A+    A-
(172) جار خوێندراوەتەوە

بنەچەکانی فەلسەفەی قاڕەیی: لە «کانت»ـەوە تاوەکو ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی

 

 

 

 

 

سایمۆن کریچلی

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

 

 

٤- ململانێی یەکێتیی بوون و ململانێی ئەتایزم: ڕەنگدانەوەی بەرهەمەکانی جاکۆبی.

سەرهەڵدانی ململانێی یەکێتیی بوون دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی جاکۆبی «نامەکان دەربارەی ڕێبازی سپینۆزا» ساڵی ١٧٨٥؛ بەرهەمەکە گوزارشتە لە نامەگۆڕینەوەکانی لەگەڵ مۆزیس میندلسۆن سەبارەت بە دانپیانانە شۆکئامێزەکەی گ. ی. لایسینگ دەربارەی کاریگەربوونی بە سپینۆزا. زۆرینەی بیرمەندانی ئەم سەردەمە بەشداری ئەم ململانێیە بوون، لەوانەش میندلسۆن و کانت و یۆهان هێردەر و یۆهان ڤۆلڤگانگ ڤان گۆتە و هامان. تا سەروەختی ئەم ململانێیە، بارۆخ دی سپینۆزا بەشێوەیەکی کاریکاتۆری وێنادەکرا، لەشێوەی فەیلەسووفێکی ئەقڵانیی باوەڕدار بە یەکێتیی بوون، یان خراپتر: لەشێوەی شەیتانێکی ئەتایست. ئەم ململانێیە ڕۆڵی هەبوو لە کۆتاییهێنان بەم وێنە کاریکاتۆرییە، بەتایبەت کاتێک نۆڤالیس وەها وەسفی سپینۆزا دەکات: «سەرمەست بە عەشقی خودا». بەڵام ئەمە کێشە ڕاستەقینەکە نەبوو، جاکۆبی دانپیانانەکەی لایسینگ دەربارەی کاریگەربوونی بە سپینۆزا، بەکاردەهێنێت بۆ پیشاندانی ڕەخنە ناوەکییەکانی ڕۆشنگەری. جاکۆبی دەیویست ئەوە دەربخات فەلسەفەکەی سپینۆزا پارادایمی ئەقڵانییەتە، هەروەها ئەگەر کەسێک پەیوەست بێت بە ئەقڵانییەتەوە، سەری لە ئەتایزمەوە دەردەچێت؛ بۆیە، پێچەوانەی کانت ـی «ڕۆشنگەر»، ئەقڵ دەبێتە هۆی داڕمانی هەموو باوەڕێکی ئایینی و ژیانێکی ئەخلاقی. جاکۆبی سەرباردەکات و پێیوایە ئەگەر وەها بێت، بژاردەیەکی ڕوون و دژوارمان لەپێشە و دەبێت بیگرینەبەر: یان دەبێت ئەتایزمی ئەقڵانیی ڕۆشنگەری پەیڕەوبکەین، یان دەبێت لەڕێگەی بازدانێکی ئیمانیی نائەقڵانییەوە ڕەتی بکەینەوە. جاکۆبی ئیلهامی ئەمە لە خوێندنەوەی کارەکانی باسکال ـەوە وەردەگرێت، باسکال پێیوایە: «هیچ شتێک لەگەڵ ئەقڵدا یەکانگیر نییە، هێندەی ئەم ڕەتکردنەوەیەی ئەقڵ». بەکارهێنانی ڕاستەقینەی ئەقڵ دەمانباتە سەر ئەو خاڵەی دەبێت ئەودیوی بدۆزینەوە: هەمان قەڵەمڕەوی ئیمان. ڕوانینەکەی جاکۆبی بۆ باسکال، بایەخی گەورەی هەبوو بۆ ڕەخنەگرێکی دیکەی ئەقڵانییەتی سیکولار، واتە سورێن کریکەگارد. مەسەلەی دانانی ئەقڵ و ئەقڵانییەت بەرامبەر نائەقڵانییەتی بەشێکی گەورەی بوونی مرۆڤ؛ پیشاندەری ململانێیەکە لەناو نەریتی فەلسەفەی قاڕەییدا و تا ئێستا درێژەی کێشاوە؛ بۆ نموونە: ململانێی مۆدێرنیزم و پۆستمۆدێرنیزم کە سیمای دیاری هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیستەمە. بایزار لەسەر حەق بوو کاتێک گوتی: «زیادەڕۆیی نابێت گەر بڵێین ئەم ململانێیە یەکێک لە دیارترین مەسەلە سەرەکییەکانی نەریتی فەلسەفەی قاڕەیی دیاریدەکات؛ ئەویش مەسەلەی باڵادەستیی ئەقڵە. بەمەش ڕیشەی «قەیرانی پۆستمۆدێرنە» دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٦».   

