A+    A-
(2,448) جار خوێندراوەتەوە

پێکەنین لە پەراوێزی تووڕەییدا

خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ فیلمی جۆکەر

 

 

هاوار نەسرەدین

 

 

 

 کورتەی چیرۆکی فیلمەکە: ئارسەر فلێک نەخۆشی دەروونی هەیە، هاوکات هەوڵدەدات ببێتە گەپجاڕ "ئەکتەری کۆمێدی" و کارەکەی خۆشدەوێت. بەڵام کۆمەڵگە لەبەر ئەوەی بە دەست نەخۆشییەکی گەورەوە دەناڵێنێت، پێچەوانەی خواستی ئارسەرە. بۆیە هیچ کەسێک بە جوڵە و قسەکانی ئەو پێناکەنێ، چەندینجار سووکایەتی پی دەکرێت و دەکەوێتە پەراوێزەوە. وەک خۆی دەڵێت: ئەوەنە نابینرێ، هەندێکجار هەست ئەکا نییە. ئارسەر کەسایەتییەکی تەنیا و بێکەس و ڕەتکراوە و شکستخواردووە، کە چیرۆکی کۆمەڵگە و شارێکی پڕ لە گەندەڵی و پیس دەگێڕێتەوە. بەگوێرەی چیرۆکەکەی ئارسەر؛ بەرپرسان تەنیا کاتی دەنگدان توێژی هەژار و داماوانیان لە بیرە، دواتر پشت گوێ دەخرێن و بایەخیان نییە. ئارسەر لەلایەن هاوکارێکییەوە چەکێکی پێ دەدرێت تا پارێزگاریی لە خۆی بکات، بەڵام ئارسەر بۆ کوشتن و دەستپێکی شۆڕشێکی گەورە سوودی لێ دەبینێ...

نامۆبوونی کۆمەڵگە ئەنجامە، بەڵام ڕەنگە ئامانجی هیچ سیستەمێکی باڵادەست نەبێت. نامۆبوون؛ بێبەشییە لە ژیانی ئاسایی و مافە سروشتی و یاساییەکان. ڕەهەندێکی دیکەی نامۆبوون، بریتییە لە داخرانی ڕێگەی دەربازبوون لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسى و ئابوورییەکان... سەرمایەداری؛ یەکێکە لە باڵادەستترین سیستەم و مۆدێلە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژگاری ئێمە. لە سایەی ئەم سیستەمەوە زۆرترینی کۆمەڵگە نامۆ دەبن. مرۆڤ تا سوودێکی بۆ سیستەم هەبێت، پارێزراو و بەرچاوە. بەڵام هەر کاتێک لە ڕکابەرییەکەدا دۆڕا، وەک پاشماوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە و دەکەوێتە پەراوێزەوە. پەراوێزبوون، ناشرینترین جۆری نامۆبوونە. لە پەراوێزەکانەوە شاز و ڕیزپەڕەکان دەردەکەون. جۆکەریش شازە. لە کەس ناچێت و کەس لێی ناچێت. گەپجاڕەکان لەبەرچاو و لەسەر شانۆ دەژین، مانەوەیان بەندە بە پێکەنین و کاردانەوەوە. ئەدی ئەگەر گەپجاڕ بکەوێتە پەراوێزەوە و کەس مەیلی نەبێ گوێی لێ بگرێت و گرنگی پێ بدا، چی ڕوو دەدا؟

فیلمی جۆکەر یان گەپجاڕ؛ فیلمێکی تاریک و ترسێنەرە، پێویستی بە تەرکیزێکی زۆرە تا لە هێڵە شاراوەکانی تێبگەیت. هەرچەندە هیچ پەردەیەکی ئەوتۆ ناهێڵێتەوە و ڕاشکاوانە ئاماژەوە بەوە دەکات کە کۆمەڵگە بەدەست سیستەمی سەرمایەدارییەوە چۆن دەناڵێنێت. لێرەدا هونەری دەرهێنەر و ئەکتەرەکان دەردەکەوێت کە بەو جوانییەوە توانیویانە ڕۆڵەکان بە جۆرێک بگێڕن کە پەردە لەسەر کۆمەڵێک کێشە هەڵماڵن. بەتایبەت ئەو پێکەنینە سەیرانەی فینیکس کە ڕۆڵی جۆکەر دەگێڕێت. پێکەنینێکە لەنێوان تووڕەیی و پێکەنین. ڕەنگە پێکەنینەکەی مۆنالیزامان بهێنێتەوە یاد! کە بەچاو نیگەرانە و بە دەم پێدەکەنێت.

