فەرهەنگى نێگەتیڤ:
ئا. بۆتان بەختیار
مۆدێرنە(modernity)[1]
مۆدێرنە خۆى بە تاقى تەنیا ناوێکە. هەڵەیە بڵێین فڵان شت مۆدێرنەیە, بۆیە سیفەتەکەى دەبێتە "مۆدێرن"(نمونە: دیاردەکە, دیاردەیەکى مۆدێرن-ـە). مۆدێرنە, پرس و بابەتێکی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانە، هەم سەردەمێکی مێژووییە و هەم کەوڵی نوێیە بۆ کۆمەڵێک ڕەفتار و عادەتی سۆسیۆ−کەلتووری وا لەپاش ڕێنیسانسدا سەریهەڵدا. تەمەنى مۆدێرنە لانیکەم چوارسەد ساڵێک دەبێت, و بەدیاریکراوییش لە سەدەی ١٧ و ١٨دا و لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا کرۆکى مێژوویی خۆى دەردەخات. هەندێ پێیانوایە مۆدێرنه لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە کۆتاییهاتووە و سەردەمی تێپەڕیوە، و هەندێکیش پێیانوایە مۆدێرنە تا دەیەی حەفتاکان و هەشتاکان بەردەوامبووە. هەرچۆنێک بێت، سەردەمی پاشهاتووی مۆدێرنە، پێیدەوترێت پۆستمۆدێرنە. زاراوەی مێژووی هاوچەرخ contemporary history زاراوەیەکە بۆ سەروەختی پاش جەنگی دووەمی جیهانی بەکاردێت، چ ڕەبتی بە مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەوە نیە. لە مێژوونووسییدا، سەدەکانی ١٧ و ١٨ به مۆدێرنەی سەرەتایی ناوزەددەکرێن، بەڵام سەدەی نۆزدەهەم وەک مێژووی مۆدێرن ناوزەددەکرێت. بێ لەمانە، دەشێت مۆدێرنبوون یان مۆدێرنە دەلالەت بن لە ئەزموونێکی شەخسی و تایبەت یان بوونگەراییانە کە دۆخێک دەخولقێنن و کاریگەری دەخەنە سەر ڕۆشنبیری، دامودەزگاکان و سیاسەت. مۆدێرنە لە ئاستە زۆر بنەڕەتییەکەیدا، سەروکاری لەگەڵ سوبێکتیڤیتەی تاک، لێکۆڵینەوەی زانستی و بەعەقڵانیکردندا هەبوو، جۆرێک لە (پاشەکشەکردن لە جیهانبینییە ئایینییەکان، سەرهەڵدانی بیورۆکراسیەت، باژێڕسازی، سەرهەڵدانی دەوڵەتنەتەوە و ئاڵوگۆڕی خێرای دارایی و پەیوەندییەکان) بوو. پێخستنە نێو مۆدێرنە، هاوکات واتە باوەڕهێنان بە چەمکە مۆدێرنـەکان و پشتکردنە چەمکە پێشمۆدێرنەکان. باوەڕهێنانە بەوەی تێڕوانینی مۆدێرن بۆ گەردوون زۆر جیاوازترە لە تێڕوانینە کۆنەکانی پێشمۆدێرنە. [مۆدێرنه لە هەناوی خۆیدا، هەڵگری ناکۆکی و ئەنتاگۆنیزمێکە، لەلایەک شتەکان یەکدەخات و لەلایەک بەشبەش و پاڕچەپارچەیان دەکات. پێش مۆدێرنە جۆری کاروپیشە jobـەکان لەڕێی پەنجەی دەستەوە دەژمێردران، بەڵام پاش مۆدێرنە ڕەنگە سەدهەزار جۆر کاروپیشەمان هەبێت لە بوارە جیاجیاکاندا. جەستەی مرۆڤ نمونەیەکی ترە، کە پاش مۆدێرنە تا ئاستی بچوکترین بەش و خانە وردکرایەوە. بەڵام لەلایەکی دیکەوە، مۆدێرنە یەکخەر و پێکهێنەرێکی گەورەیشە، لە پاش مۆدێرنە بینیمان ئایدۆلوژیا زلوگەورەکانی وەک ناسیۆنالیزم، لیبڕالیزم، کۆمۆنیزم، فاشیزم و هتد سەریانهەڵدا. گەرچی مۆدێرنە لە ڕۆژئاوادا گەشەیکرد، بەڵام دواتر سنورەکانی ڕۆژئاوای تێپەڕاند و بە دنیادا بڵاوبوویەوە. ئەم