پێبدات و وەبەرێهێنانیان لێبکات. ئەو ووڵاتانەی باست کردن دەتوانن

 دەستپێشخەری بکەن لە پەرەپێدان وەبەرهێنان لەم لێکۆلینەوانەی کە لە ئەمەریکا، ئەوروپا، پەیمانگا ئەکادیمیە کراوەکان یاخود ئەو کۆمپانیایانەی کە بە

    بەردەوامی کارەکانیان بڵاودەکەنەوە بکەن. ئەوەی پێویستە ئێمە کاری لەسەر بکەین ئەوەیە هەوڵبدەین لە داهاتوودا هەموو لێکۆلینەوەکان کراوە بن.كاتێک سەیری داهاتوو دەکەم ئەو شتەی زۆر نیگەرانم دەکات بوونی دەسەڵاتە فەرمانرەواکانە، چونکە ئەم جۆرە  دەسەڵاتە وەک ئەوروپا نییە لە مامەلەکردن لەگەڵ زانیاری تایبەتی دانیشتوانن، مەترسیەکی. زۆری خراپ  کەڵک وەرگرتن لە زانیاری لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەوە چاوەرێ دەکرێت.

 پێویستە چوارچێوەیەک بۆ رێکخستنی زانیاری بەکاربەران دابنرێت، هەموو

 ووڵاتان لەناو ئەم چوارچێوەیە بن و بەپێی ئەم بجولێنەوە. بۆ نمونە وەک ئەوەی

 جی دی پی  ئار[5] لە ئەوروپا، هەموو ووڵاتەکان  پابەندبن بە پاراستنی ئازادی و مافی تاکەکان لەناویدا، گەر شتێکی وا دانەنرێت ئەوا بێگومان جێگرەوەکەی مۆدێلی

  فەرمانرەواییە کە ڕێکارە تەکنەلۆژیە باوەکەی زۆربەی ووڵاتانی جیهانە، لە

 سیاسەتی فەرمانڕەواییدا، هەموو کۆمپانیاکان پێویستە زانیاری هەموو کەس لەو

 ووڵاتانەی خۆیان زەخیرەبکەن و هەڵبگرن، حکومەتیش هەر کاتێک بیەوێت

 هێزی سەربازی دێنێتە سەر بنکەکانی خەزن کردنی زانیاری بەکارهێنەران، بە

 ئاسانی دەستیان بەهەر زانیاریە ک دەگات بیانەوێت. زانیاریەکانیش بۆ

 چاودێریکردنی خەڵک و مەبەستی سەربازی بەکاردێنێت. بە جددیش ئەمە

 داهاتوویەکی تەواو خراپە، من هەم وەک دانیشتوویەکی جیهان و هەمیش وەک پەرەپێدەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت نامەوێت جیهان بەرەو ئەمە بروات. 

 

یۆڤال نوح هەراری :سەبارەت بە پاراستنی زانیاری دەمەوێ نمونە بە هیندستان

 بهێنمەوە، شتێکی ڕوونە زانیاری هیندیەکان لە بارەگاکانی کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان

 لە ئەمەریکادا هەڵدەگیرێت. گەر گوێ لە سەرۆکی ئەمەریکاش بگرین بەردەوام

 دەڵێت: ئەمەریکا لە پێش هەموو  شتەوەیە، من کەسێکی نەتەوەپەرستم و جهیانگیر

نییم، گرینگی بە بەرژەوندییەکانی ئەمەریکا دەدەم.

 ئەوەی پرسیاری لا ورووژاندووم  ئەویە ئایا سەرەڕای ئەوەی ئەمریکییەکان ئەوە

 دووپات دەکەنەوە  ئەوان تەنیا گرینگی بەخۆیان دەدەن، هێشتا دەتوانین ئاسودە بین سەبارەت بە پارێزراویی زانیاریی هاووڵاتیانی هیندی لە ئەمەریکادا؟ باشە بۆچی زانیاری هیندیە ک لە ئەمەریکادا هەڵدەگیرێت بۆ لە هیندستان نەبێت؟

 

 مارک زۆکەبێرگ:- پێم وابێت هەردووکمان، هیندستان بە ووڵاتێک دانانێین، کە   سیستەمی فەرمانڕەوایی جێبەجێ بکا.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- هێشتا دەتوانن بڵێن ئێمە دەمانەوێت زانیاری بەکارهێنەرە هیندییەکان لە خاکی هیندستان هەڵبگیرێت و زەخیرەبکرێ. نامانەوێت نە لە ئەمەریکا یاخود هیچ شوێنێکی دیکە هەڵبگیرێت.

 

مارک زۆکەبێرگ:- دەبێ ئەوەشمان لە پێش چاوبێت گەر ئێمە هەلی ئەوەمان بە

 ووڵاتە کراوە و دادپەروەرەکاندا، ئەوا دەبێت هەمان شت بە ووڵاتە فەرمانڕەوا و

 دیکتاتۆرەکانیش بدەین. ئەوانیش ئەو زانیاریانە بەکاردێنن بۆ چاودێری کردن و دۆزینەوە و داپلۆساندنی هاووڵاتییانیان.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- لەم خاڵەدا لەگەڵتم، بەڵام گەر بێینە سەر ئەسڵی پرسیارەکەم

  کە ئەوەبوو، ئایا دەتوانین متمانە بە ئەمەریکا بکەین؟ لە دەیەکانی ڕابردوودا

 ئەمەریکا بەردەوام خۆی وەک ڕێبەری ئازادی و ڕابەری جیهان بەرەو ئازادی

 دەناساند، دەیانگوت ئێمە گرینگیەکی زۆر بە ئازادی مرۆڤەکان دەدەین بۆیە

 متمانەمان پێبکەن. بەڵام ئێستا ئەمەریکایەکی جیاواز دەبینین وەک لەوەی بانگەشەیان بۆ دەکرد. ئێستا ئەمەریکا نەک تەنها بانگەشەش بۆ ئەمە ناکات بەڵکو  گرینگیدان بەخۆی خستۆتە پێش هەمووانەوە، هەر ئیمرۆ  بەیانیەکەی بابەتێکم

 خوێندەوە لەسەر ئەوەی  ئەمەریکا خەریکی بەدواداچوونە بۆ بەکارهێنانی ڤیتۆ لە

 دژی دوابڕیاڕی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لەدژی بەکارهێنانی توندوتیژی

 سێکسیە وەک یەکێک لە چەکەکانی جەنگ. ئێستا من وەک کەسێک کە  هاووڵاتی ئەمەریکا نییم، لە خۆم دەپرسم، ئاخۆ هێشتا دەتوانم متمانە بە ئەمەریکا بکەم، ببێتە ڕابەری جیهانێکی ئازاد؟ لە کاتێکدا خۆی دەڵێت نامەوێت چیتر ئەو ڕۆڵە ببینم؟

 

 مارک زۆکەبێرگ:- پێم وابێت ئەم پرسیارە بابەتێکی ترە و جیاوازە لە پرسی

 ئەوەیە، ئایا ئینتەرنێت بەرەو کوێ دەڕوات. جی دی پی ئار کە  چوارچێوەی

 دڵخوازی منە بۆ پاراستنی زانیاری بەکاربەران، بەباشی دەزانم هەموو ووڵاتان

 بخرێنە چوارچێوەیەکی واوە، گەرنا بە ئەگەریی زۆرەوە سیستەمی  فەرمانرەوایی

 دێتە ئاراوە، دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت جی دی پی ئار لە ئەوروپا داهێنراوە و

 داهێنانی ئەمەریکی نییە، پێم وایە بەشێوەیەکی گشتی کرانەوە و ئالوگۆری

 لێکۆلینەوە و دۆزینەوەکان  لەنێوان هەموو ووڵاتانی جیهاندا بەبێ هیچ سنور و

 لەمپەرێک، بیرۆکە و شتێکی ئەمەریکی نییە. بەڵکو فەلسەفەیەکی جیهانییە بۆ

 بەرێوەچوونی جیهان. جێگرەوەکانی ئەم فکرەیە لە باشترین حالەتیدا پارچە پارچە

 بوونە کە یەکبوونی جیهانی لەناو دەبات، لە خراپترین حاڵەتیشیدا سیستەمی فەرمانرەوایی داپلۆسێنەرە. وەک باسیشم کرد گەر ئێمە زانیاری کەسی

 بەکارهێنەرەکان بدەینە ووڵاتێک ئەوا دەبێ بەهەموو ووڵاتەکانی دی بدەین ئەمەش

 بەتەواوی ئازادی تاکەکان دەخاتە ژێر مەترسیەوە، ئەمەش شتێکی خراپە و  بەباشی نازانم. وەکبەرێوبەری کۆمپانیاش بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدەین کە هەم  نەبینە بەشێک لەم سیستەمە و هەمیش پاشەکشێی پێبکەین و نەیهێلین.

