بۆچی هیگڵ هێنده گرنگه؟
گلێن ئه‌لێكسانده‌ر ماگی
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
به‌پێی تێگه‌یشتنه كلاسیكییه‌كه، فه‌لسه‌فه ("خۆشویستنی حیكمه‌ت") گه‌ڕانه به‌دوای ناسینی شته هه‌ره بنچینه‌ییه‌كاندا. ئه‌و حیكمه‌ته‌ی فه‌یله‌سووفێك عه‌وداڵێتی ڕوونیده‌كاته‌وه بۆچی شته‌كان ئه‌وه‌ن كه هه‌ن، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه پێمان بڵێت چ مهرامێكیش له بوونیاندا هه‌یه. كورتوپوخت، فه‌لسه‌فه ده‌خوازێت له "گشت" (whole) تێبگات، مه‌عریفه‌كه‌شی ده‌رباره‌ی ئه‌م "گشت"ـه له شرۆڤه‌یه‌كی كامڵدا ده‌رببڕێت. به‌م چه‌شنه، هه‌موو فه‌یله‌سووفه مه‌زنه‌كان به "فه‌یله‌سووفی سیسته‌ماتیك" ناسراون، چونكه هه‌وڵده‌ده‌ن له هه‌موو شتێك تێبگه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی داخۆ ئه‌م هه‌مووه شته چۆن پێكبهستراون. به‌كورتی، بۆیه فه‌لسه‌فه‌كه‌یان سیسته‌ماتیكه چونكه باوه‌ڕیان وایه جیهان خۆی سیسته‌مێكه، گشتێكی پێكبه‌ستراو و پێكداچووه. له‌م ڕووه‌وه ئه‌رستۆ باشترین نموونه‌یه له فه‌لسه‌فه‌ی كلاسیك‌دا (و شیاوترینیشه له‌میانی باس‌وخواس ده‌رباره‌ی هیگڵ). به دیدی ئه‌رستۆ، له پله‌به‌ندییه‌كه‌ی سرووشتدا خوا سه‌رتۆپه، جا هه‌موو شتێكی دیكه، هه‌ركامه و به شێوازێك، تێده‌كۆشن لاسایی خۆژێنی و نه‌مریی خودا بكه‌نه‌وه.
هیگڵ به‌ش به حاڵی خۆی فه‌یله‌سووفه مۆدێرنه‌كه‌ی سیسته‌مه به پله‌ی نایاب. چه‌مكی گشتێتی[1] یان "گشتبینی"[2] كلیلی تێگه‌یشتنه له بیركردنه‌وه‌ی وی. به‌گوێره‌ی شرۆڤه‌كه‌ی هیگڵ، بوون له هه‌ناوی خۆیدا گشتێكی جیاكاره و تێیدا هه‌ر توخمێك به كۆتوخمی دی به‌ستراوه‌ته‌وه. به ده‌ربڕینێكی تر، هه‌ر شتێك، له‌سۆنگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به كۆی شته‌كانی تره‌وه، ئه‌وه‌یه كه هه‌یه. ده‌ربڕینێكی هه‌ره ناسراو و گرنگی هیگڵ ئه‌وه‌یه: "حه‌قیقه‌ت گشته". به زمانێكی تر، حه‌قیقه‌تی هه‌ر شتێك كه‌وتووه‌ته پهیوهندییهكهیهوه له‌گه‌ڵ سه‌رله‌به‌ری بووندا، ئاخر ئه‌م یان ئه‌و شت ته‌نیا به‌شێكن (part) له‌م بوونه و هیچی تر. ده‌توانین به ڕێگه‌یه‌كی دیكه ئه‌م خاڵه ڕوونبكه‌ینه‌وه: ئه‌گه‌ر هه‌ربه‌ڕاست به‌دوای ئه‌وپه‌ڕی مانا یان بایه‌خی شتێك‌دا ده‌گه‌ڕێین، ئه‌وا ئاقیبه‌ت تێده‌گه‌ین ئه‌وه‌تا كه‌وتووه‌ته چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه‌وا ئه‌م شته له سیسته‌می واقیعدا ده‌یگێڕێت. به‌س، ڕه‌نگه ئێستێك بكه‌ین و بپرسین، ئه‌ی ئاخۆ "گشت"یش مانای هه‌یه؟ وایه وێده‌چێ به‌شه‌كان له په‌یوه‌ند به گشته‌وه مانادار بن، به‌ڵام ئه‌ی گشته‌كه چی، هیچ مانایه‌كی ئه‌وتۆی هه‌یه؟ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م پرسیاره هاولفی پرسیارێكی بێتامی دیكه‌یه كه‌وا خه‌ڵك زۆرجار به فه‌لسه‌فه‌ی هه‌ڵده‌واسن: ئایا مانا (یان مه‌به‌ست)ی بوون چییه؟ (یان له كه‌وڵه باوه‌كه‌ی، "ژیان چ مانایه‌كی هه‌یه"؟ ). سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه هیگڵ ئاواهی وه‌ڵامده‌داته‌وه: مه‌به‌ستی بوون ڕێك بریتییه له ورووژاندنی ئه‌م پرسیاره خۆی.
