«هێشتاش هەر دەسوڕێتەوە»
پێشەكیی كتێبى: "كه‌متر له هيچ"
(١)
سلاڤۆى ژيژه‌ك
و. وهليد عومه‌ر
کەمتر لە هیچ(less than nothing), گەورەترین پرۆژەى فیکریى سلاڤۆى ژیژەکە و کتێبێکە بە قەبارەى هەزار لاپەڕە. کتێبەکە بارگاویکردنى دەیان و سەدان بابەتى جیاجیایە بە ڕۆحى هیگڵ. ئەمەى خوارەوە تەنیا چەند پەڕەیەکى سەرەتاى کتێبەکەیە و دواتر کۆى نوسینەکە بڵاودەکرێتەوە. بەپێى ئەم نوسینەى خوارەوەوە, گەمژەیى و چەشنەکانى تر‌ى, پەیوەندییان بە کۆپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە- ئەم کۆپەیوەندییانەش لەسەر زمان و مامەڵە و ناونان و مەودا و دوور و نزیکى بە پانتایى ڕەمزىیەوە بەندە. گەمژە چیدى کەسێک نیە بە بایۆلۆژیا یان سایکۆلۆژاى ڕووت بڕیارى لەسەر بدرێت, بەڵکو پێگەیەکە لەناو پانتایى کۆمەڵایەتییدا, مەودایەکە لەگەڵ جەوهەرى پانتایى کۆمەڵایەتییدا دەیبەستیت و ئەم جەوهەرەش پێىدەوترێت ئەویترى گەورە. بە مانایەکى تر ئەوەى لە سیاق تێنەگات, گەمژەیە. سیاقیش کۆمەڵێک یاسا و ڕێساى ناوەکیى هەیە و ئەم یاسایانە حیساب و کیتابى تایبەتیان لێ بارکراوە و هاوکات دابەشبوونەوەى لیبیدۆى کۆمەڵایەتى و ژویسانى کۆمەڵایەتى و چێژى کۆمەڵایەتیین. گەمژە ئەو کەسەیە کە لەم حیساباتە تێناگات. لەمڕۆدا کە شڵەقانێک لە ئەویترى گەورەى کۆمەڵگاکاندا بەگشتى ڕوویداوە, سەیردەکەین ساتەوەختەکانى گەمژەیى زۆرن. ئەویترى گەورە, هەمووکات, ئەو سایە و ڕەحمەتە توندەى پێشووى نیە. لێرەوە عەقڵ بە نێوانگریى زمان و کۆمەڵگا دەبێتە عەقڵ, و گەمژەییش لێرەوە پێناسەدەکرێت. لە کوردەوارىدا دەمێکە وتراوە, فڵانى, ئاگاى لە دنیا نیە یان گێلۆکەیە: لە عەقڵى باودا, گەمژە ئەو کەسەیە کە ئسوڵ و پەیوەندییە ڕەمزییەکان تێناگات و ڕەفتارى چاوەڕواننەکراوى لێ دەوەشێتەوە و لە وێستگەکاندا ساویلکەییەکى زیادەڕۆیانە دەنوێنێت. بۆیە عەقڵ هەمیشە فاکتى ڕووت نیە, کەشفى ڕووت نیە, بگرە چاوپۆشینە لە فاکت و کەشفیش. ئێمە دەبێت چاو لە زۆر ڕاستى بپۆشین, بۆ ئەوەى کۆمەڵگا درووست ببێت, ئەم چاوپۆشینە پێىدەوترێت ڕاگرتنى ڕواڵەت. گەمژەکان لەم ڕاگرتنى ڕواڵەتە تێناگەن و دەبێت بەردەوام شتانێکیان پێ بگوترێتەوە کە دەبێت بە نەگوتراوى بگەنە سوبێکتە قسەکەرەکانى ناو کۆمەڵگا. کاتێک پاشا ڕووتە, دەبێت ئێمە وا خۆمان دەرنەخەین ڕووتە, ئەگینا دادەبەزین بۆ ئاستى مناڵێکى کاڵفام و بێزارکەر. دیارە ئەمە ماناى ئەوە نیە کۆى پانتایى کۆمەڵایەتیى باو قبوڵکەین, بەڵکو باسەکە تێگەیشتنە لە شیرازەى چنراوى پانتایى کۆمەڵایەتى. ئەم شیرازەیە, چەقى دابەشکردنى ئەرک و ماف و چێژیشە لە کۆمەڵگادا. گەمژەیى, ناوێکە بۆ حاڵینەبوون لەم شیرازەیە. زمان, دوا فۆرمى هەستیارى پانتایى کۆمەڵایەتى ڕێکدەخات و دیزاینى وردى ساتەوەختە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. زمان, خۆى پێوەرێکى شاراوەى دابەشکردنى عەقڵیشە. ئەوانەى زمانى زگماکیان باش نیە, سیمایەکى مەیلەو چەوت لە