یەکێ لەو بڕیارە گرینگانەی کە وەک بەرێوبەری کۆمپانیا دەبێت بیدەم ئەوەیە، ئایا لە کوێ کۆگا و شوێنەکانی هەڵگرتنی زانیاری دروست بکەین؟ هەر لەسەرەتاوە لە کۆمپانیا بڕیاری ئەوەمان، داوە کۆگاکانی زانیاری لە شوێنێک بونیات نەنێین، ڕۆلی یاسا تیایدا لاوازە و ئەگەری دەستگەیشتنی نەشیاو و ناڕەوای دەسەڵات بە زانیاریەکان هەیە، ئازاری. من کۆمپانیام بۆ ئەوە دامەزراندووە مافی  قسەکردن و ڕادەربڕینی ئازاد بە هەموو کەس  ببەخشم و بۆیان دابین بکەم، نە ک کۆمپانیا ببێتە ئامڕازی چاودێری کردنی دانیشتووان لەلایەن دەسەڵاتەوە. ئەگەر تۆ نەتوانی ئەو شتەی لەناو ناختە و دەتەوێ بیدرکێنی و دەرببری، توشی کێشەی زۆر دەبیت و پێشێلکاری بەرامبەر ئازادی و مافەکانت کراوە، مرۆڤ لە پێشکەوتن دەوەستێنێت. بەڵام گەر حکومەتیش بتوانێ دەستی بە زانیاریەکانت بگات، ئاشکرای بکات تۆ کێیت، لەوانەیە زیندانیت بکات ئازاری خۆت و خانەوادەکەت  بدات .هەر  بۆیە بەڕێوبەرانی ئەو کۆمپانیایانەی زانیاری هاووڵاتیانیان لەژێر  دەستدایە، بەهەموو شێوەیک پێویستە لەسەریان، زانیاریەکان بەجۆرێک هەڵگرن بە هیچ شێوەیە ک دەستی کەسی پێ نەگات، نەهێلن کەس بەهۆیەوە ئازار بچێژێت. سەبارەت بە داهاتووش کە  زیرەکی دەستکرد زانیاریەکی زۆر زیاتری بەکاربەران بەردەست دەکات، چونکە هەم زیرەکیی دەستکرد  خۆی و هەم زانیاری دوو چەمکی تەواو بەیەکەوە بەستراون و پەرە بە یە ک دەدەن، ئایا ئەم دووانە لە داهاتوودا چ لێکەوتێکیان لێدەکەوێتەوە؟ دەوەستێتە سەر ئەو بەها و ڕێکارانەی ئەم دووانەی لەسەر دادەمەزرێ، جا ئایا ئەو بەهایانە لە سیستەمێکی رێکخراوی جیهانیەوە و پرۆسەیەکی دیموکراسی و کراوەوە دێن؟ کە ئەمە باشترین شتە هیوای بۆ بخوازین بێتە دی. یان ئەو بەهایانە لە سیستەمێکی داپلۆسێنەر و سەرکوتکەرەوە دێن؟ کە بە هەموو  شێوەیە ک دەبێتە مایەی کێشە و دەردەسەری بۆ ئەوانەی لەژێر سایەی ئەم جۆرە سیستەمانەوە دەژین.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- ئەمە ئەو پرسیارە دەهێنێتە ئاراوە، کە چۆن دەتوانین زیرەکیی

 دەستکرد بە شێوەیەک درووستبکەین، بۆ خۆی لە بنەڕەتەوە ئامرازێکی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن و دەستکاریکردنی مرۆیی نەبێت؟ چونکە وەک، دەزانین ئێمە خەریکی درووستکردنی شتێکین لە خۆمان باشتر ئێمە دەناسێت. ئامرازێکی زۆر بەهێزی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی دانیشتووانە.

درووستکردنی ئەمەش  لە چەندەها وڵاتی جیهان دەستیپێکردووە و هەوڵی

بەدەستهێنانی دراوە. ئێستا دەمەوێت بیروڕای تۆ بزانم لەسەر ئەوەی چۆن دەتوانین زیرەکی دەستکرد بە جۆرێک دروست بکەین  خزمەتی خەڵکی بکات و پارێزگاریان لێ بکات نەک بە داگرتنی دووگمەیە ک ببێتە ئامرازێکی زۆر بەهێزی چاودێریکردن و داپلۆساندن؟

 

مارک زۆکەبێرگ:- پێم وایە ئەمە زیاتر پەیوەندی بەو بەها و سیاسەت و

 چوارچێوانە هەیە کە سیستەمەکەی لەسەر بنیات دەنرێت. لە  ئێستادا زۆربەی ئەو

 توێژینەوانەی لەسەر زیرەکی دەستکرد  دەکرێن، کار لەسەر بنەما و بنچینە، بیرکارییەکان دەکەن بۆ دروستکردنی. لەگەڵ هەر پێشکەوتنێک لە تەکنەلۆژیاکەدا گەیاندنی زانیاییەکان باشتر دەبن، سیستەمی دۆزینەوەی ئەوانەی کە رق و دووبەرەکی  بڵاودەکەنەوە باشتر دەبێت، هەرشتێک بتەوێ بیدۆزیتەوە خێراتر و باشتر بە دەستت دەکەوێ. بە گشتی هەموو  سیستەم و شتەکان باشتر دەبن. بەڵام کێشەکە لەوە دایە لە هەندێک شوێنی جیهان حکومەتەکان ئەم تەکنەلۆژیا و

 پێشکەوتنە بەکاردێنن بۆ چاودێریکردن و دۆزینەوەی داواکراوەکانیان لە ڕێگای

 سیستەمی ناسینەوەی دەم و چاو. هەروەک چین لە ئێستادا پەرە بەم جۆرە تەکنەلۆژیایە دەدات، خۆی  زانیاری دانیشتوانی بە کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان دەدات و  هانیان دەدات و  پاڵپشتیان دەکات تاوەکو تەکنەلۆژیایەکی لەم جۆرە  بهێننە کایەوە و بۆ مەبەستی چاودێریکردنی هاوڵاتیانی خۆی بەکاری بهێنێت .ئەمە هیچ پەیوەندیەکی بە تەکنەلۆژیا و بنەما بیرکاریەکان نییە، بەڵکو دەرهاوێشتەی سیاسەت و بەهاکانی ئەم حکومەتەن. کاتێکیش خۆی بە ووڵاتێکی تر بەراورد دەکات بۆ ئەوەی ڕوو  سپیاتی خۆی بپارێزێت، دەلێت :- ئێمە بە هیچ جۆرێ  لەگەڵ  ئەم تەکنەلۆژیایە نیین و هیچ کۆمپانیایەکی لەم شێوەیە لە ووڵاتەکەماندا نییە و پالپشتی کەسیش بۆ ئەمە ناکەین.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- لە وڵاتەکەم ئیسرائیل، کە بەلایەنی کەمەوە جولەکەکان بە

 وڵاتێکی دیمۆکراسی خوازی  دەزانن، یەکێک لە ووڵاتە پێشەنگەکانە لە

 بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیاکانی چاودێریکردن و سیخوری، یەکێک لە گەورەترین

 تاقیگەکانی تەکنەلۆژیای چاودێریکردنمان هەیە، ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایانەی

 لێ درووستدەکرێت و  پەرەی پێدەدرێت  و بۆ تەواوی جیهانیش دەنرێدرێت. هەر بۆیە، بەپێی ئەزموونی خۆم لە نیشتیمانەکەم، ناتوانم متمانە بە هیچ کۆمەڵگایەک بکەم بڵێت ئێمە بەپێی پڕەنسیپەکانی دیموکراسی  دەجولێینەوە و کاردەکەین. ووڵاتێک دیموکراسی  بێت چۆن ئامێر و تەکنەلۆژیایەکی لەم جۆرە بەرهەم دێنێنت و بەجیهاندا بڵاویدەکاتەوە.

 

مارک زۆکەبێرگ:- بەلێ دەتوانم بڵێم لەوەدا لەگەڵت هاوڕام، پرۆسەی دیموکراسی

 بە تەنیا ناتوانێ چارەسەری ئەم کێشەیە بکات، پێم وایە ئەمە  زیاتر پەیوەندی بە

 سیاسیەت و رێکارەکانی حکومەتەوە هەیە. ئەوە حکومەتە دەتوانێ بە ئاسانی بڕیار

 بدات بەوەی پاڵپشتی ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایەی چاودێریکردن و سیخوری نەکات، ئەوکات ئەو کۆمپانیایانەی ئەم جۆرە کارە دەکەن بێ پاڵپشت دەمێننەوە و لەرووی  ئابووریشەوە توانای ئەوەیان نامێنێت لە پەرەدان و پێشخستنی ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە بەردەوام بن و لە کارکردن دەکەوەن. ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایەش لە گەشەکردن  دەوەستێت. پێشکەوتنە تەکنەلۆژیاکان لە خۆیاندا باش یان خراپ نیین بەڵکو دەوەستنە سەر ئەوانەی ڕابەری ئەم تەکنەلۆژیایانە دەکەن، دەبێ هەوڵەکانیان لە بەکارهێنانی لایەنە باشەکەی چڕتر بکەنەوە و زیاتری بکەن، بە هەموو شێوەیەکیش لایەنە خراپەکەی نەهێلن و رێگری بکەن لەوەی بۆ مەبەستی خراپ بەکاربێت، بەم شێوەیە ئینتەرنێت رێچکەی خۆی دەگرێت لەوەی لە سوودی مرۆڤایەتی بەکاربێت، وەک گوتیشم ئەمە پەیوەندی بە تەکنەلۆژیایەوە نییە بەڵکو. پەیوەندی بە بڕیاری سیاسیەوە هەیە.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- تەواو هاوڕام  لەگەڵتدا، هەموو تەکنەلۆژیایە ک دەکرێ بۆ

