A+    A-
(1,153) جار خوێندراوەتەوە

                   ڕانانێک بۆ کتێبى: "خودا لەناو ئازاردا"

                                 

               

                   جەى.دى.دەیڤس

                 و. ڕوشدی جەعفەر

             

 

 

چاوخشانێکى گشتى:

دەکرێت ئامانجى ئەم کتێبە بە دوو شت بزانین: یەکەمیان، فراوانکردن و ڕاکێشانێکى قووڵترى مشتومڕە گشتییەکەی نێوان هەریەکە لە ژیژەک و بۆریس گەنجڤیکە، دووەمیشیان وەک درێژەى ئەو تێما و باسوخواسانەیە کە لەسەرەتاوە لەلایەن جۆن میڵبانک و ژیژەکەوە لە کتێبى "The Monstrosity of Christ" خراوه‌ته‌ڕوو. ژیژەک و گەنجڤیک لەڕێگەى هەشت وتارى بەنۆرەوە (هەر نوسەرێک و چوار وتار)، تیۆرى دەروونشیکارى و تیۆلۆژیا بەکاردەهێنن تا کەڵکى دینە ئیبراهیمییەکان بۆ ئەفراندنى هێزێکى سیاسیی ڕزگاریبەخش بخەنەڕوو و لێی بکۆڵنەوە. لەکاتێکدا ئەو باسانەی لەم کتێبەدا خراونەتەڕوو زۆرجار فرەدیون، بەڵام بەدەورى چەقێکدا دەسوڕێنەوە کە بریتییە لە ڕۆڵی مەسیحیەت و ئیسلام و جوولەکە و گوتەزاى موقەدەس لە کۆمەڵگاى خۆرئاواییدا، هەروەها ئاخۆ دینە ئیبراهیمییەکان چ شتێکیان هەیە پێشکەشی بکەن، (ئەگەر ئەسڵەن شتێکیان هەبێت)، بۆ پەرژانە سەر پرسەکانی پۆستمۆدێرنە.

لە بەشى یەکەمدا، ژیژەک باسى ئەوە دەکات کە ئەتایزم (ئیلحاد- بێخوایی)، دوور لەوەی نکۆڵیکردنى خودا بێت، بەڵکو پتر جاڕدانێکى لاکانییە کە خودا نەستە. باسەکە دەکەوێتە بەرەى پێچەوانەى دۆستۆیڤسکییەوە، (واتە لەجیاتیی ئەوەى بڵێت گەر خوا نەبێت هەموو شتێک ڕێپێدراوە)، کەچى ژیژەک پێیوایە گەر خودا هەر بەڕاستى هەبێت ئەوا هەموو شتێک قەدەغە و ڕێپێنەدراوە. ژیژەک باسى ئەوە دەکات، لەڕێگەى ئەم نکۆڵییە فیتیشیستییەى ئارەزووەوەیە، کە ئەم فۆرمە لادەرەی مەسیحیەت هەلومەرج بۆ ئازارچەشتنێکی هێندە زۆر لە جیهاندا دەسازێنێت و دنەیدەدات، ئیدى لە گێچەڵى سێکسیی پیاوە ڕۆحانییە کاسۆلیکییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە تەقاندنەوەی نۆڕینگەکانى لەباربردنى مناڵ. لەڕێگەى ئەم خوێندنەوەیەوە، خۆبەختکردنى مەسیح وەک دالێک کاردەکات کە گوزارشت لە بێ‌توانایی[1] ئەویترى گەورە دەکات، و هەڵکەوتە ڕیشەییەکەى جیهانە مادییەکە بەشتدەکات و ڕوویەکی کۆنکرێتیی پێدەدات[2]. بەم جۆرە ژیژەک ئەرگۆمێنتى ئەوە دێنێتەوە کە توندوتیژى ئەودەم ڕوونادات وا ڕێکەوتى زۆر لە جیهاندا هەیە، بەڵکو پتر ئەوکات ڕوودەدات کە ئێمە هەوڵدەدەین هەڵکەوت و ڕێکەوتێکى لەم جۆرە لەناوببەین (ل٦٦).

