A+    A-
(1,225) جار خوێندراوەتەوە

شادییەکەی نیچە

(جۆش­وخرۆشی پاش مەرگی خودا)

 

 

 

 

کیت ئەنسڵ پیەرسۆن

و. وریا ئەحمەد

 

 

 

 

هەموان دەزانن، نیچە مەرگی خودا ڕادەگەیەنێ. بەڵام ئەوەی مەبەستی وی بەدرووستی چییە، حەوجەی بە لێکدانەوەیە. نیچە ئەم وشانە دەخاتە سەر زاری دێوانەیەک، تاکو لە بازاڕێکدا بیانبێژێ١. وی، هەروا و بێ­مەڵامەت ناڵێ ''خودا مردووە''، وەک بڵێی خەریکی ڕاپۆرتێکی زانستی بێت. بەڵکوو ڕووداوەکە دراماتیزە٢ دەکات، سا بەڵکوو خەسڵەتی چارەنووسسازی وەها پێشهاتێک بخاتەڕوو. ڕاستییەکەی، یارۆی دێوانە، خەڵکی وەکوو بێ­باوەڕانێک بە بەردەنگ دەگرێت، کە لە هەمبەر هەواڵەکەی ویدا، کەللەشەق و جەفەنگ­باز دەنوێنن، ئاخر وان، بە تەنێ بە واقعییەتی پەتیی مەرگی خودا خۆشنوود دەبن. هەروەکو واڵتەر کافمەن٣ پەی پێ بردووە، زمانی نیچە لە بڕگەی ١٢٥ی ''زانستی شاد٤''دا، زمانێکی ئایینی و سەکۆی نمایشیش، ڕەنگ­وبۆی ئینجیلییانەی بەسەردا زاڵە. نیچە بەسادەیی ناڵێ ''خودا مردووە''، بەڵکوو ئەمە لە زاری دێوانەیەکەوە ڕادەگەیەنێ و، هەروەتر ئەمەشی بۆ سەربار دەکات: ''ئێمە کوشتوومانە''. ئەم دەربڕینە، ڕامانێکی میتافیزیکیی لەمەڕ ''ئەوپەڕی واقعییەت''٥ نییە، بەڵکوو پاتۆلۆژیی٦ ڕەوشی کولتووری ئەورووپا و ئاڕاستەی جووڵەی ئەم کولتوورەیە.    

زانستی شادی نیچە، بەدووی ناساندنی شێوازەیلێکی ئەزموونی تازەی تێفکرینە لە پرسگەلێک، کە دەشێ سەبارەت بە حەقیقەت، زانین٧ و بوون بخرێنەڕوو. وی، پرۆژەکەی بەو کۆمەڵە زانینەی  وا بەردەستن، لە نموونەی زانستە سرووشتییەکان، یەکسان ناکات، بەڵکە وەدووی پەردەلادان لەسەر پانتاییی گشت ئەو توانستە فیکریانەوەیە، کە هەردەوێڵ و تامەزرۆی مەعریفە دەبێت بیانپەروەرێنێ. واڵتەر کافمەن پێشنیار دەکات، کە نەوای وشەی ''شاد''، ئەوی وا نیچە چون ناونیشانێ هەڵیبژاردووە، دەبێت بە واتای دژبەری سازی نەریت، بژنەفرێ؛ بەمانای زانینێک کە نکۆڵی لە ''نەریت'' و ''باو'' دەکات و ''ئەخلاق­ناباوەڕی''ی نیچە و ڕەوشی هەڵاوێردی وی دەنوێنێتەوە (واتا، کۆشش بۆ کەژماڵکردنی پرسگەل و دۆزەکان، بەبێ خۆگەوزان لەنێو دەمارگیری و ترسی ئەخلاقیی). وێنای نیچە بۆ ''زانستی شاد''، کەم­تازۆر، سرووشی لە سوارچاکان٨ و ترۆبادۆرەکان٩ی  پرۆڤێنسی١٠ سەدەی یانزەهەم تا چواردەهەم وەرگرتووە، ئەوانەی هونەری عیشقی باڵا و بێخەوشیان نمایش دەکرد. نیچە لە ''ئەمەیە مرۆڤ''دا دێژێ، کۆششی وی بۆ ''سەما لەسەر سنگی ئەخلاق''١١، دەرخەری پرۆڤێنسییزمێکی12 تەواوە. لە (ئەودیوی چاکە و خراپە، ٢٦٠)دا، لەمەڕ ''عیشق، وەکوو جۆرە تامەزرۆییەک'' داخێوێ و، هۆشداری دەدا کە ئەم ئایدیایە لەلایەن ''شاسوارانی هۆنەرپیشەی پرۆڤێنسی''یەوە داهێنرا، ''خەڵکانی داهێنەری "gay saber"١٣، کە ئەورووپا گەلەک قەرزدارییانە''. یەکێک لە ڕاڤەکاران پێناسەیەکی بەکار بۆ ''زانستی شاد'' دەخاتەڕوو و بە: ''خرۆش و خۆشییەکی فەلسەفیی دەزانێ، کە تێیدا ڕوونترینی مەعریفەکان و، ئەوانەشیان وا کەمتر مایەی دڵنیایین، لە ڕێی سەرمەستانەترینی دۆخەوە دەخرێنەڕوو...''.١٤

