پاندۆرایەکى ڕاستەقینە لەسەر زەوی
سلاڤۆی ژیرهك
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
فیلمی "ئاڤاتار-avatar"ی جه‌یمس كامیرۆن چیرۆكی كۆنه مارينزێكی] سه‌ربازێكی ده‌ریایی[ ئیفلیج و لهپێكهوتوو ده‌گێڕێته‌وه، کە له زه‌وییه‌وه ڕه‌وانه‌ی هه‌ساره‌یه‌كی دوور ده‌كرێت تا دزهبكاته ناو جۆره ڕه‌گه‌زێكی پێستشینهوه كه خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ههسارهكهن، و قایلیان بكات تا ڕێگه بۆ خاوه‌نكاره‌كانی خۆشبكهن له خاك و زێدی ئه‌واندا به دوای سه‌رچاوه سرووشتییه‌كاندا بگه‌ڕین. عه‌قڵی پاڵه‌وانه‌كه، پاش تێپه‌ڕین به ده‌ستكاریكردنێكی ئاڵۆزی بایۆلۆژییدا، سه‌ره‌نجام "ئاڤاتار"ه‌كه‌ی كه شێوه‌ی گه‌نجێكی ڕه‌سه‌ن و خۆجێی]هاوشێوه‌ی خه‌ڵكی هه‌ساره‌كه‌ی[ له‌خۆگرتووه، ده‌خاته ژێر ڕكێف و كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه.
دانیشتووە ڕهسهنهكەی هه‌ساره‌كه كه‌سانێكن ئێجگار ڕۆحانی و له په‌یوه‌ندییه‌كی هارمۆنی و ته‌با له‌گه‌ڵ سرووشتدا دەژین( ده‌توانن جه‌سته‌یان، به‌هۆی تهلێكهوه كه لێیه‌وه ده‌رپه‌ڕیووه ]یان با بڵێین به هۆی كهزییه درێژهكانیانهوه[، به ئه‌سپ و درهختهكانەوە ببه‌ستن و بكه‌ونه گفتوگۆ و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵیاندا). وه‌ك چاوه‌ڕوانده‌كرێت، مارێنزهكه عاشقی شازادهخانمێكی دڵڕفێنی هه‌ساره‌كه ده‌بێت، و شانبه‌شانیان به‌شداریی جه‌نگه‌كه ده‌كات، و بۆ وه‌ده‌رنانی مرۆڤه داگیركه‌ره‌كان و پاراستنی ههسارهكهشیان كۆمه‌كییان ده‌كات. له كۆتایی فیلمه‌كه‌دا، پاڵه‌وانه‌كه ڕۆحی له جه‌سته مرۆییه تێكشكاوهكهیهوه بۆ ئاڤاتاره خۆجێی و ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه، به‌م پێیه‌ش]به فیعلی[ ده‌بێته یه‌كێك له‌وان.
به ڕه‌چاوكردنی شێوازه زێدهواقیعە سێڕهههندییهکەى[1] فیلمه‌كه و تێكه‌ڵه‌ی ئه‌كته‌ره ڕاسته‌قینه‌كان و ئه‌نیمه‌یشنه دیجیتاڵییه‌كان، ده‌كرێت فیلمی" ئاڤاتار" به فیلمگه‌لی وه‌كو "who framed the Roger Rabbit " (1988) یان "ماترێكس" (1999) به‌راوردبكرێت. له هه‌ر كامێكیاندا، پاڵه‌وانه‌كه هه‌م ده‌رگیری واقیعه ڕۆژانهییهكهمان و هه‌م جیهانێكی خه‌یاڵكرد ده‌بێت- كارتۆنه‌كان له "ڕۆگه‌ر ڕابیت"دا، واقیعێكی دیجیتاڵی له " ماترێكس"دا، یان واقیعێكی ڕۆژانه‌یی دیجیتاڵییانەى چاككراو و ڕێكخراوی هه‌ساره‌كه له "ئاڤاتار"دا. به‌م جۆره، شتێك كه نابێت فه‌رامۆشی بكه‌ین ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌رچی وه‌ها چاوه‌ڕوانده‌كرێت چیرۆكی "ئاڤاتار" له یه‌ك و له هه‌مان واقیعی " ڕاسته‌قینه"دا ڕووبدات، ]به‌ڵام[ ئێمه- له ئاستی ئابورییه ڕه‌مزییه ژێره‌وانكێ و بنچینه‌ییه‌كه‌یدا- سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ دوو واقیعدا هه‌یه: جیهانی ئاسایی ئیمپریالیسته داگیركه‌ره‌كان له