ئیبراهییمییەكان و «نەبوون»
نوسینی: فه‌تحی مسكینی
وه‌رگێڕانی: شاڵاو خالید
(1)
سەرنجی وەرگێڕ:
ئایین و دەقی ئایینی لەناو ڕۆشنبیریی کوردییدا نەبوونەتە پرسی جدی و وەک پێویست لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە، زورینەی ئەوەی لەسەر ئایین دەوترێت لەبازنەی دژایەتی و پشتگیری‌کردن تێناپەڕێت، ئەگەر لێرە و لەوێ لێكۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینەش لەسەر ئایین کرابێت ئەوا، یەکەم؛ زیاتر کاری لەسەر دیوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی ئایین کردووە و بە میتۆدی سادە و زیاتر ئاماری لە ئایینی کۆڵیوەتەوە، دووەمیش؛ زۆرتر قسەکان لەسەر یەک ئایینی دیاریکراو بووە بەتایبەتێش ئیسلام، زۆر بەدەگمەن نوسینی بەراوردکاری لەسەر زیاد لەئایینێک نوسراوە. ئەم نوسینە سەبارەت بە چەمکی "نەبوون-عەدەم"ە، ھەوڵێکە بۆ نوسینەوەی مێژووی چەمکی نەبوون، ھەروەھا ھەڵکۆڵینێکە بۆ دۆزینەوەی ڕیشەیەکی ھاوبەش لەنێوان ھەر سێ ئایینە گەورەکەدا(جوولەکە و مەسیحی و ئیسلام). بەجۆرێک دەکرێت وەک تویژینەوەیەک لەبارەی نیھیلیزمیشەوە ببینرێت، وەک وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارەی بۆ نیھیلیزم لەناو میراتگرانی ئیبراھیم دا دەردەکەوێت؟ نیھیلیزم گەرچی وەک شتێکی نائایینی دەناسرێت و وادەردەکەوێت کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئایینەوە نیە کەچی خاوەنی ڕیشەیەکی ئایینیە، ناکرێت نیھیلیزم دەربکەوێت تەنھا لە ژیارێک دا نەبێت کە بڕوای بە تێزی "ئەفراندن لە نەبوون" ەوە ھەبێت. ئەمڕۆ کە نیھیلیزم و ھیچگەرایی کەڵکەڵەی زۆرێک لە گەنجی کوردە دەکرێت قسەکردن لەسەر ڕیشەی نیھیلیزم باشتر ھاوکاریمان بکات لە تێگەیشتن لە نیھیلیزمی باو. جگە لەوەش دەتوانین وەك سەرەتایەك سەیری بكەین بۆ پرسی نێگەتیڤیتە(negetivity)، نێگەتیڤیتە بە مانای ئەو بۆشاییەی كە دەكەوێتە بەرامبەر پۆزەتیڤیتە(posetivity)وە. بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە: ئەم هیچی و بەتاڵییە بونیادییە بەهای نوێی لێوە درووستدەكرێت یاخود كەوتنی بەهاكانی بۆ هەمیشە دەكەوێتەوە و دەكەوێتەوە؟ فەتحی مسکینی، نوسەر و وەرگێڕێکی تونسییە و لە ساڵی ١٩٦١ لەدایکبووە، وەکو مامۆستای خوێندنی باڵا لە تونس وانەدەڵێتەوە، وەرگێڕی کتێبی "بوون و کات"ـی ھایدگەر و "جینالۆژیای ئەخلاق"ـی نیچەیە بۆ سەر زمانی عەرەبی، ھەروەھا خاوەنی چەندین کتێبی فیکریی ترە لەوانە: - نقد العقل التأويلي، أو فلسفة الإله الأخير، 2005. - الهوية والزمان، تأويلات فينومينولوجية لمسألة النحن، 2001.[3] - التفكير بعد هيدغر، أو كيف الخروج من العصر التأويلي للعقل؟، 2011 [4] فلسفة النوابت، 1997 - الهوية والحرية، نحو أنوار جديدة،2011 - الفيلسوف والإمبراطورية، في تنوير الإنسان الأخير، الناشر: المركز الثقافي العربي الدار البيضاء، 2005. - هيغل ونهاية الميتافيزيقا، 1997. - الكوجيطو المجروح:أسئلة الهوية في الفلسفة المعاصرة، 2013 - الثورات العربية..سيرة غير ذاتية، 2013
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئیبراهیمیهكان” كێن؟ مێژوونووسه ڕۆژئاواییه‌كان دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه ده‌سته‌واژه‌ی ”ئایینه ئیبراهیمییه‌كان” هه‌روه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی ”خاوه‌ن كتێبان” خاوه‌نی بنه‌ڕه‌تێكی ئیسلامییه[1]. چونكه ده‌سته‌واژه‌ی ” جووله‌كه - مەسیحی” كه له ڕۆژئاوا به‌كاردێت و له نێوان ساڵانی 1880 – 1920 درووستبوو، مسوڵمانان ناگرێته‌وه. پێویست بوو چاوه‌ڕێی 1960 بكرێت تاوه‌كو سیفه‌تی ”ئیبراهیمی” بپهرژێنرێت و شه‌به‌نگی مسوڵمانیش له‌خۆبگرێت كه كۆچكردن سه‌پاندبووی.