كاتێك لێی ڕاده‌مێنین، هه‌ربه‌ڕاست پێمان سه‌یره ئه‌وه چۆنه سرووشت بوونه‌وه‌رێكی وه‌ك ئێمه‌ی خستووه‌ته‌وه، ئێمه كه‌وا گومان و خولیای ڕیشه‌ییمان هه‌یه ده‌رباره‌ی پێگه‌كه‌مان له گه‌ردووندا، ئێمه كه‌وا له‌ئاكامدا فه‌لسه‌فه‌ی هه‌مه‌چه‌شن پێكهوهدهنێین. ئاخۆ ده‌شێت فه‌لسه‌فه خۆی ڕۆڵێكی گرنگ و میتافیزیكی هه‌بێت له كۆهێڵ و نه‌خشه‌ی شته‌كاندا؟ له‌ڕاستییدا فه‌یله‌سووفه سیسته‌ماتیكه پێش-هیگڵییه‌كان سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ ئه‌م ئایدیایه نه‌بووه. (ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت شتێكی بارته‌قای ئه‌مه بدۆزینه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت له ده‌ره‌وه‌ی "ڕه‌وته زاڵه‌كه‌ی" مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا خه‌ریكی كنه‌وپشكنین بین، واته ئاوڕ له هه‌ركام له نه‌ریتی گنۆستیكی، هێرمسی و باتنگهرایی بده‌ینه‌وه). فه‌یله‌سووفانی وه‌كو ئه‌رستۆ له نه‌خشه‌ی شته‌كان جێگه‌یه‌كی باڵایان دهدایهپاڵ مرۆڤایه‌تی و عه‌قڵی مرۆیی، به‌ڵام هیگڵ پێی وایه، فه‌لسه‌فه نه‌خشه‌ی شته‌كان "كامڵدهكات". لای هیگل، مرۆڤه‌كان خود-ئاگایی بوونن (of existence self-consciousness). ڕه‌نگه ئه‌م ئایدیایه لهباوهڕبهدهر بێته پێشچاو، به‌س ده‌كرێت ئه‌رگۆمێنتێكی تابڵێی ساده و قایلكه‌ری بۆ بێنینه‌وه.