لە وەڵامى ژیژەکدا، گەنجڤیک لە بەشى دووەمدا هاوڕایە لەسەر ئەوەى کە دین لەڕاستیدا دەكرێت ببێتە سەرچاوەی توندوتیژییەکى بێڕەحمانە لە جیهاندا. بەڵام وێڕاى ئەمە باسى ئەوەش دەکات کە تێگەیشتنێکى ڕاستەقینە لە ژیانێکى زاهیدانە و ئەو دیسپلینەى لە کتێبی شارى خودا (City of God)ـى ئۆگەستین قه‌دیسدا کراوەتە نمونەیەکی نیشاندەر، دەکرێت وەک سەرچاوەی ماتەوزەیەکى شۆڕشگێڕانە دژى هێزەکانی کەپیتالیزمى جیهانى بخرێتەگەڕ (ل١٠١). بە زمانی خۆی  باسى ئەوە دەکات کە « حەج و زیارەتێکى هاوبەشى جڤاتى کاسۆلیک لەسەر زەوى، تاكە بەدیلە بۆ میتاحەکایەتێکى ئیمپریاڵی کە دەتوانێت ئەو پراکسیسەی پێویستە بۆ هێنانەئاراى سوبێکتێکى سیاسى بڕەخسێنێت» (ل٩٩). گەنجڤیک لایەنگرى جۆرە کۆمەڵگایەکى کۆمیناڵ و هاوبەشە چونکە پێى‌وایە فەزیلەت تەنیا ئەودەم بەتەواوەتی کارى خۆى دەکات کە سەرلەبەرى کۆمەڵگایەک خاوەنى ئەو فەزیلەتە بێت و پێکڤە پیادەى بکەن. گەنجڤیک بڕواى وایە کۆمەڵ و جڤاتێکى لەم جۆرە تاکە ئەڵتەرناتیڤى ڕیشەییە بۆ ئیمپراتۆریەتى هەنوکەى کەپیتاڵیزمى جیهانى.

لە بەشى سێیەم و چوارەمدا، ژیژەک و گەنجڤیک ماهیەتى ئیسلام دەخەنە بەر تێڕامان. ژیژەک لە ڕۆڵى ژن لە ئیسلامدا لەڕێگەى فیگەرەکانى وەکو هاجەر و خەدیجەوە ڕادەمێنێت و سەرەنجام واى دەبەڵگێنێت کە ئیسلام لەڕێگەى سوبێکتى مێینەوە ماتەوزەى تەقینەوەیەکى داهێنەرانەى تیایە. ئەو دەنوسێت: «هەر لەویادا سکانداڵە شاراوەکەى ئیسلامیش نوستووە: تەنیا ژنێک، کە ژن خۆی ڕێک بەرجەستەبوونى لێکجیانەبوونەوەى حەقیقەت و هەڵەیە، دەتوانێت حەقیقەت مسۆگەربکات. لەبەر ئەمەش دەبێت بە ڕووپۆشکراوى بمێنێتەوە». لەلایەکى ترەوە، گەنجڤیک بونیاد و ستراکتۆرى ئەدەبیی قورئان شیدەکاتەوە و پێى‌وایە هەریەکە لە فەندەمێنتاڵیستە مەسیحییەکان و لیبراڵە ئیسلامییەکانیش مەیلیان بە لاى تێگەیشتنێکى نادرووستدایە لە محەمەدى پەیامبەر (ل١٤١). لەجیاتییەکەیدا، پاڵپشتیی شێوازى سێیەمى خوێندنەوەى دەقەکە دەکات، کە شیعریەتى میتافیزیکى سۆفیانە (لەڕێگەی ئیبن عەڕەبی و مەولانای ڕۆمی و عەتاری نەیشاپوری‌یەوە) تێهەڵکێشى خوێندنەوەیەکى ماتریاڵیستى دەکات کە ئیلهامی لە ئالان بادیۆ وەرگرتووە (ل١٤٣). گەنجڤیک بە بەکارهێنانی خوێندنەوەکەى بادیۆ بۆ قەدیس پۆڵس، باسى ئەوە دەکات کە «زۆرگرنگە قورئان وەک دەقێکى عیرفانى بخوێنرێتەوە کە هاوشان لەگەڵ قووڵبینییە شیعری و عیرفانییەکانیدا، گوتارێکى وەجدى[3]یش لەخۆدەگرێت» (ل١٤٩). گەنجڤیک بەهۆى خوێندنەوەیەکى لەم جۆرەى قورئانەوە، پێی‌وایە ئێمە وا دژى دەسەڵاتەکانى ئیمپراتۆریەت دەجەنگین، چونکە ئیمپراتۆریەت نایەوێت  ئەویتر]ی ناخۆرئاوایی و نامه‌سیحی[ بناسین کە بە دوژمن  داده‌نرێت.

