A+    A-
(1,136) جار خوێندراوەتەوە

 

نیچە، سامناکیی وجود و لەدایکبوونی تراژیدیا

 

 

 

 

 

 

کیت ئەنسڵ پیەرسۆن

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

 

 

نیچە خودانی سەرەتایەکی فەلسەفییانەی هەمەڕەنگ بوو. بە جحێڵی و لە ساڵانی سەرەتای دەیەی ١٨٦٠، بەرگێکی لە وتارەکانی ڕاڵف واڵدۆ ئیمیرسۆنی١ نووسیاری ئەمریکایی خوێندەوە و بەکاریگەریی وی، هەوەڵێن وتارە فەلسەفییەکانی خۆی لەمەڕ سروشت و دیرۆک نووسی. وی، هەتاکو قۆناغی ناوین(١٨٨٢_١٨٧٨)، هێشتا بە پەرتووکەکانی ئیمیرسۆن کاریگەربوو. لەسەردەمی هاوچەرخدا، ستانلی کاڤێڵی٢ فەیلەسووفی ئەمریکایی، بە تەکزکردن لەسەر پەرەسەندنی ئەخلاقی (بۆ نموونە؛ خودێکی بڵندنشین و قووڵ)، ڕۆڵێکی گرنگی لە ناساندنی تێگەییشتنی ئیمیرسۆنیانە لە نیچە، هەبوو. نیچە لەنێوان ساڵانی دەیەی ١٨٦٠دا، ڕێی لە شۆپنهاوەر دەکەوێ و تێدەگات، کە ئەم بابایە دەگەڵ خووی مالیخولیاییی ویدا گونجاوە. شۆپنهاوەر بەهرەیەکی بێ وێنەی هەبوو، ئەوی دەم نووسینی شاکارەکەی خۆی، (جیهان وەک ویست و نواندنەوە)٣ دەست دایە، بە تەنێ بیستوشەش ساڵی تەمەن بوو. هەروەتر، پەرتووکە گرنگەکەی (مێژووی ماتریاڵیزم)ی فریدریش لانگە٤، کە نیچە هەر لەگەڵ وەشاندنیدا لەساڵی ١٨٦٦ دەستی خۆی گەیاندێ و خوێندییەوە، ئێجگار کاری لە نیچە کرد. نیچە ئەم پەرتووکەی بە کۆمەکێکی پڕبایەخ بۆ تێگەییشتنی باشتر لە زۆرێک لە پرسە فەلسەفییەکان، دەزانی. وی، نڤیسینەکانی (گۆتە)ی لەمەڕ سروشت خوێندبوویەوە و، بۆ تێگەییشتن لە کانت و ئەوەی ڕێچکەیەکی نوێی بۆ فەلسەفەی هونەر و فەلسەفەی سروشت لەچێوەی پەرتووکی (ڕەخنە لە هێزی حوکم)٥ خستبووەڕوو، تەقەلای دەکرد، سەربار، پەرتووکگەلی زۆری لە بواری زانستە سروشتییەکان دەخوێندەوە. ساڵی ١٨٦٨ ڕەخنەیەکی بیرتیژانەی لەسەر سیستەمی هزری شۆپنهاوەر نووسی، وەلێ سەرنجڕاکێش ئەوەیە هیچ­یەک لە خاڵەکانی ئەم ڕەخنەیە لە چێوەی پەرتووکی (لەدایکبوونی تراژیدیا)دا نابینرێن، ئەمەش یەک واتا دەگەیەنێت؛ (ویست)٦ دەچێوەی ڕێسامەندیی شۆپنهاوەریانەدا، گەلەک ناکارامانە و یەکجار پەرشوبڵاو و گشتگیر خراوتەڕوو و، هەروەتر بە شێوازێکی شیعرییانە بەیان کراوە و بەڵگە لۆژیکییە ڕیزکراوەکانیش بۆ ئەم بابەتە، قایلکەر نین.

نیچە لە بەراییەکانی ساڵی ١٨٦٩ و لە تەمەنی ٢٥ساڵیدا، کە بە تازەکی لە وانەکانی خۆی دڵکرمێ بووبوو، وەکو مامۆستای هەمیشەییی٧ زمانناسیی کلاسیک لە زانکۆی بازڵی سویسرا دامەزرا. چەند ساڵ دواتر، داواکاریی وی بۆ کورسیی مامۆستای فەلسەفە، پەسەند نەکرا. هەوەڵین دیداری لەگەڵ ڕیچارد ڤاگنەر و کۆزیمای هاوژینی، لە ئابرێڵی هەمان ساڵدا پێشهات و، لە مانگی مەی وتاری دامەزراندی خۆی بەناونیشانی (کەسێتی هۆمیرۆس)، پێشکەش کرد. ساڵانی ١٨٧٠ و ١٨٧١، زنجیرە وانەگەلێکی ناواخندار بە بابەتێلی چون (سوکرات) و (تراژیدیا) و (دنیابینیی دیۆنیسیۆسی) پێشکەش کرد، کە بوون بە شێوەپێدەری هەوەڵین پەرتووکی وی. نیچە وای هەست دەکرد بەو هونەر و فەلسەفە و زانینەی وا لە هەناوی ویدا خەریکن دەگوورێن و چەکەرە دەکەن، دەشێت مرۆڤەئەسپ٨ بئافەرێنرێ. وی لە جەنگی فەڕەنسا و پروسیادا، وەک پەرەستار ڕاژەی کرد. کە گەڕایەوە بازڵ، بە دەست بێخەوییەوە دەیناڵاند و نیشانەکانی نەخۆشی و هورووژمی میگرەنیی لێ دیاری دا و تا کۆتاییی تەمەنی لێی نەبوونەوە.

