«هێشتاش هەر دەسوڕێتەوە»
پێشەکیى کتێبى “کەمتر لە هیچ”
(٢)
سلاڤۆى ژیژەک
و. وەلید عومەر
ئه‌م لۆژيكه سه‌يره، لۆژيكى ئه‌و شته‌يه كه فرۆيد پێى‌دەڵێت پاڵنه‌ر(drive)، ئه‌وه‌ى كه به‌ته‌واوى له گريمانه‌كه‌ى "بوارى هيگز"[1]یشدا باسكراوه، واتە ئه‌وه‌ى كه له فيزياى ته‌نۆلكەیى هاوچەرخیشدا مشتومڕێكى به‌رفراوانى له‌سه‌ره. له ژينگه‌يه‌كدا كه ده‌توانن وزەى خۆيان بگوازنه‌وه و تێپه‌ڕن كه‌چى وێڵ كراون، دواجار وا هەموو سیستەمە فیزیاییەکان دۆخى کەمترین وزە لەخۆدەگرن؛ به ده‌ربڕينێكى تر، تا بارستاییەکی زیاتر لە سیستەمەکە وەربگرین ئەوا زیاتر وزەی لێ کەم دەکەینەوە تا دەگەین بە دۆخى بەتاڵی سفری وزە. به‌هه‌رحاڵ هه‌ندێك ديارده هه‌ن ناچارمانده‌كه‌ن گريمانه‌ى ئه‌وه بكه‌ين دەبێت شتێک (مادەیەک یان جەوهەرێک) هەبێت کە ناتوانین له سیستەمێکی پێدراوی دەرکێشین، بەبێ بەرزکردنەوەی وزەی سیستەمەکە. ئه‌م "شت"ـه پێى ده‌وترێت بوارى هيگز: هەرکە ئەم بوارە لەناو دەفرێکدا دەردەکەوێت، کە تا بەتاڵبوونەوە پەمپی لێدراوە و تا بتوانرێت پلەی گەرماکەی دابەزێنراوە، ئیدى وزەکەشی تا دێت کەمدەبێتەوە. بەم جۆرە، ئەو "شت"ەی دەردەکەوێت، شتێکە وزەکەی لە هیچ کەمترە. "شت"ێك كه تێكڕا له‌لايه‌ن وزه‌يه‌كى نێگه‌تيڤه‌وه خه‌سڵه‌تى وه‌رگرتووه-به‌كورتييه‌كه‌ى، ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌ستمان ده‌كه‌وێت نوسخه‌يه‌كى فيزيايه ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى چۆنچۆنى«شتێك له هيچه‌وه سه‌رده‌رده‌هێنێت».
به‌م جۆره، ده‌بێت "هەر دەسوڕێتەوە"دژ به هه‌ندێك نوسخه‌ى فه‌وتان/زاڵبوونى پاڵنه‌ر بخوێنينه‌وه: له تێگە بوداييه‌كه‌وه سه‌باره‌ت به "مەوداوەرگرتن لە ئاره‌زوو" تاده‌گاته ویستى "تێپەڕین-به‌ناو..."ـى هايدگه‌رى‌دا كه ناوكى سوبێكتيڤيته درووستده‌كات. ئه‌م كتێبه هه‌وڵده‌دات ئه‌وه دەرخات كه پاڵنه‌ره فرۆيدييه‌كه كورتنابێته‌وه بۆ ئيدانه‌كردنى ئاره‌زوو له بوديزمدا، يان ئيدانه‌كردنى ويست لاى هايدگه‌ر: ته‌نانه‌ت گه‌ر بشگه‌ينه كۆتاييه‌كانى ئه‌م زاڵبوونه یەکلاکەرەوە و قەیراناوییەى ويست-ئاره‌زوو- سوبێكتيڤيته، ئه‌وا ديسان شتێك هەیە و هه‌ر به‌رده‌وامه له سوڕانه‌وه. ئه‌وه‌ى له مردن ده‌مێنێته‌وه، ڕۆحێکى پیرۆزە و له‌ڕێگه‌ى "ئۆبێکتێکى پارچەکى[2]"ـى قێزەونەوە ڕاگیراوە و لەگەڵ پاڵنه‌رە لەناونەچووەکەدا هەڵدەکات و دەینوێنێتەوە. (هه‌روه‌ها) ده‌بێت پێنج قۆناغه‌كه‌ى "ئه‌ليزابێس كولبێر ڕۆز" ئاوهژووبكهينهوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ى چۆنچۆنى له مردن نزيكبينه‌وه، ئه‌ويش به مانا كيركه‌گاردييه‌كه‌ى "نه‌خۆشى تا ساتى مه‌رگ"[3]، وه‌ك پێنج قۆناغ لەبەرامبەر ڕاستييه بەرگەنەگیراوەکەى نه‌مرى[4]:
يه‌كه‌م، نكۆڵيى لێده‌كات؛ «نه‌مرى چيه؟ دواى مردنم، ده‌بمه مشتێك تۆز و خۆڵ!». «له تووڕه‌ييدا ده‌ته‌قێته‌وه: ئه‌مه چ ئاقيبه‌تێكى تۆقێنه‌ره منى تیام! هيچ ڕێيه‌ك نيه لێى ده‌رچيت!». «هه‌ر له‌سه‌ر سه‌ودا و مامه‌ڵه به‌رده‌وامه: باشه، به‌ڵام ئه‌وه من نيم كه نه‌مرم، تەنیا پارچە نا-مردووەکەم نەمرە، ده‌كرێت له‌گه‌ڵيدا بژيت...». «پاشان به‌خه‌مۆكييه‌وه خۆى تێ هه‌ڵده‌قورتێنێت: ده‌توانم چى له‌گه‌ڵ خۆمدا بكه‌م كاتێك بۆ هەتاهەتایە مه‌حكومم لێره‌دا بمێنمه‌وه؟». «سه‌ره‌نجام بارى [قورسى] نه‌مرى قبوڵده‌كات». [واتە نەمرییەکە, ئیمکان دەبەخشێت تا فەنا و مرۆکیى خۆی قبوڵکات و نەمرییەکە لە پاڵنەرى فرۆیدى دەچێت].
كه‌واته بۆچى سەرنج لە‌سه‌ر هيگڵ چڕدەکەینەوە؟ له مێژووى فه‌لسه‌فه‌دا(يان فه‌لسه‌فه‌ى ڕۆژئاوا، كه تاڕاده‌يه‌ك هه‌ر هه‌مان شته)، ئه‌م(هەر دەسوڕێتەوە)ـەیە له ئايدياڵيزمى ئه‌ڵمانيدا ده‌گاته يه‌كانگيرترين فۆرمولبەندیى خۆى، به‌تايبه‌ت له فيكرى هيگڵدا. جا به‌هه‌رحاڵ، ڕاستييه بەڵگەنەویستەکەى ئه‌م كتێبه ئه‌وه‌يه كه «يه‌ك به‌سه‌ر دوودا دابه‌شده‌بێت»، له‌ش و په‌يكه‌رى سه‌نتراڵى ئه‌م كتێبه دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر به‌شى هيگڵ و به‌شى لاكان‌دا، ئه‌ويش ديسان وه‌ك دووباره‌كردنه‌وه‌ى هيگڵ خۆى. به‌هه‌رحاڵ، كتێبه‌كه میتۆدێکى چوارهه‌نگاویى سيسته‌ماتيكيى هاوشێوه ده‌گرێته‌به‌ر. له‌گه‌ڵ هيگڵدا، به‌م پرسياره ڕوونه مێژووييه ده‌ستپێده‌كه‌ين: به چ مانايه‌ك ده‌توانين ئه‌مڕۆش هه‌ر هيگڵى بين، ئه‌ويش به لەبەرچاوگرتنى ئه‌و مه‌نزوومه مێژووييانه‌ى كه گۆڕ‌انى ته‌واوەتیيان به‌سه‌ردا هاتووه؟ دواتر وه‌سفى ميكانيزمه بنچينه‌ييه‌كان ياخود هاوكێشه‌ى پرۆسه‌ى دياله‌كتيكى دێت، به‌دواى ئه‌وه‌شدا ته‌فسيرى وردتر ده‌رباره‌ى تێزه بنه‌ڕه‌تييه‌كه‌ى هيگڵ سه‌باره‌ت به موتڵه‌ق(the Absolute)، ئه‌ويش هەر وه‌ك جه‌وهه‌ر[5] نا، به‌ڵكو وه‌ك سوبێكتيش. سەرەنجام پرسیارە قورس و نا-پاتاڵ و گرنگەکە سەبارەت بە بەرتەسکێتى و سنوردارییەکانى پرۆژە هیگڵییەکە دەورووژێنین. له‌گه‌ڵ لاكانيشدا، به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى كه تيۆره‌كه‌ى لاكان لێره‌دا وه‌ك [جۆرێك له] دووباره‌كردنه‌وه‌ى هيگڵ ته‌فسيركراوه. هه‌نگاوى يه‌كه‌م بريتييه له پيشاندانى گه‌ڕانه‌وه‌كانى لاكان بۆ هيگڵ(چ شاراوه بێت ئاشكرا)، پیشاندانى لاكان وه‌ك خوێنه‌رى هيگڵ. ئه‌وه‌ى دواتر دێت خستنەڕووى دوورینەوە(و داکوتان)ێکە وه‌ك ميكانيزمێكى سه‌ره‌تايى بۆ پرۆسه‌ى