فێڵێکی سەرەکی نووسەر و دەرهێنەری ئەم فیلمە ئەوەیە؛ زۆربەی ئەو ڕووداوە سەرەکییانەی لە فیلمەکەدا ڕوو دەدەن، خەیاڵ و وڕێنەی مێشکە نەخۆشەکەی ئارسەرە. لە ڕاستیدا ئارسەر نەخۆشێکە و لە نەخۆشخانەی دەروونییدا خەوێنراوە! هاوکات کچە ڕەشپێستەکە نە ئارسەر دەناسێت و نە خۆشیشی ویستووە، بەڵکو ئارسەر لە خەیاڵی خۆیدا ئەم چیرۆکە دروست دەکات. ئەو کچە لە دەرهاوسێیک زیاتر، هیچ پەیوەندییەکی بە ئارسەرەوە نییە. هەروەها مۆرەی فرانکڵین هیچ کاتێک ئارسەر بانگهێشتی بەرنامەکەی ناکات و هیچ کاتێکیش پێی نایەژێ خۆزگە کوڕێکی وەک تۆم هەبووایە. بەڵکو ئەمە وڕێنەی مێشکە نەخۆشەکەی ئارسەرە کە هیواخوازە باوکێکی وەک فرانکڵینی هەبووایە. نەجوڵانی میلی کاتژمێرەکە نیشاندانی وڕێنەی هەموو چیرۆکەکەیە. هەرجارێک سەعات لە فیلمەکە نیشان دەدرێ میلەکان لەسەر ١١:١٠، کە ئەویش لە دوو کاتی جیاوازدا، بە درێژایی فیلمەکە، نیشان دەدرێت. هۆکاری شکاندنی کاتژمێرەکەی نووسینگەی گەپجاڕانی (ها ها)، ڕەنگە ڕاکێشانی سەرەنجی بینەر بێ بۆ ئەم ڕەهەندە. ئەوەی فێڵی دەرهێنەر دەهێڵێتەوە، کۆتا دیمەنی ئارسەرە لە نەخۆشخانەکە. بینەر پەی بەوە نابا کە داخۆ تەواوی فیلمەکە چیرۆکی ڕابردووی ئارسەرە یاخود هەمووی خەیاڵ و وڕێنەی ئەوە؟...

***

تەوەری سەرەکی چیرۆکەکە لەسەر بنەمای درزێکی گەورەی چینایەتی داڕێژراوە. سیستەمێکی بێکەڵک و هەلپەرست و گەندەڵ، خەڵکی تا لێواری نهێلیستی و پوچگەرایی بردووە. بە درێژایی فیلمەکە، هەرکاتێک خەڵک نیشان دەدرێ، کۆمەڵێک ڕوخساری ماندوو و پیر و بێتاقەتن. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ وەڕسی خەڵک. خەڵکیی بە دەست دوو شتەوە دەناڵێنن: یەکەمیان ئەو پشماوەیەیە کە خۆیان فڕێی دەدەن، تەنانەت جوانترین شوێنەکانی شاریشی پیس کردووە. دووەمیان ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە بووەتە بار بەسەریانەوە. گەپجاڕ، ئەرکی پێکەنینە. لەخۆڕا نییە کە ڕۆڵی گەپجاڕ بە ئارسەر دراوە. ئەرکی ئارسەر وێنەی ئەرکی پێغەمبەرێکە تا خەڵکەکەی لە مەینەت ڕزگار بکات و دڵخۆشیان بکات. لەڕاستیدا هەر بۆ ئەوەیش پەروەردە بووە. ئارسەر وەک چیرۆکی پێغەمبەرەکان لە سەرەتاوە شکست دەهێنێت و دەخرێتە پەراوێزی کۆمەڵگەوە تا خەریکە نەخۆشی لەناوی دەبات، بەڵام چونکە هەلومەرجەکە پێویستی بە چاکسازێک یان پێغەمبەرێکە، ئارسەری گەپجاڕ بە جۆرێکی دیکە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و سیستەمە "فیرعەونییەکە" هەڵدەوەشێنێتەوە.

