ناچاریی بژارده‌كان
وتووێژی "دێر شپیگڵ" له‌گه‌ڵ "ڕیناتا سالیكڵ"
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د به فايلى pdf بيخوێنهوه
ڕه‌نگه هه‌ڵبژاردنی بژارده‌كان(اختيار) له‌نێو به‌رهه‌مه فره‌جۆر و زۆروزهوهندهكاندا له ژیانماندا كارێكی قورس بێت، لێره‌دا به‌لای ڕیناتا سالیكڵی خانمه ده‌روونشیكاری سلۆڤینییه‌وه ئازادی هه‌ڵبژاردنی بژارده‌یه‌ك له جێیه‌كی دیكه‌وه ناڕاسته‌وخۆ ئاراسته ده‌كرێت، به‌م مانایه ئه‌مه ئازادی نیه، مه‌سه‌له‌كه هه‌ر ئه‌وه نیه گه‌ر بژارده‌كانمان كه‌م بن ئه‌وا ئازاديی هه‌ڵبژاردنی بژاردهكانیشمان به‌رته‌سكه، به‌ڵكو كتومت به‌پێچه‌وانه‌وه، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه كه‌وتوینه‌ته ناو فره‌یی و لێشاوی بژاردهكانهوه، سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرین به‌ته‌واوه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵاتدا ته‌با و هه‌ماهه‌نگ ده‌بێته‌وه.
ئازاديی هه‌ڵبژاردنی بژارده‌كان له‌نێو ئه‌و ژماره بێسنوره‌ی بژارده وه‌زیفییه‌كان یان هێما بازرگانییه‌كان و ئه‌و هه‌موو كه‌ل و په‌لانه‌ی سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌میانده‌هێنێت و بگره بیركردنه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنی ماركه‌ی شمه‌كێك یان ناوی قاوه‌یه‌ك دواجار ده‌بێته ئازادییه‌كی پووچ. ئه‌وه‌ی ئه‌م لێشاوی بژاردانه به‌ڕێوه‌ده‌بات كۆمه‌ڵگه سهرمایهدارییهكهمانه. سالیكڵ له‌م گفتوگۆیه‌ی له‌گه‌ڵ گۆڤاری "دێر شپیگل"ـی ئه‌ڵمانیدا باس له تێزی خۆی ده‌رباره‌ی سه‌رمایه‌داری و ئیختیار ده‌كات. (وه‌رگێڕ)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
دێر شپیگل: سالیكڵ خانم، له لقه فاست فوودهكانی تۆنێلی میترۆكاندا (subway) ده‌بێت نیو ده‌رزه‌ن بڕیاربده‌ین به‌ر له‌وه‌ی بتوانین لهفهيهك (ساندویچ) به چێژه‌وه بخه‌ینه ده‌ممانه‌وه. ئایا كه له دهرسگوتارهكانتدا باس له "فره‌یی بژارده‌كان" ده‌كه‌یت، هه‌ر مه‌به‌ستتان له‌مه‌یه؟
سالیكڵ: من هه‌وڵده‌ده‌م خۆم له شوێنگه‌لێكی وه‌كو تۆنێلهكان ببوێرم، خۆ ئه‌گه‌ر ناچار به‌وه‌یش ببم بچمه نێوی، ئه‌وا هه‌ر ده‌بێت داوای ئه‌و جۆره خواردنانه بكه‌م. كاتێك باس له "ناچاریی بژارده‌كان" tyranny of choice ده‌كه‌م، مه‌به‌ستم له‌و ئایدۆلۆژیایه‌یه كه له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریی پاشپیشهسازیيدا هاتۆته ئاراوه. مه‌سه‌له‌كه له‌گه‌ڵ خه‌ونی ئه‌مریكایی- بیرۆكه‌ی "پیاوی خۆپێگه‌یێن" the self-made man ـدا ده‌ستپێده‌كات، پیاوێك كه كارده‌كات بۆ بونیاتنانی خۆی و ده‌یه‌وێت له هه‌ژاری ڕزگاری ببێت و خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات. ئه‌م چه‌مكه وه‌زیفییه له ژیانی ئه‌مڕۆی جیهاندا گۆڕاوه و بووه به فه‌لسه‌فه. له‌مڕۆدا ئێمه پێمان وایه ده‌بێت توانای بژارده‌كردنی هه‌موو شتێكمان هه‌بێت: شێوازی ژیانمان، شێوازی خۆده‌رخستن و خۆنمایشكردنمان، ته‌نانه‌ت وامان لێهاتووه كاتێك كه قاوهیهكیشمان ده‌وێت، هه‌میشه پێویستمان به هه‌ڵسه‌نگاندن و كێشانه‌ی بڕیارهكانمانه. ئه‌مه‌یش به‌هیچ جۆرێك ئاسایی نییه.
