"ئه‌و شه‌وه‌ی تێیدا هه‌موو مانگاكان ڕه‌شن":
هیگڵ چۆنچۆنى سه‌رله‌نوێ چه‌مكی "موتڵه‌ق"ـی داڕشته‌وه؟
گلێن ئه‌لێكسانده‌ر ماگی
و. ڕوشدی جه‌عفه‌ر
ئه‌و شێوازه‌ی هیگڵ چه‌مكی "موتڵه‌ق"ـی[1] تیا به‌كاردێنێت، بووه‌ته هۆی سهرلێتێكچوونێكی نه‌بڕاوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، "موتڵه‌ق"، زیاتر له هه‌ر چه‌مكێكی دیكه، به فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵەوە ده‌به‌سترێته‌وه. هیگڵ زۆربه‌یجار وه‌ك هاوه‌ڵناوێك به‌كاریدێنێت، بۆ نموونه: "ئایدیای موتڵه‌ق"، "زانینی موتڵه‌ق"، "ئایینی موتڵه‌ق" و "ڕۆحی موتڵه‌ق". كه‌متر شێوگی ناوی، واته "پرسی موتڵه‌ق the Absolute))" به‌كاردێنێت.
چه‌مكی "موتڵه‌ق" مێژوویه‌كی درێژی له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانیدا هه‌یه. نیكۆلاسی كوسا[2] له كتێبی "ده‌رباره‌ی جه‌هلی به‌ده‌ستهێنراو" [3] (1400)دا زاراوه‌ی "absolutum (موتڵه‌ق)"ـی به مانای خودا به‌كارهێناوه؛ خودا وه‌ك كائینێكی به‌ده‌ر له هه‌ر خه‌سڵه‌تێكی دیاریكراو: هاوتابوونی دژه‌كان.[4] چه‌مكی "موتڵه‌ق" لای شێلینگیش به‌شێوه‌یه‌كی حه‌په‌سێنه‌ر له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنه‌كه‌ی كوسادا یه‌كدێته‌وه. لای شێلینگ، "موتڵه‌ق" بریتییه له "پنتی هاوشێوه‌یی"[5] له‌ودیوی جیاكاریی نێوان سوبێكت و ئۆبێكت یان هه‌ر چه‌شنه جیاكارییه‌كی دیكه‌وە. هیگڵ له پێشه‌كییه ناسراوه‌كه‌ی "فینۆمینۆلۆژیای(دیارده‌ناسیی) ڕۆح"دا ئه‌م تێگه‌یشتنه بۆ موتڵه‌ق ڕه‌تده‌كاته‌وه و به تۆنێكی گاڵته‌جاڕانه وه‌ك "ئه‌و شه‌وه‌ی تێیدا هه‌موو مانگاكان ڕه‌شن" ئاماژه‌ی پێ ده‌كات.[6] هیگڵ مه‌به‌ستی له‌وه‌یه كاتێك موتڵه‌ق ته‌نیا وه‌ك یه‌كێتیی ترانسیدێنتی شته‌كان دركدهكرێت (یان وه‌ك سڕینه‌وه‌ی هه‌موو جیاوازییه‌كان) ئه‌وا له‌ڕاستییدا یه‌كسانه به ئایدیایه‌كی داماڵراو له هه‌موو ناوه‌ڕۆكێك. هێجگار به‌سانایی ده‌توانین بڵێین "ئه‌م جیهانه مه‌نزڵگه‌ی جیاكارییه دیاریكراوه‌كانه- به‌ڵام له موتڵه‌قدا هه‌موو شت یه‌كه". به‌س ئاخۆ ئه‌مه یانی چی؟
ڕه‌نگه پێمانوابێت ئه‌م خاڵه ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی هیگڵ به‌ته‌واوه‌تی ده‌ستبه‌رداری بیرۆكه‌ی موتڵه‌ق بێت، به‌ڵام له‌ڕاستییدا شته‌كه ئاواهی نییه. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه: هیگڵ پێی وایه ئامانجی فه‌لسه‌فه خۆی ناسینی موتڵه‌قه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش به مانا به‌رفراوانه‌كه‌ی، واته وه‌ك بنك یان سه‌رچاوه‌ی ئهوپهڕینهی[7] بوون. جا سه‌رنج بده‌ن، هه‌ر له ده‌ستپێكی نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوایی لای فه‌یله‌سووفێكی پێش-سوكراتی وه‌ك تالیسدا به دوای ئه‌م زانین {یان مه‌عریفه دوایینهیهدا} گه‌ڕاون؛ تالیس ده‌یوت "ئاو" سه‌رچاوه‌ی هه‌ر شتێكه كه هه‌یه. به ڕای هیگڵ، كێشه‌ی شێلینگ ئه‌وه نییه له موتڵهقێك تێگه‌یشتووه، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه تووشی خراپتێگهیشتن بووه لێی. (ڕاستییه‌كه‌ی، ده‌كرێت له گۆشه‌نیگای كه‌سێكی هیگڵییه‌وه بڵێین، گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی هیگڵ له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا به‌رهه‌ڤكردنی تێگه‌یشتنێكی شیاوه له موتڵه‌ق).