بەشى پێنجەم و شەشەم، چەقى پڕۆژە تیۆلۆژییەکانى ژیژەک و گەنجڤیکن. ژیژەک بە هۆى ورووژاندنەوەى پرسى عەدالەتى خودایی (theodicy)ـەوە دەستپێدەکات: بۆچى لە دونیایەکدا کە گوایە خودایەکى بەڕەهایی چاکەخوازى تیایە، کەچى ئازار و تراوما هەر هەیە؟ ژیژەک هەر یەکە لە ئەرگۆمێنتەکانی "پلانی باڵادەستی [خودایی]" (sovereign plan) و "خودای کۆتادار و سنوورمەند" (finite, limited God)یش دەرهەق بە عەدالەتی خودایی وه‌لاوه‌ده‌نێت و شێوازی سێیەم دەخاتەڕوو: خودایەکی ئازارچەشتوو. ژیژەک دەنوسێت: «ئازاری خودا دەلالەت لەوە دەکات کە خودا دەرگیری مێژوو بووە، و کاریگەریی مێژووشی کەوتۆتەسەر، نەک ئەوەی تەنیا سەروەرێكی[4] بڵند و ترانسێندێنت بێت کە لە سەرەوە دەزووی کاروبارەکانی بەدەستەوەیە: ئازاری خودا ئەو مانایە دەگەیەنێت کە مێژووی مرۆیی تەنیا هەر شانۆیەکی سێبەرەکان نییە، بەڵکو شوێنی ململانێیه‌كی حەقیقییە، ململانێیەک کە تێیدا موتڵەق خۆی دەرگیرێتی و چارەنووسەکەشی یەکلاکراوەتەوە» (ل١٥٧). ژیژەک یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کتێبی "the Monstrosity of Christ" دووپاتدەکاتەوە، و باسی ئەوە دەکات پرۆتستانتیزم بەپێچەوانەی کاسۆلیکیەت و ئۆرتۆدۆکسیەتی خۆرهەڵاتییەوە، ڕادیکاڵترین خوێندنەوەی بۆ مەسیح تێدایە؛ لە پرۆتستانتیزمدا خودا لە کردەی بەجه‌ستەبوونیدا[5] «بەئازادیی لەگەڵ پیسییەکەی (shit) خۆیدا هاوشوناسی دەکات، واتە لەگەڵ مرۆڤدا کە پیساییە واقیعییه‌كه‌ی خودایه- تەنیا لەم ئاستەشدا دەکرێت لە تێگەی مەسیحییانەی خۆشەویستی خودایی تێبگەین، وەک خۆشەویستی بۆ ئەو بوونەوەرە پاشەڕۆئاسا (excremental entity) و بەلەنگازەی پێی‌دەوترێت "مرۆڤ» (ل١٦٣). لە کردەی لەخاچدان‌دا، ئێمە نامۆبوونی خودا لە خودا خۆی بەدیدەکەین، کە دەرفەتمان دەداتێ نامۆبوونی خۆمان [وەک مرۆڤ] لە موتڵەق لەگەڵ لەخۆنامۆبوونی موتڵەق خۆیدا بناسینەوە. بە گوزارشتێکی دیکە، « من هەر لەو مەودایەدا نیشتەجێم کە خودا بە منەوە هەیەتى» (ل١٧٥). بێگومان، ژیژەک وێڕای ئەم قووڵبینییە، هەندێک بەرچاوڕوونییش لەبارەی ماهیەتی کۆمیدیانەی مەسیحیەت، گرفتی فەندەمێنتاڵیزم و بودیزمی خۆرئاوایی وەک هاوپەیمانێکی سەرمایەی گڵۆباڵ پێشکەشدەکات. گەنجڤیک، لە وەڵامی ژیژەکدا، پشتگیریی لە بەهای ئۆرتۆدۆکسیەتی ڕادیکاڵ دەکات وەک تەقەلایەک بۆ هێنانەئارای  "پرۆتستانتیزمێکی جێگرەوە" (لا ١٩٦). گەنجڤیک لە پێشکەوتنی مێژوویی ئۆرتۆدۆکسیەتی ڕادیکاڵ لە ئینگڵتەرا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستدا دەکۆڵێتەوە، جەختیش لەسەر کارەکانی ئۆگه‌ستین و تۆمای ئەکویناس دەکاتەوە وەک بناغەی فۆرمە ڕزگاریبەخشه‌ ڕاستەقینەکانی ناڕەزایەتیی سیاسی.