به‌ڵام وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ی ڕه‌مزیی” ئیبراهیم” له لای هاوچه‌رخه‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده‌وه ده‌ستپێكردبوو، كه‌واته زاراوه‌ی ” ئایینه ئیبراهیمییه‌كان” زاراوه‌یه‌كی مۆدێرنه[2]. به‌شێوه‌یه‌ك له 1881دا له‌باره‌ی ” په‌یمانی ئیبراهیمی-The Abrahamic Covenant ”ـه‌وه ده‌خوێنینه‌وه كه باوه‌ڕداران له ڕۆژئاوا كۆده‌كاته‌وه[3]. ئه‌وه‌ش پێش ئه‌وه‌ی ناوی ئیبراهیم بگۆڕدرێت بۆ زاراوه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه لای مێژوونووسان له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی بیستدا. لویس ماسینیۆن له وتارێكدا كه له ساڵی 1945دا له‌ژێر ناونیشانی ” سێ نوێژه‌كه‌ی ئیبراهیم، باوكی هه‌موو باوه‌ڕداران”[4] جێگیریكرد، پاشانیش ” ئایینه ئیبراهیمیهكان” گۆڕدرا بۆ بوارێكی توێژینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ[5].
ئه‌وه گرنگیپێدانێكی كێشهئامێز بوو كه ژاك دێرێدا له ماسینیۆنهوه[وه‌ریگرت] بۆ پله‌ی چه‌مكێكی لێكترازانسازی (مفهوم التفكیكي) و له فه‌لسه‌فه‌ی ئاییندا به‌رزیكرده‌وه: چونكه توخمی ” ئیبراهیمی” به‌مه‌رجی ئایین داده‌نێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ئاسۆی ئه‌م جۆره ئینتیمایهدا بیریانكردوهتهوه له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌ی ئه‌ودا، له‌سه‌ر توخمێكی ئیبراهیمی كاریانكردووه كه ئه‌مڕۆ ته‌قیوه‌ته‌وه[6]. به كردارییش ته‌نها له‌پاش ڕووداوه‌كانی 11ی سێپته‌مبه‌ری 2001ـه‌وه گفتوگۆی جدی [7] له‌باره‌ی شیمانه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌رته‌وازانه‌ی كه ده‌درێنه‌پاڵ سێ ئایینه گه‌وره‌كه له‌ژێر ئاڵای ” ئایینه ئیبراهیمیهكان”دا ده‌ركه‌وێت، بۆ گه‌ڕان به‌دوای په‌یوه‌ندیی ئاشتیی ڕۆحیی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا به‌و سیفه‌ته‌ی ” میراتگری ئیبراهیم” ن[8] و له‌سه‌ریانه كه هاریكارییه‌كی ته‌ئویلی بكه‌ن له‌سه‌ر تێگه‌یشتن له‌وه‌ی بۆیان یان له‌نێوانیاندا ڕوویداوه.
به‌ڵام ئه‌و كۆلكه هاوبه‌شه قووڵه چییه كه ئیبراهیمیهكان كۆده‌كاته‌وه؟
وادیاره كه بنه‌ڕه‌تی هه‌موو قسه‌كانی ئیبراهیمییه‌كان له‌باره‌ی خۆیانه‌وه بریتییه له میتۆدێكی ترانسێندێنتاڵ له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مردن دا، له‌به‌ر ئه‌وه ڕه‌نگه ترسناكترین داهێنان كه ئیبراهیمیهكان تێیدا سه‌ركه‌وتوو بوون خودا نه‌بێت به‌ڵكو نه‌بوون بێت. ناشێت جیهان له نه‌بوونه‌وه بئافرێنرێت ته‌نها له ئاسۆی ژیارێكدا نه‌بێت كه تێگه‌یشتنێكی گونجاوی له‌باره‌ی نه‌بوونه‌وه پهرهپێدابێت. له په‌رتووكی دروستبوونه‌وه بۆ قورئان و به كتێبه‌كانی باوانی یه‌كه‌می كهنیسهشهوه، داوێكی ئۆنتۆلۆژی هه‌یه به‌ستراوه به ئایدیای نه‌بوونه‌وه و وشه‌گه‌لی جیاجیای وه‌رگرتووه، لێره‌وه‌یه كه كۆی گێڕانه‌وه‌ی(السردیة) یه‌كتاپه‌رستی ڕەخساوە، به‌ڵام ناكرێت ڕیفۆرمی ئینتیما بۆ گه‌لانی خاوه‌ن په‌رتووك بكه‌ین ته‌نها به ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كی نوێ واته ته‌ندرووست و گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی مردن دا نه‌بێت. ناشكرێت ڕیفۆرمی مانای مردن بكه‌ین ته‌نها له چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌كی ڕۆحییدا نه‌بێت كه توانای دووباره چاوخشاندنه‌وه‌ی به ئایدیای نه‌بووندا هه‌بێت، ته‌نها پاش ئه‌وه ئایدیای خودا پهرژێنراو ده‌بێت له ئاسۆی مرۆڤدا، واته له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه به‌سوود ده‌بێت بۆ جۆری ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه ئێمه‌ین. به‌ربنه‌مای ئه‌وه ده‌شێت ژیاره‌كان به گوێره‌ی ئه‌و داهێنانه ڕۆحییانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌زموونی مردنه‌وه هه‌یانه جیابكه‌ینه‌وه، به‌وه‌ی چه‌قی مانای پشته‌وه‌یه له هه‌موو كەلتورێكدا.