له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا شایه‌تحاڵی سه‌رله‌نوێ بیركردنه‌وه‌یه‌كی كارامهین له تێڕوانینه‌كه‌ی ئه‌رستۆ ده‌رباره‌ی نه‌خشه‌ی شته‌كان. ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ی لای ئه‌رستۆ هه‌یه، لهویاشدا مادده‌ی نازیندوو، وه‌كو تاشه‌به‌رد و كانزاكان كه‌وتووه‌ته خواره‌وه، ئینجا ڕووه‌كه‌كان دێن (گه‌رچی زیندوون به‌ڵام ئاگامه‌ند نین و زۆربه‌یشیان نه‌جووڵاون)؛ دواتر ئاژه‌ڵه‌كان (به‌وپێیه‌ی توانای جووڵه‌یان هه‌یه، ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌یان زیاتره، هه‌روابێته‌وه به‌هه‌ست و به‌ئاگان[3]). له هه‌موویشی باڵاتر مرۆڤه‌كانن. جا ئاگایی مرۆڤه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان، له چواچێوه‌ی ئێره و ئێستایه‌كی ڕاسته‌وخۆ (بێ‌نێوانگر)دا گیری نه‌خواردووه، به‌ڵكو توانستی تێڕامان[4]، له‌مه‌ش گرنگتر، توانستی له‌خۆ-ڕامانیان[5] هه‌یه. سه‌رباری ئه‌وه، گه‌رچی ئاگایی مه له‌ڕیشه‌وه له هی ئاژه‌ڵه‌كانی تر جیاوازه، به‌ڵام هێشتا هه‌ر به چه‌شنه ئاژه‌ڵێك حسێبین؛ ئێمه خۆمان به‌رهه‌می سرووشتین. بۆیه سهروهختایهك هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كۆمه‌كی زانست و فه‌لسه‌فه له سرووشت تێبگه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین ئه‌و شته‌ی ڕووده‌دات، به مانایه‌ك له ماناكان، هه‌وڵی سرووشته بۆ ناسینی خۆی. بوون له‌ڕێگه‌ی ئێمه ئاگایی له‌مه‌ڕ خۆی چنگدهخات. به‌ش به حاڵی هیگڵ، ئه‌مه كلیلی تێگه‌یشتنه له واقیع. بۆ چركه‌ساتێك وای دابنێ: نه‌خشه‌ی سرووشت پله‌به‌ندی و هیرارشییهتێكی نه‌بزۆك نییه، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی بزۆكی هاتنه-بوونه، بێ‌وچان ژیانی نوێ وه‌به‌ردێنێت. ئاسته نزمه‌كان بواری ده‌ركه‌وتنی ئاسته باڵا (و ئاڵۆزترهكان) ده‌ڕه‌خسێنن، ئه‌م پرۆسه‌یه له جووڵه ناوه‌ستێت تاكو ده‌گاته كامڵبوون(خەتم و قوفڵ)[6]: تا لای مرۆڤه‌كان ڕوو له خۆی ده‌كاته‌وه، واته له‌ڕێی ئاگایی مرۆڤایه‌تی- وه‌ك باڵاترین ئه‌فرێنراوی- خۆی وه‌ك "گشت"ێك ده‌ناسێت. "بوون" له‌ڕێی مرۆڤایه‌تی ئه‌م كامڵبوونه به‌ده‌ستدێنێت؛ با بڵێین خۆی ده‌ناسێت، له خۆی به‌ئاگادێته‌وه. به‌م پێیه، مه‌به‌ستی بوون، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م خۆناسینه گهردوونییهیه- جا لای هیگڵ "مانای ژیان" ده‌قاوده‌ق له‌وه‌دایه كه ده‌زانین ئێمه هه‌ڵگر و به‌دیهێنه‌ر و چڵه‌پۆپه‌ی ئه‌م مهبهستهین.
ئایدیای ئاواهی چه‌نده ڕه‌سه‌ن و حه‌په‌سێنه‌ره، شرۆڤه‌كه‌ی هیگڵیش له‌باره‌یانه‌وه هه‌روایه. فه‌لسه‌فه‌كه‌ی وی به "دیارده‌ناسیی ڕۆح" ده‌ستپێده‌كات (ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه هه‌ر ناونیشانی یه‌كه‌م كتێبی سهرهكیشیهتی)، له‌ویادا ڕوونیده‌كاته‌وه ئامانجی شاراوه‌ی هه‌موو فۆرمێكی ئاگایی مرۆڤ "ناسینی موتڵه‌ق"ی[7] گشته‌كه خۆیه‌تی نه‌ك ته‌نیا ئه‌م یان ئه‌و به‌شی واقیع. به‌ڵام هیگڵ پێی وایه، ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت ئه‌م "گشت"ـه بناسین، ده‌بێت گۆشه‌نیگایه‌كی فه‌لسه‌فی سه‌راپا داماڵراو له هه‌ر پێشگریمانه‌یه‌كی ده‌ستنیشانكراو یان خهسڵهتپێدراو[8] پێكهوهبنێین. ته‌نانه‌ت ناتوانین به پێشگریمانه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی گوایه ده‌زانین فه‌لسه‌فه چییه یان ئامانجی كاره فه‌لسه‌فییه‌كه‌مان لا ڕوونه