A+    A-
(1,354) جار خوێندراوەتەوە

فەیلەسووفان، نووسەران و هونەرمەندانی فەڕەنسایی نەیار بە ئیسلام

(کورتەباسێک سەبارەت بە دیرۆکی ڕەخنە لە ئایین)

 

 

جەلال ئیجادی

و. وريا ئەحمەد

بەشی (١)

 

 

''هاوڕای بۆچوونی ئێوە نیم، وەلێ لەپێناو ئەوەی ئێوە مافی ئەوەتان

هەبێت بۆچوونی خۆتان دەرببڕن، ئامادەم تا پای مەرگ بڕۆم''

ڤۆڵتێر

 

 

 

ڕەخنەی فەیلەسووفانی چاخی ڕۆشنگەری لە مەسیحییەت و ئیسلام

 

لە ئەورووپا، کۆشش لەپێناو پێشڤەچوونی کۆمەڵایەتی و هێنانەئارای پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابووری، لە خەباتکردن دژبە ئایین جودا نەبووە. لەگەڵ گەشەسەندنی ئاگایی و مەعریفەی زانستیی و پەرەسەندنی ڕەوتی عەقڵ­خوازی­دا، دەسەڵاتی کەنیسە داڕووخا. پەرەسەندنی عەقڵگەرایی و راسیۆنالییزمی فەلسەفی و ڕەخنەگرتن لە دۆگمای مەزهەبی­، تین­وتاوێکی مەزنی بە پرۆسەی بەمۆدێرنکردنی کۆمەڵگا بەخشی.  

بەرهەمە ناسراوەکەی ڕێنییە دیکارتی فەیلەسووفی فەڕەنسایی، (گوتار لەمەڕ میتۆد)، کە لەساڵی ١٦٣٧ هاتە وەشاندن، لەگەڵ ڕوانینە بنچینەییەکەی وی­دا، کە دەیگوت ''من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم''، ڕستێک ڕووداوی مێژوویی گەلەک گرنگ بوون، کە بەسەر یەکەوە،  بازنەی گومان و ئەڵقەی بەرخۆدانیان دژ بە وشک­ئەندێشی و تەسکبینیی ئایینی، فراوان­تر کرد.

ئەو کێڵگەیەی زەینی گومانگەرا تێیدا چرۆی کردو گەشایەوە، لەپاڵ زنجیرە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و زانستی و کەلتوری و ئابوورییەکان­دا، ''نەزم و ئیرادەی خوداوەندی''ییان دووچاری قەیران کرد. فەیلەسووفانی ڕۆژگاری ڕۆشنگەری، لە بەبارهێنانی ئەم قەیرانەو ڕووخاندنی یەکجارەکیی دەسەڵاتی کەنیسە، ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا. لەم ڕۆژگارەدا، سەرلەنوێ بەهاکان پێناسە دەکرێنەوە و پەردە لەسەر شاڕێگای ژیانی نوێ لادەبرێت. لە سەدەی حەڤدە و بەتایبەت سەدەی هەژدەدا، وەرچەرخانێکی بنچینەیی لە مێژووی مرۆڤایەتی­دا ڕوودەدات، ڕۆشنگەری، تایبەتمەندیی هەرە دیاری ئەم وەرچەرخانەیە. بە وتەی کانت: ''ڕۆشنگەری، دەرچوونی ئادەمیزادە لەقۆناغی هەرزەیی و هەراشی و خۆبەکەم­زانین. هەرزەیی ئەوەیە، لە نەبوونی دەستگرۆیی ئەویتردا، کڵۆڵ و دەستەپاچە بیت لە بەگەڕخستنی ئاوەزی خۆت''.       

تێکۆشان دژبە سەرچڵییەکانی کەنیسە و دەست­تێوەردانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و، خەباتی ڕاستەوخۆ لەدژی ئایین و بیروباوەڕە مەزهەبییەکان، چەردەیەکی زەمەنیی شکۆمەند بوو، کە ڕێگای بۆ خۆسەری ئادەمیزادو ئازادی گیانی وی و برەودان بە مافە زەمینییەکان و بەهێزکردنی دیمۆکراسی، خۆشکرد. ئەوی مایەی سەرنجە، ئەوەیە، کە ئەم تێکۆشانە لە ئەورووپا، گەرچی بەشێوازێکی گشتی دژبە ستەمکاریی دەسەڵاتی کەنیسە و دژبە ئایینی مەسیحیی بوو، وەلێ هاوزەمان ئایینەکانی دیکەی وەک ئایینی یەهوودیی و ئایینی ئیسلامی، لە تیری تانەو ڕەخنە بێ­بەش نەکرد. ڕووناکبیران و فەیلەسووفانی فەڕەنسای دەمی ڕۆشنگەری، لەنێو بەرهەمە فەلسەفیی و ئەدەبیی و کۆمەڵایەتییەکانیان­دا، ڕەخنەیان لە ئیسلام گرتووە. ئەوان باوەڕیان وابوو، لەنێوان ستەمی خۆرهەڵاتیی و ئیسلام­دا، پێوەندییەکی تەنگاوتەنگ هەیە. ئەم هزرمەندانە، لە سۆنگەی فیکری و ئەندێشەی ئازادی خۆیانەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆیانیان دەزانی و هەستیار بوون لەمەڕ ئەوەی، دەبێت دژبە چەوسانەوەی فیکری بووەستنەوە. هەرچەندێک لە واقیعی زبر و تووندوتیژی ئایینی ئیسلام بەدوور بوون، وەلێ نەیانگوت ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، یانژی ئەم بابەتە، مژاری سەرەکی نێو کۆمەڵگای ئێمە نییە. ئەوان چاوی خۆیان دانەخست و ئەرکی ڕۆشنبیرییانەی خۆیان ڕاپەڕاند. پەیامی ئەم بیرمەندانە بۆ ناوەندی رۆشنبیریی ئێستای ئێمە، ئەمەیە؛ ڕەخنەگرتن لە ئایین، گیانی ئازاد و ئازادیی بێ کۆت­وپێوەندی پێویستە.

نەریت و ئەزموونی ڕەخنە لە ئیسلام، لەخۆرئاوا و بەتایبەت لە فەڕەنسادا، لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە(سەدەی هەژدە) تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. 

