بازنه جادووییه‌كه‌ی هیگڵ
گلێن ئه‌لێكسانده‌ر ماگی
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
شتێكی ناخۆش ده‌رباره‌ی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ ئه‌وه‌یه زه‌حمه‌ته ڕچه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه تا ئه‌رگۆمێنت له دژی بێنینه‌وه. سیسته‌مه‌كه‌ی هیگڵ به زیره‌كییه‌كی ناوازەوە داڕێژراوه، تێیدا پێشوه‌خته په‌ڕژاوه‌ته سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و گۆشه‌نیگا فه‌لسه‌فییانه‌ی ده‌كرێت لێوه‌ی پیای هه‌ڵشاخێین، ته‌نانه‌ت زۆرجار لێبڕاوانه پووچه‌ڵی كردوونه‌ته‌وه. له‌مه‌ش خراپتر، ئه‌گه‌ر بێت‌و خاڵی ده‌ستپێكی سیسته‌مه‌كه‌ی قه‌بووڵبكه‌ین و داخڵی ئه‌رگۆمێنتسازییه‌كه‌ی بین، ئه‌وا هه‌ست ده‌كه‌ین لۆژیكه تاقانه و شكۆمه‌ندییه قسه‌بڕه‌كه‌ی ئیغرای كردووین یان با بڵێین جادووی لێ كردووین. وه‌ك ئێریك ڤوگلین ده‌رباره‌ی هیگڵ نووسیویه‌تی، "هه‌ركه داخڵی بازنه سیحرییه‌كه‌ی ده‌وری جادووگه‌ره‌كه بووی، ئیدی بزانه تیاچووی".[1] به‌نه‌تیجه، هه‌ر كه‌سێك ده‌خوازێت به‌رهه‌ڵستی فریوه هه‌ستپێكراوه‌كه بكات، ئه‌وا ده‌بێت به‌ره‌و گریمانه ڕیشه‌ییه‌كانی سیسته‌مه‌كه ببزوێت و ڕه‌تیان بكاته‌وه.
له‌ڕاستییدا، ماقووڵه بڵێین تێكڕای فه‌لسه‌فه‌ی پاش-هیگڵ تا ده‌گاته ئه‌مڕۆ ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاردانه‌وه‌یه له‌به‌رامبه‌ر وی‌دا: یان كاردانه‌وه‌یه له دژی هیگڵ (كه عاده‌ته‌ن واهاتووه) یان په‌ره‌پێدانێكی نوێیه به هه‌ندێ له تیژبینییه‌كانی. ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌رزوو دوای مه‌رگی هیگڵ، به دابه‌شبوونی شوێنكه‌وتووانی به‌سه‌ر "به‌ره‌ی ڕاستڕه‌و" و "به‌ره‌ی چه‌پڕه‌و"ـه هیگڵییه‌كان به‌كاركه‌وت. تا ئه‌و جێیه‌ی شته‌كه ڕه‌پته به مێژووی فه‌لسه‌فه‌وه، ئه‌وا گرووپه‌كه‌ی دواییان (زۆرجار به "هیگڵییه لاوه‌كان"یش ناوزه‌د كراون)، زۆربه‌ی كات باڵاده‌ستتر بوون له گرووپی یه‌كه‌م. هیگڵییه چه‌پڕه‌وه‌كان، به لودڤیگ فۆیه‌رباخ (1804-1872)یشه‌وه، پێیان وابوو ئه‌گه‌ر هیگڵ به‌درووستی له لێكه‌وته‌كانی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی تێگه‌یشتبا، ئه‌وا ده‌یبینی كه‌وا ئاقیبه‌ت خه‌ریكه مرۆڤ ده‌كاته خودا. لای فۆیه‌رباخ، ئه‌وه مرۆڤه‌كانن خودایان ئه‌فراندووه؛ مرۆڤه‌كانن بڕكه‌یه‌ك ڕه‌هه‌ندی ماهییه‌تی خۆیان هاوێشتووه‌ته سه‌ر[2] ئایدیاڵێكی ترانسدێنتاڵ (بڵندنشین).
