A+    A-
(309) جار خوێندراوەتەوە

بنەچەکانی فەلسەفەی قاڕەیی: لە «کانت»ـەوە تاوەکو ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی

 

 

 

 

سایمۆن کریچلی

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

ئایدیای نوسینەوەی مێژووی فەلسەفە بەشێوەیەکی سیستەماتیک و مشتومڕساز، ڕێگەیەکی شیاو بوو بۆ شوێنکەوتنی نەریتی قاڕەیی، ئەمەش پاش شاکارەکەی هیگڵ «فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح» لە ساڵی ١٨٠٧، چون هەردوو شێوازەکە لەخۆدەگرێت. دەتوانین ئەم شێوازە لە چەند بەرهەمێکی هاوچەرخیش بەدیبکەین، وەک: کتێبەکەی هابرماس «زانین و خولیا[1]ى مرۆڤ» (١٩٦٨)؛ کتێبەکەی فۆکۆ «مێژووی شێتی لە چاخی کلاسیکدا» (١٩٦١)؛ کتێبەکەی دێریدا «گراماتۆلۆژی» (١٩٦٧). ئەم شێوازە، لەناو نەریتی فەلسەفیی ئەنگلۆ_ئەمریکی ـدا کەمتر باوە.

 

 

١- هۆسرڵ یان کانت؟ دوو ڕێگە بۆ دەسپێکی فەلسەفەی قاڕەیی

دەمەوێت باس لە دوو ڕێگەی جیاواز بکەم بۆ جیاکردنەوەی فەلسەفەی قاڕەیی(continental philosophy) لە فەلسەفەی شیکاری(analytic philosophy). دەشێ مرۆڤ وێنای کتێبێک بکات لەمەڕ فەلسەفەی قاڕەیی، بەجۆرێک مێژووی ئەم بابەتە بباتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٠، واتە ئەوکاتەی هۆسێرڵ کتێبی «توێژینەوە لۆژیکییەکان» بڵاودەکاتەوە، هەمان ئەو کتێبەی بەبڕوای هایدیگەر بەرهەمێکی «شۆڕشگێڕانە»ـیە، هەروەها ساتەوەختی سەرهەڵدانی فینۆمینۆلۆژیایە. ئەم شێوازە خوێنەر ئاشنادەکات بەوەی ئەم دابەشکردنە هاوچەرخە (یاخود، ئەم کەلێنە گەورەیە) لەنێوان فەلسەفەی قاڕەیی و شیکاری، لەبنەڕەتدا، دابەشکردنێکە لەنێوان ئەو نەریتانەی لە فەلسەفە شۆڕشگێڕییەکەی گۆتلۆب فرێگە دەربارەی لۆژیک و زمانـەوە وەرگیراون _وەک، بەرهەمە سەرەتاییەکانی ڤینگشتاین، پۆزەتیڤیزمی لۆژیکیی کۆڕی ڤییەنا، فەلسەفەی زمانی ئەنگلۆ_ئەمریکی_ لەگەڵ ئەو نەریتانەی سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە ڕەخنەییەکان بەرامبەر فینۆمینۆلۆژیای هۆسرڵ _وەک، بوونگەرایی و هەڵوەشانەوەگەرایی. پەیوەندییەکی گەورە هەبوو لەنێوان فرێگە و هۆسرڵ، ساڵی ١٨٩٤، فرێگە خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی قووڵی بڵاوکردەوە دەربارەی کتێبەکەی هۆسرڵ «فەلسەفەی ژمێریاری» (١٨٩١)، ئەمەش ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە گۆڕینی بۆچوونی هۆسرێڵ دەربارەی پەیوەندیی نێوان لۆژیک و سایکۆلۆژیا، بەو مانایەی ناکرێت لۆژیک _وەک ئەوەی پێشتر هۆسرڵ بڕوای وابوو_ لە سایکۆلۆژیادا کورتبکرێتەوە.

 

فەلسەفەی قاڕەیی چییە؟

فەلسەفەی قاڕەیی ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی ٢٠٠ ساڵە لە مێژووی فەلسەفەدا، بە بڵاوکردنەوەی فەلسەفە ڕەخنەییەکەی کانت دەستپێدەکات لە هەشتاکانی سەدەی هەژدەیەمدا. ئەمەش هاندەری دەرکەوتنی ئەم بزووتنەوە فەلسەفییانە بوو:

١- ئایدیاڵیزم و ڕۆمانسیزمی ئەڵمانی، لەگەڵ ئەوانەی بەدوایاندا هاتن (فیختە، شیلینگ، هیگڵ، شلیگیل و نۆڤالیس، شلایماخەر، شۆپنهاوەر).