هیگڵ ده‌ست له بیرۆكه‌ی موتڵه‌ق هه‌ڵناگرێت، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ وه‌سفه‌كه‌ی شێلینگیشدا له‌باره‌یه‌وه هاوڕایه: موتڵه‌ق به جۆرێك له جۆره‌كان زاڵبوونه به‌سه‌ر جیاكاریی سوبێكت-ئۆبێكتدا. به‌ڵام لای هیگڵ، موتڵه‌ق گشته (the Absolute is the whole). موتڵه‌ق شتێك نییه بێت‌و بوون تێپه‌ڕێنێت؛ به‌ڵكو گشتێتییهكهی بوون خۆیه‌تی وه‌ك سیسته‌مێك تێیدا هه‌ر به‌ش (part)ـێك به‌شێوه‌یه‌كی ئۆرگانی و دانه‌بڕاو به كۆی به‌شه‌كانی دیكه‌وە به‌ستراوه‌ته‌وه. به‌هه‌رحاڵ، ڕه‌نگه كه‌سێك قووتبێته‌وه و بپرسێت، كه‌وابێ چۆن ئه‌م تێگه‌یشتنه له موتڵه‌ق وه‌ك "گشت" ده‌یسه‌لمێنێت هه‌ر ئه‌م موتڵه‌قه "بنك یان سه‌رچاوه‌ی ئهوپهڕینهی بوون"ـه؟ وه‌ڵامه‌كه ساده‌یه: فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵ نیشانیده‌دات چۆن بوون (being)ـی هه‌ر شتێكی دیاریكراو له وجود(existence)دا ته‌نیا بریتییه له شوێنه‌كه‌ی له هه‌ناوی گشت‌دا، واته وه‌ك به‌شێك له سیسته‌می واقیعدا. هه‌ر چۆنێك بێت، موتڵه‌ق گوزارشت نییه له تێكڕای واقیع (ڕیاڵیته) وه‌ك فه‌زایه‌كی به‌حسێب نه‌بزۆك و چه‌قبه‌ستوو و داخراو. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه، هیگڵ پێیوایه موتڵه‌ق شتێكی بزۆك و چالاكه، به‌رده‌وامیش له‌ڕێگه‌ی ئه‌و بوونه دیاریكراو (و كۆتادارانهی) ئه‌م گشته دیارینه‌كراو (و ناكۆتا)ـیه پێكدێنن، خۆی ڕۆدهنێتهوه یان بنیاتده‌نێته‌وه.