 مەبەستی جیاواز بەکاربێ، هەم بۆ باش و هەمیش بۆ خراپ، بۆ نمونە دەتوانرێت لە رێگەی ڕادیۆوە میوزیک پەخشبکرێ، لە هەمانکاتیشدا دەتوانرێ ڕادیۆ وەک

 ئامرازێک بەکاربێت کە هیتلەر لە ڕێگەیەوە قسە بۆ ملیۆنان ئەڵمانی دەکات، بۆ

 رادیۆ گرینگ نییە ئەو شتە چیە لە رێگەیەوە پەخش دەکرێ، ئەو تەنیا کاری

 گواستنەوەی هەیە. بەلێ ئەمە پەیوەستە بە بڕیاری سیاسیەوە، بەڵام ئەمە پرسیارێک گەڵاڵە دەکات، چۆن دەتوانین لەوەی دڵنیا بین ئەو سیاسەتانەی پەیرەو دەکرێن سیاسەتی تەواو و راستن؟ بە تایبەتی لە جیهانێکدا زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ کۆنترۆلی  خەڵک بکرێ و بیرکردنەوەیان بگۆردرێ لەسەر ئاستی حەشامەت و  گشتی، بە جۆرێک  شتی وا تا ئێستا لە مێژوودا نەبووە؟ شتەکە بەو جۆرە نییە ئێمە تەکنەلۆژیاکە دروست دەکەین، دواتر دەسەڵاتێکی دیموکراسی  و دەسەڵاتێکی فەرمانرەوامان هەبێت و ئەوان چۆن چۆنی تەکنەلۆژیاکە

 بەکاردێن. بەڵکو کێشەکە لەوەدایە ئەم تەکنەلۆژیایە خۆی هاوسەنگی هێز لە نێوان

 سیستەمی دیموکراسی و  دیکتاتۆریەت دەگۆرێت، منیش لەوە دەترسم ئەم

 تەکنەلۆژیایە سوودێکی زۆر بە رژێمە دیکتاتۆرەکان بگەیەنێت. چونکە گەورەترین کێشەی رژێمە دیکتاتۆرەکان لە سەدەی  بیست و یەکدا، ئەوەبوو نەیاندەتوانی کاری تەواو لەسەر زانیاری دانیشتوان بکەن، ئەمەش یە ک لە هۆکارەکانی لەناوچوونیان بوو. گەر سەیری سیستەمی شیکردنەوەی زانیاری یەکێتی سۆڤیەت بکەین، ئەوان زانیاریان لە تەواوی ووڵات کۆدەکردەوە، پاشان هەموویان بەرەو مۆسکۆ  دەنارد، لەوێ لێکدانەوە و شیکردنەوە بۆ زانیاریەکان دەکرا، بەپێی ئەنجانەکان هەر لەو شوێنە بڕیارەکان دەدران و وەک فەرمان بۆ تەواوی ووڵات دەگەرێندرانەوە. ئەمەشێوازی یەکێتی سۆڤیەت بوو بۆ کارکردن لەسەر زانیاری. لە بەرامبەریشدا شێوازی کارکردنی ئەمەریکی هەیە لەسەر  زانیاریەکان، کە دەڵێن ئێمە یەک ناوەندی لێکدانەوەی زانیاریمان نییە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆری  رێکخراو و  تا ک و دامەزراوەمان هەیە کە دەتوانن لە شوێنی خۆیان بڕیارەکانی خۆیان بدەن. لەیەکێتی سۆڤیەتدا یەک کەس لە مۆسکۆدا هەیە، کە گەر من لە کێلگەیەکی بچوکی کۆلخۆز لە ئۆکرانیا بژیم، ئەوا ئەو کەسەی مۆسکۆ دەبێت پێم بڵێت ئەمساڵ چەندە. تور یچێنم، چونکە لەوێ باشتر دەزانن چی بکەم

 لە ئەمەریکادا من بۆ خۆم بەپێی بازار بڕیار دەدەم. سیستەمەکەی سۆڤیەت بەباشی کاری نەدەکرد، چونکە بە تەکنەلۆژیای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو  

 نەیدەتوانی بەخێرای کار لەسەر ئەو هەموو  زانیاریە بکات. ئەمەش یەک لە   هۆکارەکانی رووخانی یەکێتی سۆڤیەت بوو لە  بەرامبەر ئەمەریکا لە جەنگی سارددا.

 یەکێ لە ترسە گەورەکانم بەرامبەر ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە ئەوەیە کە ببێتە دارەدەستی

 دەست حکومەتە دیکتاتۆرەکان، بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر و باشتر حوکمی

 ناوەندی بەسەر تا ک بە تاکی دانیشتوان بسەپێنن. بەم تەکنەلۆژیایە دەتوانن زانیاری

 زۆر زیاتر لەسەر تاکەکان و کار و حالیان کۆبکەنەوە و بیگەیەنن بە ناوەند، لەوێش زۆر خێراتر و بەهێزتر و چالاکانەتر زانیاریەکان کاریان لەسەر دەکرێ و  شیدەکرێنەوە و بۆ تەواوی وڵات دەگەڕێندرێنەوە، تەکنەلۆژیاش چاودێرییەکی زۆر توندتر لە جاران لەسەر هاووڵاتیان دادەنێت، تاوەکو لە فەرمانەکان لانەدەن. بەم شێوەیە حوکمی  ناوەندی زۆر بەهێزتر و چالاکتر دەبێت لە حوکمی  ناناوەندی و سەربەخۆیی تاکەکان .ئەمەش هاوسەنگی نێوان دیموکراسیەت و دیکتاتۆریەت دەگۆڕێت لە بەرژەوەندیی دیکتاتۆریەتدا. دەمەوێت بزانم تۆ چۆن لەم کێشەیە دەڕوانیت.

 

 مارک زۆکەبێرگ:- وەک خۆم بەرامبەر دیموکراسی زۆر گەشبینم. یەک لە

 مەرجەکانی دیموکراسی  تاوەکو بەباشی کار بکات، ئەوەیە خەڵک بە بەردەوامی قسە لەسەر کێشەکان بکەن، بەتایبەتی بڕیاربەدەستەکان، دەبێت بەردەوام بۆ گفتوگۆ بگەڕێنەوە تاوەکو چارەسەری کێشەکان بکەن. خەڵکی لە ئێستادا زۆر زیاتر، گرینگی بە پاراستنی زانیاری و کێشە و لێکەوتەکانی پیشەسازیی تەکنەلۆژیا دەدەن و دەزانن هەڵگرتنی زانیاریەکانیان هەم سوودی هەیە بەوەی خزمەتێکی زۆری گونجاو بەخۆی پێشکەشدەکرێت، هەمیش ئەوە دەزانن کە هاککەرەکان و دەوڵەت ئەگەری ئەوەیان هەیە دەستیان بە زانیاریەکان بگات، لە دژیان بەکاریبێنن یاخود زانیاریەکان ئاشکرا بکەن و بڵاوی بکەنەوە. بۆیە لەوانەیە هەموو کەس نەیەوێت زانیاریەکانی بۆ هەتا هەتایە هەڵبگیرێت، یاخود خەڵکی داوای ئەوە دەکەن زانیاریەکانیان بەشێوەی کۆدکراو و و  داخراو  کاری لەسەر بکرێ، خەڵک گرینگییەکی زۆرتر بەو شتانە دەدەن بەبەراورد لەگەڵ ڕابردوو بۆیە خەڵکی دەپڕژێنە سەر ئەم کێشانە و گفتوگۆیان لەسەر  دەکەن، یەک لە پرۆسەکانی دیموکراسی  بەجێ دەگەیەنن. پێم وایە لە داهاتوودا خەڵکی لەسەر ئاستێکی زۆر زیاتر و گەورەتر ئاگاداری ئەم کێشانە دەبن، ئەمەش وا دەکا ئەو کەسانەی لە ووڵاتێکی دیموکراسی و لە سیستەمی ناناوەندی کاردەکەن زۆر هۆشیار و زیرە ک بن و ئاگاداری کێشەکان بن بۆیە بڕیارەکانیان بە ئاگاییەوە دەدەن، پێم وایە ئەو کات سیستەمەکە زۆر لە  سیستەمی ناوەندی باشتر دەبێت. ئێمە لە رێگەی تەکنەلۆژیایەوە توانیومانە سوودێکی زۆر بە خەڵکیبگەینین لە، کۆمپانیاکەماندا سەکۆی پڕوپاگەندە و ڕیکلاممان هەیە، کە ٩٠ ملیۆن پرۆژەی بازرگانی بچوو ک بەکاری دێنن بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردن و گەیشتن بە کڕیار و موشتەریی نوێ، پێشتر تەنیا کۆمپانیا گەورەکان ئەم هەلەیان لەبەردەستدا بوو ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە و هەنگاوێکی گەورەی ناناوەندی بوونە.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- لەوەیاندا هاوڕام لەگەڵت لەو چەند دەیەی ڕابردوو سیستەمی دیموکراسی  باشتر و چاڵاکتربووە و لەپێش هەموو سیستەمەکانی دیکە بووه

