A+    A-
(2,072) جار خوێندراوەتەوە

بۆ دەبێت ئێمەی ژن سفوور بین؟

 

 

 

 شارا تاهیر

 

 

 

یەکێک لە فیگەرە دیارە ئایینیەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا  کە هەر جارە بە شێوەیەک خۆی مانیفێستدەکات، مەلا هەڵۆیە. بۆ من دیارترین گوتاری مەلا هەڵۆ ئەو تێزەی بوو کە لە یەک گریمانە و سەلمێنراوێک پێکهاتووە. ئەو بە کەماڵی ئەقڵی خۆیەوە دەڵێت: ((هەر پیاوێک بهێڵێت ژنەکەی_کچەکەی بە سفووری بڕواتە دەرەوە ئەوا ئەو پیاوە گەوادە)). هەڵبەت زۆربەمان دەزانین کە لە کاتی خۆیدا ئەو گوتارە هەرایەکی نایەوە. وەکچۆنیش  دەزانین کە زۆرینەی خەڵک هەر بەهەمان زمان و ڕیتۆریکی ئەو کەوتنە وەڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەیشی، کە ئەمەیش بۆ خۆی هیچ سوودێک بە بابەتەکە و کرۆکی تێزەکەی مەلا ناگەیەنێت. دەزانم ڕەنگە بۆ کەسانێکیش پرسیار بێت کە بۆچی من لە ئێستادا ئەم باسە دەهێنمەوە مەیان و قسەی لەسەر دەکەم، چونکە خودی بابەتەکە ماوەیەکی زۆری بە سەردا ڕۆیشتووە؟ وەڵامی من بۆ ئەگەری پرسینی ئەو پرسیارە زۆر بەئاسانی ئەوەیە: لە لایەکەوە  مەلا هەڵۆکان ڕۆژانە زۆر دەبن بە ناوی ئایینەوە فەتواو تێزەی سەیر و سەمەرە دەردەکەن. لە لاکەی تریشەوە، پرسی حیجاب خۆی جەدەلێکی زیندوو و بەردەوامە تەنانەت هێشتا لە سیاقە ئیسلامیە عەرەبیەکەیشدا یەکلایی نەکراوەتەوە و ساغنەبۆتەوە. بەو پێیەی ئەم گوتارە لە لایەن پیاوێکی ئایینیەوە گوتراوە، هەر بۆیە بە ڕای من گرنگە کە خودی گوتارەکە بخرێتەوە ناو سیاق و کۆنتێکستە ئایینیەکە یەوە، هەر لە وێیشدا شیکار بکرێت و وەڵامیش بدرێتەوە.

ئەگەرچی مانای سفوور لە زمان و سیاقی کوردیدا بە مانای پۆشیینی جلو بەرگی مۆدە دێت لە لایەن ژنەوە، ژنی سفور ژنێکە کە جلوبەرگی تەقلیدیی کوردی لە بەرناکات بەڵکو بەرگی مۆدە دەپۆشێت. وەلێ لە بنەڕەتدا ئەم وشەیە لە زمانی عەرەبیدا و شەرعی ئیسلامی خۆیدا مانایەکی تەواو جیاوازی هەیە. خودی وشەکە هیچ  پەیوەندیی بە تەبەروجە نیە کە مەبەست لێی دەرخستنی لەش ولارە بە شیوەیەکی سەرەنجڕاکێش بۆ پیاوی نامەحرەم، کە ڕەنگە مەلا زیاتر مەبەستی لەمەیان بووبێت. لە ڕاستیشدا تەبەروجیش، ئەوەی کە ئیسلام حەرامیکردووە خۆی دوو جۆرە یەکەمیان کە هیچ بەشیکی جەستەی ژن دیار و ئاشکرا نەبێت جگە لە دەموچاو و دەستەکانی نەبێت. دووەمیشیان: ژن خۆی نەڕازێنێتەوە و نمایشنەکات بۆ پیاوی بێگانەو نامەحرەم.