دووەم مەسەلە بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی فەلسەفەی قاڕەیی بریتییە لە ململانێی ئەتایزم. ئەم ململانێیە ساڵی ١٧٨٩ دەستپێدەکات، بەم هۆیەوە، ساڵی ١٧٩٩ فیختە بە تۆمەتی ئەتایزم لە زانکۆی یەنا دووردەخرێتەوە. ڕیشەی ئەم ململانێیە دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی چەند نامیلکەیەکی مشتومڕساز و سەرچاوە‌‌‌‌‌نادیار لە ساڵی ١٧٩٨، ئەمەش دوا‌‌‌بەدوای بڵاوبوونەوەی چەند وتارێک لەسەر دەستی فیختە و فەیلەسووفی گومناو فریدریک فۆربێرگ، دەربارەی پێگەی ئایین و ئەخلاق. چیرۆکی دەرکردنی فیختە جێگەی داخە، تاڕادەیەک هاوشێوەی چیرۆکی ئەتایست‌بوونی بیرتراند ڕاسڵ ـە لە نیویۆرک ساڵی ١٩٤٠؛ وەختێک لە کۆلێژەکەی دوورخرایەوە، دوای ئەوەی هەڵمەتێکی ناوزڕاندن دژی ڕاگەیانرا، بەوەی بانگەشەی ئەتایزم دەکات و بۆچوونی لیبراڵانەی هەیە دەربارەی ئاکارە سێکسییەکان. جۆزێف گۆڵدشتاین _پارێزەری خاتوو جین کای، ئەو کەسەی هەڵمەتەکەی دژی ڕاسڵ ڕاگەیاند_  وەها وەسفی ڕاسڵ دەکات: «داوێن‌پیس، هەوەسباز، لادەر، هاندەری ئارەزووە سێکسییەکان، بەدکار، تەسکبین، درۆزن، داماڵراو لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان».        چ وەسفێکە! بەڵام فەیلەسووفەکان لە سەردەمی سۆکرات ـەوە بە گەندەڵکردنی ئەخلاقی گەنجان تۆمەتبار دەکرێن. هەرچەند یەنا ـی سەدەی هەژدەیەم جیاوازە لە مانهاتن ـی چلەکانی سەدەی بیستەم، بەڵام ئەوکات ناوەندی بیری فەلسەفیی ئەڵمانی بوو، لانکەی مەزنترین ئەقڵەکانی ئەو سەردەمە بوو (فیختە، شلیگیل، نۆڤالیس، شیلینگ)، هاوکات سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڕۆمانسیزمی ئەڵمانیی پێشین یان ڕۆمانسیزمی یەنا ـیە.