دێر شپیگڵ: بۆچی؟
سالیكڵ: چونكه هه‌میشه هه‌ست به فشار و دوودڵی ده‌كه‌ین، ده‌مانخاته دۆخی هه‌ستكردن به تاوانیشه‌وه، چونكه به‌پێی ئه‌م ئایدۆلۆژیایه كاتێك تۆ به‌خته‌وه‌ر نیت یان ناڕازیت ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه هه‌ڵه‌ت كردووه و بڕیارێكی خراپت داوه كه وای لێ كردوویت به‌خته‌وه‌ر نه‌بیت.
دێر شپیگڵ: ئه‌ی ئه‌گه‌ر بڕیارێكی دروستمان دا؟
سالیكڵ: له‌م دۆخه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین هه‌میشه شتێكی باشتر له گۆشه‌ی دواتردا چاوه‌ڕوانمانه و ده‌بێ هه‌وڵی وه‌ده‌ستهێنانی بده‌ین، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه هه‌رگیز هه‌ست به ڕه‌زامه‌ندی ناكه‌ین و دوودڵین له مانه‌وه له‌سه‌ر شتێك.
دێر شپیگڵ: "مه‌هێڵن كه‌سی ئاسایی common man بڕیار بدات چونكه وه‌ك پێویست زیره‌ك نییه" ئه‌م ئه‌رگومێنته چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌لایه‌ن ستهمكارهكانهوه به‌كار هاتووه، ئایا ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئه‌وان له‌سه‌ر هه‌قن؟
سالیكڵ: نه‌خێر، من ڕه‌خنه له ئازاديی سیاسی یان هه‌ڵبژاردن (الإنتخابات) ناگرم، به‌ڵكو ڕه‌خنه له شێواندنی ئه‌و چه‌مكه ده‌گرم له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌دارییه‌وه، ئه‌و وه‌همه‌ی كه ده‌ڵێت: من ده‌سه‌ڵاتم به‌سه‌ر ژیانی تایبه‌تی خۆمدا هه‌یه.
دێر شپیگڵ: به‌ڵام من ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌م به‌سه‌ر ژیانی خۆمدا هه‌یه. ده‌شتوانم خۆم بڕیاری ئه‌وه بده‌م چیم ده‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه له‌مه ببێته هۆی شه‌كه‌تی و ماندووبوونیشم؟
سالیكڵ: هه‌رگیز نه‌خێر، جارێكیان هاوڕێیه‌كم، كه دكتۆرێكی ده‌روونییه، شتێكی له‌باره‌ی نه‌خۆشێكه‌وه بۆ گێرامه‌وه، پێی وتم كه خانمێكی نه‌خۆش سه‌ردانی كردووه، نه‌خۆشه‌كه خوێنده‌وار و خاوه‌ن وه‌زیفه‌یه‌كی باش و ماڵ و هاوسه‌رێكی دڵخوازیش بووه، به دكتۆره‌كه‌ی وتبوو: "له ژیانمدا هه‌ر شتێك ڕاست و درووست بووبێت كردوومه، به‌ڵام هێشتایش به‌خته‌وه‌ر نیم". دواجار، ئه‌م نه‌خۆشه ئه‌و شته‌ی نه‌كردووه كه خۆی ئاره‌زووی لێی بووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كردووه كه پێی وابووه كۆمه‌ڵگه لێی چاوه‌ڕوان ده‌كات.
