A+    A-
(1,685) جار خوێندراوەتەوە

 

ڕانانێک بۆ کتێبی "ڕەگەزی دووەم"ی سیمۆن دی بۆڤوار

 

 

 

سیدهی پاساک

و. گەلان جەبار

 

 

 

لە یادی 110ساڵەی لەدایکبوونی سیمۆن دی بۆڤواردا، سەیرێکی بەشێک لەو چەمکاندنە گرینگانە دەکەین کە سیمۆن لە کتێبە مەزنەکەی خۆی، "ڕەگەزی دووەم" (Le Deuxième Sexe)دا، خستونیەتییەڕوو و چاوێکیش بە پەیوەندیی ئەم چەمکانە بە ئەمڕۆوە دەخشێنین [ئەم نوسینە ساڵی 2018 نوسراوە، هەڵبەت لە نۆی مانگی کانونی دووەمی داهاتوو بەرەو یادی 112 ساڵەی لەدایکبوونی دی بۆڤوار دەچین]. ئەم کتێبە یەکەمجار لە ساڵی 1949دا لە دوو بەرگدا بڵاوکرایەوە، و یەکێکیشە لە کارە هەرە کاریگەرەکان لەبارەی فێمینیزمی بوونگەرا [1]. کتێبی ڕەگەزی دووەم بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە و چەندان جاریش چاپکراوەتەوە. یەکەم سەرکەوتنی "ڕەگەزی دووەم" بریتییە لە نیشاندانی ئەوەی کە چۆن جیهان بەنابەدڵی و بوغزەوە بوونی ژنانیان قبوڵکردووە. دواتر سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت کە ئێستا، مادام شتێکی حەتمییە ژنان هەر دەبێت هەبن، ئەوا پێویستە ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە ببینەوە کە "ژن چییە؟" (what is a woman?). بۆڤوار لە نزیکەی هەزار لاپەڕە و شەرحێکی دوو بەرگی لەبارەی ژنانەوە وەک بوونەوەرە پەیوەندیگەراکان، وەک "ئەویتر"، وەک کەسانێک کە خۆبەس نین، درێژە بە تاوتوێکردنی ئەم پرسیارە دەدات. ئەو شرۆڤە بایەخدارەی لەم کتێبەدا هەیە، ڕێگەی بۆ نەوەیەکی تەواوی ژنان خۆشکرد بۆ ئەوەی جیاوازتر بیربکەنەوە و قسەی خۆیان دەرببڕن، هەروەها زیاتریش لەسەر بیرۆکەکانی سیمۆن دی بۆڤوار چەمکاندن بکەن.

لە کڕۆکی نووسینەکەی سیمۆن دی بۆڤواردا ئەم بیرۆکە بوونگەرایە هەیه: پیاو وەک خودێکی باڵادەست و ژن وەک ئەویترێکی بەشتکراو (و بەکاڵاکراو)، هەروەها ئەو ململانێ و نایەکسانییانەی کە بەهۆی چەمکاندنێکی لەم چەشنەوە سەرهەڵدەدەن. "ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن". دی بۆڤوار زیاتریش جەخت لەسەر غیابی ڕابردوو یان مێژوویەکی هاوبەش و ئاینێکی تایبەت بە خۆیان لای ژنان دەکاتەوە، کە ئەمەش ئەوانی لە یەکگرتن دژی ئەم تێگەیشتنە پەکخستبوو. لە کاتێکدا تیۆریزەکردنی فێمینیستانە چووەتە ئەودیوی بوونگەراییەوە، ئەم کتێبەی دی بۆڤوار و بەشێوەیەکی سەرەکی تواناکەی لە ڕەخنەگرتن لە تیۆریزەکردنی دەرونشیکارانە لەبارەی جێندەر، بناغەی گەلێک نووسینی کاریگەر بوو لە دواتردا. بۆنمونە، پەنهانێتیی ژنانە (Feminine Mystique)ی بێتی فریدان، سیاسەتی ڕەگەزی (سێکسواڵ)ی کەیت میلێت و خەساندنی مێینە (The Female Eunuch)ی جێرمەین گریەر، هەروەها لەدواتریشدا ڕێگەی خۆشکرد بۆ تێگەیشتنێکی زۆر جیاوازتر لە سێکس و جێندەر لەلایەن جودێت باتلەر. گەرچی ئەمە شەپۆلی دووەم [ی بزووتنەوەی ژنان]ە، بەڵام هێشتاش زۆربەی ئایدیاکانی دی بۆڤوار سەرتاپا پەیوەندارن. ڕەنگە لەم پێنچ دەیەیەی دواییدا، پێگەی یاسایی ژنان تاڕادەیەکی یەکسان پەرەی سەندبێت، بەڵام نابێت ئەوەش پشتگوێبخرێت کە چۆن دەستڕاگەیشتن بە یاسا لەلایەن ئەو سیستەمە توندئاژۆ دینییانەی کە پیاوان ئەفراندوویانە، قەدەغەکراوە. ئەو پرسیارانەی دی بۆڤوار خستونیەتەڕوو وەکو "بەڵام ئایا تەنها گۆڕینی یاساکان، دامەزراوەکان، نەریتەکان، بیڕوڕای گشتی و تێکڕای کۆنتێکست و بەستێنی کۆمەڵایەتی بەسە بۆ ئەوەی پیاوان و ژنان بەڕاستی یەکسانبن؟"، تاوەکو ئێستاش هەر پرسیاری ئاڵۆزن. وتە بەناوبانگەکەی سیمۆن لە کتێبی ڕەگەزی دووەم کە زۆر قسە و مشتومڕی لەبارەی کراوە ئەوەیە "ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێتە ژن". دی بۆڤوار بەهۆی ئەم وتەیەیەوە سێکس و جێندەر لەیەکتر جیادەکاتەوە، و ئەم جیاکردنەوەش بنچینەی زۆرێک لە نووسینەکانی فێمینستەکانە. ئەم جیاکردنەوەیە بوو بە تاکە ئەرگۆمێنتی گرنگ و بنجبڕی فێمینیستی دژی بایۆلۆژیا، زۆرجاریش لە دیبەیتە فێمینیستییەکاندا دووپاتکراوەتەوە.