گرنگە بۆ ئێمە بزانین کە بەر لە هاتنی ئیسلام شتێک نەبوە بە ناوی سفور و حیجابەوە، بەڵکو پیاوانی عەرەب عەمامەیان هەبووە ژنانیشیان (خمار)یان پۆشیوە، کە سەرپۆشێکی تەنکوتیواڵ بووە بە سەر و شانوملیاندا هاتۆتە خوارێ. دواتر لە سەردەمی ئیسلامدا ژنان سفور بوون، واتە  دەموچاو و دەستوپلیان دەرخستووە. ئەمەیش بەردەوام بووە تا ئەو کاتەی ئیسلام دەست بە فتوحات دەکات و ئیتر لەوە بە دواوە کاتێک ناوچەکەیان پڕدەبێت لەو کەنیزە و کۆیلانەی کە جەنگاوەرەکانی ئیسلام لە شەڕەکانیان دەیانهێننەوە بۆ خۆیانیان حەڵاڵ دەکەن. بوونی  ژمارەیەکی زۆر لە کۆیلە و کەنیزە ڕاپێچکردنیان لە شوێنی جیاجیاوە بووە هۆکارێک بۆ گۆڕینی بونیادی کۆمەڵایەتی و ئابوریی ناوچەکەیان وەکچۆنیش درووستبوونی کێشە و گرفتی جیاواز بۆ ژنان. هەڵبەت کەنیزە و کۆیلەکان پارێزراو نەبوون و هیچ حسابێکیشیان بۆ نەکراوە، وەکچۆنیش ئەمانە تەواو تەریک و بێبەشکرابوون لە هەموو مافێک کە ژنانی ئازاد و خاوەن ماڵ لەو کاتەدا هەیانبووە. هەڵبەت زۆرگرنگ بووە لەو سەردەمەدا  کە ژنانی ئازاد، خاوەن ماڵ و شکۆ خۆیان لە ژنانی کەنیزە و کۆیلەکان بپارێزن جیابکەنەوە و تێکەڵیان نەبن، بۆ ئەوەی ئەمەیش بکەن ئەوان خۆیان دادەپۆشی و حیجابیان دەکرد. هەم وەک ڕێگەیەک بۆ خۆپارێزیکردن وە هەمیش وەک ئاماژەیەک کە ئەمان ژنی ئازادن و خاوەن پرستیژ و پلەیەکی بەرزتری  ئەخلاقی و کۆمەڵایەتین. واتە حیجابکردن وەک نیشانە و ئاماژە بەکارهاتووە لە کاتی خۆیدا تا ژنانی ئازاد و خاوەن ماڵ لە ژنانی کەنیزە و کۆیلە لەیەکتر جیابکاتەوە.[1] ئەم جیاکردنەوەیەی ژنانی ئازاد لە گەڵ ژنانی بەزۆرداگیرکراو و کەنیزەکاندا هەر بە پۆشینی حجابەوە نەوەستا بەڵکو خودایش لە  سورەی ئەحزابدا لە ئایەتی( ٥٩)دا، ئامۆژگاری پێغمبەر دەکات کە ئاگای لە ژن و کچی  خۆی ژنانی موسوڵمانانیش بێت تا زەرەر نەهێنن و  ئەزیەتنەخۆن.                                                                                                                               

( يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ وَبَنَاتِكَ وَنِسَاءِ الْمُؤْمِنِينَ يُدْنِينَ عَلَيْهِنَّ مِنْ جَلَابِيبِهِنَّ ۚ ذَٰلِكَ أَدْنَىٰ أَنْ يُعْرَفْنَ فَلَا يُؤْذَيْنَ ۗ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا).

ئەم ئەیاتە وەک نمونەی نەرمونیانی ئاینی ئیسلام بەرامبەر بە حیجابکردنی ژنانی موسوڵمان ئەژماردەکرێت و بەردەوامیش، وەک ئارگومێنتێک بۆ میانڕەویى نەرمونیانی ئیسلام سەبارەت بە پرسی حیجاب دەوترێتەوە. وەک لە ئایەتەکەشدا دیارە خوا بەوپەڕی نەرمونیانیەوە لە خەمدایە بۆ ژنانی موسوڵمان کە تووشی هیچ گرفت و ناڕەحەتیەک نەبن(دیارە لەو کاتەدا مەبەست لەو گێچەڵە سێکسیانە بووە کە تووشی ژنان دەبوو بە هۆی زۆری و زەبەنی کۆیلە و کەنیزەوە بە جۆرێک ژنان تەنگیان پێهەڵچنرابوو، کە دەبوو پیاوەکانیان هەڵویست وەرگرن و ڕێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزنەوە). هەربۆیەش لەو سەروبەندەدا ئەو ئایەتە وەک چارەیەک و ڕێنیشاندەرێک لە زمانی پئغەمبەرەوە هاتەخوارەوە تاوەکو ژنانی موسوڵمانانی پێ ئارامبکەنەوە و شکۆی بریندارکراویاشیان بۆ بگەڕێنەوە.

