A+    A-
(1,139) جار خوێندراوەتەوە

       سلاڤۆى ژیژەک چی لە نمونەکان دەکات؟

                   (چەند نمونەیەک)

 

 

 

 

 

ڕۆبەرت پفیولەر: چەند پەرەگرافێک لە کتێبی:"چالاکی ناچالاک و سەرپێچی"

و. بۆتان بەختیار

 

 

 

 

 

 با سەیری نمونەیەکی کلاسیکیی ژیژەک بکەین، یەکێک لە شاڕێ کەمەندکێشەکانی وی، ئەویش پەرەپێدانی فیکرە لەمەڕ ئۆبێکتیڤیتەی باوەڕ. دەستپێک لە فۆرمولەی فێتیشیزمی کاڵای مارکسەوە، ژیژەک ئارگۆمێنتەکەی ئاراستەی چەند نمونەیەکی تری پەیوەست دەکات. ڕەوڕەوەی دۆعای تبتییەکان، لێکدانەوەی لاکان بۆ ڕۆلی کۆرس¹ لە تراژیدیای یۆنانیدا، کارکردی پێکەنینی لەقتونراو² لە دیمەنی کۆمیدیی تەلەڤزیۆنەکاندا و نوکتەی ئەو گەمژەیەی دەترسا ببێتە خۆراکی مریشکێک³.

هەوەڵین شت، گەرەکە بگوترێت ئەو ئایدیای ژیژەک لە هەڵگۆزینەکانیدا نیگای تێدەگرێت، لە سەرەتادا نادیارن. تیۆریی فێتیشیزمی کاڵای مارکس، ئەم ئایدیایە ناگرێتەخۆ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ژیژەک ئەم نمونەیە بۆ تێکدانی ئەو تێگەیشتنە باوە بەگەڕدەخات وا لەمەڕ فۆرمولەکەی مارکس هەیە; ئەو تێگەیشتنەی وا فۆرمولەکەی مارکس، لە چێوەی ئابووری و ڕەخنەی هیومانیستیی ئابووریی پەیوەست بە سەرمایەدارییەوە کورتدەکاتەوە. لەجیاتیدا، ژیژەک وەها دەخوازێک ئارگۆمێنتەکەی مارکس وەک تیۆری ئایدۆلۆژیا بخوێنینەوە نەک ڕەخنەی ئابووری. ئەمە بەو مانایەی چ دەنێو نەریتی مارکسیزمدا و چ لەدەرەوەشی، تێگەیشتنی درووست بۆ ئایدۆلۆژیا نەبووە. ئەو پێچە تیۆرییەی ژیژەک وا بۆ هەڵگۆزینی مانایەکی نوێ بۆ ئارگۆمێنتەکەی مارکس لێیدەدات، بە کۆمەکی ڕەوڕەوەی دۆعای تبتییەکان، ئەمەیە: ئۆبێکتەکان دەتوانن لەجێی ئێمە باوەڕبێنن.