تێگەیشتنی دی بۆڤوار لە جێندەر وەک درووستکراوێکی کۆمەڵایەتی، یەکێک لە باوەڕە بنچینەییەکانی فێمینیزم پێکدەهێنێت. لەکاتێکدا سێکس و جێندەر جیان بەڵام هێشتاش هەر بە پەیوەست و پەیوەندار سەیردەکرێن. جودێت باتلەر، بەر مەبنای کتێبی ڕەگەزی دووەم، زیاتر لە پەیوەندیی نێوان سێکس و جێندەری کۆڵیەوە، ئەو ڕادەیە لە بژاردەی کە کەسێک هەیەتی بۆ ئەوەی "ببێتە" جێندەرێکی دیاریکراو خستە ژێر پرسیارەوە. ئەمەش پتر ڕێگەی لەبەردەم چەند تیۆریزەکزدنێکی گرنگی تر ئاوەڵا کرد لەبارەی پەیوەندیەکانی سێکس- جێندەر، و سێکسواڵیتە. هیچ ئیمکانێک لەئارادانییە نییە کە بتوانین وا بەکورتی ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کتێبی ڕەگەزی دووەم لەسەر چەند نەوەیەکی فێمینیستەکان هەیبووە، بخەینەڕوو. بەر مەبنای دوو تێگە و کۆنسێپشنی گرینگ، واتە ژن وەک ئەویتر (woman as the other) ، و جێندەر وەک درووستکراوێکی کۆمەڵایەتی، سیمۆن دی بۆڤوار پتر پەردە لەسەر هۆکارەکانی پشت ئەو واقیعە هەڵدەداتەوە کە ژنان تێیدا ژیاون.

دی بۆڤوار ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن بەهۆی کردنی ژنان بە ئەویتر و پلە دوو لە بەرامبەر پیاواندا، جۆرە ڕازولوغزێکیان لە ژنان ئاڵاندووە، ئەمەش ئەوانی زیاتر لە هێز و بکەرێتی (agency) داماڵیووە. دی بۆڤوار دەنوسێت: "ژن قوربانی هیچ قەزاوقەدەرێکی لوغزاوی نییە؛ ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەو وەک ژنێک پێناسەدەکەن، گرینگیی خۆیان لەو دەلالەتە وەردەگرن کە خراوەتە سەریان. ئەم تایبەتمەندیییە سەپێنراوانە دەکرێت داهاتوودا تێکبشکێنرێن، واتە ئەوکاتەی لە گۆشەنیگاگەلێکی نوێوە سەیردەکرێن. بەم جۆرە، وەکئەوەی بینیومانە، ژنان لەمیانەی ئەزموونە ئیرۆتیکییەکانیاندا هەست بە باڵادەستی و زاڵێتیی نێرینە دەکەن- هەروەها زۆرجاریش ڕقیان لەم زاڵێیتییە؛ بەڵام ئەمە هۆکار نیە تاوەکو ئەو دەرەنجامە هەڵبهێنجین کە ئەوە هێلکەدانێتی وا ژن مەحکوم دەکات بۆ هەمیشە ملکەچانە لەسەر ئەژنۆکانی بژی". [بە دەربڕینێکی تر، دەبێت لە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان نەک بایۆلۆژییەکاندا بەدوای سەرچاوەکانی چەوساندنەوەی ژناندا بگەڕێین؛ لە پەیوەندییەکان نەک هێلکەدان و سووڕی مانگانەدا].

وەک ژنێک، "ڕەگەزی دووەم" یارمەتی وەڵامدانەوەی زۆرێک لە پرسیارەکان لەبارەی یەکسانی و ئازادی بە شێوازێکی قووڵ دەدات. لەگەڵ هەموو خوێندنەوەیەکیدا، ئەم کتێبە لەگەڵ خۆیدا بەرەو گەشتێکی شەخسی جیاوازت دەبات، ئەگەرچی ڕەنگە کۆتایی گەڕانە ئاڵۆزەکەت نەبێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئاڵۆزتری دەکات.

 

 

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

existential feminism [1]

 

 

 



سەرچاوە:

Book Review: The Second Sex By Simone De Beauvoir: By Siddhi Pathak - https://feminisminindia.com/January 9, 2018