ده‌لاله‌ت. ميكانيزمێك كه يارمه‌تيمانده‌دات بۆ تێگه‌شتن له پێناسه‌كه‌ى لاكان ده‌رباره‌ى "دال" وه‌ك "ئه‌وه‌ى کە دال سوبێكت بۆ دالێكى تر ده‌نوێنێته‌وه". هه‌نگاوه لۆژيكييه‌كه‌ى دواتر، پشكنينى ئه‌و ئۆبێكته‌يه كه له‌لايه‌ن پرۆسه‌ى ده‌لاله‌ته‌وه به‌رهه‌مهاتووه. واته ئۆبێكتى aـى لاكانى له هه‌موو ئاست و ڕه‌هه‌نده‌كانى خۆي‌دا. دواجاریش، تێگە لاکانییەکەی جیاوازیی ڕەگەزی و لۆژیکەکەی سەبارەت بە (نە-هەموو) دەخرێنە ژێر خوێندنەوەیەکی چڕوپڕەوە کە دوایین بنبەست و بەرتەسکییەکانی تیۆرە لاکانییەکە ئاشکرادەکات.
وتراوه(به‌ر له‌وه‌ى جگه‌ره‌كێشان به‌دناو ببێت) دووه‌م و سێيه‌م چێژبه‌خشترين شتى دونيا بريتى‌بوون له خواردنەوە و دواى ئەوەش جگه‌ره. به‌م پێيه، كه‌متر له هيچ, جگه له شته هيگڵييه‌كه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ زنجيره‌يه‌ك پێشينان[6]يشدا ده‌كات(ئه‌فلاتون، مه‌سيحيه‌ت، فيخته)، هه‌روه‌ها زنجیرەیەک پاشينانيش (باديۆ، هايدگه‌ر، فيزياى كوانتۆم). [دايالۆگى] پارمه‌نيدسه‌كه‌ى ئه‌فلاتون شايسته‌ى خوێندنه‌وه‌يه‌كى چڕوپڕە وه‌ك يه‌كه‌مين مه‌شقى دياله‌كتيكێكى شياو، و ستایشکراو له‌لايه‌ن هيگڵ و لاكانه‌وه. مادام هيگڵ فه‌يله‌سوفى مه‌سيحيه‌ت بوو، ئیدى جێى سه‌رسوڕمان نيه كه ئسلوبێكى هيگڵى ده‌رباره‌ى مردنى مه‌سيح، پۆتانشێڵێكى ڕزگاريخوازى ڕاديكاڵمان پێشكه‌شبكات. فيكرى فيخته‌ش شياوى ئاوڕلێدانه‌وه‌يه: گه‌رچى هه‌ندێك جار واده‌رده‌كه‌وێت تەنیا هەنگاوێک لە هیگڵەوە دووربێت، كه‌چى دوو دونياى ته‌واو جياوازن. به‌پێى ئسلوبه‌كه‌ى فيخته په‌يوه‌نديى نێوان من(I) و ئه‌ويتر(Other)ـەکەى, به‌باشى ئه‌و شته تێده‌په‌ڕێنێت كه پێى‌ده‌وترێت "ئایدیالیزمى خودى یان سوبێکتیڤ": هه‌وڵه‌كه‌ى ئالان باديۆ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر دژه‌فه‌لسه‌فه‌بوون[7]ـه‌كه‌ى لاكان‌دا، ده‌مانخاته به‌رده‌م پرسيارێكى بنچينه‌يى ده‌رباره‌ى ئيمكانى ئۆ‌نتۆلۆژيا له‌مڕۆدا. خوێندنەوەى ورد و وریایانەى هایدگەر، پەردە لەسەر بيركه‌ره‌وەیەک هەڵدەماڵێت كه له هه‌ندێ ڕووه‌وه نزيكايه‌تييه‌كى سه‌يرى له‌گه‌ڵ كۆمۆنيزمدا هه‌يه. دەلالەت و پاشهات و دەرەنجامە فه‌لسه‌فييه‌كانی فيزياى كوانتۆمیش هێشتا [به‌ته‌واوى] نه‌ناسراون. چى ده‌بێت گه‌ر له‌وديوى ئه‌ڵته‌رناتيڤه درۆيينه‌كه‌ى پراگماتيزم و("[گرنگ ئه‌وه‌يه]كارده‌كات، ئيدى كێ پێى گرنگه چ مانايه‌كى فه‌لسه‌فیيانه‌ى هه‌يه") ته‌مومژگه‌رايى سه‌رده‌مى نوێوه، خوێندنه‌وه‌ى هيگڵ ده‌رگا بخاته سه‌ر پشت بۆ ته‌فسيرێكى نوێى ماترياڵيستى؟
