ڕانانێک ده‌رباره‌ی کتێبى «مانای ژیان»ـى تێرى ئیگڵتۆن
لاورا میلله‌ر
لە ئینگڵیزییەوە: ڕوشدی جه‌عفه‌ر
تێری ئیگڵتۆن،] بیریاری[ ئه‌كادیمیستی به‌ریتانی، ئه‌و ئیمتیاز و تایبه‌تمه‌ندییه نائاسایی – و ڕه‌نگه ناوازه-یه‌ی هه‌یه كه كتێبێكی پڕفرۆشی له‌باره‌ی ]بابه‌تێكی جاڕسكه‌ر و تاقهتیڕوكێنی وه‌ك[ تیۆری ئه‌ده‌بی كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست نووسیوه. ده‌وترێت كتێبی " ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تیۆری ئه‌ده‌بی" یه‌ك ملیۆن نوسخه‌ی لێ فرۆشراوه، هۆكاری ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هێزی په‌خشانه ئێجگار ڕوون و ڕهوانهكهی ئیگڵتۆن. ڕه‌نگه ئیگڵتۆن تاقه نوسه‌رێك بێت توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت بڕێكی ئه‌م بابه‌ته بۆ خوێنه‌ره وشیاره ناپرۆفیشناڵهكان به شێوازێكی درککراو بخاته‌ڕوو، به‌م جۆره نابێت كه‌س ئه‌و هه‌واڵه‌ی پێ سه‌یر بێت كه ئه‌و ده‌سته‌ویه‌خه‌ی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌تر- مانای ژیان- له كتێبێكدا كه ته‌نها 185 لاپه‌ڕه‌یه بووه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر بێت‌و كه‌سێك بتوانێت به كارێكی وا هه‌ڵبستێت، ڕه‌نگه ئه‌و كه‌سه ئیگڵتۆن بێت. "مانای ژیان" زیاتر له وتارێكی درێژ نه‌ك كتێبێكی كامڵ و قه‌باره ئاسایی ده‌چێت، له‌وانه‌یشه بڵاوكه‌ره‌وه‌كانی ئومێدی ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه هه‌مان ئامانجی سه‌ركه‌وتنه كتوپڕه‌كه‌ی كتێبی "ده‌رباره‌ی پڕوپووچێتی"(on bullshit)ی هاری.گ. فرانكفورت؛ كتێبێكی تری بچكۆڵه‌ی فاكتواڵ nonfiction))و مه‌عریفییانه، بپێكێت. ئه‌مه ڕێی تێناچێت؛ ]چونكه[ "مانای ژیان" ئاڵنگاریی خوێنه‌رانی ده‌كات- نه‌ك وه‌كو كتێبه‌كه‌ی فرانكفورت، ده‌رفه‌تی گاڵته‌پێكردن به خه‌ڵكی تر بخاته به‌رده‌ستیان( له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوا كێ هه‌یه كتێبی "ده‌رباره‌ی پڕوپووچێتی" بخوێنێته‌وه و پێیوابێت مه‌سه‌له‌كه له‌باره‌ی ئه‌وه؟). شتێكی سه‌یر نییه، ئیگڵتۆن تێڕامانێكی قه‌شه‌نگ، چڕ‌وپڕ و قایلكه‌ری له‌باره‌ی بابه‌تێكی وا، كه به شێوه‌یه‌كی شێتانه خز و نه‌گیراوه، نوسیوه، بابه‌تێك كه پاشهاته‌كانی پێچه‌وانه‌ی حیكمه‌تی باو و ته‌قلیدی، به تایبه‌ت له‌م وڵاته، ده‌كه‌ونه‌وه. به‌دڵنیاییه‌وه، كتێبی "مانای ژیان" له هه‌ندێك شوێندا زبر و كیناوی، لافلێده‌ر و گاڵتهپێكهر و ته‌نانه‌ت كه‌مێك ناهه‌قیشه؛ سه‌رباری ئه‌مه‌ش هه‌میشه چێژبه‌خشه. كتێبێكی بێ شهرمانهیشه؛ پێویستت به بهخۆدانهشكانهوه و جه‌ساره‌ت هه‌یه كه بڵێیت جۆرج بۆش ئەوپەڕى پۆستمۆدێرنە[1].