دەشبێ بگوترێت ئەم نمونەی ڕەوڕەوەی دۆعایە، دوورە لەوەی بەبێ تەمومژ هەڵگری ئایدیا نوێیەکە بێت. ئەو ئایدیایەی وا خەڵکی ئاینیی تبت ڕەنگە لەکاتی ڕێوڕەسەمەکاندا لەڕێی کۆمەڵێ فەنتازیای بێ‌شەرمانەوە فەرامۆشیبکەن، ئایدیایەکە تیۆریستە ئەورووپییەکان بەئەستەم توانیویانە درکیبکەن(ئەمە سەرەڕای هەندێ وتەی دەلای لاما کە ئەم پارادۆکسی پراکتیزەکردنە دەخاتەڕوو). دەکرێت بەهاوکاریی سیستەمی چەمکسازیی لاکانی، نمونەیەکی تر بخەینەڕوو: ئایدیاکەی لاکان ئەوەیە وا دەکرێت ناوەکیترین هەستەکان و باوەڕەکانمان "پێگەیەکی دەرەکی⁴"ـیان هەبێت، کۆرسیش لە تراژیدیای یۆنانیدا هەمان کارکرد(ڕۆڵ و فرمان)ـی هەبوو. کارکردەکەشی هەستکردن بوو بە ترس و هاوسۆزی لەجیاتیی بینەرەکاندا. هێشتاش ئەم ئایدیای لاکان بڕێک هەڕەمەکی و ڕووتەڵە و تەنانەت ناعەقڵانی و نائیمپریکی‌ش دێتە بەرچاو. بەڵام، ئەوە گومانی تێدا نیە کە ئەم ڕێڕەوە لە فیکری لاکاندا دەمێکە درکپێنەکراو و وەلانراوە. کەس ئەم ئایدیایەی نە بەکارهێناوە و نە ئاماژەیەکی بۆ کردووە، تەنانەت ئەوانەشی لە تیۆری لاکاندا کاردەکەن. دواجار ئەوە سلاڤۆی ژیژەک بوو وا ئەم ئایدیا لاکانییەی لەڕێی پەیوەستکردنەوەوە بە نمونەی کەلتووریی هاوچەرخەوە، ڕۆشنکردەوە. دیاردەی پێکەنینی لەقتونراو لە تەلەڤزیۆندا(بە ڕەچاوکردن و تێبینیکردنی ئەوەی کاتێ ئەو ئەو پێکەنینە دەخرێتە بان دیمەنەکە، خۆمان پێناکەنین) ڕێی ئەوە بۆ ژیژەک خۆشدەکات متمانە و کۆنکرێتی‌بوون بە تیۆرەکەی لاکان بدات کە تاکو ئەم دواییانە وەک تیۆرێکی "نوستوو" دەهاتە پێش چاوان. بەها و بلیمەتیی ژیژەک لێرەدا شایەنی ڕەچاوکردنە. هەروەک ئیتنۆلۆژی(نەژادناسی)، لەم دۆخەشدا تێگەیشتن لەم بابەتە لە سیاق و کەلتورێکی تردا ئەستەمە ئەگەر توخمە هاوشێوەکانی لەگەڵ کەلتوری خۆماندا نەدۆزینەوە. کۆرسی یۆنانی وەک مەتەڵێک دەمێنێتەوە ئەگەر مامەڵەیەکی داخراو لەگەڵ پێکەنینی لەقتونراودا بکەین، ئەوە تەنها لەڕێی نامۆکردن⁵ و بەکێشەکردن و گواستنەوەی بەڵگە پێشینەکانە ڕووەو پرسیار، وا کلیلێکمان بۆ تیۆریزەی دیاردە بیانییەکان دەستدەکەوێت. ژیژەک لەڕێی نمونەی گەمژە و مریشکەکەوه ئاماژە بۆ ئەو هێزە دەکات وا سوبێکت لەدوای گواستنەوەی باوەڕەکەی بۆ سەر ئۆبێکتەکان بەدەستیدێنێت. گواستنەوەی باوەڕ بۆ سەر ئۆبێکتەکان، سوبێکت لە جاری‌جاران بەهێز تر دەکات. باوەڕی ئۆبێکتیڤانە، واتە باوەڕهێنان لەڕێی ئۆبێکت یان بریکارێکەوە، لە کۆتوبەندی باوەڕە ناوەکییەکانمان ڕزگارمانناکات. بەپێچەوانەوە هەر کە باوەڕەکانمان گواستەوە بان ئۆبێکتەکان، ئەوا ئۆبێکتەکان لە ئاستێکی ئۆنتۆلۆژییدا پەیوەستدەبنەوە پێمانەوە. ئێستاکێ ئەم وەهمانە خەسڵەت بە ئۆبێکتیڤیتەی جیهانی دەرەکی دەدەن. ئەم سەرگێژخواردنە دەنێو وەهمدا و گواستنەوەی زیاتر و زیاتر بۆ سەر ئۆبێکتەکان، وەهای لە ژیژەک کرد پێی‌وابێت پێکەنین و مەودای ئایرۆنی زۆر دوورن لەوەی دەریچەیەکمان بۆ دەرەوەی ئایدۆلۆژیا بۆ بدۆزنەوە. لەپاش کەوتنی حەکایەتە گەورەکان و گەیشتنی عەقڵی سەگباوڕانەی پۆستمۆدێرن، زۆر دووریشین لە پۆست‌ئایدۆلۆژیی بوونەوە.