به‌ڵام نه‌بوون به‌شێوه‌ی جیاجیا گۆدەكرێت، بۆ نمونه؛ ژیاره بودییه‌كان (هیند و چین و یابان) چه‌مكی نه‌بوونیان نه‌ناسیووه، به‌ڵكو شتێكیان ناسیوه و ناویده‌نێن ” سۆنیاتا ”( Śūnyatā) واته: ” چۆڵی” یان ” بۆشایی” : به‌تاڵیی بوون له خۆی[9]. هه‌روه‌ها فه‌یله‌سوفه‌كانی یۆنان چه‌مكی نه‌بوونیان نه‌ناسیوه، به‌ڵكو شتێكیان ناسیوه كە ناویده‌نێن ” نا- هه‌بوو” (mê eon) (بوونه‌وه‌ر به ناچاری ئه‌ویتره، ئه‌ویتریش جۆرێكه له نا- بوون وه‌ك ئه‌وه‌ی له سۆفیستی ئه‌فلاتۆن دایه)[10]، به‌م شێوه‌یه پێویسته له‌سه‌رمان بپرسین چۆن ئیبراهیمییه‌كان(واته جووله‌كه و مه‌سیحی و مسوڵمانه‌كان) گه‌یشتن به داڕشتنی چه‌مكی نه‌بوون به‌و سیفه‌ته‌ی به‌شدارییه‌كی میتافیزیكیی باڵای تایبه‌ت به‌وانه له چوارچێوه‌ی كێبڕكێی ڕۆحی له‌گه‌ڵ پرسی مردن‌دا؟ ئه‌وه‌ش پێگه‌یه‌كی ڕاڤهییه(مقام تأویلي) كه پێده‌چێت چه‌مكه هایدگهرییهكه له‌باره‌ی ” بوون به‌ره‌و مه‌رگ” [11]خه‌رمانه‌یه‌كی باڵا بێت بۆ ئاسۆی ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه گریمانه‌ی ده‌كات، ئه‌وه‌ش له كەلتورێكی نائیبراهیمیدا شیاو نیه.
له هه‌مو كەلتورێكدا به هه‌مان ده‌لاله‌ت نامرین، ئه‌و مردنه‌ی كه له ئاسۆی ئایدیای ” بۆشایی” بودیزمدا (كه جیهان بۆشاییه) ده‌بێت به دڵنیاییه‌وه جیاوازه له مردن له چوارچێوه‌ی ئایدیای ” نا- بوون” ی یۆنانی دا (كه بنه‌ڕه‌تی شته‌كان ” كائیۆس” یان ” پشێوی”ـه) هه‌روه‌ها بێگومان جیاوازیشه له مردن له ئاسۆی مانای ” نه‌بوون” دا لای ئیبراهیمییه‌كان (كه خودا جیهانی له نه‌بوونه‌وه ئەفراندووه). با به‌شێوه‌یه‌كی كاتی بڵێین: ”نیهیلیستهكان” ناكرێت په‌یداببن ته‌نها له چوارچێوه‌ی شارستانیه‌تێكدا نه‌بێت كه بنچینه ڕۆحییه قووڵه‌كانی له‌سه‌ر ئایدیای ” ئەفراندن له نه‌بوون”ـه‌وه ڕۆنرابێت. لێره‌وه‌یه ده‌توانین جیاوازیبكهین له‌نێوان نیهیلیسته ئیبراهیمییه‌كان و نێوان ” بۆشايیگهرا- فراغي” بودییه‌كان و ” نا-بوونگه‌را” پاگانییەكانی یۆنان‌دا. كۆمه‌ڵگاكانی هیند و چین و یابان بێگومان به‌ده‌ست جۆرێك له مرۆڤی ” بۆشاییگهرا”وه ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام هه‌رگیز شێوازی مرۆڤی نیهیلیست(هیچگه‌را)ـی نه‌ناسیوه كه ده‌شێت له كۆمه‌ڵگاكانی كتێب(خاوەن كتێبی بەناو ئاسمانی)دا ده‌ربكه‌وێت، باوه‌ڕداری ئیبراهیمی وه‌ك مولحیدی ئیبراهیمی(واته ئه‌وه‌ی له كۆمه‌ڵگاكانی كتێبدا ده‌رده‌كه‌وێت) كه بوونه‌وه‌رێكی ” نیهیلیست”ـه به‌دڵنیاییه‌وه جیاوازه له باوه‌ڕدار/مولحیدی بودی كه بوونه‌وه‌رێكی ” بۆشاییگهرا”یه، هه‌روه‌ها جیاوازیشه له باوه‌ڕدار/مولحیدی یۆنانی كه بوونه‌وه‌رێكی ” نا-بوونگه‌را”یه .
به‌ڵام كرۆكی ده‌رده‌كه ئه‌مه‌یه: چۆن ڕیفۆرمی ئه‌زموونی مردن له ئاسۆی كەلتوری ئیبراهیمییدا بكه‌ین؟ ده‌ڵێین: به ڕیفۆرمكردنی ئایدیای نه‌بوون، به‌ڵام چۆن ئایدیای نه‌بوون ڕیفۆرم بكه‌ین؟ به‌وه‌ی به‌باشی به مه‌به‌ستی چاوپێداخشاندنه‌وه مێژووی بنوسینه‌وه. بێگومان ناتوانین له‌سه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م گرفتانه به‌رده‌وام بین به‌و ئامرازانه‌ی گێڕانه‌وه كه به‌سه‌ر په‌رتووكه پیرۆزه‌كاندا داخراون. چونكه كاره‌ساته گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤایه‌تی له سه‌رده‌می زێدە-ته‌كنه‌لۆژیادا به‌شێكی فراوان له گێڕانه‌وه قووڵه‌كه‌ی له‌وه‌شه‌وه به‌شێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له مانای مردنی نه‌ریتی گۆڕیوه. مێژوویه‌كی نوێ واته مێژوویه‌كی نائایینی بۆ جیهان ته‌نانه‌ت بۆ گه‌ردوونی بێكۆتاش نوسراوه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موو وێناكانی گه‌له نه‌ریتییه‌كان له‌باره‌ی ” جیهان”ـه‌وه تێده‌په‌ڕێنێت، مادام گه‌ردوون چه‌مكێكی نا-نه‌ریتییه.
