"پێويستمان به ديسپلينێكى جه‌ماوه‌رييه"
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئالان باديۆ به فايلى pdf بيخوێنهوه
وه‌رگێڕانى: وهليد عومه‌ر
پرسيار: حه‌ز ده‌كه‌ين به‌و پرسه ده‌ست پێبكه‌ين كه په‌يوه‌نديى نێوان سياسه‌ت و فه‌لسه‌فه ڕوون بكه‌يته‌وه. بۆنمونه ئه‌و ده‌مه‌ى باسى فه‌لسه‌فه‌ى خه‌باتگێڕ(militant philosophy) ده‌كه‌يت، مه‌به‌ستت چيه؟
باديۆ: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، فه‌لسه‌فه و پرسىسياسى(the political) په‌يوه‌ندييه‌كى بنه‌ڕه‌تييان پێكه‌وه هه‌بووه. ئه‌مه شتێك نيه مۆدێرنه دايهێنابێت. به‌رهه‌مه سه‌ره‌كى و سهنتراڵهكهى ئه‌فلاتون ناونراوه كۆمار، و كۆى كتێبه‌كه ئاوڕ له‌و پرسانه ده‌داته‌وه كه په‌يوه‌ندييان به "شار" يان پۆلسه‌وه هه‌يه. ئه‌م په‌يوه‌ستبوونه له سه‌رجه‌م مێژووى فه‌لسه‌فه‌دا شتێكى بنچينه‌يى بووه. به‌ڵام پێموايه دوو ڕێگه‌ى بنچينهييش بۆ بونيادنانى ئه‌م په‌يوه‌ندييه هه‌ن.
ڕێگاى يه‌كه‌م، به‌رپرسيارێتيى دۆزينه‌وه‌ى كۆڵه‌كه‌ى پرسىسياسى ده‌خاته سه‌ر شانى فه‌لسه‌فه. فه‌لسه‌فه بانگهێشت ده‌كرێت تاكو پرسىسياسى له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌م كۆڵهكهيه بونيادبنێتهوه. ئه‌م ڕێگه‌يه باس له‌وه ده‌كات كه دۆزينه‌وه‌ى نۆرم و ڕێسايه‌كى ئه‌خلاقى بۆ هه‌ر سياسه‌تێك شتێكى مومكينه، و پێويسته هه‌ر له‌سه‌رتاوه فه‌لسه‌فه‌ش ئه‌م ئه‌ركه بونيادبنێتهوه يان ناوبنێت، پاشانيش داوه‌رى بكات له‌نێوان ئه‌م نۆرمه و زۆرێك له چالاكييه سياسييه‌كاندا. بۆيه له‌م حاڵه‌ته‌دا، ئه‌وه‌ى ده‌رگا له‌سه‌ر په‌يوه‌نديى نێوان سياسه‌ت و فه‌لسه‌فه ده‌كاته‌وه هه‌م بريتييه له ئايدياى كۆڵهكهيهك و هه‌م بريتييه له تێگه‌يشتنێكى ئهخلاقييش بۆ پرسىسياسى. به‌ڵام ئاراسته‌يه‌كى تريش هه‌يه كه به‌ته‌واوى جياوازه. ئه‌م ڕێگهيهيان باوه‌ڕى وايه كه به مانايهكى دياريكراو سياسه‌ت له‌پێشتره [نه‌ك فه‌لسه‌فه]، گوايا پرسىسياسى به‌بێ فه‌لسه‌فه و به‌ر له فه‌لسه‌فه و جيا له فه‌لسه‌فه‌ش هه‌ر هه‌يه. پرسىسياسى هه‌ر ئه‌و شته‌يه كه من پێى ده‌ڵێم "مه‌رجى فه‌لسه‌فه". له‌م حاڵه‌ته‌دا، په‌يوه‌نديى نێوان فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت، به مانايه‌ك له