نیچە دەچێوەی پێشەکییەک کە بۆ چاپی دووهەمی زانستی شاد(١٨٨٧)ی دەنووسێ، دەبێژێ، زانستی شاد بەمانای ساتۆرنالیا١٥ بۆ گیانێکە، وا لە هەمبەر گوشار و بارێکی هەراسناکدا، بەسەختیی، بەساردیی و بێ هیچ ئومێدێك پایەداریی نواندووە و، لە هیکڕا لێشاوی ئومێد هرووژمی بۆ دێنێ. نیچە ئەوی دەم لەمەڕ دۆزینەوەکانی خۆی داخێوێ، لافی ئەوە لێ نادات گوایە پەرسڤی ئەو پرسیارەیلەی چنگ­کەوتووە، وا لە ڕابردوودا بۆی درووستبوون، بەڵکوو وی لافی دۆزینەوەی شتەیلی تازە و ڕەسەن لێ دەدا. باوەڕی ئەم گیانە، لە دووتوێی ''سبەینێکان و دووسبەینێکان١٦''دایە. ئاوها گیانێکی ئازاد، کە شانی وەسەر زانستی شاد داهێڵاوە، حەوجەی بە ''کۆتاییی ژیان'' و ''دۆخی غائی'' خستووەتە لاوە، دۆخێک کە بە تەنێ دەبێتەهۆی تینوێتی بۆ سەروو، دەرەوە یانژی باڵا. خۆ_ئازادکردن، بریتییە لە ئازادبوون لە ''ڕۆمانتیزمی خود''. پێشبینیی داهاتوو و (پێشهاتی تازە)، بە تەنێ پێشبینیی مەینەتیی و داوەشان نییە. ئەوێ ئایدیاڵەی١٧ وا نیچە سنگی بۆ دەکوتێ، ئایدیاڵی گیانێکە، کە دەزانێ چلۆن دەبێت بە گشت ئەو شتەی تا نها بە پیرۆز، چاک  و خودایی زانراوە، وازی بکات و، ئەمە ئایدیاڵی چاکە و خۆشبەختیی ''مرۆڤ، مرۆڤی باڵایە18''، مرۆڤێک، کە بە بەراورد بە جددییەتی زەمینی تا هەنووکە، بەگشتیی بە شتێکی نا-مرۆیی دێتەبەرچاو(زانستی شاد، ٣٨٢). نیچە سۆراخی کۆمەڵێک لە گیانەیلی ئازاد دەکات، کە چاوبەژێری باری سەنگینی ڕابردوو نین و، لە هەمبەر ویستیان بۆ زانین، هەست بە ''سووکەڵەیییەکی زۆر'' دەکەن(زانستی شاد، ٣٨٠). وی جەخت دەکات، پرسی سەرەکی ئەمەیە ''تا چ ڕادەیەک سووکەڵە یانژی سەنگینین''، واتا پرسی ''قورساییی تایبەتییمان''.   

کتێبی پێنجەمی زانستی شاد، بە بژاردە_گوتەی ٣٤٣ دەست پێ دەکا، کە ''ئێمەی بێباکان''ی ناوە و جۆری ''شادی''ی دڵخوازی نیچە بەسەر دەکاتەوە. ئەم بژاردە_گوتەیە سەبارەت بە ڕووداوێک دەپەیڤێ، دەتوانرێت بەنزیکەیی بە مەزنترینی ڕووداوەکانی ئەم دواییە دابنرێ. نیچە، لەپێناو گواستنەوەی گشت لێکەوتەکانی ئاوها ڕووداوێک، دیمەنێکی ڕەنگاڵەیی دەسازێنێ: ''خۆرێک لە دەمی ئاوابوون، گیراندا و جیهانێک کە پاییزانە دەنوێنێ. ئەم ڕووداوە سێبەرێک هەڵدەخات؛ هەمووکەس خەسڵەتی ڕووداوییانەی ڕاستینی ئەو، بەو جۆرەی وا هەیە، درک ناکات و ناناسێت، ئاخر زۆرن کەسانێ کە لە چاویاندا ئەم ڕووداوە هێشتاکانێ دووردەست دەنوێنێ؛ و بۆ هەندێ ئادەمیزادی تر، فامکردنی مانای ئاوها ڕووداوێک، لەمەش دژوارترە. نەک هەر باوەڕی ئایینی داخووڕماوە؛ بەڵکوو هەر تشتێکیش کە لەسەری ڕۆنراوە، نها تا قووڵایی دەکەوێتە لەرزین.'' لەم بژاردە_گوتەیە، پاش ئەوەی لە وەسفی ئاوابوونی خۆرەوە هەڵدەقوونێتە سەر وەسفی خۆرگیرانێک، نیچە بەمەبەستی پتر دەرگیرکردنی خوێنەر بە بابەتەکانی دواتر، هەنگاوبەهەنگاو کۆمەڵە پرسگەلێک دەخاتەڕوو.

وا دەردەکەوێ نیچە لە بەشی کۆتایی ئەم بژاردە-گوتەیە، هێما بۆ ئەو بابەتە دەکات، گوایە گیانەیلی ئازاد بەئارامیی لە چاوەڕانیی ئەم ڕووداوەدا کات بەڕێ دەکەن و، بەمانایەکی قووڵتر، ئامادەی قەومانی پێشهاتەکەن. بەنموونە، وی لەمەڕ عیشقی تایبەتی وان بۆ زانینێک داخێوێ، کەوا دیسان ئیمکانی ڕسکانی پێشهاتووە، ئاوها هێما بۆ جۆرە ''گەڕانەوە١٩''یەک دەکات کە لە ئانوساتی ڕووداندایە. ڕەنگبێ ئەمە هەوەڵینجار نەبێ ئاسۆ ڕووناک دەبێتەوە. وەلێ خۆ نیچە ناتوانێت لە دەربڕینی هەست­وخوستی ئازادییەک، کە سەری سووڕماندووە، پشوودرێژ بێ و هەر نەبێ نەختێک ددان بەخۆدا بگرێ، ئەوە بۆیە بژاردە_گوتەکە بەم ئەنجامگیرییە بەکۆتا دێنێت، داخۆ گەلۆ تا هەنووکە دەریایەکی چەشنی ئەم دەریا بەرینە، لەبەردەماندا بوونی هەبووە. لێ، یەکسەر لە بژاردە-گوتەی دادێ، بەناوی ''چلۆن هێشتاکانێ هێندە خۆپارێزین''، خاڵی هۆشداری دەخرێتەڕوو و نیچە ڕوونی دەکاتەوە کە نها کارەیەلی نوێ و یەکجار دژوار وەئەستۆی گشت فەیلەسووفانی گیان­ئازاد و هەڵوەدایانی زانین کەوتووە.

