A+    A-
(1,235) جار خوێندراوەتەوە

                        پەیوەندیی نێوان عەشق و ڕیاڵ

 

 

 

شەهریار وەقفی‌پوور

وەرگێڕانی: شێروان ئیبراهیم

 

 

 

 

 

لە داستان و تەمسیل و تێکستە عاشقانەکاندا، ئەوەی نەگۆڕ و چەسپاوە، بریتییە لە پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان ناچاری(زەروورەت) و عەشق. وەکچۆن پەیامبەرانی جوو، ڕەوایەتیی خۆیان لە درککردن بە ناچارەکیی ویستی یەهوا ـەوە وەردەگرن، وەک ئەوەی لە پێش‌گۆییەکانیاندا دەردەکەوێت؛ بەهەمانشێوە، زانایانی دیالەکتیکی مێژووییش، ڕەوایەتیی ستراتیژی پەیڕەوکردنی پارتی کرێکارانی سۆڤییەت و زەروورەتى ڕووخانی سیستەمی سەرمایەداری و بەرقەراربوونی دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا، لە ڕووداوی ڕۆژانەیی و بەڕوواڵەت بێ‌مانادا دەبیننەوە، بۆ نموونە: تیرۆرکردنی کەنەدی و دەرکەوتنی تاچەریزم[1] و ڕیگانیزم[2]. بەهەمانشێوە، عاشقە ڕاستەقینەکان یەکتربینینە ڕێکەوتەکانیان وەک شتێکی ناچاری(زەروورى) دەبینن؛ هەروەها ئیماندارە ڕاستەقینەکان لەودیو ڕوواڵەت و وەهمە «فرەییەکانی» جیهان و واقیعەوە، بەدیهاتنی ویستی خودایی بەدی دەکەن. سوبێکت، یان ڕاستتر بڵێین کەسی عاشق، پاش ئەو ڕووداوە ڕێکەوتەی دەبێتە هۆی عاشقبوونی، چیتر ژیانی وەک بەرئەنجامی ناچاریی عەشق دەبینێت؛ لێرەوە، شتە پووچ و بێ‌بەهاکان لەچاوی ئەودا بەهایەکی ڕەهایان هەیە، هەر بۆیە بە لێکخشانی دەست یان بۆنی ئارەق، پەیوەندی بە مەعشوقەوە دەکەن. عاشقان تەنانەت ڕابردوو و ژیانی پێش عاشقبوونیان وەک ناچاری دەبینن، گوایە «دەستە شاراوەکەی بازاڕی عەشق» بەجۆرێک ڕووداوە ڕێکەوتەکانی چنیوە تاوەکو بگەنە ئەم ڕووداوە مەزنە [عەشقەکەیان]. بەر مەبنای ئەم لۆژیکە، ڕۆلان بارت عاشق وەک «فیگەری ئایدیاڵی شیکەرەوە» دەناسێنێت.