 

  ئەوەی جێی سەرنجە کە ئەم تێزەیەی مەلا تەواو دوورە لە زمان و ڕیتۆریکی ئەم  ئایەتە کە خوا خۆی و لە سەر زمانی پەیامبەرەکەی بۆ ژنانی موسوڵمانی ناردووە. ئەم ئایەتە هیچ ئاماژەیەکی لەو جۆرەی تیا نیە کە خوا بیەوێت یەخەی پیاوانی موسوڵمان بگرێت و ناچاریان بکات کە شتێک بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ژنان و كچەکانیان بکەن. وەکچۆنیش هیچ پێشمەرجێکیش بۆ پیاوانی موسوڵمانی تیا شکنابەم، و ناشتوانێت هیچ ناو و ناتۆرەیەکی نەشیاو بەرامبەر بە پیاوانی موسوڵمان لەم ئایەتەدا بدۆزیتەوە. بە پێچەوانەوە ئەوەتا خودا بە پەیامبەرەکەی دەڵێت کە ئەو وەک ڕاوێژکارێک خەمخۆری پەروەردگار بۆ ژنان و كچانی موسوڵمان دووپاتبکاتەوە، ئەوەیان پێ رابگەیەنێت کە خودا لە خەمی سەلامەتیی ئەواندایە. هەڵبەت قسە و لێکدانەوە زۆرە کە پەروەردگار مەبەستی لە (جلباب)چییە؟ هەندێک پێیانوایە کە مەبەست لێی هەر (خمارە) واتە سەرپۆشە تەنکوتیواڵەکە کە سەروملی پێ دادەپۆشرێت. هەندێکی تریش پێیانوایە کە مەبەست لێی بەرگێکی ئاودامانە کە هەموو لەشولار داپۆشێت، یان دەلێن سەرپۆشێکە تا سەر سنگ دێت و دایدەپۆشێت، وە یاخود دەڵێن باڵاپۆشێکە کە جگە لە دەستەکان دەموچاو نەبێت ئەوا هەموو باڵا و لەشولار دادەپۆشێت. ئەوەی بۆ من لە ئایەتەدا گرنگە مانای جلباب نییە کە چی بپۆشین یان نەپۆشین؟ زیاتر بۆ من نەفەسی خودایە لە بەرامبەر ژنانی موسوڵمانان و خەمخۆرییەکەیەتی وەک باوکێک بە ئاسمانەوە.  ئەگەر چیش  ئیسلام بە پێچەوانەی هەردوو ئایینە ئاسامانیەکەی ترەوە، واتە هەردوو ئاینی مەسیحی و یەهودیەو، خودا لە کۆنتێکستە پەتریارکی و خێزانیەکەی دەردەهێنێت و جیایدەکاتەوە، خودا لە ئیسلامدا تاک و تەنهایە، نە خۆی لە دایک بووە نە هیچ کەسێکیش لەوەوە لە دایک دەبێت، بەلام بۆ من ڕۆح و نەفەسی ئەم ئەیاتە هی باوکێکی دڵسۆزە بۆ كچە باش و حەساوەکانی، بۆ کچە پارێزراوەکانی، کەچی هیچ ئاماژەیەک و خەمخۆرییەک بۆ کچەکانی تری(مەبەستم  کەنیزەکان ،کە هەر پیاوانی ئیسلام خۆیان لەو کاتەدا ئەتکی شەرەفیان کردوون و ژیانی خۆیان و کەسوکاریشیان بە هەدەر بردوە) تیا نابینین.  ڕەنگە ئەفەرۆزکردن و تەریکردنی کچە لێدراو  و  لاقەکراوەکان خۆی وەڵام بێت کە بۆچی  لە ئێستادا  ئەو  مێژووە جارێکی تر بە زەقترین و وەحەشتناکترین  شێوە خۆی دووبارەکردەوە لە شەڕی داعش لە شەنگال. هەموو بینیمان کە چۆن کچان و ژنانی یەزیدی کرانە کەنیزە و کۆیلە، بوونە نێچیر بۆ حەز و هەوەسی پیاوە داعشیە سێکسبازەکان. پیاوە داعشییەکان نەک ناسڵەمنەوە و ناترسن لەوەی کە خودایەک هەیە و لێپێچینەوە و لێپرسینەوەیان لێدەکات لە قیامەتدا، بەڵکو بە پێجەوانەوە لاقەکردنی کچان و ژنانی تر ئەتککردنی  ناموس و شەرەفیان ، حەڵاڵکردنیان بۆ خۆیان، بە بیانووی ئەوەی کە موسڵمان نین، بە جیهادی موقەدەسی دەبینین.                                                             