ئایدیای مەرگی خودا و خودایانێ وا کەوتوونەتە ئاوێلکە، بۆ نیچەی لاو، ئایدیایکی ئاشنا بوو. لە یادداشتێکدا لە ساڵی ١٨٧٠ ڕایدەگەیەنێ، باوەڕی بەو پەندە ئەڵمانییە هەیە وا دێژێت: ''هەموو خوداکان دەبێ بمرن''. تەنانەت پێش ئەمەش، لە نامەیەکدا بۆ دۆستێکی زانکۆیی، ساڵی ١٨٦٢، نیچە دەنووسێ، بەمرۆڤبوونی خودا دەرخەری ئەوەیە نابێت لە کەوشەنی ''ناکۆتا''دا سۆراخی خۆشبەختیی بکەین، بەڵکوو دەبێ لەسەرڕووی زەوی بەهەشت ڕۆبنێن. وەهمی دونیایەک لەسەرووی ئەم جیهانەوە، بە تەنێ بەدەردی خەریککردنی ئادەمیزاد بە پەیوەندییەکی درۆیینە دەگەڵ جیهانی زەمینیی، دەخوات. وەنەبێت نیچە هەوەڵین فەیلەسووفێک بێت، کە سەبارەت بە مەرگی خودا داخێوێ. هیگڵ، دەچێوەی فەلسەفەی ئایین(١٨٢٧)دا، بە گواستنەوەی سروودێکی لۆسەرییانەی ساڵی ١٦٤١، کە تێیدا ڕستەی ''خودی خودایش مردووە'' هەیە٢٠، لەم بارەوە ئاخافتووە. بەدیدی نیچە، ئەم ڕووداوە هێمایە بۆ دوو شت. لەلایەکەوە پەنجەنوما بۆ مەرگی خودای ڕەمزی _واتا خودای تایبەتی مەسیحییەت_ ڕادەهێڵێ. ئەگەرچی ئەم خودایە لە ئاست ''ئاژەڵە_مرۆڤ''21 و زەوی، نەفرینێکی ناساغلەمی پەروەراندووە، لێ ئیرادەی مرۆییی لە پووچگەراییی تیۆری و کرداری پاراستووە. لەلاکەی ترەوە، بەو مانایە دێت، کە خودای لاهووتناسان،22 فەیلەسووفان و هەندێک لە زانایانیش مردووە، واتا هەمان ئەو خودایەی وا دەستەبەری ستراکچەر، ڕێکخستن و ئارمانجی جیهانی دەکرد. لە بڕگەی ١٩٠ی زانستی شاد، واتا ئەو بڕگە درێژەی وا دەمودەست پاش ئەو بڕگە کورتە دێت کە نیچە تێیدا مەرگی خودای ڕاگەیاندووە(١٠٨)، ڕوونی دەکاتەوە کە گوایە خودایش سێبەرەیلێکی هەیە، دەبێ لەناوببردرێن. شتانێک هەن، دەبێ لە ئاستیاندا بەئاگا بین، شتانێکی چون: تێفکرین لە جیهان وەکوو ئەوەی بوونەوەرێکی زیندوو یانژی ماشێنێک بێت، باوەڕ بە یاساکانی سرووشت کاتێک تەنها شتە زەروورییەکانن کە هەن، باوەڕ بەوەی مردن دژبەری ژیانە لەکاتێکدا زیندوو بە تەنێ جۆرێکی دەگمەنی شتێکی مردووە، پڕکردنەوەی جێگەی ئەفسانەی خودا بە ماددەباوەڕی، و چەند شتێکی تریش. بەکورتیی، باسوخواسی نیچە ئەوەیە، گوایە ئێمەومانان بەم زانینەوە، تووشی کێشە دەبین، ئاخر تێدەگەین کە هیچ­یەک لە داوەرییە ئیستاتیکیی و ئەخلاقییەکانمان دەگەڵ جیهاندا وێک نایەنەوە. لە کۆتاییی ئەم بڕگەیەدا، نیچە دەخوازێ ئا ئەم سێبەرەیلە چیتر زەینی ئادەمیزاد تاریک دانەهێڵن و، ئەمەش بە تەنێ لە ڕێگەی هەڵبڕینی خودا لە سرووشت، دەلوێت.