مرڤایه‌تی( مه‌به‌ستمان ئه‌و ئایدیا و شوناسه‌یه كه جۆری مرۆیی هه‌زاران ساڵه له‌باره‌ی خۆیه‌وه درووستیكردووه)، قۆناغگه‌لی جیاجیای به‌شێوه‌ی شوناسگهرایی به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام هه‌مووی له ده‌وروبه‌ری یه‌ك مه‌رجدا ده‌سووڕێته‌وه، ئه‌ویش ئاره‌زووی نه‌مرییه، به مه‌به‌ستی ڕێكخستنی گێڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی سیمبوڵی به‌سه‌ر مردن‌دا، نه‌مری بریتییه له‌و وه‌ڵامه نه‌ریتییه‌ی كه مرۆڤایه‌تییه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان بۆ كێشه‌ی مردن دایهێناوه، ده‌توانین گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه نه‌مری بریتییه له ئاسۆی ئه‌و مانا بنچینه‌ییه‌ی كه كۆی ئه‌زموونه‌كانی مردنی له ئاسۆی توخمی مرۆیی‌دا تاوه‌كو ئێستا بزواندووه. به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كێشه‌ی مردن/كێشه‌ی نه‌مری له هه‌موو قۆناغێكدا به هه‌مان شێواز و ڕێگا نیه. ” مێژوونووس” (واته ” من”ـی بناس(یان زانا) له هه‌ر قۆناغێك دا) ده‌توانێت تێبینیی په‌ره‌سه‌ندنی ئامرازه‌كانی نه‌مری بكات كه ئاژه‌ڵی مرۆیی له هه‌ر جارێكدا دایدهھێنێت. نه‌مری له هه‌موو جارێكدا پێویستی به ته‌كنیكێكه گوزارشت له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌به‌دیه‌تدا بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئاسۆی توخمی مرۆیی‌دا ته‌جه‌لا ده‌بێت. ئه‌به‌دیه‌ت ناوێكه بۆ هه‌موو جۆره‌كانی بڵندبوونه‌وه(تعالی) كه ده‌شێت من-ـی ڕۆحیی گه‌لێك له گه‌له‌كان له هه‌ر جارێكدا بیدۆزێته‌وه، بۆ نمونه: ” خوداكان” بریتیین له ته‌كنیكی نه‌مری تایبه‌ت به‌جۆرێك یان نه‌وه‌یه‌ك له خه‌ڵكی له قۆناغێكی دیاریكراو له مێژووی ئاژه‌ڵی مرۆیی‌دا ده‌ركه‌وتووه. له ” یه‌هوه”ـه‌وه تاوه‌كو” الله” به هه‌موو ئه‌و وشه خوداییانهشهوه كه له گێڕانه‌وه ئیبراهیمیهكاندا په‌ره‌یان پێدراوه، ئه‌و ده‌زگا(جهاز) بڵندبوونه‌وه‌یه جێگیركراوه كه ئه‌و مرۆڤایه‌تییه(مرۆڤایه‌تیی كتێب و كتـێبیهكان) پێویستی بووه كه تاوه‌كو ئێستا ده‌درێنه پاڵی. بابڵیین: ده‌زگای بڵندبوونه‌وه ته‌نها ده‌زگای وه‌رگێڕانه. ئه‌و ده‌زگای وه‌رگێڕانی په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئه‌به‌دیه‌تدا كه هه‌موو نه‌مری و هه‌موو ئه‌زموونه تایبه‌ته‌كانی مردن به ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه، ئه‌وه‌ی كه وه‌ك پاشخانێكی ڕه‌مزیی قووڵه بۆ ده‌ركه‌وتنی ئایدیای نه‌بوون له ئاسۆی ئیبراهیمیهكاندا له كاتێكی دیاریكراودا كه له‌سه‌ر ئێمه‌یه مێژووەكەی بنوسینه‌وه نه‌ك له‌به‌رانبه‌ر” بێباوه‌ڕان”دا به‌رگریی لێ بكه‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی تیۆلۆژیستی نوێ بین.
ئه‌و چه‌مكه كۆكهرهوهیهی له‌پشتی هه‌موو ئه‌م پرسیار و دژواریانهوهیه بریتییە لە جێنشینی. وشه‌گه‌لی وه‌ك ” كه‌س” و ” ده‌روون ” و ” ڕۆح” و ” ڕاسپێردراو” و .. هتد ته‌نها به گوێره‌ی ” ئاده‌میزاده‌كان(ئاده‌مییه‌كان) ” ما‌نایان هه‌یه، واته ئه‌و گرووپه مرۆییه‌ی كه ” باوه‌ڕی” به خودایه‌كی شه‌خسی هه‌یه، ” ئەفرێنهر” واته: خودای ئیبراهیمییه‌كان. مێژوومان له چوارچێوه‌ی گه‌لانی سامیدا په‌یدابووه و بووه‌ته هۆی درووستكردنی ژیاننامه‌یه‌كی زۆر دیاریكراو بۆ شێوازی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر مرۆڤ، ئایدیای ” جێنشینێتی” هیچ نیه ته‌نها گوزارشتێك له‌نێوان گوزارشتگهلێكی تردا كه ئیبراهیمییه‌كان له ته‌وراته‌وه بۆ قورئان ناسیویانه. وادیاره كه گریمانه‌ی بیركردنه‌وه لێره‌دا ئه‌مه‌یه: ناشێت شێوازی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌و مرۆڤانه‌دا كه وه‌ك ” ئاده‌مییه‌كان” پۆلێنكراون و به‌درێژایی هه‌زاران ساڵ گۆڕاوه بۆ شوناسێكی ئه‌خلاقی بۆیان ڕیفۆرمبكرێت ته‌نها به ڕیفۆرمكردنی تێڕوانینیان بۆ ئه‌زموونی مردن نه‌بێت، ئه‌وه‌ش شتێكه ناكرێت له ناوكه ڕۆحییه‌كه‌ی بڕوانرێت، ته‌نها به چاوخشاندنه‌وه به تێزی ” ئەفراندن له نه‌بوون”ـه‌وه نه‌بێت[12]، گه‌رچی كاتێكی زۆریشی ویست تاوه‌كو درووستبوو، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك گۆڕا بۆ كۆتا پاساوی میتافیزیكی بۆ په‌یوه‌ندیمان به‌خۆمانه‌وه و بینینی ئه‌و جیهانه‌شی كە ده‌درێینه پاڵی.