لایه‌ك و جیهانێكی فه‌نتازی، واتە زێدی خه‌ڵكه خۆجێیه‌كانی هه‌ساره‌كه كه په‌یوه‌ندییه‌كی چەشنى زیناى مه‌حره‌میان به سرووشته‌وه هەیە، له لایه‌كی تره‌وه. (دووه‌میان نابێت له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه تاقهتپڕوكێنهی خه‌ڵكی]هه‌ساره‌كه [به فیعلی تیایدا ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، تێكهڵبكهین). ده‌كرێت كۆتایی فیلمه‌كه به‌مجۆره درككبكرێت: پاڵه‌وانه‌كه به ته‌واوی له واقیعه‌وه به‌ره‌و جیهانێكی فه‌نتازی كۆچده‌كات- وه‌ك بڵێی نیۆ[2] له فیلمی "ماترێكس"دا بڕیاری دووباره گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واو و بنجبڕانه بۆ ناو ماترێكس دەدات.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌مه مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت ئێمه ده‌بێت له‌پێناو قبوڵكردنێكی "ڕه‌سه‌ن"تری جیهانی ڕاسته‌قینه‌دا ئاڤاتار ڕه‌تبكه‌ینه‌وه. ئه‌گه‌ر فه‌نتازیا له واقیع جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌وا خودی واقیع یه‌كانگیریی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و هەڵدەوەشێتەوە. بژارده‌ی نێوان "قبوڵكردنی واقیع یان هه‌ڵبژاردنی فه‌نتازیا"، بژارده‌یه‌كی هه‌ڵه و ناڕاسته: ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ده‌مانه‌وێت واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆمان بگۆڕین یان لێی ڕابكه‌ین، یه‌كه‌م شت كه بیكه‌ین گۆڕینی فهنتازیاكانمانه كه وایانكردووه له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا بگونجێین. پاڵه‌وانی ئاڤاتار چونكه هه‌ڵناستێت بە شتێ وا، بۆیە پێگه سوبێكتیڤهكهی ئه‌وه‌یه كه ژاك لاكان، به ئاماژه‌كردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ ماركیز دی ساد، ناویدەنێت فریوخواردن لەڕێگەى فەنتازیاوە.
بۆیه شتێكی كه‌مه‌ندكێش و دڵڕفێنه وێناى ]به‌رهه‌مهێنانی[ به‌شێكی تری فیلمی ئاڤاتار بكه‌ین، كه تیایدا پاش تێپه‌ڕینی دوو ساڵ( یان به‌ڵكو هه‌ر دوو مانگێك) له ]ژیانكردن[ له ناو خێروبێری ]هه‌ساره دوورهكهدا[، ]سه‌ره‌نجام[ پاڵه‌وانه‌كه ناڕه‌زامه‌ندی و بێزارییه‌كی سه‌یروسه‌مه‌ره دایده‌گرێت و غه‌ریبی جیهانه گڵاو و فاسدهكهی مرۆڤه‌كان ده‌كات. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ناڕه‌زامه‌ندی و بێزارییه ته‌نیا له‌وێوه هه‌ڵنه‌قووڵاوه كه هه‌موو واقیعێك، ئیتر گرنگ نییه چه‌نده پێرفێكت و كامڵیش بێت، زوو یان دره‌نگ، نائومێدمان ده‌كات. ]به‌ڵكو[ ئەوەیە کە فه‌نتازیایه‌كی هێند پێرفێكتیش ڕێك به‌هۆی كه‌ماڵ و پێرفێكتبوونهكهیهوه نائومێدمان ده‌كات: ئه‌م پێرفێكتبوونه ئه‌و ئاماژه‌یه‌ی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه كه شوێنێكی بۆ ئێمه تیادا نییه، ئێمه ئه‌و سوبێكتانهی كه وێنای ده‌كه‌ین.