هەرچەند وردەکارییە مێژووییەکانی ئەم مشتومڕە سەرنجڕاکێش و بێزارکەرە لەیەککاتدا، بەڵام تەنها ئەوکاتە بایەخێکی فەلسەفی وەردەگرێت، وەختێک ساڵی ١٧٩٩، جاکۆبی بۆچوونەکەی دەردەبڕێت لە بەرهەمەکەیدا «نامەیەک بۆ فیختە». لەم بەرهەمەدا بۆ یەکەمجار بەکارهێنانی فەلسەفییانەی چەمکی «نیهلیزم» بەدی دەکەین. وەک جاکۆبی بەئاسانی ئاماژەی پێدەکات، ڕوانگەی فیختە _ناسراو بە ئایدیاڵیزمی فیختە_ بریتییە لە نیهیلیزم. بۆ تێگەیشتن لەمە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەخنەی کانت لە میتافیزیکی کلاسیک وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا، لێرەدا نەوەک هەر درککردنی مرۆڤ بۆ ئۆبێکتەکانی میتافیزیکی کلاسیک (خودا، ڕۆح) ڕەتدەکاتەوە، بەڵکوو شیمانەی ناسینی (شت_لە_خۆیدا) و ئەو شتەی کانت ناویدەبات بە بناغە «نۆمیناڵ»ـەکانی خود، ئەوانەی بوونێکی فینۆمیناڵیان نییە، ڕەتدەکاتەوە. تێزە سەرەکییەکەی جاکۆبی ئەوەیە: زیندووکردنەوەی ئایدیاڵیزمی ترانسێندێنتاڵی کانت لەلایەن فیختەوە، سەردەکێشێت بۆ «ئیگۆیزم»ـێکی دەسکورت کە هیچ زانیارییەکی نییە دەربارەی (شتەکان_لە_خۆیاندا). ئەمە نیهیلیستییە، چونکە ڕێگە بە هەبوونی هیچ شتێک نادات لە دەرەوەی ئیگۆ یان دابڕاو لە ئیگۆ؛ کەچی ئیگۆ هیچ نییە جگە لە بەرئەنجامی «هێزی ئازادی خەیاڵکردن». جاکۆبی لە بڕگەیەکی سەرنجڕاکێشدا دەڵێت:

«ئەگەر بەرزترین ئاستی تێڕامان و بیرکردنەوەم بریتی بێت لە ئیگۆ بەتاڵ و پەتی و ڕووتەکەی خۆم، بە سەربەخۆیی و ئازادییەکەی خۆیەوە؛ کەواتە تێڕامانی ئەقڵانی و ئەقڵانییەت بۆ من دەبێتە لەعنەت و بەڵا، لە بوونی خۆم بێزار دەبم».

لەبەرامبەر ئەو شتەی وەک مۆنیزم[1]ـی ئایدیاڵیزمی فیختە لێی دەڕوانێت، جاکۆبی بانگەشە بۆ فۆرمێک لە دوالیزمی فەلسەفی دەکات، بەجۆرێک لەودیو گەڕانی فەلسەفییەوە بەدوای حەقیقەتدا، بازنەی حەقیقەت بوونی هەیە، ئەمەش تەنها لەڕێگەی ئیمان و دڵەوە پێی دەگەین. دووبارە، ڕەخنەی جاکۆبی لە فیختە، ڕەخنەکەی باسکال لە دیکارت دەخاتەوە یادمان؛ وەختێک نیهیلیزم تۆمەتی جیهانی مەسیحی بوو بەرامبەر ئەقڵانییەتی سیکولار. لێرەوە، ئەو هەڵبژارنە وجودییەی لەپێشماندایە _ناکرێت لەڕێگەی ئەقڵانییەتەوە بسەلمێت، بەڵکوو دەبێت گرەوی لەسەر بکەین_، بریتییە لە ئایدیاڵیزمی فیختە، ئەمەش نیهیلیستییە چونکە ڕێگە بە زانینی هیچ شتێک نادات لەدەرەوەی هەڵسەنگاندنەکانی ئیگۆ؛ لەگەڵ دوالیزمی جاکۆبی، کە وەک شتێکی «وەهمی» لێی دەڕوانێت، چونکە بانگەشەی ئەوە دەکات خودا جەوهەری ئەقڵە بەبێ ئەوەی بەشێوەیەکی ئەقڵانی بیسەلمێنێت. جاکۆبی بەکورتی دەڵێت:

«بەڵام مرۆڤ یەک بژاردەی لەپێشە: نیهیلیزم یان هەبوونی خودا. ئەگەر نیهیلیزم هەڵبژێرێت، خۆی دەکات بە خودا؛ واتە وەهم دەگۆڕێت بۆ خودا، چونکە بەبێ هەبوونی خودا، مرۆڤ و شتەکانی دەوروبەری دەبنە وەهمێک. دووپاتی دەکەمەوە: یان ئەوەیە خودا بوونێکی سەربەخۆیە و لەدەرەوەی من بوونی هەیە؛ یاخود من خودام. ئەگەری سێیەم بوونی نییە».

