A+    A-
(1,312) جار خوێندراوەتەوە

دەروونشیکاری و پراکسیسی ڕزگاری

 

 

 

 

 

ڕۆبەرت بەشارە

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

لەم نوسینەدا، باس لە بایەخی دەروونشیکاریی فرۆید_لاکانی دەکەم لە پراکسیسی ڕزگارییدا، لەڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ لەگەڵ کۆمەڵە چەمکێک: زمان، نەست، نیگا[1]، تاقانەیی[2]. پێش هەموو شتێک، نیازمە پێناسەی پراکسیسی ڕزگاری بکەم. پراکسیس، شادالە لای مارکس و پاولۆ فرێری، مانای پێکەوەگرێدانی تیۆر و پراکتیک، یان تێڕوانین و ئەکتە. بەم مانایە، دەروونشیکاری وەک زانستی نەست، بریتییە لە پراکسیس: تیۆری بونیادە دەروونییەکان (عوساب، لادان، دەروونپەشێوی)، وەک کارکردی فۆرمە جیاوازەکانی نەفی (چەپاندن، نکۆڵی، وەدەرنان) کە لە کلینیکدا پراکتیزەدەکرێت. پراکسیسی دەروونشیکاری دووانەیی (لەنێوان شیکارکەر و شیکاریبۆکراو) و دیالەکتیکییە بەگوێرەی نەریتی سوکرات و هیگڵ و مارکس و فرێری. دیالەکتیکی نێوان شیکارکەر و شیکاری بۆکراو زایەڵە و دەنگدانەوەی دیالەکتیکی نێوان سوبێکت و ئەویتر[ـى گەورەیە] (هەر نوێنەرەوەیەکی نەزمی ڕەمزی بۆ سوبێکت). ئەویتری ڕەمزی جیاوازە لە هەر ئەویترێکی خەیاڵی (بۆ نموونە، ئیگۆکانی دی)، چونکە ئەبستراکتترە بەهۆی کارکردە نواندنییەکەیەوە کە هەموو بوونە کردەکى و ئەکتواڵەکان تێدەپەڕێنێت. نەزمی ڕەمزی ئەو زمان و یاسایانەیە تێیدا لەدایکدەبین و دواتر ژێردەستەمان دەکات. پراکسیسی دەروونشیکاری ڕادیکاڵە، چونکە دیالەکتیکەکەی بەتەنها دیالۆگ نییە، بەڵکو دەروون_کۆمەڵایەتییە[3]، واتە بایەخ بە پەیوەندییە فەنتازییەکانی نێوان سوبێکت و ئەویتر دەدات. بەهەمانشێوە، ڕزگاری (پێچەوانەی ئازادی) پراکسیسی دەستەجەمعییە لەلایەن چەوساوەکانەوە بۆ بەمرۆڤکردنەوەی هەموان، چونکە چەوسانەوە هەموانی لە مرۆڤبوون داماڵیوە.

بە تێپەڕبوونی کات، مانای دیالەکتیک گۆڕانی بەسەردا هاتووە: لای سوکرات بریتییە لە دیالۆگی نێوان دوو تاک، لای هیگڵ ئەنتاگۆنیزمی هەمەگیری نێوان دوو ئایدیایە (تێز و ئەنتی تێز)، لای مارکس دەبێتە ململانێیەکی مێژوویی لەنێوان دوو چین (بۆرژوازی و پرۆلیتاریا)، لای فرێری وابەستەبوونێکی دوولایەنەیە لەنێوان چەوسێنەر و چەوساوەدا. بێگومان، شیکارکەر و شیکاری بۆکراو دوو تاکن، بەڵام دەشێت ببنە نوێنەرەوەی دوو ئایدیای (ئۆبێکتی a  و سوبێکتی کەرتبوو[4]) سەر بە دوو چینی کۆمەڵایەتیی جیاواز، هەروەها ببنە نوێنەرەوەی ئەو دینامیکە چەوسێنەرانەی لە سیاقە کۆمەڵایەتییە فراوانەکاندا بوونیان هەیە.