پانتایى کۆمەڵگادا دەنوێننەوە و لە چرکە ڕەمزییە جیاجیاکان تێناگەن. ئێمە وەک مرۆڤ هەژارین, بەدەگمەن دەشتوانین ئەم هەژارییە قبوڵکەین, بۆیە لەڕێگەى ترەوە دەمانەوێت خۆمان بە پانتایى ڕەمزى و کۆمەڵایەتى دەوڵەمەندکەینەوە. هەژارى لە دەروونشیکاریى لاکانییدا, بە سامانى مادى ناپێورێت بەڵکو بە مەودامان بە ئەویترى گەورەوە دەپێورێت. ئەویترى گەورە ئەو تۆڕە ئاڵۆزە گریمانەیى و کۆمەڵایەتییەیە کە وەک هێڵى نەبینراو بەناو هەریەکەماندا ڕۆیشتووە و لاى هەندێکیش نامێ،ێت و دەپچڕێت و ئەم پچڕانە لە ماناى گەمژەیى نزیکدەبێتەوە. لە کۆمەڵگادا کە بە کەسێک دەورتێت «فەقیرە...», ئەوا سامانە ڕەمزییەکەى ئەم کەسە لەخوارەوەیە و پشکێکى ئەوتۆى لە ئەویترى گەورە بەرنەکەوتووە. مەعریفە و زانیارى بەتەنیا بەس نیە بۆ ئەوەى لەڕووى ڕەمزییەوە دەوڵەمەند بیت(وەک لە نوسینەکەدا چەند نمونەیەک هاتووە), بەڵکو دەبێت شتەکە لە فلتەرى ئەویترى گەورە بدەیت. ئەویترى گەورە هەر خۆمانین, بەڵام بەبێ دیوە زاتی و شەخسییەکەمان. نیگایەکە بەهۆى ڕەحمەتى مادییانەى خۆیەوە ئێمە لە هەژارى دەردێنێت. نوسەرى باسەکە, پۆڵى دووەمى گەمژەییش دیاریدەکات کە دەبەنگییە و ئەوانە دەگرێتەوە کە بەڕەهایى لەگەڵ ئەویترى گەورەدا هاوشوناسن, وتەکانى دەقاودەق حونجەدەکەنەوە, ڕێساکانى کتومت و بێ لادان لەبەردەکەن. کتێبى کەمتر لە هیچ, بە پێى نوسەرەکەى, بۆ ئەوانەیە کە بێمێشکن(ئەویش بەو مانا تایبەتەى کە خۆى مەبەستێتى و توانجێکیشە بۆ عەقڵى زانستى کە ئەمڕۆ بەئاسانى لە هزر و تەئویلاتى وەک هیگڵ تێناگات). مەرامى پشت کتێبەکە, وەک لە ناونیشانەکەشەوە دیارە, وەستانە لەسەر یەکێک لە حەکایەتە گەورەکان کە واقیع(reality)يە و جۆرێک لە دەقئاوێزانى فیکرى لەنێوان کایەکاندا درووستدەکات لە فەلسەفەوە بۆ دەرونشیکارى و فیزیا و سیاسەت و هتد.
وەرگێڕ
***********************************************
دوو جۆرى دژبهيهكى گه‌مژه‌يى[2] هه‌ن: يه‌كه‌ميان (جاروبار) بريتييه له‌و سوبێكته زۆر هۆشيار و زيرهكهى كه [به‌ئاسته‌م نه‌بێت] ناتوانێت "تێبگات"؛ له‌ڕووى لۆژيكييهوه له دۆخه‌كه تێده‌گات به‌ڵام به‌ساده‌يى ڕێسا شاراوه سياقييهكانى تێناگات [و ڕەچاویناكات]. بۆنمونه، ئه‌و ده‌مه‌ى بۆ يه‌كه‌م جار سه‌ردانى نيۆركم كرد، شاگردی كافتريايهك لێى پرسيم: «ئه‌مڕۆت چۆن برده‌سه‌ر؟»، بە هەڵە وەک پرسیارێکی [حەرفى] و حەقیقی لێیتێگەیشتم، منيش ڕاستگۆيانه وهڵاميم دايه‌وه: «مردم هێنده ماندووم، سه‌فه‌رى دوورى ناوفڕۆكه هيلاكى كردووم، فشار و سترێسم له‌گه‌ڵه...»