بڵاوبوونەوەیە دەکرێت "کاڵایی" بێت و دەشکرێت "عەقڵی و بەهایی" بێت. کاڵایی واتە، هەموو ئەو کاڵایانەی بەرهەمی عەقڵێکی مۆدێرنن، بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی پێشمۆدێرن، لەوێدا کارەسات ڕوودەدات کە کاڵا مۆدێرنەکان لەگەڵ عەقڵە پێشمۆدێرنەکاندا بگونجێنرێن. عەقڵی و بەهاییش واتە هەموو بەها و فیکرە مۆدێرنەکانی وەک عەقڵانیەت، فەردانیەت، ڕۆشنبیریی تاک و گشتی، زانست و هتد وەربگیرێن و وڵاتە پێشمۆدێرنەکە پێبنێتە نێو دنیایەکی مۆدێرن].
مۆدێرنیزاسیۆن Modernization
ئەم وشەیە واتە بەمۆدێرنکردن, پرۆسەى بەمۆدێرنکردنى کۆمەڵگا و جڤات. لە کۆمەڵناسیدا، پەڕینەوە لەکۆمەڵگایەکی نەریتی، لادێیی و کشتوکاڵییەوە بۆ کۆمەڵگایەکی سیکۆلار، شاری و پیشەسازی، پێیدەوترێت مۆدێرنیزاسیۆن. پێش هەمووشتێک، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەک مۆدێرنیزەبکەیت، دەبێت بیکەیتە کۆمەڵگایەکی پیشەسازی. سەرهەڵدانی مۆدێرنه بەتوندی پەیوەستە بە سەرهەڵدانی پیشەسازییەوە. ٢٥٠ ساڵ لەمەوپێش، هەموو ئەو خەسڵەتانەی وا دەکرا بدرێنە پاڵ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، بە هەمان شێوە دەکرا بدرێنەپاڵ ئەو گۆڕانانەش کە کۆمەڵگایەکی پیشەسازییان خولقاند. بەکورتی، ئەوە لەڕێی گواستنەوەیەکی گشتگیری بەپیشەسازیکردنەوەیە کۆمەڵگاکان دەبنە مۆدێرن. مۆدێرنیزاسیۆن پڕۆسەیەکی سەرئاوەڵا و بەردەوامە. لەڕووی مێژووییەوە، خولگەی کات، کە لەڕێی سەدە century ـەوە دەپێورێت، نموونەی مۆدێرنیزاسیۆنی تاودراو[1]ـی تێدایە. لە هەر حاڵەتێکدا، مۆدێرنه دەستکەوتێکی یەکجارەکی و بۆ−هەمیشە نیە. وادیارە پرەنسیپێکی دینامیکی و بزێو لە هەناوی کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا هەیە وا نایەڵێت ساکین بن و بچنە دۆخی هاوسەنگییەوە[2]. گەشەی کۆمەڵگای مۆدێرن هەمیشە بێنەزم و نائاساییە. وادیارە مۆدێرنە دوو دۆخ[3]ـی هەیە، مۆدێرنیزاسیۆن دەستکارییەکی بونیادیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کە ئەمەش بەوپەڕی دڵنیاییەوە پێشکەوتنخوازانەیە و جووڵەیەکی ستوونییە بەرەو سەرەوه. بەرەنگاریی سەرەتایی دژ بە مۆدێرنیزاسیۆن دەکرێ توند و خۆگرتوو بێت، بەڵام مەحکومە بە شکست. بەڵام لەپشت ئەم پنتانەوە، مۆدێرنیزاسیۆن ناکامی[4]یەکی گەورە لەگەڵ خۆیدا دێنێت. ئەمەش بەرەنجامی ئەو خواستانەیە کە سەرکەوتن و دینامیزمی کۆمەڵگا مۆدێرنە سەرەتاییەکان هەر لە سەرەتاوە بەدەستیدەخەن. خواست و داواکاریی گرووپەکان لەسەر جڤات زیاددەکات و زۆرجاریش خواستەکان یەکناگرنەوە. لە ئاستێکی جددیی تردا، مۆدێرنە لە ئاستێکی جیهانیی بەرزدا، فشاری کۆمەڵایەتی و ماتریاڵی درووستدەکات کە لە ئاستی فراوانبوون و گەشە سەرەتاییەکان دەردەچێت و دەبێتە هەڕەشە بۆ ئەو بنچینانەی خودی مۆدێرنەی لەسەر دامەزراوە.