ده‌ست به ئیشه‌كه‌مان بكه‌ین، چونكه ئه‌مه بهرهنجامهكه خێچوخوار ده‌كات. هه‌ربۆیه سیسته‌مه‌كه‌ی هیگڵ به پرسی "بێنێوانگریی" خهسڵهتپێنهدراو و په‌تی[9] ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، یه‌كسه‌ریش وه‌ك "بوون" پێناسی ده‌كات- به‌ڵام "بوون"ێك كه هاوتای "نه‌بوونه"! سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه ده‌سپێكی لۆژیكهكهشی، یه‌كه‌مین پاژی ڕاسته‌قینه‌ی سیسته‌مه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی هیگڵ، هه‌روایه (دیارده‌ناسیی ڕۆح ته‌نیا ئاماده‌سازییه‌كه بۆ داڕشتنی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیسته‌ماتیك). لۆژیك په‌ره به چه‌مكی گشت ده‌دات- گشت سیسته‌مێكی ئۆرگانیكی توخمهكانه تێیدا هه‌ر شتێك، به‌گوێره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی به شته‌كانی دیكه‌وه، ئه‌وه‌یه كه هه‌یه. هیگڵ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌رگۆمێنته، كه‌ڵك له "دیاله‌كتیك" وه‌رده‌گرێت: چه‌شنێكی نوێی پاساوهێنانه‌وه (گه‌رچی ڕیشه‌ی دێرینیشی هه‌یه). له دیالهكتیكدا، ئایدیاكان له‌پێناو پێكه‌وه‌نان و ده‌ربرینی گشته‌كه به‌رده‌وام یه‌كتر پووچه‌ڵده‌كه‌نه‌وه و پێكدادێن. "ئایدیای موتڵه‌ق" ترۆپكی لۆژیكه، گشتێكی چهمكێنراوه و چییه‌تییه‌كه‌ی به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر خۆ-گرێدان (self-related) به‌نده نه‌ك گرێدراوییهكهی به چه‌مكه‌كانی دیكه‌وه. "ئایدیای موتڵه‌ق" ده‌قاوده‌ق "ئایدیای ئایدیا"یه. بۆیه سه‌راپا خۆ-دیاریكه‌ره (یان خود-خهسڵهتپێدهره)، دواجار "گشت"ی موتڵه‌ق یان ڕاسته‌قینه‌یه.
به‌هه‌رحاڵ لۆژیك ته‌نیا ئایدیای گشتێتی و خود-خهسڵهتپێدانی موتڵه‌قمان[10] ده‌خاته به‌رده‌ست. هیگڵ له فه‌لسه‌فه‌ی سرووشتدا نیشانی ده‌دات تاقه ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن له سرووشت ئه‌وه‌یه بێین‌و وه‌ك به‌رجه‌سته‌بوونه ماددییه‌كه‌ی ئه‌و ئایدیایانه دایبنێین كه‌وا له لۆژیكدا مشتوماڵكراون. ترۆپكی ئه‌م پاژه‌ی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی هیگڵ له "بوونی ئۆرگانیك"دا[11] خۆی ده‌بینێته‌وه: به‌رجه‌سته‌بوونه زیندوو و دهقاودهقهكهی تێگه‌یشتنی هیگڵ له گشتێكی ئۆرگانیك كه‌وا له ساته‌وه‌ختی پێكداچوو ڕۆنراوه. ئایا له بوونه‌وه‌ری زیندوو بترازێت، جێیه‌كی دی هه‌یه ته‌عبیرێكی پێرفێكتتری له‌م گشتێتییه تیا بدۆزینه‌وه؟ شته زیندووهكان بڕكهیهك سیسته‌می گۆشت و ئێسقانن، تێیدا هه‌ر شتێك به كۆی شته‌كانی دیكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، چییه‌تیی هه‌ر "به‌ش"ێك وابه‌سته‌یه به‌و كاركرده‌ی له‌هه‌ناوی ئه‌م "گشت"هدا هه‌یه‌تی، گشتهكهش هه‌ر به‌هۆی كارلێكی نێوان بهشهكانەوە بنیاتنراوه. به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد، هیگڵ پێی وایه سیفه‌تی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئاژه‌ڵه‌كان ئه‌وه‌یه: بێبه‌شن له خۆ-ناسین[12]. دواجار ئاژه‌ڵه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌ن كه هه‌ن ته‌نیا به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان (یان ڕاستییه‌كه‌ی دژایه‌تییان) له‌گه‌ڵ كۆی شته‌كانی دی. به‌كورتی، ئاژه‌ڵه‌كان شوناسی خۆ-گرێده‌ری ئایدیا، به مانا پڕبهپێستهكهی، به‌رجه‌سته‌ناكه‌ن. هه‌لبه‌ت ئه‌مه‌ش پارادایمهكهی هیگڵه ده‌رباره‌ی گشتێتیی ڕاسته‌قینه.