ماناكان، ڕيترۆئه‌كتيڤ و ڕوولهپاشه. واته په‌يوه‌ندييه‌كه كه فه‌لسه‌فه تيايدا جێى خۆى له هه‌ناوى ململانێ سياسييه‌كاندا ده‌كاته‌وه تاكو ڕوونيان بكاته‌وه. ئه‌مڕۆ له‌م دۆخه هێجگار تهمومژاوييهدا كه بريتييه له سيسته‌مى گشتيى سياسه‌تى هاوچه‌رخ، فه‌لسه‌فه ده‌توانێت هه‌وڵبدات دۆخه‌كه ڕوونبكاتهوه به‌بێ هيچ جۆره نمايش و خۆنواندنێك له ئه‌فراندنى دۆخه‌كاندا. هه‌نوكه مه‌رج و ئاسۆى فه‌لسه‌فه بريتييه له دۆخى كۆنكرێتيى چالاكييه سياسييه جياوازهكان، و فه‌لسه‌فه هه‌وڵده‌دات له هه‌ناوى ئه‌م دۆخانه‌وه كۆمه‌ڵێك ئامراز بۆ ڕوونكردنه‌وه و شهرعيهتپێدان و هتد بدۆزێته‌وه. ئه‌م ڕێگه و ڕه‌وته، ئه‌و بيرۆكه‌يه به‌جدى وه‌رده‌گرێت كه سياسه‌ت خۆى بريتييه له ئۆتۆنۆميى فيكر و بيركردنه‌وه، هه‌روه‌ها سياسه‌ت پراكتيك و چالاكييه‌كى دهستهجهمعييه كه خاوه‌نى هۆش و زيره‌كيى تايبه‌ت به خۆيه‌تى.
زۆر ئاشكرايه كه ئه‌مڕۆ ئه‌م پرسه به‌تايبه‌ت پرسێكى قورسه، چونكه چيتر ئێمه له دۆخێك‌دا نين جياوازييه‌كى ڕوون له‌نێوان دوو ئينتيماى سياسيى دژيهكدا هه‌بێت-وه‌ك ئه‌وه‌ى له سه‌ده‌ى بيسته‌مدا هه‌بوو. خۆ ڕاسته كه هه‌موان كۆك و هاوڕا نه‌بوون له‌سه‌ر ماهيه‌تى ده‌قاوده‌قى ئه‌م دوو سياسه‌ته دژيهكه، به‌ڵام هه‌موان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بوون كه دژيهكييهك له‌نێوان سياسه‌تى بۆرژوا/ديموكراسيى كلاسيك و سياسه‌تى شۆڕشگێڕانه‌دا بوونى هه‌يه. ئێمه له‌ناو شۆڕشگێڕه‌كاندا، به جۆش و خرۆش و ته‌نانه‌ت توندوتيژييشهوه مشتومڕى ئه‌وه‌مان بوو كه به‌ته‌واوى ڕێگاى ڕاست و درووست كامه‌يه، به‌ڵام له‌باره‌ى وجودى ئه‌م دژيهكييه جيهانييه‌وه شتێك نه‌ده‌وترا. ئه‌مڕۆ هيچ كۆكبوون و هاوڕاييهك له‌ئارادا نيه له‌مه‌ڕ هه‌بوونى دژيهكييهكى بنه‌ڕه‌تيى له‌م جۆره، سه‌ره‌نجاميش هه‌ڵقه و په‌يوه‌نديى نێوان فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت ئاڵۆزتر و تهمومژاويتر بووه؛ به‌ڵام ئه‌ركه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر هه‌مان شته: فه‌لسه‌فه هه‌وڵده‌دات دۆخه فرهييهكانى سياسه‌تى كۆنكرێتى ڕوونبكاتهوه، و شهرعيهتيش ببه‌خشێته ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ى كه له‌م فه‌زايه‌دا درووستده‌بن.