بەدەربڕینێکی دی، لە عەشقدا، ناچاریی ناوەکی و دەرەکیی‌بوونی ڕووداوەکە یەکدەگرن. ناچاریی ناوەکی بریتییە لەو ناوکە ڕاستەقینەیەی کە سوبێکت پێکدەهێنێت، هەمان ئەو شتەی هەندێک بە نەفس و هەندێک بە ڕۆح و هەندێکیش بە شوناس ناویدەبەن. عاشق پاش دیداری مەعشوق و کەوتنەداوی عەشقی ئەو ـەوە، دەگاتە ئەو باوەڕەی گوایە مەعشوق حەقیقەتی ناوەکیی ئەم [عاشق] دەناسێت، تەنانەت باشتر لە خۆی. بەگوێرەی چەمکەکانی لاکان، حەقیقەتی ناوەکیی سوبێکت بریتییە لە ئارەزوو[3]؛ بۆیە عاشق باوەڕ بە مەعشوق دەکات، چونکە مەعشوق دەستی دەگاتە نەستی عاشق و «ئەو» (Ca) دەناسێت. لەم ڕووەوە، مەعشوق «ناودەرەکی»[4]  عاشقە، یان لانیکەم جڵەوی وی بەدەستە، مەعشوق بریتییە لە «ناوەکییەکی دوور». بەڵام پێش ئەوەی بێینە سەر باسی «ناودەرەکی»ـبوونی مەعشوقی زەمینی، یاخود «ژن»ـی ئایدیاڵی پیاوی عاشق، پێویستە ڕێگەیەکی دی بگرینەبەر؛ بەدەربڕینێکی دی، لەبری مەعشوق یان ژن، خودی «ناودەرەکی» جێگەی پرسیارە. ناودەرەکی، واتە ناوەکیتریین ناچاری(زەروورەت)ـی سوبێکت کە کەوتووەتە دەرەوەوە، شتێکە لە دەرەوەی ویست و جڵەوی سوبێکت. بەڵام سوبێکت پێیەوە بەستراوەتەوە، واتە ناودەرەکی ناوێکی دیکەیە بۆ ئەو بونیادە بنەڕەتەی کە سوبێکت لێیەوە هەڵدراوە. واتە هەمان تێگەی بنەڕەتی ئۆنتۆلۆژی لای هایدگەر یان ئەو جەبرە ترانسێنێنتاڵـ[5]انەی دازاین دەسازێنن، واتە «فڕێدان» و «کەوتن» و «مەحاڵ» و هتد، هەموو ئەو شتانەی لە «خێزان» و «وڵات» و «باوان»ـدا دەنوێنرێنەوە: مرۆڤ پێشوەختە ئەوە هەڵنابژێرێت لە کام وڵات لەدایکدەبێت، دایکوباوکی کێن، دەکەوێتە کام سیستەمی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمانە شتگەلی لەپێشینە و نەگۆڕن، تەنانەت ئەگەر نەشبن. ئەو دایکەی مناڵێک دەخاتەوە، تا هەتایە هەر هەمان کەسە، تەنانەت ئەگەر نەناسراو بێت، یان دواتر بزانرێت هەڵەیەک لە ناسینەوەیدا ڕوویداوە. ئەو شتەی لە هەموو جیهانێکی مومکیندا هەر یەکە و دەگەڕێتەوە بۆ یەک شوێنی تۆپۆلۆژی، بریتییە لە ڕیاڵ... ڕیاڵ بریتییە لە خاڵی مەحاڵ و پێشمەرجی نەزمی ڕەمزی، بەڵام بەنیسبەتی ئەم نەزمەوە ترانسێندێنتاڵە. ڕیاڵ هەرچەندە خاڵی مەحاڵ و نەگیراوی نەزمی ڕەمزییە، بەڵام بەتەواوی ناکەوێتە دەرەوەی ئەم نەزمەوە، چونکە بریتییە لە پەیکەر و بونیادی نەگۆڕیی ئەم نەزمە[ڕیاڵ, واقیع نیە بەڵکو پنتە نەگیراوەکانى واقیعە و لەگەڵ سەردەرهێنانیان شۆک دەخوڵقێنن. واقیع لاى لاکان پێى دەوترێـ پانتایی ڕەمزى]. هەر بۆیە لاکان هەمیشە یادمان دەخاتەوە، پێویستە دەروونشیکار لەسەر بونیادەکان کاربکات، چونکە تەنها لەسەر ئەمە دەشێت گۆڕانکاری لە نەزمی ڕەمزی و ئەویتر[ـی گەورە] بێتەکایەوە. بونیادگەرایی لاکانی هەمان کاریگەریی ڕیاڵـە بەسەر نەزمی ڕەمزییەوە. ڕیاڵ هەمان ئەو خاڵەیە وا فۆکۆ و ئاڵتۆسێر دەبەستێتەوە بە لاکانەوە، هاوکات لە یەکتریش جودایان دەکاتەوە. بونیادەکانی سوبێکت (عوساب، لادان، دەروونپەشێویی) بریتیین لە ڕەمزاندنی ڕیاڵ‌ـی سوبێکت، یاخود ماتریاڵیتەی دال یان زمان لەسەر ئاستی نوسین؛ بۆ نموونە، هاوکێشە ماتماتیکییەکانی فیزیا بریتیین لە ڕەمزاندنی ڕیاڵ: هاوکێشەی کێشکردنی نیوتن هەمیشە نەگۆڕە. ڕێزمان یان لۆژیکی فۆرماڵ و ڕەهەندەکانی دیکەی ڕەمزاندنی ڕیاڵ‌ـن، هەر گۆڕانێک لە نەزمی ڕەمزی لەسەر هەمان ئاستیشدا ڕەنگدەداتەوە. شۆڕشی بونیادگەرایی لە فەلسەفە و تیۆریی ئەدەبی، هەروەها شۆڕشەکانی ڕێژەگەرایی و کوانتۆم، پیشاندەری ماتریاڵیتەی شۆڕشن. کارەکانی مارکسیزم و فرۆیدیزمیش لەهەمان ئاستدا ڕوودەدەن، بەو مانایەی گۆڕان لەسەر ئاستی نوسین بووە هۆی دەستنیشانکردنی ئەم دوو ئاسۆ تیۆرییە: هەردوو چەمکی چین[6] و نەست شیاوی نواندنەوە نین.