نیچە (لەدایکبوونی تراژیدیا)٩ی، کە بە ڤاگنەر پێشکەش کرابوو، لە هەوەڵین مانگی ساڵی ١٨٧٢ بە چاپ گەیاند. ئەم پەرتووکە نوقڵانەی ئەوەی لێ دەدا، کە بە زانایەکی پەتیی یانژی بە فەیلەسووفێکی زانکۆیی مانەوە، چارەنووسی نیچە نییە. نیچە نەیهێشت وانەکانی لەمەڕ زمانناسی ببنە لەمپەر لەبەردەم بەرزەفڕیی وی بۆ بووژانەوەی کولتووری و هەروەتر بواری نەدا ڕەوشی زانکۆ، پڕۆژە فیکرییەکانی بخاتە مەترسییەوە. لەدایکبوونی تراژیدیا، هەڵگری تێگەیشتنێکی سەرومڕ نوێیە بۆ تراژیدیای یۆنانی و بە کنەوپشکنین لەنێو دوالیزمی دوو خودای یۆنانی _دیۆنیسیۆس و ئاپۆلۆن١٠_دا، ڕۆڵێکی ناسک و جوان لە بەزمی جوانیناسیدا وازی دەکات و، بەرخوردێکی ڕەخنەیی و پاتۆلۆژییانە دەگەڵ گەشبینیی تیۆریی سواکراتدا دەکات (واتا ئەو گەشبینییەی کە) گوایە نەک هەر دەشێ جیهان بهێتە ناسین، بگرە دەشێ باری لاریشی ڕاست بکرێتەوە (بەهۆکاری لایەنگریی لە عەقڵ لەبەرانبەر غەریزەدا، سۆکرات بابایەکی لادەرە). هەروەتر، ئەم پەرتووکە هەوەڵین پرۆپۆزەڵی نیچەیە لەمەڕ نێهیلیزم. ئەم دیاردەیە، نێهیلیزم، لە سیاقی گوفتارە بەراییەکانی ویدا، بە ڕەوشێکی ئۆنتۆلۆژییانە، کە لە پرسێکی گەردوونییەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەژماردەکرا. بەپێچەوانەوە، نیچەی دوایین، وەکوو پرسێکی دیرۆکی و کولتووری تەکزی لەم دیاردەیە دەکرد، پرسی بێ بەها بوونی باڵاترین بەها مرۆییەکان. لە (لەدایکبوونی تراژیدیا)دا، نێهیلیزمی ئۆنتۆلۆژی دەچێوەی واژەگەلی ساتیر١١ و لەسەر زاری هاوڕێکەی دیۆنیسیۆسەوە، واتا سیلینۆس١٢، دەردەکەوێت، کە ئەم یارۆیە ئێمە وەکوو ڕەگەزێکی خەوشدار و لەرزۆک، وەچەی چارەنووس و ناسۆر و وشەگەلی تر بە بەردەنگ دەگرێت: ''باشترین شت، بەتەواویی لە دەستڕەسی ئێوە بەدەرە: نەهاتنە دنیا، نەبوون، هیچ­بوون. وەلێ دووهەم باشترین شت بۆ ئێوە ئا ئەمەیە: زوومردن.''

لە پاژی (ڕەخنە لە پەرتووکەکە)، کە ساڵی ١٨٨٦ (نزیکەی چواردەساڵ دواتر) نووسراوە، نیچە دەڵێت لەسەروەختی نووسینی ئەم پەرتووکە، لە ڕێسا کانتی و شۆپنهاوەرییەکان بۆ خستنەڕووی ئایدیاگەلێک کە هیچ پەیوەندییەکیان بە سیستەمی فیکریی ئەوانەوە نەبووە، سوودی وەرگرتووە _لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر، ئایدیای دابەشکردنی جیهان بۆ هەرتک ڕەهەندی ''ڕوواڵەت'' و ''بوون لەخۆدا''یە، ئەوی وا بۆ شۆپنهاوەر ویستی کوێرانە، ناخودیی و دەرەمرۆییی ژیانە_. من دەخوازم لێرەدا مانایەک بۆ چییەتیی ئەم ئایدیانە بەدەستەوە بدەم. نیچە لە لەدایکبوونی تراژیدیادا دەبێژێت ''بوون'' و جیهان، بە تەنێ وەکوو دیاردەگەلی جوانیناسی شیاوی پاساودانن. ئەریستۆ دەیگوت فەلسەفە بە حەپەسان دەست پێ دەکا، حەپەسان لەوەی شتەکان بەو جۆرەی کە هەن، هەن. بە پێچەوانەوە، بۆ نیچە، فەلسەفە بە ترس دەست پێ دەکا، بوون هەم هەراسناک و هەم پووچ و هەڵۆڵە. ئا ئەمە ئەو نیچەیەیە وا تەوژمە بوونخوازییە١٣ فیکرییەکانی سەدەی بیستهەم و لەوانەش نڤیسینەکانی ئەلبێرت کامۆ١٤ی بەچڕی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. بەڵام هۆکاری ئەم هەراسناکییە چییە؟ و لەم نێوەندەدا هونەر چ ڕۆڵێک وازی دەکات؟