ئه‌و دوو سه‌رچاوه سه‌ره‌كییه‌ی چوارچێوه‌ی فیكری ئیگڵتۆن پێكده‌هێنن بریتیین له: ماركسیزم و نه‌ریتی ڕووناک‌بیری (ئینتهلێكچواڵیزم)ی كاسۆلیكی، كه په‌روه‌رده‌ی مناڵییه‌تی. ئیگڵتۆن ئه‌گه‌رچی چیتر ئه‌ندامی كڵێسا نییه، به‌ڵام هێشتاش ڕێزێكی زۆری ئایدیاڵه دینییه‌كان ده‌گرێت، ڕێزێك كه له پشت خوێندنه‌وه و ڕانانە توند و خرۆشاوهكهی ئه‌م دواییانه‌ی بۆ كتێبی "وه‌همی خودا"ی ڕیچارد داوكینز شاراوه‌ته‌وه. له‌وانه‌یه له‌مڕۆدا ئه‌م دوو كاریگه‌ری ] و مه‌رجه‌عه[ ناكۆك و نه‌گونجاو ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام له حه‌فتاكان، كاتێك ئیگڵتۆن وه‌ك كوڕێكی چینی كرێكار ده‌ركه‌وت، تیۆلۆژیای ڕزگاریخواز و ته‌وژمه جۆشدهرهكانی تری گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ سۆسیاڵیزمی زاڵ تێكه‌ڵكرابوو. به‌هه‌رحاڵ، ڕه‌نگه له‌وساوه زۆرێك له كاره‌كانی ئیگڵتۆن له ڕواڵه‌تدا گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتبێت، به‌ڵام بەها ژێره‌وانكێ و بنچینه‌ییه‌كانی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه.
له جه‌وهه‌ردا، "مانای ژیان" ] هێڕشێكی[ كورته دژی پۆستمۆدێرنیزم، بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه ئیگڵتۆن ناویده‌نێت "ڕادیكاڵى ڕووکەشانە[2]", به‌ڵام " له ژێره‌وه ده‌ستی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئایدیۆلۆژیا خۆرئاواییه تێكه‌ڵكردووه كه گوایه ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و مانایانه‌ن ئێمه له‌پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى و مه‌به‌ستی خۆمان، به جیهان و كه‌سانی تری دادهكوتین". ئه‌م قسه شه‌ڕخوازانه، له فه‌زایه‌كی ئه‌كادیمی، هه‌ر كه‌س بیانكات تۆمه‌تبارده‌كرێت به ناههقیكردن له‌گه‌ڵ هه‌مووان( واز له‌وه‌بێنه ته‌واوی جیهان) ئەوپەڕى سوكایهتییە. به‌ڵام ئیگڵتۆن پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م گولله‌ی به‌زه‌ییه بته‌قێنێت، خوێنه‌ره‌كانی به‌ره‌و گه‌شتێكی كورت و دره‌وشاوه بەناو دیوه پێچاوپێچ و ئاڵۆزه‌كانی پرسیاری " مانای ژیان چییه؟"دا په‌لكێشده‌كات.