...به‌ڵام چۆنچۆنى ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌يه بۆ هيگڵ بە بەرى ئەم ساته‌وه‌ختە مێژوويیەى ئه‌مڕۆمان دەکات؟ چوار پێگه و وێستگەى سه‌ره‌كيى فه‌لسه‌فى هەن، كه پێكڕا و پێكه‌وه، كايه فه‌لسه‌فييه ئايدۆلۆژييه‌كانى ئه‌مڕۆ پێكدێنن: يه‌كه‌ميان، هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئه‌و شته‌ى كه باديۆ پڕپێستی خۆی "ماترياڵيزمى ديموكراسى"یان بە بەردا دەبڕێت: 1) سرووشتگه‌رايى زانستى(زانسته‌كانى مێشك، داروينيزم...). هه‌روه‌ها 2) مێژووگه‌رايى گوتارخواز[9](فۆكۆ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌گه‌رايى...). پاشان هه‌ردوو دیوەکەى پەرچەکردارى ڕۆحگه‌رايى 3) سه‌رده‌مى نوێ New Age، "بوديزمى خۆرئاوايى" له‌گه‌ڵ 4) فيكرى كۆتاگه‌راى ترانسێدێنتاڵ(كه له هايدگه‌ردا ده‌گاته ترۆپکى خۆى). ئه‌م چوار جۆر پێگەیە، جۆرێكه له چوارگۆشه‌ى [يه‌كتربڕ]ـى Greimasian كه بە درێژایی دوو تەوەری فیکری نامێژوویی لە بەرامبەر فیکری مێژوویی، و مەتریاڵیزم لە هەمبەر ڕۆحگەراییدا ڕاکشاون.
تێزه‌كه‌ى ناو ئه‌م كتێبه، تێزێكى دووجایه:
- ڕه‌هه‌ندێكى ونبوو له هه‌ر چوارياندا هه‌يه، كه بريتييه له درز و كه‌لێنێكى پێشترانسێندێنتاڵ، دياره ناوه فرۆيدييه‌كه‌ى ده‌بێته "پاڵنه‌ر".
- ئه‌م ڕه‌هه‌نده، ناوكى سوبێكتيڤيته‌ى مۆدێرن دياریده‌كات.
گريمانه بنچينه‌ييه‌كه‌ى ئه‌م ماترياڵيزمه گوتارخوازه، بريتى‌بوو له تێڕوانينيان بۆ زمان وه‌ك مۆدێلێكى به‌رهه‌مهێنان و پیادەکردنی لۆژیکە مارکسییەکەی فیتیشیزمی کاڵایش بەسەریدا. بۆیە بە هەمان شێوە، بە لای مارکسەوە، فەزای ئاڵوگۆڕ پرۆسەی بەرهەمهێنانەکەی خۆی دەسڕێتەوە (دەشارێتەوە)، ئاڵوگۆڕى زمانييش ئه‌و پرۆسه ده‌قييه ده‌سڕێته‌وه كه مانا به‌رهه‌مدێنێت: له هه‌ڵه‌تێگه‌يشتنێکى خۆڕسكانه‌ى فيتيشيستيدا، ئێمه ماناى وشه‌يه‌ك يان كرده‌يه‌ك وه‌ك خه‌سڵه‌تى ڕاسته‌وخۆى پرۆسه‌يه‌ك يان شتێكى دياريكراو ئه‌زموونده‌كه‌ين؛ و چاوپۆشى له سیاقى ئاڵۆزي ئه‌و پراكتيكه گوتارییانە ده‌كه‌ين كه ئه‌م مانايه به‌رهه‌مدێنێت. ئه‌وه‌ى پێويسته لێره‌دا ته‌ركيزى بخه‌ينه سه‌ر بريتييه له ته‌مومژى بنه‌ڕه‌تيى ئه‌م تێگەیەى فيتيشيزمى زمانه‌وانى: ئه‌و ئايديايه‌ى كه، له ڕێگا كۆنه باشه مۆدێرنه‌كه‌دا هه‌يه، ده‌بێت جياكارى بخه‌ينه نێوان خاسيه‌تى "دەرەکى و ئۆبێكتيڤ"ـى شته‌كان و ئه‌و ده‌رهاوێژییانەشه‌وه كه ده‌يده‌ين به‌سه‌ر ماناى شته‌كاندا؛ ياخود له‌به‌رده‌م نوسخه‌يه‌كى ڕاديكاڵترى زمانه‌وانيداين سه‌باره‌ت به بیناى ترانسێدێنتاڵ، ئه‌ويش سه‌باره‌ت به "واقيعى ئۆبێكتيڤ"، به نیسبەت ئەویشەوە خودی ئایدیای "واقیعی ئۆبێکتیڤ"، سەبارەت بەوەی کە «شته‌كان له‌ویا هه‌ن، بەدەر له زه‌ينى ئێمه»، "وەهمێکی فیتیشیستی"یە و ئه‌وه‌مان لێ ده‌شارێته‌وه كه چۆن چالاكيیە ڕه‌مزيیەکەمان به‌شێوه‌يه‌كى ئۆنتۆلۆژييانه ئه‌و واقيعه درووستده‌كات كه بۆى "ده‌گه‌ڕێته‌وه" یان پێناسیدەکات؟ هيچكام له‌م دوو بژارده‌يه درووست نيه- ئه‌وه‌ى ده‌بێت فڕێبدرێت بريتييه له گريمانه بنچينه‌ييه هاوبه‌شه‌كه، لێكچوونى(كرچوکاڵ-ئه‌بستراكت-گه‌ردوونى)ـى نێوان "به‌رهه‌مهێنان"ـى گوتارخوازانه و به‌رهه‌مهێنانى ماترياڵى[10].
كافكا (وه‌ك هه‌ميشه) ڕاستى ده‌كرد كه ده‌ينوسى: «يه‌كێك له‌و ئامرازانەى بەدەست خراپەوەیە، دايالۆگه». بەم پێیەش، ئەم کتێبە دایالۆگ نییە، چونکە ئەو پێشگریمانە بنچینەیی و ژێرەوانکێیەی کە تێزە دووجا و دووقاتەکەی کتێبەکە دەپارێزێت، بێشەرمانە پێشگریمانەیەکی هیگڵییە: ئەوەی ئێمە وەک قەڵەمڕەوی "فەلسەفە" بۆی دەگەڕێینەوە و ئاماژەی پێدەکەین، دەتوانرێت واڕەچاوبکرێت، تا ئەو ڕادەیەی دەمانەوێت، بۆ نێو ڕابردوو یان داهاتوو درێژبۆتەوە، بەڵام چرکەساتێکی تایبەت و تاقانەی فەلسەفی هەیە وا تیایدا فەلسەفە "وەک خۆی" دەردەکەوێت، و وەک کلیلێک ئیشی خۆی دەکات- وەک تاکە کلیلێک- بۆ خوێندنەوەی تێکڕای نەریتی ڕابردوو و داهاتوو وەک فەلسەفە (هه‌ر به‌و جۆره‌ى ماركس بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كات گوايە بۆرژوازى خۆى يه‌كه‌مين چينه له مێژووى مرۆڤايه‌تيدا كه به‌و جۆره‌ى هه‌يه جێى گرتووه، وه‌ك چينێك، به‌جۆرێك كه ته‌نيا له‌گه‌ڵ هاتنى سه‌رمايه‌داريدايه سه‌رتاپاى مێژوو تا ئه‌مڕۆ ده‌بێته مايه‌ى خوێندنه‌وه، ئه‌ويش وه‌ك مێژووى ململانێى چينايه‌تى).
ئه‌م چركه‌ساته، چركه‌ساتى ئايدياليزمى ئه‌ڵمانييه كه خراوه‌ته نێوان دوو به‌رواره‌وه: 1787، ئه‌و ساڵه‌ى كتێبى ڕه‌خنه‌ى عه‌قڵى په‌تىى كانتى تيا ده‌ركه‌وت، هه‌روه‌ها ساڵى 1831 كه هيگڵى تيا مرد. ئه‌م چه‌ند ده‌يه‌يه، چڕبوونه‌وه‌ى نه‌فه‌سبڕ‌ى هێزى بيركردنه‌وه پيشانده‌دات: ئەو بەرەوپێشچوونە [نائاساییەی] فیکری مرۆیی لەم مەودا کورتە زەمەنییەدا بەخۆوەی بینیوە، زیاترە لە چەندین سەدە و بگرە چەندین هەزارەی پەرەسەندنی "ئاسایی" فیکری مرۆڤ. هەموو ئەو شتانەی پێش [ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی] ڕوویانداوە دەکرێت [و لەڕاستیدا] پێویستیشە، بە شێوازێکی ناوەختی بێشەرمانە، وەک زەمینەسازی و ئامادەکارییەک بۆ ئەم تەقینەوە [فیکرییە مەزنە] بخوێنرێتەوە، تێکڕای ئەوەشی لەدواتریدا ڕوویدا دەکرێت و دەشبێت دەقاودەق ئاوا بخوێنرێتەوە: پاشینە و بەرەنجامی تەفسیرەکان و ئاوەژووکردنەوەکان و (خراپ)خوێندنەوە ڕەخنەییەکانی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی.
