سرووشت چیتر "سرووشتی" نییه
سلاڤۆی ژیژەک
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
من ڕقم له گه‌رمایه. ئه‌و شوێنه‌ی له‌م ڕۆژانه‌دا هیواده‌خوازم له‌وێ بم دوورگه‌كانی سڤالبارد له باكووری نه‌رویج، له ڕێگه‌ی به‌ره‌و جه‌مسه‌ری باكووره. به‌ڵام چونكه له ماڵه‌وه‌دا گیرم خواردووه، تاقه شتێك بتوانم بیكه‌م، هه‌ڵكردنی سپلیت و خوێندنه‌وه‌یه... هه‌ڵبه‌ت خوێندنه‌وه له‌باره‌ی شه‌پۆڵه به‌رده‌وامه‌كانی گه‌رما و گه‌رمبوونی گۆی زه‌وییەوە.
ئه‌م بابه‌ته‌ش هێند گرنگه كه ده‌رباره‌ی بخوێنیته‌وه. هه‌ڵكشانی پله‌كانی گه‌رما بۆ سه‌رووی 50 پله‌ی سیلیزی چیتر هه‌واڵێكی گرنگ نییه، ئه‌مه به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام و ڕێك‌وپێك له شوێنه‌كانی وه‌كو ئیمارات و باشوری ئێران، له هه‌ندێك ناوچه‌ی هیندستان، له دۆڵی مردن‌دا( لە كالیفۆرنیا) ڕووده‌دات. ئێستا له‌وه‌ش تێده‌گه‌ین ئایندهی كه‌شوهه‌وا زۆر له‌وه خراپتره كه پێمان وابوو، و ته‌نها هه‌ڕه‌شه له ناوچه بیابانییه‌كان ناكات. له ڤێتنام، زۆرێك له جوتیاران، به‌هۆی گه‌رمای له‌تاقه‌تبه‌ده‌ر، بڕیاریانداوه به ڕۆژ بخه‌ون و شه‌وانه كاربكه‌ن.
قه‌ره‌باڵغترین شوێنی جیهان- ده‌شته باكوورییه‌كانی چین له په‌كینه‌وه بۆ شه‌نگه‌های، كه خه‌ڵكانێكی بێ‌شومار تیایدا ده‌ژین- له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامیی گه‌رمبوونی گۆی زه‌ویدا ده‌بێته شوێنێكی نه‌شیاو بۆ نیشته‌جێبوون. هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێكه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی گه‌رما و شێ كه وه‌ك ی‌و.بی.تی (wet-bulb temperature) ده‌پێورێت. كاتێك ی‌و.بی.تی بگاته 35 پله‌ی سیلیزی، جه‌سته‌ی مرۆڤ ناتوانێت له‌ڕێگه‌ی ئاره‌قكردنه‌وه‌وه خۆی فێنك بكاته‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و مرۆڤه ساغ و تهندرووستهكانیش له‌م پله گه‌رمییه له‌به‌ر سێبه‌ریشدا دابنیشن، ئه‌وا له ماوه‌ی شه‌ش كاتژمێردا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
كه‌واته چ شتێك خه‌ریكه ڕوده‌دات؟ ئێمه هه‌ر ڕۆژێك زیاتر و زیاتر له ئه‌وپه‌ڕی نامسۆگه‌ریی مانه‌وه‌ی خۆمان ئاگادار ده‌بینه‌وه: بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی وێرانكه‌ر، نه‌یزه‌كێكی زه‌به‌لاح خۆی به زه‌ویدا بكێشێت، شه‌پۆڵێكی كوشنده‌ی گه‌رما، و ئیتر هه‌موو شتێك ده‌بڕێته‌وه[و له‌ناوده‌چین]. گیلبێرت كیس چێسته‌رتۆن نوسیوێتی: " هه‌ر شتێك كه سه‌روو-سرووشتییه(supernatural) توڕیبدهن، ئه‌وه‌ی بۆتان ده‌مێنێته‌وه ناسرووشتییه(unnatural)". ده‌بێت ئه‌م وته‌یه پهسهندبكهین، به‌ڵام به مانا پێچه‌وانه‌كه‌ی نه‌ك ئه‌و مانایه‌ی چێسته‌رتۆن مه‌به‌ستێتی: ده‌بێت ئه‌وه قبوڵبكه‌ین كه سرووشت "ناسرووشتییه"، نمایشێكی سه‌مه‌ره و دهمدهمیی شڵه‌ژانه كتوپڕ و ههڵكهوتهكانه، و بێبه‌شه له هه‌ر جۆره ڕیتم و هه‌ماهه‌نگییه‌كی ناوه‌كی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات زیاتر، زۆر زیاتره له‌مه.
گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی له‌وه به‌ئاگای هێناینه‌وه ئێمه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو چالاكییه ڕۆحانى و پراكتیكییهكانمان، له ئاستی هه‌ره سه‌ره‌تاییدا، له جۆره زینده‌وه‌رێكی تری هه‌ساره‌ی زه‌وی زیاتر نین. مانه‌وه‌مان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێن (پارامیته‌ر)ی سرووشتی، كه ئێمه بوونیانمان به مسۆگه‌ری داناوه، به‌نده.
ئه‌و وانه‌یه‌ی له گه‌رمبوونی گۆی زه‌وییه‌وه فێریده‌بین ئه‌وه‌یه: ئازادیی مرۆڤایه‌تی ته‌نها به نێوانگریی كۆمه‌ڵێك داڕێژە و پارامیته‌ری سرووشتیی سه‌قامگیری ژیان له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی شیاو و مومكینه( پارامیته‌ری وه‌كو پله‌ی گه‌رما، بڕی پێویستیی ئاو و ئینێرژی و هتد): مرۆڤه‌كان ده‌توانن "هه‌ر شتێك كه ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامی بده‌ن"، به‌ڵام به مه‌رجێك به ڕاده‌ی پێویست له په‌راوێزدا بمێننه‌وه تا ئه‌م پارامیتهرانهی ژیان، به شێوه‌یه‌كی ترسناك، نه‌شێوێنن. مادام زیادبوونی ئازادیی ئێمه وه‌ك توخم جۆرێك (species) هاوشانه له‌گه‌ڵ زیادبوونی كاریگه‌ری و جێده‌ستمان له‌سه‌ر جیهان، بۆیه وه‌ڵام و كاردانه‌وه‌ی سرووشت ئازادییمان كۆتوبه‌ند ده‌كات. خودی "سرووشت" ده‌بێته جۆره كاتیگۆرییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی.
له‌مڕۆدا ئامانجی زانست و ته‌كنۆلۆژیا چیتر تێگه‌یشتن و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی پرۆسه سرووشتییه‌كان نییه، به‌ڵكو ئامانجی به‌رهه‌مهێنانی فۆرمه تازه‌كانی ژیانه كه دهمانحهپهسێنن؛ ئامانجه‌كه ئیدی ته‌نیا زاڵبوون نییه به‌سه‌ر سرووشتدا( به‌و جۆره‌ی كه هه‌یه)، به‌ڵكو به‌رهه‌مهێنانی شـتێكی نوێ، گه‌وره‌تر و به‌هێزتره له سرووشتی ئاماده و ئاسایی، و خودی ئێمه‌ی مرۆڤه‌كانیش. دیارترین نموونه بریتییه له‌و په‌یوه‌ندییه وهسواسانهیهی به هۆشی ده‌ستكرده‌وه ده‌یبینین كه ئامانجی به‌رهه‌مهێنانی مێشكێكی به‌هێزتره له مێشكی مرۆڤ. ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌رده‌وامی به هه‌وڵه ته‌كنۆلۆژییه‌كان ده‌دات پرۆسه‌یه‌كی لەدەستدەرچووى سه‌رپێخستووه، پرۆسه‌یه‌ك كه به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵكشاو خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه و به‌گوێره‌ی لۆژیكی خۆی به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕوات.
به‌م پێیه، له‌مڕۆدا تێگه‌ی " سرووشتی دووه‌م" زیاتر له هه‌ر كاتێكی تر هه‌ردوو مانا سه‌ره‌كییه په‌یوه‌سته‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت. یه‌كه‌میان، مانا حه‌رفییه‌كه‌ی، واته درووستكردنی سرووشتێكی تازه و ده‌ستكرد: دهعهجانهكانی سرووشت، مانگا و دره‌خته له‌شێوه خراوه‌كان( deformed) یان – له دیوه پۆزهتیڤترهكهی- ده‌ستكاریكردنی ژێنهتیكی ئۆرگانیزمهكان، كه به جۆرێكی وا "پێشده‌خرێن" تا له‌گه‌ڵ [خواسته‌كانی] ئێمه‌دا بگونجێن.
دواتر، "سرووشتی دووه‌م"، به مانا به‌ربڵاوتر و ستانداردترهكهی، واته سه‌ربه‌خۆبوون( ئۆتۆنۆمیزهبوون)ی پاشهاته‌كانی خودی چالاكییه‌كانمان: ئه‌و شێوازه كرده‌كانمان له بهرهنجامهكانیاندا له ده‌ستی خۆماندا نامێنن، ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌وان دهعهجانێكی زیندووی خۆسەر درووستده‌كه‌ن. ئه‌وه ئه‌م ترسه‌یه له به‌ره‌نجامه پێشبینینهكراوهكانی كرده‌كانمان، نه‌ك هێزی سرووشت كه گوایه ناتوانین بیخه‌ینه ژێر ڕكێفی خۆمان، ده‌بێته هۆكاری شۆك و تۆقاندن.
ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه له كۆنترۆڵمان ده‌ربچێت ئیتر ته‌نیا پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی وئابوری نییه، به‌ڵكو فۆرمه تازه‌كانی خودی پرۆسه سرووشتییه‌كانه: له كاره‌ساتێكی ئه‌تۆمییه‌وه بیگره تا گه‌رمبوونی گۆی زه‌وی و پاشهاته پێشبینینهكراوهكانی ده‌ستكاریكردنه بایۆجێنهتیكییهكان. ئایا هیچ كه‌سێك ده‌توانیت ته‌نانه‌ت وێنای به‌ره‌نجامه پێشبینینهكراوهكانی تاقیكردنه‌وه‌كانی ته‌كنۆلۆژیای نانۆ (nano) بكات: فۆرمه نوێیه‌كانی ژیان كه له ده‌ره‌وه‌ی كۆنترۆڵ و به شێوه‌یه‌كی شێرپه‌نجه‌یی خۆیان به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه؟
به‌م جۆره، ئێمه داخڵی ناو قۆناغێكی نوێ ده‌بین كه تێیدا ئه‌وه خودی سرووشته ( به وته‌ی ماركس له مانیفێستی كۆمۆنیستدا) " ده‌بێته هه‌ڵم و به بادا ده‌چێت": پاشهاتی سه‌ره‌كيی ئه‌م پێشكه‌وتنه زانستییانه‌ی بایۆژێنهتیك بریتییه له كۆتایی سرووشت. ئه‌مه وامانلێده‌كات پێچێكی نوێ به ده‌وری ناونیشانی كتێبی " شارستانیه‌ت و نیگه‌رانییه‌كانی"[یان نیگه‌رانییه‌ك له ژیار]ی فرۆیددا لێبده‌ین. له‌گه‌ڵ دواترین پێشكه‌وتنه‌كاندا، نیگه‌رانی له شارستانیه‌ته‌وه بۆ خودی سرووشت گوازراوه‌ته‌وه: سرووشت چیتر "سرووشتی" نییه، چیتر باگراوند و زه‌مینه‌ی پشت پێبه‌ستراو و "چڕ‌وپڕ"ی ژیانمان نییه. له ئێستادا سرووشت وه‌ك میكانیزمێكی شكسته و له‌رزۆك ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌كرێت، له هه‌ر خاڵێكدا، سه‌ر بۆ كاره‌ساتێك بكێشێـت.
به‌م جۆره، من به بیركردنه‌وه له‌باره‌ی شه‌پۆڵه‌كانی گه‌رما و ونبوون له‌ناو تێڕامانه تیۆرییه‌كاندا، واقیعی مه‌ینه‌تباری گه‌رمای له‌تاقه‌ت به‌ده‌رم له‌بیركرد. به كورتی، كه‌وتمه ناو ته‌ڵه‌ی ئه‌و شته‌ی فرۆید ناویناوه نكۆڵیی فیتیشیستی: من زۆر باش ده‌زانم ( كه مه‌ترسییه‌كه چه‌نده جدییه)، به‌ڵام له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا ناتوانم ته‌واو به جدی وه‌ریبگرم، به‌ڕاستی باوه‌ڕم به‌وه نییه كه ده‌كرێت ڕوووبدات.
به‌دبه‌ختانه، ڕه‌نگه ته‌نها شۆكی كاره‌ساتێكی واقیعی بتوانێت له خه‌وی غه‌فڵه‌ت به ئاگامان بهێنێته‌وه. ئه‌وسا له گاڵته‌جاڕبوونی جه‌نگه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌كانمان و گه‌مه‌كانی "یه‌كه‌مجار ئه‌مه‌ریكا" [ America First، وه‌كئه‌وه‌ی ترامپ به‌رده‌وام دووپاتی ده‌كاته‌وه] و برێگزیت ئاگادار ده‌بینه‌وه؛ ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه سه‌رتاپای جیهان خه‌ریكه ورده ورده لێكده‌ترازێت و ته‌نها هه‌وڵێكی ده‌سته‌جه‌معی ده‌توانێت هیوامان پێببه‌خشێت.
سه‌رچاوه‌كان:
www.independent.co.uk
https://meidaan.com/archive/57833