٢- ڕەخنەگرانی میتافیزیک «گومانگەراکان» (فۆیەرباخ، مارکس، نیچە، فرۆید، بێرگسۆن).

٣- بوونگەرایی و فینۆمینۆلۆژیای ئەڵمانی (هۆسێرڵ، ماکس شیللەر، کارل یاسپەرز، هایدگەر).

٤- فینۆمینۆلۆژیا و هیگڵیزم و ئەنتی هیگڵیزمی فەرەنسی (کۆژێڤ، سارتەر، میرلۆ پۆنتی، لێڤیناس، باتای، دی بۆڤوار).

٥- هێرمیونیتیک (دیلتای، گادامێر، ڕیکۆر).

٦- مارکسیزمی ڕۆژئاوایی و قوتابخانەی فرانکفۆرت (لۆکاچ، بنیامین، هۆرکهایمەر، ئادۆرنۆ، مارکۆزە، هابەرماس).

٧- بونیادگەرایی فەرەنسی (شتراوس، لاکان، ئاڵتۆسێر)، پاش بونیادگەرایی (فۆکۆ، دێریدا، دۆلوز)، پۆستمۆدێرنیزم (لیوتار، بۆدریار)، فێمینیزم (ئێرگاری، کریستیڤا).

بەهەرحاڵ، ئەوەی سەیرە سەبارەت بەم دوو نەریتە جیاوازەی فەلسەفەی شیکاری و فینۆمینۆلۆژیا، ئەوەیە هەردووکیان بنەچەیەکی هاوبەشیان هەیە لە ئەورووپای ناوەڕاست، لە بەرهەمەکانی بێرنارد بۆلزانۆ کە لە پراگ دەژیا، لەگەڵ بەرهەمەکانی فرانز برینتانۆ کە مامۆستای زانکۆ بوو لە ڤیەنا، گوایە فرۆیدی لاو خوێندکاری بووە. بەکورتی، ئەوەی فرێگە و هۆسێرڵ لە بۆلزانۆ وەریانگرت، ئەو ئایدیایە بوو: بیرۆکەکان ئەزموونی سوبێکتیڤ و زەینی نیین، بەڵکوو هەڵگری ناوەڕۆکی ئۆبێکتیڤن و شیاوی شیکاریین. بەڵام ئەوەی لە فرانز برینتانۆ وەریانگرت، بریتییە لە تێزی حەدەس(نیەتمەندى)[2]: بەو مانایەی هەموو بیرۆکەکان ڕوویان لە ئۆبێکتێکی ناو جیهانە و لەناو کۆگایی ئاگایی‌دا قەتیس نەبوون. ئەم دوو ئایدیایە وزەبەخش بوون بۆ ڕەتکردنەوەی گومانگەرایی و ڕێژەگەرایی، لەگەڵ ئەوەی ناودەبرا بە «سایکۆلۆژیزم»[3]، ئەم ڕوانگەیە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا لە ئەڵمانیا گەشەیکرد، هەموو مەسەلە لۆژیکی و فەلسەفییەکانی دەگەڕاندەوە بۆ میکانیزمی دەروونی. هۆسرڵ سوربوو لەسەر لێکدانەوە دەروونییەکەی بۆ لۆژیک و ژمێریاری، تا ئەوکاتەی فرێگە بەپێچەوانەی ئەمە قایلی کرد. ڕەخنەکردنی سایکۆلۆژیزم، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هەموو هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی فەلسەفە بۆ زانستی ئەزموونی، دوو شتی هاوبەشن لەنێوان فەلسەفەی زمانی فرێگە و فینۆمینۆلۆژیای هۆسرڵ. لێرەوە، دەردەکەوێت هەردوو فەلسەفەی شیکاری و قاڕەیی هەمان سەرچاوەی مێژووییان هەیە، هەروەها هەمان سەرچاوەی جوگرافییان هەیە لە دەوڵەتانی ناوەڕاستی ئەوروپای ئەڵمانیی زمان، هاوکات هەمان نەیاری فەلسەفی کۆیان دەکاتەوە. تاکە ڕێگە بۆ سازدانەوەی پەیوەندگیریی لەنێوان فەیلەسووفان، گەڕانەوەیە بۆ ئەو خاڵە مێژووی و کۆنسێپتواڵەی تیایدا هەردوو نەریتەکە لێک دابڕاون.