ئیگڵتۆن، بە حومى ئەوەى ڕه‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بییه، به‌حه‌تمی ته‌قریبه‌ن ته‌واوی وشه‌كانی ئه‌م پرسیاره ده‌خاته ژێر پشكنینه‌وه- به وشه‌ی "ه" ( (is ده‌ستپێده‌كات، به شێوازێكی وا خوێنه‌ر به لێڵ و ناڕوونی بیری شایه‌تیدانه ناوداره‌كه‌ی بیل كلینتۆن له‌به‌رده‌م كێن ستار ده‌كه‌وێته‌وه. ناوێكی دیار (presiding spirit) لێره‌دا لودڤیگ ڤیتگنشتاینه، كه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیگڵتۆن ڕوونیده‌كاته‌وه، ته‌واو له‌م جۆره پرسیارانه و زۆر خولیا و سه‌رقاڵی فه‌لسه‌فییانه‌ی تر به‌دگومان بوو، و وه‌ك شتانێك كه له "گه‌مه‌ی زمانی" زیاتر نین توڕیدان. ئیگڵتۆن له یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی "مانای ژیان"دا ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو" من فه‌یله‌سوف نیم، ئه‌مه‌ش فاكت و ڕاستییه‌كه دڵنیام، هه‌ر چۆنێك بێت، هه‌ندێك له ڕانەر و ڕهخنهگرهكانم (reviewers) ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن". چونكه منیش فه‌یله‌سوف نیم، بۆیه هه‌وڵناده‌م داوه‌ری له‌باره‌ی لێكدانه‌وه‌كه‌ی ئیگڵتۆن بۆ ئایدیاكانی ڤیتگنشتاین بكه‌م- ئایدیاگهلێگی هه‌ره قورس و لوغزاوی له بوارێكدا كه به سرووشتی خۆی ده‌ستپێڕاگه‌یشتن و تێگه‌یشتن لێی دژواره. ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش هێند كێشه نه‌بێت، ڤیتگنشتاین زۆربه‌ی جار ته‌نها لێره و له‌وێی كتێبه‌كه، وه‌كو تارمایییه‌كان له "Topper"، سه‌رده‌ردێنێت، تا هه‌ندێك قسه‌ی واعیزانه پێشكه‌شبكات كه ڕه‌نگه به‌فیعلی نوكته و قۆشمه‌یی بن، یان به‌پێچه‌وانه‌وه.
له دیدگای زۆربه‌ی بیریاره خۆرئاواییه‌كان، وەڵامی "پرسیاری ژیان چییه" تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو ڕوون و ئاشكرا بوو: مانای ژیان بریتی بوو له خودا، له ئیراده‌كه‌ی، و ڕێوشوێن و بهرنامهكهیشی بۆ مرۆڤه‌كان كه ئه‌و ژیانه‌ی ئه‌و پێی به‌خشیون، به‌سه‌ریان ده‌برد. ته‌نها كاتێك به‌ردی بناغه‌ی باوه‌ڕ به‌م وەڵامه دیاریكراوه ده‌ستی به داخوران كرد، پرسیاره‌كه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی نیگه‌رانی و ته‌نانه‌ت ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ش شكایه‌وه. وه‌كئه‌وه‌ی ئیگڵتۆن ده‌یڵێت، ئه‌و بزووتنه‌وه‌ی ناونراوه مۆدێرنیزم " له‌و باوهڕهوە سه‌رچاوه‌ی گرت كه بوونی مرۆڤ هه‌ڵكه‌وت و ڕێكه‌وته- واته هیچ جۆره زه‌مینه، ئامانج، ئاراسته یان زه‌رووره‌تێكی نییه، ده‌كرا جۆرهكهمان (species)، هه‌ر به ساده‌یی، هه‌رگیز له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه دهرنهكهوتبا. به‌م جۆره، ئه‌م ئیمكانه، ئاماده‌یی فیعلی و ئهكچواڵی ئێمه بۆشوبهتاڵ ده‌كاته‌وه، سێبه‌ری هه‌میشه‌یی له‌ده‌ستدان و مردنی به‌سه‌ردا ده‌كێشێت... هیچ بناغه‌یه‌كی پته‌و و قایم له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه كێین و چی ده‌كه‌ین له گۆڕێ‌دا نییه." به نیسبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕیان به خودا نییه، یان لانیكه‌م به‌و خودایه‌ی كه ڕێوشوێن و به‌رنامه‌یه‌كی بۆ ڕه‌گه‌زی مرۆیی پێیه، پرسیاری " مانای ژیان چییه"، پرسیارێكی لوغزاوی و مه‌ته‌ڵئاسایه. ئاخۆ بوون به بێ كه‌سێك، واته خودا، تا مانای پێبدات، ده‌كرێت هیچ جۆره مانایه‌كی هه‌بێت؟ ئه‌و سه‌د مه‌یمونه به‌ناوبانگه‌ی، به بێ وه‌ستان بۆ هه‌تاهه‌تایه دهستدهنێن به دوگمه‌كانی سه‌د ئامێری چاپ، ڕه‌نگه سه‌ره‌نجام بتوانن كتومت تێكستی "هاملێت" به‌رهه‌مبهێنن، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و مانایه‌ی ئه‌و مرۆڤه هه‌یبووه كه نیهتمهندانه هامڵێتی نوسیوه، نایانبێت.
