بۆچى دایم شهكهتین؟
سلاڤۆی ژیژه‌ك
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕووبه‌ڕووی دوو فیگه‌ری پێچه‌وانه‌مان ده‌كاته‌وه كه له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا زاڵن: ئه‌وانه‌ی كه كاركردنی زۆر بڕستی لێ بڕیوون(پزیشكان و په‌رستاران، چاو‌دێر و سه‌رپه‌رشتیاران...) و ئه‌وانه‌شی به ده‌ستبه‌تاڵی پاڵیان لێداوه‌ته‌وه چونكه به زه‌بری هێز یان خۆویستانه له ماڵه‌كانیاندا ماونه‌ته‌وه. من، به‌و پێیه‌ی سه‌ر به ده‌سته‌ی دووه‌مم، هه‌ستده‌كه‌م ناچارم كه‌ڵك له‌م بنبه‌سته وه‌ربگرم تا تێڕامانێكی كورت له‌باره‌ی ئه‌و شێوازه جیاوازانه‌ی ماندوومان ده‌كه‌ن، بخه‌مه‌ڕوو. لێره‌دا ئه‌و پارادۆكسه زهقوزۆپهی كه ئه‌وه خودی ناچالاكی و ده‌ستبه‌تاڵیی ناچارییه شهكهتماندهكات، پشتگوێدهخهم، كه‌واته لێگه‌ڕێن با له‌گه‌ڵ بیۆنگ-چول هاندا ده‌ستپێبكه‌م كه شرۆڤه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك و سیستهماتیكمان ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه چۆنچۆنی و بۆچی له "كۆمه‌ڵگایه‌كی شه‌كه‌ت"[1]دا ده‌ژین، ده‌خاته به‌رده‌ست. ئه‌مه‌ی خواره‌وه پوخته‌یه‌كی كورتی شاكاره‌كه‌ی بیۆنگ-چول هانه، به بێ ئه‌وه‌ی شه‌رمیش بكه‌م له ویكیپیدیا وه‌رمگرتووه: << ئێمه به‌وپێیه‌ی خواستی پارێزگاریكردن و شكستنەهێنان، هه‌روه‌ها ته‌ماحی لێهاتوویی به‌ڕێوه‌مان ده‌بات، هاوكات ده‌بینه پابەند و فیداكاریش، و داخڵی ناو سوڕێكی تری سنووركێشان، خۆ-ڕه‌تاندن[2] و داڕووخان ده‌بین. كاتێك به‌رهه‌مهێنان ده‌بێته به‌رهه‌مێنانی نامادی، ئیدى هه‌موان پێشوه‌خته خاوه‌نی ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنانن. سیسته‌می نیولیبراڵ ئیتر سیسته‌مێكی چینایه‌تی نیه، به مانا پڕپێستهكهی. له چینگهلێك پێكنایه‌ت كه ئهنتاگۆنیزمیكی دووقۆڵی نیشانبده‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه كه سه‌قامگیریی سیسته‌می لێده‌كه‌وێـته‌وه. هان مشتومڕی ئه‌وه ده‌كات كه سوبێكته‌كان بوونه‌ته سوبێكتی خۆ-ڕه‌تێنه‌ر:" له‌مڕۆدا هه‌موو كه‌سێك كرێكارێكی خۆ-ڕهتێنهره له چەوساندنەوەى خۆیدا. ئێستا خه‌ڵكی هاوكات ئاغا و كۆیلهشن. ته‌نانه‌ت ململانێی چینایه‌تیش وه‌رگه‌ڕاوه‌ته سه‌ر ململانێیه‌كی ناوه‌كی له‌گه‌ڵ خود". تاكه‌كان وه‌رگه‌ڕاونه‌ته سه‌ر ئه‌و شته‌ی هان ناویده‌نێت "سوبێكتهکانى ئەهلى ده‌ستكه‌وت"[3]؛ ئه‌وان پێیان وانیه كۆمه‌ڵێك "سوبێكت"ی ملكه‌چ به‌ڵكو "پرۆژه"ن: هه‌میشه خۆمان داده‌ڕێژینه‌وه و دادهھێنینهوه كه ئه‌مه‌ش، به جۆرێك له جۆره‌كان، شكڵێكی ناچاری و كۆتوبهندكردنه. له‌ڕاستیدا، هاوتایه له‌گه‌ڵ چه‌شنێكی كاراتری بهسوبێكتبوون و ملكه‌چبوون.[4] "من" كه خۆی وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی قوتاربوو له كۆتوبه‌نده ده‌ره‌كی و بێگانه‌كان ده‌بینێت، [كه‌چی] ئێستا ملكه‌چی سنووربه‌ندییه ناوه‌كییه‌كان و زۆرله‌خۆكردن بووه، كه شكڵی ده‌سكه‌وت و ئه‌وپه‌ڕی كارایی و تەڵبژێرێکى ناچارییانەى باشەى[5] به‌خۆوه گرتووه >>