لەدایکبوونی تراژیدیا بە پێناسەی نیچە بۆ دوو پاڵنەری ڕۆحیی لێکدژ و هاوزەمان یەکتر تەواوکەر دەنێو کولتووری یۆنانیدا، واتا پاڵنەری ئاپۆلۆنی و پاڵنەری دیۆنیسیۆسی، دەست پێ دەکا. واژەی ئاپۆڵۆنی، لە ئاپۆلۆی خودای ڕووناکی، خەون و پێشگۆییەوە هاتووە، لەکاتێکدا واژەی دیۆنیسیۆسی لە دیۆنیسیۆسی خودای مەستیی و جۆش­وخرۆشەوە هەڵگۆزراوە. ئاپۆلۆ بە بیچمێکی بەردیدەیی، مەعریفەیەکی ڕەوان و هاوسەنگییەوە ڕایەڵە و دیۆنیسیۆس دەگەڵ تەوژمی بێ­بیچم، مەعریفەیەکی تژی لە ڕەمزوڕاز و زێدەڕۆییدا ئاوێزانە. سەربار، لەکاتێکدا ئاپۆلۆنی، جیهانی جیاوازی تاکەکانە، دیۆنیسیۆسی جیهانێک دەگرێتەوە کە تێیدا ناسنامەی تاکێتیی و لێک­جودا لەناواندا نەماون و مرۆڤەکان ئامبازی هێزگەلی هەوسارپچڕاو و وزە سروشتییەکان بوون. لە سای جۆش­وخرۆشی دیۆنیسیۆسیدا، ئێمە دەبین بە بەشێک لە بوونێکی زیندوو و تاقانە، لە سای چێژی وەها بوونێک، ئاوملانی ئافەڕاندنی ئەبەدیی دەبین.

بە دەربڕینێکی هونەریی، ئاپۆلۆ خودای هونەری بەرجەستە یانژی نواندنەوە(وێنەکێشان و پەیکەرتاشی)یە و ڕایەڵێکی تۆکمەی دەگەڵ تەلارسازیدا هەیە. دیۆنیسیۆس خودای هونەری نابەرجەستەییی میوزیکە، کە بیچمی فیزیکیی نییە. ڕەهەندێکی داهێنەرانەی باسوخواسی نیچە لەم پەرتووکەدا، دژایەتییکردنی ئەو وێنا باو و نموونەیییەیە وا دەدرێتەپاڵ یۆنانییەکان، وێنایەک، کە کولتووری یۆنانییەکان بە کولتووری شکۆداری و ئاسوودەیی پیشان دەدا. گوتەی نیچە ئەوەیە، ڕەهەندی ئاپۆلۆنیی هونەر و کولتووری یۆنانییەکان، زادەی کێشمەکێشێکی ماوەدرێژ و ئاڵۆزە دەگەڵ مەعریفەی تراژیکدا، ئەو مەعریفەیەی وا ڕەوشی دیۆنیسیۆسی بەباری هێناوە. تراژیدیای کۆن، کە لەخۆگری بەرهەمی تراژیک­نڤیسانی چون ئایسیخیلۆس١٥ و سۆفۆکلیسە١٦، لەسەر پایەی ئامێتەکردنی ئاپۆلۆنی و دیۆنیسیۆسی ڕۆنراوە. ئەم پەرتووکەی نیچە، کنەوپشکنینێکی مەعریفیی شایستەیە لەمەڕ یەکێتیی نێوان دوو هێزی هونەری(کە نیچە ئەوە بە ''ڕازێک'' ناو دەبات) و سەرچاوەی تراژیدیای یۆنان.  

ئەم کنەوپشکنینە، نیچە بەرەو کۆڵینەوە لە ئاڕاستە سەرەکییەکانی هەڵبەستی یۆنانی (هۆمیرۆس١٧، ئارخیلۆخۆس١٨ و پیندارۆس١٩) و دەستەی سروودخوێنانی تراژیک٢٠ پەلکێش دەکات. لێرەدا نیچە ڕوانگە باڵادەستە ئەریستۆییەکە، وا لەسەر ئەوە ڕۆنراوە گوایە دەستەی سروودخوێنان سەرچاوەی تراژیدیان، پەسەند دەکات و، هەروەتر، ئەو باسوخواسەش پەسەند دەکات(بۆنموونە ئەمەیان لە بەرهەمەکانی فریدریش شیلەر٢١ بەرچاو دەکەوێت) کە دەستەی سروودخوێنان پەردەیەکن جیهانی ڕاستین و ئەزموونیی لەو کردە تراژیدیکەی لە دیمەنەکەدا دەگوزەرێ، جیادەکەنەوە. بەڵام بەڕوونیی دژی ئەو ڕوانگەیە دەوەستێتەوە، گوایە دەستەی سروودخوێنان وێنەنوێنی تەماشاچییانن لەسەر سەکۆ؛ نیچە ئەوان بە نوێنەری ڕەوشی دیۆنیسیۆسی و ئەم ڕوانگەیە دەزانێ: دەگەڵ بوونی ئەو ئازار و نیگەرانییەی وا خەسڵەت­پێدەری وجوودی کەسیی ئێمەن، هێشتاکانێ ژیان هەر دانەڕووخاو و چێژبەخش دەنوێنێ. ئێمەومانان وەکوو تاکەکەس، بەهۆکاری جۆراوجۆر ئازار دەکێشین. هەرکە لەوە گەییشتین بوونی گەردوونییمان بێ بایەخە، ئیتر دەزانین هیچ ئامانجێکی کۆتایی بۆ بوونی ئادەمیزاد لەبەرچاو نەگیراوە؛ و حەقیقەتی مەرگ ئەم بابەتە بەخورتیی و بەڕوونیی لە هەمووکەس دەگەیەنێ. خەسڵەتی ژیان بریتییە لە ویست (زان و گەشە) و وزە (سەرڕێژبوون و بەتاڵبوونەوە)، وەلێ دەزانین ئەم چەشنە خەسڵەتانەی ژیان، بەهیچ کلۆجێک تایبەت نین بە ئێمە.