لە ئەگەری نکۆڵیکردن لە خودا، سەرکێشی دەکەین بە گۆڕینی مرۆڤ بۆ خودا؛ ئەمەش هەبوونی ئیغرا و فریوێکی پرۆمیتۆس‌[2]ـیە لەناو ئایدیاڵیزمی کانت و فیختەدا، بەجۆرێک مرۆڤ دەبێتە نوسخەیەکی هاوڕەنگی خودا و لە نەبوونەوە دەئافرێنێت (دەبێت ئاماژە بکەین بە ڕۆمانەکەی ماری شێلی «فرانکشتاین» (١٨١٩)، ناونیشانە لاوەکییەکەی «پرۆمیتۆسی مۆدێرن» بوو، وەختێک دڕندەیەکی شێواو دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەقڵانییەتی زانستیی ڕۆشنگەری).    

بۆ ڕوونکردنەوەی هەندێک لە شوێنەوارەکانی نەریتی فەلسەفەی قاڕەیی، چەند نموونەیەکی دی دەخەمەڕوو. ئەگەر نیهیلیزم پاساوی تۆمەتبارکردنی ئیگۆیزمی فەلسەفی بێت، وەختێک هەموو شتێکی ڕەقی ناو جیهانی پێش دەرکەوتنی کانت دەبێتە هەڵم، ئەوا مرۆڤ دووپاتکردنەوەیەکی سەیر دەبینێت بۆ ڕەخنەکەی جاکۆبی دەربارەی ئیگۆیزمی کتێبەکەی ماکس شتێرنەر «ئیگۆ و خۆی» (١٨٤٤)، ئەو کتێبەی کەوتەبەر ڕەخنەیەکی توندی مارکس و ئەنگڵس لە کتێبی «ئایدۆلۆژیای ئەڵمانی» (١٨٤٦). ئەوەی جاکۆبی ڕەخنەی لێدەگرت گوایە نیهیلیزمە، شتێرنەر بەشێوەیەکی ئەنارشیستانە ستایشی دەکات وەک ڕێگەی ڕزگاربوونی تاک. کاتێک من هیچ نەبم، وەک شتێرنەر دەڵێت، «ئەوکات ئەم هیچ ـە مانای خاڵیبوون نییە، بەڵکوو هیچێکی داهێنەرم، ئەو هیچەیە کە من لێیەوە وەک داهێنەری هەموو شتێک دێمەدەرێ». وەک دەرئەنجامێکی هەڵەی هەوڵەکەی بۆ دەرخستنی ئەوەی گوایە ڕەخنەی هیگڵ و فۆیەرباخ لە ئایین هێشتا ئاڵاوە لە ڕوانگەی ئایینی؛ وەڵامی شتێرنەر بۆ مەسەلەی «ماهییەتی مرۆڤ» بریتییە لە گۆڕینی ئیگۆ بۆ نوسخەیەکی هاوڕەنگی خودا؛ لێرەوە مرۆڤ دەبێتە خود_هۆکاری هۆکارێتی، هەمان خود_هۆکاری تایبەت بە لاهوتی سەدەکانی ناوەڕاست. لە بوونگەرایی سارتەردا، هەمان ئەو فەلسەفەیەی دوای سەدەیەک ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی شتێرنەری تێدا بەدی دەکرێت، لەناو جیهانێکی بێ‌خودا و نیهیلیستییدا، مرۆڤ خاوەنی ئازادییەکی پڕجۆشە بۆ بەخودا‌بوون. هەر بەم هۆکارە، سارتەر بەم دەربڕینە کۆتایی بە کتێبی «بوون و نەبوون» دەهێنێت: «مرۆڤ جۆشوخرۆشێکی بێکەڵکە».