بەم مانایە، هەموو شۆڕشێک دەبێت بە نێوانگریی نوسینی پەتی، واتە ماتریاڵیتەی نوسین، یاخود نوسین لەسەر ئاستی بێ‌مانای[7]زمان بنوێنرێتەوە. پێویستە لێکدانەوەکەی فرۆید بۆ «سێ برینەکەی سەر خودئەڤینیی[8] مرۆڤ» دەسکاری بکەین. برینی یەکەم، برینە نموونەییەکە، واتە ئەو برینەی وا دوو برینەکەی دی تەنها نواندنەوە و شێوەکانی دیکەی ئەون؛ ئەم برینە دەگەڕێتەوە بۆ کیپلەر نەوەک کۆپەرنیکۆس. کارەکەی کۆپەرنیکۆس شۆڕشی لە گەردوونناسییدا بەرپانەکرد، بەڵکو هەر شۆڕش نەبوو: ئەو ڕاستییەی وا زەوی بەدەوری خۆردا دەخوولێتەوە نەوەک خۆر بەدەوری زەوی، تەنها گۆڕینی چەق(مەرکەز)ـە؛ هەر بۆیە کتێبەکەی کۆپەرنیکۆس پێشکەشکرا بوو بە پاپای ئەو سەردەمە. تەنانەت کۆپەرنیکۆس لە باسوخواسی ڕۆژانەدا بەرگریی لەوە دەکرد خۆر بەدەوری زەویدا دەخوولێتەوە، هەروەها گۆڕانی چەقی گەردوون لە زەوییەوە بۆ خۆر هیچ گۆڕانێکی لە نەخشەی بەتلیمۆسی[9] نەهێنایەکایەوە. هاوکات بەگوێرەی فیزیای ڕێژەیی، تێزەکەی کۆپەرنیکۆس تەنها گۆڕینی خاڵی دەسپێکی تیۆرەکەی بەتلیمۆسە و هیچی تر. شۆڕشەکە لە «هێشتاش دەخوولێتەوە»ـدا خۆی دەبینێتەوە، وەک ئەوەی لە ڕیشەی عەرەبی و لاتینی وشەکەدا دەردەکەوێت. کیپلەر هۆکاری ئەم برینە بوو، ئەوەش لەڕێگەی پاژە ماتریاڵیتەیەوە:

ئەم نووسراوە(ecrit)ـی لە پێنج پیتی مەحاڵ پێکهاتووە و دەشێت لەناو دەستی هەر کەسێکدا بنوسرێتەوە، هەر ژمارەیەکی بۆ زیاد بکرێت، ئەو شتە دەسڕێتەوە وا دەدرایەپاڵ کۆپەرنیکۆس. ئەمە هەمان ئەو شتەیە وا دوورمان دەخاتەوە لە کارکردی خەیاڵی _هاوکات، ڕیاڵ_ شۆڕش.

ئەو شتەی لەشێوەی گوتارێکی نوێدا بەرهەمهاتووە، ئەو گوتارەی هاوتای گوتاری دەروونشیکارییە، ئەوەیە کە گوتار کارکردی دال دەکاتە خاڵی دەسپێکی خۆی، چونکە ئەو مانایەی دال لەڕێگەی شوێنەوارەکانییەوە بەرهەمی دەهێنێت زۆر دوورە لەو شتەی لە ئەزموونی ڕاستەقینە و واقیعییدا هەیە (سیمیناری بیستەم، ٤٣).