له ساڵی 1841دا ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌رلین، كه به نیگه‌رانییه‌وه له سه‌رهه‌ڵدانی هیگڵییه چه‌پڕه‌وه‌كانیان ده‌ڕوانی، فریدریش شێلینگیان (هاوڕێ پێشووه‌كه‌ی هیگڵ) داوه‌تی زانكۆكه‌ی ئه‌وێ كرد تا وانه‌وتارێك پێشكه‌ش بكات. شێلینگ هێجگار له‌وه بێزار بوو كه‌وا هیگڵ سوودی له چه‌ندین تێڕوانینی وی وه‌رگرتووه، ببووه ڕه‌خنه‌گرێكی توندی سیسته‌مه هیگڵییه‌كه. كه‌سانێك هیوایان وابوو به‌شكو كاریگه‌رییه‌كه‌ی وی هه‌ژموونی هیگڵ پووچه‌ڵ بكاته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه ڕووینه‌دا، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه شێلینگ كاریگه‌رییه‌كی له‌م ڕووه‌وه هه‌ر جێهێشت. {به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر} قوتابییه‌كانی كه پێكهاتبوون له میخایل باكونین (ی ئانارشیست)، فریدریش ئه‌نجڵز (هاوكاره دواتره‌كه‌ی كارڵ ماركس) و سۆرێن كیه‌ركه‌گاردی فه‌یله‌سووفی دانیماركی. مادام فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ ورد-بونیادترین و به‌رزه‌فڕترین سیسته‌می فه‌لسه‌فییه، بۆیه كه‌سانێك به‌هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌ری سیسته‌مسازیی فه‌لسه‌فی دژی هیگڵ وه‌ستانه‌وه. ئه‌م حاڵه‌ته لای كیه‌ركه‌گارد (1813-1855) ده‌بینین، كه سیسته‌مه هیگڵییه‌كه‌ی به ته‌ڵه‌یه‌كی ڕووناكبیریی تۆقێنه‌ر داده‌نا، گوایه له‌سه‌روبه‌ندی گه‌ڕانی به‌دوای پرسی گشته‌كیدا (یونیڤێرساڵ)، هیچ حسێبێكی بۆ تاكه‌كه‌سی مرۆیی نه‌كردووه. كاردانه‌وه‌كه‌ی وی دژی هیگڵ به بنه‌تۆی بزاوتی بوونگه‌رایی مۆدێرن داده‌نرێت.
كارڵ ماركس (1818-1883)، خۆی واته‌نی، "هیگڵی هه‌ڵاوگێڕ كرده‌وه" (به‌م جۆره‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ی پرۆفیسۆرێكم به گاڵته‌وه ده‌یوت: هه‌موو ورده پاره‌ی گیرفانی لێ ته‌كاند). چونكه ماركس به به‌دحاڵیبوونه‌وه ئایدیاڵیزمی هیگڵی به شتێكی "ئه‌ودونیایی"[3] داده‌نا، بۆیه ده‌یوت ده‌بێت هیگڵیانیزم ببێته ڕێبازێكی مه‌تریاڵیستی. هه‌ر له‌سۆنگه‌ی ئه‌م پێچه مه‌تریاڵیستییەوە و قۆستنه‌وه‌یه‌كی ته‌ڵبژێری چه‌مكه هیگڵییه‌كان، په‌رەی به‌و تیۆره فه‌لسه‌فی و ئابوورییه دا كه‌وا به ماركسیزم (یان "سۆسیاڵیزمی زانستی") ناوده‌برێت. له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، سێیه‌كی دانیشتووانی جیهان له‌ژێر سایه‌ی ڕژێمگه‌لێكدا ده‌ژیان كه سرووشیان له تیۆره ماركسییه‌كه وه‌رگرتبوو- ئه‌مه‌ش ڕه‌تدانه‌وه‌ی بنه‌بڕی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌یه گوایه فه‌لسه‌فه قه‌ت كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه! (هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێویستی به وه‌ها ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌ك بێت). گه‌رچی بێگومان ناكرێت لۆمه‌ی هیگڵ خۆی بكه‌ین له‌به‌ر به‌دحاڵیبوونه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری تێ كردبوون یان له‌به‌ر كرداره‌كانی دواتریان.