- نه‌بوونی ئیبراهیمی و بۆشاییی بودیزم
ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ئیبراهیمییه‌كان جیاده‌كاته‌وه چه‌مكی نه‌بوونه، نه‌بوونیش به‌شێوه‌یه‌می كاریگه‌ر جیاوازه له ” بۆشایی”ەكەی ناو بودیزم. وادیاره هه‌موو فێركارییه‌كانی بودیزم له‌باره‌ی بۆشاییه‌وه به‌ده‌وری ئه‌وه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه كه ناویده‌نێت ” سۆنیاتا” یان ” سۆناتا” كه پرسێكه بودییه‌كان به -خودی بوداشهوه- به درێژایی دووهه‌زار ساڵ مشتومڕی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن[13]. سۆنیاتا جۆرێكه له ئاگایی بەرامبەر به بۆشایی، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ” ئایا ده‌توانیت له شوێنێكدا نیشته‌جێ بیت كە له‌خۆی خاڵی كرابێته‌وه؟” به‌ڵام هۆشدارییه گه‌وره‌كه ئه‌مه‌یه: ” نا‌توانیت له ده‌ره‌وه ده‌ست به‌سه‌ر بۆشایی زهندا بگریت، پێویست له‌سه‌رت ئه‌زموونی بكه‌یت” [14].
بۆشایی به‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی بێخوده (No self) به‌بێ شوناس و بێ ماهیه‌ت و بێ داهاتووه، چونكه خاڵییه له هه‌ر سرووشتێكی تایبه‌ت، له‌به‌رئه‌وه به‌شێوازی جیاجیا ده‌رده‌بڕدرێت: ده‌شێت دۆخی تێڕامان یان سیمای شته‌كان یان جۆرێك له ئاگایی بێت. به‌ڵام مانا گشتییه‌كه‌ی ڕزگاركردنی ده‌روونه له ڕێگای بۆشاییه‌وه. ئازاد نابین به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه نه‌بێت كه جیهان له هه‌ر بوونێكی تایبه‌ت خاڵیدهكهینهوه. به‌و سیفه‌ته له جیهان ده‌ڕوانین كه شتێكه قابیلی بهبابهتكردن نیه (unobjectifiability )[15].
مانای بۆشایی له هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی یابانی دا به‌ربڵاوه؛ له ته‌لارسازییدا به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌رگاكان و دیواره جووڵاوه‌كان بۆ درووستكردنی ”فه‌زا”یه. له وێنه‌كێشاندا به‌شێوه‌یه‌ك هێزی وێنه‌ی یابانی له ڕاكێشانی بۆشایی و ده‌ستگرتن به‌سه‌ریدایه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه، به به‌جێهێشتنی سه‌رپێی و به ته‌واونه‌كراوی: جێهێشتنی شتێك كه بینه‌ر ده‌توانێت تهواویبكات. له [بودیزمی] زهن و تاویزمدا جوانی كاتێك ئاشكراده‌بێت كه بینه‌ر سه‌ركه‌وتووده‌بێت له ته‌واوكردنی ئه‌وه‌ی به ناته‌واوی جێهێڵراوه. له ڕێبازی به‌رگریكردن له خودیشدا: ” له‌م وه‌رزشه‌دا پێویسته مرۆڤ كار له‌سه‌ر ڕاكێشانی هێزی به‌رانبه‌ر و هه‌ڵمژینی بكات له ڕێگای بهرگرینهكردنهوه، واته له ڕێگای بۆشاییه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ پارێزگاریكردن له هێزی تایبه‌تی خۆی له‌پێناو جه‌نگی كۆتایی دا” . كەلتوری ”زهن” بریتییه له ڕاهێنانگهلێك بۆ گه‌ڕان بۆ بۆشایی و به‌كارهێنانی به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو له‌پێناو به‌رهه‌مهێنانی ئارامی دا.
به‌پێچه‌وانه‌ی كەلتوری ” ڕۆژئاوا” وه كه له‌سه‌ر به‌های ” پڕكردن” و ” پڕ-پۆزەتیڤ” وه‌ستاوه وه‌ك ته‌كنیكێكی خاوه‌نداریی ڕه‌سمی، چونكه ” بۆش ” ناوبانگێكی باشی نیه، لێره‌وه‌یه بنه‌مایه‌ك ته‌رخانكرا له یۆنانه‌وه تاوه‌كو دیكارت كه ده‌ڵێت: ” سرووشت له بۆشایی ده‌ترسێت”، سوبێكتی یابانی پێیووایه ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ ناییڵێت كرۆكی گفتوگۆكه‌یه. له فێركارییه‌كانی زهندا بابه‌تی تێڕامان بۆشاییه: درووستكردنی بۆشاییه‌كی ناوه‌كی، ته‌نها بۆشایی ده‌توانێت شوێنێك ئاماده‌بكات بۆ دیده‌نیی ئه‌وی تر، جا كه‌سێك بێت یان جیهانێك.