کاتێک ئارسەر تێهەڵدان دەخوات، هیچ کەسێ بۆی گرنگ نییە بەڵکو کاتێ دەیەوێ قسە بکات و سکاڵا بکا، خۆی تۆمەتبار دەکەن. ئەمە ئاماژەیە بۆ نەخۆشی کۆمەڵگە. کۆمەڵگە بە دەستی دەردێکی بنچینەییەوە دەناڵێنێ، کەچی هاووڵاتیان و کۆمەڵگە تۆمەتبار دەکرێن. وەک ئەو دەربڕینەی کە هەمیشە سیاسییە شکستخواردووەکان پێیان وایە چاکەکارییەکانیانی سیستەم لە سیاسەتمەدارانەوەیە و ئۆباڵی گەندەڵی و دواکەوتوویی لە ئەستۆی کۆمەڵگەدایە. هەروەها کۆمەڵگە لەناو خۆیدا بە دەست وردە کێشەکانییەوە دەتلێتەوە و باری سەرەنجی خەڵک لەسەر کێشە سەرەکییەکان نییە. وزەکانیان دژی یەک بەکاردەهێنن وەک لەوەی کێشەکانی پێ چارەسەر بکەن. کە ئەمەیش تایبەتمەندی کۆمەڵگەی نەخۆش و هەژارە.

سیستەمی نوێی بەڕێوەبردن لە جیهاندا وایە، کە تەنیا هەندێک مافی قسەکردنیان هەیە، تەنیا کۆمەڵێک توانای ژیانیان هەیە، هەروەها تەنیا هەندێک دەتوانن تامی ژیان بکەن و خۆشییەکانی تاقی بکەنەوە. ئەوانی تر دەبێ بێدەنگ دانیشن و ببنە کۆیلە و چەنە نەدەن و لەو پەڕی بەدبەختیدا تەنیا هەوڵبدەن زیندوو بمێننەوە، مەژی و مەمرە... سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان هەمیشە ژیان و کەسایەتی خەڵکی ئاساییان لا بێنرخە، لەم فیلمەدا لە زمانی تۆماس وەینەوە کە هەم دەوڵەمەندێکە و هەمیش بەربژێری سەرۆکایەتی شارەوانییە، خەڵکی تۆمەتبار دەکا بەوەی کە: ڕێی خۆیان ون کردووە و نازانن چی بکەن. خەڵکی هەژار ئیرەیی بە خەڵکی دەوڵەمەند دەبەن و ڕقیان لێیانە، تەنانەت هەژارەکان هێندە لاوازن ڕوویان نییە ڕوخساری خۆیان نیشان بدەن و لە پشت دەمامکەوە ڕقی خۆیان بە دەوڵەمەندەکاندا دەڕێژن. تۆماس کە نوێنەری سیستەمی دەسەڵات و هێزی ئابوورییە، منەت بەسەر کۆمەڵگەدا دەکات و پێی وایە ئەوان پاک و بێگەردن، هاتوون تا هاوکاری و یارمەتی خەڵکی هەژار بدەن. لەکاتێکدا دواتر تێدەگەین کە تۆماس وەینی نوێنەری دەسەڵات و هێزی ئابووریی، بەشێکە لەو کێشە و نەگبەتییانەی بۆ ئارسەر -کە نوێنەری خەڵکی هەژارە- دروست کردووە و ژیانی فەوتاندووە.