لەکن نیچە، تاقانە بابەتی تراژیدیی یۆنانی کۆن، ناسۆری دیۆنیسیۆسی  خوداوەندە. وی وای بۆ دەچێت تاوەکوو سەردەمی ئۆرپیدیس،٢٢ دیۆنیسیۆس وەکوو پاڵەوانی تراژیک مایەوە و گشت فیگەرە ناسراوەکانی تری نمایشنامە یۆنانییەکانی چون پرۆمیسیۆس٢٣ و ئۆدیپۆس٢٤ تەنیا ماسکێک بوون و هیچی تر. گرنگە تێبگەیین چلۆن دیۆنیسیۆسی خودا لەسەر سەکۆ دەردەکەوێت. دەرکەوتنی وی، وەکوو بابایەکی تاوانبار، ڕەنجدەر و ئازارکێش، چاوبەژێری ئاپۆلۆی خودای ڕاڤەکاری خەونەکان و قەڵەمڕۆی ڕواڵەتەکان، پیشان دراوە. بەڵام نیچە دەبێژێت، ڕاستییەکەی پاڵەوان، دیۆنیسیۆسی لە ئازارتلاوی تژی لەڕازونیازە، واتا خودایەک کە  ئازاری تەنیاکەوتن و تەریک­خستن٢٥ لە وجوودی خۆیدا ئەزموون دەکات، کەسێک کە هێشتاکێ زارۆکێک بوو، تایتانەکان٢٦ پارچەپارچەیان کرد، وەلێ ئەو لە هەناوی ڕەوشی هەراسناکی خۆیشیدا کوت­کوت بوو. وی بەدەم ئازارەوە دەتلایەوە، ئاخر تاک­بوونی ئەزموون کردووە و، ئەم تاک­بوون٢٧ و تەریککەوتنە سەرەداوی گشت ئازارەکانە و دەبێت ڕەت بکرێتەوە.         

ئەمە دیدگایەکی قووڵ و ڕەشبینانە لەمەڕ جیهان دەئافەرێنێت: ئەوی هەیە، یەکبوونێکی یەکپارچە و بەراییانەیە؛ تاکبوون و تەریککەوتن تەنیا ڕواڵەتە و سەرچاوەی بەراییی گشت خراپییەکانە؛ هونەر نوقڵانەی دڵخۆشکەری ئەوە لێ دەدا، گوایە دەشێت تەڵیسمی تاکبوون و تەریککەوتن بشکێنرێت و دیسان یەکبوون بەرقەرار بکرێت. ئێمەومانان بەدەست ژیانەوە ئازار دەکێشین، ئاخر تاکگەلێکین لە سروشت نامۆ بووین، ئاخر ئاگاییمان لەمەڕ ئەم تەوەلابوونە، دەبێتەهۆی پەرێشانیمان.

نیچە، دیۆنیسیۆس لە ڕوخساری مەسیحدا دەناسێنێت، بەڕاستییش لەمسەر تا ئەوسەری مەتنەکە چەمکگەلی تیۆلۆجیی٢٨ چون (پاکژبوونەوە)٢٩ دەکاردەبات. وەلێ ئەوەش بڵێین، نیچە لە لەدایکبوونی تراژیدیادا دادباوەڕییەکی٣٠ یەکجار جیاواز لە دادباوەڕیی مەسیحی دەخاتەڕوو؛ پاساوی ئیستاتیکییانەی جیهان لەسەر نیازی خودی پرەنسیپی بەراییی جیهان وەستاوە و ئەوەندە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. یۆناییەکان هەراس و هەڵۆڵی و پووچیی وجوودیان دەناسی و هەستیان پێ دەکرد، و هەرتک خوداوەند ئاپۆلۆ و دیۆنیسیۆسیان بۆ بەدیهێنانی نیازەکانیان ئافەراندبوو. ئەوان توانیان بە تاقانە دادباوەڕییەکی جێگای خۆشنوودی، کە تا هەنووکە بوونی هەبووە، بگەن، ئاخر ''بەڕاستیی خودایان پاساودەری ژیانی ئادەمیزادن! ئەوان خودی ئەمەیان ئەزموون دەکرد''. بۆ نیچە، لە ئەزموونی ئەواندا شتێک نەبوو هێما بێت بۆ زووهدباوەڕی و مانەوییەت یانژی ئەرک: ''ئێمە شتێک جگە لە نەوای بەرینی ژینێکی سەرکەوتووانە ناژنەفین، نەوایەک کە تێیدا هەموو شتێک، چ چاکە و چ خراپە، بە پلەی خودایەتی گەییشتوون.''

