A+    A-
(1,093) جار خوێندراوەتەوە

             «...دوایی بۆت دەنێرم»

             (وردبوونەوەیەکى تیۆرى)

 

 

 

وەلید عومەر

 

 

 

دەربڕینى «...دوایی بۆت دەنێرم», یەکێکە لە دەربڕینە دووبارە و فرەبەکارهاتووەکانى ئەمڕۆمان. ئەم دەربڕینە لە زیمنى گفتوگۆ و دەمەتەقێ جیاجیاکاندا بەکاردێت. زۆرجاریش ئەو قسەکەرە بەکاریدەهێنێت کە باسى تێمایەک(بابەتێکى ڤیدیۆیی, نوسینێک, پۆستێک, هتد) دەکات و تێماکە وەک پاڵپشتى قسەکەى خۆى دێنێتەوە. واتە پەنجە بۆ نمونەیەک ڕادەکێشێت کە لەو کاتەدا ئامادە نیە و سوکەبەڵێنێک بە بەردەنگ دەدات بۆى بنێرێت. بەتایبەتییش لە جێیەکى باسوخواسەکاندا کە ڕۆڵى کردنەوەى کەوانە (...) دەگێڕێت, ڕۆڵى نمونەیەک کە لەویادا وردناکرێتەوە و ناگێڕدرێتەوە. لێرەدا دوو مەبەست وایکردووە, لەسەر ئەم باسە بوەستین. باسەکە لەڕواڵەتدا لاوەکییە, بەڵام بنچکەکەى لە شوێنى لەخۆى گەورەتردایە.

 

١) مەبەستێکى زەمەنناسییانە:

لە دەربڕینەکەدا وشەى "دوایی(دواتر)" بریتییە لە ئاوەڵکارێکى کاتى, وشەیەکە بۆ تەواوکردنى کارەکە و کاتى ڕوودانى کارەکە. بەڵام ئاخۆ ئەم "دوایی"يهى لێرەدا هاتووە قەت ڕوودەدات؟ گەر کاتەکە لە عانى کارەکە و گفتوگۆکەدا ڕووبدات, ئەوا پێدەچێت لە سیاقى ئەمڕۆماندا قەت ڕوونەدات. واتە پێدەچێت تەنیا ژێستێکى کردن بێت نەک خودى کردن, ژێستیش هەردەم ڕێژەیەک لە ڕێژەکانى کردن(doing)ى تیایە و فشە و نمایشى ڕووت نیە[1]. کاتێک بە کەسى بەرامبەر یان چواردەورمان دەڵێین, باشە دوایی بۆت دەنێرم, ئەوا مەبەستمان ئەوەیە لەواقیعدا و لە ئاستى ئەزموونییدا قەت بۆى نەنێرین. مەبەستم ئەوە نیە بیخەڵەتێنین, بەڵکو قەرەباڵخیی سەردەمەکە و وادەى ترى لەو جۆرە وایکردووە, دواییەکە خۆى ببێتە شتێکى ئاسایی: شتێک کە ڕەنگە بتوانین ناوى‌بنێین ورتکەبونیادى ناو گوتارى کۆمەڵایەتى. ئەمەش لە دوو ڕووەوە لە بونیاد(ستراکتۆر-ستراکچە) دەچێت, یەکەمیان بونیاد لە دەرەوەى کاتەوەیە و زەمەن ئیشێکى ئەوتۆى تیا ناکات, دووەمیش ئاوەڵکارە ڕەنجەڕۆکەمان خۆى تەنیا لە فۆرمدا کاتەکى دەنوێنێت و لە ناوەڕۆکدا دەرەکات و دەرەئەزموونى و ئەنجامنەدراو دەمێنێتەوە. گەر هەردوو خاڵەکە بکەینە یەکێک ئەوا تێدەگەین ئەم "دوایی"يه وەک بونیاد شتێکە دەکەوێتە "پێشتر"ـەوە, پێشوەخت حزوورى هەیە و لە باسەکاندا دووبارەدەبێتەوە, پنتێک نیە لەڕووى زەمەنییەوە دیاریکەین بۆ ئەوەى کارەکەى تیا ئەنجامبدەین(پێدەچێت هەرکەس بیر لە خۆى بکاتەوە و لە زۆر بواردا نمونەى بۆ بدۆزێتەوە). ئەم "دوایی"يه, لە یەک کاتدا دەکەوێتە دەرەوەى ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشەوە, بۆیە چاڵێکە لە هەناوى زەمەنى گفتوگۆکە خۆیدا, عادەتێکە چەشنى بونیادێکى ڕەمزى لە زۆر شوێن و زۆر باردا دووبارەدەبێتەوە. واتە چوارچێوەیەکە بۆ کۆمەڵێک باس و ڕەگەز. بە مانایەکى تریش, بونیاد خۆى ئەو چەمکە فەلسەفییەیە کە کاتى هێند تیا کاڵدەبێتەوە, پتر لە شوێن و پێگە و تۆپۆلۆژیاوە نزیکدەبێتەوە(محەمەد عابد ئەلجابیرى کە باسى کۆمەڵگاى عەرەبى دەکات, پێى‌وایە کات هێند بزردەبێت عەقڵیەتى عەرەبى لە شوێندا خۆى دەگرێتەوە چەشنى کوفە و بەغا و دیمەشق و قاهیرە و هتد). وێڕاى دووریی هەردوو باسەکە, کەچى لەو خاڵەدا یەکتر دەبڕن کە پاشەکشەى کات وادەکات جۆرێک لە شوێنمەندى و بونیاد بێتەئاراوە و بگرە بشبێتە سەنتەر(کە لێرەدا شوێنى دانیشتن بەسەر کات و وادەى ناردنى بابەتەکەدا زاڵدەبێت و بگرە پاشەکشەشى پێدەکات). ئەم حوکمە لەوێشدا جێى تێڕامانە کە وشەیەکى وەک "یادگە", کۆکەرەوەى کات و شوێنیشە(یاد وەک جێکەوتى کات و پاشگرى گە وەک پاشگرێک بۆ داڕشتنى شوێن). ڕەنگە لەم وشەیەدا کە بە واتاى زاکیرەش دێت, کاڵبوونەوەى زاکیرە دەرکەوێت لەمڕۆماندا. مەبەستم ئەوە نیە ئاماژە بۆ ئەو زانیارییە سەرەتاییە بکەین کە زاکیرەمان کز بووە, ئەمە ڕاستە, بەڵام دەمەوێت بڵێم لە خێرابوونەوەى زەمەن و دونیادا, ئەوەى دەبێتە قوربانى ڕەنگە هەر زەمەن خۆى بێت(ئایا وشەى "دوایی" و یادگە گەواهییەک نین بۆ ئەمە؟). جیا لەمانەش دەتوانین سەرکێشییەکى تیۆرى بنوێنین و بڵێین, ئەم "دواتر"ـەى کە دەرەکات و بونیادییە, پێناسەکەرى نەستیشە. نەست خۆى بونیادێکە لە دەروونشیکارییدا و دەرەزەمەن و دەرەکاتیشە. نەستیش خۆى بریتییە لە "دواتر"ێک کە "پێشتر" لەکاردابووە و لەکاریشدا دەمێنێتەوە, "دواتر"ێک کە قسەکەر بەتەواوى بۆى جڵەناوکرێت و جۆرێکە لە ناکاتى و ناهاوکاتى لەگەڵ مەى مرۆڤدا. ئێمەى مرۆڤ جیا لەم باسەى ئێرە, هەمیشە مامەڵە بە «دواتر»ێکەوە دەکەین کە پەیوەندیی بە کاتەوە نیە و ناوى نەستە. خاڵى دواتر کە دەروونشیکارانەیە, خۆى لە قەرەى ئەم خاڵە نادات, بۆیە لە ڕوویەکى ترەوە دەربڕینەکە وەردەگرێت:

 

 

٢) مەبەستێکى دەروونشیکارییانە:

 وشەى "دوایی" لەو دەربڕینەى باسەکەماندا, پەیمانێکە لەنێوان هەردوولادا بۆ ئەوەى ئەنجامنەدرێت. دیارە شتەکە هەروا بەو سادەییە نیە کە بێوادەیی بنوێنین و بەڵێنى چەوت بدەین, بەڵکو حاڵەتەکە ناسکتر و هەستیارترە. واتە وتنى شتەکە خۆى لەوێدا, بریتییە لە ئەنجامدانەکەشى. وتنى دەربڕینەکە, وتنى ڕستەیەکى تیۆرى نیە بۆ ئەوەى "دواتر" ئەنجامیدەین, بەڵکو وتن و کردنەکە لەڕووى دەروونییەوە بەشێوەیەکى هاوکات ڕوودەدەن. دواتر خۆى لەوێدا ڕوودەدات و پەیوەندیی بە "دواتر"ـە زەمەنییەکەوە نامێنێت.  بە مانایەکى تایبەت, قسەکەر و گوێگر هەردووک, خۆیان بە فریوداندا دەدەن. خۆیان دەدەنە دەم جۆرێک لە خۆخەڵەتاندنى دوولایەنە و چەندلایەنەوە چونکە دەربڕینەکە ئەرکى خۆى بەجێدێنێت و پێویستیش ناکات کابرا بابەتەکە بنێرێت. بۆیە گەر لەڕووى زەمەنییەوە ڕوونەدات, ئەوا لەڕووى دەروونشیکارییانەوە هەر لەویادا ڕوودەدات و لە هیچ خاڵێکیشیاندا "کاتى دواتر(Later)", لەگۆڕێدا نیە, و پێویستیش ناکات لەگۆڕێدا بێت. وەک‌بڵێى, سیاقەکە لەویادا پەیوەندیی بە کاتەوە نیە و گەر لەدوا گریمانەشدا هەیبێت ئەوا جۆرێک لە سڕکردنى "دەمى ئێستا"یه. ئەم پەیمانە شاراوەیە لەنێوان قسەکەر و گوێگردا, فریودانێکى ڕووتى ساویلکانە نیە وەک ئەوەى لە دەروونناسیی باودا هەیە, بەڵکو جۆرێک لە ڕاستگۆیی تەواوەتییە. چونکە مەرامەکە لەویادا دەلالی‌یە, واتە خۆکۆکردنەوەیە بۆ پێشکەشکردنى مەبەستێکى دیاریکراو. ڕستەکە ئەو نامەیەیە وا دەقاودەق لە ساتى ناردنیدا گەیشتووە. پێویستناکات تۆزێک کات تێپەڕێت و وەرگەڕێت بۆ "دوایی" و شتەکەش بنێرین, بەڵکو ناردن و گەیشتن لە یەک چرکەى دەروونشیکارانەدا یەکدەگرن و خێراترین چاوبەستى فۆرم و ناوەڕۆک دەقەومێت. ناوەڕۆک جۆرێک لە پەستان لەسەر فۆرم درووستدەکات کە بوار بە فۆرم نەدات ئاماژە بۆ شتێکى تر بکات جگە لە کردەیەکى ڕووتى هاوکات و ڕاگوزەر. واتە گەر داهاتوو ناوەڕۆکەکە بێت, ئەوا لە فۆرمدا چڕدەبێتەوە و هەر لەویاشدا دەپووکێتەوە, بەڵام پووکانەوەکە جۆرێکە لە کردار. گەر کردار نەبێت, ئەو ڕۆڵە گرنگەى نابێت لە گفتوگۆدا. بەم پێیە, دەربڕینێکى وەک "دوایی بۆت دەنێرم", هیچ عێدزییەکى دەروونیی لێ ناکەوێتەوە چونکە دەروونناسانە نیە بەڵکو دەروونشیکارانەیە. هەموومان هەر ئەو ساتە بیرماندەچێتەوە چى بنێرین یان چیمان بۆ دێت, ئەویش هەم لەبەر پێگە و ڕۆڵى دەربڕینەکە و هەم لەبەر کۆى سەردەمەکەش کە زاکیرەى تیا کورتترە.