، به‌جۆرێك سهيرىكردم وەکبڵێى كابرايه‌كى ته‌واو گه‌مژه بم... خۆ ڕاستيشى ده‌كرد. ئه‌م جۆره گهمژهييه، كتومت له گهمژهيهك ده‌وه‌شێته‌وه[3]. ئالان تورينگ[ـى بيركاريناس و زاناى كۆمپيوته‌رى]، گهمژهيهكى نمونه‌يى بوو: پياوێك بوو هۆش و زيرهكييهكى سهرووئاسايى هه‌بوو، به‌ڵام دهروونپهشێوييهكى بنەڕەتیی له‌گه‌ڵ بوو كه نهيدهتوانى ڕێسا شاراوەكانی ناو سياق لێكجياكاتهوه. له ئه‌ده‌بيشدا، كه‌س ناتوانێت "شڤايگ"ـى سه‌ربازه دەستودڵ باشەكەی نوسهرى [چيكى] "يارۆسلاڤ هاسيك" لهبيربكات. كاتێك ده‌بينێت سه‌ربازه‌كان له سه‌نگه‌ره‌كانى خۆيانه‌وه ته‌قه له سه‌ربازه‌كانى دوژمن ده‌كه‌ن، ده‌چێته چۆڵەوانیى نێوان هه‌ردوو سوپاكه و هاوارده‌كات: «كەس تەقەنەكات، لايهكهى تر خه‌ڵكى لێيه!». سەرچەشن و مۆدێلى دێرينى ئه‌م جۆره گهمژهييه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مناڵه كاڵفام و ڕاستگۆكهى ناو چيرۆكه‌كه‌ى ئه‌نده‌رسن، كه به‌به‌رچاوى خه‌ڵكه‌وه و به‌ئاشكرا هاوارده‌كات «پاشا ڕووته... پاشا ڕووته». ئا به‌م جۆره سەر لەو خاڵه [پێویستەی ناو سیاق] دەرناكات، كه ئالفۆنس ئهلايس[ـى تهنزنوس-يش] ئاماژه‌ى بۆ كردووه: هه‌موومان له‌ژێر جله‌كانمانه‌وه ڕووت و قووتين! [واتە ڕووتی ڕاستییەكە و نهێنییەكی زۆر قایم و میتافیزیكی نیە، بەڵكو شتێكە و بە جل شاراوەتەوە و پێشوەختە دەزانین ژێر جلەكە ڕووتییە. بەڵام دەبێت وا خۆمان دەرخەین كە ژێرەوەی جلەكە ڕووتی نیە. ئەمەش لەكۆدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سیاقە كۆمەڵایەتی و شارستانی لەسەر جۆرێك ڕواڵەتبازی و واخۆدەرخستنی پێویست بەندە و گەر ئەمە ڕەچاونەكەین ئەوا بە مانا دەروونشیكارییەكەی نازناوی گەمژەمان بەسەردا دەبڕدرێت].
فيگهرى دووه‌م و دژيه‌كى گه‌مژه‌يى، بريتييه له "ده‌به‌نگ"[4]: واته گەوجیى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه به‌ته‌واوى له‌گه‌ڵ عه‌قڵى باو و باڵاده‌ست[5]دا بوونەتە یەکێک، ئەوانەى کە به‌ته‌واوى ڕواڵه‌ته‌كانى "ئه‌ويترى گه‌وره" ڕاده‌گرن [و نوقمی تەواوەتیى ناو ڕێسا سیاقدار و كۆمەڵایەتییەكانن]. له‌درێژه‌ى ئه‌و فيگهرانهدا كه به كۆرسەکانى تراژيدياى يۆنانى ده‌ستپێده‌كه‌ن- وا ڕۆڵى شیوەن و پێكه‌نينى تۆماركراو ده‌گێڕن و هه‌ميشه ئامادەن بە بڕێ لە عەقڵى باوەوە قسە لەسەر کاروچالاکییەکان[ـى نێو شانۆکە] بکەن- لانيكه‌م ده‌بێت ئاماژه به هاوكاره "گه‌مژه"كانى پۆليسه نهێنييه گه‌وره‌كانى ناو عه‌قڵى باویش بكه‌ين: دكتۆر واتسۆن [ـی هاوكار]ـی شارڵۆك هۆڵمز، هاستينگ[ـی هاوكار]ـی هيركول پۆيرۆت...ئه‌م فيگهرانه به‌ته‌نيا دژ نين, و بگره سه‌ره‌نجاميش گه‌وره‌يى پۆليسه نهێنييه‌كان ڕوونتر ده‌رده‌خه‌ن؛ ئه‌وان بۆ ئيشى پۆليسه نهێنييه‌كان پێویست و حاشاهه‌ڵنه‌گرن. له يه‌كێك له ڕۆمانه‌كاندا، پۆيرۆت ڕۆڵى هاستينگ بۆ هاستينگ خۆى ڕوونده‌كاته‌وه: نوقمى ناو عه‌قڵه باوه‌كه‌ى بووه، هاستينگ په‌رچه‌كردار به‌ڕووى ديمه‌نى تاوانه‌كه‌يدا ده‌نوێنێت كه بكوژه‌كه ده‌يويست شوێنه‌وارى تاوانه‌كه‌ى خۆى پاكبكاته‌وه [چونكه] چاوهڕێدهكرا خه‌ڵك كاردانه‌وه بەڕوویدا بنوێنن. شته‌كه ته‌نيا به‌م جۆره‌ش نيه, پۆلیسە نهێنییەکە تەنیا بەم شێوەیەشە، واتە بەهۆی ڕەچاوکردنی کاردانەوەی چاوەڕێکراوی "ئەویتری گەورە"ـی عەقڵی باوەوە، دەتوانێت تاوانەکە چارەبکات و [دیزە بە دەرخۆنەی بکات].