بەهەمانشێوە، لە وێناکردنی دۆستۆیڤسکییدا بۆ کاراکتەری کریلیۆڤ ـی نیهیلیست لە ڕۆمانی «شەیتانەکان» (١٨٧١)، دەتوانین ڕوانگەی جاکۆبی بۆ گرەوەکەی باسکال بەدی بکەین:

«هەرکەسێک خوازیاری ئازادیی ڕەها بێت، دەبێت بوێری خۆکوشتنی هەبێت؛ ئەوەی بوێری خۆکوشتنی هەبێت، فێری نهێنی فریودان بووە. ئەگینا هیچ ئازادییەک نییە؛ ئەمە هەموو شتێکە، لەپشت ئەمەوە هیچ شتێک نییە. ئەوەی بوێری خۆکوشتنی هەبێت، خودایە. ئێستا هەموومان دەتوانین ئەمە بکەین، بەمەش هیچ خودایەک بوونی نابێت، هیچ شتێک بوونی نابێت. بەڵام هێشتا کەس وەهای نەکردووە».

دۆستۆیسڤسکی ئەم هەڵوێستە بە «خۆکوژیی لۆژیکی» ناودەبات؛ ئەمەش واتە _وەک لە یاداشتەکانیدا دەڵێت_ پاش ئەوەی مرۆڤ خۆی لە ئاژەڵان بەرزتر کردەوە، ئەوکات «سەرەکیترین» و «گەورەترین» و «بڵندترین» ئایدیای بوونی مرۆڤ بوو بە: باوەڕهێنان بە نەمریی ڕۆح. کاتێک ئەم باوەڕە دادەڕمێت، وەک ئەوەی دۆستۆیڤسکی لە نیهیلیزم و بێباکی چینی ڕۆشنبیری ڕوسی سەدەی نۆزدەیەمدا بەدی دەکات، خۆکوشتن تاکە چارەسەری لۆژیکییە؛ کەچی دەبینین، کریلیۆڤ کە باوەڕی بە نەمریی ڕۆح نەماوە، دەیەوێت کتێبێک بنووسێت دەربارەی ئەو هۆکارانەی وا دەکەن مرۆڤەکان خۆیان نەکوژن.

بەم چەشنە، دەتوانین بڵێین هێڵێک هەیە لە نەریتی فەلسەفەی قاڕەییدا، ئەم هێڵە لە ڕەخنەکردنی کانت لەناو بەرهەمەکانی هامان و جاکۆبی‌ ـیەوە بۆ ئایدیاکانی کریکەگارد و شتێرنەر و دۆستۆیڤسکی _ئایینی و ئەتایستی_ دژ بە ئەقڵانییەت درێژە دەکێشێت، تا دەگاتە بوونگەرایی فەرەنسی لەپاش جەنگ لای سارتەر و کامۆ.  

 

 

٥- یەکخستنی دوالیزمەکانی کانت

شوێنەواری هاوبەشی ڕەخنەکردنی فەلسەفەی کانت لە هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی هەژدەیەمدا، بریتییە لەوەی باوەڕی ڕۆشنگەری بە ئەقڵ زیاتر لە هەموو کاتێک زیاتر لاوازبوو؛ وەک بایزار ئاماژەی پێدەکات: «کانت ڕێگر نەبوو بەرامبەر خودوێرانکردنی ئەقڵ، بەڵکوو هاندەری بوو». ئاشکرایە زانینی ئەوەی ئایا ئەم ڕوانینەی کانت پاساوێکی فەلسەفی هەیە یان نا، بابەتێکی دیکەیە. مەسەلەکە ئەوەیە، زنجیرەیەک مشتومڕ کە نەریتی فەلسەفەی قاڕەیی دیاریدەکەن لەم خاڵەوە سەرچاوە دەگرن، بەبڕوای من، دەبێت لەسەر ئەم بناغەیە لە فەلسەفەی قاڕەیی تێبگەین.