ئەمە هەمان ستراتیژی مایکڵ دۆمێت ـە لە کتێبە کاریگەرەکەییدا «بنەچەکانی فەلسەفەی شیکاری» (١٩٩٣). دۆمێت، لە فرێگەوە مێژووی فەلسەفەی شیکاری دەگێڕێتەوە، بەو ئومێدەی تێگەیشتنێکی ڕوونتر لە مێژووی فەلسەفی، ببێتە دەسپێک بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان فەیلەسووفە هاوچەرخەکان. دۆمێت بەم وشانە دۆخی هاوچەرخ وەسفدەکات:

«نامەوێت وەهای پیشاندەم فەلسەفەی هەردوو نەریتەکە لەبنەڕەتدا یەک شتە؛ بێگومان ئەمە گەمژانەییە. دەتوانین پەیوەندگیری بسازێنینەوە لەڕێگەی گەڕانەوەمان بۆ خاڵی جیابوونەوەیان؛ هاوارکردن لەمبەر و ئەوبەری کەندەڵانەکەوە سودی نییە. ئەوە ڕوونە، فەیلەسووفان هەرگیز ناگەنە ڕێککەوتن. بەڵام جێی داخە، ئەگەر نەتوانن پێکەوە بدوێن و لەیەکتر تێبگەن. بەدیهاتنی ئەم تێگەیشتنە دژوارە، چونکە ئەگەر بڕوات وابێت کەسانێک بە ڕێگەی چەوتدا دەڕۆن، ڕەنگە نەخوازیت بیاندوێنی یان ڕەخنە لە بۆچوونەکانیان بگریت. بەڵام گەیشتووین بە قۆناغێک، وەک بڵێی، هەریەکەمان لەسەر بابەتی جیاواز کاردەکەین».

بەم چەشنە، سیاقی فەلسەفیی هاوچەرخ، بەشێوەیەکی نەرێنی جیاوازە لە سیاقی فەلسەفی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، دۆمێت دەنووسێت:

«فرێگە دامەزرێنەری فەلسەفەی شیکاری، هۆسرڵ دامەزرێنەری فینۆمینۆلۆژیا بوو؛ دوو بزووتنەوەی فەلسەفیی جیاواز. بۆ نموونە ساڵی ١٩٠٣، چۆن دەردەکەوتن بۆ قوتابییەکی فەلسەفەی ئەڵمانی کە ئاگاداری بەرهەمی هەردووکیانە؟ بەدڵنیاییەوە، وەک دوو بیرمەندی دژییەک نەدەهاتنە پێشچاو، بەڵکوو سەرەڕای هەندێک جیاوازی، زۆر نزیک و هاودید دەردەکەوتن».

دواتر، دۆمێت بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەردەوام دەبێت، فرێگە و هۆسرڵ دەچوێنێت بە هەردوو ڕووباری ڕاین و دانوب، «هەردووکیان لە ڕووبەرێکی نزیک لەیەکترەوە سەرچاوە دەگرن، تا مەودایەک دوو ڕێڕەوی تەریب بەیەکتر دەگرنەبەر، دواتر بە دوو ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن و دەڕژێنە دوو دەریای جیاوازەوە». هەرچەند ئەوە ڕوونە _لانیکەم، بەلای دۆمێت ـەوە_ ڕاین ـی فرێگە ڕێڕەوی دروستی بیرکردنەوەیە (هاوکات، دانوب ـی هۆسرڵ دەڕژێتە دەریای ڕەشی ئایدیاڵیستی سەر بە فەلسەفەی قاڕەییەوە)، بەڵام وێنەکە تاڕادەیەک جیاوازی نێوان دوو نەریتە فەلسەفییەکە دەلەرزێنێت.