 

 

 

چەمانەوەی گۆچانەکە

لەڕێی ئەم زنجیرەهەنگاوە تیۆرییانەوە، کە ئامێزانی نمونەمان کردن، دەتوانین بڵێین هیچ ئایدیایەکی بنەڕەتیی ئەبستراکت بوونی نیە کە دواتر لەڕێی توخمێکی کۆنکرێتییەوە ڕوونبکرێتەوە. گەر ئایدیایەکی ئەبستراکتیش بوونی هەبێت(بۆنمونە هەوەڵین چەمکی مارکسیی فێتیشیزم) ئەوا نوێنەرەوەی ئایدیایەکی تری ئەبستراکتە(بۆنمونە مانایەکی جیاوازتری چەمکی مارکسیی فێتیشیزم). بەڵام ئەو نمونانەی ژیژەک لە تێکستەکانیدا ئاماژەیان پێدەدات، هەر خۆیان ئاماژەن بۆ نمونە یان توخمێکی کۆنکرێتیی تر. ژیژەک دوو پرسی کۆنکرێتی پەیوەستدەکاتەوە; بۆنمونە پێکەنینی لەقتونراو و ڕۆڵی کۆرس لە تراژیدیای یۆنانیدا. کەوابێ کارکردی نمونە نە ڕوونکردنەوەیە نە بەسەرمەشق‌کردنی هاوتاکەیەتی-هەنێ‌جار ڕوونکردنەوە و بەسەرمەشق‌کردن تێکەڵدەبن-، بەڵکو کارکردی نمونە جێگۆرکێ⁶ و گواستنەوەیەتی لە پێگە سەرەتاییەکەیەوە; نامۆکردنە بە مانا برێختییەکەی. بە دەربڕینێکی تر، لێکدانەوە⁷یە، لێکدانەوە دژ بە تێگەیشتنی باو و ئەو تێگەیشتنەش وا ناونشینی خودی نمونەکەیە(ئەمە ئەو مانا تونداژۆیەیە نیچە دەیداتە چەمکی "لێکدانەوە").  ئامادەیی نمونە لە تێکستەکانی ژیژەکدا بۆ ڕوونکردنەوەی مانا و مەدلوولە ئاشکراکان نین، بەڵکو بەرچاوخستنی ئەو پنتانەن وا لە یەکەم نیگادا نادیار و نەبینراون. لەجیاتیی ئەوەی نمونە ببێتە ڕوونکردنەوە بۆ ئایدیا، نمونە لای ژیژەک کاریکاتێری نمونەیەکی ترە. یان با بڵێین ڕەخنەکردنی ئایدیای نمونەکە خۆیەتی. نمونەکانی ژیژەک لەسەر یەکتر دەخوێنن، بڕێ کارکردەکەیان هاوشێوەی کارکردی ئوستورەmyth یە لای کلۆد لێڤی شتراوس. بە تێڕوانینی شتراوس، ئوستورەیەک دەتوانێت وەک تەفسیر و لێکدانەوەی ئوستورەیەکی دی کاربکات. نمونەی ژیژەکی پێتناڵێت ئایدیای ئەبستراکت دەمودەست دەخرێتە کارەوە، ماتریاڵێکی پاسیڤ و ناچالاک نیە بۆ دەرخستنی پنتێک کە پێشوەخت لە ئایدیا ئەبستراکتەکدا هەیە بەڵکو دەرخستنی دیوێکە کە هەر بە یەکەمین ئایدیا نامۆیە. ئەم کەشف و کنەوپشکنینەش تەنها لەڕێی هەوڵی تیۆرییەوە دەگورێت و چەکەرەدەکات. کەوابێ، نمونەی ژیژەکی لەوپەڕیدا ئەکتیڤ و چالاکه. نمونە[ـی ژیژەکی] ئۆبێکت یان ماتریاڵی ڕوونکردنەوەی تیۆری نیە، بەڵکو ئامڕازێکی تیۆرییە. نمونەی ژیژەکی، بونیادێکی تیۆری لە ئایدیا ئۆرگیناڵەکەدا دەردەخات، کە هەوەڵین جار بەهۆی بنیادێکی تری دیارەوە دەرنەدەکەوت. بەهۆی سرووشتە چالاکەکانیانەوە، نمونەکانی ژیژەک هێزێکی ڕیترۆئەکتیڤ⁸ـیــان هەیە، دەمودەست لەگەڵ بیستنی نمونەکەدا وێنەیەکی زەینیت لەلا درووستدەبێت، پنتێک دەبینیت وا پێشتر نەتدەتوانی بیبینیت. بۆنمونە ژیژەک نوکتەی دوو هۆکارەکەی ڕابینۆڤیچ بۆ کۆچکردن⁹ بەنمونە دێنێتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی بنیادی دیالەکتیک[تێز و ئەنتیتێز و سەنتێز]ی هیگڵی. وی پێیوایە خودی ئەنتیتێز سەنتێزیشە. ئەمە تێڕوانینە لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە، ئەمە بۆ خۆیشم ڕووننەبوو تاکو دەستم دایە خوێندنەوەی ژیژەک. لێرەدا بەدەقیقی دەتوانین بڵێین نمونەی ژیژەکی ئەوەمان پێ‌دەڵێت، ئەوەی سەرەتا لە دیالەکتیکی هیگڵیدا وەک ئایدیا دەردەکەوت، ئایدیا نەبوو بەڵکو نمونەیەک بوو لەخۆدا. (خودی ئایدیا چ شتێکە بینینی بینراو نەبێت!). کەوابێ، نمونەی ژیژەکی ئەو ئایدیایانەی پێشوەخت ئەمبارکراون، لەسەنتەردادەماڵێت decenter. لافوگەزافی گشتێتییان ڕەتدەکاتەوە و سرووشتی ڕاستەقینەیان دەردەخات. ڕێک وەک دەروونشیکاریی فرۆیدی وایە، نەخۆش دەبوا ئەو شتە بدرکێنێت کە نایزانێت. نمونەکانی ژیژەکیش وا دەکەن لە بابەتەکە شتێک بدرکێنیت کە تا ئەودەم نەیدرکاندووە. نمونەکانی وی بەشێک نین لە گشتێک، "یاسا"یەکی چکۆلە نین لەخزمەت یاساگەلێکی گەورەتردا. هێنانەوەی نمونە بۆ حوکمدان نیە وەک ئەوەی لای کانت هەیە، بەڵکو جۆرێک لە ژیریی فەلسەفی دەوێت; ژیریی فەلسەفیش واتە دۆزینەوەی هێزی دیاردەیەک بۆ ئەوەی بیشکێنیتەوە بەمل دیاردەی تردا، بۆ گۆڕینی تێڕوانینمانە دەرهەق بەو ئایدیایانەی ڕەپتدەبنەوە بە دیاردەی ترەوە.