ئۆبێکتی a ، بریتییە لە ئۆبێکت_هۆکاری ئارەزوو(واتە ئەو هۆکار و بیانووەى کە بابەتى ئارەزوومان لا دەکاتە شتێکى بەرگەگیراو)، ئۆبێکتی فەنتازی و مەحاڵە، وەها بیردەکەینەوە کە لەدەستمانداوە، هەرچەند هیچ وەختێک خاوەنی نەبووین؛ وا دەزانین لەڕێگەی بەدەستهێنانییەوە دەگەینە پڕێتی، بەڵام پارادۆکسەکە ئەوەیە، بەدەستنەهێنانی ئۆبێکتی a سەرچاوەی ژویسانس[5]ـە (مازۆخی) بۆ سوبێکت. لێرەوە، سوبێکتی کەرتبوو، کە زمان کەرتیکردووە لەبەرئەوەی دەبێت بە نێوەندگیری ئەویتر ئارەزوو بکات، سوبێکتێکی نوقسانە.

لە کرۆکی پراکسیسی دەروونشیکارییدا ئەنتاگۆنیزمێکی ڕیاڵ (دیالەکتیکی) لەنێوان تاک و کۆمەڵدا بوونی هەیە: ئێمە ئەوەین کە هەین وەک کارکردی پێگەمان لەناو کۆمەڵدا؛ لەگەڵ ئەوەشدا، بوونی ئێمە فۆرمێکی سەمپتۆمیانەی بوونە (یان تاقانەیی)، هەر ئەمەش سەرچاوەی دڵەڕاوکێمانە لەناو کەلتووردا (بۆ نموونە، ئێمە تەنها دەتوانین بە نێوەندگیری ئەویتر ئارەزوو بکەین، بەڵام دەشێت ئەویتر ڕەگەزپەرست بێت). بەکورتی، دەخوازین لە هەموو ئەو تاک و ئایدیا و گرووپانە ڕزگاربین کە سەرچاوەی پێوەندیی نەخۆشانە و پاتۆلۆژیای ئێمەن. بەڵام ئەم خواستە لە ناواخندا دەروون_کۆمەڵایەتییە؛ بۆیە، لانیکەم پراکسیسی ڕزگاری بریتییە لە ڕزگاربوونی بەکۆمەڵی هەموو بوونەوەرە قسەکەرەکان؛ بەڵام من فراوانتری دەکەم، بەشوێن پێی ئایدیاڵی بۆدیساتڤا[6]دا، باس لە ڕزگارکردنی هەموو بوونەوەران دەکەم.

حەقیقەتی نێو_بوون[7]مان بەرچاوڕوونی زیاترمان پێدەبەخشێت، وەختێک لە چوارچێوەی داڕمانە ژینگەییە هەنووکەییەکەدا بیردەکەینەوە و کاردەکەین، ئەم داڕمانەش کارکردی ململانێیەکی مۆدێرن/کۆڵۆنیاڵییە: مرۆڤ بەرامبەر سرووشت. ململانێی مرۆڤ بەرامبەر سرووشت دیالەکتیکی نییە، بەڵکو دووانەییە لە ڕیتۆریکدا لەسەر شێوەی وەک/یان دەردەکەوێت، هەروەک بەگوێرەی لۆژیکی خود_لەسەر_ئەویتر بونیادنراوە. بەپێچەوانەوە، نزیکبوونەوەی دیالەکتیکی، وەک ماتریاڵیزمی ترانسێندێنتاڵ[8]، سوبێکتی مرۆیی دەخاتەناو ماتریاڵیتەی ژینگەوە، بەبێ بچوککردنەوەی بۆ فۆرمێک لە ماهییەتی بایۆلۆژی، لێرەدا هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان بوونی قسەکەر و گیاندارە نامرۆییەکاندا. بەهەمانشێوە، ناکرێت سوبێکتی مرۆیی بچوک بکرێتەوە بۆ فۆرمێک لە ماهییەتی کەلتووری، هەمان ئەو شتەی مەیلێکی نەرجسییانەی ناسیۆنالیزمە. سوبێکتی مرۆیی کەلێنێکی ڕیاڵ ـە لەنێوان بایۆلۆژیا و کەلتووردا؛ مرۆڤ بریتییە لە چێژوەرگرتنێکی تراومایی، ئەمەش بەرهەمی ئارەزووکردنە لەبەرامبەر پێویستییە بایۆلۆژییەکان و داواکارییە کەلتوورییەکاندا. ڕەگەزپەرستە بایۆلۆژی و کەلتوورییەکان ئەویتر بچوکدەکەنەوە بۆ ماهییەتێک، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دوورینەوەی ئەو کەلێنە ڕیاڵ ـەی تایبەتمەندی هەموو بوونەوەرێکی قسەکەرە. بوونمان لەنێو[9] ژینگە ئاماژە نییە بۆ شوناسێکی ئۆنتۆلۆژی (بەو مانایەی: بوون = ژینگە)، بەڵکوو دانپیانانە بە پەیوەندییە ئاڵۆزەکەماندا لەگەڵ هەموو: بوون_لە_ژینگەیەکدا.