با بگەڕێینەوە سەر بابەتی سەرەکیی ئەم نوسینە کە ئەویش قسەکردنە لە سەر چەمکی سفوور، ئەوا ووشەی سفوور لە((سفر))[2]، هاتووە مەبەستیش لێی دەرخستی دەموچاوە بە تەنها، واتە ژنی سفور ئەو ژنەیە کە دەموچاوی دیارە و دانەپۆشراوە خۆی نیقاب نەکردووە، هەر وەک لەم ئایەتەدا هاتووە. وُجُوهٌ يَوْمَئِذٍ مُسْفِرَةٌ ﴿عبس: ٣٨﴾. ئەم ئەیاتە پێمان دەلێت کە سفووربوون هیچ پەیوەندییەکی بە بەدەن و لەشولاری ژنەوە نییە، بەڵکو تەنها مەبەست لێی دەرخستن و ڕووپۆشنەکردنی دەموچاویەتی. کەواتە ئەسڵی ووشەکە لە سیاقە شەرعی و عەرەبیەکەی خۆیدا تەواو جیاوازە لەوەی کە ئێمە لە دونیای کوردیدا پێ ئاشناین و بەکاریدەهێنن. بە مانایەکی تر، ژنی سفور مەرج نیە ژنێکی سەر ڕووت بێ حیجاب بێت بەڵکو دەشێت ئەو ژنانەیش بە سفور دابنرێن کە  موحەجەبەن بەڵام دەموچاویان دیارە. کەواتە خودی ئەم گریمانەیەی مەلا گرفتی تێدایە چونکە نەیتوانیوە بۆمان جیا بکاتەوە کە ئایا ئەو مەبەستی لە کام ژنانەیە؟ بەم جیانەکردنەوەیشی ژنانی باڵاپۆشی دەموچاو دانەپۆشراویش دەخاتە ناو بازنەی  تێزەکەیەوە، ئەمەیش وا دەکات پیاوەکانی ئەوانیش ببنەوە بە بەشێک لە سەلمێنراوەکەی مەلا. دووریش نییە و ژن وکچی مەلا خۆیشی موحەجەبە و باڵاپۆش بن بەڵام دەموچاویان دانەپۆشراو بێ نیقاب بن، واتە سفور بن.