دیاردەکانى ناو ژیانى مرۆڤ لە پێوەندیی سەمەرە و ئاڵۆسکاودان. بۆنمونە, سەیر نیە کە پێگەى وشەى "دوایی" و "چوونەسەر مەریخ", لەیەکترەوە نزیک بن: ئێمە وەک مرۆڤ سەردەمانێکى دوور مەریخ‌مان بە مەودایەکى دوور دادەنا, وەک کاتێک کە پێناچێت ئاسان بێتەپێشەوە, وەک جۆرێک لە شوێن کە تەنیا بۆ ڕووە ناوەکییەکەى زمان بەکەڵکدێت و ئەرکێک لە ناو ڕستەدا بەجێدێنێت. بۆنمونە دەوترا "شیمانەیەکى هێند دوورە وەک ئەوە وایە بگەیتە سەر مەریخ", قسەکەرەکە واى دادەنا بەو زووانە ناگەینە مەریخ, مەسەلەکە بەر لەوەى شوێن و دووریی فەزا بووبێت, دووریی کات بووە(بەراوردێکى ناخودئاگایانەش بە تەمەنى کەسەکە لەگۆڕێدا بوو). کاتێک ئەمڕۆ دەڵێین "دوایی بۆت دەنێرم", نزیک بوو لەوەى دەوترا "مەگەر لەسەر مەریخ ڕووبدات". بۆیە کاتێک وەک ڕووداوێکى زانستى دەچینە سەر مەریخ, ئەوا خودى مەریخ لە ئاستى زمانەوانییدا لەدەستدەدەین. واتە چیدى مەریخ ئەو سەنگە میتافۆرییەى نیە, ئەو کێشە شوێنەکییەى نیە هەیبوو, هێند نەبێت وەک بونیادێک دەمێنێتەوە و دەبێت بۆ مەریخێکى زمانەوانیی تر بگەڕێین. مەریخ کە لەناو گفتوگۆدا بەکاردەهات, بۆ ئەوە نەبوو بچینە سەرى بەڵکو بۆ ڕاییکردنى مەبەستێک بوو. شتێکى هاوشێوەى ڕستەى "دوایی بۆت دەنێرم", کە ئەم دواییە شتێک نیە بۆ ڕوودان بێت. وەکچۆن فەتحکردنى سەرەتاییانەى مەریخ جۆرێک لە پووکانەوەى شاراوەى تیا درووستکردین, ناردنى شتەکەش لەو ڕستەیەدا زۆرجار هەمان پووکانەوە دەخولقێنێت. ڕەنگە شتەکە لە حاڵەتێک لە حاڵەتەکاندا لەلایەن بەرامبەرەوە بنێردرێت, بەڵام هەرگیز ئەو سەنگەى کاتى گفتوگۆکەى نیە و ڕەنگیشە گومانێک لە ناردنەکەى بکەیت.