لەئێران­دا، نەریتی ڕەخنە لە خوورافەباوەڕیی، بۆ دەمی شۆڕشی مەشرووتییەت دەگەڕێتەوە، وەلێ جەخار، بەهۆی ستەمکاریی پەهلەوییەکان، فشاری خنکێنەری دەسەڵاتی ئاخووندەکان و دواکەوتوویی کەلتورییەوە، هیچ بەرەو پێشڤەچوونێکی بەخۆیەوە نەبینی. شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران، لە ساڵی ١٩٧٩، لە نێو ڕووناکبیرانی ئێرانی و فەڕەنسایی­دا دوو جۆرە کاردانەوە بەباردێنێت؛ لەلایەک شەیدایی و لەلایەکی تر نیگەرانی. جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئیسلام، تووندوتیژیی حکومەتی ئیسلامیی، زەبروزەنگی ویلایەتی فەقییە و تیرۆریزمی ئیسلامی، کۆتایی بە خۆش­خەیاڵی ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی هێنا و، ئەمەش ئەو ئەندێشەیەی بەهێزکرد، کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، گوایە لەنێوان دەسەڵاتی سیاسی و سیاسەتی ئیسلامگەرا و­ ئایینی ئیسلام­دا، پەیوەندی تەنگاوتەنگ بوونی هەیە. هێرشە تیرۆریستییەکان لەسەرانسەری جییهان­دا، کە ئیسلام سەرچاوەی ئیلهامیانە، لەپاڵ خۆهەڵقورتاندنی فێندەمێنتاڵەکان لەکاروباری پەروەردەیی، پزیشکیی، پرسی حیجاب، فرەژنی، سەرکوتی کچان، تیرۆرو تۆقاندنی فیکری لە شوێنە گشتییەکان، شەپۆلێکی نوێی ڕەخنەی بەدوای خۆی­دا هێنا.

لەم ماوەیەی دوایی­دا دەبینین، کە ڕەخنەی سەردەمی ڕۆشنگەری، دووبارە لەنێو مێژووی نوێ­دا بوژاوەتەوە و، لەمڕۆدا ڕووناکبیر، فەیلەسووف و هونەرمەند، بەئاشکرا لە جاران زیاتر ڕەخنە لە ئیسلام دەگرن. بەوەدا سرووشتی ئیسلام خۆهەڵقورتاندن و دەستدرێژییە، بۆیە فراوانبوونی ئەم ئایینە، پەیوەست­بوو بە هێرشی هۆزەکانی نیمچەدوورگەی عەرەب و هەڵکوتانەسەر ئێران و ناوچەکانی تر لە ڕۆژگاری پەیامبەر و خەلیفەکان(عبدالحسین زرین کوب: دو قرن سکوت). ئەم مۆدێلە لە فراوانبوون، بەدرێژایی مێژوو بەردەوامی هە­بوو. ئەمڕۆش دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی مرۆڤ بەدرێژایی تەمەنی حکومەتی ئیسلامی لەئێران و، خۆهەڵقورتاندنی دەستە و چالاکوانە فێندەمێنتاڵەکان لە ژیانی کەسیی و کۆمەڵایەتی لە هەموو وڵاتانی جییهان، درێژەی هەیە. لەم بەسەرهاتە دوورودرێژەدا، ئیرادە و خواستی خۆسەپێنان و زۆردارانی ئیسلامیی، سەپاندنی ڕێسای ئیسلام بووە لە کایەی ئەخلاق و سیاسەت و کۆمەڵگادا.

پێویستیی ڕەخنە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لەگەڵ مێژووی ڕەخنە لە جییهان­دا، پێکەوە­بەستراون. ئەوانەی لەکۆمەڵگای ئێمەدا، دەرهەق بە ئایینی ئیسلام، چاوپۆشی دەکەن، ئەهلی سازشن و خۆ شیرین دەکەن؛ ئەوانەی پێیان­وایە هێشتا کاتی نەهاتووە، سەراپا هەڵەن. سەربار، ئەوە بڵێم، بەهیچ جۆرێک سەودای دوژمنایەتی لەگەڵ کەسێکی موسوڵمان یان هەر دیندارێکی تر، لەسەری من­دا نییە. من سەبارەت بە مافە مرۆییەکانی ئەوان، بەئاگام و، تەنانەت لە برینداربوونی هەستی ئەوان، بەهۆی خستنەڕووی ئەم پرسە، تێدەگەم. وەلێ بەچاوپۆشی لە کەسەکان، پرسی سەرەکی لەلای من، ڕەخنەگرتنە لە هەر ئایدۆلۆژیا و ئایینێک، ئاخر ئەم چەشنە ڕەخنەیە، یەکێکە لە پێش­مەرجەکانی ئازادیی ڕۆحی و فیکریی مرۆڤ.

 

 

ڕەخنەی فەیلەسووفانی چاخی ڕۆشنگەری لە مەسیحییەت و ئیسلام

لێرەدا ئامانج ناساندنی بیرمەندانی مەزنی چاخی ڕۆشنگەری نییە، بەڵکوو ئامانج خستنەڕووی چەند خاڵێکە، کە تێیاندا پرسی خەبات دژبە ئایین و ستەمکاری ڕەنگی­داوەتەوە و، هەروەتر دەشێت پردێکیش بن بەرەو هەلومەرجی هەنووکەیی ئێمە. میراتی ئەندێشەی بیرمەندانی ئەو ڕۆژگارە شکۆمەندە، لەنێو کۆمەڵگای فەڕەنسیی­دا پارێزراوە و ڕەگوڕشەی داکوتاوە. ڕەخنەی ئایین و، لەنێویدا ڕەخنە لە ئیسلام و ئازادی بیروباوەڕی تاکەکەس، بە بەشێک لەم میراتە فیکری و کەلتورییە دادەنرێن. ئێمە ئاتاجی ئەوەین، یادێک لەم میراتە بکەینەوە و شتانێکی لێوە فێرببین.

فرانسوا ڕابیلییە(Francois Rabelais)، یەکێک لەڕایەداران و پێشەنگانی خەباتی فیکری و ئەدەبییە دژبە تاریک­بینی. ڕابیلییە، کە پزیشک و مرۆڤدۆستێکی سەردەمی ڕێنیسانسە، پێداگری لەسەر بەهاگەلی وەک لێبووردەیی، ئاشتی، کەلتوری عامەی خەڵکی(Popular culture) و گەڕانەوە بۆ بەها فەلسەفییەکانی جاری­جاران دەکرد و، دژبە پیاوانی ئایینی کەنیسە دەوەستایەوە. ئەو، هەڵوەدای ئەوەبوو، پیاوانی ئایینی ڕەوتاری نەرم­ونییان بنوێنن، هەروەتر، ڕابیلییە تامەزرۆی شادی و بەزم­وڕەزم و شەراب بوو. بەهۆی ئەو ڕەخنە تووندانەی ڕابیلییە ڕووبەڕووی پیاوانی ئایینی دەکردەوە، بەرپرسانی سیاسیی و دەسەڵاتدارانی کەنیسە بەگوێرەی ڕێوشوێنەکانی دادگای پشکنین(Inguisition)، لەساڵی ١٥٤٤ بەرهەمەکانی ئەویان لە لیستی ڕەش­دا دانا و ئەندێشەکانیان بە مەترسی ئەژمارکرد.