ئه‌گه‌رچی هان كۆمه‌ڵێك تێبینیی بیرتیژانهمان ده‌رباره‌ی شێوازی نوێی بهسوبێكتبوون ده‌خاته به‌رده‌ست، كه ده‌توانین شتانێكی زۆری لێوه فێربین- ئه‌و شته‌ی ئه‌و ده‌ستنیشانیده‌كات فیگه‌ری هاوچه‌رخی سوپه‌رئیگۆیه- به‌ڵام ده‌بێت سه‌رنج بده‌ین ئه‌و شكڵه نوێیه‌ی سوبێكتیڤیته كه هان وه‌سفی كردووه به‌هۆی قۆناغێكی تازه‌ی كهپیتاڵیزمی جیهانییه‌وه زه‌مینه‌ی بۆ خۆشكراوه، كه وه‌ك سیسته‌مێكی چینایه‌تیی نایه‌كسانییه هه‌ڵكشاوه‌كان ده‌مێنێته‌وه. ململانێ و ئه‌نتاگۆنیزم به هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ "ململانێ نێو-كه‌سییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆماندا" كورتنابنهوه. هێشتا له وڵاتانی جیهانی سێیه‌مدا ملیۆنان كرێكاری كاره ده‌ستییه‌كان هه‌ن، وه‌كچۆن جیاوازی به‌رچاو له‌نێوان چه‌شنه جیاجیاكانی كرێكاره نامادییهكان بوونی هه‌یه(هێنده به‌سه ئاماژه به بواری هه‌ڵكشاوی "خزمه‌تگوزاری(سێرڤس)ه مرۆییه‌كان"، وه‌كو چاو‌دێر و سه‌رپه‌رشتیارانی پیره‌كان، بكه‌ین) . كه‌لێنێك به‌ڕێوه‌به‌ری پله باڵا كه خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كه یان ئیداره‌ی ده‌كات له‌و كرێكاره‌ی ئیشێكی جێگیری نیه، و ڕۆژه‌كانی له ماڵه‌وه‌دا له پشت كۆمپیوته‌ره‌كه‌یدا به‌سه‌رده‌بات، جیاده‌كاته‌وه: ئه‌وان به هه‌مان مانا[و هاوكات] ئاغا و كۆیله نین.
زۆر نوسراوه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی چۆنچۆنی شێوازه كۆنه‌كه‌ی كار به‌ر مه‌بنای هێڵی به‌رهه‌مهێنانی فۆردیستی جێگه‌ی خۆی بۆ شێوازێكی تازه‌ی هاریكاریی داهێنه‌رانه چۆڵكردووه كه ده‌رفه‌تی زیاتر به داهێنه‌رێتیی تاكه‌كه‌سی ده‌بەخشێت. سه‌رباری ئه‌مه‌ش، ئه‌وه‌ی ڕووده‌دات به‌فیعلی هێند بریتی نیه له جێگرتنه‌وه به‌ڵكو دهرهكیكردنێتی( به دەرەوە و بیانى سپاردن): ده‌كرێت كار له كۆمپانیای مایكرۆسۆفت یان ئه‌پڵ به هاریكارییه‌كی زیاتر ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌رهه‌مه دوایینییهكان له چین یان ئه‌نده‌نوسیا، به شێوازێكی ته‌واو فۆردیستی، به یه‌كه‌وه گرێده‌درێن. به ساده‌یی، هێڵی به‌رهه‌مهێنانی فۆردیستی سپێردراوەتەدەرەوە. به‌م پێیه، به‌ر دابه‌شكارییه‌كی تازه‌ی كار ده‌كه‌وین: كرێكاره سه‌ربه‌خۆ و خۆ-ڕهتێنهكانی خۆئاوای پێشكه‌وتوو(كه هان وه‌سفیكردوون)، هێڵی به‌رهه‌مهێنانی [فۆردیستی] تاقه‌تپڕوكێن له جیهانی سێیه‌مدا، سه‌رباری بواری هه‌ڵكشاوی كرێكارانی خزمه‌تگوزارییه مرۆییه‌كان[6] به هه‌موو شكڵهكانییهوه( چاو‌دێر و كارگوزاره‌كان، خزمه‌تكاره‌كان...) كه پڕاوپڕه له خۆڕه‌تاندن. ته‌نیا گرووپی یه‌كه‌م(كرێكاره سه‌ربه‌خۆكان، كه زۆربه‌ی جار ئیشێكی جێگیریان نیه) له‌گه‌ڵ وه‌سف و پۆڵێنبهندییهكهی هاندا ده‌گونجێن.