یۆتۆپیای وێناكراوى ناو "ئاڤاتار" له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وتی ڕێسا و فۆرموله هۆڵیودییهكه بۆ پێكهێنانی كهپڵێك]عاشق و مهعشوقهیهك[ ده‌ڕوات- ]هه‌مان[ نه‌ریتی دوورودرێژی ئه‌و پاڵه‌وانه سپیپێسته گوێڕایه‌ڵ و نابهدڵهی ناچاره بچێته ناو به‌ربه‌ری و هۆڤییهكانهوه تا هاوبه‌شێكی جنسیی گونجاو بدۆزێته‌وه(ته‌نیا ئه‌وه به‌سه فیلمی "له‌گه‌ڵ گورگه‌كاندا سەمادەکات[3]" بهێننه‌وه یادتان). له فیلمێكی نمونه‌یی هۆڵیوددا، هه‌موو شتێك، له چاره‌نووسی سوارچاكانی مێزگرد[4]ـەوە بیگره تا ئه‌و نەیزەکانەى خۆیان به زه‌ویدا ده‌كێشن، شێوه‌ی حه‌كایه‌تێكی ئۆدیبییان له‌خۆگرتووه. ترۆپكی ئه‌م پرۆسێسه گاڵته‌جاڕه‌ی دانانی ڕووداوه مێژووییه گه‌وره‌كان وه‌ك باگراوندێك ]و ڕێگه خۆشكردنێك[ بۆ پێكهێنان ]و یه‌كگرتنه‌وه‌ی[ كهپڵێك له فیلمی " سووره‌كان"ی به‌رهه‌می وارێن بیتیدا ده‌رده‌كه‌وێت، كه تیایدا هۆڵیود]سه‌ره‌نجام[ ڕێگایه‌ك ده‌دۆزێته‌وه تا شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر نۆرماڵ و ئاسایی بكاته‌وه]و له ناوكه ڕه‌قه تراوماییهكهی دایبماڵێت[، ]له كاتێكدا[ شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر، به شێوه‌یه‌كی مشتومڕئامێز، به تراومایترین ڕووداوی سه‌دده‌ی بیسته‌م داده‌نرێت. له فیلمی "سووره‌كان"دا كه‌پڵه‌كه، جۆن رید و لویز برایانت، له ته‌نگژه‌یه‌كی قووڵ و سه‌ختی عاتفیدان، ]به‌ڵام[ كاتێك لویز، جۆن ده‌بینێت كه وتارێكی حه‌ماسی و شۆڕشگێڕانه پێشكه‌شده‌كات، عه‌شقه‌كه‌یان دووباره گڕوتین پهیدادهكاتهوه.
دواتریش سێكسكردنی كه‌پڵه‌كه‌ی به‌دوادا دێت كه هاوڕێك له‌گه‌ڵ چه‌ند دیمه‌نێكی ئه‌زه‌لی و ئاركیتایپی شۆڕشدا نیشانده‌درێت، هه‌ندێك له‌م دیمه‌نه شۆڕشگێڕانه به ڕوون و ئاشكرایی ده‌نگ و سه‌دایه‌كی جنسییانهیان هه‌یه، بۆ نموونه، كاتێك جۆن چووكی ده‌خاته ناو لویزه‌وه، ]دیمه‌نه‌كه ده‌بڕدرێت[ و كامێراكه به‌ره‌و شه‌قامێك كه قه‌ره‌باڵغییه‌كی تێكچڕژاوی خۆپیشانده‌ران ده‌وری تراموایهكی شێوە"فالوسی" ده‌ده‌ن و ڕایده‌گرن، ده‌چێت- تێكڕای ئه‌مه‌ش به‌رامبه‌ر به باگراوندی سروودى " ئه‌نته‌رناسیونال". كاتێكیش له ترۆپكی له‌زه‌ت و ئۆرگازمهكهدا، خودی ڤلادیمێر لینین ده‌رده‌كه‌وێت كه له هۆڵێكی پڕ له نوێنه‌رانی]شورای كرێكاراندا[ قسه‌ده‌كات، زیاتر وه‌ك مامۆستایەکى دانا دێته‌به‌رچاو كه چاودێریی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و وانه فێركارییه عاشقانهیهی كه ته‌ڵقینی كه‌پڵه‌كه‌ی داوه، ده‌كات. نه‌وه‌كو وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی شۆڕشگێڕی ساردوسڕ و خوێنتاڵ. به گوێره‌ی هۆڵیود، ته‌نانه‌ت شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ریش عه‌یبی نییه ئه‌گه‌ر خزمه‌ت به بهیهكترگهیشتنهوه و ئاشتبوونه‌وه‌ی كهپڵێك یان دوو خۆشه‌ویست بكات.