ستراتیژەکەی دۆمێت قایلکەرە، بەشێوەیەکی زیمنی بەکاریدەهێنم بۆ مشتومڕکردن دەربارەی ململانێی نێوان ڕوانگەی زانستی و ڕوانگەی هێرمۆنەتیکی بۆ جیهان لە فەسڵی شەشەمی کتێبەکەدا: مەبەستم ئەوەیە، یەکێک لە ڕێگەکانی بەدیهێنانی تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێیەکە، گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە فەلسەفییەکەی، ئەوەش لە ململانێی نێوان هایدگەر و کارناپـدا. لەگەڵ ئەوەشدا _ئەمە ڕێگەی دوومە بۆ جیاکردنەوەی دوو نەریتەکە_، ئەگەر بمانەوێت لە سروشتی فەلسەفەی ناو نەریتی قاڕەیی تێبگەین، بڕوام وایە دەبێت لە کانت ـەوە دەستپێبکەین. کانت، وەک پێشتر گوتمان، دوایین فیگەری فەلسەفیی هاوبەشە لەنێوان فەلسەفەی شیکاری و فەلسەفەی قاڕەیی، هەر ئەویش جیابوونەوەی ئەم دوو نەریتەی ڕاگەیاند، پێش هەموو شتێک، دوو هۆکاری سادە هەیە، وا دەکات کانت وەک دەسپێک وەرگرین، نەوەک هۆسرڵ: یەکەم، ئەو پەرەسەندنانەی بەسەر فەلسەفەی قاڕەییدا هات لەماوەی سەدەی بیستەم، بەزۆریی شیاوی تێگەیشتن نییە بەبێ ئاماژەکردن بە پێشینەکانی لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بەتایبەت لای هیگڵ و مارکس و نیچە. ئەمە بەتایبەتی بەسەر فەلسەفەی فەرەنسییدا دەچەسپێت لە سییەکانی سەدەی بیستەم بەدواوە، ئەوەی دەشێت وەسفی بکەین وەک زنجیرەیەک گەڕانەوە بۆ هیگڵ (سەبارەت بە بەرهەمەکانی ئەلیکساندەر کۆژێڤ و بەرهەمەکانی سەرەتای ژان پۆڵ سارتەر)، یان نیچە (بەرهەمەکانی میشێل فۆکۆ و دۆلوز)، یان مارکس (بەرهەمەکانی ئاڵتۆسێر). دووەم، مێژووی فەلسەفەی دەوڵەتە نائەنگلۆفۆنەکان [ئەوانەی بە ئینگلیزی نادوێن] لە سەدەی نۆزدەیەمدا _لانیکەم لە بەریتانیا_ ناخرێتە مەنهەجی فەلسەفەی زانکۆکانەوە؛ واتە دەشێت بڕوانامەی فەلسەفە وەرگریت بەبێ ئەوەی زۆر بخوێنیتەوە _ئەگەر هیچ بخوێنیتەوە_ دەربارەی فەلسەفەی ئەڵمانی لەنێوان کانت و فرێگەدا. کەواتە، هێشتا پێویستە ئەم کەلێنە پڕ بکرێتەوە.

 

 

٢-  دوو ڕێگە بۆ خوێندنەوەی کانت

بەشێکی گەورەی جیاوازییەکانی نێوان فەلسەفەی شیکاری و قاڕەیی دەگەڕێتەوە بۆ «چۆنێتی» و «چەندێتی»ـى خوێندنەوەی کانت. واتە ئایا ئەم کەسە بایەخدەدات بە لایەنە ئەپستمۆلۆژییەکانی یەکەم بەرهەمی ڕەخنەیی [کانت] «ڕەخنەی ئەقڵی پەتی» (١٧٨١)، یان ئامانجە سیستەماتیکییەکانی سێیەم بەرهەمی ڕەخنەیی وی «ڕەخنەی هێزی حوکم» (١٧٩٠). دەمەوێت زیاتر لەم بیرۆکانە وردببمەوە.