 دووبارە یەکێک لە نیگەرانی و ترسەکانم ئەوەیە ئێمە بەو سەرکەوتنانەی

 دیموکراسی  ئیدی پالی لێبدەینەوە، وەک یاسایەکی سروشتی وەریبگرین. بڵێن

 سیستەمی ناناوەندی هەمیشە چاڵاکتر و باشتر و بە بەرهەمترە وەک لە سیستەمی

 ناوەندی. دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێت ئێمە لە جیهانێک و کاتێکدا گەورەبووینە و

 ژیاوین، تێیدا ئەو سیستەمەی ئەخلاقییە و پەسەندکراوە، لە ڕووی ئابووری و سیاسیشەوە زۆر چاڵاک و  خاوەن بەرهەم و بە بڕەشتە. لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا ووڵاتانێکی زۆر ئابووری و کۆمەڵگا و سیاسەتیان ئازاد کردووە، زیاتر لەبەر

 ئەوەی ئەم سیستەمی ئازاد چاڵاکتر و بەهێزتر و بەبەرهەم تر بووە ئازادیان

 کردووە، نە ک لەبەر ئەوەبێت  سیستەمێکی ئەخلاقیە. باشە چی ڕوودەدات گەر

 سیستەمی چاڵاک و  بەبەرهەم لەگەڵ سیستەمی ئەخلاقی  لێک جودا ببنەوە، ببنە دوو سیستەمی سەربەخۆ؟ شتی واش لە مێژوودا ڕوویداوە. پەنجا ساڵی ڕابردوو

 نوێنەرایەتی کۆی مێژووی مرۆڤایەتی ناکات. چەندان حالەتمان لە مێژووی

 مرۆڤایەتیدا هەیە، سیستەمی دیکتاتۆری داپلۆسێنەر و حوکم ناوەندی زۆر کاراتر

 بووە، سەری کێشاوە بۆ دروستبوونی ئیمپراتۆریەتی داپلۆسێنەر. هیچ یاسایەکی سروشتیش نییە بلێ ئەمە دووبارە نابێتەو. دووبارە ترسم لەو تەکنەلۆژیا نوێیە ئەوەیە هێز و کارایی زیاتر بە سیستەمە دیکتاتۆر و قۆرخکارەکان ببەخشێ.

 تەکنەلۆژیا زۆر خێراتر و باشتر لە جاران زانیاری لە سەرانسەری ووڵات کۆ

 بکاتەوە و لە ناوەند لێکدانەوەی بۆ بکات و بینێرێتەوە. ئەمەش دەسەڵات و

 سەربەخۆی لە تا ک دەسێنێتەوە و دەیدات بە ناوەندی دەوڵەت. لە زۆربەی هەرە

 زۆری مێژوودا، دەسەڵات نەیتوانیوە ئاگاداری ژیانی تایبەتی تاکەکان بێت، هەموو شت لەسەر تاکەکان بزانێت و بیانناسێت. چەند کەسێک هەن بە تەواوی دەتناسن

 بەڵام ئەوان هیچ زیانێکیان بۆت نییە، بۆ نمونە دایکم زۆر بە باشی دەمناسێت، بەڵام

 بە نزیکەیی  هەموو کات دەتوانرێ متمانە بە دایکان بکرێ و زیانیان بۆ

 جگەرگۆشەکانیان نییە. ئێستا بەو تەکنەلۆژیا نوێیە دەگەینە خاڵێک، هەندێک

 سیستەمی ئەلگۆریثم، زۆر لە دایکم  باشتر دەمناسن. هیچ گەرەنتیەکیش نییە زەرەر

 و زیانیان بۆم نەبێت و بتوانم متمانەیان پێبکەم. گومانم لەوە  نییە ئەم تەکنەلۆژیایە

 دەکرێ بۆ کاری باشیش بەکاربێ، ئەوەی دەمەوێ لێرەدا تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە

 ئەم جۆرە هێزە بەهیچ جۆرێ لە  مێژووی مرۆڤایەتی بوونی نەبووە، ئەم هێزە

 دەکرێ ببێتە پالپشتێکی گەورەی رژێمە دیکتاتۆر و چەوسێنەرەکان، دەتوانن

 شتانێک بکەن تاوەکو ئەمرۆ ئەستەم بوو بۆیان ئەنجامی بدەن. ئەم تەکنەلۆژیایە

 تەنانەت دەتوانێ هەرەشە  لە سیستەمی  دیموکراسیش بکات، بەوەی چەند کارەکتەرێکی خراپ  بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەتوانن کار لەسەر بیروڕا و بیرکردنەوەت بکەن و گۆرانکاریان تیادا بکەن، چۆن دەکرێ کە  خۆمان لەو جۆرە کەسانە بپارێزین کە لە دایکمان زیاتر دەمانناسن؟ ئەوەی ڕاستی بێت هەتا ئێستا لە مێژوودا ڕووبەڕووی ئەم  پرسیارە نەبووینەتەوە چونکە تا ئێستا دەسەڵاتە خراپەکارەکان نەیانتوانیوە خۆمان و ژیانی تایبەتیمان بە تەواوی بناسن.

 

مارک زۆکەبێرگ:- پێم وایە باشترین شتێک بتوانین ئەنجامی بدەین بۆ پاراستنی

 کراوەیی و ئازادی جیهانێکی بەیەکەوە بەستراو ئەوەیە، ئەو بەها و بنەمایانەی ئەم

 تەکنەلۆژیایەی لەسەر رێکدەخرێ لەلایەن زۆرینەی وەبەرهێنەرانی ئەم تەکنەلۆژیایەوە دیاری بکرێ نە ک کەمینەیەکی کەم .هەر بۆیە زۆر گرینگی بەوە

 دەدەم ڕێگری بکرێ لە بڵاوبوونەوەی یاسا و ڕێکارە فەرمانڕەوییەکان لە ووڵاتانی جیهاندا، دەبێ زۆر ووریا بین لەوەی بە نائاگاییانە و ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لەم جۆرە سیاسەتە نەکەین. بۆ ئەوەی رێگری لەم جۆرە سیاسەتانە بکەین و لە داهاتوودا

 ئەنجامی ئەرێنی بە دەست بێنین پێویستە پەرە بە توێژینەوە کراوەکان بدەین و بهێڵین

 خەڵکی بۆخۆیان سیاسەتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دابڕێژێن، بەپێی بنەماکانی

 دیموکراسی بەرەوپێش بچین. یەکێ لەو هۆکارانەی کە پێم وایە سیستەمی

 دیموکراسی بەدرێژایی کات باشتر خزمەتی ویستی کۆمەڵانی خەڵک دەکات

 ئەوەیە، لە دیموکراسیدا هیچ شتێک نییە بیەوێت سوود لە کۆمەڵگا وەربگرێت و

 قۆرخی بکات، بۆخۆی بەکاری ببینێت. کاتێک باس لە کارایی سیستەمەکە دەکەین، خەڵکی یەکسەر بیریان بۆ لایەنی ئابووری دەچێت بەڵام ئەمە هەمووی نییە

 بەشێکی گرینگی دیموکراسی بریتییە لەوەی خەڵکی بۆخۆیان بڕیار بدەن کامە ڕەهەندی کۆمەڵگا بۆیان گرینگە و پەرەیپێدرێ لە ژیاندا.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- بەڵام چی گەر دەستکاری بیرکردنەوەی خەڵکی بکرێ و

 بگۆردرێ؟ ئەوکات بڕیار دانی خەڵکی بۆخۆیان گرینگیەکی وای نابێت. چونکە

 ئەوکات من نازانم کەسێک دەستکاری بیرکردنەوەی کردووم و هەر وادەزانم هی

 خۆمە و بڕیاری خۆمە ئەو شتەم دەوێت. بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا بە خاڵێک

 گەیشتووین دەتوانرێ لەسەر ئاستی حەشامەت  دەستکاری بیرکردنەوەی خەڵکی

 بکرێ. ئەو کەسانەی زۆر بە ئاسانی دەتوانرێ دەستکاری ویستەکانیان بکرێ بەم تەکنەلۆژیا نوێیە، ئەوانەن باوەڕیان بە ویستی ئازاد هەیە و پێیان وایە ئەو بڕیارانەی دەیدەن ڕاستەوخۆی زادەی بیرکردنەوە و عەقلی خۆیانە، چونکە ناتوانن