حاڵه‌تێكی سه‌راپا جیاواز لای بزاڤی پۆزه‌تیڤیستی ده‌بینین، باشترین نموونه‌شیان به‌ناو "بازنه‌ی ڤیه‌نا"ی ده‌یه‌ی بیسته‌كانه. پۆزه‌تیڤیسته‌كان، به هه‌مان بیچم و ڕووی ئه‌زموونگه‌راییه‌كه‌ی[4] ده‌یڤد هیوم، پێوه‌ری خۆیان بۆ پرسی مانا (meaning) به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌نا: ده‌سته‌واژه‌كان ته‌نیا ئه‌وده‌م مانادارن ئه‌گه‌ر بێت‌و "له‌ڕووی ئه‌زموونییه‌وه بسه‌لمێنرێن"، واته ئه‌گه‌ر به‌هۆی ئه‌م یان ئه‌و ئه‌زموونی هه‌سته‌كییه‌وه ئیسپات بكرێن یان ئه‌گه‌ر گوزارشتكاری حه‌قیقه‌تێكی لۆژیكی یان ماتماتیكی بن. له‌ئه‌نجامدا پۆزه‌تیڤیسته‌كان هه‌موو ده‌سته‌واژه‌یه‌كی میتافیزیكییان به "بێ‌مانا" له‌قه‌ڵه‌مدا. ئاشكرایه هیگڵ ئامانجێكی سه‌ره‌كیی هێڕشه‌كه‌یان بوو- له‌وسادا هێشتا فه‌لسه‌فه‌كه‌ی وی پێگه‌یه‌كی مه‌ركه‌زی هه‌بوو، به‌تایبه‌ت له‌ناو بزاڤی "ئایدیاڵیزمی به‌ریتانی"دا، كه كه‌سانی وه‌ك فرانسیس هێربێرت برادلی (1846-1924) له‌خۆده‌گرت. مادام ئایدیا موتڵه‌قه‌كه‌ی هیگڵ نه ده‌بیسترێت، نه ده‌بینرێت، نه به هیچ ئامرازێكی ڕه‌وایه‌تیپێدراوی سه‌ر به زانسته ئه‌زموونییه‌كان ده‌پشكنرێت، بۆیه پۆزه‌تیڤیسته‌كان مۆركی بێماناییان له هه‌موو ده‌سته‌واژه‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌م ئایدیایه (و سه‌راپای لۆژیكی هیگڵ) دا. پۆزه‌تیڤیزم كاریگه‌رییه‌كی هه‌ژێنه‌ری به‌سه‌ر فه‌لسه‌فه له ئه‌مریكا و ئینگڵته‌راوە جێهێشت. وێڕای پرته‌وبۆڵه‌ی نه‌بڕاوه‌ی لایه‌نگرانیشی، به‌ڵام تا ده‌گاته ئێستا ئه‌و ڕه‌وته‌ی به "فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری" ناوده‌برێت، لێشاوێك گریمانه و تێڕوانینی پۆزه‌تیڤیسته‌كانی تێدایه (ئیدی به بوغزیشیان له هیگڵ)، وێڕای ستایلی نووسینیان.
ده‌بێت له‌وه ڕامێنین، له‌كاتێكدا زۆربه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فانه‌ی تا ئێره ئاماژه‌م پێ داون، به‌ش به حاڵی خۆیان گرنگ و بیر-ورووژێنن، به‌س كاتێك وه‌ك "كاردانه‌وه" ده‌رهه‌قی هیگڵ سه‌یریان ده‌كه‌ین، ئه‌وا به‌زۆری له سه‌فسه‌ته‌ی "په‌نابردنه به‌ر پرسیار (یان زوو-ئه‌نجامگیری)"دا[5] ده‌چه‌قن: ئه‌وان خودی ئیمكانی ئه‌نجامدانی ئه‌و شته‌ی هیگڵ ده‌یكات ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن هیگڵ چۆن شكستی تیا هێناوه. به گوزارشتێكی دی، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ورده‌كاریی فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا هه‌ڵناكه‌ن، و نایه‌ن به‌حسێب هه‌ڵه‌وپه‌ڵه‌كانی نیشانبده‌ن. ڕێكاره‌كه‌یان له‌بنچینه‌وه ئه‌وه‌یه كه‌وا هیگڵ توڕبده‌نه لایه‌كه‌وه، له‌جیاتبی ئه‌وه‌ی بێن‌و به‌كرده‌یی ده‌رگیری بن.