شارڵ دی مۆنتیسکیۆ(Charles de Montesquieu)، یەکێکە لە بیرمەندە فەڕەنساییەکانی دەمی ڕۆشنگەری. وی لەساڵی ١٧٤٨ (ڕۆحی یاساکان_The Spirit of the Laws)ی بڵاوکردەوە و بەمەش، زانستە سیاسییەکانی هاوتەراز بە فەلسەفە کرد. لە چێوەی ئەم بەرهەمەی­دا، جۆرە جیاوازەکانی حکومەتی (دیمۆکراسی، پادشایەتی، ستەمکاری) بەرباس­دا و، پەیوەندی نێوان جۆرەکانی فەرمانڕەوایەتی و ژینگە، سرووشت و سنوورە جیۆگرافییەکانی شەنوکەوکرد. مۆنتیسکیۆ، هاوشێوەی هەندێک لە بیرمەندانی تری سەردەمەکەی، هێمای بۆ مۆدێلەکانی ستەمکاری کردووە، وەک؛ ستەمکاری خۆرهەڵاتی، ستەمکاری مۆدێرن، ستەمکاری پیرۆز، ستەمکاری تاکڕەوانە و ستەمکاری شەرعێنراو. ڕەخنە لە ستەمکاری، زەمینەی ڕەخساند، تاوەکو مۆنتیسکیۆ تووخنی جیاکردنەوەی سێ هێز، یان جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر، بکەوێت. فەلسەفەی ڕۆژگاری ڕۆشنگەری، ستەمکاریی وەک یەکێک لە نەخۆشییەکانی سەردەمەکە دەناساند. مۆنتیسکیۆ باوەڕی وابوو، ستەمکاری لە مۆدێلە خۆرهەڵاتییەکەی­دا، لە سیاقی دەوڵەتی تورکەکان و دەوڵەتی فارسەکان و وڵاتانی تری ئاسیادا، نوێنراوەتەوە؛ ئەمانە هەموو، بەگوێرەی پێ وابوونی وی، دەوڵەتێلێکی ستەمکارن و لە چێوەی وڵاتانێکی مەزن و لەژێر خۆرەتاوی بەتین­دا هەڵکەوتوون. لێرەوە، خۆرهەڵات وەک شوێنێکی وەستاو و گەنیو، یان وەک جیۆگرافیایەکی پڕ لە ستەمکاری دێتەئەژماردن.

لە دیدی مۆنتیسکیۆدا، ستەمکاریی دەوڵەتێک، کە تاکەکەسێک تاک­ڕەوانە بەڕێوەی بەرێت، هێما نییە بۆ نەبوونی یاسا و ڕێسا؛ بەڵکوو ئەم مۆدێلە لە ستەمکاری، ڕیشەی لەنێو سرووشتی تاکەکانی ئەو سنوورە جێوگرافییە و ئیسلام­دا هەیە. مۆنتیسکیۆ لە چێوەی کتێبی (ڕۆحی یاساکان)دا، ئەوی­دەم ڕاڤەی ستەمکاریی خۆرهەڵاتی دەکات، ئایین بە یەکێک لە پایەکانی ئەم ستەمکارییە دادەنێت. بەدیدی وی، ئایین هەمیشە خراپ کەڵکی لێ­وەردەگیرێت. مۆنتیسکیۆ دەبێژت، ئایین کوتەکێکە بەدەستی ستەمکارانەوە؛ ئیسلام نەیاری دەسەڵاتی ئەو پادشایەیە، بنەماکانی دیین ڕەچاوناکات، لەڕووی تیۆرییەوە تەنها یەک پەیاماننامەی پیرۆز لەئارادایە، ئەویش ئەوەیە، فەرمانڕەوا ڕێز لە ئیسلام بگرێت.

مۆنتیسکیۆ، وای دەبینێت، هەموو دەوڵەتێک بە کۆمەک و پشتیوانی پیاوانی ئایینی، جڵەوی خەڵکی دەکات. بەدبەختی ئەوی­دەم دەست پێ­دەکات، زانا مەزنەکانی موسوڵمانان، هاوکاری دەسەڵاتی ڕەهای ستەمکاری بکەن. وی هۆشداری دەدات و دەبێژێت، نابێت ئەوە لەبیر بکەین، لەنێوان ستەمکاری و ئایین­دا، پەیوەندییەکی هەستیار بوونی هەیە، ئاخر ئایین خۆی ستەمکارە! لێرەدا ئێمە دەست­­وپەنجە لەگەڵ تەنگەژە و گرێیەکی ئاڵۆزدا نەرم­دەکەین، ئەویش ئەوەیە، ئایینی ئیسلام بڕێکجار بەگژ ستەمکاری­دا دەچێتەوە، وەلێ هاوزەمان ستەمکاریش بە کۆمەکی ئایین هەژموونی خۆی پیادەدەکات.