به‌ڵام ئاخۆ ئه‌م دژيهكييه, مافى تەواوى باسەکە دەدات؟ بۆنمونه کاتێک فرانتز كافكايشى تێدهخهين، ئەو کە گەورەییەکەی (لە پاڵ کۆمەڵێک شتی تریشدا) کەوتۆتە ئێرەوە: توانا تایبەت و دەگمەنەکەی بۆ پیشاندانی گەمژەیی وەک شتێکی تەواو باو و ئاسایی؟ (ئهرگۆمێنتكاريى هێجگار "گه‌مژانه"ـى نێوان قه‌شه‌كه و "كا" بێننه‌وه بير‌ى خۆتان كه بە شوێن پارابڵ (کورتیلە چیرۆک)ـی "لەبەردەم یاسا"دا دێت). بۆ ئەم پێگە و پۆلێنەی سێیەم پێویستمان بە هیچ نییە چاوخشانێکى سەرەتایی نەبێت بە ویکیپیدیادا: «بێمێشك(imbecile)، زاراوهيهكه بۆ پاشكهوتنێكى مامناوەنجى تا توندى زه‌ينى و عه‌قڵى، و چەشنێکیشە له كه‌سى تاوانبار». له وشه‌ى لاتينيى imbecillus""ـه‌وه هاتووه، كه به ماناى لاواز، يان عه‌قڵى لاواز [و زه‌ينى كۆڵ] دێت. «Imbecile، يه‌كه‌مجار بۆ ئه‌و كه‌سانه به‌كارهێنرا كه IQ ياخود ئاستى زيرهكييەکەیان له‌نێوان 26 تا 50 بووه، واته له‌نێوان ده‌به‌نگ51-70 و گه‌مژه 0-25 دا». خۆ زۆريش خراپ نيه: له خوارووى دهبهنگێكهوه، واته له‌سه‌رووى گهمژهيهكهوه- دۆخێكى كارهساتاوييه، به‌ڵام هێشتاش هەر سەخت و جدی نيه، ئه‌مه بێمێشکێکى نه‌مسايى باسیكردووه(ئه‌ى كێى تر؟). كێشه‌كان به پرسيارێك ده‌ستپێده‌كه‌ن: ئاخۆ ڕەگی "becile" کە [پێشگر]ـی نەفیکردنی "-im"ـى کەوتۆتە پێش، خۆی لە کوێوە سەرچاوەیگرتووە؟ گه‌رچى ڕيشهكانى ناڕوون و تهمومژاوييه، به‌ڵام پێده‌چێت له baculum""ـى لاتينييهوه وهرگيرابێت كه به ماناى (دارشه‌ق، گۆچان، دارعه‌سا) دێت، كه‌واته بێمێشک(imbecile) ئه‌و كه‌سه‌يه به‌بێ يارمه‌تيى دارعه‌سا ده‌سوڕێته‌وه. ده‌توانین هه‌ندێك ڕوونى و لۆژيك بخەینە سەر بابه‌ته‌كه، گه‌ر بێت‌و وا له دارعه‌سا تێبگەین وه‌ك "زمان" و "نه‌زمى ڕه‌مزى" وايه و هه‌موومان وه‌ك بوونه‌وه‌رى قسه‌كه‌ر پێويستمانه پێیەتى تا پاڵى پێوه بده‌ين، كه‌واته هه‌ر ئه‌و شته [ده‌ڵێته‌وه] كه لاكان پێىدهڵێت "ئه‌ويترى گه‌وره[6]". له‌م حاڵه‌ته‌دا، سێكۆچكهى گه‌مژه/بێمێشك/ده‌به‌نگ جۆرێك له مانا [و لۆژيك] دەدەن بەدەستەوە: گه‌مژه هه‌روا بەسادەیی كه‌سێكى [بێ‌ئاگا] و تهنيايه، ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ويترى گه‌وره‌وه، دهبهنگيش ده‌كه‌وێته ناويه‌وه(به‌شێوه‌يه‌كى گەوجانە نيشته‌جێى ناو زمانه)، له‌كاتێكدا بێمێشك ده‌كه‌وێته نێوان ههردووكيانهوه: ئاگای لهوهیە پێويستى به ئه‌ويترى گه‌وره‌يه، به‌ڵام پشتى پێنابه‌ستێت، متمانه‌ى پێى نيه، شتێكى هاوشێوه‌ى گرووپى [مۆسيقيى پانكى] لايباخى سلۆڤينييه كه په‌يوه‌نديى خۆيانيان به خوداوه دیاریكردووە(ئه‌ويش به گه‌ڕانه‌وه بۆ چه‌ند وشه‌يه‌ك كه له‌سه‌ر دراوێكى تاكدۆلارى نوسراوه "باوەڕمان بە خودایە"): «وه‌ك ئه‌مريكييه‌كان باوەڕمان به خودايه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ى ئهمريكييهكانهوه، پشتى پێنابهستين». به‌پێى زاراوه لاكانييهكان، كەسێكی