A+    A-
(1,246) جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگى نێگەتیڤ:
 

 

ئا: شکار وەفا

 

 


ئەگنۆستیسیزم Agnosticism

 

ڕووانین و دیدگایەکە بۆ "بوونی خودا" یان "بوونی سەرووسرووشتی" یان ئەو شتانەی لە تێگەیشتنی مرۆڤ بەدەرن، یان ڕووانینێکە کە دەڵێت خودا نییە و نەناسراوە، یان ناسینی بە تەواوی لەودیوی سنووری زانینی ئێمەوەیە.
پێناسەیەکی تر هەیە دەڵێت " ئەقڵی مرۆڤ ئەو توانایەی نییە ساغی بکاتەوە کە ئایا خودا هەیە و پێویستە بڕوای پێبکات یان نییە."
یەکێک لە سیما دیارەکانی کە پێویستە بۆی بگەڕێینەوە بیرمەندی سکۆتلەندی (دەیڤد هیوم)ە، ئەو بۆچوونێکی هەبوو کە پێیوایە حەز و ئارەزوو (نەک ئەقڵ) فەرمانڕەوا و جوڵێنەری هەموو سرووشتی مرۆڤە، ئەوە "گومانگەرایی هیوم" بوو کە دواتر بووە بناغەی فەلسەفی ئەگنۆستیسیزم.
(هیوم) پێیوایە، پەیوەست بە زانین دەربارەی خودا، هەر ڕوونکردنەوە و لێدوانێک گەر بە تەواوی بیرکاریانە نەبێت و لەگەڵ ئەقڵ نەگونجێت ئەوا بێ مانایە.
هەروەها هەر لێدوانێک کە ئەزموونی تێدا نەبێت و بنەماکەی ئەزموون نەبێت بێ مانایە، بۆیە دەڵێت پەیوەست بەم دوو بنەمایە هەر زانینێک دەربارەی خودا شتێکی ئەستەمە.
بایۆلۆژیستی ئینگلیزی (تۆماس هێنری هێکسڵی) لە ساڵی 1869 دەربارەی کەسی ئەگنۆستیک دەڵێت "بە سادەیی واتە کەسێک لە خۆیەوە نەڵێت دەزانێت یان بڕوای وایە لەکاتێکدا ئەو کەسە هێندە زانستی نییە کە بزانێت یان بڕوا بهێنێت."
وشەی Agnostic وشەیەکی یۆنانییە، (-a) بەواتای "بەبێ-without" دێت Gnosis بەواتای "زانین" دێت، واتە "بەبێ زانین"، ئەم وشەیەکە بۆ یەکەم جار لەلایەن (تۆماس هێنری هێکسڵی)ەوە لە ساڵی 1869 لە (کۆمەڵگەی میتافیزیکی) وەک شیکردنەوەی فەلسەفەکەی بەکاریهێنا، کاتێک هەموو بیروبۆچوونە ڕۆحانی و ئاینییەکانی ڕەتکردەوە.
سێ جۆر ئەگنۆستێک هەن...
1- ئەگنۆستی توند: ئەو کەسەیە کە بڕوای وایە پرسیار دەربارەی هەبوون یان نەبوونی خودا و سرووشتی واقیع شتێکی ژیرانە نییە، بەهۆکاری ئەوەیە ئەقڵی ئێمە ئەو توانایەی نییە ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە، بۆیە ئەم کەسە دەڵێت "من ناتوانم بزانم ئایا خودا هەیە یان نا، بەڵام تۆش ناتوانیت بزانیت."
2- ئەگنۆستیکی لاواز: ڕوانینێکە پێی وایە هەبوون یان نەبوونی خودا لە ئێستادا نەزانراوە و نازانێت، بەڵام گرنگە بزانرێت و دەرکەوێت کە بوونی هەیە یان نا، بەڵام ئەم بڕیار و بۆچوونەی کۆتایی نییە و چاوەڕێی بەڵگەیە، ئەو کەسەی کە ئەگنۆستیکێکی لاوازە دەڵێت "نازانم ئایا خودا بوونی هەیە یان نا، گەر بەڵگەیەک هەبێت،دەتوانین شتێکی تر بڵێین و بۆچوونمان بگۆڕێت."
ئەگنۆستیکی خەمسارد: ئەم کەسە بۆچوونی وایە کە بوونی و نەبوونی خودا هیچ گرنگییەکی نییە، گەر بوونیشی هەبێت دەستی لە مرۆڤ شۆردووە و هیچ ڕۆڵێکی لە چارەنووسی مرۆڤدا نییە، بۆیە ئەم کەسە دەڵێت "نازانم خودا هەیە یا نا، بەلاشمەوە گرنگ نییە کە بوونی هەیە یان نا."
یەکێکی تر لە ڕووخسارە گرنگەکانی (ئیمانوێل کانت)ە کە دەڵێت: ئێمە دەتوانین فینۆمینا (دەرکەوتەی شتەکان) بزانین، بەڵام ناتوانین نومینا (واقیعی شتەکان بزانین). (کانت) کەسێکی ڕەشناڵست (ئەقڵگەرا) بوو، بەڵام وەرگەڕا و بووە (ئەزموونگەرا)، (کانت) وەک (لایبنێتز)ی ئەقڵگەرا بڕوای وابوو زانین لەڕووی ستراکچەرەوە (a priori-ئەپریۆری)ە، زانینی ئەپریۆری واتە ئەو زانینەی کە تەنها پشتی بە ئەقڵ بەستووە و تەواو ئەقڵانییە و بەرهەمی ئەزموون نییە.
بەڵام وەک (هیوم)ی گومانگەرا و ئەزموونگەرا بڕوای وابوو زانین لەڕووی ناوەڕۆکەوە (posteriori-پۆستیریۆری)، واتە ئەو زانینەی کە پاش ئەزموون پێیدەگەین. کەواتە کەسێک ئەگنۆستیکە چونکە دەتوانێت بزانێت چی شتێک بۆ ئەو واتای هەیە، بەڵام نەک ئەوەی بۆی دەربکەوێت کە بەڕاستی شتەکە چییە.
بۆیە بەپێی فەلسەفەکەی (کانت) ئێمە دەزانین (فینۆمینا - ئەوەی دەیبینن) چییە و لەسنووری ئەزموونی ئێمەدایە، بەڵام هیچ ڕێگایەکمان نییە کە زیاتر بڕۆین و بگەین بە (نۆمینا) یان واقیع و ڕاستێتی شتەکان وەک خۆیان و سنووری زانیمان زۆر دیاریکراوە و درک بە جیاوازی نێوان شتەکان ناکەین، درک بە کلتور و کات و ڕاستێتی خۆمان ناکەین.