به‌جۆرێك ئه‌گه‌رچی بۆشایی بودیزم فه‌زایه به‌ڵام پشێوی نیه(وه‌ك نا-هه‌بووی یۆنانی). بۆشایی توخمێكه له سیسته‌م پهرژێنراو و په‌سه‌ندكراوه، ئه‌و جێگیر نیه، به‌ڵكو هاوكاریی شته‌كان ده‌كات له جووڵه‌دا. له‌به‌رئه‌وه، جه‌نگ بریتییه له ده‌وره‌دانی بۆشایی و زاڵبوون به‌سه‌ریدا (كۆنترۆڵكردنی). بۆشایی لێره‌دا سه‌رچاوه‌ی مانایه، ناگارجۆنای بودی(150-230) كه له هینددا بنه‌مای بۆشایی داهێنا وتی شته‌كان نه هه‌ن و نه نین، به‌ڵكو ئه‌وه بۆشاییه بریتییه له سرووشتی ڕاسته‌قینه‌ی ژیان، تێڕامانی ڕۆحیش ناوه‌ڕۆكی نیه به‌ڵكو تێگه‌یشتنه له بۆشایی له بوونماندا. سۆنیاتا یانی چۆڵی هه‌بووه‌كان و شته‌كان له خود و ماهیه‌ته پێش و پاشهكیهكانی. مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه هیچ شتێك پێشوه‌خته خاوه‌نی بوونێكی تایبه‌ت به‌خۆی نیه. ته‌نها له په‌یوه‌ندییدا به شتێكی تره‌وه هه‌یه، ئه‌و بۆشاییه به‌و مانایه‌ی كه خاڵییه له بوونی تایبه‌تی و خودی و جه‌وهه‌ری. شته‌كان خود/ماهیه‌تیان نیه.
به‌ڵام سۆنیاتا نه‌بوون نیه، كه‌واته بودیزم نیهیلیزم نیه وه‌ك ئەوەی كە نیچه گومانی وابوو، كه له ده‌ركردنی جینالۆجیای ئه‌خلاقدا هۆشداریدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كه كەلتوری ڕۆژئاوایی وه‌ربگه‌ڕێت بۆ ” بودیزمێكی نوێ”، بودیزمی ئه‌ورووپی واته نیهیلیزم. به‌ڵام بودیزمی ئاسیایی بریتییه له ڕێبازێكی ڕۆژهه‌ڵاتی له بۆشایی دا، و به ته‌واوی ” نا-ڕۆژئاواییه” ، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه نه یۆنانییه و نه ئیبراهیمی، ڕاهیبی بودی فه‌یله‌سوف نیه(هیچ قسه‌یه‌كی له‌باره‌ی ئهویترێتیی نا-بوونه‌وه نیه) و پێغه‌مبه‌ریش نیه(كتێبی پیرۆزی له‌باره‌ی ئەفراندن له نه‌بوونه‌وه نیه) به‌ڵكو ئه‌و حه‌كیمی بۆشاییه.
بۆشایی بودیزم ته‌نها ”هه‌ڵواسراوی”ـی نێوان شته‌كان نیه وه‌ك ئه‌وه‌ی عه‌قڵی ڕۆژئاوایی تێیده‌گات، به‌ڵكو سوسهكردن(حه‌دس)ـی ئاستێك له ژیانه كه له‌سه‌رمانه دایبهێنین، له هه‌ندێك ده‌قی بودی دا هاتووه: ” بۆشایی فۆرمه و فۆرمیش بۆشایی” [16]، به‌م مانایه كۆی جیهان جۆرێكه له بۆشایی. بۆشایی بودیزم مانای غیابی په‌یوه‌ندیی واقیعی دوولایه‌نه‌یه له‌نێوان دوو قه‌واره‌ی لێكجیادا ئه‌وانیش ” مرۆڤ” و ” جیهان” ، له نێوان ” كه‌س” و ” شت” دا. مرۆڤی بودی هه‌روه‌كو جیهانی بودی ” له خۆی”دا نیه، بودیزم فێرمانده‌كات شته‌كان له ده‌نكه لمێكهوه تاوه‌كو گه‌ردوون بۆشن. بۆشایی تیایاندا مانایه‌كی سنورداری هه‌یه: ئه‌و بۆشه له ” خۆی” واته له بوونی تایبه‌ت به خۆی، جێگیر و ناوه‌كی و سه‌ربه‌خۆیه. بۆشایی بودیزم بۆشییه له خود، له بانگه‌شه‌كانی كۆنترۆڵكردنی هه‌رشتێك. شته‌كان بوونیان نیه ته‌نها ناون، بۆشایی له ناوه‌وه(له‌لایه‌ن خوده‌وه) و له ده‌ره‌وه (له‌لایه‌نی بابه‌ته‌وه) ئابڵوقه‌ی داوه. خودی بۆشایی بابه‌تێك نیه بۆخۆی، به‌ڵكو به‌شێوه‌ی بڵق هه‌یه، بۆشایی په‌رده(مایا)یه به‌ڵام هیچ شتێك داناپۆشێت. له‌به‌رئه‌وه ئاژاوه‌ی ڕه‌ها(ئه‌وپه‌ڕی ئاژاوه) شیاوه" چونكه بوون بۆشه و نا- بوونیش بۆشه، ئێمه جیاواز نین له ڕه‌ها. دڵهخورپهكانی ده‌روێش وه‌كو چۆله‌كه وان: به ئاسمانی ڕۆح‌دا تێده‌په‌ڕن و هیچ شوێنه‌وارێك جیناهێڵن.