به‌هه‌مان شێوه ئایا به‌ڕاستی فیلمه پێشووه پڕفرۆش و ڕیكۆردشكێنهكهی جه‌یمس كامیرۆن، تایتانیك، ده‌رباره‌ی كاره‌ساتی خۆپیاكێشانی كه‌شتییه‌ك-ـه به شاخێكی سه‌هۆڵیندا؟ ده‌بێت به وریاییه‌وه له ساته‌وه‌ختی ڕوودانی كاره‌ساته‌كه ڕابمێنین: ڕێك ئه‌وكاته‌ی عاشقه گه‌نجه‌كان( لیۆناردۆ دیكاپیرۆ و كه‌یت وینسلێت) پاش بڕاندنه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ]و گوزه‌راندنی كاتێكی خۆش و سه‌رجێیكردن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا[ ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ڕووی كه‌شتییه‌كه، ڕووده‌دات. ته‌نانه‌ت له‌مه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه، وینسلێت]واتە ڕۆز[ له‌سه‌ر ڕووی كه‌شتییه‌كه به خۆشه‌ویسته‌كه‌ی]جاك[ ده‌ڵێت كاتێك سبه‌ی به‌یانی كه‌شتییه‌كه گه‌یشته نیویۆرك، ڕه‌دووی ده‌كه‌وێت، ]چونكه[ ژیانێكی هه‌ژارانه له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته ڕاسته‌قینه‌كه‌یدا ناگۆڕێته‌وه به ژیانی ساخته و فاسدی ناو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان.
ڕێك له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه‌شتییه‌كه خۆی به شاخه سههۆڵینهكهدا ده‌كێشێت، تا ڕێگه له قه‌ومانی حه‌تمیی كاره‌ساته ڕاستهقینەکە بگرێت: به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی دوو خۆشه‌ویسته‌كه له نیویۆركدا. ده‌كرێت كه‌سێك به خه‌یاڵێكی ئاسووده‌وه گریمانه‌ی ئه‌وه بكات،] ئه‌گه‌ر كه‌شتییه‌كه خۆیشی نهكێشابا به شاخه سه‌هۆڵینه‌كه، و جاك و ڕۆزا بۆیان ههڵبكهوتبا له نیویۆركدا بژین[، كاتێكی زۆری نه‌ده‌برد ده‌رده‌سه‌رییه‌كانی ژیانی ڕۆژانه عهشقهكهیانی دهپووكاندهوه. به‌م پێیه كاره‌ساتی ]نوقمبوونی كه‌شتییه‌كه[ بۆیه ڕووده‌دات تا عه‌شقه‌كه‌یان ڕزگاربكات، تا ئه‌و وەهم و وەژارەیە به زیندوویی بهێڵێته‌وه كه ئه‌گه‌ر كاره‌ساته‌كه ڕووینه‌دابا، ده‌یانتوانی " بۆ هه‌میشه شاد و خه‌ندان" به‌یه‌كه‌وه بژین. ]به‌ڵام[ ئاماژه و سه‌رنجێكی ]ده‌قیقتر و ڕاستتر[ له دواهه‌مین ساته‌وه‌خته‌كانی دیكاپیرۆدا ده‌خرێته‌ڕوو. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كه له‌ناو ئاوه سارده‌كه‌دا خه‌ریكه ڕهقدەبێتەوە و له گیانه‌ڵادایه، كه‌یت وینسلێت دوور له هه‌موو مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر پارچه ته‌خته‌یه‌كی گه‌وره‌ی سهرئاوكهوتوودایه، و ئاگای له‌وه‌یه ئه‌وه‌تا دیكاپیرۆ له‌ده‌ستده‌دات، ده‌گری و هاوار ده‌كات: "هه‌رگیزاوهه‌رگیز ناهێڵم به‌جێمبهێڵیت!"، ]كه‌چی ڕێك[ كاتێك ئه‌م قسه‌یه ده‌كات، ده‌سته‌كانی لێ دوورده‌خاته‌وه و پاڵێكی پێوه‌ده‌نێت] بۆ ناو ده‌ریاكه و ده‌هێڵێت بڕوات و به‌جێیبهێڵێت[! .