پرسيار: كه‌واته ده‌ستێوه‌ردانه فه‌لسه‌فييه‌كانى ئێوه له‌و دۆخه نوێيه‌دا درووستده‌بێت كه ئێوه به "ئاڵۆزتر و تهمومژاويتر" وهسفتانكرد، ئه‌ويش به‌به‌راورد به‌و به‌رامبه‌ركێ كلاسيكييهى نێوان هه‌ردوو ئينتيما سياسييه دژيهكهكه؟
باديۆ: به‌دڵنياييه‌وه. سه‌ره‌نجام، من فهلسهفهكهم وه‌ك ميراتگرێكى بزووتنه‌وه خه‌باتگێڕ و مه‌زنه‌كانى ساڵانى شه‌ست ده‌بينم. ڕاستت بوێت، فه‌لسه‌فه‌كه‌ى من له هه‌ناوى ئه‌م بزووتنه‌وانه‌وه هاتۆته‌ده‌رێ. فه‌لسه‌فه‌ى من فه‌لسه‌فه‌ى پابه‌ندبوون و بهرپرسيارێتييه، فه‌لسه‌فه‌ى دهرگيربوون و دهستهويهخهبوون، فه‌لسه‌فه‌ى وه‌فاداربوون ده‌رهه‌ق به سارته‌ر، يان گه‌ر پێت خۆشه [با بڵێين وه‌فادارى] بۆ ماركسيزم. ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌وه‌يه ڕۆشنبير ده‌رگيرى سياسه‌ت ببێت و پابه‌ندبێت به خه‌ڵك و كرێكارانه‌وه و لايهنگيرييان بكات. من له‌ناو ئه‌م نه‌ريته‌دا ده‌خولێمه‌وه. فه‌لسه‌فه‌كه‌ى من هه‌وڵده‌دات تا ئه‌و جێيه‌ى ده‌توانێت(كه ههمووكاتيش هه‌روا ساده نيه) ئه‌م بيرۆكه‌يه بهزيندوويى بهێڵێته‌وه، ئه‌و بيرۆكه‌يه‌ى كه سياسه‌تى باڵاده‌ست ئه‌ڵته‌رناتيڤێكى ڕاسته‌قينه‌ى هه‌يه و ناچار نيين له ده‌ورى سازان و كۆڕاييه باوه‌كه(consensus) بسوڕێينهوه كه عاقيبهتهكهى بريتييه له يه‌كگرتنى سه‌رمايه‌داريى جيهانى له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره ده‌وڵه‌ته‌دا كه له‌سه‌ر نوێنه‌رايه‌تيى ديموكراسى به‌نده. بۆيه ده‌ڵێم فيكرى من يان كاره‌كه‌ى من به مانايه‌ك له ماناكان، به‌ستراوه‌ته‌وه به دۆخى فيعليى سياسه‌ته‌وه، ئه‌ويش به‌و ئامانجه‌ى كه له پانتايى فه‌لسه‌فيدا بيرۆكه‌ى توانا و ئيمكان يان كردنه‌وه‌ى فه‌زا بۆ ئه‌و سياسه‌ته بهزيندوويى بهێڵمه‌وه كه ناويدهنێم سياسه‌تى ڕزگارى(politics of emancipation)- به‌ڵام خۆ ده‌شتوانين پێى بڵێين سياسه‌تى ڕاديكاڵ يان شۆڕشگێڕانه، [واته]هه‌ندێك زاراوه كه ئه‌مڕۆ جێى گومان و مشتومڕن به‌ڵام له هه‌مان كاتدا تهعبيرن له ئه‌گه‌ر و ئيمكانێكى سياسيى جيا له سياسه‌تى باڵاده‌ست.
پرسيار: ئێوه له‌م سياقهدا ئاماژه‌تان بۆ سارته‌ر كرد، له‌كاتێكدا وا چاوهڕواندهكرا ئاماژه به ئاڵتۆسێر بكه‌ن. په‌يوه‌نديتان به نه‌ريتى ئاڵتۆسێرييهوه چيه؟