دواجار، لە دوو بەشی کۆتاییدا، ژیژەک و گەنجڤیک هەندێک بیرۆکەی دوایین لەبارەی ڕۆڵە سیاسییەکانی جوولەکە و مەسیحیەت لە مێژوودا دەخەنەڕوو. ژیژەک دیسان دیالەکتیکی هیگڵی بەکاردەهێنێت بۆ تێڕامان نەک تەنیا لە جیاکاریی نێوان تیۆلۆژیای مەسیحی و مێسیانیزمی جوولەکە بەڵکو لەبارەی جیاوازیی بنچینەیی نێوان مرۆڤەکان و ئاژەڵەکانیشەوە. ژیژەک بە بەکارهێنانی بەرچاوڕوونییەکانی نیچە، دێریدا، فرۆید، چێستەرتۆن و بنیامین، جەخت لە نیگای ئاژەڵی و بێ‌بنی ئەویتر(ـى ناخۆرئاوایی) دەکاتەوە. ژیژەک سەرەنجام ئەم دەرەنجامگیرییە دەکات: «لە پەیوەند بە مەسیحیەتەوە، لەجیاتیی ئەوەی کاتی خۆمان لە ڕۆچوون لەو باسەدا بەفیڕۆبدەین کە چۆن مەسیحیەت بە جوولەکەوه‌ گرێبدەین، و چۆن مەسیحیەت بەهەڵە لە پەیمانی کۆن تێده‌گات له‌ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی وه‌ك‌ ڕاگه‌یاندنی هاتنی مەسیحەوە… بەڵکو دەبێت ئەم گۆشەنیگایە هەڵگێڕینەوە و مەسیحیەت خۆی "نامۆبکەین و لەئاشنایی‌دایماڵین"(extraneate) ، واتە وەک مەسیحیەت-لە- بوونبەدا[6] مامەڵەی لەگەڵ بکەین و تەرکیز بخەینە سەر ئەوەی ئاخۆ دەبێت مەسیح لە چاوی دامەزراوە ئایدیۆلۆژییەکەی جوولەکە وەک جانەوەرێکی چەند سەیروسەمەرە، وەک دەعبایەکی چەند ئابڕوبەر دەرکەوتبێت» (ل٢٤٠).