بێمێشك دەزانێت ئه‌ويترى گه‌وره بوونى نيه، يه‌كانگيريى تيا نيه، "قه‌پات و داخراوه". بۆيه ئەگەر به پێوانه‌ى زيره‌كى يان IQ بپێورێت، وا ده‌رده‌كه‌وێت ده‌به‌نگ تۆزێك له بێمێشك زيرهكتره، بۆ به‌رژه‌وه‌نديى خۆى زۆر زيرهكتره(وه‌ك دهبهنگە كۆنهپهرستەکان، بەڵام نەک بێمێشكەكان، حەزدەکەن وا لەبارەی ڕۆشنبيرانەوە بدوێن). له‌ناو فهيلهسوفهكاندا، ڤيتگنشتاينى دوايين، بێمێشكێكی باڵا و پله يه‌كه، کە مامهڵهیەکى وه‌سواسانه له‌گه‌ڵ ههڵبهزودابهزهكانى پرسيارەكەى ئه‌ويترى گه‌وره‌دا دەکات: ئاخۆ وەكالەت و نێوانگرییەك هه‌يه, يه‌كانگيرى و سەقامگیریى ئاخاوتنمان مسۆگەربکات؟ ئاخۆ ده‌توانين دەرهەق به ڕێساكانى ئاخاوتنمان بگه‌ينه يهقينێك و [لەوە دڵنیابینەوە کە كتوپڕ نەزمی ئاخاوتن و كۆمەڵایەتیبوونمان هەڵناوەشێتەوە]؟
ئاخۆ لاکانیش مەبەستی لە هەمان پێگەی (بێ)مێشک im) becile) نییە، ئەوکاتەی سیمنیارەکەی " بەرەو دالێکی نوێ" ئاوا کۆتاییپێدێنێت: «من بە ڕێژەیەک گەمژەم- واتە منيش هەروهكو ئه‌و خەڵكە گه‌مژه‌م- لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت یەک تۆز زیاتر ڕۆشنایى عەقڵم بەرکەوتووە»؟[7]. ده‌بێت ئه‌مه به ڕێژهييكردنهوهى گه‌مژه‌يى بخوێنينه‌وه-"ته‌واو گه‌مژه نا"-، ئه‌ويش به مانا پڕاوپڕەکەى «نه-هه‌موو»[8]: مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه نيه لاكان هه‌ندێك ڕامان و قووڵبينيى تايبه‌تی هه‌يه و نايكاته گهمژەیەكی تەواو. هيچ شتێك نيه له لاكان‌دا گه‌مژه نه‌بێت، هيچ ئاوارته‌يه‌ك له گهمژهيیدا نيه، کەواتە ئەوەی بەتەواوەتی نایکاتە گەمژە، تەنیا نایەکانگیریی گەمژهییەکەیهتی. [واتە ترازانى توخمێک لە کۆیەتیى گەمژەیى, کەسێک دەباتەدەرەوەى گەمژەیى]. هه‌ڵبه‌ت ناوى ئه‌و گهمژهيیـەی وا هه‌موو خه‌ڵك به‌شداريى تيا ده‌كه‌ن بريتييه له ئه‌ويترى گه‌وره. له گفتوگۆيه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌دگار سنۆ[ـى ڕۆژنامه‌نوسى ئه‌مريكيدا] له سه‌ره‌تاى حەفتاکاندا، ماوتسىتۆنگ خۆى وه‌كو ڕاهيبێكى كه‌چه‌ڵ وه‌سفده‌كات كه چه‌ترێكى پێيه. هەڵگرتنى چه‌تر ئاماژه‌يه بۆ جيابوونهوه له مەلەكووت. له زمانى چينییشدا، خهسڵهتەوشەى "قژ" بۆ ياسا و مەلەكووت دانراوه، بۆيه ئه‌وه‌ى ماوتسىتۆنگ ده‌يڵێت -به‌پێى ديده لاكانييهكه- ئه‌وه‌يه كه وى له ڕه‌هه‌ندێكى ئه‌ويترى گه‌وره داشكێنراوه، له‌و نەزمە ئاسمانييهى كه ڕەوتی ئاسايى شته‌كان ڕێكده‌خات. ئه‌وه‌ى ئه‌م خۆدهستنيشانكردنه[9] دەكاتە شتێكی هەڤدژ و پارادۆكسیكاڵ ئەوەیە كه ماوتسىتۆنگ هێشتاش هەر خۆى وه‌كو ڕاهيبێك ده‌ناسێنێت(ڕاهيبيش عاده‌ته‌ن وه‌ك كه‌سێك سەیردەکرێت کە به‌ته‌واوى ژيانى خۆى بۆ مەلەكووت ته‌رخانده‌كات)- كه‌واته چۆن ده‌كرێت ڕاهيبێك له ئاسمان و مه‌له‌كووت دابشكێنرێت؟ ئه‌م "بێمێشكی"یه, ناوکى پێگه زاتی و سوبێكتيڤهكهى شۆڕشگێڕێكى ڕاديكاڵه(هی دەروونشیكارێكیش).