[1]Accelerated modernization
[2]Equilibrium
[3]phase
[4]discontent
ترادسیۆن−نەریت Tradition
ترادسیۆن, لە کوردییدا نەریت و تەقلید و هەنێجار بە نیمچەهەڵە کەلەپووریشى پێدەوترێت. ترادسیۆن, بەو واتایەى ئەمڕۆ تێى دەگەین پۆڵى پێچەوانەى مۆدێرنەیە, واتە ڕووبەرێکى مێژووییە بەر هێرشى مۆدێرنە کەوتووە(ئیدى بەتەواوى گۆڕابێت یان نا). ترادسیۆن باوەڕ یان ڕەفتارێکە وا لە گرووپ و کۆمەڵگاکاندا بەشێوەیەکی ڕەمزی لە باوانەوە گوازراوەتەوە بۆ نەوەکانی دواتر. نموونە سەرمەشقەکان پێکدێن لە شێوازی جلوبەرگ و بۆنە[و جەژنەکان]. ڕەنگە هەندێکیشیان لەڕووی پراکتیکەوە گرنگ نەبن، بەڵام دیوە کۆمەڵایەتییەکەیان گرنگە. دەشێ ترادسیۆن بۆ زیاد لە هەزار ساڵ بمێنێتەوە و بەردەوامی بەخۆی بدات. خودی چەمکی ترادسیۆن لە tradereـی لاتینییەوە داڕێژراوە کە بە واتای گواستنەوە، ڕادەستکردن و پاراستن دێت. هەرچەندە هەندێ لە ترادیسیۆنەکان مێژوویەکی دێرینیان هەیە، بەڵام هەنێکیشیان، چ سیاسی بن یان کەلتووری، بەمەبەست و لە هەر ساتێکدا بێت درووستدەکرێن. نەزمە ئەکادیمییە جیاجیاکانیش ئەم چەمکە بە چەندین شێواز بەکاردەبەن. گوزارەکانی وەک "بەگوێرەی نەریت" یان "بەشێوەیەکی نەریتی" عادەتەن دەلالەتن لە زانیارییەک وا بەشێوەیەکی زارەکی گوازراوەتەوە. ترادسیۆن دەلالەتە له چۆنایەتیی گفتوگۆکردن و دەربڕینی زانیارییەک. [واتە دەکرێت لەسەرەتادا ڕێککەوتنێکی ئاگایانە هەبووبێت و دواتر ئەمە بەشێوەیەکی زارەکی، نەک لەڕێی دۆکۆمێنتەوە، نەوە دوای نەوە گوازرابێتەوە]. بۆنمونە "پاشا ئارسەر" بەگوێرەی ترادیسیۆن، پاشایەکی ڕاستەقینەی بەڕیتانی بووە و سەرچاوەی ئیلهامی چەند چیرۆکێکی بەناوبانگە. بەڵام داخۆ ئەم پاشایە ناوی لە دۆکۆمێنتە مێژووییەکاندا هاتووە یان نا، ئەمە هیچ لە نرخی پاشا ئارسەر کەمناکاتەوە وەک فیگەرێکی ئەدەبی و مێژوویی. ترادیسیۆنەکان بابەتی لێکۆڵینەوەی چەند بوارێکی جیاوازن لە ئەکادیمیاکاندا، وەک: ئەنترۆپۆلۆژیا، شوێنەوارناسی و بایۆلۆژیا. چەمکی ترادیسیۆن، لە گوتار[1[ـە سیاسی و فەلسەفییەکانیشدا بەکاردەبرێت. بۆنمونە، ترادیسیۆن چەمکە بنەڕەتییەکەی ترادیسیۆنالیزمە وەک ڕێبازێکی سیاسی. لە فەلسەفەشدا، ترادیسیۆن پێچەوانەی مۆدێرنەیە و بنەمەکانی وان تەواو جیاوازن.