مۆنتیسکیۆ لەساڵی ١٧٢١زایین­دا، لەمیانی کتێبی (نامە فارسییەکان[1]_Lettres persanes)ەوە، سەبارەت بە وەستاویی(سکون)ی کوشندەی دونیای موسوڵمانان دەدوێت. لەم بەرهەمەدا (ئۆزبەک)، کارەکتەری سەرەکی داستانەکە، تووشی سەرسووڕمان دەبێت، کاتێک  بزێوی و جووڵاوی کۆمەڵگای پاریس دەبێنێت و  بە وەستاویی کۆمەڵگای ئێرانی بەراورددەکات. ڕوانگەی مۆنتیسکیۆ وایە، لە چێوەی ئەم کۆمەڵگا نەریتییەدا، بەرژوەندی ستەمکار وا دەخوازێت، ئەوانیتریش بە گەندەڵی دووچارببن؛ کەسی ستەمکار ڕقی لە هەر چەشنە خۆپارێزییەک دەبێتەوە، لە هەناوی وەها کۆمەڵگایەک­دا، ئەخلاق خاڵی پێچەوانەی دیکتاتۆرییە و، هەردەم ستەمکار دژی هەموو جۆرە جووڵەیەک، لە جووڵەی مێشکەوە بیگرە تا بە جووڵەی جەستە دەگات، دەوەستێتەوە. سەرکوتکردنی ڕێپێوان و خۆپیشاندان، تەنانەت خۆپیشاندانی هێمنانەش، کاردانەوەی سرووشتیی فەرمانڕەوایانی ئەم کۆمەڵگایەیە. ئەو گەندەڵییەی لەسیاقی ئەم ڕەوشدا بەرچاو دەکەوێت، لەم سیستەمە ستەمکارییەوە سەرچاوەی گرتووە. لە دیدی مۆنتیسکیۆدا، لەقوڕی ستەمکاری خۆرهەڵاتییەوە، جگە لە گەندەڵی، کۆت­وپێوەند و وەستاویی، هیچی تر بەرزنابێتەوە و، ئەم سیستەمە ستەمکارییە، لەسەر بنەمای سرووشت و فیترەتی خۆی، گەندەڵە و هەرواش بەبار هاتووە و بەباردێت. مۆنتیسکیۆ پێی­وایە، هەژاری بەرئەنجامی ناڕاستەوخۆی ستەمکارییە، ئاخر زەبروزەنگی دەوڵەت، کۆمەڵگا تووشی هەژاری دەکات. ئەو سیستەمەی خۆپارێزی و پرەنسیپ ناناسێت، خۆبەخۆ پەرە بە نادادی دەدات.

هۆڵباخ(Holbax)ی فەیلەسووفی ماتریاڵیست و یەکێک لە ئامادەکارانی ئینیسکلۆپیدیای فەڕەنسیی، نەیارێکی سەرسەختی دەسەڵاتی کەنیسەو پیاوانی ئایینی بوو. ئەو، باوەڕی بە خودا نەبوو، ڕەخنەی تووندی لە ڤۆڵتێر دەگرت، کە سەبارەت بە بوون و نەبوونی خودا دوودڵ بوو. هۆڵباخ، پایەکانی فەلسەفەکەی لەسەر سرووشت دامەزراند و، پێی­وابوو ئەخلاق شتێکە و ئایین شتێکی تر. ئەوی­دەم بەرهەمە ناسراوەکەی، بەناوی (سیستەمی سرووشت) هاتە وەشاندن، دەوڵەت یاساغی­کرد و لە ١٨ی ئۆگۆستی ساڵی١٧٧٠دا، سووتێنرا. بەدوای ئەم ڕووداوەدا، چەند بەرهەمێکی تری ئەم فەیلەسووفە دەسووتێنرێت. هەندێک کتێبی (نامەیەک سەبارەت بە سێ تەڵەکەبازەکە: موسا، عیسا و موحەمەد)، دەدەنە پاڵ وی. هۆڵباخ لەمیانی ئەندێشەکانی­دا، پەردە لەسەر سازشی نێوان هەردوو دەسەڵاتی مەعنەوی و زەمینی لادەبات و، ئەو ئەنجامە بەدەستەوە دەدات، کە یەکێتیی نێوان دەزگای سیاسی و ئایین، دەسەڵاتی ڕەها دەئافەرێنێت. لە چێوەی کتێبی (جەژنی ئەخلاق)دا، دەبێژێت یەکێتیی لەنێوان قەشە و ستەمکار، بەناوی خودا و ئاسمانەوە ڕۆنراوە و ئامانجی ئەم یەکێتییەش، چەوسانەوەی خەڵکە. لە دیدی وی­دا، ئەم پەیوەندییەی نێوان ئایین و ستەمکاری، تەنها لەمەسیحییەت­دا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو ئیسلامیش لەم بەزمەدا بەشدارە. لە وەها هەلومەرجێک­دا، ئەوی­دەم یاسادانەران ئایین وەک بنەمای سەرەکیی فەرمانڕەوایی لەبەرچاودەگرن، بیانەوێت یان نا، گرنگییەکی زیاد لەڕادە بە قەشە و دەستوپێوەندەکانی دەزگا دینییەکان دەبەخشن، لەبەرانبەردا، پیاوانی ئایینیش لای خۆیانەوە، بەرگری لە ستەمکاریی دەوڵەت دەکەن.

مارکۆس دی کۆندۆرسە(Marquis de Condorcet)، فەیلەسووف و ماتماتیکزان و سیاسەتمەداری فەڕەنسایی، لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا ژیاوەو، بۆ پێشخستنی ڕۆحی مرۆیی کۆشاوە و ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو، کە ئادەمیزاد بتوانێت لە سێ بواردا سەرکەوتووبێت: لەناوبردنی نادادی لەنێوان گەلان­دا، پێشڤەچوونی یەکسانی لەنێوان خەڵکی­دا و دواجاریش، ئادەمیزاد بەپلەی کامڵبوون بگات.

کۆندۆرسە، لەخەمی چاکسازیی و نوێگەریی کۆمەڵگادا بوو. لەو کاتەوەی شۆڕشی فەڕەنسا لە ١٧٨٩ بەرپابووبوو، وی هەڵوەدای سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆمەڵگا، ئازادیی چاپەمەنی و مافی دەنگدانی ژنان بوو. کۆندۆرسە لایەنگری مافی مرۆڤ، مافی ژنان، مافی جوولەکە و ڕەش­پێستان بوو. کەسێکی عەقڵگەرا و یاساخواز بوو، بەتووندی دژبە حوکمی پێشوەختە دەوەستایەوە و، هاوتای ڤۆڵتێر، ئایینی بەر تیری تانەوتەشەر و ڕەخنە دەدا، قەشەکانی بە ستەمکاران دەچوواند و فرت­وفێڵ و تەڵەکەبازییەکانیانی ئاشکرادەکرد. بە دیدی وی، پەیوەندییەکی تەنگاوتەنگ لەنێوان حوکمی پێشوەختە و ئایین­دا هەیە، ئاخر هەموو ئایینەکان بەناوی خوداوە، دەخوازن ئادەمیزاد لەبەرانبەر ستەمکاری­دا، کڵۆڵ و کزۆڵ بێت و نقەی لێوە نەیەت. کۆندۆرسە دەیگوت: '' یەکێک لە تایبەتەمەندییەکانی مەسیحییەت، سووک­کردنی زانستە مرۆییەکانە. ئایین وای دەبینێت، کە فەلسەفە چەتوون و بزێوە و دەست بەهەموو کون و کەلەبەرێک­دا دەکات، دیین لە گیانی ڕەخنەیی و پشتبەستن بە عەقڵ، زەندەقی دەچێت، ئاخر ئەم دیاردانە، بۆ بیروباوەڕی ئایینی زیانبارن. چرای زانستە سرووشتییەکان، هەترەشی تاریک­پەرەستان دەبات، ئاخر ئەم چرایە تەنگی بە پەرجووی ئایینی هەڵدەچنی، بۆیە مەترسیدار بوو. سەرکەوتنی مەسیحییەت، هێمایە بۆ بەلاڕێداچوونێکی ڕەهای زانست و فەلسەفە.''(کۆندۆرسە: نەخشەی تابلۆیەکی دیرۆکی لەمەڕ پێشکەوتنەکانی ڕۆحی مرۆیی، ۱۷۹۵). لە شوێنێکی تردا، دەبێژێت: ''ئەو کۆمەڵگایەی لەلایەن فەیلەسووفانەوە ڕێنووینی نەکرێت، لەلایەن شەقاوە و هەرچی­وپەرچییانەوە گومڕا دەکرێت'' و، ''هەتا خەڵکی ڕۆشنبیرتر بن، کەمتر دەتوانرێت کار لەبیروبۆچوونیان بکرێت... تەنانەت لەهەلومەرجێکی یاسایی تەواو ئازادیش­دا، خەڵکی نەزان هەر کۆیلە دەبن و هەر واش دەمێننەوە.''(بەرهەمەکانی کۆندۆرسە ١٧٤٣_١٧٩٤).