- گێڕانه‌وه‌ی نه‌بوونی ئیبراهیمی
- -” توه‌و و بوه‌و”ـی ته‌وراتی
له ده‌ستپێكی په‌رتووكی درووستبوون ده‌خوێنیته‌وه كه: » له سه‌ره‌تادا خودا ئاسمانه‌كان و زه‌ویی ئەفراند، له كاتێكدا زه‌وی شێواو و بیابان بوو ( توه‌و و بوه‌و) » (1، 1-2) یان له وه‌رگێڕانێكی تردا: «له سه‌ره‌تادا خودا ئاسمانه‌كان و زه‌ویی ئەفراند، كاتێك زه‌وی وشك و چۆڵ بوو».[ له وه‌رگێڕانه كوردیهكەی په‌رتووكی پیرۆزدا كه (كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كتێبی پیرۆز) بڵاویكردووه‌ته‌وه به ”زه‌ویی بێ شێوه و به‌تاڵ بوو ” وه‌رگێڕدراوه].
ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی لێره‌دا به‌لامانه‌وه گرنگه له شێواو و بیابان(وشك و خاڵی له ژیان): ئه‌م ده‌ربڕینه مه‌ودای ناكۆكییەكی ته‌ئویلی ترسناكه. خاڵی ناكۆكیش له وه‌رگێڕانه پێشنیاركراوه‌كان له عیبریه‌وه بۆ زمانێكی تر كه یه‌كه‌میان یۆنانییه ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه وه‌رگێڕانی ” په‌یمانی كۆن” له عیبرییه‌وه بۆ یۆنانی (كه ناونراوه وه‌رگێڕانی حه‌فتایی – الترجمة السبعینیة) ده‌وروبه‌ری 270ی پێش زایین له‌سه‌ر داخوازی به‌تلیمۆسی دووه‌م(246 پێش زایین مردووه) كه پاشایه‌كی فیرعه‌ونی بووه و هه‌وڵی گونجاندنی داوه له‌نێوان ژیاری یۆنانی و ژیاری میسریدا وه‌ك ڕووداوێكی میتافیزیكی و سیاسی له ئاستێكی زۆر گه‌ورەدا بوو نه‌ك ته‌نها له پانتایی ڕۆحی‌دا به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی گۆڕانكاریی ڕیشه‌یی له نه‌ریتی ئیبراهیمیی دواتردا، مه‌به‌ستمان به‌نیسبه‌ت شێوه‌گرتنی ئایدیای”مرۆڤایه‌تیی ”ڕۆژئاوایی ”ـه‌وه به‌گشتی.
واژه عیبرییه‌كه له بڕگه‌ی ئاماژه‌بۆكراودا ” توه‌و و بوه‌و”ه (Tohu- va- Bohu). ” Tohu” (תֹ֙הוּ֙) واته: به‌بێ شێوه و ” Bohu” (וָבֹ֔הוּ) واته: خاڵی، بۆش، كه گوزاره‌یه‌كی لێكدراوه له دوو واژه‌ی داتاشراو له دوو ڕه‌گی ناپێوانهییهوه، و ماناكانی بێشێوهیی و شێواوی و بۆشایی و چۆڵی و جیانهكرانهوه له‌خۆده‌گرێت.
به مانای (نه‌بینراو، شێوهپێنهدراو، ناڕێكخراو و ئامادهنهكراو) بۆ یۆنانی وه‌رگێڕدراوه. (aoratos kai akataskeuastos ) ، كه وه‌رگێرانه لاتینییه‌كان به (inanis et vacua) وه‌ریانگرتووه كه له‌نێوان هه‌ردوو سه‌ده‌ی دووه‌م و چواره‌می زایین‌دا ده‌ركه‌وتووه، یه‌كه‌م كار له وه‌رگێڕانه یۆنانییه‌كه ئه‌نجامدرا. ئه‌وه‌ش بڕیارێكی ته‌ئویلی بوو كه ده‌كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی فه‌لسه‌فه‌وه به‌تایبه‌تیش ئه‌فلاتونیزم، كه بۆ ئه‌وه ده‌چوو جیهان له سه‌ره‌تادا ناڕێكخراو بووه پاشان له‌ڕێگای خستنه ناوه‌وه‌ی جوانی و هاوئاهه‌نگییه‌وه بۆی ڕێكخراوه.
موتاڵاكهری به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌ربڕێنه له په‌یمانی كۆندا بۆی ئاشكراده‌بێت كه [ئه‌م گوزاره‌یه] به ماناگه‌لی زۆر به‌ڵام نزیك ده‌وترێت: وشكێتی و بیابان، بۆش، چۆڵ، وێران، دێمهرۆك، سارا، شێوهنهگرتوو، نائاماده، پشێوی ... هتد.