باديۆ: نه‌ريتى ئاڵتۆسێرى هێجگار گرنگه، و من ژماره‌يه‌ك ده‌ق و كتێبى خۆمم بۆ ئاڵتۆسێر ته‌رخانكردووه. گه‌ر ئاماژه بۆ سارته‌ر ده‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌يه كه فه‌لسه‌فه‌ى سه‌رده‌مانى گه‌نجيم فه‌لسه‌فه‌يه‌كى سارته‌رى بوو، ئه‌ويش به‌ر له‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى ئاڵتۆسێر ببمه‌وه. پێموايه ڕه‌وت و بزاڤى ئاڵتۆسێرى به‌شێوه‌يه‌كى تايبه‌ت بزاڤێكى گرنگه، چونكه به‌شێوه‌يه‌كى كه‌متر ئايدياڵيستى ژيان و وزه ده‌به‌خشێته‌وه به په‌يوه‌نديى نێوان فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت- واته به فۆرمێك كه چيتر به فۆرمى ئاگايىدا تێناپه‌ڕێت. به‌ڵام له سارته‌ردا هێشتا له‌به‌رده‌م مۆدێلێكى كلاسيكيى ڕۆشنبيرداين كه له سه‌ره‌تاوه به‌پێى زاراوه‌كانى "ئاگايى و هۆشيارى" دركدهكرێت، ئه‌و ڕۆشنبيرهى كه پێويسته په‌يوه‌ندى بكات به خه‌بات و ڕێكخراوه كرێكارييهكانهوه، ئيدى چ سه‌نديكا و يه‌كێتييه كرێكارييه‌كان بێت ياخود حيزبه كۆمۆنيستييهكان بێت. گه‌وره‌يى ئاڵتۆسێر له‌و ڕاستييه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه نه‌خشه و هێڵكارييهكى نوێ ده‌خاته‌ڕوو كه تێيدا په‌يوه‌نديى نێوان فه‌لسه‌فه و سياسه‌ت چيتر به‌ناو دهروونناسيى فۆرمى ئاگاييدا تێناپه‌ڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه سارته‌ر كردى. ئاڵتۆسێر به‌و باوه‌ڕه پته‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات كه فه‌لسه‌فه ده‌ستوه‌رده‌داته ناو فه‌زاى ڕۆشنبيريى سياسه‌ته‌وه. كاتێك ئه‌م هاوكێشه‌يه ده‌خاته‌ڕوو، مه‌به‌ستى چيه؟: «فه‌لسه‌فه بريتييه له ڕێكخستن و تهنزيماتى خه‌باتى چينايهتى له‌ناو تيۆردا». دياره خه‌باتى چينايهتى هه‌يه و بهدڵنياييشهوه فه‌لسه‌فه داينههێناوه. خه‌باتى چينايهتى هه‌يه و به‌بێ خۆلادانيش كاريگه‌رى ده‌خاته سه‌ر هه‌ڵبژاردنه فيكرييهكان. فه‌لسه‌فه له‌ناو خه‌بات و ململانێى نێوان ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا ڕۆڵێكى تايبه‌تى هه‌يه: ده‌ستێوه‌ردان و هه‌ر لێره‌شه‌وه ناونان، نۆرم و ڕێسا، پۆڵێنكردن و سه‌ره‌نجاميش هه‌ڵبژاردن له كايه‌ى خه‌باتى چينايه‌تيى تيۆرى يان فيكرىدا. سارته‌ر و ئاڵتۆسێر جياوازن له يه‌كترى و بگره دژيهكيشن، به‌ڵام ده‌توانيت له پنتێكدا ئاشتيان بكه‌يته‌وه؛ واته فه‌لسه‌فه هيچ نيه گه‌ر نه‌لكێت به پابه‌ندبوون و به‌رپرسيارێتيى سياسييه‌وه.