سه‌روه‌ختێك فه‌لسه‌فه‌ی شیكاری له ئینگڵته‌را و ئه‌مریكادا ڕیشه‌ی داده‌كوتا، له ئه‌ورووپادا ژان پۆل سارته‌ر (1905-1980) و ئه‌لبێر كامۆ (1913-1960) په‌ره‌یان به فه‌لسه‌فه‌ی بوونگه‌رایی ده‌دا، هه‌رزوو هه‌رایه‌كی له بازنه ڕووناكبیرییه‌كاندا نایه‌وه و ته‌ئسیرێكی هه‌مه‌لایه‌نیشی له دونیای پاش جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا هه‌بوو. بوونگه‌رایی له چه‌ند ڕووێكه‌وه دژه‌بیری هیگڵیانیزمه. هیگڵ باسی له‌وه ده‌كرد كه‌وا مانای بوونی دۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌پێی بانگه‌شه‌كه‌ی سارته‌ر "بوون ئه‌بسێرده"، با بڵێین بێمانایه. سه‌رباری ئه‌وه‌ش، جێده‌ستی هیگڵ به‌تۆخی له‌سه‌ر بوون و نه‌بوون (1943)ی سارته‌ردا ده‌بینین. له پاریسی ده‌یه‌ی سییه‌كاندا، ئه‌لێكسانده‌ر كۆژێڤ (1902-1968)ی فه‌یله‌سووفی ڕووسی زنجیره وانه‌وتارێكی ده‌رباره‌ی هیگڵ پێشكه‌ش كرد، و كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاوی له‌سه‌ر سارته‌ر و چه‌ندین فه‌یله‌سووفی فه‌ڕه‌نسی دیكه هه‌بوو. گه‌رچی دیار نییه ئاخۆ سارته‌ر ئاماده‌ی وانه‌وتاره‌كان بووه یان نا، به‌س سه‌ره‌ڕای ئه‌وه چه‌ندین توێژه‌ر پێیان وایه سارته‌ر ئایدیا هیگڵییه‌كانی له كۆژێڤ یان له‌وانه‌ی كۆژێڤ كاری تێ كردبوون، وه‌رگرتووه. خوێندنه‌وه ناوازه و نیۆ-ماركسییه‌كه‌ی كۆژێڤ بۆ دیارده‌ناسیی ڕۆح به‌قووڵی كاری له چه‌ندین ڕووناكبیری فه‌ڕه‌نسی دیكه‌ش كرد، وه‌كو ماوریس مارلۆ پۆنتی (1908-1961)، ژاك لاكان (1901-1981) و جۆرج باتای (1897-1962). ڕاستییه‌كه‌ی ده‌كرێت به‌سانایی بڵێین، به‌شێكی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و ڕه‌وته‌ی له‌مڕۆدا به "فه‌لسه‌فه‌ی قاڕه‌یی" ناوده‌برێت، له‌م یان له‌و شێوه‌دا، بنه‌چه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هیگڵ. كاتێك بیریاره قاڕه‌یی و پۆست-مۆدێرنیسته‌كانی وه‌كو ژان فرانسوا لیۆتارد (1924-1998) به‌رپه‌رچی بانگه‌شه یونیڤێرساڵ و "حه‌كایه‌ته مه‌زنه‌كانیان" له فه‌لسه‌فه‌دا ده‌دایه‌وه، هیگڵ دژبه‌ره سه‌ره‌كییه‌كه‌یان بوو- ئه‌و هیگڵه‌ی له‌ڕێی كۆژێڤه‌وه پێیان گه‌یشتبوو.