له ڕه‌تكردنه‌وه‌کەیدا بۆ فه‌لسه‌فە، فرۆيد وه‌سفه ساتيرئاسا و ئايرۆنييه‌كه‌ى "هاينريش هاينه" دێنێته‌وه سه‌باره‌ت به فەیلەسووفى هیگڵى: «به كڵاوى خه‌و و جلى شڕى نوستنه‌كه‌يه‌وه، كون و كه‌له‌به‌ره‌كانى پەیکەرى دونيا پينه‌وپه‌ڕۆده‌كات»:(دياره كڵاوى خه‌و و جلى نوستن، ئاماژه‌يه‌كى ئایرۆنییە بۆ پۆرترێته به‌ناوبانگه‌كه‌ى هيگڵ). بەڵام ئاخۆ بەڕاستی فەلسەفە لە بنچينه‌ييترين [مانا]ی خۆیدا شیاوی کورتکردنەوەیە بۆ هەوڵێکی نائومێدانەی پڕکردنەوەی درز [و ناکۆکی] و نایەکانگیرییەکانی تێگە و تێگەیشتنمان لە واقیع، و بەم پێیەش فەراهەمکردنی جیهانبینییەکی هارمۆنی؟ داخۆ فه‌لسه‌فه فۆرمێكى گه‌شه‌كردووترى ئیدیتى دووه‌م[11]ـه له درووستبوونى خه‌ونێكدا، هه‌وڵێك بۆ هاوئاهەنگکردنى ڕه‌گه‌زه‌كانى خه‌ونێك به‌ره‌و حه‌كايه‌تێكى يه‌كانگير؟ ده‌توانين بڵێين لانيكه‌م له‌گه‌ڵ وەرچەرخانى ترانسێندێنتاڵى كانتدا، شته‌كه ڕێك به‌پێچه‌وانه‌وه ڕووده‌دات: ئاخۆ كانت به‌ته‌واوى درزێك ئاشكرا ناكات، ڕیزێک دژ و ئەنتینۆمیی چارەنەکراو دەردەکەون، ئەویش ئەو کاتەى کە دەمانەوێت وەک "کۆ"یەک لە واقیع تێبگەین؟ ئاخۆ ئه‌وه هيگڵ نيه، له‌برى زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م درزه‌دا، شته‌كه ڕاديكاڵيزه و ڕيشه‌ييتر ده‌كاته‌وه؟ سه‌رزه‌نشتى هيگڵ بۆ كانت ئه‌وه‌يه كه كانت له‌گه‌ڵ شته‌كاندا زۆر نه‌رم و ميهره‌بانه: كانت، دژ و ئه‌نتينۆمييه‌كان له چوارچێوه‌كانى عه‌قڵماندا جێده‌كاته‌وه، لەجیاتیی ئەوەی لەناو شتەکان خۆیاندا جێیان بکاتەوە، واتە، لەجیاتیی ئەوەی واقیع-لە-خۆیدا وەک شتێکی درزبردوو و ئەنتینۆمیک درکبکات. خۆ ڕاسته لاى هيگڵ هانده‌رێكى سيسته‌ماتيكى ده‌بينينه‌وه بۆ داپۆشينى هه‌موو شتێك، ئه‌ويش وه‌ك خستنەڕووى شرۆڤەیەک بۆ هه‌موو ديارده و فينۆمينه‌كان له گه‌ردووندا له بونیادە بنچينه‌ييه‌كه‌ى خۆیاندا؛ به‌ڵام ئه‌م هانده‌ره به‌و مانايه نايه‌ت كه هيگڵ هه‌وڵبدات له هه‌ناوى گشت و گڵۆباڵێكى ڕێكخراو و هه‌ماهه‌نگدا جێى هه‌موو ديارده‌كان بكاته‌وه؛ به‌پێچه‌وانه‌وه، شيكارييه دياله‌كتيكييه‌كه ئه‌وه‌مان پيشانده‌دات كه چۆنچۆنى هه‌ر ديارده‌يه‌ك، هه‌ر شتێك كه ڕووده‌دات، له گه‌شته‌كه‌ى خۆي‌دا شكستده‌خوات، قڵيشێك له هه‌ناوى خۆي‌دا هه‌ڵده‌گرێت، ناته‌بايى و ناهاوسه‌نگييه‌ك له چه‌قه‌كه‌يدايه. نيگاى زه‌قى هيگڵ بۆ واقيع له ئامێره‌كه‌ى ڕۆينتيگن ـى [فيزياناسى ئه‌ڵمانى] ده‌چێت کە لە هەموو شتێکی زیندوودا، شوێنپێ و ئاسەوارەکانی مەرگی داهاتووی [ئەو شتە] دەبینێت.