دێر شپیگڵ: ئایا ئه‌مه مانای وایه كه ده‌بێت هه‌وڵ بۆ به‌خته‌وه‌ریی تاكه‌كه‌سیی خۆمان بده‌ین؟
سالیكڵ: ئه‌م تێگه‌یشتنه دیسان درووست نیه، ئه‌وه‌یش وه‌همه. به‌خته‌وه‌ری بووه به پێوه‌رێك كه دژی خۆمان به‌كاری ده‌هێنین. دونیا پڕه له گۆڤاری ژنانه كه به‌رده‌وام پێمان ده‌ڵێن به چی دڵخۆش ده‌بین. دونیا پڕه له هه‌واڵ و ستاتوسی فه‌یسبووك، تا پێمان بڵێت چه‌ند كه‌سانی به‌ناوبانگ و ئه‌ستێره‌كان خاوه‌نی ژیانی خۆیانن و چێژی لێ ده‌بینن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ نیشانه‌ی گه‌شه‌پێدان هه‌یه كه ئاستی به‌خته‌وه‌ری هه‌ندێ له گه‌لان دیاری ده‌كات. "دڵخۆشبوون" بووه به ئه‌ركی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌م پێوه‌رانه‌دا هه‌ماهه‌نگ و گونجاو نه‌بێت شكست ده‌هێنێت.
دێر شپیگڵ: به‌ڵام دروشمێك motto هه‌یه ده‌ڵێت هه‌موان ده‌توانن بڕیاری تایبه‌ت به خۆیان بده‌ن، ئه‌مه‌یش توانای زیاتر ده‌دات به خه‌ڵك تا كۆنترۆڵیان به‌سه‌ر ژیانی خۆیاندا هه‌بێت؟
سالیكڵ: به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا به‌شێكی ڕاسته. ئێمه هێشتایش ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌دا ناشكێت كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانمان ده‌كه‌وێته‌وه. ئه‌مه هه‌نگاوی دواتره. ئێمه ته‌نیا پێویستمان به ئازاديی هه‌ڵبژاردن نیه، به‌ڵكو ده‌بێت به مسۆگه‌ری له‌وه‌یش دڵنیابین كه ئه‌وه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرین كتومت به‌و جۆره‌یه كه وێنامان كردووه.
دێر شپیگڵ: بۆچی ئێمه له‌وه ده‌ترسین به هه‌ڕه‌مه‌كی ڕه‌فتار بكه‌ین؟
سالیكڵ: چونكه هه‌ر جارێك بڕیار له‌باره‌ی شتێكه‌وه ده‌ده‌ین، له‌به‌رامبه‌ردا شتێكیش ده‌دۆڕێنین. كڕینی ئۆتۆمبێلێك نمونه‌یه‌كی ڕوونه. خه‌ڵكانێكی زۆر هه‌ن به‌ر له‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێك بكڕن زۆر لایان به به‌هایه و ده‌ینرخێنن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌یشی كه ئۆتۆمبێله‌كه به‌ده‌ست ده‌هێنن هه‌ر به دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن ئۆتۆمبێله‌كه‌یان بنرخێنرێت، وه‌ك بڵێی ده‌یانه‌وێت دڵنیاببنه‌وه له‌وه‌ی كه ئیختیارهكهیان دروسته.
دێر شپیگڵ: ده‌ی ئه‌گه‌ر هیچ بژاردهیهكم له به‌رده‌ستدا نه‌بێت، بۆنمونه چونكه پاره‌م نیه هیچ شتێكی پێ بكڕم، ئایا به‌مه به‌خته‌وه‌ر ده‌بم؟
سالیكڵ: به‌داخه‌وه نه‌خێر، یه‌كێك له گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كانی سه‌رمایه‌داری ئه‌وه‌یه كه ته‌نانه‌ت كۆیله‌ی پرۆلیتاریایش خۆی لێ ده‌بێته سه‌روه‌ر. كۆیله بڕوای وایه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ژیانی خۆی بگۆڕێت. پاڵنه‌ری پشته‌وه‌مان ئایدۆلۆژیای "پیاوی خۆ پێگه‌یێن"ـه: ئێمه كاری زیاتر ده‌كه‌ین، زیاتریش مه‌سره‌ف ده‌كه‌ین، دواجار خۆیشمان مهسرهفدهكهین. سه‌ره‌نجامه‌كه‌یشی بێتاقه‌تی و وه‌ڕزی، شهرهنگێزییهكی نهخۆشیئاسایه و ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی تریشه كه شێوازه‌كانیتری ژیاندا ده‌رده‌كه‌ون.