به‌كورتی، شته‌كان بۆیه هه‌ن تاكو بواری كامڵبوونی گشته‌كه بڕه‌خسێنن- چونكه كۆی شته‌كان به‌هۆی جێگه‌كه‌یان له هه‌ناوی گشتێتی (تۆتاڵیته)ـی ڕێكخراوی بووندا ئه‌وه‌ن كه هه‌ن. به‌م پێیه، هیگڵ ڕایوایه وه‌ڵامی پرسیاره ئه‌زه‌لییه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه: "بوون چییه؟" له‌بناوانه‌وه ئه‌وه‌ی كه هه‌بیت واته گشت یان موتڵه‌ق بیت، به‌ڵام ده‌كرێت بوترێت ئه‌و شته دیاریكراوانه‌ی ده‌كه‌ونه به‌ر ئه‌زموونی ئێمه له جێگهكهیانهوه له هه‌ناوی ئه‌م گشته‌دا جۆره بوونێك داده‌تاشن. به‌هه‌رحاڵ، پرسیارێكی میتافیزیكیی ئه‌زه‌لی دیكه ئه‌وه‌یه، "بۆچی ئه‌سڵه‌ن بوون هه‌یه، بۆچی نه‌بوون (nothing) نییه؟" یان "ئه‌وه چۆنه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه بوون هه‌یه؟" ڕه‌نگه هیگڵ بڵێت بوون ئه‌وه‌یه چركه‌ساتێك یان ڕه‌هه‌ندێكی گشته‌كه بیت، به‌ڵام ده‌كرێت لێی بپرسین ئه‌ی بۆچی ئه‌م گشته هه‌ر هه‌یه. هیگڵ وه‌ڵامێكی پێیه بۆ ئه‌م پرسیاره و ڕاستییه‌كه‌ی گرنگترین ئایدیای فهلسهفهكهشیهتی، هه‌روابێته‌وه تێگه‌یشتنێكی ڕاسته‌قینه‌یه له‌و مانا تایبه‌ته‌ی تێیدا گشت بزۆك و چالاكه. به‌ساده‌یی با بڵێین، به بۆچوونی هیگڵ بوون {وجود} بۆیه هه‌یه تاكو ئاگایی له‌مه‌ڕ خۆی به‌ده‌ستبێنێت.
هیگڵ هه‌موو وجود (existence) وه‌ك جۆره "زنجیره‌یه‌كی مه‌زنی بوون (being)" ده‌بینێت، ئه‌مه‌ش له‌میانی ده‌ستڕاگه‌یشتنی مرۆڤه‌كان به خۆ-ئاگایی (self-awareness)ـدا ده‌گاته ترۆپكی خۆی. مرۆڤه‌كان بوونه‌وه‌ری سه‌ر به سرووشتن، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه سه‌رتۆپی سرووشتیشین، چونكه ئێمه له هه‌ناوی خۆماندا هه‌م جیهانه نا-زیندوو و كانزایی و كیماییهكهمان هه‌ڵگرتووه، هه‌م كاركرد (و فه‌نكشن)ـه ڕووهكی و ئاژهڵییهكانیش (گه‌شه، نوێبوونه‌وه، خۆراكپێدان، هه‌ستكردن، جووڵه‌ی خۆیستانه و هتد). سه‌رباری ئه‌وه، ئێمه‌ی مرۆڤ كاركردێكمان هه‌یه كه له سرووشتی نزمتردا بهرچاوناكهوێـت: ئێمه بوونه‌وه‌رێكی خود-ئاگاین (self-aware). گه‌ڕانی ئێمه بۆ خۆ-ئاگایی به پله‌ی یه‌ك له ههوڵهكهماندا ده‌رده‌كه‌وێت بۆ تێگه‌یشتن له خۆمان وه‌ك توخمێك (species) و پلهوپێگهمان له سرووشتدا، ئه‌مه‌ش به كۆمه‌كی زانست و فه‌لسه‌فه. مادام ئێمه خۆمان مه‌خلوقێكی سرووشتین، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین خۆ-ئاگایی ئێمه له‌ڕاستییدا هه‌ر خۆ-ئاگایی سرووشت خۆیه‌تی؛ خۆ-ئاگایی تێكڕای بوونه. به‌م جۆره، بوون له‌میانی مرۆڤه‌كاندا ده‌گاته جۆره كامڵبوون یان خه‌تم و قوفڵبوونێك: بوون پێچێك به ده‌وری خۆیدا لێ ده‌دات و خۆی ده‌ناسێت. ده‌شتوانین به‌گوێره‌ی "زاڵبوون به‌سه‌ر" جیاكاریی نێوان سوبێكت و ئۆبێكت له‌م مه‌سه‌له‌یه تێبگه‌ین. له خۆ-ئاگایی ئێمه‌دا، سوبێكت بووه‌ته ئۆبێكت: واته ئێمه‌ی سوبێكت ده‌بینه ئۆبێكتی خۆمان. له هه‌مان كاتدا، له خۆئاگاییماندا ئۆبێكتیش بووه‌ته سوبێكت: ئۆبێكتهكهمان له‌ڕاستیدا سوبێكته- كورتوپوخت سرووشت، واته دونیای ئۆبێكتیڤ، له‌ڕێی ئێمه‌وه سوبێكتیڤیته‌ی به‌ده‌ستهێناوه.