بە باوەڕی نیچە، مرۆڤایەتی لە مێژوودا بە خاڵێک گەییشتووە، چیتر باوەڕ بە خودا، جێگەی باوەڕ نییە. ئیتر پێویست ناکات بێ­باوەڕان دەرگیری خستنەڕووی بەڵگەی دژ بۆ وجوودی خودا بن، ئاخر پرسەکە، پرسێکی میتافیزیکیی نییە. لە بڕگەی ٣٧٥ی زانستی شاد، نیچە دێژێ، شۆپنهاوەر هەوەڵین بێ­باوەڕی سەرسەختی نێو بیرمەندانی ئەڵمانییە، کەسێ کە لەبەر دیدەیدا، خەسڵەتی ناخودایی­بوونی وجوود، تشتێکی ئاشکرا و مشتومڕهەڵنەگرە. هەموو ڕاست­ودرووستیی شۆپنهاوەر لەوەدایە، لەئاست خۆخاپاندنی هەمووان لەمەڕ ئەم پرسە، تووڕە دەبێ. نیچە دێژێ، بێ­باوەڕیی بێ­قەیدومەرج و ڕاستگۆییانە، دەرخەری سەرکەوتنی ویژدانی ئەورووپایییە، کە بە دژوارییەکی زۆر سەرکەوتنی دەستبەر کردووە؛ ''لە دووهەزارساڵی سیستەمی حەقیقەتدا،  چارەنووسسازترین هەنگاوە، ئەوی وا لە کۆتاییدا درۆی باوەڕ بە خودا، لەسەر خۆی یاساغ دەکات''. بەشێوەیەکی ئایرۆنیکییانە٢٣، ئەوی وا بەسەر خودای مەسیحییەتدا زاڵ دەبێ، خودی ئەخلاقی مەسیحییەت و تێگەییشتنی ئەم ئایینەیە لە ڕاستیی، واتا خواستی وی بۆ زووهدی فیکریی و ئەخلاقیی. کرداری کلک­وگوێ کردن و هەڵپاچینی ویژدانی مەسیحیی لەلایەن (وەرگری ددانپێدانان)ەوە، کردارێکە، دواجار ئاستی خۆی بۆ (ویژدانێکی زانستی)ی هەڵدەکێشێت، کە ویژدانی زانستیی، ویژدانێکی عەقڵانییە، بەهەرچ نرخێک بووە٢٤. شتانێک کە نها کۆتایییان پێ هاتووە، ئەمانەن: ڕوانینە سرووشت، چمانێ تێیدا بەڵگەیەک بۆ چاکە یانژی پاساوێک بۆ بوونی خودا هەیە؛ لێکدانەوەی مێژوو دەچێوەی عەقڵی خوداییدا و وەکوو بەڵگەیەک بۆ بوونی سیستەمێکی ئەخلاقیی؛ لێکدانەوەی ئەزموونەکان لەسۆنگەی باوەڕەوە، بە چەشنێ، چمانێ ئەو ئەزموونەیلە بۆ گەییشتن بە ڕزگاریی ڕۆح چێ­کراون.

نیچە، بەڕوونیی، خوازیاری پەروەراندنی چەشنە پێگەییشتنێکی ڕۆحیی تازەیە. پێگەییشتنێ، گووڕوتینی ئەوەمان وەبەر دەکا، کە بەگوێرەی پێویست دەگەڵ ئەو ڕەوشە نوێیەی وا لەبەردەماندایە، دەستەویەخە ببین و مل بۆ نائومێدی و دەستخەڕۆیی نەدەین. لە پەرتووکی پێشینی خۆی، واتا (مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە)دا، نیچە هۆشداری دەدا، لەسەردەمی پاش­میتافیزیکدا، ئاتاجی ئەخلاقی پێویستین، ئەخلاقی پێویست، واتا حەوجەمان بە گیانێکی شادە.(مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە، ٣٤). بەڕاستیی لەمسەر تا ئەوسەری نڤیسینەکانی وی، لە هەوەڵینیانەوە تا دواهەمینیان، نیچە لە دۆخی دەرگیربوون دەگەڵ چەمکی ''شادی''یدا دەبینین. تێرمی ئەڵمانیی دەکاربراو لە دووتوێی زانستی شاددا، بریتییە لە (heiterkeit)٢٥، کە بەشێوەی ئایرۆنییەت بەمانای ''خۆش دەگوزەرێ'' گەردان کراوە. بەنموونە، لەکاتی پیاسەکردندا پەڵەهەورێکی ڕەش لە ئاسمان دەبینی و دەزانی هێندە نابات، شەڵاڵی ئاو دەبی، وەلێ لەسەر پیاسەکردن بەردەوام دەبی (و دەڵێی، چش، گرنگ نییە، درێژە بە ڕێگەکەمان دەدەین، خۆش دەگوزەرێ) لەگەڵ ئەوەی کە دەشزانی مەترسیی تەڕبوون لەڕێگەدایە. شێوازێ وا نیچە ئا لەم بڕگەیەدا، ''شادی''ی دڵخوازی خۆی پێ دەخاتەڕوو، بەڕوونیی دەلالەتە بۆ ئاوها هەست­وخوستێک و هێمایشە بۆ گیانی سەرکێشیی و بێباباکیی لە سۆراخکردنی زانیندا. ''شادی''ی وی، گەلەک قووڵیی و گەلەک ڕەهەندی پێواری هەیە. شادی، دەرخەری هەست­وخوستێکی تایبەتییە لە پەیوەندیدا بە مەوداوە، ئەوێ مەودایەی وا نیچە لە پەیوەندیدا بە ڕووداوی مەزنی مەرگی خودای مەسیحیی هەستی پێ دەکا.        