ئەگەر کەسێک زیاتر سەرنج بداتە کتێبی «ڕەخنەی ئەقڵی پەتی»، زۆرجار بایەخ بە سەرخستنی ئارگۆمێنتی ئەنجامگیریی ترانسێندێنتاڵ دەدات: لێرەدا، کانت دەیەوێت ئەوە دەربخات لەپێناو ئەزموونکردنی ئۆبێکتەکان، دەبێت پێشگریمانەی هەبوونی کۆمەڵە پرۆسەیەک بکەین بەناوی «کاتیگۆرییەکانی تێگەیشتن»، لەگەڵ ئەو سوبێکتە مرۆییەی تێدەگات، ئەم سوبێکتە ئەو فەوزا بێزارکەرەی بەرهەمی ئەزموونی هەستەکییە لەژێر کۆنسێپتەکاندا کۆدەکاتەوە. بەم چەشنە، وەک کانت دەڵێت: «شتەکان لەگەڵ کۆنسێپتەکاندا یەکانگیر دەبن، نەوەک کۆنسێپتەکان لەگەڵ شتەکاندا». ئەم جۆرە خوێندنەوەیەی هزری کانت بەو پرسیارە ئاراستە دەکرێت، ئایا دەتوانێت بناغەیەکی شیاو دامەزرێنێت بۆ زانینی ئەزموونی، دەتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدای گومانگەرایی دایڤید هیوم ببێتەوە یان نا. کانت بانگەشەی ئەوە دەکات، گوایە هیوم لە «خەونە دۆگماییەکەی» خەبەری کردۆتەوە، بەوەی ئەگەر تەحەدای گومانگەرایی بەجدییەتەوە وەرگرین، هەرگیز ناتوانین دڵنیابینەوە لەوەی ئایا کۆنسێپتەکانمان _لەسەر بناغەی هەست و جێکەوتەکان_ یەکانگیرن لەگەڵ «ئۆبێکتەکان_لە_خۆیاندا» و زانین دەخوڵقێنن یان نا. وەڵامەکەی کانت ئەوەیە، هەرچەندە هەرگیز ناتوانین ئۆبێکتەکان لە_خۆیاندا بناسین، بەڵام ڕەگەزەکانی وێناکردنەکەمان یەکانگیرە لەگەڵ ئەو کۆنسێپتانەی دەربارەی ئۆبێکتەکان هەمانە، بەو مانایایەی بەسە بۆ زانین. کانت ئەم وەرچەخانە ناودەنێت بە «وەرچەرخانی شۆڕشگێڕی» لەناو فەلسەفەدا. جیهانی ئەزموونی بەلای ئێمەوە واقیعییە، بەڵام بۆ ڕاڤەکردنی چۆنێتی تێگەیشتنمان لە جیهان، پێویستە بەشێوەیەکی لۆژیکی، یان بەدەربڕینی کانت «بەشێوەیەکی ترانسێندێنتاڵ» پێشگریمانەی هەبوونی سوبێکت یان ئاگاییەک بکەین کە شتە بەرهەستەکان لە شکڵی کۆنسێپتدا یەکدەخات. ئەمە فۆرمی سەرەتایی تێزی «ئایدیاڵیزمی ترانسێندێنتاڵ»[4]ـە؛ ئەو تێزەی، بەبڕوای کانت، یەکانگیرە لەگەڵ ڕیاڵیزمی ئەزموونییدا. لەژێر ڕۆشنایی ئەم خوێندنەوەیە، سەرەکیتریین بەشداریی فەلسەفیی کانت دەکەوێتە خانەی ئەپستمۆلۆژییەوە، بەشێوەیەکی زیمنیش فەلسەفەی زانست. ئەمە دیارترین خوێندنەوەی کانت بوو لای قوتابخانەی نیۆ_کانتیزم، هەر ئەمەش باڵادەست بوو بەسەر فەلسەفەی ئەکادیمی ئەڵمانی و فەرەنسییەوە لەماوەی ساڵانی ١٨٩٠ تاوەکو بیستەکانی سەدەی بیستەم. تاوەکو ئەم دواییانەش، خوێندنەوەی ئەپستمۆلۆژییانەی کانت لە بەرهەمەکانی پیتەر ستراوسۆن و ئەوانیتردا، باڵادەست بوو بەسەر تێگەیشتنی نەریتی ئەنگلۆ_ئەمریکی سەبارەت بە فەلسەفەی کانت.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئامانجی بەرهەمەکەی کانت «ڕەخنەی هێزی حوکم» تاڕادەیەک جیاوازە؛ کانت هەوڵیدا پردێک دامەزرێنێت لەنێوان قەڵەمڕەوی تێگەیشتن (قەڵەمڕەوی ئەپستمۆلۆژی، بایەخ بە ناسینی سروشت دەدات) و ئەقڵ (قەڵەمڕەوی ئەخلاق، بایەخ بە ئازادی دەدات)، ئەمەش لەڕێگەی ڕەخنەکردنی هێزی حوکمەوە. حوکم دەبێتە نێوانگیری قەڵەمڕەوی سرووشت و ئازادی، هاوکات ڕەگەزەکانی فەلسەفەی ڕەخنەیی لە سیستەمێکدا ڕێکدەخات. ئەگەر کەسێک ئەم ڕێچکەیە بگرێتەبەر، ئەوا بابەتی سەرەکی فەلسەفەی کانت دەبێتە مەسەلەی ماقوڵییەتی پەیوەندی نێوان ئەقڵی پەتی و ئەقڵی پراکتیکی، یان سروشت و ئازادی، یان یەکێتیی تیۆر و پراکتیک. وەک دواتر دەبینین، ئەمە هەمان ئەو ڕێچەکەیە بوو ئایدیاڵیزمی گرتییەبەر لای فیختە و شیلینگ و هیگڵ؛ هەروەها ڕۆمانسیزمی ئەڵمانیی پێشین لای شلیگیل و نۆڤالیس. دەشێت بڵێین، هەمان ئەو ڕێچکەیە بوو فەلسەفەی قاڕەیی لەوکاتەوە پەیڕەویکردووە.