گەنجڤیک کتێبەکە بە خستنەڕووی ڕاڤەیەکی قووڵ و هەمەلایەن لەبارەی ئینجیلی مەرقۆس[7] کۆتایی پێدێنت. ئەو پێی‌وایە ئینجیلی مەرقۆس زیاتر لە مانیفێستێکی گەریلایی دەچێت، بەوپێیەی عیسا بەرهەڵستیی هەموو هاوشوناسییەکی سیاسی دەکات و فەزایەکی تیۆلۆژی-سیاسی بەتاڵ دەئافرێنێت كه‌ تێیدا دواتر مەرقۆس درێژە بە شیكردنه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چەمکی مەسایا (Messiah) ده‌دات (ل٢٤٢). گەنجڤیک لەڕێگەی پشکنینی چەند کورتیلەچیرۆک (پارابڵ)ێكه‌وە، ئەوە پشتڕاستدەکاتەوە کە ئینجیلی مەرقۆس «بەشێوەیەکی لێبڕاوانه‌ نیشانماندەدات کە ئێمە لە پەرستگای ئۆرشەلیمدا بەر حزووری خودا ناکەوین، بەڵکو لەجیاتییەکەیدا لە بیاباندا بەری دەکەوین» (ل٢٥٧)، واتە  لەو جێیەدا وا هەموو گرێبەست و بۆندە کۆمەڵایەتییەکان تێکشکاون. لەم خوێندنەوە کەرنەڤاڵی و گرۆتێسکەدا بۆ مەسیحیەت کە ئیلهامی لە میکایل باختین وەرگرتووە، ئەم دینە دەبێتە سەرچاوەی سیاسەتێکی ڕادیکاڵ، نەک تەنیا دەرهەق بە هەلومەرجی ئیسرائیلی کۆن، بەڵکو بەنیسبەت هەلومەرجە هاوچەرخەکانی ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتییشەوە. گەنجڤیک بڕوای وایە، ئیجیلی مەرقۆس هەڵدەستێت بە یەکخستنی هەژار و بێبەش و پلە نزمەکان له بۆندێکی هاوبەش لە مەسیحدا، کە دەرفەتی ناڕەزایەتی و ڕێکخستنی گشتی و كۆمیناڵ لە دژی هەلومەرجەکانی سەرمایەی جیهانی دەڕەخسێنێت.

 

ستایش و سپاردەکان:

ئەگەرچی ژیژەک بێ‌باوەڕێکی مولتەزیمە، کەچی هێشتاش هێزێکی شۆڕشگێڕانە لە ئینجیلی مەسیحیدا بەدیدەکات، هەروەها ماتەوزەکەشی بۆ دەرگیربوون لەگەڵ قەیرانی کۆمەڵگا پۆستمۆدێرنەکەماندا. ژیژەک، وەک عادەتە هەمیشەییەکەی خۆی، چەمکی ئاتەیزم سەراوژێر دەکاتەوە، و باس لەوە دەکات نەک تەنیا مەسیحییەکی سەرڕاست دەبێت ئەتایزم ئەزموونبکات، بەڵکو ئەو کەسانەی ئەتایست و بێباوەڕیشن، بە مانای پڕاوپڕی وشەکە، دەبێت بچنە ژێرباری ئەزموونی مەسیحیانەوە. لە دیدی ژیژەکەوە، لەخاچدانی مەسیح وەک نوکتەیەکی ئیلاهی کاردەکات کە تێیدا خودا خۆی لە هەموو شکۆمەندییەک خاڵیدەکاتەوە و دەمرێت، ئارەزوومەندانەش شان دەداتە بەر ئازار تاوەکو جیهان ڕزگار بکات. ئەم شیکارییە باختینی‌یە جەختکردنەوەیە لەسەر سرووشتی کەرنەڤاڵییانەی مەسیح کە خۆی دەخاتە دەرەوەی تخوبەکانی سەروەت و سامان و پێگەوە، و لەبری ئەوە کۆمەکی هەژار و پەراوێزخراوانی کۆمەڵگا دەکات. گەنجڤیکیش لای خۆیەوە، پاڵپشتی لە زۆرێک لە بانگەشە جەختلێکراوەکانی ژیژەک دەکات، هەڵبەت لە گۆشەنیگایەکی مەسیحیی جیاوازەوە.