[1]discourse
هایپەرمۆدێرنە Hypermodernity
تایپ، مۆدێل یان قۆناغێکی کۆمەڵگایە کە نوێنەرەوەی مۆدێرنەیەکی ئاوەژووبووەوەیە، وا تێیدا سەرچاوەی کارکردی ئۆبێکت(شت)ـەکان لە فۆرمی ئۆبێکتەکاندایە، نەک کارکردەکە ببێتە سەرچاوەی فۆڕمەکە. [بە دەربڕینێکی تر، لەبری ئەوەی کارکردەکان فۆڕمەکان درووستکەن، فۆڕمەکان کارکردەکان درووستدەکەن]. هایپەرمۆدێرنیزم پێشمەرجی کۆمەڵگایەکە تێیدا تایبەمەندی و چۆنایەتیی ئۆبێکتەکان، جێی خودی ئۆبێکتەکان دەگرنەوە. ئەم دنیا چۆنایەتییمیحوەرە لەلایەن تەکنەلۆژیاوە پاڵیپێوەدەنرێت و ئارەزووی لێکنزیککردنەوەی تەکنەلۆژیا و بایۆلۆژیا، و لەوەش گرنگتر، مادە و زانیاریی دەکات. هایپەرمۆدێرنیزم پێی خۆی بە جەختکردنەوە لەسەر بەهای تەکنەلۆژیای نوێ قایمدەکات، ئەویش بە زاڵبوون بەسەر سنوورە سرووشتییەکان و جێهێشتنی دنایەیەکی ئۆبێکت−میحوەر ڕووەو دنایەیەکی چۆنایەتییمیحوەر.[واتە جێهێشتنی دنیایەک کە تێیدا ئۆبێکت سەنتەرە، ڕووەو دنیایەک کە ڕوواڵەت و فۆڕمی ئۆبێکتەکان جێی ئۆبێکتەکان دەگرنەوە و دەبنە سەنتەر]. گەر سوپەرمۆدێرنە لە هایپەرمۆدێرنە جیابکەینەوە، ئەوا سوپەرمۆدێرنە هەنگاوێک لەودیو بۆشاییە ئۆنتۆلۆژییە پۆستمۆدێرنەکەوەیە و پشت بە حەقیقەتی ئەزموونیی دەبەستێت. لەکاتێکدا مۆدێرنە فۆکەسی دەخستە سەر حەقیقەتی مەزن(یان ئەوەی ژان فرانسوا لیوتار پێیدەوت میتاگێڕانەوە)، و پۆستمۆدێرنەش هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان بدات، ئەوا سوپەرمۆدێرنە بە شێوەیەکی نامۆیانە کار لەسەر میتاحەقیقەت(ئەودیوى حەقیقەت) دەکات. سوپەرمۆدێرنە تایبەتمەندیی بەسوود لە ئۆبێکتە مۆدێرن و پۆستمۆدێرنەکانەوە وەردەگرێت ئەویش بۆ ئەوەی خۆی لە تۆتۆلۆژیا نیهیلیستییە پۆستمۆدێرنەکە لادات. شاشەی مۆبایلەکەت باشترین نموونەی سوپەرمۆدێرنیزمه.