له په‌رتووكی التثنیة دا ده‌خوێنینه‌وه: «له زه‌وییه‌كی وشك و له ده‌شتێكی چۆڵ دۆزیانیه‌وه» (10:32). له په‌رتووكی ساموئێلی یه‌كه‌م دا: « له ڕێگا لامه‌ده‌ن، چونكه ئه‌و شوێنكه‌وته‌ی بۆشاییه، ئه‌و هیچ سودێك ناگه‌یه‌نێت و ڕزگاركه‌ر نیه، چونكه بته‌كان بۆشایین» (21:12)، له په‌رتووكی ئهیوبیشدا: «كاروانه‌كان له‌ڕێگه‌ی خۆیان لایاندا و به سارا/وێڵگه‌دا ڕۆچوون و له‌ناوچوون»(18:6)، له په‌رتووكی مهزامیریشدا: «خودا سووكی به‌سه‌ر سه‌ركرده‌كاندا داده‌ڕێژێت، له پشێوی/خاكی وێڵگه‌دا كه هیچ ڕێگایه‌كی تێدا نیه ونیاندهكات(گومڕایان ده‌كات)»(40:107)، له په‌رتووكی ئیرمیا (كه له بنه‌ڕه‌تدا به ئارامی نوسراوه):«له زه‌وی ڕوان: پشێوی/كائیۆس/وێرانه‌یه‌كی چۆڵ»(23:4).
ئه‌وكات پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه: مانای ” ئەفراندن- خلق” (برأ له زمانی عیبری دا) چیه؟ تێزی ” ئەفراندن له نه‌بوونه‌وه” له كوێیه له په‌یمانی كۆندا؟[17] تا چ ڕاده‌یه‌ك له ” توه‌و و بوه‌و” تێبگه‌ین به مانای نه‌بوون؟
پێویستە دان به‌وه‌دا بنێین كه تێزی ئەفراندن له نه‌بوونه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی حه‌رفی له په‌رتووكی درووستبوون و له هیچ شوێنێكی تر له په‌یمانی كۆن یان ته‌وراتی عیبرانیدا نیه، به‌ڵام ده‌شێت بهژێرهوانكێ له ڕۆحی كتێبه‌كه و به‌تایبه‌تیش له ده‌لاله‌تی كرداری ” برأ ” له عیبری و واتای ” خلق- ئەفراندن” ـی قورئانی دا بیبینین. به تایبه‌تیش له نه‌بوونی هیچ جۆره ئاماژه‌یه‌ك بۆ هیچ جۆره ”ماده‌یه‌ك” به‌ڵكو ” وشه‌ى” خودا دا كه ده‌ئافرێنرێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته تۆماری بكه‌ین ئه‌وه‌یه تێگه‌یشتنێكی نوێ بۆ مانای ئەفراندن له په‌رتووكی درووستبوون شێوهگرتووه: ئه‌وه‌ش تێگه‌یشتنێكی فه‌لسه‌فییه كه ” توه‌و و بوه‌و”ـی عیبری بۆ مانای ” كائیۆس”ـی یۆنانی لێكده‌داته‌وه(تهئویلدهكات). خوێنه‌ری ” ڕۆژئاوایی” نهبرهیهكی نوێی ناعیبری به‌ڵكو یۆنانی ده‌هێنێته ناوه‌وه: كه ئەفراندن له ” پشێوی”ـه‌كه‌ی پێشوهوهیه. ئه‌وه‌ش مانای وه‌رگێڕانی ” برأ”ـی عیبرییه به واژه‌ی ”epoiēsen”ـى يۆنانی واتا ” درووستكردن”. ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی ئه‌و نه‌ریته یۆنانیهدا كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هزیود(سه‌ده‌ی هه‌شتی پێش زایین) كه له‌باره‌ی” كائیۆسی” خوداوه‌نده‌وه ده‌دوێت كه ده‌كه‌وێته پێش هه‌موو جیهانه‌كان و خوداوه‌نده‌كانه‌وه. به‌ڵام یه‌كسه‌ر پێویسته وریابین كه لێكدانه‌وه‌ی ” توه‌و و بوه‌و”ـی عیبری به‌وه‌ی كه واتای ” كائیۆس”ـی یۆنانی پێشنیارێكی گونجاو نیه چونكه ده‌سته‌واژه عیبرییه‌كه ڕۆحه‌كه‌ی ونده‌كات (واته كه وشه‌ی خودا كه جیهان له نه‌بوونه‌وه ” ده‌ئافرێنێت”) و له‌سه‌ر مانا حهرفییهكه كورتده‌هێنێت و به‌شێوه‌یه‌كی بتپه‌رستانه وه‌ك ده‌قی بابلی یان یۆنانی(كه خودا شتیكانی له ڕێكخستنه‌وه پشێوییه‌وه ”درووستكردووه”) ده‌یخوێنینه‌وه. ڤۆڵتێر له وه‌رگێڕانه‌كه‌ی بۆ كتێبی پیرۆزدا یه‌كه‌م كه‌س بوو واژه عیبرییه‌كه(توه‌و و بوه‌و)ـی گه‌ڕانده‌وه بۆ وه‌رگێڕانه ڕۆژئاواییه نوێیه‌كان له ساڵی 1764دا، ئه‌وه‌ش جۆرێك بوو له وریابوونه‌وه له‌وه‌ی كه واژه‌یه‌كی”ڕۆژئاوایی”(واته له ڕیشه‌ی یۆنانی و لاتینی) نیه كه بشێت بۆ ده‌سته‌واژه عیبرییه‌كه، و زۆرینه‌ش له‌و ڕووبه‌ره مانایه‌دا ده‌سوڕێته‌وه كه وه‌رگێڕانه حهفتاییهكه دایناوه، واته وه‌رگێڕانه یۆنانییه‌كه: مانای ئه‌وه‌ی زه‌وی(وه‌ك ئه‌وه‌ی له وه‌رگێڕانه ئینگلیزیه جیاوازه‌كان