 

 

 

 

ئینسایکلۆپیدیستەکان encyclopaedist

 

ئینسایکلۆپیدیستەکان بریتیبوون لە کۆمەڵێک نووسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی کە لەنێوان ساڵانی 1751 تا 1780 هەستان بە نووسین و ئامادەکردنی ئینسایکلۆپیدیایەک. نووسەرانی سەرەکی ئینسایکلۆپیدیاکەش بریتیبوون لە (دێنیس دیدەڕۆ) و (ژان دالامبێر). کارەکە لە 28 بەش پێکهاتبوو، کە 71,818 مەقالات و بابەت و 3,129 وێنە و نیگاری لەخۆدەگرت، ئینسایکلۆپیدیاکە کار و جوهدی زیاتر لە 150 نووسەر بوو، بەشێکی زۆری نووسەرەکانی ئینسایکلۆپیدیاکە فەیلەسووف و ڕووخسارە دیارەکانی سەردەم و سەدەی ڕۆشنگەری بوون.
ئەمانە هەوڵیاندەدا زانست و فکری سێکیۆلاری پێشبخەن، هەروەها پشتگیری ئەقڵانییەت و بیرکراوەیی بوون، ئینسایکلۆپیدیستەکان وێنەیەکی ڕوونی ئەو سەردەمەیان نیشاندەدات کە یەکێکە لە گرنگترین سەدە و سەردەمی مێژووی مرۆڤایەتی.
زیاتر لە سەد کەس لە نووسەرانی ئەو ئینسایکلۆپیدیایە ئاشکران و دەزانرێت کێن، نووسەرەکانی ئەو ئینسایکلۆپیدیایە گرووپێکی ڕێکخراو نەبوون، یان کەسانێک نەبوون پێکەوە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوبن، بەڵکو خاوەن بیروبۆچوونی هەمەجۆربوون. لەنێو ئینسیکلۆپیدیاکە هەندێک لە نووسەرەکان بەپێی سیستەمی ئەلفوبێ ئاماژە بە ناوەکانیان کراوە، هەندێکیان بەپێی ژمارەی ئەو مەقالە بابەتانەی کە نووسیوویانە ئاماژەیان پێکراوە، واتە لە زۆرەوە بۆ کەم، هەندێکیان لەبری ناو واژۆیان بەکارهێناوە و هەر لەو ڕێگایەشەوە ناسراونەتەوە و زانراوە کێن، بەڵام هەندێک لە نووسەرەکان نە ئاماژەیان بە ناویان کردووە و نە واژۆشیان کردووە بۆیە بە نەناسراوی ماونەتەوە.
(دیدەڕۆ) دەڵێت، "لەنێوان ئەو پیاوە گەورانەدا، کۆمەڵێک کەسی لاواز و تەواو خراپ و نەزانیش هەبوون، لەنێو دەستنووسەکاندا، دەستنووسی وامان دۆزییەوە کە منداڵی قوتابخانە شتی وا دەنووسێت، بەڵێ لەنێو ئەو شاکارانەدا شتی لەو شێوەیەش هەبوون."
لە سەرەتادا پلانەکە بەو شێوەیەبوو ئینسایکلۆپیدیا بەناوبانەگەکەی (ئیفریام چامبەرس) وەربگێڕدرێت، یەکەم وەرگێڕ و ئامادەکاریش (ئابی گوا دێ ماڵڤێس) بوو. بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوە پڕۆژەکە تەواو نەکرا و جێهێڵدرا، دواتر (ئاندرێ لێ برێتن) کە بڵاوکاری پڕۆژەکە بوو قایل بوو بەوەی (دێنس دیدەڕۆ) و (ژان لێ ڕۆن دالامبێر) تەواوی پڕۆژەکە بگرنەدەست و خۆیان سەروکاری بکەن، بە یارمەتی بیرمەندانی وەک (مۆنتیسکۆ)، (بارون هۆڵباخ)، (ڕۆسۆ)، (ڤۆڵتێر)، (کێنێ) و چەندان بیرمەند و نووسەری تر بەردەوامی بە پڕۆژەکە درا و تا کۆتایی و خاڵێک بردرا.