نیچە بابەتی ''شادی'' دەکات بە پێش­زەمینەی هەوەڵین پەرتووکی چاپکراوی خۆی، ''لەدایکبوونی تراژیدیا''. وی دەچێوەی ئەو پەرتووکەیدا، پێویستیی تێگەییشتنێکی تەواو و درووست لە ''چەمکی گرنگ و جیددی "شادیی یۆنانی"'' وەبەر باسان دەدا.(لەدایکبوونی تراژیدیا، ٩). بەدیدی وی، بەدحاڵیبوون لەم چەمکە، نها لە گشت شوێنێ بەرچاو دەکەوێ، ئەویش درککردنی چەمکەکەیە بەمانای ئاسوودەییی داماڵدراو لە مەترسی. ئەوی لەم بەدحاڵیبوونەدا ئامادەییی نییە، ڕێزگرتنە لە قووڵاییی وجوود و مانای دیدگای تراژیک. لە پەرتووکی (شۆپنهاوەر وەک فێرکار ١٨٧٤)٢٦، نیچە پیشانی دەدات، کە دوو جۆری تەواو جیاواز لە بیرمەندانی ''شاد'' بوونیان هەیە. بیرمەندی ڕاستەقینە، چ لەدەمی جیددییەت و چ لەدەمی کەیفسازییدا، هەمیشە شاد و بزێوە و، ئەم کارەش لەڕێی بەیانکردنی دیدگای خۆی، ئەویش نەوەک بە دوو دەستی لەرزۆک و چاوانی پڕ ئەسرینەوە، بەڵکوو بە جۆش­وخرۆش و بە بەهێزییەوە، چون براوەیەک، بەئەنجام دەگەیەنێ. ئەوی وا بە قووڵترین شێوە دەبێتەهۆی شادی، ئەوەیە بیرمەندی ڕاستەقینە توانای ئەوەمان پێ دەبەخشێ تاکو لە ''خودای براوە و گشت ئەو دڕندە و دێوودرنجانەی وا دەگەڵیان جەنگاوە، بنۆڕین.''(شۆپناوەر وەک فێرکار، ٢). ئەگەر بیرمەندێ بوێری و توانای درووستکردنی پەیوەندیی نەبێ و، نرخی ئەوەی وا بەدەست هاتووە نەزانێ، پۆشینی جلکی مامۆستای پێشگۆیی و حەقیقەتە تازەکان وەفریای ناکەوێ. بەپێچەوانەوە، ''شادی''ی نووسیارانی مامناوەند و بیرمەندانێ وا بە کاوەخۆ و بنجکۆڵانە نابزوێن، هەستی بەدبەختییمان لا درووست دەکات.  وی دەڵێ، ئەم بەشە لە بیرمەندانی گوایە شاد، هەرگیز ئازار و دێودرنجەیلێکیان نەدیتووە، وا لافی دیتن و دەگەڵ جەنگانیان لێ دەدەن. دەبێت شادیی بیرمەندی ڕووکەش ڕیسوا بکرێ، ئاخر ئاوها بابایەک دەکۆشێ قایلمان بکات بەوەی، شتەکان لەوەش ئاسانترن کە لە واقیعدا دەنوێنن. شادییەک کە بتوانین وەڵامگۆی بین، دەبێ لە کەسێکەوە هەڵقووڵابێ، قووڵ هزرابێ و، عاشقی ئەو شتە بێ، وا زێدە زیندوو دەنوێنێ.

نیچە وای بۆ دەچێت، لەپێناو ئەوەی تێفکرینمان بەهایەکی هەبێ، دەبێ ئەو شتانەی لەبارەیانەوە دەهزرین، ببن بە هەوێنی ئازارمان. دەبێت عاشقی ئارێشەکانمان بین، ئاخر تەنها بەم شێوەیەیە، هەست بە قووڵی و بارستەیان دەکەین. ئەمە خووخدەیەکی تایبەت و هەڵاوێری ڕێبازی نیچەیە لە تێفکرینی فەلسەفییدا. دەچێوەی پێشەکییەک بۆ چاپی دووهەمی زانستی شاد، دەنووسێ، هزریارێک وا بەنێو هەموو چەشنە دۆخێکدا گوزەری کردووە، بەهەمان ئەندازەی ژمارەی ئەو دۆخەیلە، فەلسەفەی لەسەردا پەروەراندووە و، فەلەسەفەیش بێ لەم هونەری دۆخ­گۆڕان(بارگۆڕان)ە، هیچی تر نییە، هونەرێ، لە میانەیەوە یارۆی هزریار بارودۆخەکانی خۆی بۆ شێوە و مەوداگەلی مانەویی دەگۆڕێ. بەپێچەوانەی خەیاڵی ڕەشەخەڵک، فەیلەسووف چون بۆقێکی بیرکەرەوە یانژی ماشێنێکی تۆمارکەری بێ هەناو نییە. دەبێت هزر زادەی ژان و مەینەتیی ژیان بێ و دواتر ''خوێن، دڵ، ئاگر، چێژ، خرۆش، کۆشش، ویژدان، چارەنووس و کارەساتی بۆ سەربار بکرێت''. نیچە دێژێت، ژیان لە بێخەوە بەم مانایە دێ: گۆڕینی هەموو ئەو شتانەی وا ئێمەیان پێکهێناوە، بوون بە ڕووناکی و ئاگر و هەر شتێک وا زامدارمان دەکا. لە دەرئەنجامی کۆششی هەمەچەشن بۆ زاڵبوون بەسەر خۆدا، ئێمە گەلەک جیاوازتر دەردەکەوین و پرسیارگەلی زیاترمان دەبێ، پتر لەوەی خۆمان بۆ ئامادە کردبوو. وەلێ قەومانی شتانێک مشتومڕهەڵنەگرە، بەنموونە خاترجەمیمان لەئاست ژیان لەدەستدەچێ و بۆ هەمیشەیش لەدەست دەچێ، ئاخر نها ژیان لە کن ئێمە، گۆڕاوە بۆ ''پرس''. وەلێ، نیچە دەرسمان دادەدا، کە نابێت زوو ئەنجامگیری بکرێ. عیشق بۆ ژیان، هێشتاکانێ ئیمکانی ماوە، وەلێ هەنووکە عیشقی ئێمەومانان جیاوازە، چون ''خستنەڕووی عیشق بۆ ژنێ، کە گومانمان تێدا دەبزوێنێ''.