هه‌ر یه‌كێك له‌م سێ گرووپه ئاماژه به شێوازێكی تایبه‌تی شه‌كه‌تبوون و كاركردنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌كات. به تهنگهاتن و تاقه‌تپڕوكێنی كاری پێكبه‌ستنه‌وه له یه‌كڕه‌نگی و دووبارهبوونهوهكهیدا په‌نهانه. به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنی چه‌ندباره‌ی هه‌مان ئایفۆن له پشت مێزیكی كارگه‌ی فۆكسكۆن له قه‌راغ شاری شه‌نگه‌های تینوتاو له مرۆڤ ده‌بڕێت. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م شهكهتبوونه، ئه‌و شته‌ی وا له كاری خزمه‌تگوزارییه مرۆییه‌كان ده‌كات هێند تاقه‌تپڕوكێن بێت، خودی ئه‌و فاكتهیه كه ئه‌و پاره‌یه‌ی به‌و كارمه‌ندانه ده‌درێت (هه‌روه‌ها) بۆ ئه‌وه‌شه تا وا خۆیان نیشان بده‌ن كه به سۆز و تاسه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌وه كاره‌كه‌یان ئه‌نجامده‌ده‌ن، كه به‌ڕاستی بایه‌خ به "ئۆبێكت"ی كاره‌كه‌یان ده‌ده‌ن. كارگوزارێكی دایه‌نگای مناڵان له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پاره‌ی پێده‌درێت تا سۆز و خۆشه‌ویستییه‌كی سه‌رڕاستانه نیشانی مناڵه‌كان بدات، هه‌مان شت له‌باره‌ی ئه‌وانه‌ی چاودێریی كه‌سانی به‌ساڵاچوو و خانه‌نشین ده‌كه‌ن، ڕاست ده‌كه‌وێته‌وه. ئاخۆ كه‌س ده‌توانێت وێنای باری قورسی "ڕووخۆشی و میهرهبانبوونی" هه‌میشه‌یی بكات؟ به پێچه‌وانه‌ی دوو چه‌شنه كاره‌كه‌ی پێشوو، كه لانیكه‌م، ده‌توانیت جۆره مه‌ودایه‌كی ده‌روونی له‌گه‌ڵ ئه‌و شته‌ی خه‌ریكی ئه‌نجامیده‌ده‌یت، بهێڵیته‌وه(ته‌نانه‌ت كاتێك چاوه‌ڕێمان لێ ده‌كرێت به خۆشڕهفتاری له‌گه‌ڵ مناڵ‌دا بجوڵێینه‌وه، ده‌توانین ته‌نیا وا خۆمان نیشان بده‌ین كه واده‌كه‌ین)، چه‌شنه كاری سێیه‌م داوای شتێكی زۆر تاقهتپڕوكێنترمان لێ ده‌كات. وایدابنێ من بۆ ئه‌وه كارم پێدراوه تا ده‌رباره‌ی چۆنێتیی ڕیكڵامكردن یان پێچانه‌وه(پاكێجكردن)ی به‌رهه‌مه‌كان به مه‌به‌ستی ئیغراكردنی خه‌ڵكی تا بیكڕن، هونه‌ری خۆم بنوێنم. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بێت‌و به شێوه‌یه‌كی شه‌خسی گرنگی به ئایدیاكه نه‌ده‌م یان هه‌تا ئه‌گه‌ر ڕقیشم لێی بێته‌وه، ده‌بێت به شێوه‌یه‌كی ته‌واو چڕ‌وپڕ ده‌رگیری ئه‌و شته بم كه خهلاقیهتهكهم بێ‌دار ده‌كاته‌وه، هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی ڕه‌سه‌ن بده‌م. هه‌وڵێكی له‌م چه‌شنه‌ش گه‌لێك زیاتر له دووباره‌بوونه‌وه و وه‌ڕسیی كاركردن له به‌شی پێكبه‌ستنه‌وه‌ی كارگه‌یه‌كدا دهمڕهتێنێت: ئه‌مه كتومت ئه‌و شهكهتبوونهیه كه هان ده‌رباره‌ی ده‌دوێت.