له‌مڕۆدا كۆژێڤ به‌تایبه‌ت به تێزی به‌ناو "كۆتایی مێژوو" ده‌ناسرێت، جا ده‌شیووت گوایه ڕیشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هیگڵ (هه‌ڵبه‌ت چه‌ندین توێژه‌ری هیگڵ ئه‌م بانگه‌شه‌یان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه). به دیدی كۆژێڤ، ئه‌گه‌ر مێژوو چیرۆكی تێكۆشانی مرۆڤ بێت بۆ خۆ-ناسین، ئه‌وا به ده‌ركه‌وتنی فه‌لسه‌فه‌كه‌ی هیگڵ مێژوو كۆتایی دێت، و ئایدیاڵه سیاسیه‌كه له‌مه‌ڕ مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ئازاد و خۆكار هه‌موو جێیه‌ك ده‌ته‌نێته‌وه. كاریگه‌رییه بێهاوتاكه‌ی ئایدیای كۆتایی مێژوو (كه كۆژێڤ به ڕه‌حمه‌ت وزه‌حمه‌تی[6] داده‌نا) له جوغزی فه‌لسه‌فه‌ی قاڕه‌یی تێده‌په‌ڕێت و هه‌ركام له ئه‌ده‌ب، فیلم، مۆسیقا و دراما له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌گرێته‌وه. ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕووداوه جیۆ-سیاسییه نوێیه‌كانیش هه‌بووه. هه‌ندێك ڕووناكبیری پێشه‌نگی سه‌ر به بزاڤی كۆنسه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان، كه له‌ژێر حوكمڕانیی سه‌رۆك جۆرج بووشدا هه‌ژموونیان هه‌ڵكشا، ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌بن كاریگه‌ریی كۆژێڤدا بوون. له ساڵی 1989دا، فرانسیس فۆكۆیاما، زانای سیاسیی ئه‌مریكی، له وتارێكی مشتومڕسازدا، به ناونیشانی "كۆتایی مێژوو؟" هیگڵیانیزمه نوێیه‌كه‌ی كۆژێڤی به‌به‌ربڵاوی ناساند (ئه‌م وتاره بناغه‌ی كتێبه‌كه‌شیه‌تی، كۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ (1992) ). "كۆنسه‌رڤاتیڤه نوێیه‌كان"ی هاوبیچمی فۆكۆیاما بره‌ویان به‌و ئایدیایه ده‌دا گوایه مێژوو به شكستی كۆمۆنیزم و سه‌ركه‌وتنی لیبڕاڵ دیموكراسی بڕاوه‌ته‌وه. ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر له‌ژێر ئاڵای ئه‌م ئایدیۆلۆژیا نیۆ-كۆژێڤییه‌دا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حوسێنیان ڕووخاند، چونكه قه‌ناعه‌تیان وابوو مێژوو (یان با بڵێین كۆتایی مێژوو) لای وانی گرتووه.
به‌كورتی جیهانه‌كه‌مان، به‌م یان به‌و شێوه، له‌لایه‌ن فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵه‌وه شێوه‌گیر بووه- جا ئه‌مه به باش یان خراپ گیرسابێته‌وه.
[1] ئێریك ڤوگلین، "ده‌رباره‌ی هیگڵ: لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ جادووگه‌ری"، له كۆكاری ئێریك ڤوگلین، به‌رگی دوازده، وتاره بڵاوكراوه‌كان، ئیدیتكار: ئێلیس ساندۆز ( Baton Rouge: Louisiana State University Press, 1990, 228). ئه‌م میتافۆره‌ی ڤوگلین گه‌مه به‌و ڕاستییه ده‌كات كه‌وا هیگڵ "لۆژیك"ه‌كه‌ی وه‌ك بازنه‌یه‌ك په‌سن كردووه، كۆی فه‌لسه‌فه‌كه‌شی وه‌ك "بازنه‌ی بازنه‌كان".
[2] Projecting
[3] otherworldly
[4] empiricism
[5] question-begging
[6] Mixed blessing
سه‌رچاوه
Glenn Alexander Magee (2010), The Hegel Dictionary, London and New York: Continuum International Publishing Group, Pp, 5 - 8.