ئا به‌م چه‌شنه چه‌مكی موتڵه‌ق لای هیگڵ تێكڕای دونیای ئۆبێكتیڤه كاتێك وه‌ك سیسته‌مێك دركدهكرێت وا به‌به‌رده‌وامی بواری ده‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجانه ده‌ڕه‌خسێنێت كه پێویستن بۆوه‌ی خۆی وه‌ك ئۆبێكتێك ببینێت و له‌ئاكامدا كامڵبێت. هیگڵ له فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح‌دا ده‌ڵێت موتڵه‌ق "پرۆسه‌ی بوونبه و په‌یدابوونی خۆیه‌تی، ئه‌و بازنه‌یه‌ی كه پێشگریمانه‌ی كۆتاییه‌كه‌ی (end) وه‌ك ئامانجه‌كه‌ی (goal) ده‌كات، هه‌روابێته‌وه كۆتاییه‌كه‌ی وه‌ك دهستپێكهكهشیهتی؛ ته‌نیا به‌هۆی بهكۆتاییگهیشتنه تهواوهتییهكهشی، ده‌بێته شتێكی كرده‌یی (و ئه‌كچواڵ)".[8] له‌مه‌ش پتر، ده‌بێت موتڵه‌ق "له كۆی گه‌شه چڕوپڕه‌كه‌ی فۆرمه‌كه‌ش" دركبكرێت، چونكه "ته‌نیا له حاڵه‌تێكی ئاوا وه‌ك كردهكییبوون (ئهكچواڵیته) فامدهكرێت و گوزارشتی لێ ده‌كرێت."[9]
باسه‌كه‌ی هیگڵ له‌باره‌ی موتڵه‌ق به لۆژیكه‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات، له‌ویادا شرۆڤه‌یه‌كی نیوه‌ناچڵ[10] ده‌رباره‌ی چه‌مكی گشت ده‌خاته‌ڕوو. واته ناپه‌رژێته سه‌ر پێكهاته تایبه‌ته‌كانی گشته سیستهماتیكهكه؛ به‌ڵكو شرۆڤه‌یه‌كه له‌مه‌ڕ ئه‌و كاتیگۆری و ئایدیا بنه‌ڕه‌تییانه‌ی گشته‌كه ده‌كه‌نه شتێكی ئۆرگانیك و ڕێكخراو، كه له‌و بوونه كۆنكرێتی و به‌رهه‌سته‌ی دهوروبهیشمان "به‌دیدێن" یان گوزارشتیان لێ ده‌كرێت. سیسته‌می ئایدیاكان له لۆژیكدا دواجار له "ئایدیای موتڵه‌ق"دا ده‌گاته ترۆپكی خۆی- ئه‌م ئایدیایه بۆیه به موتڵه‌ق ناوده‌برێت چونكه به مانایه‌كی دیاریكراو هه‌موو ئایدیا پێشین و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی تر "له‌خۆده‌گرێت". چونكه هیچ ئایدیایه‌كی دی نییه ئه‌م لهچێوهبگرێت، كه‌وابێ ئایدیای موتڵه‌ق تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كلاسیكی " absolutum" نیشانده‌دات: له‌لایه‌ن هیچ خه‌سڵه‌تێكی ده‌ره‌كییه‌وه "مه‌رجدار نه‌كراوه" (یان دركنهكراوه). سه‌رباری ئه‌وه، ئایدیای موتڵه‌ق لای هیگڵ ئایدیایه‌كی خۆ-گرێده‌ره (self-related). ڕاستییه‌كه‌ی، ئایدیای ئایدیایه. هه‌روه‌تر هیگڵ ده‌شڵێت ئایدیای موتڵه‌ق ته‌نیا ئایدیایه‌كه: بوون یان ده‌ركه‌وته‌یه‌كی به‌رهه‌ستی نییه.