بۆ نیچە، جیهان گەمەی تراژیکی نێوان لێکدژەکانە، کە نە هیچ قوتاربوونێک دەناسێ و نە ئاتاجی هیچ ڕزگارکردنێکیشە. هەروەک یەکێک لە ڕاڤەکارانی وی دێژێت، نیچە لەمەڕ چەمکە دەروونناسییەکان، زێدەگۆیی دەکات، ئەویش لەئاستی گەردوونییدا.31

بابەتی فەلسەفە، حیکمەتی تراژیکە، کە بەتەنێ لەسەر بنەمای ڕوانینێک لە زۆرانبازیی بەراییی نێوان تاریکی(دیۆنیسیۆس) و ڕووناکی(ئاپۆلۆ) گووراوە. _واتا زۆرانبازیی و ململانێی بنەچەی سەرتاپاگیر، بێ بیچم و چاڵ­وچەوێڵی ژیان دەگەڵ کەوشەنی ڕووناکیدا کە شێوەپێدەری تاکەکانە_ فەلسەفەی ڕوانینی تراژیک، فەلسەفەیەکە، ناسازگاریی تاهەتاییی نێوان (یەکێتیی بەرایی) و (پەرتبوون)ی بەباشیی فام کردووە. وەلێ ئەم بابەتە، نیچە وەکوو شۆپنهاوەر بەرەو باوەڕهێنان بە ڕەشبینیی پاسیڤ پەلکێش ناکات؛ دەگەڵ ئەوەی ڕواڵەتەکان دووچاری گۆڕان دەبن، ژیان دەتوانێت بیسەلمێنێت تشتێکی بەهێز، چێژبەخش و دانەلەنگاوە. بەتەنێ هونەرە شان لەشانی ڕوانینی فەلسەفەی تراژیک دەسوێت. یارۆیەکی یۆنانی بە دیدتنی ڕوون­وڕەوانی وێرانییە خەوفناکەکانی نێو دیرۆکی جیهان و زەبروزەنگی سروشت، ئامادەیە بۆ باوەشکردن بە قووڵترینی ئازارەکان و مەترسیی ئەوەشی لێ دەکرێت ئارەزووی نەفیی و نکۆڵیکردن لە (ویست) لەودا چەکەرە بکات، کارێک کە بوداییەک ملی لەبەر ناوە. وەلێ هونەر ئەویش و ژیانیش ڕزگار دەکات. نیچە، بەهۆی تەقەلاکانی لەپێناو گۆڕینی دۆزی دیۆنیسیۆسی بۆ جۆش­وخرۆشێکی فەلسەفیی، لافی ئەوە لێ دەدا گوایە خۆی هەوەڵین فەیلەسووفی تراژییکە. بەدیدی وی، کاتیگۆریی تراژیک بەمانای پاڵفتەکردنی هەڵچوونێکی ترسناکی چون بەزەیی یانژی ترس لەڕێی بەتاڵکردنەوەی ناچاریی، نایەت، وەکوو تیۆری کاتارسیسی ئەریستۆیی٣٢ وای دەبینی. بەڵکوو بە مانای ئەزموونێکی سەرووتر لە بەزەیی و ترس دێت، بەمانای بەڵێکردن بۆ سەرمەستیی جاویدانیی (هەبوونی هەمەکی)، کە سەرمەستیی وێرانکارییش دەگرێتەوە.

شۆپنهاوەر گوزارەی ''پرەنسیپی تاک­بوون٣٣''ی لە ئەندێشەی سیکۆلایستیزم٣٤ وەرگرت و بەمانای جیهانی فینۆمێناڵی٣٥ کات و شوێن گەردانی کرد، جیهانێک کە چەندینەیەک٣٦ لە بوونی یەک­بەدوای­یەکداهاتوو و هامتا دەداتە دەرێ. بەپێچەوانەوە، ویست، بوونە لەخۆدا و لە دەرەوەی سیستەمی شوێنکاتدایە. هەروەتر، ویست لە دەرەوەی تخووبی (پرەنسیپی بەڵگەی پێویست)٣٧دایە. کەوابوو دەتوانرێت بگوترێت، ویست هەروا بەبێ هۆکار و بەڵگەیەک و بەشێوازێکی بەرایی تاقانەیە (هەر بەتەنێ ئوبێکتێک یانژی چەمکێک نییە). تاکەکان لە هاتنەبوون و داپووکانیاندا، تەنیا وەکوو دیاردەگەلی پەیوەست بە ویست ئەژماردەکرێن و، لەم میانەدا، ویست وەکوو پاڵنەرێکی کوێر و بەخوڕی ڕاپێچکەر شیاوی دەرککردنە. ئەگەرچی کنەوپشکنینی نیچە لەچێوەی لەدایکبوونی تراژیدایادا، بە چڕی بە چەمکێلی میتافیزیکی شۆپنهاوەر پشتئەستوورە، وەلێ سەرومڕ جوینەوەی ئەم چەمکانە نییە. 