به‌م جۆره، هیگڵ له فه‌لسه‌فه‌ی سرووشته‌وه ده‌چێته‌سه‌ر "فه‌لسه‌فه‌ی ڕۆح". زاراوه‌ی ڕۆح، "گایست (Geist)"، سه‌ری له زۆر كه‌س شێواندووه. ئه‌گه‌ر به‌ساده‌ترین شێوه ده‌ریببڕین، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین ڕۆح لای هیگڵ ئاماژه‌یه به ماهییه‌تی مرۆڤ، به‌تایبه‌ت به ئاگاییه بێهاوتاكهمان. گه‌رچی ئێمه بوونه‌وه‌رێكی سرووشتیين، به‌ڵام له ئێمه بترازێت هیچی دیكه توانستی خۆ-ناسینی نییه. جا ئه‌مه تاقانهییهكی وه‌هامان پێ ده‌به‌خشێت و كه‌لێنێكی هێنده ده‌خاته نێوان ئێمه و ئاژه‌ڵانی دیكەوە، كه‌وا وه‌سوه‌سه‌مان تێ ده‌كه‌وێت وای دابنێین ئه‌وه‌تا پێیه‌كمان له مه‌مله‌كه‌تی ئاژه‌ڵان و پێیه‌كه‌ی ترمان له مه‌مله‌كه‌تی خوداییه (دیاره ئه‌رستۆ هه‌ر ئاوا بیری ده‌كرده‌وه). ده‌شێت خۆئاگایی فۆرمی پاتاڵ به‌خۆیه‌وه بگرێت، بۆ نموونه كاتێك له ئه‌ركێكدا شكستدێنم، سه‌رله‌نوێ بیر له شێوازی مامه‌ڵه‌كه‌م له‌گه‌ڵیدا ده‌كه‌مه‌وه و ڕه‌خنه له گریمانهكانم ده‌گرم، یان كاتێك نیگایه‌كی زبر له ژیانم ده‌بڕم و له‌خۆم ده‌پرسم هه‌ربه‌ڕاست ئا له‌م ژیانه‌م ڕازییم یان نا. به‌هه‌رحاڵ، خۆ-ناسین له فۆرمه باڵاكه‌یدا، وه‌ك هه‌وڵێكی مرۆڤه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت تا به‌هۆی هونه‌ر و ئایین و له هه‌مووی گرنگتر فه‌لسه‌فه له خۆیان تێبگه‌ن. هیگڵ ئه‌مه به "ڕۆحی موتڵه‌ق"[13] ناوده‌بات، چونكه به‌دیهاتنی "ئایدیای موتڵه‌قه" له شوێن و كاتدا. با بڵێین هه‌ر ئایدیای خۆ-گرێده‌ره كه‌وا به‌هۆی خود-ئاگاییه‌كی فه‌لسه‌فیی پڕاوپڕ سیفه‌تی كۆنكرێتبوون و كردهكیبوون و زیندووێتی وه‌رگرتووه. به‌م پێیه، سیسته‌مه‌كه‌ی هیگڵ- واته شرۆڤه سیستهماتیكهكهی ده‌رباره‌ی واقیع- به فه‌لسه‌فه كامڵده‌بێت؛ فه‌لسه‌فه وه‌ك خود-ئاگایی ئه‌م گشته ناكۆتایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن مرۆڤه كۆتادارهكان به‌ده‌ستهێنراوه.