فاشیۆن-مۆدە(fashion)
مۆدێل و مۆدە یەکسان نیە بە مۆدێرنە, وەک ئەوەى لە عەقڵى باودا هەیە. بۆیە فاشیۆن گوزارەیەکی ئیستاتیکیی بەربڵاوە لە سەردەم، شوێن و سیاقێکی دیاریکراودا، بەتایبەت بۆ جلوبەرگ، شێوازی ژیان، ئیکسسوارات و ستایلی قژ بەکاردێت. هەرچەندە کۆمپانیاکان هەنێ گوزارەی سەیری ئیستاتیکی بەکاردەبەن کە بۆ کەمتر لە وەرزێک بڕدەکەن، بەڵام بەگشتی فاشیۆن سیمایەکی جیاواز و پیشەسازییه کە پەیوەستە بە کۆلێکشن و وەرزە جیاوازەکانی فاشیۆنەوە. ستایل چەمکێکە کە تەمەنی بۆ چەند وەرزێک بڕدەکات و عادەتەن پەیوەستە بە بزووتنەوە کەلتوورییەکان، نیشانە کۆمەڵایەتییەکان، سیمبولەکان، چینەکان و کەلتوورەکانەوە. بەگوێرەی پیێەر بۆردیۆی کۆمەڵناس، فاشیۆن تەعبیرە لە:"نوێترین فاشیۆن، نوێترین جیاوازی". هەرچەندە زۆرجار هەردوو زاراوەی جلوبەرگ و فاشیۆن پێکەوەدێن، بەڵام جیاوازن. فاشیۆن ماتریاڵ و تەکنیکی وردەکاریی پۆشاکە، بەڵام جلوبەرگ بەمانایەکی تایبەت، بۆ ڕووپۆشکردن و سەرنجڕاکێشانە لە ئاهەنگە جیاوازەکانی جلوبەرگدا. بۆنمونە جەژنی هاڵۆوین. فاشیۆن دەلالەتە لەو سیستەمە کاتییە کۆمەڵایەتییەی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و لە سیاقێکدا، جلوبەرگ دەکاتە دالێکی کۆمەڵایەتی. جۆرجیۆ ئاگامبێن، فەیلەسوفی ئیتاڵی، فاشیۆن ڕەبتدەکاتەوە بە ئانوساتی چڕی چۆنایەتییەوە[1]، لەکاتێکدا جلوبەرگ ڕەبتدەکاتەوە بە چەندایەتییەوە[2]. لەپەیوەست بە فاشیۆنەوە، میدیا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت. بۆنمونە، بەشێکی گرنگی فاشیۆن ژۆرناڵیزمی فاشیۆنـە. دەتوانرێت وتاری ڕەخنەیی، ڕێنمایی و گفتوگۆ لەسەر پرسی فاشیۆن لە تیڤی، ڕۆژنامە، وێبسایت و هتددا بدۆزرێتەوە و بخوێنرێتەوە. بەم دواییانە فاشیۆن بلۆگ و یوتیوب کارێکی زۆریان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان، و بەمشێوەیەش لە هەمووجیهاندا ئاسان دەتوانرێت زیانیاریی دەرهەق بە فاشیۆن کۆبکرێتەوە و بە پرسەکه ئاشناببن. جێى بیرخستنەوەشە کە بیریارگەلى چوون جۆرج زیمیڵ و بنیامین کاتێک لە مۆدە دەکۆڵنەوە, دەڵێن شتێکى زۆریش نوێ نیە, و پرسى نوێ لە مانا قووڵکەیەدا ناخوڵقێنێت.