ئیگڵتۆن ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ تیۆره زمانناسییه هاوچه‌رخه‌كان، بۆ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئایدیای مانا خۆشده‌كات، نیشانی ده‌دات كه چه‌ند شێوازێك له‌خۆیده‌گرێت. ده‌كرێت نیه‌تم وابێتintend) ) وشه‌ی پۆیسون(poisson) (ماسی) به گارسۆنێكی فه‌ڕه‌نسی بڵێم ]تا ماسییهكهم بۆ ئاماده بكات[، به‌ڵام به‌ودیودا ئه‌م وشه مانا (واته ده‌لاله‌تێكی signify) سه‌رتاپا جیاوازی له شوێنێكی تر هه‌بێت. ( وشه‌ی ژه‌هر (poison) له فه‌ڕه‌نسی و ئینگڵیزیدا هه‌مان مانای هه‌یه). ] ئیگڵتۆن له به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌یدا له " ماناكانی مانا" ده‌كۆڵێته‌وه، له زمانی ئینگڵیزی mean كۆمه‌ڵیك واتای جیاوازی هه‌یه وه‌كو ویستintend و ده‌لاله‌ت signify و...[ . ئه‌وه‌ی له كاتی ئاخاوتن نیه‌تم وایه ده‌لاله‌تی لێبكه‌م یان ده‌ریببڕم و بیگه‌یه‌نم شتێكه، و ئه‌وه‌ی قسه‌كانیشم له تانوپۆی سیسته‌مێكی گه‌وره‌تری وه‌ك زمانێكدا چ مانایه‌ك ده‌گه‌یه‌نن شتیكی تره. له لای زمانناسه‌كان، جۆری یه‌كه‌می مانا بریتییه لە كرده(act) و جۆری دووه‌میش بونیادێكه(ستراكتور). ئه‌گه‌ر ئه‌م جیاكارییە بتانحەپەسێنێت یان هه‌ندێك یاده‌وه‌ریی كۆن و تهمومژاویتان له‌باره‌ی هه‌وڵدانتان بۆ تێگه‌یشتن له فێردینارد دی سۆسێر له بهشهوانهیهكی كاتژمێر 3:30 خوله‌كی دوای نیوه‌ڕۆ بیردههینێتهوه، وره به‌رمه‌ده‌ن و جەرگ و جورئەتتان هەبێت. ئه‌وه‌ی ئیگڵتۆن ده‌یه‌وێت بیڵێت زیاتر گفتوگۆیه‌كی تهكنیكییە له‌باره‌ی كاركرده‌كانی زمان. به‌ڵام زمان به‌شێكی سه‌نتڕاڵی هه‌ر گفتوگۆیه‌كه له‌باره‌ی مانای ژیان، چونكه زمان ئه‌و شته‌یه كه ماناى لێ پێكهاتووه. ئیگڵتۆن ئه‌و خاڵه ده‌خاته‌ڕوو كه زمان دەستکرد و درووستكراوێكی مرۆییه؛ ئۆبێكته ماتریاڵه‌كان- ته‌ماته، چه‌كوش، مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زێك له شێوه‌ی پیتی "I" - له خودی خۆیان و بۆ خودی خۆیان هیچ مانایه‌كیان نییه، بێجگه له‌و مانایانه‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ داومانه‌ته پاڵیان، ئامرازی سه‌ره‌كیی ئێمه‌ش بۆ درووستكردنی ئه‌م مانایانه بریتییه له زمان.