پارادۆکسی ئەم گوتارە لەوەدایە کە بەناوی تابۆکردنی سفوریەوە، مەلا گەرەکیەتی سوبێکتێک دروستبکات کە خۆی تابووە کە ئەویش گەوادییبوونە! دورسبوونی جۆرێک لە پیاو کە هیچ نەزم و ڕیسایەکی ئایینی و کۆمەلایەتی و مۆڕاڵی نایگرێتەوە. مەلا گەر بە ئاگایانە یان بێئاگایانە بێت دوو نەرێنی و نێگەتیڤی کردووە بە گژ یەکدا و لە یەک گریمانەدا کۆیکرددونەتەوە. ئەنجامی ئەم هاوکێشە و گریمانەیەی مەلا لەوەدا پۆزەتیڤە کە خۆی بە دەستی خۆی باوک دەکوژێت و بە کوژراویش شکۆی پیاوبوونی لێدەسەنێتەوە بەوەی  کە دەیکات بە گەواد. مەلا لەم گوتارەیەدا هیچ رەحم و سۆزێکی بۆ خودی پیاو نەهێشتۆتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ مەلا لە خەمخۆرییەوەی بێت بۆ ژنان و کچانی موسوڵمان؟ تا بەر غەزەبی خودا نەکەون و بەهەشتیش لە حۆرییەکانی چۆڵنەبێت؟ یان تۆ بڵێی مەلا لە نەست و نائاگایی خۆیدا بیەوێت بەهەشت لە سەر زەوی دروستبکات مەرجی پێشوەختیش بۆ ئەو بەهەشتە زەمینیە گەوادبوونی باوک و براکانمانە بە قسەی مەلا! ئا لێرەدا مەلا هیچ حسابێکی بۆ ئەوە نەکردووە کە ووتویەتی و بیری لە ئەگەری هیچ لێکدانەوەیەکی تریش نەکردۆتەوە و بە دەستی خۆی گریامنەکەی بە لاڕیدا بردووە. چونکە ئێمە تا ئەوەنە دەزانین و تێگەیشتووین کە پیاو دەیەوێت ژن داپۆشراو بێت تا وەک ئۆبێکتێکی ئارەزووکراو بیشارێتەوە لە نەزری ئەویتری پیاو. لە هەمان کاتیشدا مژدەی ڕووتبوونەوەیەکی ئەزەلیشی وەک حۆریەک  لە بەهەشتدا دەداتێ،حۆرییەک بۆ حەزو ئارەزووە سێکسیەکانی پیاو لەو دونیادا، بە بەردەوامی کچۆڵەیە و خۆی  تازەدەکاتەوە وەک ئۆبێکتێکی ئارەزوکراوی سێکسی. بە مانایەکی تر، سەرپۆشینی ژن پەردەیەکە بۆ پاراستنی نیگای پیاو بەڵام بە پاراستنی شکۆی پیاو خۆیەوە نەک بەمجۆرەی کە مەلا بانگەشەی بۆ دەکات.

 ئەوەی کە من مەبەستمە بیلێم کە لە ئێستادا لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە ناوی ئاینەوە فەزایەک دروستبوە کە هیچ فرسەتێکی بۆ مرۆڤبوون نەهێشتۆتەوە. ئەمانە بە ناوی پارێزگاری کردن لە پرەنسیپەکانیان کە گوایە خەمخۆری ئاینەکەیانن، خەریکن تەواوی کۆمەڵگەش دەخەنە ترسی نغرۆبوونەوە. ئەمانە بێئاگان لەوەی کە ئەم جۆرە لە گوتار هێندەی ئاماژەیە بۆ شلۆکبوون و نا تۆکمەییان نیو هێندە ئاماژە نییە بۆ هێز ودەسەڵاتیان. چونکە هەر خۆیان هەموو ئەو درزو کەلێنانەش ئاشکرا دەکەن کە پێشتر نەبینراون وتێپەڕیون. هەر بۆیە  کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو  مرۆڤێکی ئایینی لەوە تێبگات کە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژی کە گوایە  یاسا و دەستووری مەدەنی دەیبات بەڕیوە. ئێ ئەمەیش نە سوکایەتیە بە موقەدەساتی ئەو، نە تانەیە لە ئاینەکەی و نە گاڵتەکردنیشە بە پێغەمبەرەکەی. ئەم جۆرە  لە ڕەفتاری خۆسەپێنەرانە کە مۆرکی مرۆڤی ئایینیە، وەکچۆن مۆرکی سایکۆلۆژی و کەلتوریانەی هەموو مرۆڤێکە لەو کولتورەدا کە هیرارکی دروستبووە و لەبنەڕەتدا کەڵکەڵەی داگیرکردن و بەزاندنی سنوری ئەوانی ترە. یاسای شارستانی و بەها مرۆییەکان لەبنەڕەتدا (کە ئەمانە بە مەهانەی ئایینەوە پشکی شێریان بۆ خۆیانبردووە)،هەڕەشە نین وەک ئەوەی کە  تێگەشتوون بڵکو دانانی هێڵێکن بۆ تێکەڵنەکردنی ژیانی تایبەتی و بەرژەوەندیەکانی خۆمان بە ژیانی ئەوانی دی هەر ئەمەیش گەرەنتیە بۆ مانەوەی خود وەک بوونەوەرێکی ئارام و سنورپێشێلنەکراو‌‌.