شادبوون لەئاست پرسی ژیان، پێبەستی ڕامانێکی قووڵ قووڵی مانەوییە، ڕامانێ کە بەسەر ترس و غەمبارییدا زاڵ بووە. شادیی نیچە، لە ئەزموونەکانی وی لە بواری ''زانین''ەوە هەڵدەقووڵێ، ئەزموونەیلێ کە لەخۆگری پرۆسێسی لەوەهمداماڵین و نائومێدیین، دەشێ زادەی تامەزرۆیی بۆ زانین بن _ئەمە گوشارێکی ماوەدرێژە و حەوجەی بە بەرهەڵستییە. وی لەمەڕ زانستی شاد یانژی سەرمەستانە، وەکوو پاداشتێک داخێوێ_ بەنموونە ''پاداشتێک بۆ جیددییەتێکی دوورودرێژ، بوێرانە، ڕژد و نیهانیی...''(جینالۆژیای ئەخلاق، پێشەکی، ٧). دەبێت زانست دەچێوەی ''جیهانێکی تژی لە ئاڵنگاری و سەرکەوتن بهێتە فامکردن کە هەست­وخوستی پاڵەوانانە... تێیدا بواری خۆنواندن و وازی و سەماکردنی دەستدەکەوێ''. ئەمە پرەنسیپە: ''ژیان ئامرازێکە بۆ زانین''، کە بەگوێرەی ئەمە، لاپرەسەنیی زانست، بەناوی جێبەجێکردنی ئەرک، کارەسات یانژی تەڵەکەبازییەوە، ئەنجام نادرێت(زانستی شاد، ٣٢٣). وی، عەقڵی ئادەمیزاد، بە خەسڵەتگەلی چون ''نەخەمڵیو، غەمبار و ئامێرێکی پڕ لە ژاوەژاو'' بەرباس دەدا و، ئەوەش دێژێت کە چۆنچۆنی ئادەمیزاد لەدەمی بیرکردنەوەدا، خۆش­خووییی خۆی بەهۆی یەکجار جیددییبوونەوە لەدەست دەدا(زانستی شاد، ٣٢٣). ئەو دەخوازێت عەقڵ فێربکات، چلۆن ئاوها ئامێرێک نەبێ و ڕووبەڕووی پێش­گریمانەی وەها ئامێرێکیش ببێتەوە. لێرەدایە، خەندە و شادی، فیکر دەوڵەمەند دەکەن و، ئاوها فیکرێکیش بەدەردی کاری (سوودباوەڕان و قازانج­خوازان) ناخوات. نیچە تا دوابەرهەمی، هەر لەمەڕ شادیی خۆی داخێوێ. بەنموونە، لە (ئەمەیە مرۆڤ)دا، سەبارەت بە ''شادبوون دەنێو ڕاستینە دژوارەکان'' دەنووسێ. (ئەمەیە مرۆڤ، ''بۆچی من وەها پەرتووکەیلێ باش دەنووسم''، ٣).

لە زانستی شاددا، ١٢٥، یارۆی دێوانە دەپرسێت: داخۆ نها نابێت خۆمان ببین بە خودایان، تاکو  شایەستەی پێشهاتی مەرگی خودا بین. تا هەنووکە کارێکی ''لەمە'' مەزنتر لەئاردا نەبووە ''و ئەو کەسەی پاش ئێمە لەدایک دەبێ، بەم هۆیەوە دەبێ بە بەشێک لە مێژوویەکی باڵاتر لەگشت مێژووەکان''.

بەماوەی چەند ساڵێک دوای نووسینی ئەم داستانە، پرسی نێهیلیزم، فیکری نیچە داگیر دەکات. هەروەکوو واڵتەر کافمەن ئاماژەی پێ داوە، چۆنییەتیی ڕزگاربوون لە نێهێلیزم، دۆزە هەمیشەییەکەی نیچەیە. وا دەردەکەوێ نێهیلیزم هەم لە سەلماندنی بوونی خودا(ئاخر زەوی لە بەها دەخات) و هەم لە نکۆڵێکردن لێی (ئاخر گشت شتەکانی تر لە مانا و بەها دادەماڵێ)، ئامادەییی هەیە. ئێمە ڕاستاندنی ئەم بابەتە لەلایەن نیچەوە و لە بڕگەی ٣٥٧ی زانستی شاد، دەبینین، وی دەنووسێ: ''بەم جۆرە، ئەوی دەم لێکدانەوەی مەسیحییەت ڕەتبکەینەوە و "مانا"کەی بە هەڵۆڵ و ساختە بزانین، دەمودەست پرسیارەکەی شۆپنهاوەر بە شێوەیەکی هەراسناک هرووژممان بۆ دێنێ: ئایا بوون هەر لە بێخەوەڕا مانایەکی هەیە؟'' نیچە پێی‌وایە چەندین سەدەی پێویستە، تا ئەم پرسیارە لە دووتوێی قووڵترین توێژاڵەکانیدا بژنەفرێ. نیچە دەچێوەی دەقەکانی دوایینی­دا، لەنموونەی ''دەجال''، دەکۆشێ بۆ پرسی ''مانا''، بە دۆزینەوەی بەرسڤێک بۆ ئەم پرسیارە (کە پرسیاری خودی خۆیەتی) ڕێچاڕێک وەدۆزێ: ''ئادەمیزاد'' وەکوو گشتێک، نەک وەکوو نەتەوە یان ڕەگەزێک، لەپێناو چ ئامانجێک دەپەروەرێنردرێ و ڕێکخراو دەبێ؟

 

 

 

 

 

پەراوێزەکان:                   

١. لە چاپە سەرەکییەکەی ''زانستی شاد''دا، بڕگەی ١٢٥، کەسێتیی دێوانەکە لەلایەن کاراکتەرێک بەناوی زەڕدەشت وازی دەکرێ.