 وێنای ئەوە بکەن، ئەو بڕیارانەی دەیدەن دەرهاوێشتەی ڕاستەوخۆی ویستی ئازادی

 خۆیان نییە، بەڵکو لەژێر کارتێکەرێکی دەرەکی دان. هەرچەندە ئەمە  شتێک لە

 شێتیەتی پێوەدیارە، چونکە تا ئێستا لە مێژوودا شتی وا نەبووە، بەڵام لەو چەند دەیەی ڕابردوودا هەر  لە دۆڵی سلیکۆن خەریکی  پەرەپێدانن بە تەکنەلۆژیای گۆرین و دەستکاریکردنی بیرکردنەوە و ڕای گشتی. لەوانەیە ئەوان بە نیەت و مەبەستێکی چاکەوە ئەم کارە بکەن، لەوەشە هەندێکی بۆ مەبەستی بازرگانی و فرۆشتنی بەرهەمەکان دروستی بکەن، هەر هەمان ئەو تەکنەلۆژیایە شتێکم پێ دەفرۆشێ کە بەڕاستی پێویستم نییە، ئێستا سیاسەتمەدارێکم پێ دەفرۆشێ کە بەهیچ شێوەیەک پێویستم پێی نییە. یاخود بیروبڕوا و فکرەیەکم پێ دەفرۆشێ هیچ پێویستیم پێی نییە. ئەم تەکنەلۆژیایە وەک ئامڕازی هاککردنی بوونی مرۆیی وایە، دێت و دەستکاری عەقل و ناوەوەی مرۆڤ دەکات و بە ئارەزووی خۆی دەیگۆرێت.

مارک زۆکەبێرگ:- لە کاتی دیزاینکردنی ئەم  سیستەمەدا پێویستە دیزاینە

 ناوەکیەکەی بە جۆرێک بێت نەکرێت بە خراپە بەکاربێت. هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ ساختەکردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی ئەمەریکا، خراپ کەڵک

 وەرگرتنێکی ئاشکرای تەکنەلۆژیایە، بۆیە پێویستە سیستەمی زۆر پێشکەوتوو دروست بکەین تا وەکو رێگری لەم دەست تێخستنانەی ناو پرۆسەی دیموکراسی و

 پرۆسەکانی دی بکەین. دەبێ بتوانین هەموو ئەو هەوڵانە زوو زوو دیاریبکەین، توانای دیاریکردنی هەژمارە ساختەکانیشمان هەبێت، کە بە نەناسراوی لە تۆرەکانی

 ئینتەرنێتدا رەفتاری نەشیاو دەکەن، دەبێ بەکارکردن لەگەڵ هێزی یاسا و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەزگا سیخووریەکان هەموو بەیەکەوە ئەم جۆرە

 دیاردە و ساختەکاریانە ریشەکێش بکرێ. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە ئەنجامی باش و

 دڵخۆشکەر بگەین سەبارەت بەم تەکنەلۆژیا نوێیە. پێویست بە رۆحێکی هاندەرانە و

 پالپشتیکارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم تەکنەلۆژیایە بکەین، نەک تەنیا رەخنەی لێبگرین.

 یەکێ لەو شتانەی دەکرێ بەهۆیە رەخنە لە تەکنەلۆژیا بگیرێ، سیفەتی ڕاکێشەریەکەیەتی، بەردەوام بۆلای خۆی ڕاتدەکێشێ و وادەکا سەیری شتانێک بکەی، یەکمجار بۆ سەیرکردنی ئەوان نەهاتووی. گەر ئێستا سەیری ڤیدیۆیەکی کۆمیدی بکەیت، کاتژمێرێک دواتر بەخەبەر دێیت وا تەماشای دونیایە ک ڤیدیۆت کردووە، سەرت سوردەمێنی لەوەی، چی بەسەر کاتەکەت  هاتووە؟  لە کاتێکی کەمدا سەیری چەندەها شتت کردووە، بەردەوام شتی دیکە هاتۆتە پێش چاوت و بۆلای خۆی ڕایکێشاویت. هەر لەو ماوەیەشدا سەیری چەندەها رێکلامت کردووە  ئەمەش سوود  بە بازرگانی کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان دەگەیەنێت. بەڵام ئەمە هەموو  کات و بۆ هەموو کەس راست نییە چونکە عادەتەن خەڵکی هەروا بە هەرەمەکی  سەیری شت ناکەن، بەڵکو سەیری ئەو شتانە دەکەن کە لایان گرینگە و بەهای هەیە  ئێمە کە کار لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە خەڵکی زۆر پەرۆشی ئەوەن لەگەڵ یەکدا لە پەیوەندی دابن، ئەمە ئامانجی سەرەکی و سەرەتایی خەڵکە لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، نەک تەنیا بێ ئامانج و بە هەرەمەکی سەیری شت بکا و بەدیاریەوە دابنیشێت. ئێمە بەردەوام سیستەمەکانمان بە گوێرەی ویست و داخوازی خەڵک دادەرێژینەوە و رێکدەخەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هەوڵێک دەدەین تاوەکو راستەوخۆ لەگەڵ خەڵکی قسە بکەین، قسەکردنەکەش لە رێگەی پرکردنەوەی فۆرمەوە نەبێت کە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری هەڵبژاردن بداتەوە، بەڵکو لە ڕێگای وشەوە هەستەکانی دەرببڕێت و پێمان بڵێت مانادارترین ئەزموونی ئەو رۆژەی چی بووە؟ چ بڵاوکراوەیەک زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە؟ چ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ یەک لە هاوڕێکانی گرینگ بووە بۆی؟ ئایا ئەم شتەی لەڕێگەی ئێمەوە کردووە یان نا؟ گەر وەڵامەکە نەخێر بێت، ئەوا ئێمە هەوڵدەدەین کار لەم بوارە بکەین و کار ئاسانی زیاتر بکەین. ئێمە ئەوە دەزانین چەنده ڤیدیۆ ڤایرۆسیەکان[6] پەخشبکەین ئەوەندە خەڵکی زیاتر بە دیار شاشەکانەوە دەمێننەوە، بەڵام ئەمە تەنیا ماوەیەکی کورت لەناو خەڵک باوی دەبێت، بۆ ماوەیەکی درێژ هەر وا نامێنێتەوە، چونکە ئەمە هاوڕێ نییە لەگەڵ ئامانجە سەرەکیەکانی کۆمەڵگا لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، بەهەمان شێوە ئەمە هاوڕێک نییە لەگەڵ ئامانجی ئێمەش وەک کۆمپانیا تەکنەلۆژیەکان. لە ڕووی پلانی ستراتیژیشەوە شتێکی زۆر گێلانەیە. هەرچەندە هەندێ لە خەڵکی وا بیردەکەنەوە بەهۆی لایەنە بازرگانی و قازانجەکەی ئاراستەی ئێمە وەک تۆرە کۆمەڵایەتیەکان بەرەو ئەو شتانەیە، بەڵام پێم وایە زۆربەی کۆمپانیا ناودارەکانی بواری تەکنۆلۆژیا کارەکانیان بەم ئاراستەیەدا نییە. ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەکی ئابووری کۆمپانیەکەمان بە وەبەرهێنەرەکانم گوت لە چارەگی ئەم ساڵ بە نزیکەیی  ٥٠ ملیۆن کاتژمێر ڤیدۆمان لە رۆژێکدا رەشکردۆتەوە، تا ئەو ڤیدیۆ ڤایرۆسیانە کەمبکەینەوە کە خەڵکی زۆر سەیریان دەکات،

رەشکردۆتەوە، تا ئەو ڤیدیۆ ڤایرۆسیانە کەمبکەینەوە کە خەڵکی زۆر سەیریان دەکات، چونکە پێمان وایە ئەم جۆرە  ڤیدیۆیانە کار لە پەیوەندیە

 کۆمەڵایەتیە مانادارەکان دەکەن. لەوانەیە ئەمە کار لە بازرگانی و ئابووری کۆمپانیا بکات لەو چارەگە ساڵەدا، بەڵام دوای ماوەیەکی تر ئەم شتە بە ئەرێنی بەسەرماندا دەشکێتەوە، چونکە ئەو کات خەڵک هەست ناکەن کاتەکانیان بەخۆڕایی و بێسوود بە دیار بەرنامەکانمەوە بەسەر دەبەن، هەست بەوە دەکەن ئێمە شتێکی بەهاداریان پێدەبەخشین، ئەمەش لە داهاتوودا بە قازانجی کۆمپانیا دەشکێتەوە.

زۆرجار کە پرۆژەیەک ئەنجامدەدەی و نەخشەرێگاکەی دادەنێی، ئەوەت لەبەر چاوە لە  ماوەی سەرەتای کارەکە توشی ناخۆشی و زیان دێیت، دوایی لە داهاتوودا لەوانەی ٥ ساڵ یان زیاتر پرۆژەکە دەکەوێتە سەر ڕێرەوی خۆی و قازانج و سوودەکانی دەستپێدەکەن، بەڵام ئەو شتەی زۆر دڵخۆشت دەکا ئەوەیە زۆرجار پێش پێنچ ساڵەکەی بۆت داناوە، لەوانەیە لە ماوەی ساڵێک زیان و ناخۆشیەکانی سەرەتای پرۆژەکە نامێنن و دەکەوێتە سەر رێچکەی خۆی، ئێمەش هەر بە هیوای ئەوەوە پاشەکشێ بە بڵاوکراوە بێ سوود و هەرزەییەکان دەکەین و شتی  پڕمانا و بە بڕشت دەهێنینە پێشەوە.