ئەم ڕەهەندە هەرەوەزی و هاوبەشەی کتێبەکە یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان، بەوپێیەی هەریەکە لە نوسەرەکان بۆچوونەکانی یەکدی لە مشتومڕەکەدا تۆکمەدەکەن. بەپێچەوانەی زۆربەی مشتومڕەکانی تر لەنێوان ئەتایست و باوەڕدارانەوە، ژیژەک و گەنجڤیک پەلاماری یەکتر نادەن، بەڵکو پێکەوە وتارەکانیان، هاوشێوەی چنراوێکی ڕازاوەی هاوپەیوەست و پێکداچوو، دادەڕێژن. ژیژەک، وەک هەمیشە، لە نوسینەکانیدا پڕبانگەشە و لێوڕێژە لە وزە، زۆرجار شێوازە باڵادەستەکانی هزر بەبێ فەرق‌‌‌‌وجیاوازی‏‌‌ دەورووژێنێت. ئەو چەندین "حیکمەت"ی بەربڵاو قڵپدەکاتەوە کە ئەمەش گەلێک خاڵی گرنگ ولەبیرنەکراو دەهێنێتەئاراوە (بۆنمونە فەندەمێنتاڵیستەکان کەسانێکی هێجگار نادڵنیا و پڕگومانن، یان ئەتایستەکان لە باوەڕداران مەسیحیترن و هتد). ئەگەرچی زۆرێک لەو باسانەی ژیژەک لەم کتێبەدا نوسیوێتی، لە کارەکانی تریشیدا بەرچاودەکەون، بەڵام وادێتەبەرچاو پڕۆژە تیۆلۆژییەکەی وی لێرەدا زۆر پوختەتر و چڕکراوەترە. لام وایە ئەرگۆمێنتەکانی وی بۆ خوێندنەوەیەکی مەتریاڵیستی مەسیحیەت، هەڵگری بەهایەکی دیاریکراون بۆ جڤاتی مەسیحی، کە زۆرجار خۆی لەناو میتافیزیکی گنۆستیکدا وندەکات. نابێت بەشدارییەکەی ژیژەک لە تیۆلۆژیای مەسیحیدا نادیدەبگیرێت؛ وێڕای ڕووکارە بێخودا و مارکسییەکەی، وادیارە لەو هەڵوێستە ئەخلاقییە تێدەگات کە کەوتۆتە هەناوی ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی ئینجیلی مەسیحییەوە.

گەنجڤیکیش  بە گەلێک قووڵبینی سەرسوڕهێنەرەوە بەشداریی لەم کتێبەدا کردووە. وتارەکانی گەنجڤیک، کە بەشێوەیەکی ناوازە لەلایەن ئێلن ئیلیاس بورساک لە زمانی کڕواتییەوە وەرگێڕدراون، ئەوکاتەی ئۆگەستین و ئینجیلی مەرقۆس بۆ مشتومڕکردن لەبارەی هەڵوێستێکی دژە-کەپیتاڵیستی بەکاردەهێنێت، هێز و کاریگەرییەکی تایبەتییان هەیە. بێ شک، گەنجڤیک بەراورد بە ژیژەک کەسێکی کەمتر ورووژێنەرە، بەڵام تەفسیرە وردکار و سەنگێندراو و وریایانەکەی بۆ تێکستە تیۆلۆژییەکان وەک هێزێکی هاوتاکەری دڵڕفێن وایە بۆ ستایلە پێچاوپێچەکەی ژیژەک.  ئەو گفتوگۆیەک لەنێوان ئەدەبیاتی کلاسیکی مەسیحی (وەکو ئۆگەستین، ئەکویناس و دانتی و هتد) و بیریارە هاوچەرخەکانی وەکو ئاڵتۆسێر و بادیۆ و جۆن میلبانکدا دەسازێنێت، ئەمەش هەلێکی ناوازەمان دەخاتە بەردەست بۆ شیکارکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دین، سیاسەت و فەلسەفەی قاڕەیی. بەم شێوازە، هەریەکە لە ژیژەک و گەنجڤیک وەک دوو هاوگفتوگۆ دێنە بەرچاو نەک دوو دوژمنی سەرسەخت. هەر کامێکیان بیریارێکی تاقانە و داهێنەرە و کارەکانیشیان بەجوانی یەکتر تەواودەکەن.