بۆچی؟ چونكه دیكاپیرۆ ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی ڕاپه‌ڕاندووه. تایتانیك، له ژێر]ده‌مامكی[ چیرۆكێكی عاشقانه‌دا، چیرۆكێكی تر ده‌گێڕێته‌وه، چیرۆكی كچێكی فاسد و نازپێدراوی چینی باڵا كه قەیرانى شوناسى هەیە[5]: سه‌ر لێشێواو و شپرزه‌یه، نازانێت چۆن بجوڵێته‌وه، دیكاپیرۆش بۆ ئه‌و زۆر زیاتره له عاشقێك، جۆره "ئەڵقەیەکى ونبوو[6]"ـه كه وه‌زیفه‌كه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ستكردن به شوناس و مانا و مه‌به‌سته له ژیانیدا. دواهه‌مین قسه‌كانی دیكاپیرۆ پێش نوقمبوونی له زه‌ریای سه‌هۆڵاوی و ته‌زێنه‌ری ئه‌تلانتیكی باكووردا، قسه‌ی عاشقێك نییه كه له مه‌عشوقه‌كه‌ی جیاده‌بێته‌وه، به‌ڵكو په‌یامی واعیزێكه كه پێیده‌ڵێت ڕاستگۆ و دڵسۆز و سه‌رڕاست بێت له‌گه‌ڵ خۆیدا.
نابێت ماركسیزمه هۆڵیودییه ساخته و ڕووكه‌شه‌كه‌ی جه‌یمس كامیرۆن(واتە ئیمتیازبەخشینە ئاشكرا و ناشییانهكهی به چینه‌كانی خواره‌وه و نیشاندانی كاریكاتێریانه‌ی خۆپه‌رستی دڕندانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان) فریومان بدات. له ژێر ئه‌م هاوسۆزی و هاودڵییه له‌گه‌ڵ هه‌ژاراندا، ئوستورهیهكی كۆنه‌پارێزانه حه‌شاردراوه، یه‌كه‌مجار به ته‌واوی له ڕۆمانی "Captains Courageous"ی رودیارد كێپڵینگدا به‌كارهێنراوه. تایتانیك حه‌كایه‌تی گه‌نجێكی ده‌وڵه‌مه‌نده، چ كوڕ بێت یان كچ، كه لە حاڵێكی ناله‌باردایه و له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی كورتی گیانی به گیانی و خوێنمژانهوه له‌گه‌ڵ هه‌ژاراندا گڕوتینی خۆی بهدهستدێنێتهوه. ئه‌وه چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی خوینمژانهیه كه له پشت بهزهیپێهاتنهوه و دڵسووتان به هه‌ژاراندا, خۆی ماتداوه.