وەڕسی و ماندووبوون و پووچێتی بە جۆرێک ڕۆچووەتە ناخی خەڵکەوە، کە خەڵکی لە خۆی نامۆ کردووە. کاتێک ئارسەر دەیەوێ کچێکی بچکۆلە لەناو پاسێکدا دڵخۆش بکا، دایکی کیژۆڵەکە بە توندی و تووڕەییەوە ئارسەر تەریق ئەکاتەوە. هەستێک، کە هەمیشە لە ناخی زۆربەی مرۆڤەکاندا هەیە ترسە. ترس لە لەدەستدانی ئەوەی هەیانە، ترس لەوەی کە دووبارە کۆمەڵگە سووکایەتییان پێ بکاتەوە و بیانخاتە پەراوێزەوە، ئەم هەستە لە نائاگایی هەر تاکێکدا جێکەوت بووە. دیمەنی پێکەنینەکەی ئارسەر لەناو پاسەکەدا، یەکێکە لە جوانترین و مانادارترین دیمەنەکانی ئەم فیلمە هەروەها دیمەنێکی تەواو تاریک و ڕەشیشە. چیتر خەڵکی بەرگەی دیمەنێکی جوان ناگرن، پێکەنین لەم سنووەردا قەدەغەیە. ئارسەر کاتێک لەم هەموو توندوتیژی و نەفرەت و ڕەقییەی کۆمەڵگە ڕائەمێنێت، بە ڕستەیەکی مانادار ناخی تووڕەی هەڵئەڕێژێ: داخۆ تەنیا من کێشەم هەیە یاخود هەموو کۆمەڵگە کێشەیان هەیە؟. دەروونناسەکە پێی ئەڵێ: بەداخەوە هەمووان. کۆمەڵگەیش وەک ئارسەر بێزار و ناڕەحەت و داماوە، بەردەوام سووکایەتیان پێ دەکرێ، ئەوەی شایانیانە پێیان نادرێ. وەک ئەوە دیالۆگەی کە ئارسەر ئێژێ: بەدرێژایی ژیانم تەنیا یەکجاریش دڵخۆش نەبوومە. ئەو گشتاندنەی دەروونناسەکە مانای ئەوەیە کە خەڵکیش لە بارودۆخێکی وادا، بۆ یەکجاریش هەستیان بە دڵخۆشی ڕاستەقینە نەکردووە.

دیمەنی ناو میترۆکە یەکێکی ترە لە دیمەنە ناوازەکانی فیلمی جۆکەر. کچێکی بێ تاوان و بی دەسەڵات، کە سێ گەنج گێچەڵی پێ دەگێڕن. ئارسەریش تەنیا لەکاتی سترێس و فشاری دەرونیدا پێدەکەنێت، پێدەکەنێت و پێدەکەنێت... سێ گەنجەکە لێی نزیک دەبنەوە و تا دەتوانن تێیهەڵدەدەن. خاڵی وەرچەرخانی ئارسەر لێرەوە دەست پێ دەکات و دەیکاتە گەپجاڕ "جۆکەر". وای لێ دەکات کە پێویست بکا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. باشتر وایە بڵێین کە ڕۆڵی خۆی بگۆڕێت، لە پێکەنینەوە بۆ تووڕەیی، لەجیاتی ئەوەی خەڵک بهێنێتە پێکەنین، تاوانباران بە سزا دەگەیەنێت. پێویستە چیتر بێدەنگ نەبێت و چیتر خۆی نەخواتەوە، لێرەوە کاردانەوەی دەبێت. کاردانەوەیەکی زۆر توندوتیژانەیە، کە کوشتنی سێ گەنجە گێچەڵگرتووەکەیە. هەموو تووڕەییەکەی بە کوشتنیان خاڵی دەکاتەوە. دواتر دەبینین کە ڕاگەیاندن چ ڕۆڵێکی ترسناکی هەیە. سێ کەسی هەرزەی خوێڕیی دەگۆڕێت بۆ سێ پیاوی خوێندەواری سەرکەوتوو.