پرسيار: تۆ خۆتت وه‌ك "كۆمۆنيستێك ناوبردووه به ماناى ژانريك و گشتيى وشه‌كه". به‌ڵام له ناواخندا و به‌به‌رده‌وامى جه‌خت له‌سه‌ر بێتوانايى تيۆريى كلاسيكيى ماركسيزم ده‌كه‌يته‌وه له به‌رهه‌مهێنانى سياسه‌تێكى ڕاسته‌قينه‌ى كۆمۆنيستيدا. ئه‌مڕۆ "كۆمۆنيزم"["يان ئامانج و مه‌رامى هاوبه‌ش"] چۆن ده‌توانێت ببێته "ناوێكى هاوبه‌ش" بۆ كردنه‌وه و ئاوه‌ڵابوونى ئاينده؟
باديۆ: پێموايه پێويستده‌كات جياكارييه‌ك له‌نێوان كۆمۆنيزم و ماركسيزمدا بكه‌م. پێموانييه به‌ڕه‌هايى پێويست به‌وه بكات وشه‌ى كۆمۆنيزم بپارێزين، به‌ڵام من ئه‌م وشهيهم زۆر خۆشده‌وێت. خۆشم ده‌وێت چونكه گوزارشته له ئايدياى كۆمه‌ڵگايه‌ك و دونيايه‌ك كه پره‌نسيپى يه‌كسانيى تيا زاڵه، دونيايه‌ك كه چيتر به‌پێى په‌يوه‌ندييه كۆمه‌ڵايه‌تييه كلاسيكييه‌كان ڕێكناخرێت- په‌يوه‌ندييه‌كانى سامان، دابه‌شكردنى كار، جياكاريى ڕه‌گه‌زى(segregation)، ئه‌زێتدان و بهدڕهفتاريى ده‌وڵه‌ت، جياوازيى ژێندهرى، و هتد. ئه‌مه بۆ من "كۆمۆنيزم"ـه. كۆمۆنيزم به "ماناى گشتيى وشه‌كه" و به‌و سادهييه واته هه‌مووكه‌س له‌ناو فره‌يى و هه‌مه‌ڕه‌نگيى ڕۆڵ و كاركرده كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا له‌گه‌ڵ ئه‌ويتردا يه‌كسانه. من هێشتاش به‌ته‌واوه‌تى هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌م كه پێويسته ڕه‌خنه‌يه‌كى ڕاديكاڵى «دابه‌شكردنى كار» بكه‌ين. به بڕواى من، ئه‌مه هه‌م عاقڵانهيه و هه‌م عاديلانهش. هيچ هۆيه‌ك بوونى نيه بۆ ئه‌وه‌ى كه بۆچى ده‌وڵه‌ت كهناسێكى سه‌ر جاده ڕاوده‌نێت و مانگانهيهكى بژىومهمرهى هه‌يه، كه‌چى هاوكات ڕۆشنبيران و نوخبه له‌ناو كتێبخانهكانياندا ڕێزيان لێبگيرێت و له ئاشتى و ئاراميدا بژين. ئه‌مه گاڵته‌جاڕييه. ئه‌وه‌ى من ناويدهنێم كۆمۆنيزم، كۆتاييهێنانه به‌م بێمانايى و گاڵته‌جاڕييه. كۆمۆنيزم بريتييه له بيرۆكه‌ى كۆمه‌ڵگايه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى پره‌نسيپێكى وجود و هه‌بوون كه تێكڕا له بارى قورس و پڕووكێنهرى په‌يوه‌ندييه‌كانى سامان و ده‌سه‌ڵات"دابڕێنراوه و جياكراوه‌ته‌وه"، هه‌روه‌ها له‌م ڕووه‌شه‌وه له‌سه‌ر دابه‌شكردنێكى تر‌ى چالاكييه ئينسانييهكان به‌نده. به‌م مانايه من كۆمۆنيستم. هه‌روه‌ها دژى هه‌موو ئه‌و كه‌سانه خه‌بات ده‌كه‌م كه ده‌ڵێن ئه‌مه مه‌حاڵه و كارى نهكردهيه، كه گوايا نايهكسانى له زات و سرووشتى شته‌كان و مرۆڤه‌كان خۆياندايه. سارته‌ر له جێيه‌كدا ده‌ڵێت، گه‌ر ئه‌م ئايديا كۆمۆنيستييه بوونى نه‌بوايه ئه‌وا توخمى مرۆڤ فه‌زڵێكى به‌سه‌ر مهيمونهكاندا نه‌ده‌بوو، ته‌نانه‌ت له شارهمێروولهيهك يان بڕێك مێرووله باشتر نه‌ده‌بوو.