2. dramatize.

3. Die fröhliche Wissenschaft.

4. Walter Arnold Kaufmann (July 1, 1921 – September 4, 1980).

5.  ultimate reality (واقعیت غایی، واقعییەتی بنچینەیی یانژی واقعییەتی پەتیی و کۆتایی).

6. Pathology (نەخۆشیی زانی).

7. cognition. (erkenntis)  ''بە واتای دەرککردن و تێگەییشتن و فامکردن و زانین دێت''

8. knighthood (شوالیە).

9. Troubadour.

ترۆبادۆرەکان، دەستەیەک لە شاعیرانی کەیفساز و خۆشنوود و بەزمبازی سەدەکانی ناڤین بوون، لە باشووری فەڕەنسا و لەماوەی نێوان سەدەکانی یانزەهەم تا سیانزەهەم ژیاون. هەڵبەستەکانیان دەچێوەی عروضی یەکجار ئاڵۆز و بە زمانی دۆک(d,oc) هۆنراونەتەوە. زمانی دۆک، لقێکی زمانە هیندۆئەورووپاییەکانە و لەسەدەکانی ناڤیندا لە باشووری فەڕەنسا قسەی پێ کراوە. بابەتی شیعریی وان، پتر بریتیی بووە لە عیشقی باڵا و بێخەوش و تژی لە هەست­وخوستی پاکژ. 

10. Provence. (دەڤەرێکە لە باشووری فەڕەنسا).

١١. (''سەما لەسەر سنگی ئەخلاق''، یانژی: سەما لەسەر ئەخلاق. دەربڕینێکە، نیچە لە کۆتادێڕەکانی پاژی ''من بۆ پەرتووکەیلی هێندە باش دەنووسم''ی ئەمەیە مرڤ، لاپڕەی ١٢٨، بڕگەی ''زانستی شاد'' وەسەر زاری دێنێت. ئەوی دەم کە نیچە لەمەڕ ئەوێ ژەنیارێ دەپەیڤێ، وا بە ئاوازە دڵڕفێنەکەی، کولتووری تژی لە ''شادی''ی ناوچەی پرۆڤێنس لە تەواوی کولتوورەکانی تر جیا دەکاتەوە. ئەوێ ژەنیارێ وا بیرخەوەرەوەی ''زانستی شاد''ە؛ نیچە دەبێژێ: کۆتا هەڵبەست، بەتایبەت پێشکەش بە ژەنیاری ئاوازی سەمایەکی دڵڕفێن، کە لەمیانەیدا، گەر بتوانرێ بگوترێ، درووست لەسەر ئەخلاق سەما دەکەم...وەرگێڕ). بڕوانە:

(ویلهلم فریدریش نیچە. انسان مصلوب''آنک انسان''، ترجمە: رویا منجم. انتشارات ''نشر مس''. چ٢ تهران ١٣٨١. ل١٢٨).   

12. Provenceism.

هێمایە بۆ گیانە تژی لە شادی و هەڵبەست_ئافەرێنەرەکەی ناوچەی پرۆڤێنسی باشووری فەڕەنسا.

13. gai saber:

گای سابێر، کە چمانێ ناونیشانی پەرتووکەکەی نیچە '' The Gay Science'' لەمەوە هەڵگۆزراوە، لە بنەڕەتدا هەر بەمانای ''زانستی شاد'' نایەت، بەڵکوو بەواتای هەڵبەستنی هۆنراوەی عاشقانە دێت و ئەم هۆنراوەیەیش زیاتر پەیوەستە بە ترۆبادۆرەکانی خەڵکی پرۆڤێنسی فەڕەنسا.

14. Clement Rosset, Joyful Cruely: Toward a Philosophy of the Real, trans. D.F. Bell (Oxford University Press, 1993), p, 49.

15. Saturnalia.

ساتورنالیا، جەژن و سرووتێکی پەیوەست بە هەسارەی زوحەل_ە، لە ڕۆمای کۆن ئەنجامدراوە و تێیدا، کەسان خۆیان ئامبازی هەرچەشنە خۆشی و کەیفسازیی و ڕابواردنێک کردووە و کەس خۆی لە هەر جۆرە شادییەک نەبواردووە. هاتنی ئەم وشەیە لێرەدا، هێمایە بۆ سەرمەستیی و شادیی لەڕادەبەدەر.

16. مەبەست لە دەربڕینی ''سبەینێکان و دووسبەینێکان''، یانژی بەیانی و بەیانییەکانی تر، ئەوەیە، گیانی ئازاد، گیانێکە ڕووبەرەو ناو گەڕانەوەی هەمیشەیی و زەمەنی دووبارەبووەوە دەچێوەی بەیانییە بێ شومارەکاندا، کشاوە و باکی بە کۆتاییی زەمەن و کۆتائامانجی ژیان نییە(وەرگێڕ).

17. Ideal (نموونەیی_میثالي).

18. Übermensch.