ئه‌مانه هه‌مووى له‌گه‌ڵ كانتدا ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ويش به‌هۆى ئايدياكه‌ى خۆيه‌وه سه‌باره‌ت به بیناى ترانسێندێنتاڵى واقيع(transcendental constitution of reality). به‌جۆرێکە، ده‌توانين بانگه‌شه‌ى ئه‌وه بكه‌ين كه ته‌نيا له‌گه‌ڵ ئه‌م ئايديايه‌ى كانتدايه فه‌لسه‌فه گه‌يشته سه‌ر خاك و زه‌مينه‌ى خۆى: به‌ر له كانت، فه‌لسه‌فه له‌وپه‌ڕى خۆي‌دا وه‌ك زانستى گشتيى "بوون" سهيردهكرا وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌يه، وه‌ك وه‌سفى ستراكتۆرى گه‌ردوونيى كۆى واقيع، كه جياوازييه‌كى چۆنايه‌تيى له‌گه‌ڵ زانسته به‌شه‌كييه‌كاندا نه‌بوو. ئه‌وه كانت بوو، جياوازيى نێوان واقيعى ئۆنتيك(ontic) و ئاسۆ ئۆنتۆلۆژييه‌كه‌ى قوتکردەوە، وه‌ك تۆڕێكى پێشينيى[13] ئه‌و كاتيگۆرييانه‌ى كه تێگه‌يشتنمان بۆ واقيع ده‌ستنيشانده‌كه‌ن، ئەوەى کە وەک واقیع خۆى بۆ ئێمه ده‌رده‌خات. لێره‌وه، فه‌لسه‌فه‌ى پێشوو قابيلى خوێندنه‌وه‌يه، ئه‌ويش نه‌ك وه‌ك گشتيترين مەعریفەى پۆزه‌تيڤ سه‌باره‌ت به واقيع، به‌ڵكو له ناوكه هێرمۆنۆتيكييه‌كه‌يدا، وه‌ك وەسفى زاڵ و مێژوويى "ئاشكراكردن و هه‌ڵماڵينى بوون" كه هايدگه‌ر واى پێ دەوت. (بۆنمونە، ئەوکاتەی ئەرستۆ لە کتێبی "فیزیک"ەکەی خۆیدا، هه‌وڵده‌دات پێناسه‌ى ژيان بكات و، زنجيره‌يه‌ك پێناسه پێشنيارده‌كات- بوونه‌وه‌ر[14]ى زيندوو ئه‌و شته‌يه كه له‌لايه‌ن خۆيه‌وه ده‌جووڵێت، هۆكارى جووڵانه‌كه‌ى هه‌ر له‌ناو خۆيدايه- له‌ڕاستيدا ئه‌و واقيعى بوونه‌وه‌ره زيندووه‌كان ناپشكنێت بەڵکو کۆمەڵێک تێگەی پێش-وجودی وەسفدەکات کە ئەو شتە دەستنیشاندەکەن وا ئێمە هەمیشە- پێشوەختە وەک "بوونی زیندوو" لێی تێدەگەین، ئەوکاتەی ئۆبێکتێک وەک شتێکی زیندوو" دەستنیشاندەکەین.