 

 

٣- کانت و هامان: ڕەخنەی ئەقڵی پەتی و زەروورەتی میتاڕەخنە

ڕێگەم بدەن، بەوردەکارییەوە، ڕوونی بکەمەوە چۆن لە فەلسەفەی کانت ـەوە دەگەینە ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، لەڕێگەی بنیاتنانەوەی چەند سیاقێک بۆ فەلسەفەی پۆست_کانت. سەرتاپای پرۆژەی ڕۆشنگەریی ئەڵمانی _لەسەر سەروەریی ئەقڵ بنیاتنرا_ ڕووبەڕووی جۆرێک لە داڕمانی ناوەکی بووییەوە. دەکرێت بەسادەیی وەها وەسفی کێشەکە بکەین: سەروەریی ئەقڵ لەو بانگەشەیەدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەقڵ دەتوانێت ڕەخنەی هەموو باوەڕەکانمان بکات. وەک ئەوەی کانت لە چاپی یەکەمی «ڕەخنەی ئەقڵی پەتی» دەنووسێت: «سەردەمی ئێمە، تاڕادەیەکی زۆر، سەردەمی ڕەخنەیە؛ دەبێت هەموو باوەڕەکانمان بە ڕەخنەدا تێپەڕن. ئایین بە پیرۆزیی خۆیەوە، دەوڵەت بە شکۆی خۆیەوە؛ ناتوانن خۆیان لە ڕەخنە بپارێزن و لە گومان بەدەر بن».

بەڵام ئەگەر ئەمە ڕاست بێت _ئەقڵ دەتوانێت ڕەخنەی هەموو شتێک بکات_ ، بێگومان دەبێت ڕەخنەی خۆیشی [ئەقڵ] بکات. لێرەوە، دەبێت میتاڕەخنە بۆ ڕەخنە هەبێت، گەر بمانەوێت ڕەخنە کاریگەر بێت. ئەمە ڕوانگەی یۆهان جۆرج هامان ـە، یەکەم و کاریگەرتریین ڕەخنەگری کانت، وەختێک پێکەوە لە شاری کۆنیسگبێرگ دەژیان، هەمان ئەو کەسەی چەمکی «میتاڕەخنە»ـی داهێنا و هێشتا لەناو فەلسەفەی ئەڵمانییدا بەربڵاوە. ئەگەر کانت نوێنەر و بەرگریکاری ئەقڵانییەتی ڕۆشنگەری بێت، ئەوا هامان دەنگی بەرهەڵستیکردنی ڕۆشنگەرییە و ڕەنگدەداتەوە لە بزووتنەوە ئێستاتیکی و کەلتوورییەکانی «زریان و گوشار» و ڕۆمانسیزمی ئەڵمانیی پێشیندا. هامان بە گۆڕانێکی ئایینی دراماتیکییدا تێپەڕی، پاش هەندێک ئەزموونی هۆمۆسێکسواڵی سەیر، ئەمەش لەماوەی گەشتێکی بازرگانیی شکستخواردوو، ساڵی ١٧٥٨ لە لەندەن. چیرۆکی پەیوەندی دواتری هامان لەگەڵ کانت _کاتێک خاوەنکاری پێشووی هەمان لە ڕیگا، پەنادەباتە بەر کانت تاوەکو ئەم ئیماندارە تازە لەدایکبووە بگەڕێنێتەوە سەر ڕێگەی ئەقڵ_ دەشێت باشترین ڕۆمانی مێژووی لێ بەرهەم بهێنرێت.