دیارە ئەمە وەک دیاردەیەکى کوردییانە باسدەکەم, و نازانم بەوردى لە کەلتورەکانى ئێستاى دونیادا چۆنە. ڕەنگە لە جێگاکانى تریش بە ڕێژە و چەندایەتیی دیکە هەبێت بەڵام چۆنایەتییەکەی جیاواز بێت. پەیوەندیی چەندایەتى و چۆنایەتى, پەیوەندییەکى گرنگە. جار هەیە پەیوەندییەکى دیالەکتیکییە(وەک ئەوەى لەناو دیاردەیەکدا سەردەکێشن بۆ یەکتر و شتێک لە نوختەیەکى چەندایەتییدا وەردەگەڕێت بۆ چۆنایەتى: نمونە باوەکە کوڵانى ئاوە لە پلەى سەتدا), جاریش هەیە چەندایەتییەکە لە جێیەکە و چۆنایەتییەکە لە جێیەکى ترە و هیچ پەیوەندییەکى دیالەکتیکى و کارلێککەر لەنێوانیاندا نیە. بۆ ڕوونکردنەوەى باسەکە, هەڵوەستەیەکى کورت لەسەر یەکێک لە دەربڕینە باوەکانى ناو نوسین دەکەین لە هەردوو زیهنیەتى کوردى و ئینگڵیزی‌دا. کاتێک نوسەرێکى ئینگڵیز(بەگشتى), دەنوسێت «لە کورتى بیبڕینەوە(shortly-in short)»,  ئەوا مەبەستێکى چەندایەتیی هەیە, واتە دەیەوێت بە کورتترین و کەمترین وشە, مەبەستەکەى پوختکاتەوە و بیڵێت. بەڵام کاتێک خوێنەرێک یان خوێنەوارێکى کوردزمان دەڵێت «با لە کورتى بیبڕینەوە», ئەوا مەبەستەکەى چۆنایەتییە و دەیەوێت شتێک لە ماهیەتى باسەکەى بۆ هەڵپاچیت, لقێک لە مەسەلەکەى بۆ سادەکەیتەوە, ناوەڕۆکى بابەتەکەى بۆ پاککەیت. ئەم دەربڕینە لە دوو کەلتورى نوسیندا, دەردەخات. یەکەمیان, جۆرێک لە ئابوریی گەیاندن و نوسینە و ئەویتریشیان هەژارییەکى زەینییە کە لە ئاڵۆزى هەڵدێت. ئاخۆ دەتوانین نزیک لەم نمونەیە, جۆرە پەیوەندییەکى تر لەنێوان دوو کەلتوردا بدۆزینەوە سەبارەت بە دەربڕینێکى وەک «...دوایی بۆت دەنێرم» و هتد؟ ئاخۆ سەرەڕاى ئەوەى کە خێرابوونەوە خەسڵەتێکى سەردەمەکەیە, دەتوانین تایبەتمەندیی جیاجیا لەنێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵدا دیاریکەین؟ ئەویش لەو دیاردانەدا کە پەیوەندییان بە ئاخافتن و گوتارى کۆمەڵایەتییەوە هەیە؟

سەرەنجام نابێت ئەم دەربڕینە وەک نوسخەى بەراوەژووى پەندە کوردییەکە وەرگرین کە دەیگوت: کارى ئەمڕۆ مەخە سبەى. ڕستەى «...دوایی بۆت دەنێرم», پێچەوانە نیە بە «کارى ئەمڕۆ مەخە سبەى», بەڵکو هاوتایەکى نێگەتیڤى هەمان پەندە. هاوتایەکە پەندەکە پووچەڵدەکاتەوە, سێبەر و جمکەکەى خۆى دەپووچێنێتەوە. بۆ؟ چونکە کارێکمان نیە ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت و نەخرێتە سبەى, ئەوەى هەیە جۆرە ژێستێکى کردنە کە بارە ئۆنتۆلۆژییەکەى بریتییە لە فشەیەکى گرنگى وەک زۆر فشەى ترى ناو ژیانى ئادەمییان.

 

  

 

 

 


[1] . بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەى چەمکى "ژێست"ـەوە, دەکرێت بگەڕێنەوە سەر نامیلکەى "کێشەى واقیع و فەنتازیا", تەوەرى ژێست. کێشەکە بەگشتى قورسە و وێناکردنیشى قورسە, چونکە لەڕووى ئایدیاوە هەم زۆرکەمى لەسەر وتراوە لە فیکردا و هەمیش پنتێکى ناو ژیانە کە بێ خوردبوونەوە لەدەستدەچێت. لێرەشدا ژێستە جەستەییەکەى "دواتر" بەپێى زمانى جەستە, کە بەهۆى پیتى (L)ـى ئینگڵیزییەوە دیاریکراوە, کۆى باسەکە بەلاڕێدا دەبات.