لێره‌دایه پۆستمۆدێرنه‌كان، به تایبه‌تی ئه بیریارانه‌ی ( ئیگڵتۆن هه‌ر ناویشیان ناهێنێت) كه مشتومڕی ئه‌وه ده‌كه‌ن هیچ شتێك مانایه‌كی جێگیر یان قووڵی نییه، دێنه ناو باسه‌كه‌وه. پۆستمۆدێرنه‌كان پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن كه ماناكان بریتیین له درووستكراوێكی كه‌لتوری مرۆیی، نه‌ك خهسڵهتگهلێك بن خودی واقیع ههڵیگرتبن، به‌م پێیه ده‌كرێت شته‌كان، ئه‌زموونه‌كان و خه‌ڵك هه‌ر مانایه‌ك كه بمانه‌وێت بیگه‌یه‌نن. ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه مه‌یلی ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێته فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕزگاریخوازانه؛ بیرمهندگهلێك كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن شوناسه دیاریكراوه‌كان-"نێر"، " مێ" ، " هۆمۆسێكسواڵ"، " "ڕه‌شپێست" و هتد- بریتیین له "درووستكراو"ێكی كه‌لتوری، قه‌ناعه‌تیان وایه به‌مه‌ش خه‌ڵك له كۆتهوبهندی ئه‌و ڕۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی به هه‌ڵه و نادرووستی وه‌ك فاكته بنچینه‌ییه‌كانی سرووشت نیشاندراون، ڕزگارده‌كه‌ن. ئه‌م "پێكهاتهخوازییه"(constructivism) شێوه‌یه‌كه له " ڕێژه‌گه‌رایی" كه موحافیزكاره كه‌لتورییه‌كانی ئه‌م وڵاته به خۆشییه‌وه ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه، بۆیه ڕه‌نگه هه‌ندێك كه‌س پێیان سه‌یر بێت تێری ئیگڵتۆنی چه‌پڕه‌ویش ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه تڕ‌ۆ و ڕیسوا ده‌كات. (له‌ڕاستیدا، ئیگڵتۆن ئه‌وه چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه ڕه‌خنه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایی و لێكه‌وته‌كانی ده‌گرێت). ئیگڵتۆن به گڕوتین و حه‌ماسه‌ته‌وه دژ به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ههڵوهشاندنهوهگهرایانهی مانا موتڵه‌ق و زاتییه‌كان ده‌وه‌ستێته‌وه. له‌باره‌ی پێكهاته‌خوازی ده‌ڵیت " هیچ كه‌س به‌فیعلی باوه‌ڕی پێ نییه"، له‌مه‌شدا زیاتر له‌وه‌ش خۆی پێیوایه، له‌سه‌ر هه‌قه. له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌كادیمیا، به ده‌گمه‌ن كه‌سێكت بۆ ده‌دۆزرێته‌وه ته‌نانه‌ت وا بنوێنێت باوه‌ڕی به‌م شته هه‌یه، بۆیه بینینی وه‌ك شتێكی پووچ و به‌تاڵ به نیسبه‌ت خوێنه‌رێكی مه‌ده‌نی و نائه‌كادیمی شتێكی هێند گرنگیش نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئیگڵتۆن پێیوایه. ته‌بعه‌ن، هه‌موومان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ین كه ئه‌گه‌ر نمونه‌كه‌ی ئیگڵتۆن بهێنینه‌وه، "بۆمان ناكرێت پڵنگه‌كان به بوونه‌وه‌ری شه‌رمن و عیشوهباز و دڵ‌نشین "پێكبهێنین" و وه‌سف بكه‌ین"؛ شتێكی وا گه‌وجانه‌یه. شوناسه ئاڵۆزه‌كانی وه‌كو ڕۆڵه ژێندهرییهكان كێشه و مه‌سه‌له‌یه‌كی تره؛ ئێمه ده‌زانین ئه‌وان، لانیكه‌م بهشهكییانه، شوناسگهلێكی شكڵین(configurable)، چونكه به‌درێژایی ڕه‌وتی مێژوو گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه.