دێنیس دیدرۆ(Denis Diderot)، فەیلەسووفی هەرە دیاری فەڕەنسیی و یەکێکی تر لە نووسەرانی ئینیسکلۆپیدیا، ئەوی کە تۆمەتی بێ­باوەڕی و ماتریاڵسیتیی درایەپاڵ. دیدرۆ سەبارەت بە مەسیحییەت، بەمجۆرە داوەری دەکات: ''هەرگیز هیچ ئایینێک هێندەی مەسیحییەت، لەگەڵ ستەم و تاوانکاری­دا دەست­لەملان نەبووە''(سالن، ١٧٦٣). هەروەتر دەبێژێت: ''بە دیدی من، ئەم ئایینە خاوەندارییەتی لە زبرترین و بێ­ماناترین دۆگماکان دەکات''(نامە بۆ ڤیالێ، جۆلای ١٧٦٦). دیدرۆ لەمیانی کتێبی (ڕەخنەگەلێک سەبارەت بە نووسراوە جۆراوجۆرە ئایینییەکان)، لەساڵی ١٧٦٢، دەڵێت: '' گومانکردن سەبارەت بە ئایین، ڕیسواکردنی ئایین نییە، بەڵکوو گومان ئەرکێکی سەرەکی و بنچینەییە''، هەرەها دێژێت: هیچ ئایینێک نە ئەبەدییە، نە جییهانییە و نە تەواو ڕوون­و ڕەوانیشە.

دیدرۆ لەنووسراوکانی­دا، پەرجووی مەسیح بەر ڕەخنە دەدات و، ئەو بۆچوونەی کە گوایە ئینجیل پەرجووە، بە بۆچوونێکی گەمژانە دەزانێت. دیدرۆ دەیگوت قەشەکان و پیاوانی ئایینی پێیان­وایە تەنها پەرتووکەکەی ئەوان پیرۆزە و تەنها لە هەگبەی پەیامبەری ئەوان­دا موعجیزە هەیە، لەکاتێک­دا موعجیزەی مەسیح و موعجیزەی موحەمەد وەکو یەک ناڕاستن و واقیعی نین. بە بۆچوونی دیدرۆ، ئەگەر سزای دۆزەخ لاببرێت، پەرەستن و کڕنووش­بردن بۆ خودا کۆتایی دێت.  

ئەگەرچی باوکی دیدرۆ، سەرەتا ئەوی بۆ ژیانێکی ئایینی ئامادەکرد، وەلێ ئەو ئازادانە و دلێرانە دەستی بۆ چالاکی جۆراوجۆری وەک نووسینی ڕۆمان، شانۆنامە، فەلسەفە و داهێنانی بەرهەمی هونەری، درێژکرد و، هەردەم ڕەخنەی لە خوورافیاتی ئایینی دەگرت. یەکێک لە بەرهەمەکانی وی، بەناوی (نامەگەلێک سەبارەت بە نابینایان، بۆ ئەوانەی کە دەبینن)، چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دیدرۆ لەم بەرهەمەی­دا، بەرگری لە بێ­باوەڕی دەکات و ئەندێشەی ماتریاڵیستییانەی خۆی، دەخاتەڕوو. ئەو پێی­وایە، پرسی چاکە و خراپە، پرسێکی سرووشتی بووە و خۆپارێزی شتێکە و خوداپەرەستیش شتێکی تر. دیدرۆ، بەهۆی بیروباوەڕەکانییەوە، دەستگیرکرا و لە زیندانی وینسینی پاریسیان ئاخنی. تاوانی وی، بەمجۆرە هاتە پێناساندن: ''ئەم کابرا گەنجە، بەم دەروون و ڕۆحییەتەیەوە و بەوەی کە گاڵتە بە ئایین دەکات، کەسێکی ئیجگار مەترسیدارە. ئەو لەمەڕ نهێنییە پیرۆزەکان، بەزمانی گاڵتەوگەپ دەپەیڤێت''.

دیدرۆ لەساڵی ١٧٦٠، لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی­دا بەنێوی (ڕاهیبە)، کە بە شێوەی گێڕانەوەی یادەوری­ داڕێژراوە، سیستەمی کەنیسەی بەر ڕەخنە داوە و، باسی لەوە کردووە، کە ئەم سیستەمە مرۆڤەکانی دووچاری لەخۆنامۆبوون کردووە و هەر لەم دونیایەدا، زووخاوی ئازار و ڕەنجی لە گەروو  ڕۆکردوون. بە دیدی وی، داوودەزگا ئایینییەکان، ماهییەتی ئادەمیزاد وێران دەکەن. دیدرۆ لەچێوەی ئەم ڕۆمانەدا باوەڕی وایە، قەشەکان لە مشەخۆرێک بەولاوە زیاتر نین و هیچ سوود و قازانجێکی کۆمەڵایەتییان نییە، هەروەتر، ئالوودەی خەیاڵاتی کوشندە و کەشی عیرفانی بوون و، بەمەش سەریان لە شێتێتییەوە دەردەچێت و بڕێک­جاریش دەست بۆ کردەی خۆکوژی دەبەن. ئەم ڕۆمانە، پەرتووکێکێ تەواو دژە ئایینییە و پشتگیری لەوە دەکات، تاکەکان بە ئازادانە چارەنووسی خۆیان دیاری­بکەن. بۆ تاکی ئازاد، دەستی قەدەر قسەی پووچە، ئادەمیزاد بایی ئەوەندە خاوەنی ئیرادەیە، کە چارەنووسی خۆی یەکلابکاتەوە.