به‌ڵام له ئێستادا هۆڵیود به ته‌رزێكی به‌رچاو و به‌رده‌وام هەڵکشاودا وه‌ها ده‌رده‌كه‌وێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ڕێسا و فۆرموله‌یه بووبێت. ئه‌و فیلمه‌ی له‌سه‌ر ڕۆمانی " فریشته‌كان و شه‌یتانه‌كان[7]"ـی دان براون به‌رهه‌مهێنراوه، به دڵنیاییه‌وه به یه‌كه‌م فیلمی هۆڵیود ئه‌ژمارده‌كرێت له‌سه‌ر ڕۆمانێكی عه‌وامانه به‌رهه‌مهێنرابێت كه دیمه‌نی سێكسكردنی هه‌ردوو كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كه له كتێبه‌كه‌دا هه‌بێت، به‌ڵام ڤێرژنی فیلمه‌كه‌ی ئه‌مه‌ی له‌خۆنه‌گرتبێت- ئه‌مه‌ش ڕوون و ئاشكرا پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی كۆن و دوورودرێژی زیادكردنی دیمه‌نی سێكسییه بۆ فیلمگه‌لێك كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ڕۆمانهنه به‌رهه‌مهێنراون كه هیچ دیمه‌نێكی وه‌هایان تیادا نییه. ]به‌ڵام[ هیچ شتێكی ڕزگاریخوازانه له‌م غیابی سێكسه‌دا بوونی نییه، به‌ڵكو ئێمه هێشتا سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ به‌ڵگه و نیشانه‌یه‌كی تری ئه‌و دیارده‌یه دایه كه ئالان بادیۆ له كتێبی " له ستایشی عه‌شق"دا خستوێتییه ڕوو- ]واته[ له‌م ڕۆژگاره پراگماتیك و نهرجسییهی تیایدا ده‌ژین، خودی بیرۆكه‌ی كه‌وتنه ناو خۆشه‌ویستییه‌وه، و په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رموگوڕ و گیانی به گیانی له‌گه‌ڵ هاوبه‌شێكی جنسیدا وه‌ك بیرۆكه‌یه‌كی كۆنه‌باو و ترسناك سه‌یرده‌كرێت.
وه‌فاداریی فیلمی "ئاڤاتار" بۆ فۆرموله كۆنه‌كه‌ی ڕەخساندنى عەشقێک، متمانه و باوه‌ڕی بێچه‌ندوچوونی به فه‌نتازیا، چیرۆكی پیاوێكی سپی‌پێست كه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ شازادهخانمێكی هه‌ساره دووره‌كه ده‌كات، و ته‌ختی پادشایه‌تی به‌ده‌ستده‌هێنیت، له‌ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه ده‌یكاته فیلمێكی موحافیزه‌كار و لهمۆدكهوتوو. بلیمه‌تییه ته‌كنیكییه‌كه‌ی فیلمه‌كه خزمه‌ت به شاردنه‌وه‌ی ئه‌م موحافیزهكارییه بنه‌ڕه‌تییه ده‌كات. زۆر ئاسانه له ژێر تێما سیاسییه مه‌عقول و ههمهپهسهندهكانی فیلمه‌كه‌دا( پیاوێكی سه‌رڕاستی سپی‌پێست شان به شانی دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه ژینگهپارێزهكان دژی " تێكه‌ڵه سه‌ربازی و پیشهسازیهكهی" داگیركه‌ره ئیمپریالیسته‌كان ده‌جه‌نگێت) په‌ی به ڕستێك ئایدیا و مۆتیفی دڕنده و ڕه‌گه‌زپه‌رستانه ببیه‌ین: ]ته‌نانه‌ت[ پیاوێكی ئیفلیج و لهپێكهوتوو و ده‌ركراوی زهوینشین شیاوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی شازادهخانمێكی هه‌ساره دووره‌كه و كۆمه‌ككردنیان تا له جه‌نگه یهكلاكهرهوهكهدا سه‌ربكه‌ون. فیلمه‌كه فێرمانده‌كات تاقه بژارده‌یه‌ك له به‌رده‌ستی دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كاندا هه‌بێت بریتییه له ڕزگاركردن یان له‌ناوبردنیان له‌لایه‌ن مرۆڤه‌كانه‌وه. به ده‌ربڕینێكی تر، ئه‌وان ده‌توانن له نێوان دوو بژارده‌دا یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن: یان ببنه قوربانی واقیعه ئیمپریالیستییهكه یان ڕۆله پێدراو و دیاریكراوه‌كه‌یان له فه‌نتازیای پیاوه سپیپێستهكهدا بگێڕن.