به‌ڵام ماركسيزم شتێكى تره- به‌تايبه‌ت ئه‌و ده‌مه‌ى پرسى چالاكييه ماركسييهكانى وه‌ك ڕێكخستن و ته‌نزيمات و سياسه‌تى كۆنكرێتى دێته ئاراوه. ئه‌م چالاكى و پراكتيكانه ده‌ره‌نجامێكى سه‌ير و سهرسوڕهێنهريان هه‌يه. وه‌كو ئه‌گه‌ر و ئيمكانى ڕاپه‌ڕينى دهستهجهمعيى سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئۆكتۆبه‌رى 1917، يان ئيمكانى ڕێكخستنى ته‌واو تازه‌ى كرێكاران و جووتياران له فۆرمى سوپاى كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى "چين"دا. به‌ڵام گه‌ر ئه‌و شته له‌به‌رچاو بگرين كه لينين پێى ده‌ڵێت "ئه‌لفوبێى كۆمۆنيزم"، واته كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك به‌سه‌ر دوو چيندا دابه‌شده‌بن، ئه‌وا حيزب ده‌بێته نوێنه‌رى چينهكان، حيزبهكانيش له‌لايه‌ن سه‌ركرده‌كانه‌وه ئاراسته ده‌كرێن- ئۆكه‌ى، ئه‌مه هێشتاش هه‌ر ئايديايه‌كى مه‌زنه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به كه‌ڵكى هيچ نايه‌ت. ڕێكخستنى جه‌ماوه‌رى هێشتاش هه‌ر مهسهلهيهكى بنه‌ڕه‌تييه. به‌ڵام گه‌ر خه‌ڵكه ڕێكنه‌خراو و پهرشوبڵاوهكانى سه‌رمايه‌داريى جيهانى وه‌ك خاڵى ده‌سپێك وه‌ربگريت ئه‌وا ناتوانيت ئه‌و گريمانهيه بكه‌يت كه كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر چينهكاندا.
پرسيار: تۆ داكۆكى له "سياسه‌تى بێحيزب" ده‌كه‌يت، له‌گه‌ڵ مۆدێلێكى نوێى "ڕێكخستن و ته‌نزيمات"دا. چۆن جياياندهكهيتهوه؟ له‌به‌ر چييش؟ هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ چ په‌يوه‌ندييه‌ك له‌نێوان سياسه‌ت و ده‌وڵه‌تدا هه‌يه؟
باديۆ: پرسى "ڕێكخستن" هێشتاش هه‌ر بايه‌خێكى بنه‌ڕه‌تيى هه‌يه، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وانه‌شى كه پێيانوايه هه‌ر لهبنچينهوه نابێت سياسه‌ت ڕێكبخرێت و ته‌نزيم بكرێت، بۆنمونه وه‌ك نه‌ريتى گه‌وره‌ى ئهنارشيزم. ناو و ناونيشانى "ڕێكخستن" ئاماژه‌يه بۆ ڕه‌هه‌ندێكى دهستهجهمعيى چالاكيى سياسى. ده‌زانين كه ڕێكخستن ده‌توانێت فۆرمى بزووتنه‌وه، حيزب، يه‌كێتى و سه‌نديكا، يان هه‌ر شتێكى تر بگرێته خۆى. ئه‌مه نه‌ريتێكى مه‌زنه. به‌ڵام ئه‌مڕۆ ئێمه له دۆخێكداين كه مۆدێلى ته‌واو باڵاده‌ستى حيزبى چينايهتى، مۆدێلى حيزبى پێشه‌نگى لينينى(له مانا ئێستاتيكييهكهشيدا) گه‌يشتۆته بنى و لێى ده‌ڕژێت. هه‌ڵسه‌نگاندنى من بۆ حيزبى لينينى ئه‌وه‌يه ئه‌م حيزبه مۆدێلێك بوو كه ڕۆڵ و كاركردهكهى بريتى بوو له ڕه‌خساندنى ڕاپه‌ڕينێكى سه‌ركه‌وتووانه. لينين هه‌ميشه بير‌ى له شكستى خوێناويى ڕاپهڕينه كرێكارييهكانى سه‌ده‌ى نۆزده‌يه‌م ده‌كرده‌وه، به‌تايبه‌ت كۆمۆنهى پاريس. به زمانى لينين، كۆمۆنهى پاريس يه‌كه‌مين ئه‌زموونى ديكتاتۆريه‌تى پرۆليتاريا بوو و جگه له تێكشكانێكى خوێناوييش هيچى تر نه‌بوو. شكستى هێنا چونكه بزاڤه‌كه به‌ده‌ر بوو له ديسپلين، پارچه‌پارچه و بێده‌سه‌ڵات بوو. لينين ئه‌و ڕێنماييه ده‌كات كه پلهيهكى باڵاى چڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كرێكاران له چوارچێوه‌ى حيزبێكدا هه‌بێت، حيزبێك كه بتوانێت سهركردايهتيى چين بكات و ڕێكىبخات. سهلمانديشى كه لانيكه‌م سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ى ڕێكخستن، بيرۆكه‌يه‌كى باش بووه. شۆڕشى 1917، يه‌كه‌مين ڕاپه‌ڕينى سه‌ركه‌وتوو بوو له مێژووى مرۆڤايه‌تيدا. له‌به‌ر ئه‌مه‌يه كه ئه‌م شۆڕشه گرنگييهكى له‌ڕاده‌به‌ده‌رى هه‌يه- ئه‌و هه‌نگاوه‌ى كه نرا. له‌دواى ژماره‌يه‌كى زۆر شۆڕشى كرێكارى له سه‌ده‌ى پێشوودا، كه هه‌موويان به‌بێ هه‌ڵاواردن به دڕندهييهكى خوێناوى و نائاساييهوه داپڵۆسێنران، دواجار مۆدێله لينينييهكه ئه‌گه‌رى سه‌ركه‌وتنى بۆ شۆڕشێك ڕه‌خساند.