ئه‌گه‌ر به‌تایبه‌ت بپرسین ئاخۆ مه‌به‌ستی هیگڵ له "فه‌لسه‌فه" وه‌ك كرده‌یه‌كی مرۆیی چییه، ئه‌وا وه‌ڵامه‌كه هه‌روا به‌ساده‌یی ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای لۆژیكه‌كه‌ی: فه‌لسه‌فه شرۆڤه‌ی "گشت"ه، و به‌هۆی شرۆڤه‌یه‌كی دی ده‌رباره‌ی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ی كه‌وا خه‌ریكی ڕوونكردنه‌وه‌ی "گشت"ه‌كه‌یه كامڵ ده‌بێت. ئه‌م تێگه‌یشتنه له ماهییه‌تی فه‌لسه‌فه ده‌مانگه‌یه‌نێته سه‌ر بانگه‌شه‌یه‌كی بهدناوتری هیگڵ: بۆچوونه‌كه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی سیسته‌مه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی وی بهترۆپكگهیشتنی خۆشویستنی حیكمه‌ته. به ده‌ربرینێكی تر، هیگڵ به‌ئاشكرا پێی وایه سه‌رله‌به‌ری مێژووی فه‌لسه‌فه هه‌وڵی چه‌ندین عه‌قڵی بلیمه‌ته كه په‌لیان كووتاوه تا گوزارشت له‌و ئایدیایانه بكه‌ن ته‌نیا ئه‌و فۆرمه كامڵ و دوایینه‌كه‌ی پێ داون. هیگڵ قه‌ت به ته‌رزێكی فووتێكراو و خۆهه‌ڵكێش و بوغڕا واناڵێت: به‌ڵكو وادیاره خۆی به هه‌ڵگری گوزارشتكردن له حه‌قیقه‌ت داده‌نێت، ته‌مومژیش له ده‌وری ئه‌و باسه ناهێڵێت كه ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی بواری بۆ ڕه‌خساندووه تا فه‌لسه‌فه‌كه‌ی پێكه‌وه بنێت ئه‌وه‌یه توانیویه‌تی له پێگه‌یه‌كی مێژوویی نایابدا بوه‌ستێت و كردۆكۆشی هه‌موو كه‌سانی به‌ر له خۆی بپشكنێت. وێڕای ئه‌وه، ئه‌م ئایدیایه هه‌ر سه‌یر ده‌نوێنێت، تا بیرمان ده‌كه‌وێته‌وه خۆ هه‌موو فه‌یله‌سووفان هه‌ر پێیان وایه ئه‌وان ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یان دۆزیوه‌ته‌وه كه ئه‌وانتیر (نابه‌ڵه‌د) تێكۆشاون تا گوزارشتی لێ بكه‌ن. بۆ نموونه، ئه‌رستۆ له ده‌سپێكی زۆربه‌ی كاره‌كانیدا چاوێك به هزری فه‌یله‌سووفه پێشینه‌كاندا ده‌خشێنیت، له‌ئاكامدا نه‌ك ته‌نیا هۆكاری بهههڵهچوونیان نیشان ده‌دات، به‌ڵكو چۆن به جۆرێك له جۆره‌كان پێشبینیی ئه‌م یان ئه‌و ڕه‌هه‌ندی بۆچوونه درووسته (ئه‌رستۆیی)ه‌كه‌یان كردووه. گه‌رچی تێكڕای ئه‌م بانگه‌شانه بایی خۆیان ناوازه‌ن، به‌ڵام دوایین و گرنگترینیان ئه‌وه‌یه، ده‌بێت سه‌رنج له‌وه بده‌ین یه‌كێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ی ده‌رباره‌ی هیگڵ هه‌ڵده‌تۆقێت له‌وه‌دایه چۆنچۆنی به‌شێوه‌یه‌كی دڵسهكێن و قایلكه‌ر ده‌یسه‌لمێنێت كه‌وا فه‌لسه‌فه‌كه‌ی (وه‌ك ئه‌وه‌ی مارتن هایدگه‌ر ساڵانێك دواتر ده‌یوت) ترۆپكی پڕۆژه میتافیزیكییه‌كه‌ی خۆرئاوایه. ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێت له فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوایی تێبگه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت له هیگڵ تێبگه‌ین. به مانایه‌كی هه‌ره واقیعی، هیگڵ فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاواییه.
پەراوێزەکان
[1] wholeness
[2] holism
[3]conscious
[4] reflection
[5] self-reflection
[6] closure
[7] Absolute knowing
[8] Determinate presupposition
[9] Pure indeterminate ‘immediacy’
[10] Absolute self-determination
[11] Organic being
[12] Self-knowledge
[13] Absolute spirit
سه‌رچاوه
Glenn Alexander Magee (2010), The Hegel Dictionary, London and New York: Continuum International Publishing Group, Pp, 1-5.