ئه‌م كتێبه‌ى به‌رده‌ست، ڕێبه‌ر[10]ێکی پێرفێكت نيه بۆ گەمژەکان له‌باره‌ى هيگڵەوە، مه‌نهه‌جێكى ئەكادیمیی تريش نيه ده‌رباره‌ى هيگڵ(كه بۆ ده‌به‌نگه‌كان بشێت)؛ بەڵکو شتێكه وه‌ك ڕێبه‌ر و ڕێنوێنیى بێمێشكەكان دەربارەی هيگڵ: هيگڵ بۆ ئه‌وانه‌ى كه IQـهكهشيان هەر لە ئاستی پلەی گەرمیی لەشیاندایە(بەپێی پله‌ى سه‌دى)- دياره بۆ سوكايه‌تى وا ده‌وترێت. به‌ڵام تەنیا شتێکی ئاوایە: کێشەى imbeciles ئەوەیە هیچکام لە ئێمە وەک قسەکەرى ئاسایى نازانین پێشگرى "im" لە وشەکەدا چ شتێک نەفیدەکات: ئێمه ده‌زانين بێمێشك(imbecile) يانى چى، به‌ڵام نازانين "becile" چيه- به‌ساده‌يى وا مه‌زه‌نه‌ى ده‌كه‌ين ده‌بێت به ماناى پێچه‌وانه و دژى "imbecile" بێت [هەر لەبەر ئەوەى لەڕواڵەتدا بە پێشگرێکى زمانەوانى پێچەوانەکراوەتەوە][11]: «به‌ڵام لێره‌شدا، كه‌ڵكه‌ڵه تهمومژاوييهكه ده‌رباره‌ى وشه دژه‌كان[12] درێژه‌ى هه‌يه بۆ هه‌مان مانا(وه‌كو Heimlich وunheimlich كه به واتاى ئاشنا و غەریبە دێت و فرۆيديش دەقێكی چكۆله‌ى له‌باره‌وه نوسيوه)». چى ده‌بێت becile هه‌ر imbecile بێت، به‌ڵام پێچ و لۆفێكى چووبێته سه‌ر؟ له به‌كارهێنانى ڕۆژانه‌ماندا، becile ناتوانێت له‌سه‌ر پێى خۆى ڕاوه‌ستێت، وه‌كو نه‌فيكردنى imbecile كاردەكات؛ بە شێوەیەك كه imbecile نه‌فيكردنى جۆر[13]ێكـه، becile ده‌بێت نه‌فيى نه‌فى[14] بێت، به‌ڵام ئه‌مه هێجگار گرنگه، ئه‌م نەفی و نێگەتیڤیتە دووقاتە نامانباته‌وه بۆ پۆزهتيڤيتهى سه‌ره‌تايى [كە پڕییەکى سادە بێت و نەفیی تیا نەبێت]. گه‌ر (بێمێشك imbecile) ئه‌و كه‌سه بێت كۆڵه‌كه جەوهەرییەكەی خۆى له ئهويتری گەورەدا له‌ده‌ستدابێت، ئه‌وا كەسی becile ئه‌م له‌ده‌ستدان و نوقسانييه دووجادهكاتهوه و ده‌يگوازێته‌وه بۆ ئهويتری گەورە. becile بريتى نيه له imbecileێك [ becileبریتییە لە نا-بێمێشك not-imbecile]، ده‌بێت خودا خۆيشى هه‌ر ئاواهی بێت [و بەپێی هزری ژاك لاكان خودا‌ش یەكێكە لە فیگەرەکانى ئەویتری گەورە، کە فیگەرێكی نوقسانە].