ئیگڵتۆن له درێژه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ فرانك فارێڵی لێكۆڵه‌ر، كه ڕه‌گوڕیشه‌كانی پۆستمۆدێرنه له‌سه‌ر واقیعی بێ ئه‌ندازه شل و نه‌رم و گۆڕاو به پرۆتستانیزمی سه‌ره‌تایی ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌و ئایدیا كاسۆلیكییه كۆنه‌ی گوایه شته‌كان "ماهیه‌ت" و " سرووشتی دیاریكراو"یان هه‌یه، ناكرێت له‌گه‌ڵ دۆكترینی خودای هه‌مه‌توانا ئاشتبكرێتهوه، هه‌ر سرووشتێكی زاتی و پێدراوی شته‌كان ئازادیی جووڵانه‌وه‌ی خودا له‌گه‌ڵ شته‌كان كۆتوبه‌ند ده‌كات. وه‌ك ئه‌وەی ئیگڵتۆن ده‌ڵێت " ئیراده‌ی دڵخوازی خودا" ناكرێت سنورداربكرێت" به‌م پێیه شته‌كان ته‌نها "به‌هۆی قسه‌ی خودا، نه‌ك به‌هۆی] سرووشتی[ خۆیانەوە ده‌توانن ببنه ئه‌وه‌ی كه هه‌ن. ئیگلتۆن له‌م باوه‌ڕه‌دا تۆوه‌كانی "كهڵتی ئیراده"ی سه‌ده‌ی بیست ده‌بینێت.
ئیگڵتۆن له هیچ شوێنێكدا ئه‌وه ڕوونناكاتهوه کە تێگه‌ی كاسۆلیكی خودای هه‌مه‌توانا چۆنچۆنی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌م ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و بنبه‌سته ده‌بێته‌وه، ڕووننهكردنهوه و لابردنێك كه ئه‌م به‌شه‌ی كتێبه‌كه وا لێ ده‌كات به ته‌رزێكی گوماناوی وه‌كو دهستهودامێنبوونێكی تایبه‌ت بێته‌به‌رچاو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌راوردێكی ئیستیفزازییانه له‌نێوان تایفه(كه‌ڵت) ی دژه-جه‌وهه‌رگه‌رایی ئیراده و هه‌ندێك له فیگه‌ره سیاسییه مۆدێرنه‌كان ده‌كات. ئیگڵتۆن، ئه‌گه‌رچی هێشتاش ناوی كه‌س ناهێنێت، ده‌نوسێت: "ئه‌شكه‌نجه‌دان، له ڕووی ئاكارییه‌وه ناڕاسته، چونكه ویستی خودا وه‌ها دیاریى كردووه، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له خودی خۆیدا ناڕاست و هه‌ڵه‌یه. له‌ڕاستیدا، هیچ شتێك له خودی خۆیدا ڕاست یان هه‌ڵه نییه. خودا به‌ئاسانی ده‌یتوانی خۆپاراستنی ئێمه له ئه‌شكه‌نجه‌دانی یه‌كتر به سه‌رپێچییه‌كی شیاوی سزادان دابنێت. هیچ هۆكارێك له پشت بڕیاره‌كانی له گۆڕێ‌دا نییه، چونكه هۆكاره‌كان به‌ربه‌ست و ته‌گه‌ره ده‌خه‌نه به‌رده‌م ئازادیییه موتڵه‌قه‌كه‌ی كرداره‌كانی... ئه‌و خۆی سه‌رچاوه‌ی یاسا و هۆكاری خۆیه‌تی، كه بۆ خزمه‌تكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی له ئارادان. ئه‌گه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌دان كه‌ڵكی بۆ مه‌به‌سته‌كانی هه‌بووایه، ئه‌وا ده‌بووه شتێكی ڕێپێدراو. شتێكی هێند زه‌حمه‌ت نییه میراتگرانی ئه‌م دۆكترینانه له جیهانی سیاسیی خۆماندا ده‌ستنیشانبكه‌ین".