(دیدەڕۆ) و (دالامبێر) پێکەوە لە ساڵی 1751 بەشی یەکەمیان ئامادەکرد، لەگەڵ (گوتارە سەرەتاییەکان) کە یەکێکە لە ئینسایکلۆپیدیا بەناوبانگەکان و (دالامبێر) بە هاوکاری (دیدەڕۆ) ئەم شاکارەی نووسیووە. کتێبەکە کۆلێکشنێکی دەوڵەمەند بوو لە مەقالات و بابەتی هونەری و زانستی سەدەی هەژدە و سەردەمی ڕۆشنگەری فەڕەنسی، هەروەها (دالامبێر) تێیدا سترەکچەری ئینسایکلۆپیدیاکە و فەلسەفەکەیانی بە ڕوونی شیکردبوویەوە، مەعریفەیەکی زۆر قووڵیشی دەدا بە خوێنەرەکان و زۆر بەباشی شارەزای دەکردن.
حەڤدە بەشی سەرەتای ئینسایکلۆپیدیاکە تا ساڵی 1772 کۆتایی پێ هێنرا. بەهۆی ئەوەی کارەکەیان تەواو ئەقڵانی بوو و بانگەشەی سێکیولاریزمی تێدابوو، هەروەها داوای پشتگیری لە هەڵگەڕانەوە لە ئاین دەکرد و تێیدا هێرشی توند کرابوویەوە سەر ئاین، حکومەت بە فەرمی لە ساڵی 1759 بە فەرمی ئیشکردن و بەردەوام بوون لە پڕۆژەکەی قەدەغەکرد و (دالامبێر)یش وەک سەرنووسەر دەستیلەکارکێشایەوە. بەڵام بەردەوامی بە پڕۆژەکە درا، (دیدەڕۆ) ئامادەنەبوو کۆڵ بدات و لەلایەن (مالێرب) کە پیاوی دەوڵەت بوو و زەنگین و خانەدان بوو بە تایبەتی هاوکاری دارایی دەکرا تاوەکو بەردەوامی بە پڕۆژەکە بدات، (دیدەڕۆ) بە دزییەوە ئامێرێکی چاپکردنی بردەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و بەنهێنی بەردەوامی بە پڕۆژەکە دەدا، دەیویست تا ساڵی 1772 پڕۆژەکە بگەیەنێتە کۆتایی، لە کۆتایشدا توانی 28 بەش ئامادەبکات. سەرەڕای ئەو سانسۆر و چاودێرییە توندەی ئەوکات بەڵام ئینسایکلۆپیدیاکە بەرگریکارێکی گرنگ و پارێزەری گرنگی فەلسەفەی گومانگەرایی و ئەقڵانییەتی سەردەمی ڕۆشنگەری بوو. لە ساڵی 1780 پێنج بەشی تر سەربارخرا و دواتریش دوو بەشی تر کە پێرست بوون زیاد کران، ئەو بەشانە لەلایەن نووسەران و بیرمەندانی ترەوە ئامادەکرابوون.
سەرکەوتنی ئینسایکلۆپیدیاکە دەستبەجێ بوو و کاریگەرییەکەشی زۆر فراوان و مەزن بوون. بەهۆی ئەوەی بە توندی بەرگری لە زانست دەکرد و هێرشێک بوو بۆ سەر یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی ئاینی و دەستدرێژییەکانی، ئینسایکلۆپیدیاکە بووە فاکتەرێکی سەرەکی و گرنگی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری و دەستپێکێک بۆ شۆڕشی فەڕەنسی.