ڕێگەم بدەن ئەنجامگیرییەک بکەم بە گەڕانەوە بۆ ئەو ئارگۆمێنتەی گوایە کانت زنجیرەیەک دوالیزمی بۆ جێهێشتووین پێویستیان بە یەکخستنە. ئەمە یەکێکە لە ڕەخنەکانی ئەو فەیلەسووفەی وا کانت بە باشترین ڕەخنەگری خۆی لەقەڵەمیداوە، ئەویش سالۆمۆن مەیمون ـە. ڕەخنەکانی مەیمون ساڵی ١٧٩٠ لەژێر ناونیشانی «وتارێک دەربارەی فەلسەفەی ترانسێندێنتاڵ» بڵاوکرایەوە. ڕوانگەی ئەو لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، دوالیزمی کانت لەنێوان تێگەیشتن و هەستدا، ئەوەی جەوهەری ئایدیاڵیزمی ترانسێندێنتاڵ پێکدەهێنێت، هێندە توند و قووڵە، بەجۆرێک ڕێگرە لە شیمانەی کارلێکی نێوان کۆنسێپتی ئەپریۆری و حەدەسی ئەزموونی. ئەمەش واتە ئارگۆمێنتی ئەنجامگیریی ترانسێندێنتاڵ لەڕێگەی هەمان ئەو دوالیزمەوە ڕەتدەکرێتەوە وا کانت بۆ چەسپاندنی ئەم ئەنجامگیرییە گریمانەی دەکات. ئەمە هەمان ئەو شتەیە هەندێک لە فەیلەسووفە قاڕەییەکان بە «خود_لێکدژیی ئەنجام» ناویدەبەن.

گرنگ ئەوەیە بزانین ڕەخنەکانی مەیمون چ کاریگەرییەکی هەبوو لەسەر فەلسەفەی پاش کانت. چۆن دەتوانین بەسەر دوالیزمە ناڕاستەکانی ناو سیستەمی کانت ـدا زاڵبین؟ لێرەدا، پێویستمان بە پرەنسیپێکی بڵند و یەکخەرە، بەجۆرێک بەدەر بێت لە هەموو ڕەخنەیەک. لەم پرسیارەوە، ئایدیاڵیزمی فیختە و ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی سەریهەڵدا. فیختە ئەم پرەنسیپە یەکخەرەی لەناو چالاکیی سوبێکتدا دۆزییەوە. دوالیزمی تیۆر و پراکتیک لەڕێگەی لەخود_ڕامانی سوبێکت و ئاگاییەکەی بە ئازادی یەکخرا. فیختە لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا «ڕێبازی زانست» (١٧٩٤)، دیراسەی ئەم ڕوانگەیەی کرد. بەپێچەوانەوە، لای شیلینگ ـی لاو، پرەنسیپی یەکخەر بریتییە لە هێز یان ژیان، ئەمەش لە فەلسەفەکەیدا دەربارەی سروشت گوزارشتی لێکراوە. ئەم پرەنسیپە، لای هیگڵ بریتییە لە ڕۆح؛ لای شۆپنهاوەر بریتییە لە ویست؛ لای نیچە بریتییە لە هێز؛ لای مارکس بریتییە لە پراکسیس؛ لای فرۆید بریتییە لە نەست، لای هایدگەر بریتییە لە بوون. ئەم لیستە دەشێت درێژە بکێشێت. ئامانجەکە ئەوەیە بزانین مەسەلەی سەرەکی لە فەلسەفەی قاڕەییدا لەم ڕەخنەکردنانەی کانت ـەوە سەرچاوە دەگرێت، دەبێت هەر لەم سیاقەشدا لێی تێبگەین.

 

 

 

 

 

 

پەراوێز


[1] Monism.

[2] Promethean.

 

سەرچاوە:

- Continental Philosophy: A Very Short Introduction, Simon Critchley, Oxford University Press, 2001.

- الفلسفة القارية: مقدمة قصيرة جدا, سايمون كريتشلي, ترجمة احمد شكل, مؤسسة هنداوي , 2016.