جان باپتیستا دالامبەر(Jan Baptiste de Alembert)، یەکێکی ترە لە بیرمەندانی مەزنی فەڕەنسای ڕۆژگاری ڕۆشنگەری. ئەو، سەرەتا لەبارەی ئایین دەیخوێندەوە، وەلێ دواتر دەستبەرداری ئەم کارە بوو، لەبری ئەمە، ڕووی بۆ بوارەکانی وەک یاسا، پزیشکیی و ماتماتیک هێنا. دالامبەر کەسێک بوو، لەژێر کاریگەری ڕێنییە دیکارت و جۆن لۆک­دا، ڕێگای ئەندێشەی بردەوە سەر چەمەنزاری ڕاسیۆنالییزمی زانستیی نوێ و، بەهەوڵێکی زۆر و بەکۆمەکی دیدرۆ، ئینیسکلۆپیدیای ئامادەکرد. پەرتووکەکەی وی، لەژێر ناونیشانی (گوتاری دەستپێک)، کە لە بەرگی یەکەمی ئینیسکلۆپیدیا لەساڵی ١٧٥١، چاپ و بڵاوکرایەوە و وەک مانیفستۆی چاخی ڕۆشنگەری دادەنرێت، ناواخنی فەلسەفەکەیمان بۆ دەخاتەڕوو. لە چێوەی ئەو پەرتووکەدا هاتووە، کە لەنێوان گەشەی مەعریفە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی­دا، پەیوەندی ڕاستەوخۆ هەیە. دالامبەر، چەشنی ڤۆڵتێر، لەئاستێکی بەرین­دا دژبە دەسەڵاتی ڕەهای ئایینی وەستایەوە و، بە بەربەستی ڕێگای پێشکەوتنی ئەژمارکرد.

ڤۆڵتێر(Voltaire)، نووسەر و بیرمەندێکی ئازاد بوو. لەچێوەی بەرخۆدانە فەلسەفییەکەی­دا دژبە ناشرینییەکان، دەیگوت، دەبێت ناشرینییەکان بەر ڕەخنە بدرێن. ناشرینی لەدیدی وی­دا، هێمابوو بۆ خوورافە، ئایین و بەدیاریکراویش ڕێباوەڕی کاتۆلیکی. بۆ ڤۆڵتێر، ئامانجی ڕەخنەگرتن لە ئایین، خەبات بوو لەدژی نادادی، خۆپەرەستی، تاریک­بینی، نەزانی و هەر تشتێکی تر، کە دژبە مرۆڤایەتی و عەقڵ بێت.

هەوەڵین گورزی ڤۆڵتێر، داشۆرینی ئەو ڕێوڕەسم و بیروباوەڕە ئایینییانە بوو، کە لەنێو ڕای گشتی­دا ڕەگیان داکوتابوو. شێوازی دەربڕینی وی، هەم ساتیر بوو، پیرۆزیی دادەماڵی و بە ددانی پەیڤ و وشە، هەستی هەمووانی دەگەست و، لەمیانی نووسینی فرەچەشن­دا، خەڵکی و کۆمەڵگای بەر لێزمەی ڕەخنە دەدا و؛ هەمیش فەلسەفیی بوو، تێکستە جیاوازەکانی بە چاوی ڕەخنەوە هەڵدەسەنگاند. بۆ نموونە، لەچێوەی بەرهەمێکی­دا بەناوی (فەرهەنگی فەلسەفی)، کە لەساڵی ١٧٦٤ هاتە وەشاندن، چاومان بە ڕەخنەی فەلسەفی دەکەوێت. ڤۆڵتێر دەیگوت: ''لەمڕۆدا، فەناتییزم (دەمارگیریی ئایینی)، جۆرە نەخۆشییەکی مەزهەبیە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، بە دومەڵێکی تژی لەچڵک­و زووخاو دەست­پێدەکات''.

ڕەخنەکانی وی، لە پەرتووکی ڕێباوەڕی کاتۆلیک، گەلەک زۆرن. لەم بوارەدا، بەدرێژایی ساڵانی نێوان ١٧٦٠_١٧٧٨ زیاد لە بیست وتاری لە پەیوەندی­دا بە بەرپەرچدانەوەی ئایین و خوورافیات، خودا و پەرجوو، تەورات و مەسیحییەت نووسی. هەڵبەت لەدوایی­دا و ئەوی­دەم هۆڵباخ و ئەوانیتر بەشێوازێکی بنجبڕ، نکۆڵییان لە بوونی خودا کرد، وی نەختێک دەسڵەمێتەوە و بۆچوونی لەمەڕ خودا، دووچاری گۆڕانکاری دەبێت. دەرئەنجام، ڤۆڵتێر دەبێتە نەیاری ئاتاییزم، وەلێ هێشتا بەهەمان گڕوتینەوە، بەگژ کەنیسە و زەبروزەنگەکانی­دا دەچوویەوە. ڤۆڵتێر لەبەرانبەر فیوداڵییزم، بەرگری لەمافی ئادەمیزاد کرد، وی گیانی مرۆڤی بە مەزن دەزانی و شکۆی بۆ ڕۆحی ئادەمیزاد گێڕایەوە و مرۆی فێرکرد، ئازاد بژی.

لەیەکێک لە پەیڤەکانی­دا، دەبێژێت: ''من هاوڕای بۆچوونی ئێوە نیم، وەلێ لەپێناو ئەوەی ئێوە مافی ئەوەتان هەبێت بۆچوونی خۆتان دەرببڕن، من ئامادەم تا پای مەرگ بڕۆم''. ڤۆڵتێر ڕەخنەی تووند لەهەردوو ئایینی جوو و مەسیحییەت دەگرێت و، لەبارەی مەسیحییەتەوە دەڵێت: '' تا ئەو دەمەی نەزانەکان بوونیان هەبێت، ئایینیش دەمێنێتەوە و، مەسیحییەت گاڵتەجاڕانەترین، پووچ­ترین و خوێناوی­ترین ئایینێکە، کە دونیای پیس کردبێت''. لەمەڕ ئایینی ئیسلامیش، دەشێت ئاماژە بۆ پەرتووکێکی تراژدیکاڵی وی، بەنێوی (دەرمارگیری یان موحەمەد_ LE FANATISME OU MAHOMET)ەوە بکەین، ئەم بەرهەمە لەساڵی ١٧٣٦ دێتە بڵاوکردنەوە. بەدیدی ڤۆڵتێر، موسا جادووگەر بووە، عیسا بابایەکی جوولەکەی دەمارگیر بووە و موحەمەدیش پەیامبەرێکی درۆیین و تەڵەکەباز بووە.