 

 

زمان

لاکان لە نووسراوەکان[10]دا ڕستە بەناوبانگەکەی دەنووسێت: «نەست گوتاری ئەویترە». دەروونشیکاری وەها ناسراوە چارەسەرێکە لەڕێگەی دواندنەوە، ڕیشەییبوونەکەى دەگەڕێتەوە بۆ جەختکردنەوەی لەسەر زمان وەک شوێنی کرانەوەی گرێ دەروونییەکان. ئەم ڕوانگەیە لەوێوە سەرچاوەدەگرێت کە ئێمە لەناو زماندا لەدایکدەبین، زمانیش سیستەمێکی نامۆ و ئاڵۆزە لەدەرەوە و لەپێش ئێمەوە بوونی هەیە، بەڵام بەزۆری پشتی پێدەبەستین بۆ پێکهاتنی سوبێکتیڤیتەمان. پێش پەنابردنمان بۆ زمان، گیانداری غەریزیی خاوەن پێویستیی بایۆلۆژیین. وەختێک ئاوێتەی زمان دەبین، بە نێوەندگیری بەخێوکەرە سەرەتاییەکانمان، کەرت و پابەستە دەبین لەنێوان پێویستییە بایۆلۆژییەکانمان و ئەو داواکارییە کەلتوورییانەی بەخێوکەرە سەرەتاییەکانمان لەڕێگەی زمان و یاساوە بەسەرماندا دەیسەپێنن. ئەوکاتەی ئەم سیستەمە نامۆ و ئاڵۆزەی ناوی «زمان»ـە دەهێنینە ناوەوە، چیتر لەڕێگەیەوە ئارەزووەکانمان دەردەبڕین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی دەمانەوێت نەستەکییە و لەدەرەوە پێمان دەگات، چونکە ئەوەی ناوەکیمان کردۆتەوە تەنها سیستەمێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو سیستەمێکی ئەخلاقییشە، چەپاندنیش بەمجۆرە کاردەکات. لێرەوە، سوبێکتیڤیتە گرێیەکە لە دالەکان فێرماندەکات چۆن ئارەزوو بکەین و چۆن چێژ لە سەمپتۆمەکانمان وەرگرین.

لەبەرئەوەی نەست گوتاری ئەویترە، هەروەها وەک لاکان لە «چوار چەمکە سەرەکییەکەی دەروونشیکاری»ـیدا دەنووسێت: «وەک زمان ڕسکاوە و بونیادى وەرگرتووە»؛ بۆیە بەسرووشت دەروون_کۆمەڵایەتییە نەوەک شەخسی. بە نێوەندگیری ئەویتر ئارەزوو دەکەین، ئارەزووی ئەویتر دەکەین، ئارەزووی ئەو شتە دەکەین کە ئەویتر ئارەزووی دەکات. ئارەزوو دیاردەیەکی زمانەوانییە و پەیوەستە بە جووڵەی نەستەکیی دالەوە (چڕبوونەوەی میتافۆری[11] و جێگۆڕکێی میتۆنیمی[12]) وەک کارکردی چەپاندن. بەدەربڕینێکی دی، بەشێوەیەکی ئاگایانە نازانین چیمان دەوێت، بەڵام دەتوانین فێربین دەربارەی ئەوەی ئارەزووی چی دەکەین و چۆن چێژوەرگرین لەڕێگەی چۆنێتیی قسەکردن و خەونبینین و نوکتەکردنمانەوە. بۆ نموونە، لە کتێبی «دەروونشیکاریی ناکۆڵۆنیاڵی»ـدا ئەو چڕبوونەوە میتافۆرییەم پیشانداوە لە ناواخنی گوتاری «جەنگی دژ بە تیرۆر»ــدا بەدی دەکرێت، وەختێک جەنگ = تیرۆر. دواتر ئەوەم ڕوونکردۆتەوە چۆن ئەم گوتارە لەسەر فەنتازیای ئیسلامۆفۆبیا/ئیسلامۆفیلیا بونیادنراوە و جێگۆڕکێیەکی میتۆنیمی لەخۆدەگرێت: مسوڵمان ← تیرۆریست. ئەم جەختکردنەوە دەروونشیکارییە لەسەر زمان، مانای ڕەتکردنەوەی جەستە نییە؛ بەپێچەوانەوە، زمان لە جەستەماندا نەخشێنراوە، بەشێوەیەکی ماتریاڵی بەرجەستەدەبێت، هەر بۆیە چەندین سەمپتۆم ئەزمووندەکەین کە هیچ هۆکارێکی بایۆلۆژییان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەمپتۆمی جەستەیین.