له هه‌مانكاتدا كه فیلمی "ئاڤاتار" له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا قازانج كهڵهكهدهكات ( پاش تێپه‌ڕینی كه‌متر له سێ هه‌فته له بڵاوبوونه‌وه‌یدا یه‌ك بلیۆن دۆلاری چنیبووەوە)، شتێك كه به جۆرێكی سه‌یروسه‌مه‌ره هاوشێوه‌ی گرێچنی فیلمه‌كه‌یه ]له‌سەر ئه‌رزی واقیع[ ڕووده‌دات. چه‌ند كۆمپانیایه‌كی هه‌ڵكه‌ندن و كانزاسازی گردۆڵكه و ناوچه شاخاوییه‌كانی باشووری هه‌رێمی ئۆریسیای هیندستانیان، كه خه‌ڵكی] خێڵی[ دۆنگریا كۆند (13) تیایدا نیشته‌جێن، كڕیوه، و به‌رنامه‌ی به‌گه‌ڕخستن و وه‌به‌رهێنانی هایدرۆكسیدی ئه‌له‌مینیۆمی خاو و بێشوماری ناوچه‌كه‌یان هه‌یه) نرخی چینه نیشتووه‌كانی ئهلهمینیۆمهكه به لانیكه‌م چوار تریلیۆن دۆلار خه‌مڵێنراوه). ماوییەك)نهكسالیتێك- Naxalite) وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌م پرۆژه‌یه هه‌ڵساوه به چه‌كداركردنی شۆڕشگێڕه توڕه و گڕگڕتووهكان.
ئارونداتی رۆی)16)،] خانمه ڕۆماننوسی هیندی[، له گۆڤاری "Outlook India"دا ده‌رباره‌ی سوپای گه‌ریلا ماویستهكان نووسیوێتی:
ته‌قریبه‌ن ته‌واوی سوپاكه له خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌ژار و به‌شمه‌ینه‌تی خێڵنشین پێكهاتووە، له هه‌لومه‌رجی برسێتییه‌كی هێند تۆقێنه‌ردا، نزیك له‌و جۆره قاتوقڕییه‌ی ته‌نها ده‌یده‌ینه پاڵ سهحاراییهكانی ئه‌فریقادا، ده‌ژین. ئه‌مانه خه‌ڵكانێكن ته‌نانه‌ت دوای شه‌ست ساڵ له به‌ناو سه‌ربه‌خۆیی هیندستاندا، هێشتاش ده‌ستیان به ]مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی[ وه‌ك په‌روه‌رده و خوێندن، چاودێری ته‌ندروستی و قه‌ره‌بووی یاساییدا ڕانه‌گه‌یشتووه. ئه‌مانه خه‌ڵكانێكن ده‌یه‌ها ساڵ بێڕه‌حمانه چه‌وسێنراونه‌ته‌وه، هه‌میشه له‌لایه‌ن بزنسمان و سووخۆره بچووكه‌كانه‌وه فێڵیان لێكراوه. پۆلیس و كارمه‌ندانی هۆبه‌ی دارستان و ژینگه به حیسابی مافێكی خۆیان ده‌ستدرێژییان كردۆته سه‌ر كچ و ژنه‌كانیان. خه‌بات و تێكۆشانیان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شتێك له كه‌رامه‌ت تاڕاده‌یه‌كی زۆر قه‌رزارباری كادره ماوییهكانه كه بۆ ده‌یه‌ها ساڵ له‌گه‌ڵیاندا ژیاون و كاریانكردووه و شان به شانیان جه‌نگاون. هۆكاری چه‌كهه‌ڵگرتنیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێك كه بێجگه له توندوتیژی و په‌راوێزخستن هیچی تری پێنه‌داون، ئێستا ده‌یه‌وێت دواهه‌مین شتێك كه هه‌یانه به‌زۆر له ده‌ستییان بڕفێنێت: زێد و خاكه‌كه‌یان... خه‌ڵكه‌كه باوه‌ڕیان وایه ئه‌گه‌ر له پێناو زێد و خاكه‌كه‌یاندا نه‌جه‌نگن، ده‌سڕدرێنه‌وه...سوپا شڕ و شه‌پڕێو و بهدخۆراكهكهیان، كه زۆرینه‌ی سه‌ربازه‌كانی كه‌سانێكن هه‌رگیز شه‌مه‌نده‌فه‌رێك، پاسێك یان ته‌نانه‌ت شارۆچكه‌یه‌كی بچووكیشیان نه‌بینیووه، ته‌نیا له پێناو مانه‌وه‌دا ده‌جه‌نگن.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان وه‌ك "تاقه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوخۆیی ئه‌م یاخیبوونه‌ی وه‌سفكرد"، میدیای زه‌به‌لاحیش كه وه‌ك به‌رهه‌ڵستییه‌كی په‌ڕگیرانه له به‌رامبه‌ر پێشكه‌وتندا وه‌سفیده‌كات، پڕاوپڕه له حه‌كایه‌ته‌كانی " تیرۆریزمی سوور" كه جێگه‌ی حه‌كایه‌ته‌كانی " تیرۆریزمی ئیسلامی"یان گرتووەته‌وه. نابێت پێمان سه‌یر بێت كه حكومه‌تی هیندستان به مانۆرێكی سه‌ربازیی گه‌وره‌وه به‌رپه‌رچی "سه‌نگه‌ره‌كانی ماوییەكان" له دارستانه‌كانی ناوه‌ڕاستی هیندستاندا ده‌داته‌وه.