به‌ڵام ئه‌م مۆدێله، شتێكى له‌مه زياترى پێنه‌بوو. سه‌باره‌ت به پرسى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامبوونى ده‌سه‌ڵاتى دهوڵهتييش، مۆدێلى ده‌وڵه‌تى تاكحيزبى به‌هۆى ده‌رخستنى كۆمه‌ڵێك كه‌موكورتيى جديى خۆيه‌وه كۆتاييهات، چ ئه‌و كهموكورتييانهى كه ترۆتسكيستهكان پێىدهڵێن "به بۆرۆكراتيكردنى هه‌موو شتێك"، چ ئه‌وه‌ى ئهنارشيستهكان پێىدهڵێن تيرۆريزمى ده‌وڵه‌تى يان ئه‌وه‌ى ماويستهكان به نۆژهنخوازى(revisionism) ناويدهبهن. هيچكام له‌مانه لێره‌دا گرنگ نين. ئاشكرايه مۆدێلى ده‌وڵه‌تى تاكحيزبى، شكستێك بوو. له‌ڕووى به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى ده‌سه‌ڵاته‌وه، حيزب سه‌ركه‌وتوو بوو؛ به‌ڵام له‌ڕووى پيادهكردنى ده‌سه‌ڵاته‌وه نا. بۆيه ئێمه له بڕگه‌يه‌كى مێژووييداين كه پێويسته له مه‌سه‌له‌ى حيزب وه‌ك مۆدێل و سه‌رمه‌شقى ڕێكخستن تێپهڕيبێت يان تێپه‌ڕێت. ئه‌م مۆدێله كێشه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌ى چاره‌سه‌ر كرد، به‌ڵام ده‌بێت ئێمه گرفته‌كانى سه‌ده‌ى بيست چاره بكه‌ين.
به بڕواى من، ده‌بێت ئه‌مڕۆ شێوازى ڕێكخستن ناڕاسته‌وخۆتر په‌يوه‌ست بكرێته‌وه به پرسى ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه و ده‌رببڕدرێت. مۆدێلى حيزبى سه‌نته‌رگه‌را جۆرێكى نوێى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌خساند كه هيچى له ده‌سه‌ڵاتى حيزب خۆى كه‌متر نه‌بوو. ئێمه ئێستا له سهردهمێكداين كه من ناويدهنێم "مه‌ودايه‌ك له ده‌وڵه‌ته‌وه". هۆكاره‌كه‌شى به‌ر له هه‌مووى ئه‌وه‌يه كه مه‌سه‌له‌ى ده‌سه‌ڵات چيتر مهسهلهيهكى خێرا و ڕاسته‌وخۆ نيه: ئه‌مڕۆ چيتر له هيچكوێ "وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات" له‌ڕێگه‌ى هه‌ستان و ڕاپه‌ڕينى خه‌ڵكه‌وه وه‌ك شتێكى ئاسان و مومكين ده‌رناكه‌وێت. ده‌بێت به‌دواى فۆرمێكى نوێ‌دا بگه‌ڕێين. من و هاوڕێكانم له (ئۆرگانيزاسيۆن پۆڵهتيك) به‌مه ده‌ڵێين "سياسه‌تى بێحيزب". ئه‌م ده‌سته‌واژه‌يه به‌ته‌واوى وه‌سفى و نێگه‌تيڤه و دۆخه‌كه‌ش پێناسه ده‌كات. مانا ساده و ساكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌يه كه ئێمه نامانه‌وێت بچينه ناو شێوازێكى ڕێكخستنه‌وه كه به‌ته‌واوى لكابێت به ده‌وڵه‌ته‌وه. هه‌م فۆرمه شۆڕشگێڕييهكهى حيزب و هه‌م فۆرمى هه‌ڵبژاردن(ده‌نگدان) له‌مڕۆدا په‌يوه‌ست بۆته‌وه به ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ته‌وه. له هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، حيزب ملكه‌چى پرسى ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته. پێموايه پێويستده‌كات ئه‌م ملكهچييه تێكشكێنين و سه‌ره‌نجام ئه‌و ڕێكخستنه سياسييه(له هه‌ر فۆرمێكدا بێت) ده‌رگيرى ئه‌و پرۆسه سياسييانه بكه‌ين كه ناچێته ژێر ڕكێفى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ته‌وه-"واته دابڕێنراو ياخود داشكێنراون [له ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت]"-. به‌پێچه‌وانه‌ى فۆرمه شۆڕشگێڕييهكهى حيزبه‌وه، ئه‌م سياسه‌تى دابڕين و داشكاندنه، چيتر يهكسهر وێرانكار، دوژمنكارانه و ئهنتاگۆنيستى، يان چه‌كدارانه نيه.