ئارسەری گەپجاڕ لەناکاو دەبێتە سیمبولی بزووتنەوەیەکی دژە سەرمایەداری، هەڵبەتە بەبێ خواستی خۆی. تەنانەت بە ڕاشکاوانە دەڵێت: پێتوایە من لیبۆکێک یا گەپجارێکم کە بتوانم بزوتنەوەیەکی گەورە ببزوێنم؟ وەک ئەوەی کۆمەڵگە تەنیا چاوەڕێی پەلەپیتکەیەکن و کەسیش ئەو لێهاتوویی و دەرفەتەی نەبووە تا کاتێک ئارسەر خۆی دەنوێنێت. کاتێکیش سەرەنجی بەرنامەکەی مۆرەی فرانکلین دەدا، تێدەگا کە فرانکڵین تەنیا بۆ ڕابواردن و پێکەنین گرتە ڤیدیۆکەی ئەو نیشان دەدات و تەنانەت کاتێک بانگهێشتی بەرنامەکەیشی دەکا، تەنیا بۆ سووکایەتی و بچووککردنەوەیەتی. بە مانایەکی تر، فرانکڵین دەیەوێ ئاراسەر بکاتە برغوویەکی بچکۆلەی ماشینی ڕاگەیاندن. ڕۆڵی ئەم برغووە، بریتییە لە سووڕانەوەی ئەو ماشێنە زەبەلاحە بۆ ماوەیەک. کە ئەویش پڕکردنەوەی بەرنامە بێکەڵکەکانە لەسەر حسابی خەڵکی داماو. ئارسەریش بە کوشتنی یەکێک لە سمبولە بەرچاوەکانی توێژی پارەدار و دەوڵەمەند، بزووتنەوە دژە سەرمایەدارییەکە لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر پەرە پێ دەدات و دەبێتە سیمبول.

ڕەنگە دوایین دیالۆگی ئارسەر لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەدا، کرۆکی فیلمەکەمان بۆ کورت بکاتەوە: ئارسەر دان بە کوشتنی سێ کەسی تاوانباری هەرزە دەنێت، کە تەنانەت گۆرانیش نازانن. بەڵام لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی سیستەمدان و بەشێکن لە ڕاگرتنی ئەو سیستەمە خراپە، سیستەم و ڕاگەیاندنەکەی بەرگرییان لێ دەکا. خۆ ئەگەر ئارسەر بکوژرایە، یا هەر کەسێکی دی، ئەوا بۆ کەس گرنگ نەدەبوو. هەڵبەتە ئەم دەربڕینە، نزیکە لە دەربڕینی گەپچارەوە لە فیلمی The Dark Knight ی کریستۆڤەر نۆلانەوە. ئارسەر یان گەپجاڕ بە تووڕەییەوە بە مۆرەی فرانکڵین دەڵێ ئێوە داماوێکی پەراوێزخراوتان هێناوەتە بەرچاوی کۆمەڵگەیەک کە وازیان لێ هێناوە، وەک پاشماوە و زبڵ لێی دەنواڕن، تەنیا بۆ گاڵتە پێکردن و پێکەنین ئەم کارە دەکەی. بۆیە ئەوەی شایانتانە، تەنیا مردنە. ئەوەی شایانتە کە بەدەستی دەهێنی، هاوکات پاساوێکی ناڕاستەوخۆیشە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی بە دەست خراپی سیستەمەوە دەناڵێنن. ئەم دایالۆگە بەردەوامیدانە بەو پرسیارە کۆنەی مێژووی فەلسەفەی سیاسی؛ داخۆ کۆمەڵگە سیستەمی سیاسی بەرهەم دەهێنێت یاخود سیستەمی سیاسی کۆمەڵگە ئاراستە دەکات؟ کۆمەڵگەی خراپ، سیستەمی سیاسی چاکی لێ دەکەوێتەوە؟ یان سیستەمی سیاسیی خراپە، کۆمەڵگەیش خراپ و گەندەڵ دەکات؟.

وتوێژی کۆتایی ئارسەر و پزیشکەکەی ڕەنگە دەگمەنترین وتووێژی ئەم فیلمە بێت. گەپچاڕ بە دکتۆرە دەروونییەکە، کە لەوێدا هەم یەکێکە لە خەڵکی ئاسایی و هەمیش بەشێکە لە سیستەمی باڵادەست، دەڵێ تۆ لەم یارییە پێکەنیناوییە تێناگەی. هەڵبەتە مەبەستی بینەرە، تۆی بینەر ئەگەر بەشێکی لە سیستەمی باڵادەست و ئەگەریش بەشێکی لە خەڵکی ئاسایی، ئەگەر تا ئێستا تێنەگەیشتووی، ئەوا هەرگیز تێناگەی...