ئەمە بابەتی ئێمە نییە. ساڵی ١٧٨٤، هامان کتێبی «ڕەخنەی ڕەخنەی ئەقڵی پەتی» دەنووسێت، لێرەدا ڕەخنە لە فۆرماڵیزمی کانت دەگرێت، بەتایبەت بایەخدانی بێئەندازەی بە خەسڵەتی فۆرماڵی زانین، باوەڕی وی بەوەی دەشێت ئەقڵ لە ئەزموون دابڕین؛ واتە دەتوانین ئاپریۆری [پێش‌ئەزموونی] لە پۆستریۆری [پاش‌ئەزموونی] دابڕین. ڕەخنەکەی هامان دەبێتە پێشەکییەک بۆ ڕەخنەی هاوڕێکەی فریدریک هێنریک جاکۆبی، هەروەها ڕەخنەکەی هیگڵ؛ ئەم ڕەخنەیەش وەها شێوە دەگرێت: فەلسەفە ڕەخنەییەکەی کانت دابەشدەبێت بۆ زنجیرەیەک دوالیزمی خەوشدار (فۆرم بەرامبەر ناوەڕۆک، هەست بەرامبەر تێگەیشتن، ئەقڵ بەرامبەر ئەزموون، سروشت بەرامبەر ئازادی، پەتی بەرامبەر پراکتیکی و هتد.)، باڵادەستیی ئەقڵی پراکتیکی تەنها فۆرماڵیزمێکی بەتاڵە بۆ ئەرکی پەتی. بەلای هامانـەوە _لەڕێگەی پێشبینییەکی نامۆی دیکەوە بۆ پەرەسەندنە فەلسەفییەکانی داهاتوو، بەتایبەت وەرچەرخانی زمانەوانی_ جیاکردنەوەی ئەقڵ و ئەزموون، یان فۆرم و ناوەڕۆک، کارێکی مەحاڵە؛ چونکە بیرۆکەکان لەسەر زمان بەندن، زمانیش تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان. جیاکردنەوەی کۆنسێپت و حەدەس لەکوێی بەکارهێنانی ڕاستەقینەی زماندا خۆی دەبینێتەوە؟ هامان دەڵێت: «نەوەک هەر توانای کامڵی بیرکرنەوە لەسەر زمان وەستاوە... بەڵکوو زمان ناوەندی بەدحاڵیبوونی ئەقڵە دەربارەی خۆی [ئەقڵ]».

لێرەوە، ئەگەر ئەقڵ بتوانێت ڕەخنەی هەموو شتێک بکات، دەبێت ڕەخنەی خودی ئەقڵیش بکرێت. بەڵام ئەگەر وەها بێت، چ شتێک ڕێگرە لەوەی ئەم میتاڕەخنەیە بکەوێتە داوی گومانگەراییەوە؛ گومانگەراییەکی ڕادیکاڵ و تەواوەتی؟ وەک فریدریک بایزار دەڵێت: «مۆتەکەیەک لە ئاسۆدا دەردەکەوێت: رەنگە خود_ڕەخنەکردنی ئەقڵ سەربکێشێت بۆ نیهیلیزم، گومانکردن لە بوونی هەموو شتێک. ئەم ترسە جەوهەری قەیرانی ڕۆشنگەری پێکدەهێنا». وەک دواتر ڕوونیدەکەمەوە، چەمکی نیهیلیزم باشترین شتە بۆ جیاکردنەوەی فەلسەفەی شیکاری و فەلسەفەی قاڕەیی. ئەم مەسەلەیە کرۆکی دوو گرنگتریین ململانێی کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەمی ئەڵمانیای پێکدەهێنا، جاکۆبی لە ناوەندی هەردوو ململانێیەکەدا بوو: ململانێی یەکێتیی بوون(وحدة الوجود-Pantheism) و ململانێی ئەتایزم.

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:


[1] . ناونیشانى کتێبەکە خۆى ئەمەیە " knowledge and human interests", کە وشەى interest هەریەکە لە بەرژەوەندى و ئەنگێزەش دەگرێتەوە- و

[2] Intentionality.

[3] Psychologism.

[4] transcendental idealism.