لێرەوە، دەتوانین پێناسەی ڕیاڵ لە تێکستە بونیادگەراییە بنەڕەتییەکانەوە وەدەستبخەین، بۆ نموونە پێشەکییەک بۆ ئەنترۆپۆلۆژیای بونیادگەرایی لای لیڤی شتراوس. لیڤی شتراوس لە خوێندنەوەی ئوستوورەی ئۆدیب ـدا، یەکێک لە کارکردەکانی «ئوستوورەکە»ـی چارەسەر نەکرد، بەڵکو ئەم ململانێ چارەنەکراوەی بە ململانێیەکی دیکە جێگرتەوە، گوایە ئەم زنجیرە ناکۆتایە بەهۆی دەستوەردانی یاساوە (وردتر: یاسای قەدەغەکردنی زینای مەحرەم) دەگاتە کۆتایی. لەڕوانگەی شتراوس ـەوە، ئەم ململانێ بنەڕەتییە، بریتییە لە ململانێی نێوان «سروشت» و «کەلتوور». ئەم ململانێیە ڕیاڵ ـە، بەوەی گوایە مرۆڤ پێشوەختە کەوتۆتە ناو ئەم ململانێیەوە، چونکە لەم حاڵەتەدا، سروشت بریتی نییە لە ماتریاڵیتەی سروشت، بەڵکو بریتییە لە وێنەکەی. ئەگەر بڕیارە ئوستوورە نێوانگیر و چارەسەرسازی ئەم ململانێیە بێت (واتە، هێڵی بەیەک گەیاندنی نێوان سروشت وەک ڕیاڵ و کەلتوور وەک نەزمی ڕەمزیی بێت)، ئەوکات دەبێت وەک شتێکی ناو نەزمی ڕەمزی لێی بڕوانین، لەم حاڵەتەدا مامەڵە لەگەڵ بونیادێکی باو یان عوسابییدا دەکەین و  وەک کارکردی ئوستوورە دەخوێنرێتەوە، چونکە ئوستوورە دەبێتە نەزمی خەیاڵیـی ڕیاڵ یان ئەو درۆ بنەڕەتییەی دەبێتە کۆڵەکە و پاڵپشتی نەزمی ڕەمزی؛ لەکۆتاییدا، ئەوەی لەپێشینەییە و بەسروشت دیاریکراوە دەبێتە ڕیاڵ. لێرەوە، دەتوانین باس لە سروشتی کەلتوور بکەین، بەو مانایەی سروشت بریتی نییە لە وێنە یان گشتێکی بێ‌پارادۆکسی جیهان بەبێ مرۆڤ، یاخود بریتی بێت لە «یەک» یان «دانە»ـیەکی بێ‌مانا وا دژی ڕەمزاندن دەوەستێتەوە. لەلایەکی دیکەوە، شتراوس دەتوانێت بونیادی گشتگیری ئوستوورە «بنووسێتەوە»، گوایە ئوستوورە شوێنەواری نەزمی خەیاڵییە بەسەر ڕیاڵ ـەوە، لەبەرئەوەی پارچەنەکراوە و شیاوی وێرانکردن نییە، بۆیە دەچێتەوە سەر هەمان شوێن. لەم ڕووەوە، ئوستوورە بریتییە لە فانتازیا بنەڕەتییەکانی ناو نەزمی ڕەمزی، هاوکات ئوستوورەی بنەڕەتی بریتییە لە ئوستوورەی «باوککوژیی سەرەتایی»، کە ئوستوورەی بەرقەراربوونی یاسا و ئوستوورەی ژویسانس (jouissance) دەگرێتەوە. کەوایە ئوستوورەکانی دی: ئوستوورەی ئۆدیب، ئوستوورەی زیۆس یان ئوستوورەی زوحاک، هەموویان دەرکەوتە و نواندنەوەی ئوستوورەی باوککوژیین.

ڕیاڵ هەمان ئەو شتەیە کە بریتییە لە «یەک»، لەبەرئەوەی مەرجی ترانسێندێنتاڵی نەزمی ڕەمزی بریتییە لە ڕیاڵ، بۆیە لاکان دەڵێت: «هەمیشە شت وەک یەک ـە». نەزمی ڕەمزی دالی یەک و نەزمی خەیاڵی وێنەی یەک دەبەخشن. بەهەمانشێوە، ناودەرەکی هەمان یەک ـە، بە هەموو گۆڕان و ڕەهەندەکانییەوە: ناودەرەکی هاوتای شت[10] ـی دایکانەیە، ناودەرەکی هاوتای شوێنەواری ڕیاڵـە بەسەر ئەویتر [ـی گەورە]ـەوە، یاخود هەمان ئۆبێکتی a، ناودەرەکی هاوتای شوێنەواری ڕیاڵ ـە بەسەر نەزمی خەیاڵییەوە یان فالوس[11] وەک دال. هەروەها عەشق سەروکاری لەگەڵ شتێکی وەک یەک ـدایە و بڕیارە شتێکی وەک «یەک» بەرهەم بهێنێت. لاکان لە عەقڵی باودا وەها لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، گوایە مەبەستی ئەو لە عەشق بریتییە لە «یەکبوون»؛ بەڵام هەمووان دەزانن هیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە «شتێکی وەک یەک». «سوبێکت» یەکێک نییە لەناو ئەوانیتردا، بەڵکو شتێکە لەنێوان دوو ئەویتردا، لەنێوان یەک ئەویتر [ـی گەورە] و یەک ئۆبێکتدا. ئەو «یەک»ـەی باسی دەکەن، چەشنێکە لە سەرابی ئەو «یەک»ـەی وا دەزانن وەهایە. وا بڕیارە عەشق ئەم «یەک»ـە فەراهەم بکات: بەڵام «یەک» هەمیشە وەک ڕیاڵ دەگەڕێتەوە جێگەی خۆی، هەر بۆیە یەکەمین دیداری دوو دڵدار، یەکەمین دەرکەوتەکانی عەشق، بریتییە لە دووبارەبوونەوەی ئەو ساتانەی هەمیشە هەبوون و هەن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 


[1] Thatcherism.

[2] Reaganism.

[3] Desir.

[4] Extimacy.

[5] Transcendental.

[6] Class.

[7] non-sensical.

[8] Narcissism.

[9] Ptolemy.

[10] das Ding.

[11] Phallus.

 

سەرچاوە: تز یازدهم