19. ''گەڕانەوە'' یانژی ''گەڕانەوەی هەمیشەیی''؛ دیسان نیچە لێرەدا لە بیری ''گەڕانەوەی هەمیشەیی'' ئەم ئایدیایەی هەڵگۆزاوە، چمان ئاوها زانینێک یانژی وەها مەعریفەیەک کە گیانە ئازادەکان هەردەوێڵن بە دوویدا، پێشتر و لە شوێنکاتی تر وجوودی هەبووە، لێ نها لەسەر پەردەیەکی تری ژیان و لە شوێنکاتێکی تر تەمای خۆ نواندنەوەی هەیە و هاکا بۆ دیدەتیژانی گیان­ئازاد خۆی نمایش کرد(وەرگێڕ).

20. Lutheran hymn.

21. سەرباری مانا و دەلالەتە دیرۆکییەکانی ئەم چەمکە، ''ئاژەڵە_مرۆڤ''(The human animal)، دەبێ بگوترێ ئاوها چەمکێک دەچێوەی فەلسەفەی نیچەدا، هەروا لە خوتوخۆڕا و بێ­مەڵامەت دەکارنەبراوە. ئەوە هیچ نیچە بەمانایەکی جیا لەوەی وا ئەریستۆ دێژێ ''مرۆڤ ئاژەڵێکی ئاخێوەرە''، ئەم چەمکەی فەلسەفاندووە. وی، کە ئاوها چەمکێک دەسازێنێ، دەخوازێ بڵێ، دەشێت ئادەمیزاد وەکوو بەردەوامی و درێژەپێدەری ژینی ئاژەڵییانە (Continuum of Animal Life) ببینرێ. بەدەربڕینێکی تر، دەبێت ژیانی مرۆیی، دەچێوەی سرووشت و لە سیاقی ڕەوڕەوی ژینی ئاژەڵییدا جێکەوت بکەین. تەنێ جیاوازی ئەوەیە، ژیانی مرۆیی، قۆناغێکی چارەنووسسازی نێو ژینی کێوییە. هەروەتر، خۆ ئەگەر نیچە مرۆڤ بە ئاژەڵ دابنێ، ئەوەشی بۆ سەربار دەکات، کە ئادەمیزاد بەهۆی ژینە کولتوورییەکەیەوە، خۆی لە کێویی­بوون هەڵاوێرد کردووە. ئەوە بۆیە بە پێچەوانەی هیومانیزم و عەقڵگەراکان، کە کولتووریان بە دیاردەیەکی ئەخلاقیی و عەقڵانیی ناو دەبرد، نیچە کولتوور بە دیاردەی ژیان(Phenomenon of Life) ناو دەبات. خودای مەسیحییەت، هەردەم لە ئاست ئائەم نیشتەجێبوونە کێویانەی مرۆ لە ژیاندا و وەفادارمانەوە دەرهەق بە سرووشتی ئاژەڵیانەی خۆی، کینەلەدڵ بووە و نەفرینی باراندووە(وەرگێڕ). سوود لەم وتارە بینراوە: ''حیوان در اندیشه نیچه؛ تمهیدی بر طبیعی‌سازی ارزش‌های بشری: نویسندگان؛ علیرضا صیادمنصور، سید محمدتقی شاکری. سایت متافیزیک''.

22. Theologians(المتکلمین).

23. Ironic.

٢٤. میشێل فۆکۆ، گەلەک بنجکۆڵانە نەریتی ''ددانپێدانان و پەردە لەسەر ڕاز هەڵماڵین''ی لە کولتووری کریستیانییدا سەرنجداوە. ئاخر ویستوویەتی بێخی زانستەکانی مۆدێرن و بەتایبەت زانستی دەروونناسی و دەروونپزیشکی وەدۆزێ. لەم سۆنگەیەوە ئاوها ئەنجامێک بەدەست دێنێ: گوایە نەریتی ''هونەری ژیانکردن''ی یۆنانییەکان، کە هونەری لەخۆنۆڕین و خودڕامکردن و خۆهەڵسەنگاندنە لەهەمبەر هەستوخوستە ورووژاوەکاندا، کە دەپەڕێتە نێو کولتووری کریستیانییەوە، نەریتێکی چون نەریتی ''ددانپێدانان و ڕازدرکاندن لەبەردەم پیاوی ئایینی''ی لێ دەردەچێت. ئەم نەریتە کریستیانییە، دەچێوەی گۆڕانکارییەکانی دیرۆکی نوێدا و لەسای ڕۆنانی زیندان و نەخۆشخانەی دەروونی و نۆڕینگەدا، وردە وردە دەبێتە بنەوانی لەدایکبوونی زانستەیلی دەروونناسی و دەروونپزیشکی. نیچە، کە فۆکۆ سرووشی جینالۆژییانەی خۆی لەوەوە وەرگرتووە، لێرەدا هێما بۆ وەها گۆڕانێک دەکات، کە چلۆن پرۆسێسی ددانپێدانان و لەقاودانی ویژدانی مەسیحیی، بۆ پرۆسێسێکی زانستیی و دواتر عەقڵانیی دەگۆڕدرێ(وەرگێڕ). بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی بابەتەکە، بڕوانە ئەم وتارە: (جینالۆژیای سوبێکت لەکن فۆکۆ، دکتۆر موحەمەدی زەیمەران، پەیجی نێگەتیڤ).

25. heiterkeit (mirth, mirthful)''شادییبەخش و سەرگەرمکەر''.

26. Schopenhauer as Educator(Schopenhauer als Erzieher), Friedrich Nietzsche.