ئەمانەی خوارەوە ئامادەکەران و نووسەرانی سەرەکی ئینسایکلۆپیدیاکە بوون:

(ژان لێ ڕۆن دالامبێر) - سەرنووسەر؛ نووسەری بەشێکی زۆر لە مەقالاتە زانستییەکان (بەتایبەت بیرکاری)، بابەتە فەلسەفییەکان، ئاین (کە بە توندی لەسەر ئاینی دەنووسی و هەر ئەو نووسراوانە بوونە هۆی ئەوەی لە سەرەتاوە حکومەت بەردەوامی پڕۆژەکە قەدەغە بکات و ئەویش پڕۆژەکە بەجێبهێڵێت)

(دێنیس دیدەڕۆ): سەرۆکی نووسەرەکان‌ و ئامادەکاری سەرەکی؛ نووسەر و ئامادەکاری بابەتە ئابوورییەکان، میکانیک، فەلسەفە، سیاسەت، ئابووری، ئاین و چەندانی تر.

(باروون هۆڵباخ): نووسەر و ئامادەکاری بابەتە زانستییەکان (بەتایبەت کیمیا و کانزاناسی)، فەلسەفە، سیاسەت، ئاین و چەندانی تر

(ژان ژاک ڕۆسۆ): نووسەر و ئامادەکاری بابەتەکانی پەیوەست بە میوزیک و تیۆرییە سیاسییەکان

(ڤۆڵتێر): نووسەر و ئامادەکاری کومەڵێک مەقالات دەربارەی مێژوو و فەلسەفە و ئەدەب

(مۆنتیسکۆ): بەشێک لە بابەتەکانی نێو کتێبی 
Essay on Taste

(ژان چاپێڵ): ماتماتیک

(چاڤێلیێر ژاکوا): ئابووری، پزیشکی، سیاسەت، ئەدەب

(ئاندرێ مۆرێڵ): تیۆلۆجی، فەلسەفە

وەک ئاماژەمان پێدا بەهۆی توندی هەندێک لە بابەتەکانەوە بەشێک لە نووسەرەکان خرانە زیندانەوە.