 

 

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

پەراوێزەکان:

 

 

¹ chorus

² canned laughter

³ کوڕێکی نەخۆش دەبێت، وا دەزانێت گەنمە و دەترسێت ببێتە خواردنی مریشکەکان. دوای ئەوەی لە نەخۆشخانه چارەسەر وەردەگرێت دەینێرنەوە ماڵەوە. دوای ناردنەوەکە بەخێرایی دەگەڕێتەوە نەخۆشخانەکە، دکتۆرەکان پێیدەڵێن بۆ گەڕایتەوە؟ ئەویش دەڵێت مریشکم بینی. دکتۆرەکانیش دەڵێن خۆ تۆ چیتر دەزانیت کە گەنم نیت ئیتر بۆ لە مریشک دەترسیت، نەخۆشەکەش دەڵێت، ئاخر من دەزانم گەنم نیم بەس ئەی مریشکەکە دەزانێت؟!

external position

⁵ alienate

⁶ displacement

⁷ interpretation

⁸ retroactive force

 

نوکتەیەکی بەناوبانگی سۆڤیەتییە. ڕابینۆڤیچ جولەکەیەکە کە دەیەوێت سۆڤیەت جێ‌بهێڵێت، کاتێ دەڕواتە فەرمانگەی کۆچ فەرمانبەرەکە لێی دەپرسێت بۆ کۆچدەکەیت، ئەویش دەڵێت: لەبەر دوو هۆکار. یەکەمیان ئەوەیە دەترسم کۆمۆنیستەکان دەسەڵات لەدەستبدەن، دواتر دژەشۆڕشەکان دێنە سەر حوکم و هەرچی تاوانی کۆمۆنیستەکانە دەیخەنە ئەستۆی ئێمەی جولەکەوە. فەرمانبەرەکەش لەوێدا قسەکانی پێ‌دەبڕێت و دەڵێت: کۆمۆنیستەکان بۆ هەمیشە لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە. ڕابینۆڤیچیش بەهێواشی دەڵێت: دەی ئەمە هۆکاری دووەمی منە.