بەکورتی، پراکسیسی ڕزگاری، وەک پرۆسە، پێویستی بە بیرکردنەوەیە لەسەر شێوازی کارکردنی زمانی چەوسێنەر شانبەشانی شوێنەوارە ماتریاڵییەکانی. بەدەربڕینێکی دی، پراکتیکە ڕزگاریخوازییەکان لەڕێگەی گوتارە ڕزگاریخوازییەکانەوە ڕوودەدەن. هاوکات، ئەگەر بەدحاڵیبوونێک بێتەکایەوە وەک ئەوەی پاڵپشتی سانسۆرکردنی ئاخاوتن بکەم، ئەمەش ناتەبایە لەگەڵ پرەنسیپی بەزەینداهێنانەوەی ئازاد؛ دەبێت ئەوە ڕوونبکەمەوە، سەبارەت بە گوتارە ڕزگاریخوازییەکان، چەوساوە دەبێت لە هەموو ئەو فەنتازیایانە دابڕێت کە ڕیاڵ ـی تراومایی دەدوورێتەوە. بایەخی دیالەکتیک لێرەدایە وەک دانپیانان بەوەی مەحاڵێتیی ڕیاڵ چارەسەرهەڵنەگرە، ئەمەش سیمای سەرەکیی هەموو سیاسەتێکی داهاتووە.

 

 

نەست

نەست، ئیگۆ لە ناوەندێتی دادەماڵێت و تیشک دەخاتەسەر باڵادەستیی دەروون_کۆمەڵایەتی بەسەر دەروونەوە. بەرزکردنەوەی ئاگایی گرنگە، بەڵام بەبێ بەرزکردنەوەی نەست سەرناگرێت، واتە دەستوەردانێکی سیاسییانە لەسەر ئاستی گوتاری ئەویتر. بەدەربڕینێکی دی، بۆ ئەوەی مرۆڤ دژی ڕەگەزپەرستی بێت، پێویستە باس لە نەستی دژەڕەگەزپەرستی بکات، ئەمەش گۆڕینی کەلتووری ڕەگەزپەرستی بۆ کەلتووری دژە ڕەگەزپەرستی لەخۆدەگرێت. بەجۆرێکی دیکە بڵێین: سوبێکت ناتوانێت دژی ڕەگەزپەرستی بێت، کاتێک ئەویتر ڕەگەزپەرستە. پرسیارە پارادۆکسیکاڵەکە دەربارەی ڕەگەزپەرستی ئەوەیە: چۆن دەتوانین دان بە جیاوازییە مرۆیی و کەلتوورییەکاندا بنێین لەدەرەوەی کاتیگۆرییە ڕەگەزپەرستییەکانەوە، بەبێ ئەوەی ڕەنگکوێر[13] بین؟ بەدەربڕینێکی دی، پێویستە بەکۆمەڵ بگەینە حاڵەتێک بۆ ڕەتکردنەوەی ڕەگەزپەرستی (هاوکات، ڕەتکردنەوەی کۆڵۆنیاڵیزم) لەگەڵ ئامادەیی بێشوماری گوتارە ڕەگەزپەرستییەکان وەک شوێنەواری ڕەگەزپەرستییە ئایینی و زانستی و کەلتوورییەکان لەیەک کاتدا. هێشتا خاوەنی زمانێکی پاش_ڕەگەزپەرستی نین، ڕەنگە بەم نزیکانەش دەستمان نەکەوێت، چونکە پووچەڵکردنەوەی مۆدێرنە/کۆڵۆنیاڵیزم سەدان ساڵ دەخایەنێت. بەڵام، لانیکەم، دەتوانین وێنای سیستەمێکی جیهانیی ترانس_مۆدێرنە[14]/ناکۆڵۆنیاڵ بکەین لەڕێگەی پراکسیسی ڕزگارییەوە.