خەڵکی بە گشتی لە  ئاستە جددی و قولەکاندا دەزانن چی باشە و بە سوودە، ئەمەش بەشێکە لە بەها دیموکراسیەکان، کە پێویستە بۆ دیاریکردنی باشی و چاکی شتەکان بۆ خەڵکی بگەڕێینەوە. گومان لەوە دا نییە باشترین خزمەتگوزاری ئەو

 خزمەتگوزاریەیە بە دڵی خەڵکە و خەڵک دەیانەوێت بۆیە وەک کۆمپانیا هەمیشە

 هەوڵدەدەین لە ئاست پێویستی و داواکاری کۆمەڵگادا بین و ویستە راستەقینەکانی خەڵکی بەدیبهێنین.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- لەڕاستیدا ئەمەم هەم لە تۆ، هەم لە چەندانی دی گوێ لێبووە دەڵێن کڕیار هەمیشە راستە، هەڵبژاردنەکانی باشترینن، دەنگدەر لە هەموو کەس باشتر دەزانێت، خەڵکی بۆخۆیان دەزانن چی بۆیان باشە، کە خەڵکی شتێکی هەلبژارد ئەوا ئەو شتە زۆر چاک و باشە. ئەم  قسانە بەردی بناغە و بنچینەی  دیموکراسی  رۆژئاوایی بوون بۆ چەندان سەدە. بەڵام بە هاتنی تەکنەلۆژیای نوێ، پرسیار و ئاڵنگاریەکی گەورە بۆ ئەم بنچینەی دیموکراسیە دروست دەبێت، ئەویش

 ئایا لە جیهانێکدا کە تیایدا بوونی مرۆیی بە جۆرێ هاکک دەکرێ و  دەستکاری

 بیرکردنەوەی دەکرێ لە مێژوودا شتی وا نەبووە، هێشتا دەتوانین بڵێن موشتەری هەمیشە راستە، دەنگدەر لە هەموو کەس  باشتر دەزانێت چی باشە؟ گەر لە سەدەی ١٩ لە ئەمەریکا بژیابایت کە ئەم ئامڕاز و تەکنەلۆژیایە بەهێزە بوونی نەبووە، کە

 پەردە لەسەر ناوەوەی مرۆڤ لادەدات و دەستکاری دەکات، ئەمە ڕاستبوو.

 

مارک زۆکەبێرگ:- سەبارەت بەو قسانەی دەلێن بەهۆی تەکنەلۆژیا ومیدیاوە دیموکراسی  دەکرێ ببێتە ئامرازێکی ئازاردانی خەڵکی. گومان لەوەدا نییە

 سەردەمی ئێستامان زۆر لە ڕابردوو دیموکراسی ترە، هەرچەندە لە ووڵاتە

 دیموکراسیە کۆمارییەکانی وەک ئەمەریکا کۆمەڵێک یاسا هەن خەڵکی سنوردار دەکەن لە کردنی هەر شتێک بیانەوێت وە یاساکان لەلایەن کۆنگرێسەوە

 دەنوسرێنەوە نە ک خەڵک و هەندێک شتی دی  کە وایان کردووە خەڵکی  وا بیر

 بکەنەوە ئەم سیستەمە دیموکراسی نییە، بەڵام زۆر تایبەتمەندی هەیە وای کردووە

 دیموکراسی  کۆماریی باشتربێت .گەر بەراوردێکی ڕابردوو بکەین دەبینین خەڵکی لە جاران زۆر ئازادترن، زیاتر خاوەن قسەی خۆیانن، ژمارەیەکی زۆر زیاتری

 خەڵکیش مافی دەنگدانیان هەیە، خەڵکی زۆر زیاتر لە جاران دەتوانن بە ئاسانی

 دەستیان بە زۆربەی زانیاریەکان بگات .لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاش تاکەکان لە

 جاران بەهێزتر دەبن. گومانیش لەوەدا نییە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا هاودەمە لەگەڵ

 کۆمەڵێک کێشە و  گیروگرفت کە بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرن، کاتێک بیری، لێدەکەیتەوە شتێکی زۆر ناخۆشە تۆ لە هەوڵی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دابیت یارمەتی خەڵکی بدەیت بەشداری ئابوری جیهانی بکەن، لە پەیوەندی دابن لەگەڵ هاوبیر و هاوپیشەکانیان، ئەو ژیانە کۆمەڵایەتیە هەڵبژێرن کە خۆیان دەیانەوێت کەچی ئەمە بێ  بەری نەبێت لە کۆمەڵێ  کێشە و دابڕانی کۆمەڵگا لەگەڵ یە ک و هەندێ گیروگرفتی تر کە  دێنە کایەوە کایەوە، بەڵام پێم وایە تەنیا لەسەرەتادا ئەمە وایە، چونکە ئێستا ئێمە لە جاران زۆر ئازادترین و دیموکراسی ترین و بەهێزترین بە دڵنیاییەوە بەسەر ئەم گیروگرفتانە سەردەکەوین.

 

یۆڤال نوح هەراری:- هاوڕام  لەگەڵت  لەوەی خەڵک هەم لە  ئەمەریکا و هەم  لە

 تەواوی جیهان زۆر لە جاران زیاتر خاوەن قسە و دەنگی  خۆیانن. کێشەکەی من

 لەوەدایە، تا چەند دەتوانین متمانە بە دەنگەکانمان بکەین، هەروەک دەزانین دەنگێک لە ناخماندا هەیە پێمان دەڵێ چی باشە و چی خراپە، چەندی خەڵکی بتوانن ئەو دەنگەی ناخیان دەرببڕن و بەو دەنگەی ناخیان گۆڕانکاری بهێننە کایەوە، ئەوەندە ژینگەکە دیموکراسیانەتر و باشترە، بەڵام چی  دەبێت گەر  لە داهاتوودا خەڵکی زۆر لە جاران زیاتر بتوانن ئەم دەنگەی ناخیان دەرببڕن بەڵام سوود و کاریگەریەکی وای نەبێت، چونکە تەکنەلۆژیای نوێ هەڵبستێت بە دەستکاریکردنی ئەو دەنگەی ناوەی مرۆڤ پێش ئەوەی کەسەکە  دەریببرێت. تا چەند دەتوانین لەوە دڵنیا بین ئەو دەنگەی لە ناخمان دێتە دەرەوە دەرئەنجامی ویستی ئازادی خۆمانە نەک ئەلگۆریثمێکی بەهێز و زیرە ک کە  دەتوانێ بەتەواوی تێمان بگات و ویست و بڕیار و ئیرادەی وامان تیابچێنێت، لە خزمەتی لایەن و کەسێکی  دیاریکروبێت. ئێستا چۆن دەتوانم لەوە دڵنیابم ئەمیگدلای ناو مێشکم بریکارێکی سیخوری ڕووسی نییە؟

 

 

مارک زۆکەبێرگ:- دەزانم باسی چی  دەکەیت،بەڵام وەک کەسێک لە بواری

 پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا کاردەکەم پێم وایە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو شتەی کە

 دەکرێ هەبێت و ببێت لەگەڵ ئەو شتەی ئێستا هەیە. ئێستا هەندێک سیستەم هەن

 دەتوانن هەندێک کاری دیاریکراو ئەنجامبدەن وەک دیاریکردنی ئەوەی گرینگی

 زیاتر بە کام هاوڕێت دەدەیت، تاوەکو سیستەمەکە بڵاوکراوەکانی ئەوانت لە پێش

 هەمووانەوە پیشانبدات. بەڵام بیرۆکەی ئەوەی زیرەکیەکی  دەستکردی  زۆر بەهێز  بێتە کایەوە، بتوانێ لە هەموو ڕەهەندەکانی بوونی مرۆیی بگات و شیان بکاتەوە

 لەخۆت زیاتر بتناسێت، ئەم شتە بوونی نییە، پێم وایە لە داهاتووشدا ئەگەرێکی زۆر دوورە شتی وا دروست بێت.هەتا گەر شتێکی  واش هەبێت پێم وایە پەیوەندی بەو

 سیاسەت و ڕێکارانەوە هەیە کە تەکنەلۆژیاکەی لەسەر بنیات دەنرێ و

 بەڕێوەدوچێت، گەر نمونەکەی  تۆ لەگەڵ  واقیع ببەستینەوە لە فەیسبووک هەموو

 کەس پێویستە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی هەبێت، بەڵام گەڕ سیخورێکی رووسی یاخود هی هەر حکومەتێکی دیکە بێت و بەناوی کەسێکی دیکە و شت بڵاوبکاتەوە