له كۆتاییشدا، خاڵێكی گرنگی تر ئه‌وه‌یه، ده‌بێت دووربكه‌وینه‌وه له وه‌سوه‌سه‌ی به نه‌فره‌تكردنی خۆ-دیسپلینكردنی توند و خۆ ته‌رخانكردن بۆ ئیش و بره‌ودان به هه‌ڵوێستی "فشه‌ت پێ بێت!". درووشمی "ئیش ئازادتان ده‌كات!"[7] هێشتاش درووشمه ڕاسته‌كه‌یه، ئه‌گه‌رچی نازییه‌كان به شێوه‌یه‌كی دڕنده به‌د-كه‌ڵكیان لێ وه‌رگرت. به‌م پێیه، ئه‌گه‌ر به ئاوڕدانه‌وه له په‌تا بهردهوامهكه ده‌ره‌نجامگیری بكه‌ین: به‌ڵی، كارێكی دژوار و هه‌مه‌لایه‌ن له پێشده‌م زۆرێك له‌و كه‌سانه‌یه كه ده‌ستوپه‌نجه له‌گه‌ڵ پاشهاته‌كانی په‌تاكه‌دا نهرمدهكهن، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی ماناداره بۆ سوودگه‌یاندن به كۆمه‌ڵگا، كه ڕازیبوونی [شه‌خسیشی] لێ ده‌كه‌وێته‌وه، نه‌ك ته‌قه‌لایه‌كی گه‌وجانه بێت بۆسه‌ركه‌وتن له بازاڕدا. كاتێك كارمه‌ندێكی پزیشكی به‌هۆی كاری له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بڕستی لێ ده‌بڕێت، كاتێك چاودێرێكی پیره‌كان شه‌كه‌ت ده‌بێت، ماندووبوونی ئه‌وان سه‌رتاپا جیاوازه له شه‌كه‌تبوون به ده‌ستی وه‌سوه‌سه‌ی پێشكه‌وتن له كار و پیشه‌دا.
به‌م جۆره‌ی خواره‌وه ئه‌ندریاس ڕۆسنفێلدهری هاوڕێم، ڕۆژنامه‌نوسێكی ئه‌ڵمانی ڕۆژنامه‌ی Die welt، ئه‌و تێڕوانیه نوێیه‌ی ده‌رهه‌ق به ژیانی ڕۆژانه له ده‌ركه‌وتن دایه، بۆی وهسفكردم: >> به‌ڕاستی ده‌توانم هه‌ست به شتێكی پاڵه‌وانانه ده‌رهه‌ق به‌م ئیتیكه تازه‌یه بكه‌م، كه له ژۆرناڵیزمیشدا ده‌بینرێت، هه‌موو كه‌سێك شه‌و و ڕۆژ له ئۆفیسی ماڵه‌وه‌یدا خه‌ریكی كاركردنه، ڕێكخستن و گرێدانی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌كان، هاوكات چاودێریكردنی مناڵه‌كان یان وانه پێوتنهوهیان، به‌ڵام كه‌س له خۆی ناپرسێت بۆچی خه‌ریكی ئه‌م كاره‌یه، چونكه مه‌سه‌له‌كه چیتر ئه‌وه نیه "پاره به‌ده‌ستدێنم و پشووهكهم له گهشتوگهڕاندا به‌سه‌رده‌به‌م"، چونكه كه‌س نازانێت ئایا دووباره هه‌لی گه‌شتكردنیان ده‌بێت و هیچ پاره‌یه‌كیش له ئارادا ده‌بێت یان نا. ئه‌مه ئایدیای جیهانێكه شوقه‌یه‌ك و پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی وه‌كو خۆراك و... خۆشه‌ویستیی ئه‌وانیتر و ئهركێكیشت هه‌یه، ئه‌ركێك كه به‌ڕاستی گرنگه، ئێستا له هه‌ر كاتێكی تر زیاتر.ئه‌و ئایدیایه‌ی گوایه پێویستمان به "زیاتر"ه له ئێستادا ناڕاست و ناواقیعی دێته‌به‌رچاو.[ چونكه درووشمه‌كه پتر ڕووی له داهاتووه و ئێمه به ئێستادا ڕۆچووین]. ناتوانم وێنای وه‌سفێكی باشتر بۆ ئه‌و شته بكه‌م كه ده‌بێت ناویبنێین ژیانێكی نامۆنهكراوی شكۆمه‌ندانه.
[1]، ناوی یه‌كێك له كتێبه‌كانی چول هانیشه. Burnout society
[2] Self-exploitation
[3] The achievement- subjects
[4] له زمانی ئینگڵیزیدا هه‌ر دوو وشه‌ی "بهسوبێكتبوون" و " ملكه‌چبوون" هاوڕیشه‌ن.
[5] optimization
http://thephilosophicalsalon.com/why-are-we-tired-all-the-time/