 

 

 

نیگا

بەداخەوە، زۆرکەس ڕوانین(look) و نیگا(gaze) تێکەڵدەکەن. دەتوانین ئەم تێکەڵکردنە بگەڕێنینەوە بۆ تیۆری دەروونشیکاریی فیلم، ئەوەی بە تیۆری شاشە ناسراوە. لە وتارێکی ساڵی ١٩٧٥ بەناونیشانی «چێژی دیدەکی و سینەمای گێڕانەوەئامێز»، لۆرا مولڤی باس لە تەماشاکردنی فیلم دەکات وەک «نیگای نێرانە[15]». ئەم دەربڕینە هەنوکە زۆر باوە و وا دەردەکەوێت فیمینیستانەیە، بەڵام لەڕاستییدا، نادەروونشیکارانەیە و ڕەنگە دژە فیمینیستی بێت، چونکە یەکسانە بە تەماشاکردنی نێرانە. لە وتارێکی ساڵی ١٩٨٩ بەناونیشانی «سوبێکتی دەروونجێگیر[16]: تیۆری فیلم و پێشوازیکردنی لاکان»، ژوان کۆپژیک تەنها ناڕوونییەکانی ناو تیۆری فیلمی نەڕەواندەوە، بەڵکو تیۆری فیلمی لاکانی ڕەنگڕێژکردەوە لەڕێگەی چەسپاندنی لەناو ڕیاڵ ـدا کە شیاوی ڕەمزاندن نییە. تێکەڵکردنی ڕوانین لەگەڵ نیگادا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تیۆری شاشە زیاتر فۆکۆییە تاوەکو لاکانی، تیایدا نیگا لەڕوانگەیەکی پان ئۆپتیک[17] ـییەوە لێکدەدرێتەوە، وەک ئەوەی لە حاڵەتی پاسەوانی سەراسەربین ـی ناو ڕۆمانی «پان ئۆپتیکۆن»ـی جێرێمی بێنتام ـدا دەردەکەوێت. ڕوانینی پان ئۆپتیکی هاوشانە لەگەڵ هەڵەناسینەوە، چونکە لەجەوهەردا ڕوانینی ئاغایەکی خەیاڵییە و پەیوەستە بە فەنتازیای دەسەڵاتەوە، نەوەک ئارەزوویەک بێت.

لەلایەکی دیکەوە، نیگای لەشێوەکەوتوو و شێواو[18] پەیوەستە بە شاشەوە (نەوەک تەماشاکەر)، یان بە زیندانییەکانەوە (نەوەک پاسەوان). بەدەربڕینێکی دی، نیگا بەردەوام لایەنی ئۆبێکت (نەوەک سوبێکت) دەگرێت، فۆرمی ئۆبێکتی a دەگرێتەخۆ لە پاڵنەری بینیندا. بەمانایەکی دی، نیگا ئەو شتەیە ناتوانین بیبینین، بەڵام غیابی دەبێتە هۆکاری ئارەزوومان. لێرەوە، ئەو سیاسەتە ناشوناسییانەی لەسەر ئەم ڕوانگەیە بنیاتنراون، وابەستەنین بە هاوشوناسییە خەیاڵییەکانەوە؛ بەڵکو لەسەر ڕێکخستنەوەی ئارەزووەکانمان، دواتریش لەسەر ژویسانسی هاوپشتییمان دامەزراون.  