له دیدی ئیگڵتۆنەوە، پۆستمۆدێرنیزم هاوشان له‌گه‌ڵ نكۆڵیكردنی له مانا زاتی و" قووڵ"ـه‌كان، سه‌ره‌ڕای كۆی به‌لاغه‌ته شۆڕشگێرانهكهی، له نوسخه‌یه‌كی ئیدیتكراوی (variation) ئه‌م تێمایه زیاتر نییه. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و پرسیاره‌ی کە كتێبه‌كه‌ی ده‌رگیرێتی ، ئه‌وا درووشمی" ژیان ئه‌و شته‌یه خۆت لێی درووستدهكهیت"، ڕه‌نگه نه‌غمه‌یه‌كی پاتاڵانهی هه‌بێت، به‌ڵام بۆنی غروور و لهخۆڕازیبوونێكی هاوشێوه‌یشی لێ دێت. ئه‌م درووشمه" ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی مه‌یل و پێشداوهرییهكی تاكگهرایانهی هاوبه‌شی مۆدێرنه‌یه"، ئه‌مه‌ش به‌هۆی مكوڕبوونی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوایه هه‌ر یه‌كێك له ئێمه له پانتاییه‌كی شه‌خسی و تایبه‌ت مانای ژیانی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و ڕه‌گوڕیشه‌كانی مانا له‌ناو زماندا نیشته‌جێ بن، ئه‌وا، ئیگڵتۆن ده‌ڵێت، بانگه‌شه‌كردن بۆی هاوشێوه‌ی بانگه‌شه‌كردنه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك مانا شه‌خسییه‌كانی خۆی به وشه‌كان داده‌كوتێت.
له‌كاتێكدا ئه‌و وشانه‌ی له نوسینی ئه‌م وتاره بهكارمهێناون، ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی مانایه‌كی درووستكراوی شه‌خسییانه‌ی خۆمه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیارم دابا خۆم تێكڕای ماناكانیان له سفره‌وه درووستبكه‌م، ئه‌وا وشه‌كان بێ مانا و ناماقوڵ ده‌كه‌وتنه‌وه. ده‌توانم هاوشێوه‌ی ههمپتی دهمپتی، له ڕۆمانی ( Through the looking glass) ، مكوڕبم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وشه‌ی شكۆمه‌ندی(glory) واته " لێره‌دا وتوێژێكی جوان و به‌هێز بۆ تۆ هه‌یه"، به‌ڵام ئه‌وكات وشه‌كانم وه‌ك شێوازێكی كۆمۆنیكاسیۆن بێ كه‌ڵك ده‌بن- به ده‌ربڕینێكی تر: بێ‌مانا ده‌بن. ئیگڵتۆن ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به گوێره‌ی شێوازی كاركردنی زمان داوه‌ریی بكه‌ین، مانا هه‌میشه لانیكه‌م بهشهكییانه، هاوبه‌ش و هه‌ره‌وه‌زی و ده‌سته‌جه‌معییه. " ئێمه به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ ماناكانی ئه‌وانیتر تێكچڕژاوین- ماناگه‌لێك هه‌رگیز خۆمان ههڵماننهبژاردوون، به‌ڵام هێشتاش ماترێكس و قاڵبێكمان پێده‌دات، كه به‌هۆیه‌وه مانا به خۆمان و جیهانیش ده‌ده‌ین". له‌كاتێكدا، تاكلایهنییە ئهبسێردهكهی ههمپتی دهمپتی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كاتێك مه‌سه‌له‌كه دێته سه‌ر ده‌رگیربوون له‌گه‌ڵ وشه‌كان"پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، كامیان ده‌بنه باڵاده‌ست، ئیتر ته‌واو"، ئیگڵتۆن مكوڕه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی کە " له‌ڕاستیدا، مانا بریتییه له به‌ره‌نجامی سه‌ودا و ڕێكه‌وتنی نێوان ئێمه و واقیع". له دیدگای ئیگڵتۆنەوە، ئه‌و كه‌سانه‌ی دڵیان به‌و تێگه و مه‌فهومه‌ی مانای ژیان خۆشده‌كه‌ن كه بەڕەهایى تایبه‌ت و ناوه‌كی و به شێوه‌یه‌كی شه‌خسییانه درووستكراوه، نغرۆی ناو وههم و وهژارهیهكن كه كهپیتاڵیزمی دوایین بره‌وی پێداوه... تا ئه‌و كاته‌ی كه هاونیشتیمانیان باوه‌ڕیان وابێت مانا به باشترین شێوه، با بڵێن، له خوێندنی كابالا(Kabala) یان چه‌قبه‌ستن له‌ناو په‌یوه‌ندییه‌كانی خێزانه بچوكه‌كه‌یان ده‌دۆزرێته‌وه، ئه‌وا تاقه شتێك له فه‌زای گشتی داوای بكه‌ن بریتییه له سودگهراییهكی پووچ و به‌تاڵی بازاڕی ئازاد. ئیگڵتۆن نوسخه عه‌مه‌لییه‌كه‌ی ئه‌ریستۆی له‌باره‌ی چاكه لا په‌سه‌نده، - واته ژیانی به‌دیهاتوو(fulfilled)- ( ته‌نانه‌ت كاتێكیش هۆشداری له‌باره‌ی نایه‌كسانییه‌كانی كۆمه‌ڵگای یۆنانی كۆن ده‌دات). ئیگڵتۆن ده‌نوسێت" مانای ژیان بریتی نییه له ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌یه‌ك"، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی ژیان به‌سه‌ربردنه به شێوازێكی دیاریكراو", “ڕەفتارێکە نەک ئایدیایەک، " مانای ژیان، مانایەکی ئەخلاقییە نەک میتافیزیکی". ئەم ئەخلاقە دەرگیربووەش هێند بریتی نییە لە هەڵیتوپڵیتی لوغزاوی و عيرفانى بەڵکو " مەسەلەیەکی تاقەتپڕوکێن و وەڕسکەرە- مەسەلەی تێرکردنی کەسانی برسی، ئاوپێدان بە تینووەکان، پێشوازیکردن لە کەسانی غەریب و نەناس، و سەردانیکردنی بەندکراوەکانە". ڕەنگە ئەوەیشی بۆ زیادبکات: هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی کۆمەڵایەتی بە جۆرێك کە خەڵکانێکی زیاتر توانای ژیانکردنیان بە گوێرەی ئەم ئەخلاقیاتە هەبێت. دیارە، ئەمانە ئەمر و فەرمانە کلاسیکییەکانی خێرخوازی مەسیحییانەیە، بەڵام ئەوەی ئیگڵتۆن دەیکات بریتی نییە لە مشتومڕێکی دینی لە بەرژەوەندیی ئەمانە. ئیگڵتۆن دەڵێت، پێویستی هەڵسان بە کردنی ئەم کارانە، ژیان بەسەربردنێکی وەها، نەک لە خودا بەڵکو لە سرووشتی خودی مرۆڤەکانەوە هەڵدەقوڵێت. ئێمە ناتوانین خۆمانی لێ ببوێرین؛ ئەمە ماهیەتی ئێمەیە. ئێمە ئاژەڵی کۆمەڵایەتین کە بەهۆی خۆشەویستییەوە گۆشدەکرێین و گەشەدەکەین، نەک تەنها خۆشەویستیی خزم و دۆست و ناسیاوان بەڵکو ئەو جۆرە خۆشەویستییەش کە ناونراوە "ئاگاپێ" ( دەروەستی یان خۆشەویستی مرۆییانە) - واتە، بەتەنگەوەهاتنی هاوەڵە مرۆییەکانمان- ئاگاپێ "جۆره مومارەسە یان شێوازێکی ژیانە نەک دۆخێکی زەینی". چەندە زیاتر ئەم جۆرە خۆشەویستییە لەناو جڤاتەکەمان بڵاوببێتەوە، هێندە زیاتر مانا لە خودی ژیاندا دەدۆزینەوە و بەختەوەرتریش دەبین...
سەرچاوە:
https://www.salon.com/2007/06/14/eagleton/*