كه‌واته كەسێكی نا-بێمێشك becile چى ده‌زانێت، كه گه‌مژه‌كان و ده‌به‌نگه‌كان نايزانن؟ له ئهفسانهيهكدا هاتووه، كه گوايا له ساڵى 1633، گاليلۆ له‌به‌ر خۆيه‌وه مينجهمينجی کردووە و وتوویەتی: «هێشتاش هه‌ر ده‌سوڕێته‌وه[15]«، ئه‌ويش پاش تۆبهونكۆڵى و پێش دادگاكانى پشكنين سه‌باره‌ت به تيۆره‌كه‌ى وا زه‌وى به ده‌ورى خۆردا ده‌سوڕێته‌وه: ئه‌شكه‌نجه نه‌درا، هێنده به‌س بوو گه‌شتێكى ده‌ورى زهويى پێبكرێت و كه‌ره‌سته‌كانى ئه‌شكه‌نجه‌دانى پيشانبدرێت...هيچ به‌ڵگه‌يه‌كى هاوچهرخونوێ لەبەردەستدا نیە بڵمەبڵمی ئه‌م دەربڕينه ساغكاتهوه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئه‌م ده‌ربڕينه بۆ ئاماژه‌كردن به هه‌ر كه‌سێك به‌كاردێت كه خاوه‌نى مهعريفهيهكى ڕاسته‌قينه بێت و ناچاربكرێت نكۆڵيى لێبكات، و ئه‌مەش ڕێ له ڕاستبوونەكەی ناگرێت. ئه‌وه‌ى ئه‌م ده‌ربڕينه سه‌رنجڕاكێشتر ده‌كات ئه‌وه‌يه كه ده‌توانرێت به مانا ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌شى به‌كاربهێنرێت، ئەویش بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ى "قووڵتر"ـى حه‌قيقه‌تى سيمبوڵيى ئەو شتەی وا ده‌قاوده‌ق ڕاست نيه. وه‌كو حه‌كايه‌تى «هێشتاش هەر دەسوڕێتەوە» خۆى, كه ده‌شێت وه‌ك فاكت و ڕاستييه‌كى مێژوويى لەبارەی ژيانى گاليلۆوە بەدرۆبخرێتەوە، به‌ڵام بەنیسبەت ده‌ستنيشانكردنى پێگه سوبێكتيڤهكهى گاليلۆوە ڕاستدەکەوێتەوە كه ناچاركرا نكۆڵی لە بۆچوونەكانی خۆی بكات. به‌م مانايه، كەسێكی ماترياڵيست ده‌توانێت بڵێت، خۆ ده‌زانم خودا بوونى نيه، كەچی هێشتاش هەر بيرۆكه‌ى خودايهك "دهمسوڕێنێتهوه". گرنگه سه‌رنجى ئه‌وه بده‌ن كه له هەڵقەى نۆى وه‌رزى چواره‌م و لە ده‌سته‌واژه‌يه‌كى ناو دراماى فايله نهێنييه‌كان(The X-Files)دا، دەستەواژەی «هه‌ر ده‌سوڕێته‌وه» جێی خۆی بۆ ئەمەی ترچۆڵكردووە کە بەردەوام دووپاتدەبێتەوە: حه‌قيقه‌ت لەویایە. به‌و واتایەی، ته‌نانه‌ت گه‌ر زانستى ڕهسمیيش شته‌كه ڕه‌تبكاته‌وه ئه‌وا ده‌عبا بێگانه‌كان هه‌ر له‌ویا و به‌م ده‌وروبه‌ره‌دا ده‌سوڕێنه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌كرێت به‌م مانايه‌ى تريش بێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر بێگانه‌كان لەویاشدا نەبن، ئه‌وا چيرۆكى هێرشى بێگانه‌كان ده‌توانێت بمانخاتهگهڕ و بمانسوڕێنێتەوە(وه‌ك ئه‌وه‌ى ناو دراماى فايله نهێنييه‌كان): له‌وديوى چيرۆكى واقيعه‌وه، واقيعى چيرۆك هه‌يه[16].