دیارترین نموونەی لاکان بۆ نیگا، بریتییە لە تابلۆکەی هانز هۆڵباین بەناونیشانی «باڵیۆزەکان» (١٥٣٣). لەم تابلۆیەدا، هۆڵبین تەکنیکی ئەنامۆرفۆسیس [لەشێوەکەوتن و شێوان، بەدگۆڕان] بەکاردەهێنێت، بەرئەنجامی ئەمەش دەرکەوتنی کەلەسەرێکى لەشێوەخراوى مرۆڤێک بوو لەخوارەوەی تابلۆکەدا، ئەم کەلەسەرە تەنها لە گۆشەی دیاریکراوەوە دەبینرا. ئەم کەلەسەرە، هێمایە بۆ ئاغای ڕەها (مەرگ)، تابلۆکە ڕاستییەک دەخاتەوە یادی تەماشاکەران: ئەو بازرگانە تێروپڕانەی سامانی خۆیان پیشاندەدەن، هاوشێوەی تەماشاکەران بوونەوەری مرۆک و فانیین[19]. شێوانەکە تەماشاکەر هاندەدات بۆ جووڵان لەپێناو بینینی ئۆبێکتە شێواوەکە؛ ئەم نموونەیە پیشاندەری ئەوەیە تەماشاکەر تەنها وەرگرێکی ناچالاک نییە، بەڵکو بەشدارێکی چالاکە (سوبێکتە) و نیگای تابلۆکە دەبێتەهۆی ئارەزووە نەستەکییەکەی. هەمان پرەنسیپ لە سینەمادا کاردەکات، بەڵام بەڕەچاوکردنی تەکنیکە دینامیکییەکانی فیلم، هەلی زیاتر دەڕەخسێت تاوەکو تەماشاکەر ئەزموونی نیگا بکات. تۆد ماکگوان زۆری نوسیووە دەربارەی نیگای فیلمی، بەپلەی یەکەم لە کتێبەکەیدا بەناونیشانی «نیگای ڕیاڵ: تیۆری فیلم دوای لاکان».

ئەو نموونەیەی دەمەوێت بیهێنمەوە، بریتییە لە تابلۆکەی ئەلبرێخت دوریر بەناونیشانی «ئەو نیگارکێشەی نیگاری ژنێکی ڕاکشاو دەکێشێت». نیگارکێشی لای ڕاستی تابلۆکە ڕوانینی نێرانەی سوبێکت بەرجەستەدەکات؛ هاوکات ژنە ڕاکشاوەکەی لای چەپی تابلۆکە، نیگای شێواوی  ئۆبێکتی a دەنوێنێتەوە. بەدەربڕینێکی دی، ژنەکە تەنها لەڕێگەی ڕوانینی پیاوەکەوە نابێتە ئۆبێکت، بەڵکو ئەو [ژنەکە] نیگارکێشەکە دەکاتە سوبێکت لەڕێگەی بوون بە هۆکاری ئارەزووییەوە [ئارەزووی پیاوەکە] _وەک شیکاریبۆکراو بەرامبەر شیکارکەر لە کلینیکدا. نیگای ڕیاڵ نزیککردنەوەیەکی وردترە بەراورد بە «نیگای نێرانە»، چونکە ئەمەیان سوبێکتیڤیتەی مێینە نەفیدەکاتەوە. دیالەکتیکی ڕوانین_نیگا دەشێت لە جیاوازیی ڕەگەزی دووربخرێتەوە و بەسەر جیاوازیی کۆڵۆنیاڵییدا جێبەجێ بکرێت؛ بۆ نموونە، کاتێک باس لە ڕوانینی کۆڵۆنیاڵ و نیگای ناکۆڵۆنیاڵی دەکەین.

 

 

 

 

تاقانەیی

پەیوەندییەکی یەکتربڕ هەیە لەنێوان تاقانە و گشت(universal)دا. ئەم پەیوەندییە، شیاوییە بەردەوامەکەی دەروونشیکاری دەردەخات وەک زانستی نەست. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڕەچاوکردنی سیاقە دیاریکراوەکەی پەرەسەندنی دەروونشیکاری لە نەمسا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، پێویستە باس لە فرەیی بکەین، لەپێناو دانپیانان بە جیاوازییە کەلتوورییەکانی نێوان جیهانی باکوور (ڕۆژئاوا) و جیهانی باشوور (باقی گەلانی جیهان). ئەم جیاوازییە کەلتوورییە ڕیاڵ ـە، وەک کارکردی مۆدێرنە/کۆڵۆنیاڵیزم لەپاش ساڵی ١٤٩٢ ـەوە. بەدەربڕینێکی دی، گشتگیرییەکی چەمکە دەروونشیکارییەکان هەیە لەبەرامبەر سوبێکتیڤیتەی مۆدێرندا؛ بەڵام دەبێت ئەم گشتگیرییە بخرێتەبەر پرسیار، ئەگەر بمانەوێت باس لە سوبێکتی ترانس_مۆدێرن بکەین (یاخود، سوبێکتی مۆدێرن و گۆڕانەکانی).