 ئەو شتە پەیوەندی بە ئەلگۆریثم و تەکنەلۆژیایەوە نییە، بەڵکو ئەمە کەسێکەوە

 هاتووە سیستەمەکەی خراپ بەکارهێناوە، خراپ سوودی  لەو متمانەیە وەرگرتووە

 تۆ بە فەیسبووکت هەیە، کە لات  وایە سەکۆیەکە  تیایدا هەموو کەس بەناوی خۆی و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیەوە قسەدەکات. ئێمەش بە هەموو  شێوەیە ک پێویستە

 شەڕی ئەم دیاردەیە بکەین. سەبارەت بە پرسێکی دیکەی ئینتەرنێت ئەوەی گەر

 بابەتێک لە ئینتەرنێت بۆ لای خۆی رایکێشایت، ئایا هۆکارەکە ئەوەیە بابەتەکە

 لەگەڵ حەزەکانت و بیروباوەڕ و سەلیقەت دەگونجێ یاخود ئەوانەی ئەو بابەتەیان

 بڵاوکردۆتەوە بە جۆرێک  دایانڕشتووە بێ ئەوەی لەگەڵ  سەلیقە و بیروباوەڕت بگونجێت، سەرنجت بۆلای خۆی ڕابکێشێت و کار لە دەروونت بکات و کەمەندکێشی بکات. تا ئێستا ئەوەندەی توێژینەوە دەروونناسیەکانم خوێندبێتەوە

 و بەپێی ئەزموونی خۆشمان، هەر کاتێک یەکێک شتێک ببینێت لەگەڵ بیروباوەڕی

 نەگونجێت ئیهمالی دەکا و بەلای دا  ناچێت، هەر بۆیە پەرەمان بە سیستەمەکانمان

 داوە بتوانێ سەلیقە و بیروباوەری بەکارهێنەران بەپێی ئەو بابەتانەی پێشتر

 سەیریان کردووە دیاری بکات، تاوەکو ئەو بابەتانە بهێنێتە پێشی و پێی نیشان بدات لەگەڵ خۆی دەگونجێت. هەر  ئەو سیستەمە گەر بەباشی رێک نەخرێت بابەتە پەڕگیری و توندرەویەکان بۆ کەسانی توندڕەو  بەردەوام دەهێنێتە پێشەوە پیشانی دەدات ئەمەش وا دەکا توندڕەوی زیاتر پەرەی پێبدرێ و زیاد بکات ئەوە ئەرکی ئێمەیە وەک بەڕێوبەرانی سەکۆکانی ئینتەرنێت و دەزگاکانی حکومەت ڕێگری بکەین لە پەرەسەندنی دیاردەکانی توندڕەوی و شتە نەشیاوەکانی دی، سیستەمەکە بەجۆرێک رێکبخەین پێشنیاری ئەو جۆرە بڵاوکراوانە بۆ کەس نەکەن و  نەهیهێننە پێش کەس. بەتایبەتی ئەوانەی کە بۆخۆیان ئەو فکرەیان هەیە. دەبێ دان بەوەدا بنێین لەسەرەتادا ئێمە درکمان بە قووڵی ئەو کێشە و ئالەنگاریانە نەدەکرد کە  لە

 پەرەپێدانی ئەم پرۆگرامانە ڕووبەروومان دەبنەوە، ئەوانەی ئەم سیستەمانە بە

 خراپ بەکاردێنن بەردەوام پەرە  بە فێل و تاکتیکەکانیان دەدەن تاوەکو بە نەرێنی

 کەڵکی لێوەرگرن .بەڵام ئێمە کە  ئەم سیستەمانە پەرەپێدەدەین بەردەوام هەوڵدەدەین

 دیزاینە ناوەکیەکەی سیستەمەکە بە جۆرێک بێت یارمەتی خەڵک بدات لەوەی

 پەیوەندی مانادار لەنێوان خۆیان دڕوست بکەن و لە پەیوەندی دابن نەوەک تەنیا

 سەیری بڵاوکراوە و شتەکانی ناو ئینتەرنێت بکەن، دواتر لە سەیرکردنی پەشیمان بن، هەموو هەوڵێکیشمان داوە  توندڕەوی و پەڕگیری و بیرکردنەوەیی نەرێنیانە لە خەڵکی دوور خەینەوە.

 

 یۆڤال نوح هەراری:- پێم وابێت دەتوانم ڕوانگەی خۆم لەم  بارەی ئەم بابەتەوە

 لەوەدا کورتبکەمەوە، بەوەی ئێمە دوو مەترسی جیاوازمان هەیە کە لە هەمان ئامڕازی تەکنەلۆژیاوە دێن.ئەو مەترسیە بە ئاسانی دەتوانین کۆنترۆلی بکەین، بەهێزبوونی سیستەمە دیکتاتۆریەکانە، بەجۆرێ لەمەوپێش وا بەهێز نەبینرابن

 لەوانەیە تۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بەم جۆرە لە خزمەتی سیستەمە دیکتاتۆریەکان

 بە خراپ بەکارهێنانی توکنەلۆژیای دابنێیت. بەڵام ئەوکات ئەمە دەبێتە شتێکی ئاسایی و دەبێتە مافی دەوڵەت ئاوا تەکنەلۆژیا بەکاربهێنێ و سوودی لێوەربگرێ.

 دەبێتە شتێکی ئاسایی و یاسایی دەوڵەت هەر لە ساتی لە دایکبوونتەوە تا مردنت

 چاودێری هەموو ووردەکاریەکی ژیانت بکا، هەر لە منداڵیەوە کاریگەری لەسەر

 پەروەردە وبیرکردنەوەت دابنێ و بە ئارەزووی خۆی ئاراستەت بکا و جیهانبینی و بیر و باوەر  و عادەتی دەوڵەتت بەسەردا بسەپێنێ و بتکاتە ئەو شتەی خۆی دەیەوێت پێشتر ئەنجامدانی ئەم جۆرە شتانە شتێکی مەحاڵ بوو. بەم جۆرەش تەکنەلۆژیا دەتوانێ بە تەواوی بەهەشتی دیکتاتۆرەکان دروست بکات و بهێنێتە دی، خەڵکیش هەست بەوە ناکەن کەوا لەژێر رەحمی  دیکتاتۆرەکان دەچەوسێنەوە، چونکە بیر و ناخ و دەروونیان تەواو کۆنترۆڵکراوە .لە سەدەی ڕابردوو بۆ کۆنترۆڵکردنی خەڵک دیکتاتۆرەکان پۆلیسی نهێنی و ئەشکەنجە و زیندانیان بەکاردەهێنا، بەڵام دوای تەکنەلۆژیا ئەمانە چیدی پێویست ناکا چونکە شتێکی بچووکی سیخوری بەسە لەناو مێشکی هاوڵاتیان دابنرێت تاوەکو هەموو ئەو کارانەت بە خۆشی  و ئاسانی بۆ بکات .ئەمە یەکێ لە مەترسیەکان بوو، کە  یاریدەی دامەزراندی ئیمپراتۆریەتی دیکتاتۆرەکانە. دووەم مەترسی  لە شوێنانێکی دیموکراسی  وەک ئەمەریکا سەرهەڵدەدات،  خەڵکی بەردەوام لەگەڵ سیستەمی تەکنەلۆژیا تێکەڵن و بەردەوام کارڵێکی لەگەڵ دەکەن ئەم  سیستەمەش بەردەوام زیاتر خەڵکی دەناسێت و دەزانێت چی بۆیان گونجاوە، بۆیە وەک ئێستا دەبینرێت بەردەوام پێشنیارت بۆ دەکا و

 ئامۆژگاریت دەکات، تەماشای چ ڤیدیۆیە ک یان فیلمێک بکەیت، سەردانی چ

 شوێنێک بکەی بۆ گەشت و گوزار. لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئەم سیستەمە وای لێدێت پێشنیاری ئەوەت بۆ دەکات چ کارێک بکەی، لە چ کۆلێژێک بخوێنیت لەگەڵ کێ هاوسەرگیری بکەی، دەنگ بە کێ بدەی، پەیوەندی بە چ ئاینێکەوە بکەی، بۆ نمونە دێت دەڵێ تۆ جولەکەی، جولەکایەتی لەگەڵ جۆری کەسایەتی تۆ ناگونجێت بۆیە بڕو ببە بوزی باشترە بۆت، دوای ماوەیکی دیکە دێیتەوە و زۆر سوپاسمان دەکەیت و دەڵێی بەڕاستی پێشنیارێکی زۆر چاک بوو، ئێستا زۆر چێژ لە بوزیەت دەکەم .خەڵکی دواتر هەست بەوە دەکەن پێشنیارەکانی سیستەمەکە بۆیان زۆر باشە و تەواو لەگەڵ  حەز و  سەلیقەیان دەگونجێت.سیستەمەکەش بەردەوام بەرەوپێشەچێت و زیاتر مرۆڤەکان دەناسێت.هەندێک هەڵەشی تێدادەبێ  و هەمووان پێی رازی نابن بەڵام ئێمە لەسەر ئاستە گشتیەکەی قسە دەکەین، باشە مرۆڤایەتی بەرەو کوێ دەچێت ئەو کاتەی گرینگترین بڕیارەکانی ژیانی مرۆڤەکان لەلایەن ئەلگۆریثمێکی دەرەکەیەوە بدرێن؟ بوونی مرۆیی چ مانایەکەی دەبێت؟ مانای ژیانی