پێموايه حيزبى لينينى له بنجوبناوانى خۆي‌دا مۆدێلێكى سه‌ربازييه. ڕێك هه‌رواش بوو. ئه‌مه ڕه‌خنه نيه. پرسيارێك ئاراميى له‌به‌ر لينين بڕيبوو: چۆن له جه‌نگدا سه‌ركه‌وين؟ له‌م ڕووه‌وه، پرسى ته‌نزيمات لێره‌دا بۆ سوپا، پرسێكى بنه‌ڕه‌تييه. ناتوانيت له جه‌نگێكدا بيبهيتهوه گه‌ر خه‌ڵكى ههرچييان ويست بيكه‌ن و يه‌كڕيز و يه‌كگرتوو نه‌بن و هتد. به‌هه‌رحاڵ ئه‌مڕۆ كێشه‌ى سياسه‌تێكى ڕزگاريخواز بريتييه له داهێنان و ئه‌فراندنى شێوازێكى ناسهربازيى ديسپلينكردن. ئێمه پێويستمان به ديسپلينێكى جه‌ماوه‌رييه. زۆرجار وتوومه و ئێستاش ده‌يڵێمه‌وه كه «ئه‌وانه‌ى خاوه‌نى هيچ نين، خۆ خاوه‌نى ديسپلينكردنى خۆيانن». هه‌ژاران، ئه‌وانه‌ى كه نه داراييهكيان هه‌يه و نه ئامرازێكى سه‌ربازى، ئه‌وانه‌ى كه هيچ دهسهڵاتێكيان نيه- هه‌موو ئه‌وه‌ى هه‌يانه بريتييه له ديسپلينهكهيان، توانا و توانستيان بۆ ئه‌كت و چالاكييه‌كى ده‌سته‌جه‌معى. ئه‌م ديسپلينه ڕێك بۆخۆى شێوازێكى ڕێكخستنه. پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه ئايا ده‌توانرێت هه‌موو جۆره ديسپلينێك كورتبكرێته‌وه بۆ شێوازێكى سه‌ربازى يان نا، شێوازێك كه له سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى بيسته‌مدا باڵاده‌ست بوو. چۆن ده‌توانين ديسپلينێكى ناسه‌ربازى بدۆزينه‌وه و دابهێنين و پيادهبكهين، يان بيخه‌ينه به‌ر تاقيكردنه‌وه- سه‌ربارى هه‌ر شتێكى دى، ئێمه ئه‌مڕۆ له سه‌رده‌مى تاقيكردنه‌وه‌ى درووست و نادرووستداين.
سه‌رچاوه:
ئه‌م گفتوگۆيه به‌شێكه له گفتوگۆيه‌كى دوورودرێژتر له كتێبێكى بچوكى ئالان باديۆدا به‌ناوى: "فه‌لسه‌فه بۆ خه‌باتگێڕان" و بڕياره له چوارچێوه‌ى چاپكراوهكانى گرووپى نێگهتيڤدا بڵاوبێته‌وه.