نیچە لە لەدایکبوونی تراژیدیادا، باسێکی لەبنەوانەوە دوولایەن پێش دەخات. لەلایەکەوە باسوخواسێکی مشتومڕئامێز لەمەڕ سەرهەڵدان و ئاوابوونی تراژیدیای یۆنان دەبینین (پاژی ١-١٥)؛ و لەلاکەی ترەوە دەگەڵ کێشمەکێشێکی هەستبزوێن بۆ بووژانەوەی کولتووری هاوچەرخی ئەڵمانیی ڕووبەڕووین(پاژی ١٦-٢٥). ڕایەڵی نێوان ئەم دووە، ئەو ڕۆڵەیە وا نیچە بۆ میوزیکی لەبەرچاو دەگرێ. تراژیدیای یۆنانی زادەی میوزیکە و نیچەیش بۆ بووژانەوەی کولتووری، ئومێدی لەسەر ئۆپێرای ڤاگنەر هەڵچنیوە. لە پەرتووکی (جیهان وەک ویست و نواندنەوە)دا، شۆپنهاوەر دەڵێت، میوزیک بەهۆی خەسڵەتی نابەرجەستەییەوە، هونەرێکی بێ هاوتایە. میوزیک دەتوانێت لە جیهانی ڕووکەش و بەرچاو تێپەڕێت و زەمینەی دەستڕاگەییشتن بە جیهان لەناو خۆدا، واتا جیهانی چون ویست، بڕسکێنێ. بە باوەڕی نیچە ناتوانرێت پرسی تراژیدیا لە کاتیگۆرییەکانی جوانیناسیی ڕواڵەت یانژی جوانی هەڵگۆزرێ، ئەمە تەنیا لەسەر بنەمای گیانی میوزیک دەکرێت، ئاخر تەنێ لەڕێی ئەم گیانەوەیە دەتوانرێت بەگژ سەرمەستیی ئەزموونکراو لە وێرانەی (تاکێتی)دا بچینەوە.

نیچە لەساڵی ١٨٨٦ ڕەخنەیەکی کاربڕی لەسەر ئەم پەرتووکە نووسی و وەکوو ''وێنەی شێت و وێنەی ئاشوفتە''، سۆزدارییانە و ''بریندارکەر و ڕەکیک تا ئاستی ژنێتی'' وەسفی کرد. ئەم بەرهەمە، خێرا لەپاش وەشاندنی، ڕووبەڕووی نکۆڵییکردن و ڕەخنەی توندی زمانناسان بوویەوە و، پاش ئەوەی لەلایەن ڕێنوینکەری وی، واتا فریدریش ڕیچێڵ کە پێگەیەکی باشی لە بازل هەبوو، ڕەت کرایەوە، ناچار نیچە پێی لێ نا کە لەبەرچاوان کەوتووە و سەروفەساڵێکی نەویستراوە. ئەمێستاکە وی لە لێواری ڕەوشێکی یەکجار نالەبار و پڕ تەنگەژەدا بوو. فێرخوازانی زانکۆی لەدەست دا، چەند ساڵ پاشی ئەمە، لەمەڕ ڤاگنەر وەکوو  هونەرمەندێ، گومانی جددی تێدا گەڕا و پشتگیرییەکانی لە وی، بە چڕیی لە کەمیی دا.

لەدایکبوونی تراژیدیا، هەردەم یار و نەیاری خۆی هەبووە. ئا لەم ڕۆژگارەی خۆمانیشدا، وەبەر ڕەخنە و ناڕەزایەتی کەوتووە. یۆرگن هامبەرماس38، یەکێک لە فیگەرە دیارەکانی سەر سەکۆی فیکر لەپاش جەنگ، لەمەڕ پەسنی نیچە بۆ پرسی دیۆنیسیۆسی و ئەوەی پەرتووکەکە بەرگری لە میتافیزیکای هونەرمەند دەکات، جۆرێک لە دژە عەقڵانییەت و ئیستاتیک­باوەڕییەکی مەترسیدار دەبێنێ، کە لەچێوەیدا پرسی دیۆنیسیۆسی هەم لە جیهانی تێگەییشتنی تیۆری39 و هەم لە جیهانی کردەی ئیتیکیی ڕۆژانە هەڵاوێر دەکرێت. هامبەرماس دێژێت، (ئەم تەرزە فیکرە) کە زەمینەڕەخسێنی دەستڕەسییە بە جیهانی جۆش­وخرۆش، هاوزەمان بەدبەختانە بە بەهای پووکانەوەی تاک دەنێو بێ بیچمیدا دواییی دێت. بەڵام ڕاڤەکارانی دیکەی چون پیتەر سڵۆتەردایک40 وای بۆ دەچن کە دەبێت دەقی نیچە وەکوو بەرهەمێکی کولتووریی پێشەنگ وەخوێنرێ و سەوا بکرێ. ئەگەرچی ڕاستە لە سەردەمی مۆدێڕندا جوانیناسی لە قەڵەمڕۆکانی تری وجوودی ئێمە جیابووەتەوە، وەلێ ئەمە بۆ سڵۆتەردایک بەو مانایە دێت کە بەرهەمی هونەری دەتوانێت لە گۆشەکانی تری بابەتی بەرباسدا جێکەوت ببێت. وی بەڵگەسازی بۆ ئەوە دەکات گوایە پرسی دیۆنیسیۆسی بەتەنێ لە کەوشەنی جۆش­وخرۆشی فەرامۆشکارانە بەدەرد ناخوات، بەڵکوو بۆ بنکۆڵکردن و سستکردنی بونیادی دەرکی وابەستە بە ناسنامەی ئێمەومانان لە خودی خۆمان، دەکاردەبرێ و، هەروەتر بەرهەڵداکردنی تەوژمگەلی زیاتری وزەش دەستبەردەکات. لە کولتووری خۆرئاوادا نەریتێکی یەکجار تۆکمە بوونی هەیە، کە ناسنامەی تاک دەچێوەی ئایدیاگەلی هەمتا، جێگیر و یەکپارچە فام دەکات. بە باوەڕی سۆڵتەردایک، لەدایکبوونی تراژیدیای نیچە، پیشانی دەدات کە ئەم وێنایە بۆ ناسنامەی مرۆیی، سەرومڕ وەهمە.