 

ڕەخنە:

بەهەرحاڵ، چەند خەوش و کورتهێنانێک لەم کارەدا هەن. بەر لە هەموویان، ئەگەر هەندێک لەو کارانەی پێشتری ژیژەکت خوێندبێتەوە کە تیایاندا تاوتوێی مەسیحیەت دەکات، وەکو کتێبی  بووکەڵە و کورتەڵە(The Puppet and the Dwarf )،  ئەوا لەم وتارانەدا چەندین پاژ دەبینیت کە تەقریبەن کۆپى‌پەیست‌کراونەتەوە. ژیژەک زۆرجار لەبەر تەرحکردنە فەلسەفییە پێچاوپێچەکانی ڕەخنەی لێگیراوە. هزری ژیژەک زۆربەیجار هزرێکی نا-هێڵی‌یە، و بەخێراییەکی سەرگێژکەر لە بابەتێکەوە بازدەداتە سەر بابەتێکی تر، و چەندین جاریش لە باسە سەرەکییە لادەدات و دەپەرژێتە سەر بابەتی تر. گەرچی ئەم خاڵە دەرهەق بە هەندێک بەشی ئەم کتێبەش ڕاستدەکەوێتەوە، بەڵام پێموایە کتێبی خودا لەناو ئازاردا لە زۆربەی کارەکانی تری پوختەتر و چڕکراوەترە. لەکاتێکدا ڕاستییەکەی لێرەشدا هەندێک لە باس لادان لە وتارەکانی ژیژەکدا هەن، بەڵام هەرگیز بە تەرزێکی ڕیشەیی لە خاڵە سەرەکییەکان لانادات و لەکۆتاییشدا هەمووی بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەوانەیە هۆی ئەمە بگەڕێتەوە بۆ سنوورداریی فۆرمی وتار، بەڵام پێموایە مایەی سەرسوڕمانە ژیژەک له پشکنینە تۆپۆلۆژییەکەیدا بهێڵینەوە.

لە لایەکی ترەوە، لەکاتێکدا گەنجڤیک بەدرێژایی وتارەکانی چەندین خاڵی گرنگ دەخاتەڕوو، من لە بەدووکەوتنی هەندێک لە خاڵە تەرحکراوەکانیدا تووشی ئاستەنگی دەبوومەوە. زۆرێکیان وا دەهاتنە بەرچاو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی تێزەکانی میلبانک و پیکستۆک و وارد بن، هەڵبەت بە شێوەیەکی وەها کە تێگەیشتن لێیان ئاسانترە. وێڕای ئەمەش، من هێندە زۆر لە شیکارییەکەی وی، و شیکارییەکەی ژیژەکیش، لەبارەی ئیسلامی هاوچەرخەوە دڵنیا نیم. من ئەگەرچی لێکۆڵەرێکی توێژینەوە دینییەکانم، بەڵام بە هیچ جۆرێک پسپۆڕ نیم لەبارەی ئیسلام، بۆیە دەبێت دەربارەی هەندێک لە گریمانەکانی ئێرە خۆم بێئاگا دەربخەم، بەڵام بە شتێکی نامۆم دێتەبەرچاو کە چۆن ژیژەک و گەنجڤیک مەیلیان بەلای ئەوەدا شکاوەتەوە دابەشبوون و جیاوازییەک لەنێوان مۆدێرنە و ئیسلام داڕێژن. ژیژەک وێڕای جەختکردنەوەی لەسەر ماهیەتی ژنانەی ئیسلام، کەچی بە هیچ جۆرێک لە ڕۆڵی توێژینەوە فێمینیستییە ئیسلامییەکان لەناو دیسپلینەکەدا ناکۆڵێتەوە، ئەمەش ڕێک وا دێتە بەرچاو بێبەشە له جۆرە گۆشەنیگایەکی ناوەکی(insider pesrpective). ئەگەرچی لە پەیوەست بەم وتارەوە، من پەیوەندیی خودا (اللە)م وەک باوکێکی دەستێوەردەر تەنیا لە غیابی پەیوەندییە خێزانییەکاندا بە شتێکی هێجگار دڵڕفێن دێتەبەرچاو (وەکو غوربەتی هاجەر و ئیسماعیل لە بیاباندا)، من بە خرۆشەوە چاوەڕوانی گەلێک گفتوگۆی گرنگ دەکەم لەبارەی ئەم پرسانە لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارە موسڵمانەکانمدا.