[1]quality
[2]quantity
پۆستمۆدێرنە(postmodernity)
پۆستمۆدێرنە دۆخی کۆمەڵگایەکی ڕۆشنبیری یان ئابوورییە کە دوای سەردەمی مۆدێرنە دێت. هەندێ لە قوتابخانە فیکرییەکان پێیانوایە مۆدێرنە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆتایی پێهاتبوو و دواتر پۆستمۆدێرنە جێیگرتەوە، بەڵام هێشتا هەندێ دەڵێن پێشڤەچوونەکانی مۆدێرنه باڵیان بەسەر پۆستمۆدێرنەشدا کێشاوە. لەلایەکی تریشەوە، هەندێکی تر دەڵێن مۆدێرنە لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە کۆتاییهات. پۆستمۆدێرنبوون دەشێت دەرگیربوونێکی کەسیی(شەخسیی) بێت لەگەڵ کۆمەڵگایەکی پۆستمۆدێرندا. ئەو هەلومەرجانەی وا کۆمەڵگایەک دەکەن بە پۆستمۆدێرن، پێویستە لە پۆستمۆدێرنیزم و فەلسەفە و هونەر و ڕۆشنبیریەتی پۆستمۆدێرنە جیابکرێنەوە. ئەمڕۆ لەڕاستیدا پێشڤەچوونەکانی هونەری پۆستمۆدێرن(پۆستمۆدێرنیزم) و کۆمەڵگای پۆستمۆدێرن(پۆستمۆدێرنە) دەشێت وەک دوو چەمکی سەرەکیی پەیوەندییەکی دیالەکتیکی سەیربکرێن. ئەوانەی وا مۆدێرنە وەک شکستێکی گەورە دەبینن، و پێیانوایە درزێک لە پێشڤەچوونەکانی مرۆڤایەتیدا هەبوو وا سەریکێشا بۆ ئاوشڤیتز و هێرۆشیما، پۆستمۆدێرنە وەک نیعمەت و پێشڤەچوونێکی مەزن دەبینن. لەلایەکی دیکەوە، هەندێ فەیلەسوفی وەک یۆرگن هابەرماس و ئەوانی تر−کە خۆیان لە پڕۆژەی مۆدێرنەدا دەبیننەوە− پێیانوایە پۆستمۆدێرنە زیندووبوونەوەی ئایدیای دژەڕۆشنگەرییە و شتێکی نەرێنییە.
پۆستمۆدێرنیزم postmodernism
پۆستمۆدێرنیزم, ناوى ڕێبازە فیکرى و هونەرى و ئەدەبییەکانى ناو مۆدێرنەیە, بە تاک بێت یان کۆ. هەروەها چەمکێکی شل و ناجێگیرە وا بەرهەڵستیی پێناسە و تەعبیرێکی دیاریکراو دەکات. هەندێ لە فەیلەسوفان ئەم ڕێبازە دەگەڕێننەوە بۆ فرێدریش نیچە، لەکاتێکدا تیۆریستە کەلتوورییەکان دەیگەڕێننەوە بۆ بنیادنانەوەی سەرمایەداری لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا. ژیانی کەلتووریی مۆدێرنە و مۆدێرنیزم، یەکێتی و تاکگەرایی وەک پرەنسیپی زانین و بوون وەردەگرێت، بەڵام لە پۆستمۆدێرنیزمدا پلوراڵیزم(فرەگەرایی) و جیاوازی وەک پرەنسیپ وەردەگیرێت. پۆستمۆدێرنیستەکان پێیانوایە هەمیشە جیاوازی و ناکۆکیی پنتێکی ناونشینی کاروباری مروڤن. پۆستمۆدێرنیزم سەرەتا لە کارە فیکرییەکانی فەیلەسوفە فەڕەنسییەکانی وەک بۆدریار، دۆڵۆز، فۆکۆ، لیوتار و دێرێدادا دەرکەوت.
هەندێ لە جیاوازییەکانی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم[1]
مۆدێرنیزم : پۆستمۆدێرنیزم
ڕۆمانتیسیزم : پاتافیزیک
ئامانج و مەبەست : گەمە و یاری
نەخشە و پلان : چانس(هەل و هەڵکەوت)
ئەفراندن−شمولیبوون : وێرانکردن−هەڵوەشاندنەوە
چڕبوونەوە : پەرشبوونەوە
حزوور : غیاب
ژانر−سنوور : دەق−دەقئاوێزان
میتافۆڕ : میتۆنۆمی
مەدلوول : دال
تەفسیر−خوێندنەوە : دژەتەفسیر−هەڵەخوێندنەوە
خوێنەرخواز : نووسەرخواز
سەمپتۆم : ئارەزوو
بڵندنشینی : ناونشینی
مێتافیزیک : ئایرۆنی
هتد....
[1] بڕوانە کتێبی: "چۆنە تا ئێستا هەموو شت ئاوانەبووە"; ژان بۆدریار; و. وەلید عومەر −٢٠١٩
[1] . بۆ خوێندنەوەى زیاتر لەسەر ئەم چەمک و پرسانە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەر:
چەپ و مۆدێرنە(کتێبى چوارەمى نێگەتیڤ), چاپکراوى ناوەندى ڕۆشنبیریی ڕەهەند, ٢٠١٩