ئەلێکسیس دی تۆکڤێڵ(Alexis de Tocquville_1805,1859)، پێی­وایە ئەو یەکسانییەی دیمۆکراسی بانگەشەی بۆ دەکات، ڕیشەکانی بۆ ناو مەسیحییەت دەگەڕێتەوە، ئاخر ئەم ئایینە، لەوبڕوایەدایە هەمووان لەبەرانبەر خودادا یەکسانن. بەدیدی وی، تایبەتمەندی شارستانییەتی ئەنگلۆ_ئەمریکایی ئەوەیە، کە تێیدا ڕۆحی ئایین و ڕۆحی ئازادی پێکەوە گرێ­دراون. لەگەڵ ئەمەش­دا، تۆکڤێڵ دەبێژێت، جیاکردنەوەی کەنیسە لە دەوڵەت بەشێوەیەکی بنجبڕ، کارێکی بەنرخە، چونکە بەم جۆرە هیچ­یەک لەم دووانە هەوڵی سەپاندنی هەژموون بەسەر ئەویتردا نادات. تۆکڤێڵ، بە ئیلهام­وەرگرتن لە مۆدێلە ئەمریکییەکە، دەخوازێت لە فەڕەنسادا، گیانی لیبراڵییزم لەگەڵ گیانی ئایین­دا ئاشت بکاتەوە.

تۆکڤێڵ دیدێکی نەرێنی لەمەڕ ئایینی ئیسلام هەیە، ئاخر لەڕوانگەی وی­دا ''قوتابخانەی موحەمەد، ئایینێکە، کە بە تووندترین شێوە هەردوو دەسەڵاتی دینی و دونیایی لێک­گرێ داوە؛ بە جۆرێک، لەچێوەی ئەم ئایینەدا، هەر پیاوێکی ئایینی هاوزەمان فەرمانڕەواشە و هەر فەرمانڕەوایەکیش بەناچاری پیاوێکی ئایینییە. لەڕوانگەی تۆکڤێڵ­دا، ئەم چڕکردنەوەیەی دەسەڵات و ئەم لێک­گرێدانە، یەکەمین هۆکاری ستەمکاری و یەکەمین هۆکاری وەستاوی(سکون)ی کۆمەڵایەتییە. ئەمە هەلومەرجی هەموو گەلێکی موسوڵمانە و، بە بەراورد بە وڵاتان و گەلانی تر کە جووڵە و پێشڤەوەچوونیان هەبووە، ئەم وەستاوییە هۆکاری کەوتنی موسوڵمانان بووە. تۆکڤێڵ پێی­وایە ئیسلام دژبە دیمۆکراسییە، یانژی ئیسلام و دیمۆکراسی لێکدژن. مەزنی ئایینی مەسیحییەت لەوەدایە، کاروباری ئەو دونیای خستە ئەستۆی ئایین و، ئەوەی تریش لێگەڕا بۆ بزاڤە ئازادەکانی سەرچاوەگرتوو لە ڕۆحی مرۆڤایەتی. لەشوێنێکی تردا توکڤێڵ دەبێژێت: ''مەیلی قوڕئان بەلای تووندوتیژی­دا هێندە سەرسامکەر و ئەفسووناوییە، کەس ناتوانێت پەی پێ­بەرێت''.

هەڵبەت تۆکڤێڵ لە سەروەختێک­دا کە ڕەخنەی بنجبڕ لە ئیسلام دەگرێت، ئەوەش لەبیرناکات، کە پرۆسەی داگیرکاری فەڕەنسا لە جەزائیر بەر ڕەخنە بدات. لەمبارەیەوە دەڵێت، دەوڵەتی فەڕەنسا چارەنووسی خەڵکانی جەزائیری، بە جادووگەران و چەتەکان سپاردووە. تۆکڤێڵ دەنووسێت، دەوڵەتی فەڕەنسا هەڵوەدای دزینی سەروەت و سامانی دەزگا دینییەکانە. ئەو، هێما بۆ دڕندەیی کۆڵۆنیالییزم دەکات و دەڵێت، مایەی نەنگە، کاتێک دەبینین ئێمە وەک گەلێکی گوایە شارستانیی، سەرلەبەری پاشماوەکانی ئەوان و چرای ڕووناکیان لەنێودەبەین. (بڕوانە: ''چەند یاداشتێک لەمەڕ قوڕئان و ڕێباوەڕەکان"، هەروەها ''سەبارەت بە دیمۆکراسی لە ئەمریکا''، چاپی بایار، بەرگی٢، پاریس).

تۆکڤێڵ لەسیاقی نامەکانی­دا لە ٢١ی مارسی ساڵی ١٨٣٨، دەنووسێت: ''ئەو مەیلە تژی لەتووندوتیژی و هەستیارییەی لە قوڕئان­دا هەیە، سەرنجی هەموو کەسێک بەلای خۆی­دا ڕادەکێشێت. بە بەراورد بە ئایینە فرە خوداکان، قوڕئان لەوەدا کە باس لە خودای تاکوتەنیا دەکات، ڕەوان ترە و ڕوانگەی بەرینترە. موحەمەد کاریگەری گەورەی بەسەر مرۆڤایەتییەوە بەجێهێشتووە، وەلێ بە باوەڕی من، ئەم کاریگەرییە هێندەی زیانبار بووە، هێندە ئەرێنی نەبووە''. لە نامەیەکی تردا دەنووسێت: '' بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی موسوڵمانان لە جەزائیر و لە خۆرهەڵات­دا، بەوردی قورئانم خوێندەوە، تێگەیشتم لە جییهان­دا کەمن ئەو ئایینانەی هێندەی ئایینی موحەمەد، بۆ مرۆڤایەتی مایەی شووم و نەگبەتی بووبن. ئەم ئایینە هۆکاری سەرەکی دواکەوتوویی و کەوتنی ئێستای موسوڵمانانە.''(گوڵبژێرێک لەنامەکانی تۆکڤێڵ: گالیمار ٢٠٠٣، پاریس).