 

 


کەمینە Minority

"کەمینە" دەستەواژەیەکە بۆ ئەو کۆمەڵە خەڵکە بەکاردەهێنرێت کە لەڕووی ڕەگەز، ئاین، نەتەوە یان هەر تایبەتمەندێتییەکی ترەوە بێت کەمترن لە کۆمەڵە سەرەکییەکە، کە زۆرینەن. لەمڕۆدا لە زانستی کۆمەڵناسیدا دەستەواژەی کەمینە بەرامبەر ئەو خەڵکانە بەکاردەهێنرێت کە بەراورد بە زۆرینەی زاڵ، زیانەومەندترن. ئەم دەستەواژەیە زیاتر لەو گوتارانەدا بەکاردەهێنرێت کە پەیوەستە بە مافە مەدەنییەکانەوە، مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکانیشدا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت. کۆمەڵناسی ئەمریکی (ڵویس ویرس) پێناسەی کەمینە دەکات و دەڵێت " گروپێکن لە خەڵک کە بەهۆی تایبەتمەندێتی فیزیکی و کلتورییەوە لە تاکەکانی تری ئەو کۆمەڵگەیە دادەبڕێنرێن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا جیاواز و نایەکسانە و، جیادەکرێنەوە لەوانی تر." 
تیۆریست و کۆمەڵناسی ئەمریکی (جۆی ڕیچارد فیجن) دێت بە پێنج خاڵ تایبەتمەندییەکانی کەمینەمان بۆ دیاردەخات: 
1- دەناڵێنن بەدەست جیاکاری و بە زۆر ملکەچکردنەوە.
2- لەڕووی فیزیکی و کلتوریەوە جیادەکرێنەوە و لەلایەن زۆرینەوە دانیان پێدانانرێت.
3- هەموویان پێکەوە هاوبەشن لەوەی دەیچێژن.
4- کۆمەڵ بڕیار دەدات کێ کەمینەیە و هەر کۆمەڵیش یاسایان بۆ دادەڕێژێت و دەیسەپێنێت بەسەریاندا.
5- هاوسەرگیری نەکردن لەگەڵیاندا.

 

 

 

ئیرۆتیزم Eroticism

ئیرۆتیزم دۆخێکە هۆکارەکەی خرۆشان و وروژانی سێکسییە، لە ڕووە فەلسەفییەکەیەوە پەیوەندیدار و پەیوەستە بە ستاتیکای ئارەزووی سێکسی و ئەوینەوە. دەکرێت ئیرۆتیزم لەنێو هەموو فۆڕمەکانی هونەردا بدۆزرێتەوە. هەروەها دەکرێت ئەم دەستەواژەیە نەک تەنها ئاماژەیەک بێت بۆ وروژان و خرۆشانی سێکسی بەڵکو دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ هەر حەز و هێمایەکی تری سێکسی.
وشەکە لە (ئیرۆس Eros)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە بە واتای "ئارەزوو" دێت. لە سەرەتادا، بەهۆی سرووشتەکەیەوە هەوڵدراوە ئیرۆتیزم وەک فۆڕمێکی جیاوازی ئەڤین یان هەست و ئارەزووی سێکسی مرۆڤ "لیبدۆ" بناسێندرێت، بۆ نموونە لە ئینسایکلۆپیدیای ساڵی 1755دا ئیرۆتیزم بەم شێوەیە پێناسەکراوە، "ناوێکە بۆ هەر شتێک کە پەیوەندیدار بێت بە ئەڤینی سێکسییەوە." بەهۆی ئەوەی کە ئیرۆتیزم سەراپا سەربەخۆیە و لە سەروو کلتوری بینەرەوەیە، بۆیە زۆرجار ڕەخنەگران ئیرۆتیزم و پۆڕنۆگرافیان لێ تێکەڵ دەبێت. (ئەندریا دوۆرکن) کە چالاکڤانێکی دژەپۆڕنە دەڵێت: ئیرۆتیکا بریتییە لە پۆڕنۆگرافییەکی جوان و بەرز و شەنگ، بە بەرهەمهێنانێکی باشترەوە، بە ئایدیای باشترەوە، تەواوتر و چالاکترە، دیزاینکراوە بۆ بەکارهێنەرێک کە پۆڕنۆگرافی تێپەڕاندووە.