پەراوێزەکان:
[1] . Higgs Field: به‌پێى گريمانه‌ى فيزيايى بوار یان پانتایى هيگز، ئه‌و پانتاییە وزه‌يى و ئينێرژييه نه‌بينراوه‌يه كه له هه‌موو جێيه‌كى جيهان و گه‌ردووندا هه‌يه و کاردانەوەى بۆ چواردەورى خۆى هەیە. واتە تەنۆلکە کار لەگەڵ تەنۆلکەکانی بواری هیگزدا دەکات ، گەر ئەم بوارە نەبوایە کە سەراپای گەردوونی پۆشیوە هیچ شتێک بارستایی نەدەبوو. بەبێ بوونی ئەو " بۆزۆن هیگزە" ئەم دنیا مادییەی وەک ئەوەی تێی دەگەین ، بێ گەردیلە و کیمیا و ژیان دەبێت -و
[2] partial object
[3]. sickness unto death
[4] . immortality
[5] Substance
[6] Befores
[7] antiphilosophy
[8] obscurantism
[9]. discursive materialism
[10]. ئه‌م "ماترياڵيزمه گوتارخواز"ـه پشت به‌و شته ده‌به‌ستێت كه پێى ده‌ڵێن "وه‌رچه‌رخانى زمانه‌وانى" له فه‌لسه‌فه‌دا، كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه چۆنچۆنى زمان ميديۆم و گه‌يه‌نه‌رێكى بێلايه‌ن نيه بۆ خه‌سڵه‌تپێدان و ده‌ستنيشانكردن، به‌ڵكو پراكتيكێكى جێكراوه‌يه له جيهانێكدا: ئێمه چه‌ند شتێكى پێ ئه‌نجام ده‌ده‌ين، هه‌ندێك ئه‌كت و چالاكيى تايبه‌تيى پێ ڕاده‌په‌ڕێنين...ئايا كاتى ئه‌وه نه‌هاتووه پێچێك به ده‌ورى ئه‌م كڵێشه‌يه‌دا لێده‌ين: ئەوە کێیە لەمڕۆدا بانگەشەی ئەوە دەکات زمان میدیۆمێکی بێلایەنە بۆ خەسڵەتپێدان و دەستنیشانکردن؟ بۆیە ڕەنگە پێویست بێت جەخت لەوەش بکەینەوە کە چۆنچۆنی زمان چرکەساتێکی ڕووتی ژین جیهان (جیهانی دەوروبەرمان) نییە، تەنیا پراکتیکێک نییە لە هەناویدا: [بەڵکو ] موعجیزەی ڕاستەقینەی زمان ئەوەیە هەروەها دەکرێت وەک میدیۆمێکی بێلایەنیش بەکاربهێنرێت. به ده‌ربڕينێكى تر، ئه‌ركه ڕاسته‌قينه‌كه ئه‌وه نيه له پراكتيكى ناو ژین‌جيهاندا جێى زمان بكرێته‌وه وه‌ك ميديۆمێكى بێلايه‌ن، بەڵکو پیشاندانی ئەوەیە چۆنچۆنی لە هەناوی ئەم ژین جیهانەدا، کەچی هێشتاش دەکرێت میدیۆمێکی بێلایەنی خەسڵەتپێدان دەربکەوێت.
[11]. secundaire Bearbeitung
[12]. هه‌ڵبه‌ت، من، به‌ته‌واوى ئه‌و ئه‌نجامانه پشتڕاست ده‌كه‌مه‌وه كه لێكۆڵينه‌وه نوێيه‌كان پيشانيانداوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ى کە نەک تەنیا هەر هيچ پێشكه‌وتنێكى ساده‌ى ڕاسته‌هێڵئاسا له نه‌زمى بەدوایەکداهاتن و جێگرتنه‌وه‌ى ئه‌م چواره‌دا ڕووينه‌داوه- به‌ئاشكرا فيخته و هيگڵ له ڕه‌خنه‌كه‌ى خۆيان‌دا "به‌هه‌ڵه لە کانت تێگه‌يشتن"، شيڵينگ به‌هه‌ڵه له فيخته تێگه‌يشت، هيگڵ به‌ته‌واوى كوێرايى داهاتبوو ده‌رهه‌ق به، مشتومڕئامێزانە، گه‌وره‌ترين ده‌سكه‌وتى شيڵينگ، [واتە] نامەکەی لەبارەی ئازادیی مرۆیی- بەڵکو، هەروەها تەنانەت، زۆربەیجار، ناشتوانین ڕاسته‌وخۆ لە ناوێکەوە باربدەینە سەر ناوێکی تر: ديتێر هاينريش ئه‌وه‌ى ده‌رخست كه چۆنچۆنى، له‌پێناوى تێگه‌يشتن له لۆژيكى ناوه‌كيى په‌ڕينه‌وه له كانته‌وه بۆ فيخته، ده‌بێت حيساب بۆ شوێنكه‌وتووه ڕه‌خنه‌ييه سه‌ره‌تاييه‌كانى كانت بكرێت: ڕاينهۆڵد، ژاكۆبى، شوڵێز. ە دەربڕینێکی تر، چۆن تەنیا وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەم ڕەخنەگرە سەرەتاییانەی کانت دەکرێت بە درووستی لە سیستەمە بەراییەکەی فیختە تێبگەین.
[13] . a priori
[14] . being
سەرچاوە:
Less Than Nothing: Hegel and the Shadow of Dialectical Materialism, "Introduction: Eppur Si Muove": Slavoj Žižek, Verso, 2012