بۆزیاتر  قسەکردن و بە گرفتکردنی تێزەی گوتارەکەی مەلا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ساتە مێژوویەی کە تیایدا بۆ یەکەم جار حیجابکردن و خۆدەرخستنی ژن بەهایەکی گەورە و چارەنوسسازی دەبێت لە مێژووی ئیسلام خۆیدا.

 ئەو ساتەوەختەی کە موحەمەد وەک پیاوێکی دەروونشێواو شڵەژاو بێئاگا لەوەی کە دەیبینێت  و پێدەگوترێت لە زمانی جوبرائیلەوە، نازانێت ئاماژەیە بۆ چی؟  بوویشە بە چی؟ بێهودانە دەگەڕیتەوە بۆ ماڵەوە بە خەدیجەی ژنی دەڵێت: خەدیجە، پێدەچێت من شێت بووبێتم و سەرم لێتکچوبێت! ئەویش لێی دەپرسێت: بۆچی وا دەڵێیت؟ موحەمەد دەڵێت: لە بەرئەوەی نیشانەکانی شێتبوون لە خۆمدا دەبینم...کاتێک کە بە ڕیگەدا دەڕۆم، دەنگ لە هەموو لایەکەوە دەبیستم، دەنگ لە هەموو بەردێک و دۆڵێکەوە دێت.. لە شەویشدا و لە خەوەنەکانمادا بوونەوەری زۆر زەبەلاح دەبینم کە سەریان لە ئاسمانا، پێیان لە زەوی، من نایانناسم، ئەوان بە لای خۆیانداڕامدەکێشن.

خەدیجە دەڵێت: بۆم باسبکە، کەی و لە کوێ ئەو شتانە دەبینیت؟

رۆژێک کە موحەمەد لە ماڵەوە دەبێت بە خەدیجە دەڵێت : ئێستا بوونەوەرەکە ئەبینم و ئەوەتا لە بەردەممدایە.. ..خەدیجە لە موحەمەد نزیک دەبێتەوە و دادەنیشێت و دەینوسێنێت بە سنگیەوە و پێدەڵێت ئێستایش دەیبینیت؟ ئەویش دەڵێت بەڵێ، ئێستاش دەیبینم...ئینجا خەدیجە سەرپۆشەکەی لادابات و سەروقژی دەردەخات و لێدەپرسێت ئەی ئێستا دەیبینیت؟ موحەمەد دەڵێت: نەخێر نایبینم.. خەدیجە پێدەڵێت: ئەوەی دەیبینیت شەیتان نییە و بەڵکو فریشتەیە....مژدەت لێ بێت! تۆ بوویت بە پەیامبەر..

دەرونشیکاری فەڕەنسی بە ڕەچەڵەک تونسی (فەتحی بن سەلامە) لە کتێبی( دەرونشیکاری و  ئیسلام)دا باس لەم ڕووداوەی نێوان خەدیجە و موحمەد دەکات و بە دیمەنی خۆنمایشکردنی ژن  ناویدەبات و دەڵێت: باسکردن و گێرانەوەی ئەم کورتە مێژووە  لەوەدا بۆ ئێمە گرنگە کە پێماندەلێت: میژووی حەقیقەتی ئیسلام و پەیامبەرەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ سەرپۆش فڕیدان و رووتبونەوەی ژن نەک خۆداپۆشین و حیجاکردنی لەو نیگایەی کە لە سەرەوە تەماشای دەکات، کە نیگای(فریشتە_جوبرائیل)ە.