دواجار، لەکاتێکدا وتارەکانی ئەم کتێبە بە توندوتۆڵی بەیەکترەوە گرێنەدراون، بەدرێژایی وتارەکانیش هەست بە دیالۆگێکی ڕاستەقینە ناکەین. نوسەرەکان هیچ جارێک بەڕاستەوخۆیی یەکتر یان ئەرگۆمێنتەکانی یەکتر نادوێنن. هیچ بەرپەرچدانەوه و وەڵامدانەوەیەک بەدیناکەین، لەکاتێکدا شتێکی سوودبەخش دەبوو ئەو شێوازانەمان بینیبا وا ژیژەک و گەنجڤیک لێوەیانەوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ موخاتەبەی وتارەکانی یەکتریان کردبا. بەبێ ئەم دینامیکیەتە، هەندێک لە وتارەکان تا ڕادەیەک لێکترازاو لە یەکدی دێنەبەرچاو، ئەوە بۆ خوێنەر جێدەهێڵن کە خۆی پەیوەندیی لەنێوان وتارە جیاکاندا بهێنێتەئاراوە.

 

دەرەنجام:

سەرەنجام، ئەم کۆمەڵە وتارەی ژیژەک و گەنجڤیک نمونەیەکی گەورەیە بۆ ئاڵوگۆڕێکی وریا و هزرمەندانە لە پەیوەند بە ماهیەتی تیۆلۆژیا، سیاسەت و فەلسەفە. ئەم جۆرە دیالۆگە هزرمەندانە بەدەگمەن لە فەزای کەلتوریی هەنوکەییماندا  بەدیدەکرێن. پشکنینی جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو نوسەرەش، نەک لەپێناو ئەوەی لایەنی یەکێکیان بگرین، بەڵکو بۆ ئەوەی ئاڵنگاریی گریمانەکانی خۆمان بکەین، ئەزموونێکی ڕۆشنکەرەوەیە. هەروەها خولیا هاوبەشەکەی ژیژەک و گەنجڤیک بۆ شەنوکەوکردنی ئەو ماتەوزە شۆڕشگێڕانەیەی له کڕۆکی مەسیحیەتدایە، پڕۆژەیەکی سیاسی و تیۆلۆژی هێجگار سەرنجڕاکێشە، هیواداریشم ئەم پڕۆژەیە ببێتە ئیلهامبەخشی بیریار و نوسەرەکانی تر لە دیسپلینە جیاجیاکاندا.

با ڕاستگۆ بم، من کتێبگەلی لە چەشنی کتێبەکەی ژیژەک و گەنجڤیک بۆ ئەوە ناخوێنمەوە تاوەکو فاکت و داتا بۆ بەرسڤدانەوەی پرسیارەکان هەڵبچنم، بەڵکو بۆ ئەوەی   لە گفتوگۆیەکدا ڕایانگرم، بەوپێیەی ئەوان ئاڵنگاریی گریمانەکانی من دەکەن و بیرکردنەوەشم تیژدەکەنەوە. ئەم کتێبه بێ چەندوچوون بۆ ئەو کەسانەیە کە خولیای بیرکردنەوەیان لە دەرەوەی سنوورەکانی دینی نەریتی هەیه، و لایەنگیرییە بنچییەکانمان هەڵوەشێننەوە و سیاسەتێکی ڕزگاریبەخشی ڕادیکاڵ لە نەریتی دینە ئیبراهیمییەکاندا بسازێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئارەزوومەندی خوێندنەوەی ڤێرژنێکی چڕوپڕی پڕۆژە تیۆلۆژییەکەی ژیژەکن، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی دیندارن یان بێدین، ئەم کتێبە خاڵێکی ناوازەیە لێوەی دەستپێبکەن.

 

 


[1] impotence

[2] reifying

[3] ecstatic discourse

[4] Master

 [5]incarnation ئەو باوەڕەی مەسیحیەت کە خودا له ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی لە فیگەری عیسا و شکڵێکی مرۆیدا دابەزیوە.

[6] Christianity-in-becoming

[7] The Gospel of Mark

 

 

سەرچاوە

https://www.jddavispoet.com/book-reviews/god-in-pain-inversions-of-apocalypse-slavoj-zizek-and-boris-gunjevic