قسەی سەرەکی ئەم فەیلەسووفانە چییە؟ ئەوەی لە دووتوێی ئەم بەشەدا گرنگە، هێماکردنە بۆ ئەو سەرنجەی، کە ئەم کەڵەبیرمەندانەی دونیای فیکر، لەبارەی هەلومەرجی ئازادی مرۆڤ خستوویانەتەڕوو. لەم نێوەندەدا، تێکۆشان دژبە ئایین و دژبە ستەمکاری، بەشێکە لە پێداویستییەکانی ئازادی. ئەوان تێکۆشان دژبە ستەمکارییان بە تێکۆشان دژبە ئایینەوە گرێ­داوە و ئەم دووانەیان لەیەکتر جیانەکردووەتەوە. ئەم بیرمەندانە، هەڵوەدای ڕووناکی بوون، پێیان­وابووە ئازادیی، بەرئەنجامی کردەی مرۆییە و، دەبێت ئەم کردەیە لە ئیرادەی خودایی دابماڵدرێت. بەپێچەوانەوە، ئیرادەی خودایی و ئایین، بە ئاڕاستەی پاراستنی بنەماکانی دیلی و یەخسیری کاردەکەن و، ئازادیی ئادەمیزاد بە هەند وەرناگرن. فەیلەسووف و نووسەر، دێنە نێو کۆمەڵگاوە و لەگەڵ هاونیشتیمانیان­دا پەیمان دەبەستن، بەو مەبەستەی دژبە تاریکی و ستەم بەرخۆدان بکەن.

لەدرێژەی ئەم نەریتەدا، ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی فەڕەنسیی، کۆششێکی تری مێژوویی دژبە دەسەڵاتی کەنیسە سەرپێ­دەخەن، ئەویش خەباتە بۆ چەسپاندنی یاسای لائیستییە لەفەڕەنسا لەساڵی ١٩٠٥دا. ئەو سەروەختە، کەنیسە شێلگیرانە بەدووای ئەوەوە بوو، هەژموونی خۆی بەسەر پەروەردە و قوتابخانە و زەینی لاوان­دا بسەپێنێت، وەلێ بەهەوڵ و کۆششی کەسایەتییە لائستییەکان، کە باوەڕیان بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی کەنیسە لە دەوڵەت هەبوو، دواجار کەنیسە هەژموون و پێگەی خۆی دەدۆڕێنێت و ناچاردەبێت، یاسا تازەکانی یارییەکە پەسەند بکات و، بارگرانی خۆی لەکۆڵ هەمووان بکاتەوە. لە فەڕەنسادا، وەک بەرئەنجامی ئەم جێگۆڕکییانە، دواجار دەوڵەتی سیکۆلار سەقامگیربوو، بەبێ ئەوەی ئەم خەباتە بەتەواوی کۆتایی پێ­بێت.

کەوابوو، خەبات لەدژی ئایین و ڕەخنەی شێلگییرانە لێی، لەلایەن ڕووناکبیر و فەیلەسووفانەوە، پرسێکی نەبڕاوەیە. دیرۆکی ڕۆژگاری ڕۆشنگەری، چاخی بەیەکدادانی ئەندێشەکان بوو، ئەو دیرۆکە، مەیدانێک نەبوو، کە بشێت تێیدا پیاو خۆی بدزێتەوە و پەنا بەبەر دۆگماکانی ڕابردوو ببات، یان ژێستی ترسنۆکانەی ڕۆشنبیریی بگرێت. دەبێت لە مۆنتیسکیۆکان و ڤۆڵتێرەکانەوە فێربین. لێرەدا ناخوازین کۆمەڵگای ئەمڕۆ لەگەڵ کۆمەڵگای دوێنێ­دا هاوتەراز بکەین، ناخوازین نەفی ئەخلاق و مەعنەوییەت بکەین، ئاخر وەک بارۆخ سپینۆزا دەیگوت، ئەخلاق و ئتیک لە ئایین جودان. بەڵکوو لێرەدا قسە لەسەر دلێری و تیژبینی ڕۆشنبیران دەکەین، قسە لەسەر دەستنیشان­کردنی ئایینە وەک هۆکارێکی نەرێنیی، کە لە کۆشی­دا، ستەم پەروەردە دەکرێت.

بێ گومان، بەبێ ئەم تێکۆشانە فەلسەفیی و تیۆریی و سیاسییانەی، کە یەخەی ئایین و کەنیسەیان گرت، دەستڕاگەیشتن بە ئازادی مرۆڤ و مافەکانی، دەستڕاگەیشتن بە مافەکانی مرۆڤ، دەستڕاگەیشتن بە مافی هاووڵاتی­بوون و پاشەکشەکردن بە ئایین، ئەستەم بوو. سێ سەدە پێش ئێستا، ڕووناکبیرانێک، کە لە کانیاوی ڕۆشنگەری تینوێتییان شکاند، هۆشیاربوون و لەمەڕ ئیسلام بابەتی ڕەخنەییان نووسی. دەی بۆچی ڕووناکبیری ئێرانی (و خۆرهەڵات بەگشتی)، لەسەروەختی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەم هۆشیارییەی نەبوو؟! لەمڕۆکەش­دا، ئەو ڕووناکبیرانەی دەیانەوێت ڕەخنە لە ئیسلام بگرن، سەرکۆنە دەکرێن و دەبوغزێنرێن، ئاخر گوایە نابێت و نالوێت ڕەخنە لەئایین بگیرێت. دیواری نەزانی و دیواری سانسۆر و دیواری خۆسانسۆرکردن لە کۆمەڵگای ئێرانی (و خۆرهەڵات بەگشتی)، گەلەک ئەستوورن. نابێت لەم دیوارە سامناکانە بترسین!   

 

 

.....ماویەتی، بەشی دوو بەناونیشانی (تەنگەژەی فۆکۆ و ئایەتە شەیتانییەکان)

 

 

          

 


[1] * نامە فارسییەکان، یان نامەکانی ئێران (Lettres persanes)، یەکێکە لە بەرهەمە وێژەییەکانی مۆنتیسکیۆ. ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە، لەخۆگری ڕستیك نامەی خەیاڵی و گریمانەییە، کە گوایە لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی لویسی چوادەیەمدا و لەنێوان ساڵانی (١٧١١_١٧٢٠) نووسراون. مۆنتیسکیۆ ئەم نامانەی لەسەر زاری دوو دەوڵەمەندی فارسەوە، بەناوی (ئۆزبەک) و (ریکا)، نووسیوە. ئەم دوو دەوڵەمەندە ئێرانییە، لەمیانی گەشتێکدا، سەردانی ئەورووپا و فەڕەنسا دەکەن و ماوەیەک لەپاریس بەسەر دەبەن. ئەم کتێبە شێوە ئەدەبییەی مۆنتیسکیۆ، بە بنەمای تیۆریی بۆ کتێبی (ڕۆحی یاساکان) دادەنرێت.