فیکری نیچە، پاش لەدایکبوونی تراژیدیا و لەماوەی قۆناغی بەراییی ساڵانی ١٨٧٢_١٨٧٦دا، دووچاری چەندان گۆڕانکاریی ڕیشەیی دەبێت. گەرچی هونەر هێشتاکانێ ڕۆڵێکی گرنگ لە هزری ویدا وازی دەکات ( و بۆ شێوەی ''ویستی باشی ڕواڵەت''41 دەگۆڕێت و وامان لێ دەکات بەرگەی وجوود بگرین)، لێ بابەتگەلی پەیوەست بە مەعریفە و زانست لەلایەن وییەوە گەلەک شێلگیرانەتر پەیگیریی دەکرێن. ئایدیایەکی نوێ لەمەڕ (تاک­بوون) لەچێوەی تێکستەکانی دوایینی نیچەدا دەگوورێت، کە بەگوێرەی، چیتر تاک بە مەینەتی میتافیزیکیی مەحکوم نییە. دیدی نیچە لەمەڕ ئازاری وجوودیش، بەجۆرێکی واتادار پەرەی ستاند. لە (وەهای گوت زەڕدەشت)دا، هەمووی ئەوەی وەکوو تاکێکی فانی بەدەستییەوە دەتلێینەوە، تێپەڕینی کاتە. لە (جینالۆژیای ئەخلاق)دا، ئازاری ئێمە زادەی سەرچاوەیەکی میتافیزیکی یان وجوودیی نییە، بەڵکوو زادەی پێویستییەکانی ئارایشی کولتووری و جیکارییە کۆمەڵایەتییەکانە. (ئەمێستاکە) نیچە چیتر سەبارەت بە بێ ڕەحمیی سروشت ناپەیڤێ، بەڵکوو بێ ڕەحمی بە ڕەگەزێک لە ڕێگوزەری ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی دەزانێ. دەگەڵ ئەو گۆڕانەی وا هزری وی پاش قۆناغی بەراییی نووسینەکانی دووچاری هات، هێشتاکانێ نیچە لەئاست پرسی دیۆنیسیۆسی وەکوو فەلسەفەی ژیان، وەفادار مایەوە.

 

 

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:   

1.  Ralph Waldo Emerson (1803_1882).

2. Stanley Cavell (1926_2018).

3. Die Welt als Wille und Vorstellung.

4. Friedrich Albert Lange (1828_1875).

5. Kritik der Urteilskraft.

6. Wille (will).

7. Academic tenure.  

8. centaur.

Centaur: بە یۆنانی (Κένταυρος)ی پێ دەگوترێ، یەکێک لەهەرە ناسراوترینی بوونەوەرانی نێو میتۆلۆژیا یۆنانییەکانە و بەسەر و گەردن  ئادەمیزاد و بە لەش ئەسپە.

9. Die Geburt der Tragödie aus dem Geiste der Musik‎.

10. (Apollo'' Ἀπόλλων'')_( Dionyso '' Διόνυσος '').

11. satyr (σάτυρος).

12. Silenus (Σειληνοί).

13. Existentialism.

14. Albert Camus (1913_1960).

15. Aeschylus (Αἰσχύλος).

16. Sophocles (Σοφοκλής).

17. Homeros (Ὅμηρος).       

18. Archilochus‎ (Ἀρχίλοχος).

19. Pindaros (Πίνδαρος).

20. chorus (Χορωδία).

Chorus یانژی بە یۆنانیی Χορωδία، یان دەستەی سروودخوێنان و هاونەوایان، بەگشتیی دەستەیەکی چەند کەسیی بوون، لە نمایشنامەکانی تراژیک­نڤیسانی یۆنانی کۆندا لەسەر سەکۆی نماش دەردەکەوتن و بە ئاواز و سەما و گوفتاریی بۆ داڕێژراویان، هەم نمایشەکەیان پڕڕەنگتر دەکرد، هەم خاڵە پێوارەکانیان ڕوون دەکردەوە.

21. Johann Christoph Friedrich von Schiller (1759_1805).

22. Euripides (Εὐριπίδης).

23. Prometheus.

24. Oidípous Týrannos ( Oἰδίπoυς τύραννoς،).

25. individuationis.  