فه‌لسه‌فه‌ی سرووشت لای هیگڵ نیشانیده‌دات چۆن ده‌شێت تێكڕای سرووشت وه‌ك گوزارشتێك له كاتیگۆرییه‌كانی لۆژیك فامبكرێت- به‌هه‌مانشێوه وه‌ك پلهبهندیییهكی فۆرمه‌كانیش كه تێیدا ئه‌و خۆ-گرێدانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت له ئایدیای موتڵه‌قدا وه‌سفكراوه، تادێت له گۆشتوئێسقاندا {واته له پانتایی مرۆیی‌دا} به‌دیدێت. به‌هه‌رحاڵ، خۆ-گرێدانی ڕاسته‌قینه له‌و شته‌دا چنگناكهوێت كه به جیهانی سرووشتی داده‌نرێت، به‌ڵكو ته‌نیا له هزری مرۆیی‌دا به‌دیدێت. هیگڵ سرووشتی مرۆیی وه‌ك ڕۆح (Spirit) ده‌ناسێنێت، و نیشانیده‌دات چۆنچۆنی ڕۆحی موتڵه‌ق باڵاترین گوزارشته له مرۆڤایهتییهكهمان: به‌ده‌ستهێنانی خۆ-گرێدان وه‌ك خود-ئاگایی (self-consciousness) له‌ڕێی هونه‌ر و ئایین و فه‌لسه‌فه. به‌م جۆره، ده‌شێت بڵێین موتڵه‌ق به‌هۆی به‌دیهێنان (ڕیاڵیزهكردن)ـی ئایدیای موتڵه‌ق له ڕۆحی موتڵه‌قدا به‌ده‌ستدێت یان كامڵده‌بێت، له‌مه‌شدا كۆی سرووشتی نا-مرۆیی و "نزم" وه‌ك نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی ته‌ڵخ له ڕۆحی موتڵه‌ق فامدهكرێت، هه‌روابێته‌وه وه‌ك كۆمه‌ڵێك مه‌رجی پێویست بۆ به‌ده‌ستهێنانی. (مه‌رجه‌كانی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنانی ڕۆحی موتڵه‌ق هه‌ركام له پانتایی مێژوویی و كهلتوریین).
پەراوێزەکان:
[1] Absolute (n. das Absolute; or adj. absolut)
[2] Nicholas of Cusa
[3] Of Learned Ignorance (De Docta Ignorantia(
[4] the coincidentia oppositorum (coincidence of
opposites)
[5]indifference point
[6] Miller, 9; PG, 13.
[7] ultimate
[8] Miller, 10; PG, 14.
[9] Miller, 11; PG, 15
[10] Skeletal
بهحهرفیی ده‌كاته "سه‌ر به ئێسكه‌په‌یكه‌ر یان پهیكهربهند"؛ مه‌به‌ست له‌وه‌یه وه‌كچۆن ئێسكه‌په‌یكه‌ر چوارچێوه گشتییه‌كه‌ی هه‌ر بوونه‌وه‌رێكه، به‌هه‌مان شێوه شرۆڤه‌ی "پهیكهربهند" شرۆڤه‌یه‌دا تێیدا ته‌نیا هێڵه‌گشتییه‌كانی باسه‌كه ده‌خرێنه‌ڕوو، كه ده‌كرێت بنه‌ڕه‌تی یان لاوه‌كی بن. شرۆڤه‌یه‌كی كامڵ نییه به‌ڵكو نیوه‌ناچڵه.
سەرچاوە:
Glenn Alexander Magee (2010), The Hegel Dictionary, London and New York: Continuum International Publishing Group, Pp,19-22