سیاسەتەکانى شوناس, لەسەر لەپێشتربوونی تایبەتمەندێتی بەندە، ئەمەش ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فۆرمێک لە ماهییەتگەرایی کەلتووری. مەسەلەی جیاوازیی کەلتووری بەلای منەوە مەسەلەی زمان و ماتریاڵیتەیە لەبەرامبەر مۆدێرنە/کۆڵۆنیاڵیزم. هەرچەند لە کەلتوورێکی تایبەت (میسر) لەدایکبووم و گەورەبووم، بێگومان شانازیی پێوەدەکەم، بەڵام سوبێکتێکی تاقانەم و تەنها نوێنەرایەتیی خۆم دەکەم. ئەوەی دەمبەستێتەوە بە کەلتوورە تایبەتەکەمەوە زمان و ماتریاڵە، بەڵام مانای ئەوە نییە سیاسەتی من بەند بێت بە هاوشوناسیمەوە لەگەڵ میسریبوونم. بەپێچەوانەوە، زیاتر دەمەوێت هاوشوناس بم لەگەڵ ئەو سیاسەتی هاوپشتییە ئینتیماییەی سوبێکتی مۆدێرن دەبەستێتەوە بە پرۆسە فرەییخوازییەکەی ڕزگارییەوە؛ واتە لەکۆڵۆنیاڵ داماڵینی ئەویتری مۆدێرن. لەکۆڵۆنیاڵ داماڵینی ئەویتری مۆدێرن، هاوشان لەگەڵ نەستە کۆڵۆنیاڵییەکەی، دەبێتەهۆی شێوەگرتنی ئەویترێکی ترانس_مۆدێرن و نەستێکی ناکۆڵۆنیاڵی. هەرچەند چەوساوەکان ئەو سوبێکتانەن وا ڕابەرایەتیی ڕێگەی ڕزگاری دەکەن، بەڵام ئەو سیاسەتەی لەم پراکسیسەدا ئەکتواڵبۆتەوە لەسەر ڕووبەرێکی جیهانی دەبێت؛ چونکە ترانس_مۆدێرنە باشترین شتی ناو مۆدێرنەیە، گۆڕان و لەکۆڵۆنیاڵ داماڵینییش بریتییە لە بەمرۆڤکردنەوەی هەموان.

 

 

 

 

 


[1] Gaze.

[2] Singularity. .

[3] Psychosocial.

[4] Barred subject.

[5] Jouissance.

[6] Bodhisattva  : لە بودیزمدا، بەو کەسە دەگوترێت کە دەتوانێت بگاتە نیرڤانا، بەڵام ئەم هەنگاوە دوادەخات لەپێناو بەهاناوەچوونی بوونەوەرانی تر.

[7] Interbeing.

[8] Transcendental materialism.

[9] Interbe.

[10] Écrits.

[11] Metaphoric condensation.

[12] Metonymic displacement.

[13] Color_blind.

[14] Transmodern.

[15] Male gaze.

[16] Orthopsych

[17]  Panopticon : واتەکەی چاودێریی سەراسەر یان سەراسەربینییە، جۆرێکە لە بیناسازی لەلایەن بیرمەندی ئینگلیزی جێرێمی بێنتامەوە دیزاینکراوە. مەبەستی دیزاینەکە ئەوەیە، تاکە پاسەوانێک بتوانێت چاودێریى هەموو زیندانیان بکات، بەبێ ئەوەی زیندانییەکان بزانن چاودێری دەکرێن. دواتر ئەم چەمکە بوو بە ئاماژەیەک بۆ هێزی نەبینراو، ئیلهامبەخشی چەندین بیرمەند و فەیلەسوف بوو، لەوانەش: فۆکۆ، چۆمسکی، باومان و هتد.

[18]  Anamorphic.