 مرۆڤ چیی  بەسەر دێت؟ بۆ هەزاران ساڵ مرۆڤایەتی ژیانی وەک شوێنی بڕیاردان بینیوە، ژیان گەشتێکە لە هەر قۆناغ و شوێنێنکی ئەم گەشتە پێویستە بەردەوام بڕیار بدەی بۆ کوێ بچی و چی بکەیت. هەندێ لە بڕیارەکان بچوکن وەک ئەوەی بۆ نانی بەیانی چی بخۆیت، هەندێک لە بڕیارەکانی دی گەورەن وەک ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ کێ ئەنجامبدەیت. بە نزیکەی هەموو هونەر و ئاینەکانی جیهان بۆ باسکردنی ئەوە هاتوون، هەر لە تراژیدی شکسپیرەوە تاوەکو کۆمیدیای هۆلیۆد هەموویان لە بارەی ئەوەن کەمرۆڤ لە ژیاندا .چ بڕیارێ ک دەدات  و دەبێت چ بڕیارێک بدات پرسیارەکەی من لێرەدا ئەوەیە چیمان بەسەردێت ئەو کاتەی بۆ هەموو یان زۆربەی بڕیارەکان پشت بە سیستەمە تەکنەلۆژیەکان ببەستین تا ئەو کاتەی وامان لێدێت بە تەواوی بەدوایان دەکەوین و لە قسەیان دەرناچین؟ من ناڵێم ئەم سیستەمە خراپ کەڵکی لێوەردەگیرێ وپێشنیارەکانی خراپن، بە پێچەوانەوە پێشنیارەکانی زۆر باشن، بەڵام چونکە نمونەیەکی پێشتری وەک ئەمەمان نەبووە، ئێستا نازانین لە جۆرە حالەتێکی وا ژیانی مرۆیی چی بەسەر دێت؟

 

مارک زۆکەبێرگ:-  ئێمە بۆ بڕیاردان لە شتێک، دەتوانین بۆ چەندەها سەرچاوەی

 زانیاری بگەرێینەوە تا بزانین کامە باشە و کامە خراپە، هەروەها هەر یەکەمان

 چەندەها کەس دەناسین تاوەکو لەبارەی شتە گرینگەکانەوە قسەیان لەگەڵ بکەین و

 بیروڕایان وەربگرین، هەر لەناو سیستەمی ئەلیکترۆنیش چەندەها پرۆگرامی

 پێشنیارکردنی شت هەیە، تەنها سیستەم و پرۆگرامێک نییە تەواوی پێشنیارەکانی

 ژیانمان بۆ بکا و دەستی بەسەر هەموویاندا گرتبێت، لە بەرامبەریشدا پێم وایە

 خەڵکی بەگشتی بەوە بێزاردەبن یەکێک پێیان بڵێت ئەوە بکە و ئەوە مەکە، خەڵکی

 حەز بەو شتانە ناکەن و دەیانەوێت ئازادی خۆیانیان هەبێت لەوەی هەر  شتێک

 بکەن پێیان خۆشە، یەکێ لە گرینگترین ئەو پرسیارە گەورانەی ئێمە توێژینەوەی

 لەسەر دەکەین ئەوەیە، چۆن دەتوانین، زانیاری ناراست و شتە ساختەکان بۆ خەڵک ڕاست بکەینەوە، عادەتەن بەشێوەیەکی ئاسایی ڕوونکردنەوەی بۆ دەدەی دەڵێیت

 ئەمە هەڵەیە، ئەمە ڕاستە. بەڵام لە واقیعدا ئەو  شێوازی ڕاستکردنەوەیە کار لە

 بەرامبەر ناکات و کاریگەری نابێت، ئەوکاتەی بە کەسێک دەڵێیت ئەو شتە هەڵەیە

 لە کاتێکدا ئەو باوەڕی بەو شتەیە، ڕاستەوخۆ متمانەت لای نامێنێت و چیدی

 باوەڕت پێنکات. بەڵکو لە شوێنی ئەوە دەبێت تەنیا هەڵبژاردەی دیکەی بخەینە

 بەردەست و  خۆی بڕیار بدات کامەی ڕاستە و  ڕاست نییە، بۆ نمونە، کەسێک

 باوەڕی بە مەسەلەی گۆرانی کەش و  هەوا نییە ، دەبێت بڵێین باشە کێشە نییە تۆ

 باوەڕت پێی نییە، بەڵام سەیری ئەو بڵاوکراوە و شتانە بکە بەڵگەی گۆرانی کەش و هەوا دەخەنە ڕوو و بزانە بەڵگەکەیان چۆنە و لە چ ئاستێکدایە، بۆ ئەوەی ئازادبیت  و لایەنێک کۆنترۆلت نەکا دەبێت گوێ لە بەڵگەکانی هەردوو لایەنەکە بگریت. لەڕووی کۆمەڵناسی و دەروونناسیەوە کاریگەرترین ڕێگا ئەوەیە کۆمەڵێک هەڵبژاردە بدەیتە دەست کەسەکە و خۆی بیریان لێبکاتەوە و بڕیاریان، لەسەر بدات

 وەک لەوەی تەنیا دژە باوڕەکەی خۆی بدەیتە دەست و بڵێین ئەمە باشە و ئەوە خراپە ئەو کاتەی کۆمەڵێک بیرواڕا و بابەت لەسەر شتێکی دیاریکراو بە کەسێک دەدەیت دواتر خۆی بڕیار دەدات، دوای بڕیارەکە هەست بەوە دەکات بڕیارێکی باشی داوە و زانیاری زۆر فێربووە .زۆربەی هەرە زۆری خەڵکیش ئەو کاتەی چەند .هەڵبژاردەیەکیان لەبەر دەستە توندترین و پەرگیرترین هەڵبژاردە هەڵنابژێرن.

 ئەرکی ئێمە ئەوەیە بەکارهێنەران لە یە ک هەڵبژاردە قەتیس نەکەین بەڵکو تا بکرێ زۆرترین هەڵبژاردە و بیروڕا بخەینە ژێر دەستیان، یە ک لەو کارانەی کردوومانە

 ئەویە هەلی ئەوەمان بۆ بەکارهێنەران رەخساندووە بتوانن پەیوەندی لەگەڵ سەدان

 کەس لە هاورێکانیان ببەستن و گفتوگۆ بکەن و بیروڕایان وەرگرن، بێگومان

 هەموو هاورێکانیشت هەمان بیروبۆچۆن، فکرە، ئاینیان نییە و جیاوازن لەگەڵت بەم شێوەیە ئاسۆی دونیابینیت زۆر فراوان دەبێت و ئاشنای چەندەها شت و بیروبۆچۆنی جیاواز دەبیت.

 پێم وایە ئەو پرسیارانەی تاوتوێمان کردن، پرسیارگەلێکی زۆر گرینگن، بۆ هیچ کامیان ناتوانین بە تاکە وەڵامێک چارەسەریان بکەین، بەڵکو دەبێت بە بەردەوامی

 کاریان لەسەر بکەین و چارەسەری نوێ و گونجاوتریان بۆ بدۆزینەوە. کۆمەڵێک پرسیاری دیکە ماون هێشتا باسمان نەکردوون هیوادارم لە داهاتوودا دەرفت بڕەخسێ تاوەکو بتوانین ئاوا قسەیان لەسەر بکەین .زۆر سوپاست دەکەین کە بەدەم. داوەتەکەمان هاتی و بەشداری ئەم ووتووێژە بوویت.

 

 

 یۆڤال نوح هەراری:- زۆر  سوپاستان دەکەم کە بانگهێشتان کردم ، هەرچەندە

 بەهۆی ئەوەی یەک لە ڕێبەرانی تەکنەلۆژیای نوێیت،  بەرپرسیارەتی زۆرت لەسەرە بەڵام کراوە بوویت لە  بەرامبەر ئەو پرسیارە زۆر قورسانە، دووبارە

سوپاست دەکەم.

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1]Sapiens: A Brief History of Humankind

[2]homodeus a brief history of tomorrow

[3]21 Lessones for 21 cenrury  

[4] زیاتر مەبەستی لەو دیوارە بوو ئەمەریکا دەیویست لەنێوان خۆی و مەکسیک دروستی بکات..وەرگێر

[5]General Data Protection Regulation,

ڕێکخستنی گشتی پاراستنی زانیاری لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە بڕیاری لەسەر دراوە، تاوەکو ئەو کۆمپانیایانەی زانیاری هاوڵاتیانی ئەوروپایان لە ژێر دەستدایە بەپێ ئەم یاسایە بجوڵێنەوە زانیارییەکان بپارێزن.  

مەبەست لە ڤیدیۆ ڤایرۆسیەکان ئەو کورتە ڤیدیۆیانەن کە زۆر بەخێرای وەک ڤایرۆس لەناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەبنەوە و لە کاتێکی کەم زۆرترین بینەریان دەبێت...وەرگێر [6]