كه‌متر له هيچ، هه‌وڵده‌دات وێنه‌ى هه‌موو ده‌ره‌نجامه ئۆنتۆلۆژييهكانى «هێشتاش هه‌ر ده‌سوڕێته‌وه» بكێشێت. لێره‌دا هاوكێشه‌يه‌كى زۆر سه‌ره‌تايى لەئارادایە: "سوڕانه‌وه" هەوڵێكە بۆ گەیشتن بە بۆشاییدا، بۆنمونه «شته‌كان دەبزوێن»، شتێك[17] هه‌يه له‌جياتيى هيچشت[18]. نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى واقيع به‌راورد به هیچی ڕووت[19] زيادهيه, به‌ڵكو واقيع خۆى له هيچ كه‌متره. له‌به‌ر ئه‌مه‌يه پێويسته واقيع له‌لايه‌ن فیكشن و چيرۆكی خەیاڵییه‌وه ته‌واوبكرێت، ئه‌ويش بۆ شاردنه‌وه‌ى به‌تاڵى و (هيچييهكه)ـى خۆى. نوكته كۆنه يههودييهكه بێننه‌وه بير‌ى خۆتان كه ژاك دێرێدا زۆر كەیفی پێی دەهات. ئەو نوكتهیەی وا ده‌رباره‌ى كۆمه‌ڵێك جووله‌كه‌يه له پەرستگادا، و به‌ئاشكرا و بەبەر چاوى خوداوه دان به هيچێتيى خۆيان‌دا ده‌نێن. پێش هەموویان، حاخامێك ڕاده‌وه‌ستێت و ده‌ڵێت: «خودايه، من ده‌زانم چه‌نده بێنرخم، من هيچم!». دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و ته‌واوده‌بێت، بازرگانێكى ده‌وڵه‌مه‌ند، كه زرموكوت سنگى خۆى ده‌كوتێت، ڕاده‌وه‌ستێت و ده‌ڵێت: «ئيلاهى، منيش هه‌ر بێنرخم، شەیداوڕاڕای ماڵی دونیا بووم، من هيچم!». پاش ئه‌م ديمه‌نه، جوولهكهيهكى ئاسايى هه‌ژاريش دەوەستێت و بانگ هه‌ڵده‌دات: «خوايهگیان ئەمنیش هيچم...». پاشان بازرگانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه لهقهيهك دهماڵێته حاخامهكهدا و بهسوكايهتييهكهوه بهگوێيدا ده‌چپێنێت: «هه‌ى له‌و لوتبهرزييه! ئه‌وه كێيه زاتدەكات بڵێت من هيچم!». بەكردەوە، ده‌بێت يه‌كێك پێشوەختە ببێته شتێك، ئه‌ويش له‌پێناوى ئه‌وه‌ى بتوانێت هيچيى پەتی به‌ده‌ستبێنێت، كه‌متر له هيچيش له ئاستى جياجيادا ئه‌و لۆژيكه سه‌يره له جياوازترين پانتايیە ئۆنتۆلۆژييەكاندا دهستنيشاندهكات، ئيدى له فيزياى كوانتۆمهوه بيگره تا ده‌گاته ده‌روونشيكارى.
پەراوێزەکان:
[2] Stupidity
[3] . مه‌به‌ستى ژيژه‌ك ئه‌وه‌يه كه ڕێساكانى سياقهكهى له‌به‌رچاو نه‌گرتووه و وه‌ڵامێكى حهرفيى شاگردهكهى داوه‌ته‌وه، واته ده‌بوو وه‌ك موجامه‌له شتێكى له‌م جۆره بڵێت: سوپاست ده‌كه‌م باشم...له سياقى كۆمه‌ڵايه‌تيدا هه‌واڵپرسى جۆرێكه له عاده‌ت و ژێستى به‌تاڵ و په‌يوه‌ندييه‌كى ئه‌وتۆى به ڕواڵه‌تى وشه‌كان و دهربڕينهكانهوه نامێنێت. گه‌ر ئه‌مه ڕه‌چاو نه‌كه‌ين، ده‌چينه ناو ئه‌و پۆڵێنى گهمژهييهوه كه ژيژه‌ك له‌م نمونهيهدا خۆيشى تێخستووه. لە ئاستەكانی تریشدا مرۆڤ زۆرجار بەر ئەم تایپە خەڵكە دەكەوێت[وه‌رگێڕ].
[4] . moron
[5] . common sense
[6] big Other
[7] . Jacques Lacan, «Vers un signifiant nouveau:' Ornicar 17-18 (1979) , p. 23.
[8] . Non‐All: نە-هەموو, لاى لاكان هيچ كۆ و گشتێكى پڕ و پێرفێكت بوونى نيه و هه‌ميشه درزێك ئه‌م كۆيه تێكدهداتهوه. ده‌كرێت لە سیاقی جیاجیادا ئه‌و درزه به ڕياڵ يان نوقسانى يان ئۆبێكتى بچوكىa بزانين-و
[9] . self-designation
[10] لە ناو زمانی ئینگڵیزییدا زنجیرەیەك بەم ناوەوە هەیە و هەر دانەیەكی تەرخانە بۆ ناوێكی فەلسەفی و هتد -و
[11] . See Alain Badiou, Le filii et l'injini, Paris: Bayard 2010, p. 10.
[12] . antonyms
[13]. kind
[14] negation of negation
[15] Eppur si muove
[16]. "هەر دەسوڕێتەوە"ی فرۆید خۆی وتەیەکی شارکۆی مامۆستای وی بوو، کە فرۆید زۆرجار دووپاتیدەکردەوە: "تیۆر باشە، بەڵام ڕێگری ناکات [[ لەو فاکتانەی کە پڕاوپڕی نین]] لەوەی هەبن"، ڕوونە کە هەمان تەمومژ ئەم نوسخەیەش دەگرێتەوە، واتە، نابێت کورتبکرێتەوە بۆ ئەزموونگەراییەکی سادەوساکار.
[17] Something
[18] nothing
[19] mere nothing
سەرچاوە:
Less Than Nothing: Hegel and the Shadow of Dialectical Materialism, "Introduction: Eppur Si Muove": Slavoj Žižek, Verso, 2012.