26. Titan (Τιτάν).

تیتان یانژی تایتان، ناوی بوونەوەرگەلێکی خودائاسای نێو میتۆلۆژیای یۆنانییە. تایتانەکان نەمر و یەجکار بەهێز و تۆکمە بوون. ئەوان پێش خودایانی ئۆڵۆمپیۆس، فەرمانڕەوای زەوی بوون. ژمارەی تایتانە سەرەکییەکان، دوانزە دانەیە، شەشیان کوڕ و شەشیان کچن و وەچەی خوداوەند ئۆرانیۆس(ئاسمان) و مێ­خودا گایا(زەوی) بوون.

27. individualization.

بوونبە تاک، تاکبوون و تەریککەوتن(تفرد) و (فرد)، کە لێرەدا بەمانای جیابوونەوە دێ لە بنەچەی سەرەکیی جیهان، کە ماهییەتێکی هەمەکی و گشتەکی و یەکپارچەی هەیە و بەش و پەرت نابێ. وەلێ تاک­بوون بریتییە لە جیابوونەوە و پەرتبوون و خۆداماڵین لەم بنەچەیە کە ماهییەتی جیهانە.

28. Theology.(لاهوت)

29. Redemption.

لە ئایینی مەسیحیدا بەمانای (پاکژبوونەوە) و (ڕزگابوون) لە گوناە و کڕینەوەی گوناهی یەکەم دێت.

30. Theodicy.

31. Eugen Fink, Philosophy of Nietzsche (1962), Translation of Goetz Richter. London and New York. Continum, 2003.

32. katarsis, Aristoteles (Κάθαρσις).

کاتارسیس، واژەیەکی یۆنانییە و بەمانای پاکژبوونەوە، بەتاڵبوونەوە و پاڵفتەکردن دێت. هەروەتر بەمانای ڕاماڵینی هەست و سۆز و تەنگەژە دەروونییەکان و دەرهاویشتنە دەرەوەیان دێت. ئەریستۆ وای پێناسە دەکات: کاتارسیس بریتییە لە ئاوەچۆڕپێکردنی وزە سۆزدارییەکانی نێو نمایشنمامە و بەتاڵکردنەوەیان. بۆ نموونە لە نمایشنامەی تراژیدیدا، کاتارسیس بەکۆتاهاتنی ترس و هاوسەنگبوونی هەستی بەزەییە. ئەم وزە سۆزدارییانە و ئەم هەست و سۆزە خرۆشاوانە، پێش ئەوەی کار لە تەماشاچییان بکەن، دەبێت وەک تەوژمێک لە دووتوێی نمایشنامەکەدا و لە جووڵەی کارەکتەرەکاندا بوونیان هەبێ. ئەوی دەم ئەم تەوژمە سۆزدارییانە کە وەک هێز و وزەی دینامیکی نمایشنامەکە دەکاردان، کۆتاییان پێ بێت، خۆبەخۆ لە دەروونی تەماشاچیانیشدا دواییان پێ دێت و بەتاڵدەبنەوە. وەلێ لەکن نیچە، کارتاسیس هەمان ئەو ڕەوشەی ئادەمیزادە کە دەنێو جیهانی وجووددا دەستەویەخەی دەبێ  لەڕێگەی میوزیکەوە، و لە ئانوساتی وەجد و فەرامۆشکردنی پرەنسیپی تاکێتیی و خۆ هاویشتنە نێو دڵی سروشتی دڵڕفێن و لەدەمی کەیفسازی و سەرمەستییدا، ئەوی دەم خۆ بەبەشێک لە جیهانی سەرسامئاوەر دەزانین، کاتارسیس نمایان دەبێت.

33. principium individuationis (پرەنسیپی تاکێتی یانژی بنەچەی تاکبوون ''اصل تفرد'').

34. scholasticus.

35. Phenomenal.

36. multiplicity. (چەندینە، چەندان و زۆر ''کثرت، تعدد'')

37. Principle of Sufficient Reason.

پرەنسیپی بەڵگەی پێویست (Principle of Sufficient Reason) ئاوهایە: هیچ کاتیگۆری و هیچ شتێک دروست و ڕەوا نییە مەگەر بەڵگە و پاسای پێویست بۆ ڕاستاندنیان لەئارادا بێ. هەروەتر، هەموو ئەوەی لەئاردان و لەم جیهانەدایە و لەبری ئەوەی نەبن کەچی هەر بەو جۆرەی کە هەن، هەن، پاسا و پێشزەمینەی خۆیانیان هەیە و بەڵگەی پێویست بۆ ڕاستاندنیان هەیە. واتا تەواوی وجوود و دیاردەکانی لە چەمەری پێشزەمینە و پاساوی پێشیندا گیریان خواردووە. کەواتە هیچ شتێک بوونی نییە کە بەڵگە و پاساو و پێشزەمینە بۆ ڕاستاندنی نەبێ، مەگەر ئەوەی ئەو شتە بوونی نەبێ. وەلێ نیچە پێی وایە ''ویست'' لەم کەوشەنی بەڵگە و بەڵگەبازییە بەدەرە و بەبێ هۆ و دەلیل، هەروا بوونی هەیە و تەواو.

38. Jürgen Habermas.

39. Theoretical understanding.

40. Peter Sloterdijk.

41. the good will to appearance.