 کرۆکی ئەم چیرۆکە و گرنگیەکەشی لەوەدایە کاتێک کە خەدیجە خۆی دەردەخات ئیتر جوبرائیل خۆی دەشارێتەوە، چونکە ئەو نابێت خەدیجە بە سەری ڕووتەوە ببینێت و نیگای بکات. کەواتە بە پێی ئەو گێرانەوەیە بێت خۆدەرخستنی ژن مەرجە بۆ بەیانکردن و نیشاندانی حەقیقەت دواتریش دروستبوونی باوەڕە. ژن باوەڕ بەو شتە دەکات کە نەیبینوە، بەڵام پیاو باوەڕ بەو شتە ناکات کە دەیبینێت، هەر بۆیە پێویستی بە ژنە تا بتوانێت باوەڕ بەو شتە بهێنێت کە دەیبینێت. موحەمەد نازانێت چی لە ناویدا دەگوزەرێت تا بتوانێت بڕیار بدات، ئەوەی کە یارمەتی دەدات لە بوونی ئەوی تر، لێرە مەبەست (جوبرائیل)ە دڵنیایی دەکاتەوە وەک نێردراوی خودا، خەدیجەیە، بەڵام خەدیجەیەک بە بێ سەرپۆش و حیجاب. بە پێی گێڕانەوەکانیش خەدیجە یەکەم موسوڵمانە، کەواتە یەکەم موسوڵمان ژنێک بوو بێ سەرپۆش و حیجاب، ئەو بوو وایکرد جوبرائیلی خودا وەک نێردراوی ڕاستی و حەقیقەت هەڵبێت و ڕابکات، هەر ئەویش یەکەم کەس بوو کە باوەڕی هێنا و لە ڕێی ئەویشەوە بوو کە موحەمەد توانی لە بوونی خوا دڵنیا بێتەوە و بیبێتە پەیامبەر.  هەربۆیە لەو ماوەیەدا و لە سەروبەندی هاتنە خوارەوەی ئایەتەکاندا موحەمەد بە خەدیجە دەڵێت، مەلائیکەتی خودا سەلامی بۆ ناردوویت! هەمووان دەزانین کە یەکەم موسوڵمان خەدیجە بووە، واتە خەدیجە (ئەوی تری گەورە)یە بە مانا لاکانییەکەی. ڕوونتر بلێین خەدیجە گەرەنتییەکە یە بۆ بوونی موحەمەد وەک سوبێکتێک و پەیامنێرێک. چونکە ئەوە خەدیجەیە کە یەکەمجار باوەڕ بە موحەمەد دەهێنێت و  دلنیاشی دەکاتەوە لە بوونی خۆی وەک پەیامبەرێک.

فەتحی بن سەلامە دەڵێت: دەبێت پرسیارەکە ئەوەیە چی وادەکات کە پێگەی ژن لە ئیسلامدا بەو شێوەیە بگۆڕدرێت.؟ ئەو گۆڕنکاراییەی کە بەرامبەر وێناکردنی  ژن هاتووە لە کەسیکەوە کە حەقیقەت دەردەخات بۆ کەسێک کە بە سرووشتی خۆی (ناقص العقل و الایمان). کەسێک کە لە ئەزەلەوە هەڵگری گوناهێکی ئەزەلییە، فریودەر و ئاشووبگێڕە، پیاو لە خوای خۆی دووردەخاتەوە. ژن وەک شەرم و شوورەییەکی ئۆنتۆلۆژی کە هەموو دەرکەوتنێکی و خۆنیشاندانێکی لە فەزای گشتیدا دەبێتەوە بە هەڕەشەیەک بۆ بوونی ئیسلام، ئەو ئیسلامەی  ئەگەر بێ‌سەرپۆشی و بێ‌پەچەیی ژن نەبوایە ئەوا هەرگیز نەئەهاتەیشە بوون، بە پێی گێرانەوە مێژوودیەکە خۆی.

 ئەم شیکارییەی فەتحی بن سەلامە لەوەدا بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە کە پێماندەڵێت سەرداپۆشینی ژن بە تەنها شاردنەوەی سەروپرچی نییە وەک ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو لە ئێمەیان گەیاندووە، بەڵکو داپۆشینی ئەو چاوەیە کە لەسەری ژندایە و حەقتقەتت پێدەبینێت. ئەو چاوەی کە شتگەلێکی پیدەبینێت کە پیاو ناتوانێت بیبینێت و درکی پێبکات.

 

 

 

 


[1] علی الوردی(حوارات فی الطبیعە البشریە)، (الشرق الاوسط)