ئه‌وه‌ش ڕاسته هه‌ر دوو به‌ره‌كه، له‌م جه‌نگه دڕندانه‌یه‌دا، په‌نایان بردووەته به‌ر توندوتیژییه‌كی له ڕاده‌به‌ر، ] ئیتر وه‌هایه[ " عه‌داله‌ت بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك" لای ماوییه‌كان، عه‌داله‌تێكی توند و ڕه‌قه] و "شۆڕش ئێواره‌خوان نییه"[. به‌هه‌رحاڵ، گرنگ نییه ئه‌م توندوتیژییه چه‌نده بۆ زه‌وق و چه‌شه‌ی لیبڕالیانهی ئێمه ناجۆر و هێڵنجهێنه، ئێمه مافی ئیدانهكردنیمان نییه. بۆچی؟ چونكه ئه‌وان ڕێك له‌و بارودۆخه‌دا ده‌ژین كه هیگڵ ناویناوه "بارودۆخی ڕه‌شوڕووته‌كان[8]"، جه‌نگاوه‌ره نهكسالیتهكانی هیندستان خه‌ڵكانێكی خێڵنشینی به‌شمه‌ینه‌تن و له بچووكترین ئاستی ژیانێكی سه‌ربه‌رزانه بێبه‌شكراون.
كه‌واته، فیلمه‌كه‌ی جه‌یمس كامیرۆن ده‌كه‌وێته كوێی ئه‌مه‌وه؟ هیچ كوێ: له ئۆریسیادا هیچ شازادهخانمێكی خانه‌دان چاوه‌ڕێی پاڵه‌وانه سپیپێستهكان ناكات تا به ناز و عیشوه‌وه فریویان بدات و به‌ره‌و یارمه‌تیدانی خه‌ڵكه‌كه‌ی ڕایانبكێشێت، ئه‌وه ته‌نیا ماوییهكانن جوتیاره بهشمهینهتهكانیان ڕێكخستووه. فیلمی "ئاڤاتار" به‌ره‌و دابه‌شكردنێكی نموونه‌یی ئایدیۆلۆژیانهمان ده‌بات: له لایه‌كه‌وه هاوخەمى له‌گه‌ڵ دانیشتووانه ڕه‌سه‌نه‌كان، و له لایه‌كی تریشه‌وه ڕه‌تكردنه‌وه‌ی تێكۆشانه فیعلییهكهیان. هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی چێژ له فیلمه‌كه وه‌رده‌گرن و شێت و شه‌یدای جه‌نگاوه‌ره خۆجێیه‌كانی ههسارهكهن، به‌بێ هیچ گومانێك به ترس و تۆقینه‌وه له جه‌نگاوه‌ره نهكسالیتهكان كه وه‌ك تیرۆریستگهلێكی پیاوكوژ ڕهتیاندهكهنهوه، خۆیان كهنارگیردهكهن.
به‌م پێیه، ئاڤاتاری ڕاسته‌قینه خودی فیلمی "ئاڤاتار"ـه: فیلمه‌كه جێگه‌ی واقیع ده‌گرێته‌وه.
[1]. 3-D hyperreality
[2]. Neo
[3]. Dances With Wolves
[4] Round Table
[5] identity crisis
[6] vanishing mediator
[7] Angels and Demons
[8] Rabble
سه‌رچاوه
https://www.newstatesman.com/film/2010/03/avatar-reality-love-couple-sex