دێر شپیگڵ: بۆچی به‌م خراپییه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆمان ده‌كه‌ین؟
سالیكڵ: سیگمۆند فرۆید به‌كرده‌یی ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه ئازار، به‌شێوه‌ی سه‌یر و مازۆخی، چێژمان پێ ده‌دات. ناچاریی بژارده‌كان ئه‌م كه‌لێنه ده‌قۆزێته‌وه، كه‌لتوری مه‌سره‌فگه‌رایی Consumer culture وهڕزمان ده‌كات. ئێمه ئازار ده‌چێژین. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌یش خۆمان وێران ده‌كه‌ین و ناتوانین بوه‌ستین.
دێر شپیگڵ: به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئێمه قوربانییه‌كه نین. پاش هه‌موو شتێك ئێمه خۆمان ئه‌م سیسته‌مه‌مان دروست كردووه و هه‌تا ئێمه مه‌سره‌ف بكه‌ین ئه‌ویش هه‌ر ده‌مێنێت. دواجار سه‌رمایه‌داری ته‌نیا ئاوێنه‌ی سروشتی مرۆڤه؟
سالیكڵ: ئه‌مه ڕاسته. فرۆید ئه‌وه‌یشی وتووه كه خۆمان نیرۆس(عوساب)ـى خۆمان هه‌ڵده‌بژێرین، سه‌رمایه‌داری نیرۆسی مرۆڤایه‌تییه.
دێر شپیگڵ: شێوازی تریش بۆ ئه‌مه هه‌یه. ڕیستۆرانتێك له له‌نده‌ن هه‌یه ته‌نیا یه‌ك جۆری خواردن پێشكه‌ش ده‌كات كه‌چی خه‌ڵكی له ده‌ره‌وه ڕیزی بۆ ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی تاقیی بكه‌نه‌وه. كۆمپانیایه‌كیش له به‌رلین تی‌شێرت ده‌فرۆشێت بێ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار پیشانی كڕیاره‌كانی بدات.
سالیكڵ: ئه‌مه ستراتیژییه‌تێكی بازاڕپهیداكردن marketing ـی زیره‌كانه‌یه. ده‌توانین له‌گه‌ڵ منداڵانیشدا هه‌مان شت ببینین. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر منداڵه‌كان فیلمێك بۆ سه‌یركردن هه‌ڵبژێرن، زۆرجار هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن له‌ده‌ستیان چووه. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، ئه‌گه‌ر پێیان بڵێم "با بچین ته‌ماشای فیلمی جیمس بۆند بكه‌ین"، زۆرجار ده‌ڵێن: "نا، هه‌موو شتێك به‌س ئه‌وه‌یان نا"، ئه‌گه‌ر سنوورێكیش بوونی نه‌بێت ئه‌وا ئێمه خۆمان سنووری خۆمان دیاری ده‌كه‌ین.
دێر شپیگڵ: تۆ بڵێی ڕۆژێك بێت ئازاد بین؟
سالیكڵ: نه‌خێر، به‌ڵام ده‌توانین ژیانێكی ئاسوودهترمان هه‌بێت. ده‌توانین قه‌بووڵی ئه‌وه بكه‌ین بڕیاره‌كانمان عه‌قڵانی نین و ئێمه هه‌میشه له‌نێو سیاقی كۆمه‌ڵگه‌دا گیرۆده‌ین؛ هه‌موو جارێكیش كه شتێك له‌ده‌ست ده‌ده‌ین شتێكی تر هه‌ڵده‌بژێرین، هه‌ر به ڕاستی ئێمه ده‌ستمان به‌سه‌ر سه‌ره‌نجامی بڕیاره‌كانماندا ناشكێت.
سه‌رچاوه‌كان:
- مجتمعنا الرأسمالي الحديث يحكمه "طغيان الإختيار", مقابلة مع الفليلسوفة ريناتا ساليكل, http://elaph.com/Web/news/2013/6/820725.html
- Philosopher Renata Salecl: 'Capitalism Is Humanity's Neurosis, "on the tyranny of choice" http://www.spiegel.de